Print
 ده‌ستوری‌ نوێی‌ توركیا و كورد
Saturday, September 18, 2010

راپۆرتی‌ زانا ئه‌حمه‌د
12ی‌ ئه‌یلول له‌ رۆژێكی‌ مێژویی گرنگه‌وه‌ بو به‌ رۆژێكی‌ مێژویی گرنگتر بۆ توركیا، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ 12ی‌ ئه‌یلولی‌ 2010، توركیا به‌ڕێژه‌ی‌ 57.9% ده‌نگی‌ به‌ڵێیان دا به‌ ده‌ستوری‌ نوێ‌ و ئه‌و رۆژه‌یان له‌ رۆژی‌ ئه‌نجامدانی‌ كوده‌تای‌ سه‌ربازییه‌وه‌ گۆڕی‌ بۆ رۆژی‌ لاوازكردنی‌ لایه‌نی‌ سه‌ربازی‌ له‌و وڵاته‌.

رێژه‌ی‌ به‌شداریكردن له‌ سه‌رانسه‌ری‌ توركیا 78% بو كه‌ 57.9%ی‌ به‌شداربوان ده‌نگی‌ به‌ڵێیان به‌ ده‌ستور دا و 42.1% ده‌نگی‌ نه‌خێریان دا، كه‌ به‌ڵێكان لایه‌نگری‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌)ی‌ ده‌سه‌ڵاتدار و نه‌خێره‌كانیش لایه‌نگری‌ هه‌ردو پارتی‌ به‌رهه‌ڵستكار پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ (جه‌هه‌په‌) و پارتی‌ بزاوتنی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ (مه‌هه‌په‌)بون.

له‌ 8ی‌ ته‌مموزی‌ 2010، دادگای‌ ده‌ستوری‌ پڕۆژه‌یاسای‌ ده‌ستكاریكردنی‌ ده‌ستوری‌ په‌سه‌ند كرد كه‌ له‌لایه‌ن پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانه‌وه‌ ئاماده‌كرابو و داوای‌ گۆڕینی‌ 30 مادده‌ی‌ ده‌ستوریی ده‌كرد، به‌ڵام دادگای‌ ده‌ستوری‌ 4 مادده‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و رێگه‌ی‌ دا گه‌لی‌ توركیا ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و 26 مادده‌یه‌ی‌ تر بده‌ن و یه‌كێتیی ئه‌وروپاش پشتگیریی خۆی‌ بۆ ده‌ستوری‌ نوێ‌ دوپاتكرده‌وه‌.

ئاكه‌په‌ داوای‌ له‌ گه‌لی‌ توركیا كرد كه‌ ده‌نگی‌ به‌ڵێ‌ بده‌ن به‌ ده‌ستور، لای‌ خۆشیانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارتی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ (جه‌هه‌په‌) و پارتی‌ بزاوتنی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌ (مه‌هه‌په‌) راسته‌وخۆ رایانگه‌یاند كه‌ ده‌نگی‌ نه‌خێر به‌ ده‌ستوره‌كه‌ ده‌ده‌ن و پارتی‌ ئاشتی‌ و دیموكراتی‌ (به‌ده‌په‌)ش بایكۆتی‌ ده‌ستوری‌ نوێی‌ كرد و هۆكه‌شی‌ ئه‌وه‌بو كه‌ ده‌ستوری‌ نوێ‌ و كۆن هیچ جیاوازییه‌كی‌ بۆ كورد نییه‌ و مافی‌ خوراوه‌، به‌مجۆره‌ هه‌مو پارته‌كان كه‌مپینی‌ خۆیان ده‌ستپێكرد.

12ی‌ ئه‌یلولی‌ 2010، 49 ملیۆن و 600 هه‌زار ده‌نگده‌ر له‌ توركیا رویان له‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان كرد و هه‌مان رۆژیش ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ به‌ڵێ‌ ئاشكرا كرا، ئه‌و شارانه‌ی‌ زۆرترین ده‌نگی‌ به‌ڵێیان تێدا هاتبو بریتی‌ بون له‌ ئاگری‌ 95.75%، بینگۆل 95.28%، سییرت 95.17%، باتمان 94.75%، وان 94.45%، شانلیئورفه‌ 94.4%، هه‌كاری‌ 94.27%، دیاربه‌كر 94.06%، ماردین 93.48%، بیتلیس 93.04%، كه‌ سه‌رجه‌میان شاره‌ كوردنشینه‌كانن چونكه‌ رێژه‌ی‌ بایكۆتكردن له‌و شارانه‌ زۆربو.

رێژه‌ی‌ به‌شداریكردن له‌ شاره‌ كوردییه‌كان به‌مجۆره‌بون: ئه‌دیامان 81.61%، ئاگری‌ 56.42%، بینگۆل 76.99%، بیتلیس 70.01%، دیاربه‌كر 34.8%، ئه‌رزڕۆم 80.15%، غازی ئه‌نتاب 72.75%، هه‌كاری‌ كه‌ كه‌مترین رێژه‌ی‌ به‌شداریكردن بو 9.05%، ماردین 43%، موش 54.09%، سییرت 50.88%، ده‌رسیم 67.22%، باتمان 40.82%، وان 43.61%، ئغدر 51.09%، شرناخ 51.09%، شرناخ 22.5% و ئه‌رده‌هان 77.16% كه‌ ئه‌م رێژانه‌ تا راده‌یه‌ك به‌ده‌په‌ی‌ دڵخۆشكرد، جگه‌ له‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بایكۆتكردنه‌كه‌ زۆره‌، ئه‌وه‌شی‌ سه‌لماند كه‌ به‌ده‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی‌ هاوینی‌ 2011دا ده‌توانێت به‌ ئاسانی‌ 36 كورسیی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات.

هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوری‌ توركیا خۆی‌ له‌ 26 مادده‌دا بینییه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ی‌ كردبوه‌ ئامانج، وه‌ك ئاشكرایه‌ تا پێش هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوریش ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كێك بو له‌ هه‌ره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ باڵاكانی‌ ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام ده‌ستوری‌ نوێ‌ به‌ گۆڕینی‌ ئه‌م ماددانه‌ی‌ خواره‌وه‌، توانیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ لاواز بكات:

مادده‌ی‌ 84ی‌ ده‌ستور (ته‌واوبونی‌ واده‌ی‌ په‌رله‌مانتاری‌)
پێش ده‌ستكاریكردن: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتارێك ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی‌ توركیاوه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت، ته‌واوبونی‌ وادده‌ی‌ په‌رله‌مانتاریی په‌رله‌مانتارێك، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ گشتیی ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌لی‌ توركیاوه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌رده‌درێت.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ پارته‌كه‌ی‌ ده‌درێت له‌لایه‌ن دادگای‌ ده‌ستورییه‌وه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ له‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ باوه‌ڕپێكراودا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، واده‌ی‌ په‌رله‌مانتاریی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ كۆتایی دێت و دوای‌ ئه‌وه‌ش سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ گه‌لی‌ توركیا بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌، زانیاری‌ ده‌داته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گشتی‌.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ داخستنی‌ پارته‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ ده‌ستورییه‌وه‌ بڕیاری‌ كۆتایی لێده‌درێت و له‌ رۆژنامه‌یه‌كی‌ ره‌سمیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، له‌و واده‌یه‌دا په‌رله‌مانتاریی په‌رله‌مانتارێك كۆتایی دێت و سه‌رۆكایه‌تیی مه‌جلیسی‌ باڵای‌ گه‌لی‌ توركیا بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌، زانیاری‌ ده‌داته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گشتی‌.

مادده‌ی‌ 125ی‌ ده‌ستوری‌ توركیا (رێگاكانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شورای‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌ "یاش")
پێش ده‌ستكاریكردن: رێگاكانی‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ هه‌مو جۆره‌ چالاكی و كارێكی‌ ئیداره‌كان كراوه‌یه‌، ئه‌و كارانه‌ی‌ سه‌رۆك كۆمار به‌ ته‌نها ئه‌نجامیان ده‌دات و بڕیاره‌كانی‌ شورای‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌، لێپێچینه‌وه‌یان لێناكرێت.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: جگه‌ له‌ بڕیاره‌كانی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ پله‌ و خانه‌نشینكردنی‌ ئه‌ندامانی‌، ده‌رگای‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ هه‌مو بڕیارێكی‌ تری‌ شورای‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌ كراوه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ لێپێچینه‌وه‌كه‌ سنوردار بێت و له‌گه‌ڵ‌ یاسادا گونجاوبێت.

مادده‌ی‌ 146ی‌ ده‌ستور (بونیاتی‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ و ته‌واوبونی‌ ماوه‌ی‌ ئه‌ندامێتییه‌كه‌ی‌)
پێش ده‌ستكاریكردن: دادگای‌ ده‌ستوری‌ له‌ 11 ئه‌ندامی‌ جێگیر و 4 ئه‌ندامی‌ یه‌ده‌ك پێكده‌هێنرێت كه‌ سه‌رۆك كۆمار دو ئه‌ندامی‌ جێگیر و دو ئه‌ندامی‌ یه‌ده‌ك، دادگای‌ باڵا دو ئه‌ندامی‌ جێگیر و ئه‌ندامێكی‌ یه‌ده‌ك و ئه‌نجومه‌نی‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌ندامێكی‌ جێگیر دیاری‌ ده‌كه‌ن، ئه‌نجومه‌نی‌ خوێندنی‌ باڵاش به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ناو ئه‌ندامه‌كانی‌ خۆیدا ئه‌ندامێكی‌ جێگیر دیاریده‌كات و ئه‌ندامه‌ جێگیر و یه‌ده‌كه‌كه‌ی‌ تری له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌ و دادگای‌ باڵای‌ به‌ڕێوبه‌رێتیی سه‌ربازی‌ و  نوسینگه‌ی‌ ژمێریاریی حكومه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌بنه‌ ئه‌ندامی‌ جێگیر و یه‌ده‌ك، پێویسته‌ ته‌مه‌نیان له‌ 40 ساڵ‌ زیاتربێت و هیچ كارێكی‌ تایبه‌تی‌ و حكومیی تریش ناگرنه‌ ئه‌ستۆ.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: دادگای‌ ده‌ستوری‌ له‌ 17 ئه‌ندام پێكدێت، په‌رله‌مان 2 ئه‌ندام و سه‌ندیكای‌ پارێزه‌ران ئه‌ندامێك و سه‌رۆك كۆمار 3 ئه‌ندام و دادگای‌ باڵا دو ئه‌ندام و ئه‌نجومه‌نی‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌ندامێك و دادگای‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌ ئه‌ندامێك و ئه‌نجومه‌نی‌ خوێندنی‌ باڵا سێ‌ ئه‌ندام دیاری‌ ده‌كه‌ن و چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ تریش له‌ به‌ڕێوبه‌ره‌ باڵاكان و پارێزه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكان و دادوه‌ره‌كان پێكدێن و ئه‌ندامه‌كان ده‌بێت ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رو 45 ساڵییه‌وه‌ بێت و جگه‌ له‌و ئه‌ركه‌یان هیچ ئه‌ركێكی‌ تر نه‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.

مادده‌ی‌ 84ی‌ ده‌ستور
پێش ده‌ستكاریكردن: ئه‌ندامه‌كانی‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ كه‌ بون به‌ 65 ساڵ‌ خانه‌نشین ده‌كرێن و له‌كاتی‌ ئاماده‌نه‌بونی‌ ئه‌ندامێك به‌هۆی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ یان ئه‌نجامدانی‌ تاوانێكه‌وه‌، ئه‌وا له‌كاركه‌وتنی‌ ئه‌ندامێتییه‌كه‌ی‌ به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌كانی‌ تره‌وه‌ دیاریده‌كرێت.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: ئه‌ندامه‌كانی‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ بۆ ماوه‌ی‌ 12 ساڵ‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن، هه‌ركه‌سێك بێت دوجار به‌ ئه‌ندامی‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ هه‌ڵنابژێردرێت و كه‌ ته‌مه‌نیشیان گه‌یشته‌ 65 ساڵ‌ خانه‌نشین ده‌كرێن و ئه‌نجامدانی‌ كارێكی‌ تر جگه‌ له‌ ئه‌ندامێتییه‌كه‌یان، به‌پێی‌ یاسایه‌ك رێكده‌خرێت.

مادده‌ی‌ 148ی‌ ده‌ستور (دیوانی‌ باڵا بۆ تۆماركردنی‌ سكاڵا له‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ میلـله‌تی‌ توركیا و به‌رپرسانی‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌ له‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌)

پێش ده‌ستكاریكردن: سكاڵا له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار، ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، دادگای‌ ده‌ستوری‌، دادگای‌ باڵا، ئه‌نجومه‌نی‌ ده‌وڵه‌ت، دادگای‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌، دادوه‌ره‌كان، نوسینگه‌ی‌ ژمێریاریی حكومه‌ت و موده‌عییه‌كان تۆمار ناكرێت له‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ له‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانێكدا، به‌ڵكو له‌ دیوانی‌ باڵا ده‌توانن سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ تۆماربكه‌ن و بڕِیاره‌كانی‌ دیوانی‌ باڵاش پیاچونه‌وه‌ی‌ بۆ ناكرێت و دادگای‌ ده‌ستوری‌ ئه‌و ئه‌ركانه‌ راده‌په‌ڕێنێت كه‌ له‌ ده‌ستوردا پێی‌ سپێرراوه‌.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: هه‌مو كه‌سێك ده‌توانێت له‌و ناحه‌قییانه‌ی‌ به‌رامبه‌ری‌ كراوه‌، له‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ سكاڵا تۆماربكات، به‌ڵام سكاڵا له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار و دادگای‌ ده‌ستوری‌ و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ میلـله‌تی‌ توركیا و سه‌رۆكی‌ ئه‌ركانی‌ سوپا و به‌رپرسی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ ئاوی‌ و ئاسمانی‌ و زه‌مینییه‌كان به‌رپرسی‌ گشتیی جه‌ندرمه‌، له‌ دیوانی‌ باڵا تۆمار ده‌كرێت و ئه‌و كه‌سه‌ی‌ سكاڵاكه‌ی‌ تۆماركردوه‌، مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ داوای‌ پیاچونه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ دیوانی‌ باڵا بكات.

 مادده‌ی‌ 145ی‌ ده‌ستور (دادگاییكردنی‌ سه‌ربازی‌):
پێش ده‌ستكاریكردن: دادگاییكردنی‌ سه‌ربازی‌، له‌لایه‌ن دادگا دیسیپلین و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت و ئه‌م دادگایانه‌ بۆیان هه‌یه‌ كه‌سی‌ ئاساییش دادگایی بكه‌ن.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: دادگاییكردنی‌ سه‌ربازی‌، له‌لایه‌ن دادگا دیسیپلین و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت و ئه‌م دادگایانه‌ له‌ كاتی‌ شه‌ڕدا نه‌بێت بۆیان نییه‌ هاوڵاتی‌ دادگایی بكه‌ن.

مادده‌ی‌ 156ی‌ ده‌ستور (دادگای‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌)
پێش ده‌ستكاریكردن: دادگای‌ سه‌ربازی‌ كۆتا مه‌رجه‌عی‌ پیاچونه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕیار و حوكمانه‌یه‌ كه‌له‌لایه‌ن دادگا دیسیپلین و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ ده‌درێت و جگه‌ له‌وه‌ش تاكه‌ دادگا و كۆتا دادگای سكاڵای‌ كه‌سه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ و ئه‌ندامانی‌ ئه‌م دادگایه‌ به‌ ده‌نگدان و به‌ نهێنی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ گشتیی دادگای‌ سه‌ربازی‌ و دادوه‌ره‌ سه‌ربازییه‌ باڵاكاندا هه‌ڵده‌بژێردرێت و سه‌رۆك و جێگر و داواكاری‌ گشتیی دادگای‌ باڵا به‌پێی‌ پله‌ی‌ سه‌ربازییان دیاری ده‌كرێت و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌شی‌ به‌پێی‌ یاسا رێكده‌خرێت.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: پێكهێنان و چۆنێتیی كاركردن و سه‌ربه‌خۆیی دادگای‌ ده‌ستوری‌، به‌پێی‌ یاسایه‌ك رێكده‌خرێت.

مادده‌ی‌ 157ی‌ ده‌ستور (دادگای‌ باڵای‌ به‌ڕێوبه‌رێتیی سه‌ربازی‌)
پێش ده‌ستكاریكردن: دادگای‌ باڵای‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی سه‌ربازی‌ تاكه‌ دادگایه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چالاكی‌ و چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی‌ سه‌ربازی‌ هه‌یه‌ و بۆشی‌ هه‌یه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌سی‌ نا سه‌ربازیش بكات.

دوای‌ ده‌ستكاریكردن: پێكهێنان و چۆنێتیی كاركردن و سه‌ربه‌خۆیی دادگای‌ باڵای‌ به‌ڕێوبه‌رێتیی سه‌ربازی‌، به‌پێی‌ یاسایه‌ك رێكده‌خرێت.

ئه‌و ماددانه‌ی‌ كه‌ كورد ده‌یویست بگۆڕدرێت بریتی‌ بون له‌ مادده‌ی‌ 1 تا 4 كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ناساندنی‌ وڵاتی‌ توركیاوه‌ هه‌یه‌ و تێیدا هاتوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ وڵاتی‌ توركیادا ده‌ژی‌ توركه‌ و تاكه‌ زمانیش زمانی‌ توركییه‌، مادده‌ی‌ 26 كه‌ باس له‌ ئازادیی راده‌ربڕین ده‌كات و مادده‌ی‌ 42 باس له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌كات كه‌ ته‌نها زمان وانه‌ی‌ پێبخوێنرێت زمانی‌ توركییه‌ و رێگه‌ به‌ زمانی‌ تر نادات و مادده‌ی‌ 66 باس له‌ هاوڵاتیبونی‌ توركه‌كان ده‌كات كه‌ خۆی‌ بۆخۆی‌ پێشێلكردنی‌ مافی‌ كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی‌ توركیایه‌.

دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستور و له‌ 14ی‌ ئه‌یلول، حسێن چه‌لیك جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی‌ 2011 له‌ مانگی‌ ته‌مموزدا ئه‌نجامده‌درێت و پێش ناخرێت و گۆڕانكارییه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ نوێ‌ له‌ ماوه‌ی‌ مانگێكدا جێبه‌جێ ده‌كرێن، ئاكه‌په‌ش خاوه‌نی‌ په‌یمانه‌كه‌ی‌ خۆیه‌تی‌ و له‌ ئێستاوه‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ده‌ستپێكردوه‌ بۆ گۆڕینی‌ كۆی‌ گشتیی ده‌ستور و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ‌ پارته‌كانی‌ په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان كۆده‌بینه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕا ده‌كه‌ین".

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پارتی‌ ئاشتی‌ و دیموكراتی‌ پڕۆژه‌ی‌ "سه‌ربه‌خۆیی دیموكراتی"ی ئاماده‌كردوه‌ و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ‌ ئاكه‌په‌ تاوتوێی‌ بكات كه‌ تێیدا داوا ده‌كات توركیا بكرێته‌ سێ‌ ویلایه‌ت و دادوه‌ری‌ خۆی‌ هه‌بێت.

زریان رۆژهه‌ڵاتی‌ شاره‌زا له‌ بواری‌ توركیا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ داهاتو له‌ ده‌ستوری‌ توركیادا زۆرتر له‌ چوارچێوه‌ی‌ هاوڵاتیبونی‌ توركیادا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ و تێیدا ده‌ستكاریی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ توركیادابێت تورك بێت و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئایا پڕۆژه‌كه‌ی‌ به‌ده‌په‌ كاریگه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستوری‌ نوێ‌، وتی‌:"ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت پێدانی ئۆتۆنۆمییه‌ له‌ ناوخۆی‌ توركیا كه‌ هه‌لومه‌رجه‌ سیاسییه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی‌ توركیا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ و وا له‌توركیا ده‌كات دواجار ئۆتۆنۆمی‌ بداته‌ كورد له‌و وڵاته‌، به‌ڵام به‌م زوانه‌ پێم وانییه‌ توركیا ئه‌وه‌ بكات".

سه‌باره‌ت به‌ لاوازبونی‌ سوپا له‌ توركیا زریان باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌م لاوازبونه‌ رێخۆشكه‌رده‌بێت تا كورد له‌و وڵاته‌ ببێته‌ خاوه‌نی‌ ئۆتۆنۆمی‌، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌ توركیادا هه‌بون، هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ لایه‌نی‌ سه‌ربازی‌ بوه‌ كه‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌خۆ ده‌ستی‌ وه‌رداوه‌ته‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسیی ئه‌و وڵاته‌.

ئاخۆ ده‌ستوری‌ نوێ‌ داواكاریی كورده‌كانی‌ پێ دابین ده‌كرێت، وه‌ك محه‌مه‌د عه‌لی‌ بیراند ستون نوسی‌ ناوداری‌ توركیا ده‌ڵێت:"ئاخۆ ئه‌ردۆگان ده‌توانێت به‌ ده‌ستورێكی‌ نوێ‌ ناوی‌ خۆی‌ له‌ مێژوی‌ توركیادا به‌ ئاڵتون بنوسێته‌وه‌؟"

Sbeiy.com © 2007