Print
 دیندار نه‌جمان دۆسكی:به‌رنامه‌یه‌كمان نه‌بو بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان
Saturday, June 26, 2010

سازدانی: به‌هادین یوسف

دیندار نه‌جمان دۆسكی، ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری ئیئتلافی لیسته‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كیدا له‌گه‌ڵ‌ رۆژنامه‌، هۆكاری ده‌ستپێنه‌كرنی گفتوگۆ و دانوستاندنه‌كانی له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ نه‌بونی به‌رنامه‌ی كاركردن ‌و خشته‌ی كۆبونه‌وه‌كان ‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئێستا به‌رنامه‌یه‌ك ‌و ئالیه‌تێكی پێویستیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داناوه‌.

رۆژنامه‌: ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك زیاتره‌ له‌ به‌غدان، ره‌وتی گفتوگۆ و دانوستاندنه‌كانتان چۆن ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌ و میكانزمی كاره‌كانتان چۆنه‌؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ وه‌فدی لیسته‌ كوردستانییه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامدا و به‌رنامه‌ی كارمان داناوه‌ بۆ دانوستاندن ‌و لیژنه‌یه‌كمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ناوخۆماندا پێكهێناوه‌، ئه‌و ئه‌وله‌ویه‌ته‌ی له‌ كوردستان بۆ گفتوگۆ دامان نابو، هه‌ندێك شتی دیكه‌مان بۆ زیادكرد، ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین كه‌ به‌رنامه‌ و خشته‌یه‌ك دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی داوه‌تی لیسته‌كانی تر بكه‌ین بۆ دانوستاندن، ئه‌گه‌رهه‌یه‌ سه‌ره‌تا سه‌ردانی لیستی عێراقییه‌ بكه‌ین، دوای ئه‌وه‌ داوابكه‌ین سه‌ردانی هه‌رد و ئیئتلافه‌كه‌ و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ناو ئیئتلافه‌كه‌ بكه‌ین به‌ نمونه‌ ره‌وتی سه‌در و پێكهاته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌شداره‌كانی تر.

رۆژنامه‌: كه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌خه‌نه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ده‌ست به‌گفتوگۆ ده‌كه‌ن؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: به‌رنامه‌كه‌مان له‌به‌رده‌ستدایه‌‌و لیژنه‌یه‌كمان راسپاردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داوه‌ته‌كان رێكبخه‌ن، به‌ڵام تائێستا كات ‌و به‌رنامه‌ی كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆ و دیداره‌كان دانه‌نراوه‌.
رۆژنامه‌: میكانزمی كاركردنتان له‌ به‌غدا چۆنه‌، قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانی دیكه‌ زۆر بایه‌خ 

به‌سه‌ردانه‌كه‌تان ‌و دانوستاندن له‌گه‌ڵتاندا ناده‌ن؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: شتێكی وا نییه‌ هه‌مو لیسته‌كان له‌ ئێستادا خه‌ریكی سه‌ردانی یه‌كترین، بۆ ئه‌وه‌ی بۆچون ‌و باری سه‌رنجی یه‌كتری بزانن، ئه‌نجامنه‌دانی كۆبونه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌خۆمانه‌وه‌ هه‌بوه‌، كه‌ خۆمان به‌رنامه‌كه‌مان رێكنه‌خستبو، ئێستا رێكخراوه‌ و خشته‌ دانراوه‌، لیستی عێراقییه‌ هاتون بۆ سه‌ردانی ئێمه‌ و شاندێكی وه‌حده‌ی عێراقیش داوای دیداریانكردبو، ئێستا بڕیاره‌ ئێمه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌كانی تر بكه‌ین ‌و هه‌موشیان ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان دانیشین كێشه‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌بوه‌، داوای دیدارمان له‌كه‌س نه‌كردوه‌ تا وه‌ڵاممان نه‌ده‌نه‌وه‌، ئێستاش خه‌ریكی مه‌وعید دانانین، زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانیش چاوه‌ڕوانی زانینی هه‌ڵوێستی لیسته‌ كوردستانییه‌كانن ‌و به‌پێویستی ده‌زانن دانیشتن له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌ بكه‌ن.

رۆژنامه‌: هیچ ئومێد هه‌یه‌ بۆ رێكه‌وتنی نێوان لیسته‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ؟ ئاسۆی ئه‌و دانوستاندن ‌و لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌ی لیسته‌كان چۆن ده‌بینی؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: ئێستا بۆ چونه‌كان له‌سه‌ر ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌ی ماده‌ی (76)ی ده‌ستور جیاوازه‌، له‌سه‌ر راسپاردنی كه‌سێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ‌و وه‌رگرتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ‌و كوتله‌ی یه‌كه‌م، عێراقییه‌ ده‌ستی به‌وه‌وه‌ گرتوه‌ كه‌ خۆی حكومه‌ت پێكبهێنێت، لیستی به‌رامبه‌ریش ده‌ڵێن: كوتله‌ی زۆرینه‌ ئێمه‌ پێكمان هێناوه‌، هه‌ردو لایه‌نه‌كه‌ش پاساوی قانونی خۆیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌و ته‌فسیره‌، هاوپه‌یمانی نیشتمانیش كه‌ له‌ هه‌ردو ئیئتلافه‌كه‌ (ده‌وڵه‌تی یاسا- نیشتیمانی عێراق) پێكهاتوه‌، ئه‌وانیش خیلافاتیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر میكانزمی ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و رێكنه‌كه‌وتون، ئیتلافه‌كه‌ سه‌رۆكی كوتله‌یان دیاری نه‌كردوه‌ ئێستاش ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و ئه‌گه‌رهه‌یه‌ زۆر بخایه‌نێت.

رۆژنامه‌: ناكۆكیی ‌و گرفته‌كان لێكدانه‌وه‌ و ته‌فسیری ئه‌و ماده‌ ده‌ستورییه‌یه‌، یان مه‌سه‌له‌ تایفی ‌و مه‌زهه‌بی ‌و ململانێی نێوان شیعه‌ و سوننه‌كانه‌؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: له‌ڕاستیدا كێشه‌كه‌ ته‌فسیره‌ قانونییه‌كه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ره‌هه‌ند و باكگراوه‌نده‌شی له‌ پشته‌، ره‌نگه‌ لیستی عێراقییه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ لیستێكی نیشتمانین ‌و پێكهاته‌كانی تریش له‌گه‌ڵیدا به‌شدارن ‌و له‌ ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كان زۆرینه‌یان هێناوه‌، ئه‌و ناكۆكییه‌ مه‌زهه‌بییه‌ش هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌وتوه‌ته‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاساییه‌وه‌، نه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی تایفی ‌و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌ستورییه‌، به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ ناكۆكییه‌كان یاسایی ‌و ده‌ستوری بن، ره‌هه‌ندی تایفیشی له‌پشته‌وه‌یه‌.

رۆژنامه‌: له‌ئێستادا باسی چه‌ند سیناریۆیه‌كی ئه‌مریكا ده‌كرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی، تا چه‌ند ئه‌گه‌ری سه‌رگرتنی هه‌یه‌؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: ئه‌وه‌ی ئاگاداربین، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، پڕۆژه‌یه‌ نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بسه‌پێنرێت، به‌ڵام داوا ده‌كه‌ن هه‌مو لیسته‌كان به‌شداریی له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت بكه‌ن به‌تایبه‌تی هه‌ردو لیستی عێراقییه‌ و ده‌وڵه‌تی قانون، ئێستا چه‌ند رێگه‌چاره‌ و ئه‌گه‌رێك له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ نمونه‌ هه‌ردو لیسته‌كه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ حكومه‌تدا به‌شداریی بكه‌ن، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وشكراوه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌كیان بێت ‌و ئه‌ویتریان سه‌رۆك وه‌زیران، باسی نۆره‌ش ده‌كرێت له‌نێوان هه‌ردوكیاندا، به‌ڵام ئه‌مانه‌ تائێستا پێشنیاره‌ و هیچیان نه‌سه‌پێنراوه‌، ئه‌مریكا پشتگیریی ئه‌وه‌ ده‌كات لیستی عێراقییه‌ له‌ناو حكومه‌تدا بێت به‌پێگه‌یه‌كی به‌هێز و به‌پێی ئه‌و قه‌باره‌یه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ده‌ستی هێناوه‌.

رۆژنامه‌: له‌م نێوه‌نده‌دا پێگه‌ی كورد له‌كوێی هاوكێشه‌كاندایه‌، لایه‌نێكی به‌هێزه‌ یان لاوازه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: كورد واقیعه‌ و پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراقه‌ و بێ ئه‌و حكومه‌ت دروست ناكرێت ‌و هاوسه‌نگیی راناگیرێت، كورد تائێستا ‌و پێش چونه‌ ناو حكومه‌ت، پێگه‌ی به‌هێزه‌ و ده‌توانێت زۆر شتی باش به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌رچه‌نده‌ لیستی به‌هێزتر هه‌یه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ دوای چونه‌ ناو حكومه‌ت ئه‌و هێزه‌مان نه‌مێنێت وه‌ك پێش ئێستا، به‌ڵام پێش چونه‌ ناو حكومه‌ت پێگه‌یه‌كی باشمان هه‌یه‌ ‌و هه‌مو لیسته‌كان داوا ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵیاندا به‌شداربین بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ قه‌باره‌ و هێزی كورد گۆڕاوه‌، به‌ڵام وه‌ك و پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی له‌ عێراق پێگه‌مان باشه‌ ‌و په‌سه‌ندین، به‌ڵام ره‌نگه‌ دوای پێكهێنانی حكومه‌ت قه‌باره‌مان شتێكی تر بێت له‌ حكومه‌ته‌كانی پێشتر و چوار ساڵی رابردو، ئه‌وه‌ش راستییه‌كه‌یه‌.

رۆژنامه‌: پێگه‌ و هێزی كورد ناكه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن دانوستاندنه‌كان ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ‌و كارته‌كان به‌كارده‌هێنن؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: ئێمه‌ تائێستا نه‌چوینه‌ته‌ ناو ئه‌و دانوستانانه‌وه‌، به‌ڵام گه‌شبنین به‌وه‌ی كه‌ به‌هێزین ‌و ده‌توانین پارێزگاریی له‌ قه‌باره‌ی به‌شداریكردنی كورد بكه‌ین له‌ حكومه‌تی عێراق ‌و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ده‌ستبهێنین ‌و بتوانین ماده‌ی (140) به‌جدیتر وه‌ربگرین ‌و خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی بۆ ماوه‌ی ساڵێك، یان زیاتر دابنێین بۆ جێبه‌جێكردنی ‌و میكانزمی باشتر له‌ رابردو بسه‌پێنین له‌سه‌ر حكومه‌تی داهاتوی عێراق.

رۆژنامه‌: ئه‌ندامێكی وه‌فده‌كه‌تان باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ندێك كێشه‌ی هه‌ستیار و ئاڵۆز هه‌ڵده‌گرن بۆ داوای پێكهێنانی حكومه‌ت ‌و ئێستا گفتوگۆی له‌سه‌ر ناكه‌ن؟
دیندار نه‌جمان دۆسكی: نه‌خێر ده‌بێت پێش پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ‌ لیسته‌كان دابنیشین هه‌ندێك بابه‌ت هه‌یه‌ یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ ‌و بیخه‌ینه‌ به‌رده‌ست، هه‌ندێكی دیكه‌ وه‌ك و مه‌بده‌ئـ باسی ده‌كه‌ین وه‌كو ماده‌ی (140) ‌و بودجه‌ و نه‌وت ‌و غاز ‌و پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام ورده‌كاریی ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی داهاتو، یان ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌، یان ئه‌و كه‌سه‌ی راده‌سپێردێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، باس ده‌كه‌ین.

Sbeiy.com © 2007