Print
 سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: یاسای نه‌زاهه‌مان پێباشه‌، به‌ڵام بۆ سه‌ر ره‌فه‌ نه‌بێت
Thursday, September 16, 2010

سازدانی‌: سه‌نگه‌ر جه‌مال

سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج، په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان و ئه‌ندام  لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌ دیدارێكی‌ رۆژنامه‌دا ئاماژه‌ به‌ پرسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كات‌و كه‌موكوڕی‌‌و هۆكاره‌كانی‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ ده‌خاته‌ڕو هه‌روه‌ك پێیوایه‌ تائێستا ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ به‌هێز نه‌بوه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار.

رۆژنامه‌: گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوردستان له‌ چ ئاستێكدایه‌، ئایا گه‌یشتوه‌ته‌ رێژه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ باس ده‌كرێت؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: له‌ هه‌مودنیادا گه‌نده‌ڵیی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ رێژه‌ی‌ جۆراوجۆر، هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌وه‌ به‌ده‌ر نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ نیگه‌رانییه‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوردستاندا له‌ ئاستێكی‌ زۆر ترسناكدایه‌‌و خه‌ریكه‌ له‌ كۆنترۆڵ‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌ر راپۆرته‌كانی‌ رێكخراوی‌ شه‌فافیه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ نمونه‌ بهێنینه‌وه‌، كه‌ تێیدا عێراق یه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌نگی‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ گه‌نده‌ڵه‌كان له‌ دنیادا، دیاره‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌ عێراق‌و له‌ پێدانی‌ ئه‌و ریزبه‌ندییه‌دا پشكی‌ هه‌بوه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌نده‌ڵیی‌ تێیدا له‌ قۆناغێكی‌ مه‌ترسیداردایه‌، ئه‌وه‌ش كه‌ مرۆڤ بێئومێد ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ تائێستا هه‌وڵ‌‌و هه‌نگاوی‌ جدیی‌ نییه‌ بۆ به‌رگرتن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رۆژ به‌ڕۆژ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ فراوانبوندایه‌.

رۆژنامه‌: هۆكار چییه‌، كه‌میی‌‌و لاوازیی‌ ده‌زگاكانی‌ چاودێریكردنه‌ كه‌ بواری‌ گه‌نده‌ڵیی‌ فراوانكردوه‌؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: نه‌خێر، چونكه‌ له‌ كوردستان ده‌زگای‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ هه‌یه‌‌و داواكاری‌ گشتیی‌‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌زگای‌ چاودێریكردن هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و دامه‌زراوانه‌ به‌تایبه‌ت په‌رله‌مان‌و داواكاری‌ گشتیی‌ به‌ كاری‌ سه‌ره‌كیی‌ خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون، چاودێری‌ دارایش كه‌ به‌پێی‌ یاساكانی‌ په‌رله‌مان ئێستا مه‌رجه‌عی‌ په‌رله‌مانه‌، به‌ڵام تائێستا چاودێری‌ دارایی‌ له‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر یه‌كیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌.
جگه‌ له‌وه‌ یاسای‌ زۆر باش هه‌یه‌ له‌ یاسای‌ سزادان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌، به‌ڵام ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ به‌هێزمان نییه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌كاتێكدا هه‌ست ده‌كه‌یت گه‌نده‌ڵیی‌ هه‌مو ئاسته‌كانی‌ ژیانی‌ سیاسیی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوری‌‌و ئیداریی‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئه‌و ئیراده‌یه‌ بۆ نییه‌ له‌كاتێدا به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵات‌و لێپرسراوان باس له‌ پێویستی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و میكانیزمه‌كانی‌ ئه‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ تائێستا قسه‌یه‌‌و نه‌چوه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش خولانه‌وه‌بوه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی‌ داخراودا، چونكه‌ مومكین نییه‌ دوای‌ نزیكه‌ی‌ (20) ساڵ‌ حكومڕانیی‌ به‌رپرسێكی‌ باڵا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌ دادگایی‌ نه‌كرابێت‌و سزا نه‌درابێت، یان چه‌ندین كه‌یس‌و راپۆرتی‌ دیوانه‌كانی‌ چاودێریی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌نگاوی‌ عه‌مه‌لی‌ بۆ نه‌نراوه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ بابه‌تی‌ گوتاره‌وه‌ شتی‌ زۆر جوان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌وترێت، به‌ڵام له‌ پراكتیكدا هیچ پێشه‌وه‌ چونێك نییه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ له‌ بنه‌مادا نیه‌ت‌و ئیراده‌یه‌كی‌ جدیی‌ نییه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

رۆژنامه‌: لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌ردان‌و كاری‌ باشی‌ كرد بۆ چاودێری‌ دارایی‌‌و دادگای‌ ئیداریی‌‌و داواكاری‌ گشتیی‌، به‌ڵام دواتر سست بو، هۆكاره‌كانی‌ ئه‌وه‌ چی‌ بون؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: من گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ له‌ كوردستان نایه‌وێت پرسی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌گینا ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز نییه‌، كه‌ نه‌توانێت هه‌نگاوی‌ بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌، لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ جێی‌ ئومێدی‌ ئێمه‌ش‌و خه‌ڵكیش بو ئه‌و سه‌ردانانه‌ی‌ كردیشمان به‌ده‌مه‌وه‌چونی‌ زۆرباش هه‌بو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ستمان به‌وه‌ كرد رێگری‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ئیشوكاره‌كانی‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌، یه‌كێك له‌ رێگرییه‌كان سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ خۆمانه‌، كه‌ هیچ هاوكارییه‌كمان ناكات ته‌نانه‌ت ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ كه‌ دراوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان داوامان كرد بماندرێتێ‌ تا لێپێچینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ شوێنمان نییه‌ فایله‌كانمان نه‌درایه‌، ئێستا شوێنیشمان هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌ك فایلمان له‌وانه‌ بینیوه‌، بۆیه‌ رێگرییه‌كان زۆرن، به‌ڵام یه‌كه‌م رێگریی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانه‌ كه‌ ئێمه‌ نازانین موبه‌ڕیری‌ مه‌نتیقی‌ چییه‌ بۆ هاوكارینه‌كردنی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌ كه‌ ئیراده‌ نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و هه‌ست ده‌كه‌ین ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا زاڵه‌و ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ئه‌و هاوكارییه‌ نه‌كات.

رۆژنامه‌: له‌م ساڵه‌دا لیژنه‌كه‌تان چیكردوه‌؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: لیژنه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ هیچی‌ نه‌كردوه‌، چونكه‌ كاری‌ لیژنه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ چاودێریی‌‌و یاسا دانانه‌، واته‌ كورتكراوه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مانه‌، به‌ڵام تائێستا له‌م دو كاره‌ هیچیمان نه‌كردوه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت هه‌ندێك كۆبونه‌وه‌و گفتوگۆمان له‌باره‌ی‌ یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌وه‌ كردوه‌، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كاره‌كانمان ته‌حجیم كراوه‌، چونكه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌ به‌ جیاوازیی‌ فراكسیۆنه‌كانمانه‌وه‌ ئیراده‌مان هه‌یه‌ بۆ كاركردن، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆمان هاوكاری ناكرێین‌و رێگریشمان ده‌خرێته‌ به‌رده‌م، دیاره‌ ده‌سه‌ڵات ویستویه‌تی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ شكڵی‌ له‌ژێر ئه‌وناوه‌دا له‌ په‌رله‌مان هه‌بێت.

رۆژنامه‌: هۆكار چییه‌ بۆ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی‌ دیوانه‌كانی‌ چاودێری‌ دارایی‌‌و، نه‌دانی‌ راپۆرته‌كانیان به‌ئێوه‌ تا چه‌ند بوه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م كاره‌كانتاندا؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی‌ دیوانه‌كانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ به‌ربه‌ستێكی‌ گه‌وره‌یه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسای‌ بۆ ده‌رچوه‌، به‌ڵام كاری‌ پێنه‌كراوه‌، له‌كاتی‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2010) ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكرا بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ یه‌كیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كێكیان دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بو، كه‌ ده‌بو تا حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵ‌ یه‌ك بگرنه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ یاساكه‌ كاریپێكراوه‌‌و نه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ تر كه‌ ئه‌وانه‌ دو خه‌رقی‌ قانونی‌ زۆر رونن‌و كاره‌ساته‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان تائێستا قسه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌كردوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وانه‌ قابیلی‌ قبوڵكردن نین.
بڕیاری‌ یاسایی‌ هه‌یه‌ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دیوانانه‌، به‌ڵام دیاره‌ بڕیاری‌ سیاسیی‌ هه‌یه‌ بۆ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌یان، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی‌ سلبی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك پێویست له‌ گه‌نده‌ڵیی‌ نه‌پێچرێته‌وه‌.

رۆژنامه‌: بابێینه‌ سه‌ر ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌، بونی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ له‌ هه‌مو شوێنێك به‌ گرنگ داده‌نرێت بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی‌‌و لێپێچینه‌وه‌، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ تائێستا ده‌سته‌یه‌كی‌ له‌وشێوه‌یه‌ له‌ كوردستان نییه‌؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: هۆكاره‌كه‌ زۆر رونه‌ كه‌ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوه‌ بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌.

رۆژنامه‌: ماوه‌یه‌كه‌ سه‌رقاڵی‌ پڕۆژه‌یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ن، ئایا ئه‌و یاسایه‌ چه‌ند به‌هێزه‌و رێگری‌‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی‌ ده‌كات؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: یاساكه‌ وه‌ك فۆرم شتێكی‌ باشه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ ۆركشۆپه‌ تایبه‌ته‌كه‌ كۆمه‌ڵێك پسپۆڕ بانگهێشتكران سه‌رنج‌و تێبینی‌ باشمان وه‌رگرت، فراكسیۆنه‌كه‌شمان پێشنیاری‌ كردوه‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگاكه‌ به‌ ده‌نگی‌ دو له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌بێته‌ خاڵێكی‌ تری‌ به‌هێزیی‌، یاساكه‌ باشه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر ره‌فه‌ نه‌بێت‌و كاری‌ پێبكرێت.

رۆژنامه‌: تێڕوانینی‌ گۆڕان بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ چییه‌؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: له‌كاتی‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ تێبینی‌‌و سه‌رنجی‌ خۆمان داوه‌ به‌هه‌ندیش وه‌رگیراوه‌، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌ خراپی‌ نازانین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ چۆن كارده‌كات‌و ئه‌و یاسایه‌ تا چه‌ند جێبه‌جێ ده‌كرێت، وه‌ك وتم؛ ئێمه‌ هیوادارین پڕۆژه‌یاساكه‌ بۆ سه‌ر ره‌فه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو كاری‌ پێبكرێت.

رۆژنامه‌: هه‌ندێك پرس ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆنی‌ لێك نزیككردوه‌ته‌وه‌، ئایا ئه‌و دوانه‌ له‌ بونی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ نه‌زاهه‌ی‌ به‌هێزیشدا كۆكن كه‌ خاوه‌ن تواناو سه‌ڵاحیه‌تی‌ لێپێچینه‌وه‌بێت؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: هه‌مو فراكسیۆنه‌كانی‌ ناو لیژنه‌كه‌ كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵام به‌بڕوای‌ من ئه‌وه‌ له‌ سه‌ڵاحیه‌ت‌و قودره‌تی‌ لیژنه‌كه‌و په‌رله‌مانیش به‌ده‌ره‌، ئه‌وه‌ بڕیارێكی‌ باڵاتری‌ ده‌وێت كه‌ پێویسته‌ هه‌مو په‌رله‌مانتاران‌و فراكسیۆنه‌كان پشتیوانیی‌ له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ بكه‌ین به‌ هه‌مو ئالیه‌ته‌كان، چونكه‌ تا ئه‌و ئیراده‌یه‌و ئه‌و پشتیوانییه‌ دروست نه‌بێت من بێئومێد ده‌بم، چونكه‌ حكومه‌ت خۆی‌ نایه‌ت ئه‌وه‌ بكات، به‌ڵكو ئه‌و مه‌سئولیه‌ته‌ ئه‌خلاقییه‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ په‌رله‌مانه‌و هیوادارم له‌مه‌ودوا به‌و ئه‌ركه‌ی‌ خۆی‌ هه‌ستێت.

رۆژنامه‌: زۆر باس له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ كوردستان ده‌كرێت به‌راورد به‌ به‌غدا، به‌ڵام به‌غدا له‌ڕوی‌ نه‌زاهه‌و لێپێچینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران له‌پێش كوردستانه‌وه‌یه‌، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ چییه‌؟
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: به‌داخه‌وه‌ ئه‌و قسانه‌ دروشمی‌ تێنه‌په‌ڕاندو‌و وه‌ك دروشم مایه‌وه‌، ته‌مه‌ننامان ده‌كرد به‌راوردی‌ كوردستانمان به‌رامبه‌ر یه‌كێك له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان بكردایه‌، نه‌ك عێراق، به‌ڵام ئێستا عێراق له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیدا زۆر له‌ پێش هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌یه‌.
ساڵیك تێپه‌ڕیوه‌و ئه‌م هه‌مو كێشه‌و كه‌موكوڕی‌‌و نوقسانیه‌ هه‌یه‌ له‌ وڵات‌و كاری‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا، به‌ڵام تائێستا په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌زیرێكی‌ بانگهێشت نه‌كردوه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌، له‌كاتێكدا وه‌زیرمان هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر ئاگای‌ له‌ ئیشوكاره‌كانی‌ سلێمانی‌ نییه‌، چ جای‌ ئاگای‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی‌‌و سه‌رپێچیی‌ یاسایی‌ هه‌یه‌.
له‌ عێراقدا هێزێك هه‌یه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لای‌ ئێمه‌ تائێستا دو حیزبی‌ سیاسیی‌ گه‌وره‌ هه‌بوه‌ كه‌ قۆرخی‌ ده‌سه‌ڵاتیان كرد‌ووه‌و حكومه‌تیان به‌ڕێوه‌بردوه‌، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیی‌‌و خروقاتێك هه‌بوبێت له‌ناو ئه‌و دو حیزبه‌دا هه‌بوه‌و ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئیشكالیه‌تی‌ هه‌بوبێت، ئه‌وان لێی‌ به‌رپرس بون، ئه‌وانه‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌بون تائێستا لێپرسینه‌وه‌ی‌ جدیی‌ نه‌كرێت.
بۆیه‌ هه‌بونی‌ ویست‌و نه‌بونی‌ هێزێك بوه‌، كه‌ تائێستا له‌ كوردستان به‌وشێوه‌یه‌ بوه‌، ئێستاش ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ به‌هێزمان ده‌وێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوردستان كه‌ تائێستا نییه‌، ئومێد ده‌كه‌ین بۆ ئاینده‌ هه‌مانبێت.

Sbeiy.com © 2007