Print
 قه‌یرانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌
Sunday, August 1, 2010

راپۆرتی‌: فه‌لاح حه‌سه‌ن

زیاتر له‌ 4 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقدا تێپه‌ڕیوه‌و تاوه‌كو ئێستا هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێوه‌، تاوه‌كو ئێستاش په‌رله‌مانی‌ هه‌ڵبژێردراو یه‌ک دانیشتنی‌ ئه‌نجامداوه‌، هاوکات تائێستا دیاریكردنی‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی‌ (وه‌زیران‌و كۆمار‌و په‌رله‌مان) یه‌كلایی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ عێراق پێویست بو له‌ دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن دادگای‌ فیدراڵییه‌وه‌، سه‌رۆك كۆمار داوا بكات له‌ ماوه‌ی‌ 15 رۆژدا په‌رله‌مانی‌ نوێ یه‌كه‌مین دانیشتنی خۆی‌ رێكبخات و له‌ یه‌كه‌مین دانیشتنیشدا ده‌بو سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و دو جێگره‌كه‌ی‌ ده‌ستنیشان بكرایه‌، دواتریش له‌ ماوه‌ی‌ 30 رۆژدا پێویست بو‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سه‌رۆك كۆماری‌ نوێ هه‌ڵبژێرێت، پاشان سه‌رۆك كۆماری‌ نوێ له‌ ماوه‌ی‌ 14 رۆژدا سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ ناو په‌رله‌مان راده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق پێكبێنێ‌. 

په‌نا بۆ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌برێت:
بڕیاره‌ له‌رێكه‌وتی‌ 4/8دا ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدات‌و تێیدا باس له‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ عێراق بكرێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ چه‌ندین بۆچونی‌ جیاواز له‌باره‌ی‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌.

مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و ئه‌ندامی‌ شاندی‌ دانوستاندكاری‌ ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: به‌و پێیه‌ی‌ تاوه‌كو ئێستاش عێراق له‌ژێر به‌ندی‌ حه‌وته‌می‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كاندایه‌، بۆیه‌ شتێكی‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش پێشنیازو راسپارده‌ بخاته‌ڕو له‌پێناو لێكنزیككردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌.

هاوكات حاچم حه‌سه‌نی وته‌بێژی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ (سبه‌ی‌) رایگه‌یاند: كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتو تایبه‌ت ده‌بێت به‌كاره‌كانی تیمی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگروه‌كان له‌عێراق (یۆنامی)و ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراقه‌وه‌ نابێت. 

تارق حه‌رب كه‌ پسپۆڕێكی‌ یاساییه‌ هه‌مان بۆچونی‌ حاچم حه‌سه‌نی‌ هه‌بو له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ 4/8ی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش و له‌لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌) رایگه‌یاند: ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ قه‌یرانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ نیه‌، چونكه‌ هه‌مو ساڵێك له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئابدا ئه‌نجومه‌نی‌ ئاساییش كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌باره‌ی‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێكرردنی‌ كاره‌كانی‌ (یۆنامی‌) له‌ عێراق.


ته‌نها پێشنیازو راسپارده‌ ده‌خاته‌ڕو:
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ داهاتو ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش كۆبونه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ بارودۆخی‌ عێراق ئه‌نجامبدات، له‌ئێستادا كه‌سایه‌تی‌‌و ناوه‌ندو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراق ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تی‌ نه‌گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنێك بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، ده‌ستێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

حاچم حه‌سه‌نی‌ رایگه‌یاند: پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق دۆسیه‌یه‌كی‌ ناوخۆییه‌و پێویسته‌ خودی‌ عێراقیه‌كان خۆیان چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ بدۆزنه‌وه‌.

حه‌سه‌نی‌ به‌دوریشیزانی‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بتوانێت كاریگه‌ریی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق و رونیكرده‌وه‌: ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ئیتر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان چۆن له‌توانایدایه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ یه‌كلایی‌ بكاته‌وه‌؟

به‌ڵام تارق حه‌رب ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌ست وه‌رناداته‌ پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق، وه‌كو شێوازی ده‌سه‌ڵات‌و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵكو راسپارده‌كانی‌ ته‌نها بۆ هاندانی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانه‌ كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌پێكهێنانی حكومه‌ت‌و له‌ناوبردنی تیرۆر‌و هاندانی وڵاتانی دراوسێ عێراق بۆ یارمه‌تیدان‌و باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان. 

به‌هه‌مان شێوه‌ مه‌حمود عوسمان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ بڕیار له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بدات‌و ئه‌و قسانه‌ی‌ كه‌ ده‌كرێت له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ (حكومه‌تی‌ ئینقاز)و ده‌ستنیشانكردنی‌ حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ عێراق به‌هیچ جۆرێك رێی‌ تێناچێت‌و دوره‌ له‌ راستییه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش ته‌نها پێشنیازو راسپارده‌ ده‌خاته‌ڕو بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان له‌پێناو پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ حه‌یده‌ر موللا وته‌بێژی‌ لیستی‌ ئه‌لعێراقیه‌ رایگه‌یاند: هیوادارین عێراقییه‌كان خۆیان ته‌نگژه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئۆباڵی هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌كاروباری عێراق ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی مالیكی.

موللا رونشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌نجامدا، ئه‌وا ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی‌ یارمه‌تیدانی گه‌لی عێراق بێت و به‌چاوێكی یه‌كسان بڕوانێته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و رێز له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌ستور بگرێت. 


ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق به‌گوێ‌ گه‌یشتوه‌؟
هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبونی‌ قه‌یرانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، چه‌ند لایه‌نێكی‌ ناوخۆیی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ نه‌بۆته‌ حكومه‌تێكی‌ به‌ڕێكردنی‌ كار (تصریف الاعمال)، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و لایه‌نانه‌ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و داوا ده‌كه‌ن ئه‌ركی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ ده‌ستنیشان بكرێت.

حه‌یده‌ر موللا وته‌بێژی‌ لیستی‌ ئه‌لعێراقیه‌ رایگه‌یاند: به‌پێی‌ یاسا حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی له‌ رێكه‌وتی‌ 16ی‌ ئازاره‌وه‌ حكومه‌تی راییكردنی كاره‌كانه‌، بۆیه‌ داواكارن له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی چاو بخشێنێته‌وه‌ به‌سه‌رجه‌م كاره‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ماوه‌ی رابردو به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بزانن كاره‌كانیان تا چه‌ند ده‌ستوریه‌.

به‌ڵام تارق حه‌رب رایگه‌یاند: له‌ڕوی واقعییه‌وه‌ حكومه‌تی ئێستای عێراق حكومه‌تی رایی كردنی كاره‌كانه‌ به‌هۆی نه‌بونی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ ناتوانێ هه‌ندێك بڕیار ده‌ربكات وه‌ك بڕیاری‌ شه‌ڕو لابردنی‌ وه‌زیر‌و واژۆكردنی‌ په‌یماننامه‌ و ...هتد، به‌ڵام له‌ڕوی یاسایی‌و ده‌ستورییه‌وه‌ حكومه‌تی مالیكی هێشتا شه‌رعی‌و یاساییه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ مه‌حمود عوسمان رایگه‌یاند: ناتوانین بڵێین 100% حكومه‌ته‌كه‌ی‌ نوری‌ مالیكی‌ بۆته‌ حكومه‌تی‌ به‌ڕێكردنی‌ كار، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ وه‌ك رابردو نه‌ماوه‌، چونكه‌ هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ پێویست به‌ په‌رله‌مان ده‌كات له‌ كاتێكدا كه‌ په‌رله‌مان تاوه‌كو ئێستا هیچی‌ نه‌كردوه‌، بۆیه‌ حكومه‌ت ناتوانێت به‌سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ په‌یڕه‌و بكات.

وتیشی‌: ده‌بێت په‌رله‌مان به‌ته‌واوه‌تی‌ بكه‌وێته‌كار، ئه‌و كات ده‌توانرێت حكومه‌ت بكرێته‌ حكومه‌تێكی‌ راییكردنی‌ كاره‌كان، چونكه‌ گه‌ر په‌رله‌مان كه‌وته‌ كار، ئه‌وا چاودێری‌ حكومه‌ت ده‌كات‌و ئه‌و كات رێگا نادرێت حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ خۆی‌ زیاد له‌پێویست په‌یڕه‌و بكات.

Sbeiy.com © 2007