سازدانی: دلێر عه‌بدولخالق
له‌دیدارێكی رۆژنامه‌دا، رێبین هه‌ردی، نوسه‌رو روناكبیر، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له(25/7/2009)دا به ده‌ستپێكردنی مێژوی نوێی هه‌رێمی كوردستان دهزانێتو پێیوایه: ئه‌و رۆژه، ئه‌و ساته‌وه‌خته ده‌بێت كه خه‌ڵكی ئێمه ئاشنا ده‌بێت به‌وه‌ی كه دهتوانێتو ده‌كرێت له رێگه‌ی سندوقه‌كانی دهنگدانو له پڕۆسه‌یه‌كی زۆر مه‌ده‌نییانه‌و ئاشتییانه‌دا، هێزی تازه دروستبكات‌و هێزی تریش لاواز.
له به‌شێكی دیداره‌كه‌دا، ریبَین هه‌ردی ده‌ڵێت: "ئێستا هێزه سه‌ره‌كییه‌كان هه‌ر دو حیزبه دێرینه‌كه‌ی كوردستان نین، به‌ڵكو سێ چوار هێزی تری سه‌ره‌كیش ههنو به‌مه‌ش نه‌خشه‌ی دابه‌شبونی ده‌سه‌ڵات گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه‌و ئه‌م گۆڕانه‌ش كۆتایی به پاوانكردنی بڕیار‌و حوكمڕانی‌و كۆتایی به ژوری داخراو‌و تاریك له بڕیار‌و روداوه‌كاندا ده‌هێنێت".
رۆژنامه: (25/7/2009) ده‌بێته چ رێككه‌وتێك له ژیانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستاندا، ئایا ده‌كرێت وه‌ك رۆژێكی جیاواز له رۆژه‌كانی تری دوای راپه‌ڕین، لێی بڕوانرێت، یاخود بڵێین، بریتی ده‌بێت له ده‌ستپێكردنی مێژویه‌كی نوێ؟
رێبین هه‌ردی: بێگومان، رۆژێكی جیاوازه‌و هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش مێژویه‌كی تازه ده‌ستپێده‌كات. به‌بێ جیاوازبونی ئه‌م رۆژه، به‌بێ دابڕانی له لێكچونی دوێنێكان، هیچ مێژوییه‌كی نوێ دروست نابێت. نوێ، ئه‌وكاته له‌دایكده‌بێت كه له‌وانی دی ناچێت. (25-7)، رۆژێكی جیاوازی ژیانی سیاسیی كوردستانه، رۆژێكه هێزی تازه‌و ده‌نگی تازه‌ی تیا ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ یه‌كه‌مجار نه‌وه‌یه‌كی تازه له مرۆڤه‌كانی ئێمه ده‌توانن به كۆبونه‌وه‌و سور بونه‌وه، هێزێكی سیاسیی تازه بخه‌نه ناو گه‌مه‌ی سیاسییه‌وه‌و ده‌توانن به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ توندوتیژی به‌رن، نه‌خشه‌ی دابه‌شبونی سیاسهتو ده‌سه‌ڵات بگۆڕن.
بۆ یه‌كه‌مجاره كه ده‌توانن نا به‌هێزه سیاسییه ههبوهكانی كوردستان بڵێن‌و به به‌ڵێ وتن به‌هێزێكی تر، زیاتر نه‌خشه‌ی ده‌سه‌ڵات له كورستاندا دابهشبكهنو له پاوان‌و كۆنتڕۆڵی هێزه سیاسییه باوه‌كان رزگاری بكه‌ن. (25/7)، ده‌رخستنی توانای مرۆڤی ئێمه‌یه بۆ گۆڕان، ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه خه‌ڵكی ئێمه ئاشنا ده‌بێت به‌وه‌ی دهتوانێتو ده‌كرێت ته‌نها له رێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌و له پڕۆسه‌یه‌كی زۆر مه‌ده‌نییانه‌و ئاشتییانه‌دا، هێزی تازه دروستبكات‌و هێزی تریش لاواز، ئه‌و رۆژه‌یه كه خه‌ڵك له نرخی ده‌نگدانی خۆی تێگه‌یشتو زانی كه ده‌توانێت ئه‌م مافه‌ی خۆی چه‌ند به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بخاته‌گه‌ڕ. ئه‌وه‌ی له (25-7) رویدا، ده‌ركه‌وتنی خه‌ڵكه له‌سه‌ر شانۆی سیاسیی وڵات پاش ماوه‌یه‌كی زۆر له بێدهنگیو خهمساردییو لێره‌وه ئه‌م رۆژه مێژویه‌كی تازه‌یه، چونكه بۆ یه‌كه‌مجاره خه‌ڵكی به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ توندوتیژیو دوژمنایه‌تی به‌رن، له رێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی‌و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات داده‌نێن.
رۆژنامه: دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، زۆرجار باسی قۆناغی پێش (25/7)و قۆناغی دوای (25/7) ده‌كرا، تا چه‌ند ئه‌م جیاكارییه راسته؟
رێبین هه‌ردی: ئه‌م جیاكارییه راسته، مێژوی دوای (25/7)، مێژوی پێش (25/7) نییه. مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ته‌نها له‌دایكبونی هێزێكی سیاسی تازه نییه، دروستبونی حیزبێكی نوێ نییه وه‌ك هه‌ر حیزبێكی تر (كوردستان به‌رده‌وام شایه‌تی دروستبونی حیزبی سیاسیی تازه به‌ناوی تازه‌وه بوه)، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه، وه‌ك له پرسیاری پێشودا وتم، ده‌نگه ناڕازییه‌كانی كوردستان هه‌مو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆبونه‌وه كه ئه‌مجاره سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌جدیی وهربگرنو هه‌وڵبده‌ن له‌م رێگه‌یه‌وه گۆڕان بكهنو كردیشیان. گۆڕان، به‌و مانایه‌ی توانرا گۆڕانكاری له ریزبهندیو ده‌سه‌ڵاتدارێتی گهمهكهرانی بواری سیاسی‌دا بكات. ئه‌وه‌ی لای من گرنگه، ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵكه كه ده‌توانێت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، ده‌وری گرنگ له ده‌ستنیشانكردنی چاره‌نوسی وڵات‌دا ببینێت.
رۆژنامه: به‌بڕوای ئێوه، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه توانیی گۆڕان له پێكهاته‌و جه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمدا بكات، ئه‌گه‌ر گۆڕیویه‌تی: به‌قازانجی ئه‌زمونه‌كه، یاخود دروستكردنی گرفت له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمدا شكاوه‌ته‌وه؟
رێبین هه‌ردی: بێگومان گۆڕانێكی به‌رچاو به‌سه‌ر پێكهاته‌ی سیاسیی كوردستاندا هاتوه‌و گه‌مه‌كه‌رێكی تازه هاتوه‌ته ناو گه‌مه‌كه‌وه كه نزیكه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگی خه‌ڵكی له‌گه‌ڵه، (25)كورسیی په‌رله‌مانی هه‌یه، هه‌نوكه هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان، هه‌ر دو حیزبه دێرینه‌كه‌ی كوردستان نین (وه‌ك هه‌میشه‌و پێشتر ده‌مانوت)، به‌ڵكو ده‌توانین ئێستا باس له ئاماده‌بونی سێ هێز یان چوار هێزی سه‌ره‌كی بكه‌ین. نه‌خشه‌ی دابه‌شبونی ده‌سه‌ڵات گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه‌و ئه‌م گۆڕانه‌ش كۆتایی بهپاوانكردنی بڕیار‌و حوكمڕانی ده‌هێنێت، كۆتایی به ژوری داخراو‌و تاریك له بڕیار‌و روداوه‌كاندا ده‌هێنێت. بێگومان، ئه‌م دۆخه له‌هه‌مو رویه‌كه‌وه به‌قازانجی ئه‌زمونه‌كه شكاوه‌ته‌وه‌و ئه‌مڕۆ بۆ یه‌كه‌مجار له په‌رله‌مانی كوردستاندا هێزێكی ئۆپۆزسیۆن هه‌یه كه به خواستی خۆی به‌شداری له حكومه‌تدا نه‌كردوه‌و بڕیاری چاودێریكردن‌و ره‌خنه‌كردنی ئه‌م حكومه‌ته‌ی داوه، بۆ یه‌كه‌مجاره ره‌خنه‌و گازنده‌ی خه‌ڵكی ئێمه له مهجلیسو په‌ناو پهساراوه، ده‌چێته ناو په‌رله‌مانه‌وه‌و به‌ده‌نگی به‌رزو ئاشكرا قسه ده‌كات، ئه‌م دۆخه سه‌ره‌ڕای رودانی هه‌ندێك گرژی بچوك‌و گه‌وره، كاریگه‌ری له‌سه‌ر حكومهتو ره‌فتاری هه‌ر دو هێزی هاوپه‌یمان كردوه.
ئه‌مڕۆ هێزه‌كان، به ئاشكرا گوێیان له‌ده‌نگی یه‌كه، سه‌رده‌می ره‌خنه‌و رقی ژێره‌وه‌و دۆستایهتیو هاوڕێیه‌تی كۆتایی پێهاتو سیاسه‌تی ئاشكرا‌و رای ئاشكرا ده‌ركه‌وتوه. ئه‌مڕۆ موجامه‌له‌ی سیاسی بێناوه‌ڕۆك، جێگه‌ی خۆی داوه به جۆرێك په‌یوه‌ندیی سیاسی كه له‌سه‌ر بنه‌مای راشكاوی‌و ره‌خنه‌كردنی ئاشكرا راوه‌ستاوه. دۆخێكی سیاسی دروستبوه كه هێزه‌كان ده‌توانن به ئاشكرا ره‌خنه له یه‌ك بگرن‌و له‌هه‌مانكاتیشدا یه‌كدی به دوژمن ته‌ماشا نه‌كه‌ن، بگره له‌كاتێكدا چه‌ندان ته‌نگژه‌ی گه‌وره، یان بچوك له‌ناو ئه‌م هێزانه‌دا له‌ناوخۆی كوردستاندا رویدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانییان له‌كاتی چون بۆ به‌غدا ئه‌جه‌ندای هاوبه‌ش داڕێژن‌و پێكه‌وه له‌سه‌ر چه‌ندان شتی ستراتیژیی رێكبكه‌ون. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بڵێم، ئه‌م دۆخه تازه‌یه‌ی په‌یوه‌ندیی سیاسی له كوردستاندا، شتێكی تازه‌یه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا یه‌كجار پێوستهو ئه‌وه‌ی رو ده‌دات ململانێیه‌كی شه‌فافی سیاسییه به‌بێ ئه‌وه‌ی لانیكهمی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان هێزه‌كاندا بپچڕێت، ئه‌مه‌ش به‌هه‌مو مانایه‌ك، ده‌ورێكی ئیجابی بۆ ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
رۆژنامه: په‌یدابونی گۆڕان‌و دواتر فراوانبونی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئیحتیكارو پاوانخوزای ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌و یه‌كێتی دروستكرد، ئایا هه‌ژمونی ئه‌و دو حیزبه‌ی به‌سه‌ر كه‌رته‌كانی كۆمه‌ڵگاوه كه‌مكردوه‌ته‌وه؟
رێبین هه‌ردی: پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات كه‌مبوه‌ته‌وه، به‌ڵام كۆتایی پێ نه‌هاتوه‌و تا ئێستاش ئه‌و دو هێزه زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێكده‌هێنن‌و ده‌توانن هه‌ر یاسایه‌ك بیانه‌وێت تێپهڕێننو هه‌ر یاسایه‌كیش به‌دڵیان نه‌بێت له‌كاری بخه‌ن. ئه‌وه‌ی گۆڕاوه، ئه‌وه‌یه كه چیتر ئه‌م پاوانكردنه به‌بێ رهخنهكردنو ناڕازیبونێكی ئاشكرا كه له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه دهستپێدهكاتو بۆ ناو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن درێژ ده‌بێته‌وه، ناڕوات به‌ڕێوه. كه‌مجار هه‌یه بڕیار‌و هه‌نگاوێكی دو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی ئاشكرا‌و ناڕازیبونی ئاشكرا نه‌بێته‌وه. ئه‌م دۆخه تازه‌یه وایكردوه كه ورده ورده دو هێزه‌كه‌ش ناچاربن به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكهنو هه‌وڵبده‌ن له بڕیار‌و كاره‌كانیاندا كه‌مترین كه‌مته‌رخه‌می، یان هه‌ڵه ئهنجامبدهنو ئه‌وه‌ی گۆڕاوه، بونی فشارێكی سیاسیی ئاشكرا‌و راشكاوه كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ره‌فتاری دو هێزه‌كه‌ش هه‌یه.
رۆژنامه: زۆرجار ده‌وترا، په‌یدابونی هێزی نوێ كه خۆی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ده‌بینییه‌وه، ده‌رهێنانی نه‌وه‌ی نوێیه له‌ده‌ستی باوانیان، واته بزوتنه‌وه‌یه‌كی گه‌نجانه بوه‌و ویستویه‌تی به نوێ ئه‌و واقیعه بگۆڕێت كه پیره‌كان دروستیانكردوه؟
رێبین هه‌ردی: ته‌ماشاكه، ئه‌م ریزبهندییهم زۆر پێ راست نییه، گه‌نجێتیی به ته‌مه‌ن نییه، به‌ڵكو به‌و بیربۆچونو ئایدیانهیه كه كه‌سێك، یان هێزێك هه‌ڵگرێتی. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌ڵگری ئایدیایه‌كی تازه‌یه، به‌و دروشم‌و بۆچونانه‌وه كه زوربه‌ی گه‌نجان به دروشم‌و بۆچونی خۆیانی ده‌زانن. ئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه گه‌نجه، له بیروڕاكانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك له ته‌مه‌نی بایه‌لۆجی مرۆڤه‌كاندا. ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت، دامه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له نه‌وه‌ی كۆنه‌و زوربه‌ی هاوڕێكانیشی له هه‌مان ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دروستیانكرد شتێكی تازه بو كه زوربه‌ی گه‌نجان له‌ده‌وری كۆبونه‌وه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، چه‌ندان كه‌سی به ته‌مه‌ن گه‌نجمان هه‌ن، كه له پیره‌كان پیرتر بیرده‌كه‌نه‌وه، كه‌م هێزی كوردستان هه‌یه، گه‌نجان ده‌وری گه‌وره، یان بچوكی تیا نه‌بینێت، به‌ڵام به‌رگریی له ئایدیا‌و خه‌یاڵێكی پیرانه ده‌كه‌ن. هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك به ئایدیا‌و بیروڕاكانیدا گهنجێتیو پێرێتی ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك به ته‌مه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كان. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پیره‌كان دایانمه‌زراند، به‌ڵام رۆحێكی گه‌نجانه‌و تازه له بیروڕاكانیاندا هه‌یه كه وایكردوه، بڕێكی زۆری گه‌نجان له‌ده‌وری كۆببنه‌وه.
رۆژنامه: ئێستا وه‌كچۆن ده‌سه‌ڵات هه‌یه، ئۆپۆزسیۆنیش هه‌یه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌سیماكانی ژیانی دیموكراسی، ئایا ده‌كرێت بڵێین، دیموكراسییه‌تی ئێستا، جیاوازه له‌و دیموكراسییه‌تی پێشتر له‌هه‌رێم بانگه‌شه‌ی بۆ دهكراو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌بێ به‌رهه‌ڵستكار ئیداره‌ی هه‌رێمیان ده‌كرد؟
رێبین هه‌ردی: گرنگترین شت بۆ هه‌ر سیستمێكی دیموكراسی، بونی فره‌یی هێزی سیاسییه كه چونییه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی دۆڕان له‌یه‌ك بكهنو به‌دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش وه‌ك هێزێكی ململانێكهری به‌هێز له هه‌ڵبژاردندا، بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی راسته‌قینه‌دا بوین، جۆرێك هه‌ڵبژاردن كه كه‌س تا راگه‌یاندنی ده‌رئه‌نجامه‌كان، نه‌یده‌توانی به‌دروستی پێشبینی ئه‌نجامه‌كانی بكه‌ین، پاش ئه‌وه‌ش كه ئه‌نجامه‌كان راگه‌یه‌نران، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به بڕیاردان له‌وه‌ی ببێته ئۆپۆزسیۆن‌و به‌شداری له‌حكومه‌تدا نه‌كات، نه‌ریتێكی سیاسیی تازه‌ی بۆ كوردستان هێنا، نه‌ریتی نه‌ترسان له ئۆپۆزسیۆنبونو به پێچه‌وانه‌وه به‌گوڕوتینه‌وه كاركردن بۆی. ئه‌م هه‌نگاوه كۆتایی به دو مه‌ترسیی ناراست ده‌هێنێت كه له‌پشت رێككه‌وتنی ستراتیژیی‌و یه‌كلیستی دو هێزه‌كه‌ی تری كوردستانه‌وه‌یه.
یه‌كه‌م: بونی هێزێك له ئۆپۆزسیۆندا به‌مانای لهناوچونو لاوازبونی نییه، بگره ره‌نگه به‌پێچه‌وانه‌وه له‌داهاتودا به‌هێزتری بكات‌و شانسی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی گه‌وره‌تر بێت.
دوه‌م: ده‌كرێت به ئاشكرا ره‌خنه له‌یه‌ك بگرین‌و موجامه‌له‌ی ناڕاست‌و بێ‌مانا نه‌كه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی تا ئاستی به دوژمن كردنی یه‌كتر بڕۆین، یان شه‌ڕ له نێوانماندا هه‌ڵگیرسێت.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر بكه‌ین، پێش ئه‌و رێككه‌وته، تا راده‌یه‌كی دیار ئهنجامو سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرابونو پارتی‌و یه‌كێتی به‌لوتبه‌رزییه‌وه له‌متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر دڵنیابون، به‌ڵام دوای په‌یدابونی گۆڕان، ده‌وترا به‌ها بۆ دهنگو ئیراده‌ی خه‌ڵك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتیش له‌لوتبه‌رزی به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ر هاته خواره‌وه؟
رێبین هه‌ردی: هه‌مو هه‌ڵبژاردنێك، تاقیكردنه‌وه‌ی حیزبێكی سیاسییه بۆ خۆی‌و به‌رنامه‌كانی. حیزبه سیاسییه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌وه تێده‌گه‌ن كه تا چه‌ند له خه‌ڵك نزیك، یان دورن‌و به‌پێی ئه‌وه‌ش ده‌بێت، یان سیاسه‌ته‌كانیان به‌هێزتر بكه‌ن، یان بگۆڕن. هه‌ڵبژاردن په‌یامه‌و ئه‌ركی هێزه سیاسییه‌كانیشه كه ئه‌و په‌یامه به‌جدیی وهرگرنو به‌پێی ئه‌وه به‌رنامه‌ڕێژی خۆیان بگۆڕن. ئه‌وه راسته هه‌ردو هێزه‌كه چاوه‌ڕێی ئه‌و ده‌نگه زۆره‌یان بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌ده‌كرد، ئه‌وان ماوه‌یه‌كی زۆربو راده‌ی ئه‌و ناڕازیبونهیان نه‌ده‌بینی كه به‌رده‌وام له گه‌وره‌بوندا بو، ژماره‌ی به‌یانی ناڕازیبونو مانگرتن‌و خۆپیشاندان كه بۆ هه‌ر چاودێرێكی بێلایه‌ن دیار‌و ئاشكرا بو، ئه‌وه‌ی ده‌رده‌خست كه ناڕازیبون لهگهورهبوندایه، هیچ یه‌ك له‌م شتانه، له‌لایه‌ن دو هێزه‌كه‌وه به‌جدیی وه‌رنه‌گیرا، تا له هه‌ڵبژاردندا ئه‌و ده‌نگه زۆرانه‌یان بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بینی.
رۆژنامه: ئه‌م دۆخه سیاسییه‌ی ئێستا له‌هه‌رێمدا هه‌یه، چ تهفسیرێك ههڵدهگرێتو چۆن خۆی نیشانی دونیای ده‌ره‌وه‌و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات؟
رێبین هه‌ردی: ئه‌زمونێكه كه ئه‌مجاره به‌ڕاستی خه‌ریكه له سیستمی دیموكراسی نزیك ده‌بێته‌وه. خه‌ریكه به رهخنهكردنو ناڕازیبون رادێت، به‌و وریاییه‌وه كه هێشتا كه‌سانێكی تاریك هه‌ن له‌ناو زیاد له هێزێكی سیاسیی‌دا، ئه‌م بارودۆخه‌یان بۆ هه‌رس ناكرێت‌و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك له ههوڵو كۆششدان بۆ له‌ناوبردنی. ئه‌وه‌ی ئێستا روده‌دات لهمسكردنی دیموكراسییه‌كی راسته‌قینه‌یه كه هێزی جیاواز‌و نه‌یاری سیاسی تیایه، به‌ڵام شه‌ڕو كوشتار‌و به‌دوژمنكردنی یه‌كتری تیا نییه.