Print
 ئازاد جوندیانی: ئاستی په‌یوه‌ندی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان ناگاته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ که‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌مان بێت
Tuesday, October 5, 2010

سازدانی‌: رۆژنامه‌
ئازاد جوندیانی‌، وته‌بێژ و ئه‌ندامی‌ ئیحتیاتی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌، بڕوای‌ وایه‌ كه‌ هه‌لومه‌رجی‌ سیاسیی‌ كوردستان، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوان یه‌كێتی ‌‌و گۆڕان ئاسایی‌ بكرێته‌وه‌.

جوندیانی‌، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ هێشتا بڕیاریان نه‌داوه‌، له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

رۆژنامه‌: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ پارتی له‌ چ ئاستێكدایه‌، له‌كاتێكدا هه‌ندێكجار له‌میدیاكانه‌وه‌، وا ده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ جۆرێك له‌ ئاڵۆزیی‌ له‌نێوانتاندا هه‌بێت؟
ئازاد جوندیانی: له‌ راستیدا، له‌میدیاكانه‌وه‌، زۆر جار قسه ‌و باسێك دێته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ پتر روداوی رۆژنامه‌نوسین له‌وه‌ی كه‌ روداوی سیاسیی بن.ره‌نگه‌ بیروبۆچونی جیاجیاش هه‌بێت له‌ناو ئێمه‌ش ‌و له‌ناو پارتیشدا سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی ‌‌و پارتی، به‌ڵام له‌ رای ره‌سمیی یه‌كێتی ‌و پارتی ئه‌و رایه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌ردولامان له‌كۆبونه‌وه‌ ره‌سمییه‌كاندا، له‌ راگه‌یاندنه‌ ره‌سمییه‌كاندا، پابه‌ندین به‌ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌وه‌.

رۆژنامه‌: تا چه‌ند پێویستیی‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیژیی‌ له‌نێوان ئێوه‌و پارتیدا، ماوه‌؟
ئازاد جوندیانی: پێم وایه‌، به‌ڵێ‌ پێویستیی‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیژیی‌ ماوه‌و تا ماوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ش زه‌روریه‌تی هه‌یه‌، وه‌كو گریمانێك، ئه‌گه‌ر له‌نا‌و یه‌كێتی ‌‌و پارتیشدا رێككه‌وتنی ستراتیژیی، با بڵێین له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك نه‌ما، پێم وایه‌، لایه‌نی‌ دیكه‌ ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتیدا داخڵی‌ رێككه‌وتنی ستراتیژیی ببێت.

رۆژنامه‌: مه‌به‌ستت كێیه‌ كه‌ ده‌ڵێیت لایه‌نی‌ تر؟
ئازاد جوندیانی: پێم وانییه‌، پێویست بكات ناو بهێنین، به‌ڵام بێگومان ئه‌و هێزانه‌ی له‌ساحه‌كه‌دا چالاكن ‌و ئاماده‌یی‌ زۆریان هه‌یه‌، ره‌نگه‌ ناوی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نه‌بێت، ره‌نگه‌ ناوێكی دیكه‌ بێت.

رۆژنامه‌: ئه‌مه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ‌ پارتی، یان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتیش؟
ئازاد جوندیانی: له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتیش، لایه‌ن هه‌یه ‌و له‌گه‌ڵ‌ پارتیش هه‌یه‌، به‌ڵام قسه‌مان له‌سه‌ر هه‌بون ‌و مان ‌و نه‌مانی ئه‌وه‌ی كه‌ تۆ ده‌پرسی، یه‌عنی زه‌روره‌تی مان ‌و نه‌مانی رێككه‌وتنی ستراتیژیی. ئێمه‌ پێمان وایه‌، له‌كوردستاندا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ زه‌مانه‌تی زۆر شتی كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بوایه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ته‌ به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا له‌ئارادا نه‌بوایه‌.

رۆژنامه‌: هه‌ندێك له‌ چاودێران ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ له‌ئێوه‌‌ و پارتی ده‌گرن كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ باسی ده‌كه‌ن، زه‌مانه‌ته‌ بۆ قۆرخكردنی‌ كایه‌ی‌ ئابوری ‌‌و ئیداریی‌ هه‌رێم؟
ئازاد جوندیانی: ئه‌مه‌ قسه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌، ئۆپۆزسیۆن ئازاده‌ له‌وه‌ی چۆن ئیداره‌ی ململانێی‌ خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ‌ حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات.

رۆژنامه‌: پێش دروستبونی‌ ئۆپۆزسیۆنیش، ئه‌و ره‌خنانه‌ هه‌ر هه‌بون كه‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ وایان به‌ ئێوه‌ ده‌وت؟
ئازاد جوندیانی: ئۆپۆزسیۆن، له‌ (25/7) دروست نه‌بوه‌، ئۆپۆزسیۆن ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌شێوه‌ی‌ جۆراوجۆر كارده‌كات، به‌ڵام شكڵبه‌ندی په‌رله‌مانی به‌و شێوه‌ فراوانه‌ له‌ (25/7)دا‌و له‌دوای (25/7) بوه‌، ئه‌گینا ئۆپۆزسیۆن هه‌ر هه‌بوه‌.

رۆژنامه‌: به‌ڵام، به‌پێی ستاندارد‌و پێوه‌ره‌ زانستییه‌كانی‌ سیاسه‌ت، ئۆپۆزسیۆن به‌ حیزبێك ده‌وترێت كه‌ به‌شدار نه‌بێت له‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تدا؟
ئازاد جوندیانی: له‌ راستیدا خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ پێناسه‌یه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ‌‌و به‌ له‌به‌رچاو نه‌گرتنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كان، پێم وابێت، پێناسه‌یه‌كی‌ ناڕاست‌و ناڕێك ده‌رده‌چێت، هه‌ر وڵاتێك به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی‌ خۆی ده‌یه‌وێت كار بكات‌ و پێناسه‌ی شته‌كان بكاته‌وه‌، من پێم وایه‌، پێش ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مان هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، ئۆپۆزسیۆن هه‌بوه‌‌ و من ئه‌و پێناسه‌یه‌ی ئیللا ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌بێت، به‌هه‌ڵه‌ ده‌زانم.

رۆژنامه‌: رێككه‌وتنی‌ ستراتیژیی‌ له‌نێوان ئێوه ‌و پارتیدا، چه‌ند ساڵی‌ ماوه‌؟
ئازاد جوندیانی: ئێستا بیرم نییه‌ تا پێت بڵێم، به‌ڵام ماویه‌تی ‌و ئه‌گه‌ری‌ درێژكردنه‌وه‌شی له‌گه‌ڵدایه‌.

رۆژنامه‌: سروشتی ئه‌و په‌یوه‌ندی ‌‌و لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌تان له‌گه‌ڵ‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، چۆنه‌؟
ئازاد جوندیانی: له‌ راستیدا ناتوانم، لێره‌دا قسه‌ ره‌سمییه‌كه‌ بكه‌م، چونكه‌ غه‌یری ئه‌وه‌، من لێره‌دا له‌پشتی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ نیم كه‌ هه‌بوه‌، وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ستراتیژمان دژایه‌تیكردنی هیچ كه‌سێك‌ و نه‌بونی په‌یوه‌ندی ‌‌و دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ‌ هیچ لایه‌ن ‌و كه‌سێك نییه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ لایه‌نگری ئه‌وه‌ین كه‌ دۆستایه‌تی ‌‌و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو لایه‌ك هه‌بێت ‌و ئاسایی بێت.

پێم وایه‌، پێكهێنانی ئه‌و دانوستانانه‌ی بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كرا، سه‌ره‌تای دانیشتنی روبه‌ڕوبو له‌نێوان نوێنه‌رانی یه‌كێتی ‌‌و له‌نێوانی نوێنه‌رانی گۆڕاندا، راسته‌ بۆ رێكخستنی‌ نێوانمان نا، به‌ڵكو بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ نێوان ئه‌و كوتلانه‌ی كه‌ له‌به‌غدادا به‌یه‌كه‌وه‌، كوتله‌ی ئیئتیلافه‌ كوردستانییه‌كان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌وێوه‌ ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌، ئه‌و جۆره‌ ئارامبونه‌وه‌یه‌ ده‌ستیپێكردوه ‌و هه‌بوه ‌‌و پێم وایه‌، پێش هه‌مو خه‌ڵك، خه‌ڵكی یه‌كێتی دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ وای ده‌بینین، سه‌رئه‌نجام گۆڕان له‌ ره‌شكردنه‌وه‌ی ئێمه‌وه‌ بیروبۆچونی گۆڕا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی هه‌بێت له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌دا، ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌شتێكی ئیجابی ده‌بینین.

رۆژنامه‌: هه‌لومه‌رجی سیاسیی كوردستان، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ له‌نێوان یه‌كێتی ‌‌و گۆڕاندا هه‌بێت؟
ئازاد جوندیانی: به‌ڵێ‌، وه‌كو یه‌كێتیی پێمان وایه‌ كه‌ یه‌كێتی موته‌حه‌میسیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسیی له‌كوردستاندا، په‌یوه‌ندیی هه‌بێت به‌گۆڕانیشه‌وه‌، به‌ڵام بۆ نمونه‌ په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ و پارتی كه‌ دۆكیومێنت كراوه‌ له‌ رێككه‌وتنێك به‌ناوی رێككه‌وتنی ستراتیژییه‌وه‌، جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ماوه‌ی سێ‌ چوار ساڵی رابردودا له‌ئارادا بوه‌‌و بێگومان، ئاستی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان، ناگاته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتیدا هه‌مان بێت.

رۆژنامه‌: ئێوه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ر هێزێكی سیاسیی په‌یوه‌ندیی‌ ببه‌ستن، پرس به‌هاوپه‌یمانه‌كه‌تان (پارتی‌) ده‌كه‌ن؟
ئازاد جوندیانی: بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕونی‌ بدوێین له‌وه‌، بۆ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیكردن، نه‌ ئێمه‌‌ و نه‌ پارتیش پێویستیمان به‌وه‌ نییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ‌ حیزبی ئه‌لف، یان نه‌مانبێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ داخڵی‌ رێككه‌وتنێك له‌بابه‌تی رێككه‌وتنێكی ستراتیژیی ببین له‌جۆری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی هه‌مانه‌، به‌ڵێ‌ ده‌بێت ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ راستگۆ بین‌ و پرس به‌ یه‌كتر بكه‌ین، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی جیاوازیی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ رێككه‌وتندا.

رۆژنامه‌: پێویسته‌ بۆ دروستكردنی‌ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كان، پرس ‌و راوێژ به‌ پارتی‌ بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ وه‌فدێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیتان بۆلای‌ گۆڕان، راوێژتان به‌سه‌ركردایه‌تیی پارتی كردوه‌؟
ئازاد جوندیانی: سه‌باره‌ت به‌ هه‌مو روداوه‌ سیاسییه‌كان، راوێژمان نه‌كردوه‌، ئه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا دوای ئه‌وه‌ی كه‌ كاك عیماد كاك نه‌وشیروانی بینی، جه‌نابی مام جه‌لالیشی بینی ‌‌و جه‌نابی كاك مه‌سعودیشی بینی، ئێمه‌ لێپرسراوێتییه‌كی‌ هاوبه‌ش ‌و بابه‌تێكی‌ هاوبه‌شمان له‌به‌رده‌مه‌، پابه‌ندیشین به‌ رێككه‌وتنی ستراتیژیی به‌یه‌كه‌وه‌.

رۆژنامه‌: له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیدا، جۆرێك له‌ ناڕه‌زایی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌دای د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ راشكاوانه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چۆنه‌؟
ئازاد جوندیانی: به‌ راشكاوانه‌ پێت ده‌ڵێم كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌كۆبونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسیدا، له‌ئاستی مه‌ڵبه‌نده‌كانیشدا‌ و له‌ئاستی دیكه‌ش، ئێمه‌ وه‌كو حیزبێك ئێستا كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌حیزبه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، خۆمان وه‌كو چاودێرێك به‌سه‌ر ئه‌دائی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌بینین، چونكه‌ پێمان وایه‌ كه‌ ده‌بێت وه‌كو چاودێر هاوكار بین‌ و ناشیشارمه‌وه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ر شتێك له‌شته‌كانی كه‌ له‌ ئارادان، به‌حكومه‌تیشه‌وه‌، له‌ئه‌دائی، ‌ له ‌مه‌له‌فێكی تایبه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌له‌فێكی دیكه‌، ره‌نگه‌ بۆچونی جیاجیا له‌ناو كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی ‌و سه‌ركردایه‌تی روبدا، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ئه‌و رایه‌ی‌ كه‌ ده‌چه‌سپێت، رای‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه‌، مام جه‌لال وته‌نی، خۆ ئێمه‌ هه‌مومان قاز نین كه‌ وه‌كو یه‌ك بقیڕێنین ‌و یه‌كێك قیڕانی ئێمه‌ هه‌مومان به‌دوایدا بقیڕێنین. خۆمان به‌ حیزبێكی زیندو ده‌بینین، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرجار بیروڕای‌ جیاوازمان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بینین كه‌ میكانیزمی دیموكراتی، ئه‌م جۆره‌ بۆچونه‌ جیاوازانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی دیاریكراو، یان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌دائی حكومه‌تیش بێت، یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.

رۆژنامه‌: وتت، به‌ راشكاوانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌م، ئایا ئه‌و ره‌خنه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن حیز ب‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسیتانه‌وه‌ له‌ د.به‌رهه‌م ده‌گیرێن، وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت، چین؟
ئازاد جوندیانی: له‌لای حیزبه‌وه‌ نییه‌، له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ كادیره‌كانی حیزبی ‌و سه‌ركرده‌كانه‌وه‌یه‌. به‌ڵێ‌، به‌شێكیان مه‌سه‌له‌ی پابه‌ندبونی كابینه‌ی‌ ئێستای هه‌رێمه‌ به‌ به‌رنامه‌ی‌ لیستی كوردستانی، بۆ نمونه‌ له‌خاڵی به‌یاساییكردنی‌ یارمه‌تی‌ دارایی‌ حیزبه‌كان، به‌شێكی بۆ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی ‌و بودجه‌كانیان كه‌ هه‌ندێك ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر هه‌بێت. حكومه‌تی هه‌رێمی ئێستا‌ و كابینه‌ی ئێستا ده‌یه‌وێت سیستمی پاڵپشتیی‌ ئه‌وان له‌ سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی‌ بودجه‌یه‌كی مانگانه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ فه‌ندی چالاكیی‌ ئه‌نجامدان كه‌ چالاكیی‌ هه‌بێت ‌و له‌هه‌مو دنیاش ئه‌و شێوازه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌، نه‌ك رێكخراوێك به‌سه‌دان رێكخراو بگرێته‌وه‌، مانگانه‌ میزانییه‌ی هه‌بێت، بزانین ئه‌و میزانییه‌یه‌ ده‌چێته‌ خزمه‌تی ئه‌و بواره‌ی كه‌ رێكخراوه‌كه‌ بۆی دروست بوه‌، یان ناچێته‌ خزمه‌تی.

 رۆژنامه‌: له‌كێشه‌ی‌ نێوان سه‌ركردایه‌تیی‌ حیزبه‌كه‌ت ‌و د.به‌رهه‌مدا، ره‌وایه‌تی‌ به‌كام لایه‌ن ده‌ده‌یت؟
ئازاد جوندیانی: ره‌وایه‌تی موتڵه‌ق نییه‌، من خاڵ‌ به‌خاڵ‌ كارێكی كاك دكتۆر به‌رهه‌م‌ و حكومه‌ته‌كه‌ی باش بێت ‌و راست بێت ‌و كۆكبێت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و به‌رنامه‌ ئینتیخابییه‌ی كه‌ ده‌ستنیشانمان كردوه‌، پشتیوانی لێده‌كه‌م‌ و زۆر جاریش یه‌كێكم له‌م كه‌سانه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ له‌ كاك به‌رهه‌م ده‌گرم، زۆرجار ره‌خنه‌م لێگرتوه‌ و گفتوگۆشمان كردوه‌، بۆ ره‌خنه‌كانیش دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌م‌ و مه‌نتیقم لابوه‌، قبوڵی‌ كردون.

رۆژنامه‌: ده‌وترێت، جه‌نابتان له‌ خه‌تی‌ د.به‌رهه‌مه‌وه‌ نزیكن؟
ئازاد جوندیانی: له‌گه‌ڵ‌ كاك به‌رهه‌م، له‌ئاستی سیاسییدا له‌زۆر روه‌وه‌ بیروبۆچونمان له‌یه‌كتر نزیكه‌، به‌ڵام هه‌ردوكیشمان جه‌لالیین.

رۆژنامه‌: باس له‌وه‌ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر جێگۆڕكێی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌نێوان ئێوه‌ و پارتیدا روی نه‌دا، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پۆسته‌كه‌ی‌ د.به‌رهه‌م ده‌گۆڕێت؟
ئازاد جوندیانی: پێم وانییه‌ كه‌ بیگۆڕێت، نه‌خێر، چونكه‌ زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی ‌‌و به‌ مام جه‌لالیشه‌وه‌ هه‌مو له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دان كه‌ كاك به‌رهه‌م له‌و كابینه‌یه‌دا بێت ‌و وه‌كو تۆ وته‌نی، تا ئێستا قسه‌یه‌ك نییه‌ له‌سه‌ر نه‌مانه‌وه‌ی، قسه‌یه‌كی ره‌سمیی ‌‌و جدیی نه‌بوه‌ له‌سه‌ر نه‌مانه‌وه‌ی ‌و ئه‌گه‌ر بڕیار بده‌ین كه‌ كاندیدی‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ر له‌ناو یه‌كێتی بێت، بۆ كاك دكتۆر به‌رهه‌م بێت مه‌سڵه‌حه‌ته ‌‌و هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ ئێستاش.

رۆژنامه‌: ئاماده‌كاریی‌ ئێوه ‌و پارتی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم، چۆنه‌؟
ئازاد جوندیانی: ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌، ئێمه ‌و پارتی به‌یه‌كه‌وه‌ بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان دروست ببێت، ئینجا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت. كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان وه‌كو ده‌سته‌یه‌كی‌ هه‌رێمایه‌تی دروست ببێت، وه‌كو ده‌ستكه‌وتێك ته‌ماشای ده‌كه‌ین كه‌ ئێستا له‌په‌رله‌ماندا له‌گفتوگۆدایه‌.

رۆژنامه‌: كه‌واته‌، ویستی سیاسیی لای ئێوه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان؟
ئازاد جوندیانی: به‌ڵێ‌، لای ئێمه‌ش ‌و لای پارتیش هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ دروست ببێت، ئینجا ئه‌نجام بدرێت.

رۆژنامه‌: به‌ڵام، ئێوه‌ پابه‌ند نه‌بون به‌ كاتی‌ دیاریكراو و نه‌تانویستوه‌ له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكرێت كه‌ مانگی‌ (10)ی‌ ساڵی‌ پار بو، له‌كاتێكدا هیچ پاساوێكی‌ دروست نه‌بوه‌ له‌به‌رده‌مدا؟
ئازاد جوندیانی: ئه‌وه‌نده‌ی له‌ شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌وه‌ گوێم لێبوه‌، سه‌رده‌مێك دیاریكراوه‌ كه‌ ده‌بێت دیاریی‌ بكرێت، له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڕیاری‌ دیاریكردنه‌كه‌ بدرێت، به‌ته‌ئكید نازانم مانگی چه‌نده‌، مانگی (10)یه‌، یان (11)یه‌، لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار، ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌یوه‌ندیدار بڕیاری‌ له‌سه‌ر ده‌دات.

رۆژنامه‌: ئه‌و لایه‌نه‌ كێیه‌ كه‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دیاریی‌ ده‌كات؟
ئازاد جوندیانی: سه‌رۆكی هه‌رێمه‌.

رۆژنامه‌: كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ عێراق له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی‌ خۆیدا، ناڕازی بو به‌ پێكهێنانی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌رێم؟
ئازاد جوندیانی: نازانم كه‌ له‌ روی ده‌ستورییه‌وه‌ چۆنه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌وته‌ نێوان ئێمه‌ و به‌غداوه‌، چ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌ركه‌زی، چ وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی‌ ئاوا سه‌ربه‌خۆ ‌و مه‌ركه‌زی كه‌ هی هه‌مو عێراقه‌، مه‌حكه‌مه‌ی ده‌ستوریی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رئه‌نجام كێشه‌كه‌ هه‌روا كه‌وته‌وه‌، بێگومان مه‌حكه‌مه‌ی ده‌ستوری خۆی بڕیار ده‌دات، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چه‌ند ده‌ستورییه‌، چه‌ند ناده‌ستورییه‌.

رۆژنامه‌: به‌ نیازن ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی، له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان به‌یه‌كه‌وه‌ دابه‌زن؟
ئازاد جوندیانی: با دیاریی‌ بكرێت، ئه‌وكاته‌ هه‌ردولامان به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین‌ و رێكده‌كه‌وین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن بیكه‌ین، من حه‌ز ده‌كه‌م بیڵێم، ئه‌مه‌شیان به‌بێ‌ رێككه‌وتنی هه‌ردولامان نابێت، به‌یه‌كه‌وه‌ رێكده‌كه‌وین، ئێمه‌ له‌و بابه‌ت ‌و شتانه‌، شت له‌یه‌كتر ناشارینه‌وه‌، واته‌ رێككه‌وتنه ‌ستراتیژییه‌كه‌مان بۆ گاڵته‌ نییه‌.

رۆژنامه‌: له‌ئێستادا بۆ مه‌سه‌له‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ دابه‌زین له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا، لای سه‌ركردایه‌تیی‌ هه‌ردولادا بڕیارێكی وا هه‌یه‌؟
ئازاد جوندیانی: دیراسه‌ی‌ ده‌كه‌ین، هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغی گفتوگۆكردن له‌سه‌ری، كه‌ وه‌ختی خۆی هات، دیراسه‌ی‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وكاته‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین.

رۆژنامه‌: ئه‌گه‌ر له‌ دیراسه‌كردندا هه‌ردولا پێتان باش بو كه‌ به‌جیا دابه‌زن، ئاساییه‌؟
ئازاد جوندیانی: بۆ ئاسایی‌ نییه‌، ئێمه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ رابردوشمان هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رتاسه‌رییدا به‌یه‌كه‌وه‌ بوبین، له‌هی شاره‌وانییه‌كاندا جیاواز بوین.

Sbeiy.com © 2007