ئاماده‌کردنی: شاڵاو فه‌تاح
هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌شێكی ئارامی هه‌یه، به‌ڵام بۆته جێی سه‌رنجی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له بواری پێشێلكردنی مافی رۆژنامه‌نوسان و كه‌مكردنه‌وه‌ی پانتایی ئازادی بیروڕادا.
خراپی بارودۆخی رۆژنامه‌نوسان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان ناونیشانی سه‌ره‌كیی راپۆرتی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، ئه‌وان دۆخه‌كه وه‌ك دۆخێكی تایبه‌ت سه‌یر ده‌كه‌ن و وه‌ك به‌شێك له ماڵوێرانییه‌كانی دوای جه‌نگ ئه‌م دۆخه ده‌بینن، ئه‌وه‌ی سه‌یره هه‌رێمی كوردستانیش كه كه‌شێكی ئارامی هه‌یه، به‌شی خۆی له خوڵقاندنی ئه‌م دۆخه‌دا هه‌یه، ته‌نانه‌ت بوه‌ته جێی سه‌رنجی راپۆرتی ساڵانه‌ی رێكخراوی رۆژنامه‌نوسانی بێ‌سنور، كه یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین رێكخراوه‌كانی بواری میدیا له جیهاندا.
جیهان و ئازادی راده‌ربڕین
وڵاتانی جیهان، به‌تایبه‌ت وڵاته دیموكراتییه‌كان، ئازادی راده‌ربڕین وه‌ك به‌شێك له ئازادی تاكه‌كه‌سی سه‌یر ده‌كه‌ن و له‌ژێر به‌ندێكی جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافه‌كانی مرۆڤدا كه ده‌ڵێت: "هه‌مو كه‌س مافی ده‌ربڕینی بیروڕای هه‌یه، ئه‌م مافه‌ش مافی ده‌ستێوه‌رنه‌دان له بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی له‌خۆ ده‌گرێت، جگه له بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی و بیرۆكه له هه‌ر میدیایه‌كدا بێت" حساب ده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه ئه‌م مافه وه‌ك مافێكی دانه‌بڕاوی مرۆڤ ده‌بینرێت.
له وڵاتانی نیمچه دیموكرات و نادیموكراتدا، سه‌ره‌ڕای بونی یاسا بۆ رێكخستنی كاری رۆژنامه‌وانی، به‌ڵام چه‌ندین پێشێلكاریی دژی رۆژنامه‌نوسان ده‌بینرێت، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌دا ده‌گاته ئاستی تیرۆركردنی جه‌سته‌ییش.
شه‌ڕی نێوان رۆژنامه‌نوسانی بێ‌سنور و حكومه‌تی هه‌رێم
ئه‌و رێكخراوه ناحكومییه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه متمانه‌پێكراون و ئاستی ئازادی میدیا له جیهاندا دیاریده‌كه‌ن، بریتین له: رۆژنامه‌نوسانی بێ سنور، كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان (CPJ)و (ماڵی ئازادی)یه، ئه‌م رێكخراوانه به میتۆدی جیاواز گرنگیی به كێشه‌كانی رۆژنامه‌وانی ده‌ده‌ن و به‌شێوازی جیاوازیش ده‌یخه‌ینه‌ڕو، راپۆرتی ساڵانه و رۆژانه‌ی ئه‌م سێ رێكخراوه له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا وه‌ك پێوه‌رێك بۆ ئازادی رۆژنامه‌وانی لێكده‌درێته‌وه، زۆربه‌ی كاتیش راپۆرته‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ره باڵای سیاسیی وه‌ڵامده‌درێته‌وه.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌م رێكخراوانه چه‌ندین راپۆرتیان له‌سه‌ر خراپیی بارودۆخی رۆژنامه‌وانی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه، له یه‌كێك له دوایین راپۆرته‌كانی خۆیدا رۆژنامه‌نوسانی بێ سنور ره‌خنه له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان، ده‌گرێت، هه‌رچه‌نده پێشتر و هه‌ر له سه‌ره‌تای تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمانی رۆژنامه‌نوس و خوێندکاره، ئه‌م رێكخراوه چه‌ندین راپۆرتی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش یه‌كێك بو له یه‌كه‌مین ئه‌و رێكخراوه ده‌ره‌كییانه‌ی كه گومانی له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان و میسداقیه‌تیان په‌یداكردوه.
هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا هاتوه: كه گروپێك له رۆژنامه‌وانانی بێ‌سنور ویستویانه له‌سه‌ر كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمان، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌و كه‌یسه دابنیشن، به‌ڵام ئه‌وه‌یان پێنه‌كراوه، "هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ د.به‌رهه‌م ساڵح و وه‌زیری ناوخۆ باشبو، به‌ڵام ئه‌نجام نه‌درا".
دواتر له‌م راپۆرته‌دا رۆژنامه‌نوسانی بێ‌سنور داوای ده‌رخستنی ئه‌و به‌ڵگانه ده‌كات، كه كۆمیته‌كه توانیویه‌تی به‌هۆیانه‌وه بگاته ئه‌و ئه‌نجامه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت له ناوخۆشدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردوه و زۆرێك له رۆژنامه‌نوسان به‌ئاشكرا له ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان نیگه‌رانن.
ئازادی رۆژنامه‌وانی له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا
یه‌كێك له پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی و گره‌نتی هێشتنه‌وه‌ی دیموكراسی له‌و وڵاته‌دا میدیای ئازاده، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا دژی سانسۆردانان بون له‌سه‌ر میدیا وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌ریتانیادا هه‌بو، هه‌ربۆیه ئه‌م مافه‌شیان له ده‌ستوردا جێگیركرد، له مێژوی ئه‌و وڵاته‌دا چه‌ندین روداوی شۆكئامێز ئاشكراكراوه كه هه‌ندێك جار بوه‌ته هۆی له‌سه‌ر كارلادانی سه‌رۆك.
له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مداو دوای ئاشكرابونی سكانداڵی (وه‌ته‌رگێت) رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مه‌ریكی رۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌بو له ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ریچارد نیكسۆنی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌و وڵاته‌دا، هه‌ر دوای ده‌ركه‌وتنی روداوه سه‌ره‌تاییه‌كان میدیا به‌ته‌واوی روداوه‌كه‌ی زه‌قكرده‌وه و تا ئه‌و راده‌یه‌ی گه‌یاندییه ئاستی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه، له‌كاتێكدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك له مێژوی ئه‌و وڵاته‌دا پێشتر بونی نه‌بو.
ئه‌وروپاش به‌گشتیی خۆی به پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ به‌گشتیی و مافی "ئازادی راده‌ربڕین" وه‌ك به‌هایه‌ك ده‌زانێت، هه‌نگاوی بێ پێشینه‌ش له‌وباره‌یه‌وه نراوه، هه‌ر بۆ نمونه له‌ئێستادا نمونه‌ی رێكخراوی "ویكی لیكس"و وێبسایته‌كه‌ی هه‌یه كه هه‌ڵده‌ستێت به بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی موخابه‌راتی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ئه‌م وێبسایته له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی حكومه‌ته‌كانی جیهانه‌وه نه‌خوازراوه و ئه‌ندامانی له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی ده‌زگا موخابه‌راتییه‌كانه‌وه داوا ده‌كرێن. ته‌نانه‌ت له ئه‌مه‌ریكاش كێشه‌یان بۆ دروستده‌كرێت و به چاوی گومانه‌وه سه‌یر ده‌كرێن، نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر ئه‌م وێبسایته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییه موخابه‌راتییانه‌ی كه به‌مدواییانه بڵاوبونه‌وه، ئه‌م سایته به‌هایه‌كی گه‌وره‌یان بۆ دانراوه و ته‌نانه‌ت گۆڤاری به‌ناوبانگی تایمی ئه‌مه‌ریكی به بونی ئه‌و وێبسایته هێنده‌ی بونی یاسای ئازادی راده‌ربڕین له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، چالاكییه‌كانی ئه‌م وێبسایته له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به "هێڵی سور" له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م وێبسایته چه‌ندین خه‌ڵاتی بردوه‌ته‌وه، بۆ نمونه ساڵی (2008) خه‌ڵاتی "میدیای نوێ"ی گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی برده‌وه، ئه‌مه جگه له ساڵی (2009)دا، ویكی لیكس و جولیان ئاسانج به یه‌كه‌وه خه‌ڵاتی "میدیای نوێ"یان له‌لایه‌ن ئه‌منستی ئه‌نته‌رناسیۆناڵه‌وه پێبه‌خشرا، له مانگی ئایاری ئه‌مساڵیشدا نیۆیۆرك ده‌یلی نیوزی ئه‌مه‌ریكی له لیستی ئه‌و سایتانه‌دا كه ده‌توانن هه‌واڵ بگۆڕن، پێگه‌ی یه‌كه‌می پێبه‌خشیبو.
ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی ویكی لیكس، هه‌رچه‌نده به فه‌رمیی نه‌ناسێنراون، به‌ڵام له بۆنه و مه‌راسیمه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون و وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ی ئاسایی ئازادییان هه‌یه، ته‌نانه‌ت جولیان ئاسانج، كه به كه‌سی یه‌كه‌می ویكی لیكس داده‌نرێت، له‌جیاتی هه‌ڕه‌شه و تیرۆری جه‌سته‌یی، خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێده‌به‌خشرێت.