سازدانی: هیوا جه‌مال
ناسك قادر، بڕوای وایه كه تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وه‌نده‌ی كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌یه (what is) كردوه، كاری له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كردوه كه دهبێتو ده‌كرێت هه‌بێت (what ought to)، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا ناسك قادر كه ماسته‌ری له "سۆسۆلۆژیا"دا هه‌یه، بۆچونه‌كانی خۆی له‌باره‌ی گۆڕان وه‌ك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، زیاتر ده‌خاته‌ڕو، هه‌ندێك ره‌خنه له كاره‌كانیان دهگرێتو لهوبڕوایهشدایه كه نوێبونی ئۆپۆزسیۆن‌و (بێئه‌زمونی) پاساو نین بۆ كه‌موكوڕییه‌كانی.
رۆژنامه: ئۆپۆزسیۆن چییه، چۆن له ئۆپۆزسیۆن ده‌ڕوانیت؟
ناسك قادر: ئۆپۆزسیۆن، ئه‌و هێزه سیاسییه‌یه كه چاودێریی چالاكیی ده‌سه‌ڵات دهكاتو پرسیار ده‌خاته سه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی، هێزێكه سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌ت به‌گیروگرفت ده‌كات، ره‌خنه‌یان لێدهگرێتو له‌به‌رامبه‌ردا پێشنیازی پێیه به ئامانجی دانی به‌دیل‌و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ش بكات، پێویستی به‌پلان هه‌یه، ده‌بێت له‌پلاندا سه‌رجه‌م ئه‌م پرسیارانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت: ده‌بێت كێ ئه‌و كاره بكات، ده‌بێت چی بكرێت، له‌كوێوه به‌ره‌و كوێ، چۆن ده‌كرێت، له‌كوێ ده‌كرێت، بۆ ده‌بێت بكرێت.
رۆژنامه: مه‌به‌ستت له كێ، چییه؟
ناسك قادر: مه‌به‌ستمان له‌و هێزو خه‌ڵكانه‌یه كه ده‌بێت به‌و كاره هه‌ستن، ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه مههامێك به خه‌ڵكێك بسپێریت كه توانای كردنی ئه‌و كاره‌یان نه‌بێت، ده‌كرێت بپرسرێت، ئه‌و پێودانگه چییه كه ئه‌و كه‌سه‌ت بۆ دیاریكردوه، به تایبه‌ت له كوردستاندا، پرسیاری كێ له كوێداو بۆ له‌وێدا كه‌سێك دانراوه، پرسیارێكی فه‌رامۆشكراوه.
هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆسه‌یه له‌كوێ ده‌كرێت، بۆنمونه: ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (وه‌ك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن)، زۆرێك هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی له سلێمانیدا كاری كردوه، هێنده له‌سه‌ر ئاستی كوردستان كاری نه‌كردوه، ته‌فسیری چییه بۆ ئه‌مه؟ خاڵێكی تر، بۆ ده‌بێت ئه‌مه بكرێت، گرنگی ئه‌م پرۆژه‌یه له كوێدایه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ماهیه‌تی بزوتنه‌وه‌كه دیاریده‌كه‌ن.
رۆژنامه: پرسیارخستنه سه‌ر هه‌مو چالاكییه‌كی؟
ناسك قادر: نه‌خێر، چاودێریكردنی هه‌مو چالاكییهكانیو پرسیارخستنه سه‌ر ئه‌و چالاكییانه‌ی كه هه‌ست ده‌كرێت، گرفتئامێزن.
رۆژنامه: لێره‌وه، ده‌كرێت بپرسین كه ئایا گۆڕان توانیویه‌تی وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێك مامه‌ڵه بكات؟
ناسك قادر: ئه‌گه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه سه‌یری بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین، گۆڕان ئه‌گه‌رچی وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه ئامێزی بۆ كرایه‌وه‌و قبوڵ كرا، به‌ڵام ئه‌و كاری سیستماتیكییانهی نه‌كردوه بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و متمانه‌یه به خه‌ڵك‌و دروستكردنی رای گشتی بۆ مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كان، واتا تا ئێستا گۆڕان، نه‌یتوانیوه رای گشتی دروست بكات.
رۆژنامه: بۆچی نه‌یتوانیوه؟
ناسك قادر: له‌به‌رئه‌وه‌ی كاری سیستماتیكییانهی نه‌كردوه، واتا پلانی نه‌بوه به‌وشێوه‌یه‌ی كه ئاماژه‌مان پێدا، كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه گۆڕان، ئه‌وه‌نده‌ی كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌یه (what is) كردوه، كاری له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كردوه كه دهبێتو ده‌كرێت هه‌بێت (what ought to)، تۆ دیموكراسییهتت هه‌یه كه كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی هه‌یه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌هاتوه سیستماتیكییانهو گشتگیرانه خوێندنه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی بكات له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و پێودانگانه‌ی كه هه‌ن، به‌ڵكو هاتوه ئه‌وه‌ی كه هه‌یه قبوڵی كردوه‌و هه‌ندێك كاری پچڕپچڕو ناسیستماتیكیو بێبه‌رنامه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌وه كردوه، خه‌ڵك له بزوتنه‌وه‌یه‌ك كۆ نابێته‌وه، نه پاره‌ی هه‌بێت، نه ئایدیا‌و به‌رنامه.
رۆژنامه: كه‌واته، نه‌یتوانیوه خوڵقێنه‌ر بێت؟
ناسك قادر: به‌دڵنیاییه‌وه، ده‌توانیت بڵێیت، نه‌یتوانیوه خوڵقێنه‌ر بێت، نه‌شیتوانیوه له‌به‌ر رۆشنایی كۆمه‌ڵێك ئایدیاڵه‌وه سیاسه‌تكردن له كوردستاندا بخوێنێته‌وه، بۆیه ده‌بێت جارێكی تر گۆڕان ئه‌م دو ئاسته جیا بكاته‌وه، ئه‌وه‌ی كه هه‌یه بیخوێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت هه‌بێت (ئه‌وه‌ی له به‌رنامه كاری خۆیدایه)و وه‌ك هێزێكی فشار كار بۆ چه‌سپاندنیان بكات.
رۆژنامه: به‌ڵام سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، باس له ئینجازێك دهكاتو ده‌ڵێت، "ئێمه شێوازی ململانێمان له چه‌كدارییه‌وه گۆڕی بۆ سیاسی بێتوندوتیژیی"، ئه‌مه به‌جۆرێك له خوڵقاندن وه‌سف ده‌كات، ئایا به‌و شێوه‌یه‌یه؟
ناسك قادر: خوڵقاندن له سیاسه‌تدا پرۆسه‌یه‌و هێشتا كاتی ئه‌و حوكمدانه نه‌هاتوه، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ئێمه باسی خاڵێكی ئیجابی گۆڕان بكه‌ین كه خه‌ڵك ئومێدی پێی بو، به‌سه‌ر رێگاخستنی بزوتنه‌وه‌ی "ملكه‌چنه‌كردنی مه‌ده‌نییانه"بو كه بڵێت ئێمه، به رێگه‌ی ئاشتییانه، شتگه‌لێك قبوڵ ناكه‌ین كه پێچه‌وانه‌ی یاسا‌و چاكه‌ی جڤات بن‌و خۆشمان نایانكهین، ئومێده‌كه ئه‌وه‌بو كه فه‌زایه‌ك دروست بێت، تیایدا ململانێكان له فۆرمێكی یهكإنگبونو بارگاوی به توندوتیژیی بگوێزێته‌وه بۆ فۆرمیكی ههمهڕهنگبونو ئاشتیخوازانه. ئه‌م كه‌ڵكه‌ڵه ئاشتیخوازانه‌یه، له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن‌و دوای ده‌رچونی بهرئهنجامهكان له لایه‌ن بزوتنه‌وه‌كه‌وه، شوێنی ده‌ستخۆشییه، به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌م یه‌كساڵه‌ی چالاكیی بزوتنه‌وه‌كه‌دا، هێنده‌ی دوای روداوه‌كان كه‌وتوه، هێنده روداو خوڵقێنه‌ر نه‌بوه.
رۆژنامه: كه‌واته، ژینگه‌ی كوردستان، شیاوه بۆ بونی ئۆپۆزسیۆن؟
ناسك قادر: له دیدی منه‌وه، شوێنێك پێی بوترێت، كۆمه‌ڵگه‌و پێكهاته‌كانی خاوه‌ن كوَژانو ئامانجی هاوبه‌ش بن، له پرۆسه‌ی ده‌ستگه‌یشتنیان به‌و ئامانجانه (كه ده‌كرێت گرنگترینیان چاكه‌ی گشتی بێت) سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن، كێشمه‌كێش دهكهنو بگره كه پێویستی كرد شه‌ڕیش ده‌كه‌ن، كه‌واته، به‌ڵـێ، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سه‌رزه‌مینی پێكه‌وه‌ژیانی به‌شێك له‌نه‌ته‌وه‌ی كورد كه خاوه‌نی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه‌یه، توانای بهرههمهێنانو گه‌شه‌پێدانی میكانیزمی جۆراوجۆری هه‌یه بۆ گه‌یشتن به ئامانجهباڵاكان، له نێویشیاندا ئۆپۆزسیۆنبون.
رۆژنامه: ئه‌ی سه‌باره‌ت به یه‌كتری قبوڵكردن، ئێستا له كوردستاندا كه‌شی یه‌كترقبوڵكردن هه‌یه؟
ناسك قادر: سه‌ره‌كیترین پرسیاره كه له خۆمانی بكه‌ین، ئه‌وه‌یه كه بۆ هێزه سیاسییه كوردییه‌كان هێنده‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌و نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌رم و نیانن، چه‌ند به‌رامبه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كتردا توندن، بۆ هێنده به‌ئاسانی (ئه‌وانی دیكه) قبوڵ دهكهنو بگره له تاوان‌و كه‌موكوڕییه‌كانیان ده‌بورن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خۆدا هه‌میشه له‌سه‌ر ئاگرین؟ ئه‌م كلتوری قبوڵ نه‌كردنی یه‌كتره، پێویسته بچێته قۆناغێكی نوێوه، كورد له ئێستادا كه‌مالیاتی ره‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتری نییه به جۆرێك كه هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان براوه‌و دۆڕاودا بێت، پێویستمان به سیاسه‌تی (ره‌زامه‌ندیی گشتی) هه‌یه له‌نێو پێكهاته خاوه‌ن دونیا بینییه جیاوازه‌كان بۆ دروستكردنی (رای گشتی)، ئه‌گه‌ر نا به‌زه‌برترین هه‌ره‌س (نه‌كسه) چاوه‌ڕێمان ده‌كات.
رۆژنامه: تا چه‌ند ئه‌م كلتوره، گرژیی نێوان دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆن دروست ده‌كات؟
ناسك قادر: ده‌وترێت (گرژیی نێوان دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆن، بنه‌مایه، نه‌ك په‌یوه‌ندییه دۆستانه‌كه‌ی)! گرنگه بپرسین، كام گرژیی‌و كام په‌یوه‌ندیی دۆستانه؟ ئه‌م خاڵه په‌یوه‌ندیی به وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌وه هه‌یه كه گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، ئامانجه، یان ئامراز.
ئه‌گه‌ر گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ئامراز بێت بۆ ته‌حقیقكردنی چاكه‌ی گشتی، جیاوازه له‌وه‌ی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات خۆی ئامانج بێت، ئایا گرژییه‌كه گرژی دونیابینی‌و ئارگومێنتی عه‌قڵییه له‌سه‌ر پڕۆژه‌كان، یان به‌ته‌نیا گرژیه‌كه كه ترسی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی یه‌كتر له‌ناوبردنی له‌خۆدا هه‌ڵگرتوه؟ كه‌واته ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌مان لابێت، تا وه‌ڵام بده‌ینه‌وه؟ مه‌رج نییه كه په‌یوه‌ندیی دۆستانه، بریتی بێت له بهیهكڕهنگكردنی هه‌موان، به‌ڵكو نزیككردنه‌وه‌ی دونیابینییهكانه له‌پێناو چاكه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئه‌م هێزانه نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ئامانج بێت، هه‌میشه ئه‌گه‌ری هاوكێشه‌ی (Zero sum game) لهكایهدایه، واته زائید یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتدارو ناقس یه‌ك بۆ ئۆپۆزسیۆن، پرۆسه‌كه ده‌كاته سفر. كه‌واته، ده‌بێت به حه‌زه‌ره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌مكانه‌دا بكه‌ین.
رۆژنامه: ئه‌مه، ئه‌مانباته سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی كه ده‌وترێت، ئۆپۆزسیۆن هه‌میشه دانی خێر به‌ده‌سه‌ڵاتدا نانێت، ده‌كرێت ئۆپۆزسیۆن وابێت؟
ناسك قادر: ئه‌مه پرسیارێكی نالۆژیكییه، ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆن ده‌ستخۆشی نییه له ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو له‌لایه‌كه‌وه چاودێریی ده‌سه‌ڵاته‌و له‌لایه‌كی دیكه‌وه پێشنیازی پڕۆژه‌و به‌رنامه‌یه.
گرنگه ئاماژه به‌خاڵێكی گرنگ بدهینو ده‌سه‌ڵاتی كوردی پێویسته لای رۆشن بێت كه ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته به‌باشترین شێوه حوكمڕانێتی بكات، باش حوكمكردن هه‌م ئه‌ركه‌و هه‌م فه‌زیله‌ت، به‌ڵام هه‌رگیز (فه‌زل) نییه كه به خه‌ڵكی بفرۆشێت. له‌به‌رئه‌وه، ئه‌وه كاری ئۆپۆزسیۆن نییه كه بهشانو باڵی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵبدات، راسته له‌وخاڵانه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به چاكه‌ی گشتییه‌وه هه‌یه، ده‌كرێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ریكبكهوێت، به‌ڵام ئه‌وه كاری ئه‌و نییه كه به‌بێ سیاق قسه له‌سه‌ر خاڵه ئیجابییه‌كانی بكات.
رۆژنامه: كه‌واته ئه‌وه‌ی ده‌وترێت، ئۆپۆزسیۆنی سلبی‌و ئیجابی، ئایا ئۆپۆزسیۆن ئه‌و دو به‌شه‌ی هه‌یه؟
ناسك قادر: پرسیاری بونی ئۆپۆزسیۆنی سلبی‌و ئیجابی، پرسیارێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه یه‌كه‌م، پێودانگی هه‌ڵسه‌نگاندن دیار نییه تا له‌به‌ر رۆشناییانهوه ئه‌م دابه‌شكارییه بكرێت‌و دوه‌م، ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م دابه‌شكارییه‌ی كردوه شیاو نییه بۆ ده‌ركردنی حوكمی له‌م جۆره، ناكرێت لایه‌نگیریی ئۆپۆزسیۆن بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی شكستخواردو، هێزی ئۆپۆزسیۆن بكاته ئیجابی، یان به پێچه‌وانه‌وه، بێده‌نگیی هێزی به ناو ئۆپۆزسیۆن له به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته ناتهندروستهكاندا، بیكاته ئۆپۆزسیۆنی ئیجابی.
له پرۆسه‌ی حوكمكردندا، كۆمه‌ڵێك ئایدیاڵ هه‌ن كه هێزی حوكمڕان پێویسته هه‌نگاویان بۆ بنێت، له‌و ئایدیاڵانه، بۆنمونه: عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی، یه‌كسانیی، ئاشتی‌و ئازادیی، چاك ژیانی ئابوریی، ژینگه‌ی پاكژو...هتد.
هه‌ر كاتێك هێزی حوكمڕان به‌ره‌و ئه‌و ئایدیاڵانه هه‌نگاوی نه‌نا، ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆنه بیری ده‌سه‌ڵاتی بهێنێته‌وه كه ئاڕاسته‌ی كاری پێچه‌وانه‌ی چاكه‌ی گشتییه‌و پاشان یارمهتیدانیهتی له نیشاندانی میكانیزمی شیاو (وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌توانرێت له په‌رله‌ماندا بكرێت)، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات وه‌ڵامگۆ نه‌بو، ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت میكانیزمی شیاو بگرێته‌به‌ر بۆ دروستكردنی فشار تا ده‌سه‌ڵات ناچار بكات، ئاڕاسته‌ی كاركردنی بگۆڕێت.
رۆژنامه: بۆیه زۆرجار باسی ئۆپۆزسیۆنی سلبی‌و یجابی ده‌كرێت، چونكه بۆچون وایه كه ئۆپۆزسیۆن له قۆناغی سه‌ره‌تادایه، ده‌كرێت له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێبكه‌ین؟
ناسك قادر: نوێبونی ئۆپۆزسیۆن‌و (بێئه‌زمونی) پاساو نین بۆ كه‌موكوڕییه‌كانی، به‌تایبه‌ت ئێمه ئه‌زمونێكی تاڵمان هه‌یه له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌ی هێزه سیاسییه كوردییه‌كان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی دو ده‌یه به (ساوایه‌تی حكومه‌ت) كه بۆ خه‌ڵك كرابوه ئه‌مری واقیع، ده‌بوایه هه‌مو شتێكیان قبوڵ كردایه، ئۆپۆزسیۆن پێویسته به پڕۆژه‌ی كامڵه‌وه له‌دایك ببێت، به‌تایبه‌ت له دیموكراسییه‌ته نوێیه‌كاندا، هه‌میشه ئه‌گه‌ری به‌هێزتربونی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه. له‌م جۆره "دیموكراسییهتهدا"، بۆ نمونه، له كوردستان ده‌سه‌ڵاته‌كان به جۆرێك تێكه‌ڵ به‌یه‌ك كراون‌و هه‌مویان به حیزب كه دروستكردنی ره‌قیب كارێكی رێگاپێدراو نییه، له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌پاڵ به‌شداریی سیاسییانه‌دا، پشتیوانیی خه‌ڵك له پرۆژه‌ی به‌دیل‌و دروستكردنی رای گشتی تاكه زامنی گۆڕینی ره‌وتی سیاسه‌ته.
رۆژنامه: به‌ڵام، هه‌مو شتێك له هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات.
ناسك قادر: ئۆپۆزسیۆن، له‌دوای (18)ساڵ له حكومكردنی كورد بۆ خۆی دروست بوه، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه ئه‌گه‌ر قودره‌تی پرسیارخستنه سه‌ر دهسهڵاتو شكڵدانهوهیهكی نوێی نه‌بو به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، ده‌یتوانی چه‌ند ساڵێكی تریش كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی سیستماتیكییانهترو به دامهزارهوهیی تر له دایك ببێت.
رۆژنامه: پێشتر باسی خاڵێكی ئیجابی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانت وه‌ك ئۆپۆزسیۆن كرد، ده‌كرێت خاڵه ئیجابی‌و سلبییه‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بڵێیت؟
ناسك قادر: سێ خاڵم به لاوه گرنگه كه خاڵه ئیجابییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن:
1- گۆڕانی ئاڕاسته‌ی قه‌یرانی شوناسی تاكی كوردی بو، به‌جۆرێك كه خه‌ڵكانێك له ناوه‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه ئومێدیان بهكوردبونیانهوه ژیانه‌وه‌ی به خۆوه بینی، هه‌ماهه‌نگییه‌ك ده‌بینرا له‌نێو پێكهاته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
2- گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بۆ سیاسه‌تكردن، له‌كاتێكدا بێباكی به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت، باڵـی كێشابو به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، گۆڕان هۆكارێك بو بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌فه‌سی تاكی كورد بۆ به‌شداریی راستگۆیانه‌و ئازادانه له سیاسه‌ت.
3-گۆڕان، ئومێدی له‌دایكبونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی (ملكه‌چ نه‌كردنی مه‌ده‌نییانه)ی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبو! كه بریتییه له هه‌ڵبژاردنی رێگای ئاشتییانه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ناعهدالهتیو نایه‌كسانی‌و شێوازێكی دیاریكراو له حوكمڕانییه‌تی.
به‌نیسبه‌ت خاڵه سلبییهكانهوه، له راستیدا بابه‌ت زۆره، به‌ڵام له گرنگترینیان كه له‌م دۆسیه‌یه‌ی تۆشدا باسی لێكراوه كه گۆڕان تا ئێستا ته‌نها له په‌رله‌ماندا بوه‌و بواره‌كانی دیكه‌ی فه‌رامۆشكردوه، به تایبه‌ت فه‌زای گشتی‌و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی رای گشتی له سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كان، به هۆی باڵكێشانی حیزب به سه‌ر سه‌رجه‌م دهسهڵاتهكانداو له‌وانه‌ش په‌رله‌مان، كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌وان به‌هه‌مان میكانزیمی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان "هاونیشتمانی"یانیان به‌كارهێناوه‌و وه‌ك ئامرازێك بۆ هێنانی دهنگو گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، نه‌ك وه‌ك مه‌رجه‌ع، نه‌ك وه‌ك هاوپشكێكو هاوپشتێك بۆ كۆبونه‌وه له چوارده‌وری كۆمه‌ڵێك به‌ها كه چاكه‌ی گشتی لهسهنتهریاندا بێت. خاڵێكی دیكه بریتییه له كارنه‌كردنی به به‌رنامه‌و سیستماتیكییانه بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی گشت كایه په‌یوه‌ندیداره‌كان به ژیانی خه‌ڵك‌و ئایندهی هه‌رێمه‌وه.
رۆژنامه: گۆڕان، وه‌ك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، ده‌بێت كار له‌سه‌ر چی بكات، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت پارادایمی سیاسه‌تكردن بگۆڕێت؟
ناسك قادر: من ده‌یكه‌م به دو ئاسته‌وه، یه‌كه‌م: له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌و ده‌ره‌وه، دوه‌م: له سه‌ر ئاستی هه‌رێم.
ئاستی یه‌كه‌م: قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، من شه‌خسی خۆم، پرسیارێكی رهخنهئامێزم هه‌یه كه تێناگه‌م، بۆچی گۆڕان چوه بۆ به‌غدا له كاتێكدا ئه‌و پێگه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی له كوردستانه، له كاتێكدا ئێستا له هه‌مو كات زیاتر ئێمه كێشه‌ی ددان پێدانانمان هه‌یه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه مافی چاره‌ی خۆنوسینی هه‌بێت له لایه‌ن "ئه‌وانی دیكه‌وه"! له كاتێكدا ئێمه ئه‌مڕۆ له به‌غدادا وه‌ك كه‌مایه‌تی مامه‌ڵه ده‌كرێین، نه‌ك وه‌ك هاوكارو هاوبه‌ش له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا.
من به مه‌به‌ست نامه‌وێت لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌م ئاسته پێشنیاز بكه‌م، چونكه نه‌ك گۆڕان، به‌ڵكو پێناچێت سه‌رجه‌م هێزه كوردییه‌كان پلانێكی رۆشنیان هه‌بێت بۆ پێگه‌ی كورد له عێراقدا، بهرئهنجامهكه بریتییه له چاوه‌ڕوانكردنی روداوه‌كان‌و هێزه‌كانی دیكه ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تكردن له عێراقدا دیاریی بكه‌ن، ئه‌وسا كورد وه‌ك هێزێكهی دۆڕاو، یان پاسیڤ له‌گه‌ڵ تهوژمهكهدا بڕوات، له سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه، گۆڕان تا ئێستا كاری سیستماتیكییانهی نه‌كردوه بۆ پرسیارخستنه سه‌ر مامه‌ڵه‌و وێناكردنی "ئه‌وانی دیكه" بۆ ئێمه، یان مامه‌ڵه‌ی دونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ "ئه‌وانی دیكه"و كردنی سیاسه‌ت به ئامڕازێك بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی "ئه‌وانی دیكه".
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێم:
1. كاركردنی چالاكانه بۆ ده‌ركردنی ده‌ستوری ههرێمو یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان به پارتی سیاسیی‌و هه‌ڵبژاردن‌و ئۆپۆزسیۆن، ئه‌م هه‌نگاوه په‌یوه‌ندیی نێوان هێزه كوردستانییه‌كان له شه‌فه‌وی بون‌و په‌یوه‌ندیی براده‌رانه رزگار ده‌كات.
2. به‌دامه‌زراوه‌یكردنی شێوازی كاركردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك رێكخراوێكی سیاسی. دامه‌زراوه به‌و مانایه‌ی كه خاوه‌نی بونیاتو میكانیزمی خۆی بێت بۆ خۆڕێكخستن كه له رێگه‌ی ئه‌و بونیاتو میكانیزمانهوه تاكه‌كانی نێو دامه‌زراوه‌یه‌ك رێنمایی ده‌كرێن له‌پێناو ئامانجی هاوبهشو دیاریكراودا.
3. دیاریكردنی ئه‌و دونیابینییه‌ی گۆڕان كه له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌وه‌وه چالاكیی سیاسی ده‌كات، تا ئێستا رۆشن نییه كه ئایا گۆڕان په‌یڕه‌و له دونیابینییه‌كی دیاریكراو دهكاتو كارده‌كات بۆ هێنانه‌كایه‌ی مۆدێلێكی نوێ له سیاسه‌تكردن كه كۆمه‌ڵێك به‌های ئاكاری‌و هه‌نگاوی پراكتیكی "خۆماڵـی" بۆ شێوازی حوكمڕانێتی خۆ له هه‌ناودا هه‌ڵگرتوه، یان دوباره هێزێكی پۆپۆلیستییهو له‌سه‌ر خوتوكهدانی سۆزی جه‌ماوه‌ره‌وه به‌رنامه‌ڕێژی ده‌كات؟ لێره‌دا ته‌ڵه‌زگه‌یه‌ك هه‌یه، ئایا هێزێك هه‌وڵبدات له‌سه‌ره‌تادا ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست، پاشان دونیابینییهكانی بخاته‌ڕو، یان كار له‌سه‌ر دونیابینی‌و پلانی كار‌و میكانیزمی جێبه‌جێكردنه‌كانی بخاته پێشه‌نگی ئه‌ركه‌كانی به‌ر له‌گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، هه‌ریه‌ك له‌م دو رێگایه، خاڵـی ئیجابی‌و سلبییان هه‌یه. ماهیه‌تی هێزی سیاسی له‌و شوێنه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئارگومێنتی ته‌واوی پێبێت‌و پلانی هه‌بێت، كاتێك بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌م رێگایانه ده‌دات، به‌جۆرێك كه توانای به كهناڵدابردنی به‌هاكانی هه‌بێت به ئاڕاسته‌ی گه‌یشتن به‌ئامانج.
4.جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر به دۆكیومێنتكردنی دونیابینیی چالاكییه سیاسییهكانو په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییهكانو دروستكردنی فه‌زایه‌كی ئازاد بۆ زانیاریدان له‌سه‌ر رێكخراوه‌یی بونی. له بیرمان بێت كه دیموكراسییه‌ت‌و شه‌فافییه‌ت، دو دیوی یه‌ك دراون.
5. راوێژ به‌خه‌ڵكانی پسپۆڕ بۆ بهرنامهڕێژیو رێكخستنی كاروباره‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌مه‌ش به‌په‌یڕه‌و له سیاسه‌تی (ناپارێزانی) كه "سه‌ر به ئه‌و بون" پێشمه‌رجی نه‌بێت بۆ به‌شداری هاونیشتمانییان له پرۆسه‌ی سیاسه‌تكردندا، له‌م رێگه‌یه‌وه گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی ده‌توانێت بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوانتر بكات.
6. پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان سیاسهتو ئه‌خلاق، ئه‌خلاق به‌مانا ئهرستۆییهكهی، واته په‌یڕه‌وكردن له فه‌زیله‌ت، فهزیلهتهكانی له‌جۆری حسی عه‌داله‌ت، راستگۆیهتی، هه‌ستكردن به‌لێپرسراوێتی، هاونیشتمانێتیو وه‌فادارێتی..هتد. ئیدی نابێت گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، ئامانج بێت‌و هه‌مو وه‌سیله‌یه‌كی شیاو و نه‌شیاو به‌كاربهێنرێت بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات.
7. گرنگیدان به پاراستنی ئاسایشی ناو كوردستان‌و رێگه خۆشنهكردن بۆ به‌كارهێنانی بزوتنه‌وه‌كه له بێبه‌هاكردنی دهستكهوتهكانو ناشرینكردنی ئه‌و سومبولانهی هێزه‌كانی دیكه بانگه‌شه‌ی به‌رزنرخاندنی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌م كه‌ڵكه‌ڵه‌یه په‌رچه‌كردار دروستدهكاتو دور نییه له قۆناغێكدا به‌رئه‌نجامی نه‌خوازراوی لێبكه‌وێته‌وه.
8-جیاوازیكردن له‌نێوان سیاسه‌تی ته‌وافوقی (خۆگونجاندن) به‌و شێوه‌یه‌ی كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی عێراقدا كردویه‌تی كه پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بریتییه له سازش (واته له‌ده‌ستدانی كاره‌كته‌ری خۆ له‌پێناو وه‌رگرتنی پۆست‌و به‌رژه‌وه‌ندیی كورتمه‌وداو ساده)و سیاسه‌تی پشتبه‌ستو به (ره‌زامه‌ندی گشتی) كه هێزه‌كان به‌ر بنه‌مای به‌هه‌ندوه‌رگرتنی یهكترو له پرۆسه‌ی بڕیارداندا هاوكاری یه‌كترن بۆ گه‌یشتن به به‌رئه‌نجامی خوازراو له‌پێناو چاكه‌ی گشتیدا، ئه‌گه‌ر كورد له ناوخۆدا به لۆژیكی زۆرینه‌و كه‌مینه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكات، ده‌بێت قبوڵی ئه‌وه‌ش بكات له سه‌ر ئاستی عێراق، به هه‌مان لۆژیك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.
9- ئه‌مڕۆ له جیهانی ئیسلامی‌دا، به هۆی وجودی بزوتنه‌وه‌كانی ئیسلامیی سیاسی‌و دونیابینیی ئه‌وان بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی، ناكرێت هێزێكی سیاسیی له‌دایك ببێت كه هه‌وڵی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات بدات‌و شه‌رعییه‌ت وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر دونیابینییه‌كی رۆشنی بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان دین‌و ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسییه‌ت، بریتییه له‌ئازادیی تاك، ئه‌مڕۆ هێنده‌ی ئیسلامیی سیاسیی كار له‌سه‌ر كوشتنی ئه‌م ئازادییه ده‌كات، به‌رگریی له مافی موماره‌سه‌ی ئاینی ناكات، سه‌پاندنی شێوازێك له‌ژیان به‌سه‌ر هه‌مواندا، هه‌وڵی به هاوشێوه كردنی هه‌موانه‌و له‌م روه‌وه، گۆڕان دونیابینییه‌كی رۆشنی نییه‌و بگره مامه‌ڵه‌یه‌كی دوفاقه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیاره‌دا كردوه.
ناسك قادر
له ساڵی(1970) له سلێمانی له‌دایكبوه
ماسته‌ری له "سۆسۆلۆژیا" له زانكۆی كارڵتۆن له كه‌نه‌دا هێناوه
پسپۆڕی توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه له فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستیی سلێمانی