Print
 فاروق جه‌میل: ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن پێشكه‌شی‌ ده‌كات لایه‌نی‌ زۆرینه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌
Saturday, September 4, 2010

سازدانی‌: ئارام محه‌مه‌د
فاروق جه‌میل، وه‌زیری‌ پێشوی‌ داد‌و سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ یه‌كێتی‌، سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵێك پرسی‌ تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و رۆڵی‌ داواكاری‌ گشتیی‌‌و قه‌زا‌و په‌رله‌مان، (رۆژنامه‌) ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سازداوه‌:
 
رۆژنامه‌: له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ خاوه‌نی‌ حكومه‌تین، به‌ڵام تائێستا نه‌بوینه‌ته‌ خاوه‌نی‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ دادگای‌ سه‌ربه‌خۆ كه‌ بتوانیت رێگربێت له‌ گه‌نده‌ڵیی‌، بۆچی‌؟
فاروق جه‌میل: راسته‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ (1992)، كه‌ حكومه‌ت پێكهات، به‌ڵام ئه‌وكات ئیمكانیات زۆر لاواز بو، دوای‌ ئه‌وه‌ هه‌ندێ‌ بارودۆخ هاته‌ پێشه‌وه‌ وه‌ك بابه‌تی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ‌و بابه‌تی‌ دو ئیداره‌یی‌ ئه‌وانه‌ به‌ته‌ئكید كاریگه‌ریی‌ باشی‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردو ئیداره‌ تێكه‌ڵكرایه‌وه‌‌و كابینه‌ی‌ پێنج پێكهات، چونكه‌ پێش ئه‌وكاته‌ دو حیزب‌و دو ئیداره‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ حیزبی‌ كاری‌ ده‌كرد، به‌ڵام له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادیی‌ عێراق بارودۆخی‌ كوردستان گۆڕانی‌ به‌سه‌رداهات‌و لایه‌نی‌ دارایی‌ حكومه‌ت به‌هێز بو، ئه‌گه‌ر به‌ناویش بوبێ‌ تێكه‌ڵبونه‌وه‌ی‌ ئیداریی‌ راگه‌یه‌ندرا، حكومه‌تی‌ هه‌رێم بوه‌ خاوه‌ن داراییه‌كی‌ باش ئه‌گه‌ر له‌ حكومه‌تێكدا كه‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت، ئه‌وا بارودۆخ زۆر باشتر به‌ڕێوه‌ ده‌چو.

رۆژنامه‌: ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ له‌ كوێوه‌یه‌؟ چ جۆره‌ گه‌نده‌ڵییه‌كه‌؟
فاروق جه‌میل: گه‌نده‌ڵیی‌ زۆر جۆری‌ هه‌یه‌، گه‌نده‌ڵیی‌ سیاسیی‌‌و ئیداریی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌یه‌، هه‌مو وڵاتانی‌ دنیاش بێبه‌ش نین له‌ بابه‌تی‌ گه‌نده‌ڵیی‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ بێباك بین سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌، پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سنورێك بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ دابنێت، به‌دڵنیایی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان هه‌بوه‌.

رۆژنامه‌: له‌ كابینه‌ی‌ پێشو وه‌زیری‌ دادو سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌یه‌كیش بوی‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌، ئایا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ چیبون كه‌ نراون له‌و كاته‌دا، ئایا ئێستا بارودۆخه‌كه‌ چۆن ده‌بینی‌و كابینه‌ی‌ شه‌ش هه‌وڵه‌كانی‌ له‌م روه‌وه‌ چۆنه‌؟
فاروق جه‌میل: له‌ڕاستیدا سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كانی‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌ ناتوانم حوكمی‌ له‌سه‌ر بده‌م، چونكه‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌، سه‌باره‌ت به‌كابینه‌ی‌ پێشوش من وه‌ك وه‌زیری‌ داد كارم كردوه‌، كاروباری‌ من زیاتر په‌یوه‌ندیی‌ به‌ بابه‌تی‌ یاساییه‌وه‌ هه‌بوه‌، كاتێ‌ وه‌زیربوم لیژنه‌یه‌كم دانا له‌ داواكاری‌ گشتیی‌ چه‌ند كه‌سانێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌دواداچون بكه‌ن له‌ناو داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌ هه‌بێ‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن، چه‌ند سكاڵایه‌كیش هاته‌ كایه‌وه‌ به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌ بو كابینه‌ی‌ پێنج كۆتایی‌ پێهات.

رۆژنامه‌: تۆ وه‌ك وه‌زیری‌ داد تا چه‌ند روبه‌ڕوی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ بویته‌وه‌، واتا دروستكردنی‌ ئه‌و لیژنه‌ له‌ چ روانگه‌یه‌كه‌وه‌ بو، بۆ چالاك نه‌بو؟
فاروق جه‌میل: سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و لیژنه‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ من وه‌ك وه‌زیر په‌یوه‌ندیم به‌و بابه‌ته‌وه‌ نه‌بوه‌، ته‌نیا له‌ كابینه‌ی‌ پێنج كاتێك كاك عیماد، كرایه‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، لیژنه‌یه‌كی‌ پێكهێنا بۆ به‌دواداچون له‌و كێشه‌ داراییانه‌ی‌ كه‌ پێشتر هه‌بو له‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌، من سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌م ده‌كرد به‌ هاوكاریی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌، ئێمه‌ له‌وبابه‌ته‌ ئیشێكی‌ باشمان كرد به‌ هاوكاریی‌ ده‌زگای‌ چاودێریی‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ یه‌كێك بو له‌ ده‌زگا هه‌ره‌ چالاكه‌كانی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ كه‌ توانییان چه‌ندین ملیار دینار بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بگێإنه‌وه‌.

رۆژنامه‌: له‌ماوه‌ی‌ رابردو سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ت وه‌رگرت له‌ناو یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆ ده‌رنه‌كه‌وت ئه‌و بابه‌ته‌ چۆن بو؟
فاروق جه‌میل: له‌ پلنیۆمی‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردو، من به‌شداریی‌ پلنیۆم بوم، به‌ڵام دانیشتنی‌ كۆتایی‌ خۆم له‌ پلنیۆم نه‌بوم جه‌نابی‌ مام جه‌لال منی‌ دانابو وه‌ك سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌‌و پلنیۆمیش بڕیاری‌ له‌سه‌ردا، ئه‌گه‌ر ئه‌وكات له‌وێ‌ بام قسه‌ی‌ خۆم ده‌بو، به‌ڵام ئه‌وكات كه‌ پلنیۆم ره‌زامه‌ندیی‌ له‌سه‌ر دا منیش رازیبوم، تا گۆنگره‌ ده‌به‌سترێت به‌دڵنیایش كه‌ گۆنگره‌ به‌سترا من وازمهێنا.

رۆژنامه‌: له‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بویت توانییتان چی‌ بكه‌ن؟
فاروق جه‌میل: خۆی‌ له‌ڕاستیدا ئه‌و كاره‌ كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌ كارێكی‌ ئاسان نییه‌ به‌تایبه‌تی‌ سه‌لماندنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ شتێكه‌ پێویستی‌ به‌زۆر شته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كردمان وه‌ك قۆناغی‌ یه‌كه‌م كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاریی‌ بو له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كیه‌تییه‌وه‌ واتا له‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لاله‌وه‌ ده‌ستمان پێكرد‌و زانیاریمان كۆكرده‌وه‌ زانیارییه‌كانیش ئاماده‌ن من ته‌سلیمی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیم كردوه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ كه‌ دادێت كاره‌كانی‌ ته‌واو بكات، ئه‌گه‌ر لێپرسراوێك گه‌نده‌ڵیی‌ كردبێت سه‌لماندنی‌ زه‌حمه‌ته‌ ئێستا به‌شێك له‌ به‌رپرسان كۆمپانیایان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ناوی‌ خۆیان نییه‌، ره‌نگه‌ به‌رپرسێك سه‌روه‌ت‌و سامانه‌كه‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ كردبێت، واتا به‌گشتیی‌ كه‌شفكردن‌و سه‌لماندنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌.

رۆژنامه‌: تاچه‌ند بڕوات به‌وه‌ هه‌یه‌ حیزب ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ی‌ هه‌بێت؟
فاروق جه‌میل: ئه‌وه‌ شتێكی‌ باشه‌ كه‌ حیزب له‌ناو خۆیدا ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ی‌ هه‌بێت.

رۆژنامه‌: ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراق زۆر چالاكتربو له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی‌ ئیشكردنیدا به‌ به‌رواورد به‌ كوردستان‌و بارودۆخه‌كه‌ی‌، زۆرینه‌ی‌ به‌رپرسان سامانه‌كانیان ئاشكرا كرد‌و چه‌ند دۆسییه‌كی‌ گه‌نده‌ڵییش ئاشكرا كرا بۆ له‌ كوردستان ئه‌وه‌ روینه‌دا؟
فاروق جه‌میل: ده‌زگای‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراق به‌بڕوای‌ من ده‌زگایه‌كی‌ خراپ نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ من هه‌ندێ‌ ورده‌كاریم لایه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ خه‌ڵك به‌ مه‌به‌ست دانرابو، به‌ڵام هێشتا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و ده‌زگایه‌ش له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی‌ حیزبیدابو.

رۆژنامه‌: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ كابینه‌ی‌ پێشودا كارت كردوه‌ ،چ جیاوازییه‌ك ده‌بینی‌ له‌گه‌ڵ‌ كابینه‌ی‌ شه‌ش؟ ئایا له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ درێژكراوه‌ی‌ كابینه‌ی‌ پێشوه‌؟
فاروق جه‌میل: له‌راستیدا پێویسته‌ كابینه‌ی‌ شه‌ش ته‌واوكه‌ری‌ كابینه‌ی‌ پێنجه‌م بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و كارنامه‌یه‌ی‌ كه‌ كابینه‌ی‌ پێنج ته‌واوی‌ نه‌كردوه‌ كابینه‌ی‌ شه‌ش ته‌واوی‌ بكات، هه‌روه‌ها پێویسته‌ كابینه‌ی‌ شه‌ش خۆشی‌ به‌رنامه‌ی‌ هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ راستی‌ بێت زانیاریم سه‌باره‌ت به‌ كابینه‌ی‌ شه‌ش نییه‌.

رۆژنامه‌: له‌و ماوه‌یه‌ی‌ وه‌زیری‌ داد بویت هیچ دۆسیه‌یه‌كی‌ گه‌نده‌ڵیتان ئاشكرا كرد؟
فاروق جه‌میل: زیاتر له‌ ئیداره‌ی‌ پێشوی‌ سلێمانی‌ شت هه‌بو، چونكه‌ دیوانی‌ ده‌زگای‌ چاودێری‌ دارایی‌ ده‌زگایه‌كی‌ چالاك بو هه‌ندێ‌ بابه‌تی‌ گه‌نده‌ڵییان خسته‌ به‌رده‌م داداگا، به‌ڵام نازانم ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ چی لێهات.

رۆژنامه‌: به‌ بۆچونی‌ تۆ بابه‌تی‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت‌و شاردنه‌وه‌ی‌ داهاته‌كه‌ی‌ له‌خه‌ڵك و ناشه‌فافیی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان‌و نه‌بونی‌ زانیاریی‌ تاچه‌ند دۆسییه‌یه‌كی‌ نایاساییه‌؟
فاروق جه‌میل: ئه‌و زانیارییه‌ی‌ كه‌ من هه‌مه‌ وه‌ك هه‌مو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ تره‌، منیش له‌ڕێگه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ ئاگاداری‌ ئه‌و بابه‌ته‌م، به‌دڵنیایی‌ نه‌وت ده‌ڕوا، به‌ڵام چ جۆرێك ده‌ڕوات ‌و چۆنه‌، ئه‌وه‌ من زانیاریم نییه‌، به‌ڵام بڕوام وایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ پێویستی‌ به‌لێكۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئێستا په‌رله‌مان كه‌ ئۆپۆزسیۆنیش بونی‌ هه‌یه‌ ده‌توانن لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ ورد بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌.

رۆژنامه‌: به‌ بۆچونی‌ تۆ چی‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ئیداریی‌ كه‌مبكرێته‌وه‌، هه‌نگاوی‌ سه‌ره‌تایی‌ چییه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌؟
فاروق جه‌میل: روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ پێویستی‌ به‌ حكومه‌تێكی‌ دامه‌زراوه‌ هه‌یه‌، كه‌ یاسا ئه‌و حكومه‌ته‌ ببات به‌ڕێوه‌، نه‌وه‌ك حیزب، راسته‌ حیزب حه‌قی‌ خۆیه‌تی‌ حكومه‌ت ته‌شكیل بكات، به‌ڵام حكومه‌ت كه‌ دروست بو ده‌بێـت دور بێت له‌ بابه‌تی‌ حیزبایه‌تی‌، دیوانی‌ چاودێریی‌‌و داواكاری‌ گشتیش ده‌بێـت چالاك بن، سه‌رمایه‌ی‌ وڵات به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف باسی‌ لێوه‌بكرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ تێكه‌ڵی‌ گه‌نده‌ڵیش ده‌بێـت لێپچینه‌وه‌ی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت، بدرێته‌ دادگا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێـت ده‌كرێـت، ناڵێم هه‌نگاو نه‌نراوه‌، به‌ڵام هێشتا ماویه‌تی‌.

رۆژنامه‌: وه‌ك دیاره‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌مجاره‌ جیاوازه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كابینه‌ی‌ پێشو ئه‌مجاره‌ ده‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌، هه‌ست به‌و جیاوازیانه‌ ده‌كه‌یت؟ ئایا ئۆپۆزسیۆن توانیویه‌تی‌ ده‌وری‌ په‌رله‌مان چالاكتر بكات؟
فاروق جه‌میل: له‌ خولی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ په‌رله‌مان بێگومان ئۆپۆزسیۆن ده‌ركه‌وتوه‌، ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ش به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌، كه‌ (25) كورسیان هه‌یه‌ دواتر حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان، به‌بڕوای‌ من تائێستا ئۆپۆزسیۆن كارا بوه‌ وه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌شیان پێشكه‌ش كردوه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ی‌ پڕۆژه‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجام هۆكاریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ناو په‌رله‌مان ململانێی‌ سیاسیی‌ هه‌یه‌، بابه‌ته‌كه‌ش له‌وه‌ ده‌رچو كوتله‌كان هاوكاریی‌ یه‌كتر بن بۆئه‌وه‌ی‌ شتی‌ باش پێشكه‌شی‌ هاوڵاتییان بكه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ من تێبینم كردوه‌ هه‌ركاتێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن پێشكه‌شی‌ ده‌كات لایه‌نی‌ دوه‌م كه‌ زۆرینه‌یه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ نایه‌وێت ئه‌و پڕۆژانه‌ ببنه‌ ده‌ستكه‌وت بۆ ئۆپۆزسیۆن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئۆپۆزسیۆن پڕۆژه‌ی‌ زۆری‌ پێشكه‌ش كردوه‌ حه‌قه‌ ئۆپۆزسیۆنیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ هێمنانه‌ پڕۆژه‌یاسای‌ باش پێشكه‌ش بكات، بۆنمونه‌ پڕۆژه‌یاسای‌ داواكاری‌ گشتیی‌ كه‌ لیستی‌ گۆڕان پێشكه‌شی‌ كردبو، پڕۆژه‌كه‌ زۆرباش بو بۆئه‌وه‌ی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ ببێته‌ ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام زۆرینه‌ ده‌نگی‌ پێنه‌دا، ئه‌مه‌ش هۆكاری‌ ئه‌وه‌ نه‌بو كه‌ پڕۆژه‌كه‌ خراپه‌، به‌ڵكو هۆكار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ نه‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت بۆ ئۆپۆزسیۆن.

رۆژنامه‌: ئه‌گه‌ر جه‌نابت له‌ په‌رله‌مان بویتایه‌ ده‌نگت ده‌دا به‌ پڕۆژه‌یاسای‌ داواكاری‌ گشتیی‌ كه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان پێشكه‌شی‌ كردبو؟
فاروق جه‌میل: بێگومان، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ كوردستانیش بام، پێویسته‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ له‌ بۆچوندا سه‌ربه‌خۆ بن، كه‌شتێك زانیان باشه‌ با نه‌چن ته‌نیا په‌یوه‌ست بن له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ خۆیان پرسیان پێبكه‌ن، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان رێگه‌ی‌ راستی‌ خۆی‌ بگرێت‌و بڕیاری‌ راست‌و دروست ده‌ربكات، ئه‌و بابه‌ته‌، تائێستا مه‌سه‌له‌ی‌ سیاسیی‌‌و حیزبی‌ موسه‌یتره‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانی‌ كوردستان، من پێموایه‌؛ ئه‌و براده‌رانه‌ی‌ په‌رله‌مان شه‌خسیه‌تی‌ خۆیان به‌رز رابگرن هه‌تا ئه‌گه‌ر حیزبه‌كه‌شیان داوایان لێبكات حه‌ق وایه‌ ده‌نگ به‌شتی‌ باش بده‌ن.

رۆژنامه‌: واتا ئه‌و ململانێ‌ سیاسییه‌ به‌ زیانی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتیی‌ كۆتایی‌ دێت، تۆ پێتوایه‌ كام لا به‌رپرسیاره‌؟
فاروق جه‌میل: له‌ڕاستیدا ئه‌وشته‌ هه‌یه‌، به‌ڵام حه‌قه‌ ئه‌و شێوازه‌ی‌ ئیشكردن‌و ململانێیه‌ نه‌مێنێت.

رۆژنامه‌: له‌ سایتی‌ وه‌زاره‌تی‌ داد راپرسییه‌ك نیشاندراوه‌، كه‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك بڕوای‌ وایه‌ ده‌بێت داواكاری‌ گشتیی‌ ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆبێت‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌ت‌و حكومه‌ت بێت، ئه‌مه‌ بۆ له‌ كوردستان نایه‌ته‌ دی‌؟
فاروق جه‌میل: له‌ڕاستیدا داواكاری‌ گشتیی‌ ته‌مسیلی‌ مافی‌ گشتیی‌ ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ بێت، كاتی‌ خۆی‌ كه‌ وه‌زیر بوم ده‌سته‌ی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ پڕۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌شی‌ من كرد منیش پشتگیریم لێكرد به‌ڵام له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران مایه‌وه‌ نه‌نێردرا بۆ په‌رله‌مان، هه‌تا به‌مدوایه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ پێشكه‌ش كرد پێموابو پڕۆژه‌یه‌كی‌ زۆر باش بو، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت داواكاری‌ گشتیی‌ كارا بێت ده‌بێت سه‌ربه‌خۆبێت، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واوه‌تی‌ پێبدرێـت ده‌توانێت ده‌ورێكی‌ باش بگێڕێت، ئێستا داواكاری‌ گشتیی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ داده‌ بێگومان ئه‌وه‌ شتێكی‌ باش نییه‌، چونكه‌ وه‌زاره‌تی‌ داد به‌شێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن، یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرینگه‌كان كه‌ بته‌وێت وڵات به‌ره‌و دیموكراسی‌ ببه‌یت، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه‌.

رۆژنامه‌: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رابردوه‌ وه‌ تائێستا داواكاری‌ گشتیی‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌بوه‌ تاچه‌ند حیزب هاتوه‌ته‌ ناو بڕیاره‌كانه‌وه‌؟
فاروق جه‌میل: نه‌ك ته‌نیا هۆكار حیزبه‌، به‌ڵكو خۆی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ چالاك نه‌بوه‌.

رۆژنامه‌: هۆكار چییه‌ كه‌ چالاك نه‌بوه‌؟
فاروق جه‌میل: هۆكار ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بابه‌تی‌ حیزبایه‌تی‌‌و كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر داموده‌زگای‌ حكومه‌ت، كه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ نه‌توانێت ده‌وری‌ خۆی‌ ببینێت.

رۆژنامه‌: هه‌ست ناكه‌یت به‌هۆی‌ چالاك نه‌بونی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ دۆسییه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ زیاتر بون‌و لێپێچینه‌وه‌ نه‌كراوه‌، شه‌فافیه‌ت نه‌هاتوه‌ته‌كایه‌وه‌؟
فاروق جه‌میل: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر یاسا نه‌بێت ئه‌وا گه‌نده‌ڵیی‌ زیاتر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر چاودێریی‌ نه‌بێت گه‌نده‌ڵیی‌ زیاتر ده‌بێت یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ هه‌بونی‌ چاودێرییه‌كی‌ باشه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ ئه‌و چاودێرییه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ نه‌هێڵین یان كه‌می‌ بكه‌ینه‌وه‌.
 دو شت زۆر گرینگه‌، یه‌كه‌م: ده‌زگای‌ داواكاری‌ گشتیی‌، دوم: دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م دو ده‌زگایه‌ بكه‌ونه‌ كارو سه‌ربه‌خۆبن و یاسای‌ باشیان بۆدابینرێت به‌ بۆچونی‌ من كێشه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

رۆژنامه‌: ناسه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ چ ده‌گه‌یه‌نێت؟
فاروق جه‌میل: به‌دڵنیایی‌ لایه‌نی‌ دادوه‌ریی‌ چه‌ند هه‌نگاوێك چوه‌ته‌ پێش، به‌ڵام ده‌بێت هه‌نگاوی‌ باشتر بهاوێت، بمانه‌وێت یان نا له‌كاتی‌ دو ئیداره‌یی‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك بونه‌ دادوه‌ر‌و دادوه‌ری‌ داواكاری‌ گشتیی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حیزبی‌، ئه‌و بابه‌ته‌ كاریگه‌ر بوه‌، هه‌تا ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌زائیی‌ سه‌ربه‌خۆتربێت ئیشه‌كان باشتر به‌ڕێوه‌ ده‌چن، چونكه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دو كاری‌ هه‌یه‌،لایه‌نی‌ ئیداریی‌‌و لایه‌نی‌ قه‌زائیی‌، ده‌بێت له‌ هه‌ردو لایه‌ن سه‌ربه‌خۆ بێـت‌و ته‌نیا یاسا جێبه‌جێ بكات.

رۆژنامه‌: له‌په‌رله‌مان ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ هه‌یه‌ تۆپێـتوانییه‌ ئه‌وه‌ش دێرێژكراوه‌ی‌ ئه‌و ده‌زگا ناسه‌ربه‌خۆیه‌یه‌، كه‌ له‌ حكومه‌تدا بونی‌ هه‌یه‌؟
فاروق جه‌میل: پێموایه‌ تائێستا هیچیان نه‌كردوه‌، چونكه‌ له‌ لێدوانه‌كانی‌ خۆشیاندا كه‌ ده‌بیستین‌و ده‌بینین ئه‌وانیش ده‌ڵێن راپۆرتمان له‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بۆنه‌هاتوه‌، هه‌تا هه‌ردو دیوانی‌ چاودێری‌ یه‌كنه‌گرنه‌وه‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ ناتوانێت ئیشوكاری‌ خۆی‌ بكات، خۆی‌ له‌ راستیدا ده‌بێت دیوانی‌ چاودێری‌ سه‌ربه‌خۆبێت، نابێ‌ سه‌ر به‌ حكومه‌ت بێت وه‌ك له‌ پڕۆژه‌كه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانیش داهاتوه‌، من پێموایه‌؛ ده‌بێت ئه‌و ده‌زگایه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، دوربن له‌ بابه‌تی‌ حیزبی‌.

Sbeiy.com © 2007