Print
 ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم بۆ؟
Monday, July 5, 2010

راپۆرت: ده‌شتی سالار

"دروستکردنی ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێم، ‌ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێم ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌"

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تائێستا له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم دیاری نه‌کراوه‌، هاوکات یه‌كێتی‌ و پارتی‌‌ له‌رێگه‌ی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ (لیستی‌ كوردستانی‌)یه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت سه‌رپه‌رشتی كردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ به‌غدا بسه‌ننه‌وه‌ و ئه‌و ئه‌ركه‌ بسپێردرێته‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

ئه‌م هه‌وڵه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی له‌ رێی پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌وه‌یه‌ به‌ناوی‌ (یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێم) كه‌ له ‌کۆتاییه‌کانی مانگی رابردوداو له‌دانیشتنێکی په‌رله‌مانی کوردستاندا‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كراو ره‌وانه‌ی لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مان کرا.

له‌روی یاساییه‌وه‌   
کوێستان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌‌په‌رله‌مانی کوردستان رونیده‌کاته‌وه‌ که‌ دروستکردنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌روی یاساییه‌وه‌ رێگه‌ پێنه‌دراوه‌و به‌(سبه‌ی) راگه‌یاند: "به‌پێی یاسای  ژماره‌ 11ی‌ ساڵی‌ 2007ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بڕگه‌ی‌ (2 و3 و4) له‌ مادده‌ی‌ ژماره‌ 2، سه‌رپه‌رشتی کردنی هه‌مو هه‌ڵبژاردنێك له‌عێراق و هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌بێت، دواتر له‌ بڕگه‌ی‌ 4دا باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و هه‌یئانه‌ی‌ كه‌له‌ هه‌رێمه‌كان دروست ده‌بن بۆ سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌بێت به‌ ته‌نسیق و هاوکاری بێت له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق و دواجاریش له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌واندا بێت".

لای خۆشیه‌وه‌، حاکم سه‌ردار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ئاشکرایکرد، دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ سه‌ر خواست و ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستان و نوێنه‌رانی که‌ خۆی له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا ده‌بینێته‌وه‌، بۆیه‌  ئێمه‌ وه‌کو كۆمسیۆن‌، به‌ ئاسایی‌ ده‌زانین كه‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌ كوردستان دروست بكرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ‌و په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و ئه‌و راپرسییانه‌ی‌ تایبه‌تن به‌ كوردستانه‌وه‌.

جه‌ختیشیکرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، مه‌رجه‌ دروستکردنی (ده‌سته‌ی‌ باڵای كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێم) ‌به‌ویست و رازی بونی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان و لایه‌ن و قه‌واره‌ سیاسییه‌کان بێت، هه‌روه‌ها پێویستی به‌یاسایه‌کی تایبه‌ت له ‌په‌رله‌مان و به‌هاوکاری کردنی له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنی باڵا هه‌یه‌.

حاکم سه‌ردار له‌ لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كاتێكی‌ زۆری‌ ده‌وێت و تائێستاش یاساكه‌ی‌ له ‌په‌رله‌مانی کوردستان ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كراوه، ره‌نگه‌ دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ پێویستیش به‌وه‌ بكات هه‌ندێک گۆڕانکاری له‌یاسای ژماره‌ (11)ی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردندا بکرێت، كه‌ ئه‌و مادانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌و ده‌سته‌یه‌ گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، بۆئه‌وه‌ی‌ بگونجێنرێن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و یاسایه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌شکرد: ''تائێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق له‌ دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ ئاگادار نه‌کراوه‌ته‌وه‌."

گومان له‌سه‌ربه‌خۆ بونی ده‌کرێت
هاوکات چاودێران و به‌شێک له ‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستانیش، له‌گه‌ڵ دامه‌رزاندنی  ئه‌م ده‌سته‌یه‌دا، گومان له‌سه‌ربه‌خۆ بونی ده‌که‌ن، له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ عه‌لی، ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کگرتو له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند: پێش ئه‌وه‌ی  بڕیار له‌سه‌ر پێکهێنانی ده‌سته‌که‌ یا کۆمسیۆنی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم بدرێت، پێویسته ئه‌رک و به‌رپرسیارێتیه‌کانی دیاری بکرێت.

ناوبراو له ‌لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد: "ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌بنه‌ لێپرسراوی ئه‌م کۆمسیۆنه‌، که‌سانی شاره‌زا و پرۆفیشناڵ و كه‌سانی‌ یاسایی‌ و بێلایه‌ن بن، له‌هه‌مانکاتدا به‌ یاسا ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركه‌كانیان دیاری‌ بكرێت".

له‌به‌رامبه‌ردا، گۆران ئازاد ئه‌ندامی لیستی کوردستانی له ‌په‌رله‌مانی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌پێویست زانینی پێکهێنانی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بۆ هه‌رێم ئه‌و مافه‌ش ده‌دات به‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان که‌ گومان له‌سه‌ربه‌خۆبونی ئه‌و کۆمسیۆنه‌ بکه‌ن و به ‌(سبه‌ی) وت: "به‌وپێیه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئه‌زمونێکی که‌می له‌ هه‌ڵبژاردندا هه‌یه‌و زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش زۆر تا که‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌ ساخته‌کاری به‌خۆوه‌ بینیوه‌، هه‌روه‌ها هه‌رێمه‌که‌شمان که‌متر دامه‌زراوه‌ییه ‌و دادگا و دامه‌زراوه‌کان سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه‌، بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆن و ته‌نانه‌ت لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ گومان له‌سه‌ربه‌خۆبونی بکرێت".

دۆڕاندنی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان
له‌هه‌مانکاتدا سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی کوردستان رونیکرده‌وه‌، دروستکردنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌هه‌رێم زیانی زۆرتره‌ وه‌ک له‌سوده‌کانی و مه‌ترسی بۆ سه‌ر چه‌ندین پرسی نه‌ته‌وایه‌تی کورد دروست ده‌کات و هاوکات بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحیشی ده‌وێت.

کوێستان محه‌مه‌د، وتی: "له‌روی‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه‌‌، له‌کاتێکدا ئێمه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و فراكسیۆنی‌ گۆڕان كاری‌ جدی‌ ده‌كه‌ین و هه‌وڵه‌کانمان بۆ ئه‌وه‌یه‌‌ که‌ مادده‌ی‌ 140 جێبه‌جێ بكرێت و ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردن بكرێت له‌ شاری که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان، به‌ڵام به‌دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی به‌دڵنیاییه‌وه‌ رێگه‌ی پێنادات و ناهێڵێت ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردن له‌وناوچانه‌دا بکرێت و ئه‌مه‌ش دژیه‌کی و ناکۆکی دروست ده‌کات و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌کی دیکه‌وه‌".

هاوکات ئه‌ندامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌، که‌ به‌دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ هه‌رێم مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر کوردستان دروست ده‌بێت و رایگه‌یاند: "ئه‌و ده‌سته‌ی‌ باڵایه‌ی كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن که‌ له‌ هه‌رێم دروست ده‌کرێت، مافی ئه‌وه‌ی نابێت هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆم له‌شاری که‌رکوک و ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ئه‌نجامدات، له‌هه‌مان کاتدا حکومه‌تی ناوه‌ندیش رێگه‌ی پێنادات، ئه‌مه‌ش به‌زیان بۆ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، به‌ده‌ر له‌ دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌، ئه‌گه‌ر داوا له‌ کۆمسیۆن بکرێت بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای که‌رکوک له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی هه‌رێم، پێمانوایه‌ زه‌حمه‌ت نییه ‌و له‌توانای کۆمسیۆندا هه‌یه‌ ئه‌نجامی بدات.

بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاح و ده‌رهێنانی له‌قوتی خه‌ڵک
ئه‌ندامه‌که‌ی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر زیانێکی دیکه‌ی دروستکردنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم و ئه‌وه‌ی وت: "کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی دروستکردنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ روه‌ داراییه‌‌که‌وه‌یه‌تی‌‌، هه‌مومان ده‌زانین ئێمه‌ كه‌ باسی‌ پرۆژه‌و پێداویسته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ خه‌ڵك ده‌که‌ین هه‌میشه‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌ڵێن بودجه‌ كه‌مه‌، به‌ڵام دواتر كه‌ كۆمسیۆنێكی‌ وا دروست ده‌كرێت ئه‌و بودجه‌ زۆرو زه‌به‌لاحه‌ی‌ بۆی دابین ده‌کرێت، ده‌بێت له‌ بودجه‌ و له‌ قوتی‌ خه‌ڵك بدرێت."

ئامانجی سیاسی له‌پشته‌وه‌یه‌
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئاکار محه‌مه‌د وه‌ک پارێزه‌رێک دروستکردنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم له‌م کاته‌دا به‌  پێویست نازانێت و له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رونیکرده‌وه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌بوارێکی زۆر زۆر گرنگی ژیانی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وڵاتدا، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنه‌، که‌ پێویسته‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی پێی هه‌ڵده‌ستن که‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زاو بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ بن، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رێم مافی خۆیه‌تی ده‌سته‌یه‌کی له‌وشێوه‌یه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام پێویستی به‌ ورده‌کاری و دیراسه‌کردن و گفتوگۆی چڕوپڕ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌و پێویستیشه‌ میکانیزمێکی گونجاو بۆ دیاریکردنی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی باڵای ئه‌و کۆمسیۆنه‌ دیاری بکرێت و ناکرێت هه‌روا به‌ سانایی تێپه‌ڕێندرێت.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ پێشیوایه‌؛ په‌له‌کردن له‌پێکهێنانی ده‌سته‌یه‌کی له‌وشێوه‌یه‌ له‌م کاته‌داو له‌لایه‌ن لیستی ده‌سه‌ڵاته‌وه، ‌مه‌به‌ستی سیاسی له‌پشته‌وه‌یه‌.

ئۆپۆزسیۆن چی ده‌ڵێن؟
کوێستان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌وان وه‌ک فراکسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مان له‌روانگه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ دروستکردنی ده‌سته‌یه‌كی‌ باڵای‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێم بۆ سه‌رپه‌رشتی کردنی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی هه‌رێم و لێسه‌ندنه‌وه‌ی له‌کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ره‌تده‌که‌نه‌وه. رونیشیکرده‌وه‌، دروستکردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌م کاته‌دا له‌ هه‌رێمی کوردستان زیانی زیاتره‌ وه‌ک له‌قازانج.

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی فراکسیۆنه‌که‌شیان له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌و کۆمسیۆنه‌، ئه‌ندامه‌که‌ی فراکسیۆنی یه‌کگرتو له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند: ''هه‌رکاتێک هاتینه‌ سه‌ر گفتوگۆكردنی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم، ئێمه‌ قسه‌ی‌ جدی‌ خۆمان ده‌بێت و له‌داهاتوشدا هه‌ڵوێستی خۆمان راده‌گه‌یه‌نین".

باسی له‌وه‌شکرد، که ‌له ‌ئێستادا پێشنیاره‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و كۆمیسۆنه‌ی له‌هه‌رێم دروست ده‌کرێت سه‌ربه‌ په‌رله‌مانی کوردستان و له‌ژێر چاودێری په‌رله‌ماندا بێت.  

په‌رله‌مانتارێکی لیستی کوردستانی: گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بێت که‌ ده‌مانه‌وێت ره‌تیده‌که‌مه‌وه‌
ئه‌ندامه‌که‌ی لیستی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که‌ تائێستا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌می بۆ کراوه‌ و قابیلی ره‌تکردنه‌وه‌یه‌ و رایگه‌یاند: ئێمه‌ به‌و جۆره‌ ئیمزامان له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ کردوه‌ که‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ لێپرسراوی، که‌سانی سه‌ربه‌خۆ و پرۆفیشناڵ و ئه‌کادیمی و شاره‌زابن و بتوانین وه‌کو په‌رله‌مان لێپرسینه‌وه‌ له‌به‌رپرسه‌کانی بکه‌ین و لایان به‌رین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌کاتی گفتوگۆکردن بۆ په‌سه‌ندکردنه‌که‌ی له‌په‌رله‌ماندا به‌وشێوه‌یه‌ واده‌رنه‌چو، هه‌قه‌ هه‌مومان ره‌فزی بکه‌ینه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ فشاریان له‌سه‌ر دروستکرا له‌باره‌ی په‌سه‌ندکردنی یاساکه‌،  له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر ده‌سته‌که‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌بو یاخود لێپرسراوه‌کانی نه‌شاره‌زابون، گۆران ئازاد وتی: "له‌وکاته‌دا من وه‌کو خۆم ده‌نگی پێناده‌م".

Sbeiy.com © 2007