سازدانی: كامیار عه‌بدوڵڵا
ئه‌گه‌رچی حیزبه سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌مێكه دروشمی دیموكراسیان به‌رزكردوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردی به‌ستوه‌ته‌وه به بونی سیستمێكی دیموكرات له مه‌ركه‌ز، به‌ڵام پێناچێت چه‌مكی دیموكراسی به ته‌واوه‌تی له هزری زۆر له‌سه‌ركرده‌كانی حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستاندا ره‌نگی دابێته‌وه. هه‌ر بۆیه شێوازی حوكمڕانیان له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و تێڕوانینه‌ی هه‌یانه بۆ دیموكراسی له مه‌ركه‌ز زۆر پرسیار هه‌ڵده‌گرێت و مایه‌ی تێڕامانه.
دیموكراسی چییه و شێوازی په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان به به‌غداوه چۆنه و ده‌بێت چۆن بێت؟ ئایا ته‌نها ده‌سه‌ڵاته كه ده‌توانێت دیموكراسی به‌قه‌رار بكات یان لایه‌نی دیكه‌ش ده‌بێت به رۆڵی خۆیان هه‌ستن، ئه‌مانه ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ن كه دكتۆر كامه‌ران مه‌نتك له‌م دیداره‌دا شرۆڤه‌یان ده‌كات و خاڵ ده‌خاته سه‌ر پیته‌كانیان:
_پاش پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، چه‌مكی دیموكراسی بۆته یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌ی كه له وته و گوتاری ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشدا زۆرترین به‌كارهێنانی هه‌بوه، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه بۆ تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتداران له چه‌مكی دیموكراسی چییه، به‌و جۆره‌ی له گوتار و هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسییانه‌وه به ده‌رده‌كه‌وێت؟
د. كامه‌ران مه‌نتك: ئاشكرایه كه مۆدیلی دیموكراسی له عێراق هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به گۆڕانكاریه سیاسی و ئابوری و ململانێكانی جیهانه‌وه هه‌بوه، دورو نزیك په‌یوه‌ندی به‌و گۆڕانكارییه سست و چه‌قبه‌ستوه نه‌بوه كه له‌ناوه‌وه‌ی عێراقدا رویانداوه، كاتێكیش دیموكراسیه‌ت له ده‌ره‌وه‌و له سه‌ر سینی ململانێكاندا دێته وڵاتێك، زیاتر وه‌ك هێزێكی نه‌رم (SOFT POWER ) به‌كارده‌هێنرێت له ململانێكان و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خاوه‌ن هێزه‌كه‌یه نه‌ك لایه‌نی به‌رامبه‌ر، دیاره له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌و وڵاته‌ی كه ئه‌و هێزه‌ی به‌رامبه‌ر به‌كاردێت، ئه‌ویش سودمه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام سوده‌كه‌ی ئه‌و به به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ سوده‌كانی لایه‌نی یه‌كه‌م، شتێكی لاوه‌كیه!
دوای روخانی بلۆكی رۆژهه‌ڵات، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه كرا كه مێژو له به‌رژه‌وه‌ندی لیبراڵیزمدا به كۆتا هات، پێشكه‌وتنی بواره‌كانی گه‌یاندن، یارمه‌تی ئه‌وه‌ی دا كه ئه‌و بانگه‌شه‌یه به شێوه‌یه‌كی زۆر خێرا‌و سه‌رسوڕهێنه‌ر په‌ره بسێنێ! ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه له بن چه‌تری سیسته‌مه تۆتالیتاریه‌كان ده‌یانناڵاند، به جۆش و خرۆشێكی زۆره‌وه پێشوازیان كرد. له لایه‌كی تر گۆڕانی سیسته‌می جیهانی بۆ سیسته‌مێكی تاك جه‌مسه‌ری، پێویستی به‌سه‌ر له نوێ داڕشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێزو سه‌نته‌ره‌كانی هێز هه‌بو له دنیادا، وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك سهركهوتویهكی شه‌ڕی سارد‌و گه‌وره‌ترین هێزی گه‌ردونی، هه‌وڵیدا ئه‌و باره، به لایه‌نی كه‌م له سه‌ره‌تادا، زۆر هوشیارانه بقۆزێته‌وه! بۆیه لێدانی عێراق و ده‌ركردنی له كوێت، بوه سه‌ره‌تایه‌كی له بار بۆ راگه‌یاندنی سیسته‌می نوێی جیهانی، كه هه‌مو ركابه‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش سه‌ره‌تا پێشوازیان لێ‌كرد! ئه‌مریكا خاوه‌نی دو هێزی گه‌وره بو، هێزێكی ماتریالی گه‌وره (HARD POWER)، كه خۆی له چه‌ك و جبه‌خانه و ته‌كنۆلۆژیایه‌كی جه‌نگی زۆر پێشكه‌وتو ده‌نواند، كه تا ئه‌و كاته مرۆڤایه‌تی هاوشێوه‌ی به خۆیه‌وه نه‌دیبو، له‌گه‌ڵ هێزێكی نه‌رم (واتایی - SOFT POWER) كه بریتی بو له كۆمه‌ڵێك دروشم و پڕه‌نسیپ، كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ده‌رونی و گیانی به‌رامبه‌ره‌كانی ده‌كرد، وه‌ك پڕهنسیپهكانی ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموكراسیه‌ت، كه خه‌ڵكانی رۆژهه‌ڵات به شێوه‌یه‌كی گشتی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێبه‌ش بون له‌م پڕه‌نسیپانه و به‌فعلی سه‌ركوت كرابون، به‌گه‌رمی پێشوازیان لێ‌كرد، تینوێتی خه‌ڵك بۆ ئه‌و پڕه‌نسیپانه بوه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌داره‌كان، به تایبه‌تیش له عێراق، كه كانگای دیكتاتۆریه‌ت و تۆتالیتاریزم بو، له خه‌ڵكانی تر زیاتر گره‌و له‌سه‌ر ئه‌و پڕه‌نسیپانه بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك! ئه‌و گره‌و كردنه‌ی ئه‌وانیش به داخه‌وه زیاتر به كارهێنانێكی دروشم ئامێز بو! چونكه خۆیان خاوه‌نی پاشخانێكی هزری و كه‌لتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی وا بون كه له‌گه‌ڵ ناواخنی ئه‌و پڕه‌نسیپانه هاوكۆك نه‌بو! لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به وردی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه بوه‌ستین!.
سه‌ره‌تا دیموكراسی یۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست گه‌شه بكا، پێویستی به ژینگه‌یه‌كی له بار هه‌یه، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه هه‌وڵده‌درێ دیموكراسیه‌تی تیادا پیاده بكرێت، به لایه‌نی كه‌م خاوه‌نی كه‌لتورێك بێت كه چه‌مكه‌كانی ئه‌و ستایله قبوڵ بكات و نامۆ نه‌بێت به چه‌مكه‌كانی فره‌ره‌نگی و یه‌كتر قبوڵكردن و رێز له‌به‌رامبه‌ر گرتن و باوه‌ڕ بون به یه‌كسانی و بهیهكهوهژیانێكی هاوسه‌نگ و گیانی لێبورده‌یی! كه به داخه‌وه له عێراقدا ئه‌و ژینگه‌یه له بار نه‌بو، چونكه به ده‌یان ساڵ بو، كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌و ته‌نانه‌ت تواندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و دروستكردنی هاوڵاتی پله یه‌ك و پله دو ده‌كرا، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له واقعدا شتێك نه‌بو و نیه به ناوی كۆمه‌ڵگای عێراقی، به‌ڵكو بونی كۆمه‌ڵێك كۆمه‌ڵگای جیاواز، كه له رێگای هێز و سیاسه‌ته‌وه، به درێژایی زیاتر له هه‌شتا ساڵ كار بۆ به‌یه‌كه‌وه گرێدانیان ده‌كرا! كه دیاره له كۆتایدا ئه‌و هه‌وڵه شكستی هێنا!
له‌و ژینگه‌یه‌دا، عه‌ره‌ب خۆیی پێ نه‌ته‌وه‌یه‌كی باڵا ده‌ست بو، (ئێساش هه‌مان حاڵه‌ت هه‌ر به‌رده‌وامه)، هه‌وڵیده‌دا نه‌ته‌وه‌كانی تر بتوێنێته‌وه، خاكیان بكاته به‌شێك له عه‌ره‌بستانی گه‌وره و نه‌ته‌وه‌كه‌ش بكا به عه‌ره‌ب! له‌مه‌دا هه‌ڵوێستی عه‌ره‌ب به شێوه‌یه‌كی گشتی یه‌كانگیر بو، به ئاست و شێوازی جیا جیا! به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌ته‌وه‌ی كورد، وه‌ك دوه‌م نه‌ته‌وه، له ژێر ئه‌و فشارانه، دو چاری ماندو بون ببو، به‌ڵام كۆڵی نه‌ده‌دا، سه‌رباری ئه‌مه‌ش خنكاندنی ئازادیه‌كانی دوچاری دونیهت و خۆ به‌كه‌م زانینی كردبو! به‌رامبه‌ر كه‌سایه‌تی عه‌ره‌بی داگیركه‌ر! كه ئه‌م باره هه‌رگیز له‌گه‌ڵ پڕه‌نسیپه دیموكراسیه‌كان یه‌كناگرێته‌وه، چونكه له پاڵ یه‌كتر قبوڵكردنهكهدا، ده‌بێت ئیراده‌یه‌كی ته‌ندروستیش له ئارادا بێت، ئه‌گه‌ر خاڵی یه‌كه‌م لای عه‌ره‌ب به‌دی نه‌ده‌كرا، ئه‌وا كورد له خاڵی دوه‌م بێبه‌ش بو! ، راسته به‌درێژایی مێژوی نوێی خۆی به‌رده‌وام بو له خه‌باتی چه‌كداری، به‌ڵام به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌ی كورد، ئه‌وانه‌ی كه به‌ره‌نگاری ئه‌و باره ده‌بونه‌وه، ژماره‌یان زۆر كه‌متر بو له‌وانه‌ی خۆیان به‌ده‌سته‌وه داب‌و! ئه‌مه‌ش سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی رێگای بهرهنگاربونهوهشیان هه‌ڵبژاردبو، كه‌وتبونه نێو گه‌مه‌یه‌كی سیاسی هه‌رێمی و نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه و له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا به كردار، ره‌نگدانه‌وه‌ی خواست و ویستی گه‌لی كورد نه‌بون! بگره ئه‌وانیش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان زیانێكی گه‌وره‌یان به كورد و بزاڤی رزگاریحوازی كورد گه‌یاند!
كۆمه‌ڵگایه‌كی وا شێواو ناتوانێت سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی وا به‌رهه‌م بهێنێت كه به‌راستی باوه‌ڕی به دیموكراسیه‌ت هه‌بێت! بۆیه نه له‌ناو ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی عێراقیدا، نه له ناو بزاڤی رزگاریخوازی كورد له باشور، سه‌ركرده‌یه‌ك نابینی، كه به‌راستی باوه‌ڕی به‌و قسانه‌ی خۆی بێت كه ده‌رباره‌ی دیموكراسیه‌ت ده‌یكات! ئۆپۆزسیۆنی سیاسی عه‌ره‌ب له عێراق شێوازێكی مه‌زهه‌بی... ئاینی هه‌بو، كه ئه‌مه له روی ئایدیۆلۆژیه‌وه له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت ناگونجێت! چونكه دیموكراسیه‌ت به ته‌نیا هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان نیه، هه‌ڵبژاردن له سیسته‌مه تۆتالیتاریهكانیش ئه‌نجام ده‌درێت! ئه‌نجامه‌كه‌شی زانراوه و هه‌میشه له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركرده‌ی دیكتاتۆردایه! ، هه‌مان بۆچون له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنی كوردیش پراكتیزه ده‌بو، له دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌مه‌وه، بزاڤی كوردی، دروشمی دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی هه‌ڵگرتوه، كه‌چی ئێمه به درێژایی ئه‌و مێژوه ره‌فتارێكی دیموكراسی له ناو ئه‌و بزاڤه‌دا به دی ناكه‌ین! وه‌كو چه‌مكی حیزب، ئه‌و گروپه سیاسیانه‌ی له كوردستان له‌و ماوه‌یه ناوی حیزبیان له خۆیان ناوه، حیزب نه‌بون به چه‌مكه زانستیه‌كه‌ی، به‌ڵكو زیاتر له خێڵێكی سیاسی ده‌چون، به پێچه‌وانه‌ی حیزبه‌كانی دوای جه‌نگی یه‌كه‌م، وه‌كو حیزبی ئازادی، كه مه‌رجه‌كانی حیزبیان زیاتر به خۆوه گرتبو، واته له دوای جه‌نگی دوه‌مه‌وه بزاڤی كورد، له هه‌مو ماوه‌ی جه‌نگی سارددا، له دواوه بۆ دواتر هه‌نگاوی ده‌نا! تا گه‌یشته راپه‌ڕین، ده‌ستكه‌وته‌كانی بریتی بون له ریزبهندێك له شكستی یه‌ك له دوای یه‌ك، كه كوردیان دوچاری ماڵوێرانیه‌كی گه‌وره كرد! حیزب له كوردستان له پێكهاته و پهیوهندیهكانیشیاندا، پێكهاته و په‌یوه‌ندیه‌كی خێڵه‌كیانه بو! هه‌ندێك له پاڵ لایه‌ك بون، هه‌ندێكی تر لایه‌نگیری لاكه‌ی تریان كردوه، ژماره‌یه‌كی زۆریش له خێڵه گه‌وره‌كان، به‌هۆی ناكۆكیان له‌گه‌ڵ ئه‌و خێڵه سیاسیانه‌ی ناویان له خۆیان نابو حیزب، چوبونه پاڵ دوژمنانی كورده‌وه! بۆیه سه‌ره‌ڕای دروشمه‌كانی په‌یوه‌ست به دیموكراسی، له هه‌مو ته‌مه‌نی بزاڤی رزگاریخوازی كورددا، كێشه‌یه‌ك نابینیه‌وه له رێگای دیموكراسیه‌وه چاره‌سه‌ر كرابێت، ئه‌وانه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش مێژوی ئه‌و ماوه‌یه‌یان به وشه‌ی بریقه‌دار رازاندۆته‌وه، به‌راستیان نه‌گوتوه! جا به‌هه‌ر مه‌به‌ستێك بوبێت! چونكه هه‌میشه هه‌وڵدراوه كه كێشه‌كان له رێگای زمانی چه‌كه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌مه‌ش نه‌ك چاره‌سه‌ریان نه‌كردوه، بگره قوڵتریان، كردۆته‌وه! ده‌رئه‌نجامیش به‌رده‌وام كورد له په‌نای كوردایه‌تیه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌م لا، یاخود ئه‌ولا به كوشت دراوه! ته‌نانه‌ت له‌و كاته هه‌ستیارانه‌ی كه كورد له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوندا بوه، به تایبه‌تیش له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌وان ده‌ستیان له بینه‌قاقای یه‌كتر نابو، له ژێر باڵی پێشمه‌رگایه‌تیدا كوڕی كوردیان به كوشت ده‌دا، ئه‌وانه‌ی له ئاگری رژێمه‌كه‌ی سه‌دام رایانده‌كرد و به‌ره‌نگاری جه‌ورو سته‌می داگیركه‌ران ده‌بونه‌وه، له ئاگری به ناو ئه‌و سه‌ركرده سیاسیانه‌دا و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ده‌سوتان، كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی، نه به ئازادیه‌وه، نه بهرزگاریهوه، نه بهدیموكراسیهوه هه‌بو! به‌ڵكو ته‌نها له پێناو درێژه‌پێدان و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێك بو، كه رۆژگار سه‌لماندی له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نه‌بو! ته‌نانه‌ت هه‌ر ساڵێك دوای راپه‌ڕین مه‌زن و مێژویی، كه له لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان، دژی دیكتاتۆریه‌ت سه‌ریهه‌ڵدا، باره‌كه‌یان به شێوازێكی تر وه‌رچه‌رخانده‌وه و بونه دارده‌ستی هێزه هه‌رێمیه‌كان و كه‌وتنه وێزه‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد له باكور! به‌مه‌ش سیمای بزاڤی كوردیان له باشور ناشرین كرده‌وه، كه راپه‌ڕین جوانیه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕاندبوه‌وه! پاشان كه‌وتنه شه‌ڕی ناوخۆ، ئه‌وه‌ی خوا پێی ناخۆشه دژی یه‌كتر و دژی میلله‌تی كورد ئه‌نجامیاندا!
له‌و جۆره زه‌مینه‌یه‌دا چۆن دتوانرێ باسی دیموكراسی بكرێت، كه نه‌ك هیچ ئاماده‌ییه‌كیان تیا نه‌بوبێت به شێوازێكی ئاشتیانه ده‌ستاوده‌ست به ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، به‌ڵكو ئاماده‌یی ئه‌وه‌شیان تیا بو، كه ته‌نیا له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان، دڕنده‌ترین رژێمی سه‌ده‌ی بیسته‌م بێننه‌وه سه‌ر خاكی خۆیان، رازی بن به‌وه‌ی په‌ر له‌مان و پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، بخه‌نه‌وه ژێر پۆستاڵی ئه‌و سوپایه‌ی كه ئه‌نفال و كیمیابارانی كوردستانی ئه‌نجامدا! ئه‌م ره‌فتارانه دیاره نه‌ك په‌یوه‌ندیان به دیموكراسیه‌ته‌وه نیه، به‌ڵكو دزێوترین دیكتاتۆریش ئه‌مه له خۆی قبوڵ ناكا!.
_هه‌رێمی كوردستان كه به ره‌سمی وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵ له عێراقدا ناوی ده‌هێنرێت، ئایا فیدراڵی بون ته‌نیا له په‌یوه‌ندی هه‌رێم به ناوه‌نده‌وه واتا ده‌به‌خشێت یا ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمێكی فیدراڵ پێویسته و ده‌بێت له ئاستی ناوخۆی هه‌رێمیشدا كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێت له سه‌ر بنه‌مای دیموكراسییه‌ت؟
د. كامه‌ران مه‌نتك: له روی یاساییه‌وه فیدراڵی جۆرێكه له سیسته‌می سیاسی كه په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمه‌كان و مه‌ركه‌ز رێكده‌خات و ده‌سه‌ڵاتیان له نێواندا دابه‌ش ده‌كات، دیاره ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانرێت دابه‌ش بكرێت، ئه‌گه‌ر هاتو دیموكراسیه‌ت نه‌بێت! بۆیه سیسته‌می فیدراڵی به شێوه‌یه‌كی تۆكمه به دیموكراسیه‌وه گرێدراوه. یه‌كگرتنێكی ئاره‌زومه‌ندانه له نێوان هه‌رێمه‌كاندا، پێویستی به ئیراده‌یه‌كی سیاسی ئازاد هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌بێت ژینگه‌یه‌كی بۆ بڕه‌خسێت تا مافه‌كانی خۆی پیاده بكات، بۆیه به بێبونی دیموكراسیه‌ت ناتوانرێت باس له فیدراڵیه‌ت بكرێت!.
كه‌واته بۆ دابین بون و سه‌ركه‌وتنی سیسته‌می فیدراڵی، به‌ر له لایه‌نه یاسایی و سیاسیه‌كان، پێویستیمان به كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌یه، باوه‌ڕی به به‌یه‌كه‌وه ژیانێكی ئاره‌زومه‌ندانه هه‌بێت، باوه‌ڕ بون به‌وه له ئارادا بێت كه خه‌ڵكانی هه‌رێمه‌كانی تریش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه ناوچه‌كه‌ی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن! ئه‌و یه‌كگرتنه به مه‌به‌ستی پاراستن و مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مو لایه‌كه! به‌ڵام له عێراقدا كه باس له سیسته‌می فیدراڵی ده‌كرێت، ئه‌و ره‌گه‌زانه به‌رچاو ناكه‌ون! راسته ده‌ستورێك هه‌یه باس له یه‌كێتیه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه ده‌كات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا، دوای تێپه‌ڕ بونی حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوره وه‌كو ده‌قێكی یاسایی جوان ماوه‌ته‌وه‌و كاری پێنه‌كراوه! زه‌مینه‌ی سیاسی و كه‌لتوری عێراق بواری پراكتیزه‌كردنی هیچ ماده‌یه‌كی له ماده‌كانی ده‌ستور نه‌داوه، نه‌ك به ته‌نها ئه‌و مادانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به هه‌ندێك كێشه‌ی سیاسی و ستراتیژی قوڵ و گرنگه‌وه هه‌یه، وه‌كو ماده‌ی (140)، به‌ڵكو هیچ كام له‌و مادانه‌ش جێبه‌جێنه‌كراوه كه په‌یوه‌ندیان به ماف و ئازادیه گشتیه‌كانه‌وه هه‌یه! كه ئه‌مانه كۆڵه‌كه‌ی بنه‌ڕه‌تی سیسته‌می دیموكراسین! راسته له عێراق تاكه هه‌رێمێك هه‌یه به ناوی هه‌رێمی كوردستان، به‌كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی قوڵه‌وه! به‌ڵام ئه‌و هه‌رێمه به دور و نزیك په‌یوه‌ندی به ده‌ستور و فیدراڵیه‌وه نه‌بوه، چونكه به‌ر له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوریش ئه‌و هه‌رێمه وه‌كو واقعێكی نوێی دوای به كۆتا هاتنی شه‌ڕی سارد و هاتنه ئارای گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسی نێوده‌وڵه‌تی دامه‌زرا، پاشان كه‌وته كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی تریش رابكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی فیدراڵی رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام له‌مه‌دا شكستی هێنا، چونكه له عێراقدا، جگه له هه‌رێمی كوردستان، ناوچه‌كانی تری عێراق، كه‌لتورێكی وای تیا نیه ئه‌م سیسته‌مه قبوڵ بكات، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا هه‌ندێك لایه‌ن، به تایبه‌تی شیعه‌كان، وه‌كو (مجلس الاعلی) لایه‌نگیری خۆیان بۆ ئه‌و سیسته‌مه راگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌وانیش له ژێر كاریگه‌ری شه‌قامی عه‌ره‌بی و سه‌ر له‌نوێ بوژانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی توندڕه‌وی عه‌ره‌بی، كه دوای روخانی رژێمی به‌عس لاواز ببو، له‌و لایهنگیریكردنه په‌ژیوان بونه‌وه! ئێستا جگه له كورد هیچ لایه‌نێك به كرده‌وه، نه‌ك به ته‌نیا پاڵپشتی سیسه‌می فیدڕاڵی ناكه‌ن، به‌ڵكو شێلگیرانه كار ده‌كه‌ن بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی مه‌ركه‌زو گه‌ڕاندنه‌وه عێراق بۆ باوه‌شی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی!
له وڵاتێكدا ناتوانرێت هیچ هیوایه‌ك بۆ فیدراڵیه‌ت بینا بكرێت، كه هیچ بنه‌مایه‌كی دیموكراسی تیادا نه‌بێت! ئه‌مه ته‌نیا بۆچونی لایه‌نه عه‌ربیه‌كان ناگرێته‌وه، به‌ڵكو كوردیش، كه‌خۆی به‌رگریكاری سه‌ره‌كی دروشمی فیدراڵیزمه له عێراق، به شێوه‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه ناچێته ناو ئه‌و یه‌كێتیه‌وه، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، وه‌ك له راپرسیه نا فه‌رمیه‌كه‌ی ساڵی ( 2005)یش ده‌ركه‌وت له‌گه‌ڵ جیابونه‌وه‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدان! كه‌واته پڕۆژه‌ی فیدراڵی بۆ كوردیش له ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ه‌ندی زلهێزه‌كاندایه و ئیراده‌ی سیاسی خه‌ڵكی كوردستان ئاره‌زوی ئه‌و یه‌كێتیه‌ی تیادا نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد له ده‌وڵه‌تی عێراقدا بۆ ماوه‌ی زیاتر له هه‌شتا ساڵ بۆته خاوه‌نی مێژویه‌كی هێنده خوێناوی، كه زۆر ئاسته‌نگه به‌ویستی خۆی له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا بمێنێته‌وه! بۆیه ئێستا له‌واقعی عێراقدا شتێك نیه به ناوی فیدراڵی، ئه‌و سیسته‌مه‌ش له عێراق شكستێكی گه‌وره‌ی هێنا، بۆیه له عێراقدا ته‌نیا دو رێگاچاره هه‌یه، یا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مه‌ركه‌زێكی به‌هێز، كه له رێگای به كارهێنانی تۆقاندن و هێزه‌وه هه‌وڵبدات جیاوازیه‌كان به‌یه‌كه‌وه كۆ بكاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌وا رژێمی سه‌دام كردی، یاخود عێراق دابه‌شبكرێت و له جیاتی ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان وه‌كو به زۆر به براكراو به‌یه‌كه‌وه بژین، ببنه هاوسێی باش بۆ یه‌كتر و په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش رێكبخه‌ن!.
_رۆژانه له میدیا و راگه‌یاندنی ئه‌هلی و ئۆپۆزسیۆنه‌وه زۆر گوێمان له‌وه ده‌بێ كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان پێشێلكه‌ری دیموكراسییه له ناو خۆی هه‌رێمدا، لێره‌وه ده‌مه‌وێ بپرسم ئایا وه‌دیهێنه‌ری دیموكراسی له كۆمه‌ڵگادا ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه كه ره‌خنه‌كان هه‌موی روبه‌ڕوی ئه‌و بكرێته‌وه، یاخود هۆكاری دیكه‌یش له ئارادان، بۆ نمونه وه‌كو كۆمه‌ڵگا خۆی؟
د. كامه‌ران مه‌نتك: سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بڵێین كه ناتوانرێت دیموكراسیه‌ت له‌یه‌ك گۆشه نیگای كۆمه‌ڵگا، یاخود ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه، سه‌یر بكرێت، واته به دو روانگه‌ی جیاواز، روانگه‌ی خه‌ڵك و روانگه‌ی ده‌سه‌ڵات، چونكه دیموكراسی پڕۆسه‌یه‌كه په‌یوه‌ندی به هه‌مو كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی زیندو! ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و هۆكارانه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌ن و كاریگه‌ری خۆیان هه‌یه! بۆ وێنه ئه‌و سیسته‌مانه‌ی كه له رۆژهه‌ڵات به گشی و رۆژهه‌ڵاتی ناوین به تایبه‌تی هه‌ن، چ ئه‌وانه‌ی تۆتالیتارین یاخود ئه‌وانه‌ی دیموكراسین، زیاتر له ژێر كاریگه‌ری هۆكاره دهرهكیهكاندان، وه‌لێ هۆكاره ناوخۆییه‌كانیش رۆڵی خۆی بینیوه له چه‌سپاندن و سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كاریگه‌ریه ده‌ره‌كیانه! چونكه له بنه‌ڕه‌تدا نه‌خشه‌ی سیاسی له‌و ناوچه‌یه‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیه ده‌ره‌كیه‌كاندا داڕێژراوه، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی ئه‌و ناوچه‌یه! له پاڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه له روی شارستانیه‌ته‌وه له قۆناغی داڕماندان، به پێچه‌وانه‌ی شارستانیه‌تی رۆژئاوا، كه له پێشوه‌چونێكی زۆر خێرادایه! ئه‌مه وایكردوه كه ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه خۆیان له بنه‌ڕه‌ته‌وه خاو و ته‌وه‌زه‌ل بن و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كانیان دیار‌و به‌رچاو نه‌بێت! ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه خه‌ڵك له‌و وڵاتانه هه‌میشه ملكه‌چ و هه‌وسار له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتن و ده‌سه‌ڵات چۆنیان باژوا، وا ده‌ڕۆن به‌ڕێوه! نه‌خێر، ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌هێزیش به‌رگوێ ده‌كه‌وێت! هێزێ رێكخراویش ده‌بینرێت كه به‌رگی ئۆپۆزسیۆنی پۆشیوه، كه به‌داخه‌وه له‌م وڵاتانه‌دا هه‌میشه په‌نای بۆ خه‌باتی چه‌كداری بردوه و بواری ئۆپۆزسیۆنبونی سیاسی كه‌م ره‌خساوه! به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت چۆن سیسته‌می سیاسی له نه‌خشه‌و كاره‌كانیدا كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری هێزه ده‌ره‌كیه‌كان و له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا زیاتر ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ده‌كات، نه‌ك میلله‌ته‌كه‌ی خۆی! ئۆپۆزسیۆنیش به هه‌مان شێوه مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بونی خۆی، له پاڵپشتی هه‌مان هێزه ده‌ره‌كیه‌كانه‌وه ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام به دیوه‌كه‌ی تردا! واته به شێوه‌یه‌كی گشتی گه‌مه‌ی سیاسی له‌و وڵاتانه‌دا له لایه‌ن یه‌ك سه‌رچاوه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت! بۆیه به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگا له هاوكێشه سیاسیه‌كاندا پانتاییه‌كی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه! راسته كۆمه‌ڵگای خه‌وتو ناتوانێت سیسته‌مێكی دیموكرات و ته‌ندروست به‌رهه‌م بێنێت، به‌ڵام وه‌كو تێبینی كرا، له رۆژهه‌ڵاتی ناوین سیسته‌می سیاسی هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به ململانێیه سیاسیه ده‌ره‌كیه‌كانه‌وه هه‌یه، هێنده په‌یوه‌ست نیه به گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاوه! چۆن ده‌توانرێت له كۆمه‌ڵگایه‌كدا باس له دیموكراسیه‌ت بكرێت كه رۆڵی كۆمه‌ڵگا سفر كرابێت! بۆ نمونه زلهێزێكی وه‌كو وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، سیسته‌مێكی وه‌كو سیسته‌مه‌كه‌ی (سه‌دام حسێن) دێنێته سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات و هه‌مو هێزێكی سه‌ركوتكاری ده‌داته ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌و له ناوچه‌كه‌دا بپارێزێت! ئه‌گه‌ر رۆڵیشی ته‌واو بو، ده‌ست بكا به یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆن و به هه‌مان شێوه‌ی پێش‌و یاریه‌كه له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێبكاته‌وه! كه‌واته لێره‌دا ناتوانرێت باس له سیسته‌مێكی سیاسی بكرێت هێنده‌ی ده‌شێت كه باس له باندێكی چه‌كداری بكرێت كه وه‌كو قۆنتهراتێك بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، ئه‌مانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیان به كۆمه‌ڵگاكانیانه‌وه نیه، بۆیه دوای ته‌واوبونی رۆڵهكانیشیان، ئه‌گه‌ر له ژیاندا مانه‌وه، ناتوانن له ناو كۆمه‌ڵگاكانی خۆیاندا بمێننه‌وه! ئه‌م شرۆڤه كردنه به گوێره‌ی واقعی كوردستانیش راستیه‌كی زۆری تێدایه، ده‌سه‌ڵاتێكی ناته‌ندروست و كۆمه‌ڵگایه‌كی ماندو پشتگوێخراو ناتوانێت ئۆپۆزسیۆنێكی ته‌ندروست و عه‌یاره 24 به‌رهه‌م بهێنێت! هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی ئۆپۆزسیۆن، به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵات زۆر كورته و ناكه‌وێته ژێر خانه‌ی به‌راوردكردنه‌وه، چونكه له كوردستاندا، تاوه‌كو 25\7 ئۆپۆزسیۆنێكی رێكخراو به‌رچاو ناكه‌وێت!
سه‌رباری ئه‌مه له هه‌رێمی كوردستان ناكرێت باس له بونی جۆرێك له سیستمی سیاسی بكرێت، نه‌ك له دیموكراسیه‌ت! چۆن ده‌توانین له هه‌رێمێكدا باس له بونی سیسته‌مێكی سیاسی بكه‌ین، كه له‌ماوه‌ی نۆزده ساڵدا نهیتوانبێت له سێ نیمچهشاری بچوكدا حكومه‌تێكی یه‌كگرتو دابمه‌زرێنێ و هه‌رێمێكی یه‌كگرتو بێنێته به‌رهه‌م! له كوردستاندا شتێك نیه پێی بگوترێ سیسته‌می سیاسی، به‌ڵكو ئه‌م سێ شاره وه‌كو موڵكی تایبه‌ت له نێوان دو خانه‌واده‌ی دیاری عێراقی دابه‌شكراون! له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌وانه‌وه ته‌نانه‌ت مافی هاوڵاتی بونیش به كه‌س ره‌وا نابینرێت! به‌شێك له كۆمه‌ڵگای كوردی، كه له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌ژی، بۆ سه‌ر دو چینی سه‌ره‌كی دابه‌شكراون، به‌شێك به‌رژه‌وه‌ندی دارن و له ده‌وری سه‌ری ره‌ش و قه‌ڵاچوالان گرد بونه‌ته‌وه، كه ئه‌وانه هه‌مو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگایان كۆنترۆڵكردوه، هه‌ر له بواری ئابوری و بازرگانیه‌وه، تاده‌گاته وه‌زیفه ئیداری و سیاسیه‌كان و شۆڕده‌بێته‌وه بۆ بچوكترین بواره‌كانی كاركردن و دامه‌زراندن و خوێندن و چێژ وه‌رگرتن له ژیان، به هه‌مو پانتاییهكانیهوه! زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش نامۆكراوه به كۆمهڵگاو له سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی بێبه‌شكراوه، هه‌روه‌ك چۆن له كوردستان ناكرێت باس له سیسته‌مێكی سیاسی هاوچه‌رخ بكرێت، ئه‌گه‌رچی وه‌كو روخسار، ئامڕازه‌كانی سیسته‌می تیادایه، وه‌ك قه‌زاو په‌رله‌مان و... هتد، به‌ڵام ئه‌و ئامڕازانه له په‌ل و پۆخراون و ناتوانن رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان بگێڕن! هاوكات ناتوانرێت باس له شتێك بكرێت به ناوی دیموكراسی! ئه‌و نه‌فه‌سه ئازادیه‌ی له كوردستان هه‌یه ده‌رئه‌نجامی ئه‌قڵیه‌تی سیاسی كوردی نیه، ره‌نگدانه‌وه‌ی دیموكراسیه‌تیش نیه له كوردستان، به‌ڵكو شه‌پۆڵێكی جیهانیه‌و وه‌كو سۆفت پاوه‌رێك به‌ختی خۆی له كوردستان تاقیده‌كاته‌وه و كۆمه‌ڵگای كوردی خستۆته ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه! ده‌ستكه‌وتی نۆزده ساڵه‌ی ئه‌زمونی سه‌ربه‌خۆیی كوردی، ئه‌و تروسكه ئازادیه، كه ئێستا ده‌سه‌ڵاتی روبه‌ڕوی بۆته‌وه‌و به‌رۆكی لێگرتوه، ئه‌گینا له هه‌مو بواره ستراتیژی و چاره‌نوس ئامێزه‌كاندا، دوچاری شكستی زۆر گه‌وره بوه‌و، مه‌سه‌له‌ی كوردی له مه‌سه‌له‌یه‌ك، كه خه‌ریك بو دوای راپه‌ڕین به نێوده‌وڵه‌تی ببو، كرده‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی بچوكی ناوخۆی عێراق، له روی جوگرافیه‌وه نه‌ك ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ته‌وه كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، پانتاییه‌كی تری فراوانی خاكی كوردستانیشی له ده‌ستدا!.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد، تاوه‌كو ئێستا هیچ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناوخۆیی له نێوان ئه‌و دو هێزه سه‌ره‌كیه‌ی كوردستان له رێگای گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر كراوه؟! ئێساش كه ناكۆكیه‌كان تۆزێك چڕ ده‌بێته‌وه، خه‌ڵك له‌رزو تای شه‌ڕی ناوخۆ ده‌گرێ! كه ده‌سه‌ڵاتێكی یاسایی له وڵاتێكدا نه‌بو، یاسا به‌یه‌كسانی بۆ هه‌مو تاكه‌كان وه‌كویه‌ك نه‌بو، ناتوانرێت باس له دیموكراسیه‌ت بكرێ! ئێستاش به‌رامبه‌ر هه‌ر ته‌نگژه‌یه‌ك هێزه سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان، وه‌كو هێزی چه‌كداری حیزبی دێنه مه‌یدان، هیچ بوارێك بۆ حكومه‌ت ناهێڵرێته‌وه، كه له كوردستاندا وا ئاوێته‌ی یه‌كتر بون، به ئاسانی له یه‌كتر جوێناكرێنهوه، كوا ئه‌و هێزه كه‌وا به كرده‌وه هی حكومه‌ته و هی حیزب نیه، له كاتی ته‌نگژه‌كاندا بێلایه‌نی هه‌ڵده‌بژێرێ به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندیه حیزبیه‌كان ده‌بینێته‌وه!
دواتر ده‌بێت ئه‌وه بزانرێت كه‌وا دیموكراسیه‌ت نیوه‌ی هاوكێشه‌كه‌یه و هه‌مو هاوكێشه‌كه نیه! دیموكراسی به بێ لیبرالیزم ته‌نیا كۆمه‌ڵێك كارڕایی روخساریه و بێ ناوه‌ڕۆكه، كه ده‌كرێت له سیسته‌مه تۆتالیتاری و دیكتاتۆریهكانیش ئه‌نجام بدرێت، نمونه‌ی ئه‌مه‌ش یه‌كجار زۆره، له هه‌مو سیسته‌مه تۆتالیتاریهكانی رۆژهه‌ڵات هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌رئه‌نجامه‌كانیش پێشینه زانراون! به‌داخه‌وه كوردستانیش توشی هه‌مان نه‌خۆشی بوه! دیموكراسیه‌ت ئه‌وه نیه خه‌ڵك وه‌كو رۆبۆتێك بنێردرێنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و دوای دانانی كارته‌كان رۆڵی ئه‌وان ته‌واو بێت! به‌ڵكو ده‌بێت راو بۆچونی جیاواز هه‌بێت ده‌رباره‌ی ئه‌و شێوازه‌ی وڵاتی پێبهڕیوه ده‌بردرێت! واته ده‌بێت بواری ئازادیه‌كان دابین بكرێت و خه‌ڵك بتوانن رای خۆیان به‌ئازادی ده‌ربڕن، به بێبونی فره ره‌نگی و گیانی لێبورده‌یی یه‌كتر قبوڵكردن و ئازادی راده‌ربڕین، دیموكراسیه‌ت هیچ واتایه‌كی نامێنێت! پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌نیا وه‌ك ئامڕازێكی دیموكراسی ده‌مێنێته‌وه بۆ چه‌سپاندی نادیموكراسیهت! له كوردستانیش به هه‌مان شێوه، ناكرێت چوارچێوه‌یه‌كی وا بۆ ئازادی راده‌ربڕین دابنرێت تا ئه‌و شوێنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌پارێزرێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه باڵاكان، بكرێن به چوارچێوه‌ی ئه‌و ئازادیه!
به‌و پێودانگه له كوردستاندا شتێك نیه به ناوی دیموكراسیه‌ت، به‌ڵكو تاوه‌كو ئێستا دیموكراسیه‌ت باشترین دروشم بوه كه له په‌نایدا درێژه به‌گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی دراوه. له سیسه‌می دیموكراسیدا، ده‌بێت هه‌مو هاوڵاتیان یه‌كسان بن به‌رامبه‌ر یاسا، ده‌بێت لێپێچینه‌وه بۆ هه‌مو لایه‌ك وه‌كو یه‌ك بێت، ناكرێت كه‌سێك وڵاتێك وێران بكات، كه‌سێك پێی نه‌ڵێ له پشت چاوت دو برۆ هه‌یه، كه‌سێكیش ته‌نها به‌رامبه‌ر ناڕێكیهكان و ناعهدالهتیهكان هاوار بكا، بدرێته به‌رده‌م دادگا! ناكرێت مرۆڤ كوشتن ئاسایی بێت و هاواری ئازاردراوانیش بدرێته دادگا ؟! له كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئاوادا، دیموكراسی چۆن شوێنی ده‌بێته‌وه! دیموكراسی، له‌سه‌روی هه‌مو شتێكه‌وه پێویستی به كۆمه‌ڵگایه‌كه كه فێری بیركردنه‌وه بوبێت ؟! لاشی ئاسایی بێت كه خه‌ڵكی تر هه‌ن و شێوازی بیر كردنه‌وه‌یان جیاوازه، به بێئه‌وه‌ی له‌وه بترسێت كه ئه‌و جیاوازیانه به‌ره‌و شه‌ڕێكی ناوخۆی ده‌بات!.
ده‌سه‌ڵات كاریگه‌ریه‌كی زۆر نێگه‌تیڤانه‌ی هه‌بوه له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندن و پێشوه‌چونی پڕۆسه‌ی دیموكراسی له كوردستان، ته‌نانه‌ت مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ش بوه بۆ سه‌ر له‌به‌ری ئه‌زمونی كوردی، كه ته‌مه‌نی له مێژوی نوێ‌دا خۆی له دو سه‌ده ده‌دا! له هه‌مو شتێك مه‌ترسیدار تر ئینتیمای تاكه‌كانیان بۆ خاك و نیشتمان لاواز كرد! پڕه‌نسیپه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان چروك و ریسواكرد، هه‌مو تواناكانی كوردیان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان به‌هه‌ده‌ر دا، ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس به‌م هه‌مو توانایه‌وه بۆ ماوه‌ی 35 ساڵ بۆی نه‌چوه سه‌ر، ئه‌وان توانیان له ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌نجامی بده‌ن! تۆوی بیئومێدیهكی ترسناكیان له ناو میلله‌ت چاند، ئه‌و دایكانه‌ی به‌شانازیه‌وه رۆڵه‌كانیان كرده قوربانی نیشتمان، ئێستا لێوی په‌شیمانی ده‌كرۆژن! وه‌لێ هێشتان خۆیان به‌خته‌وه‌رتر ده‌زانن له‌و دایكانه‌ی كه رۆڵه‌كانیان له شه‌ڕی ناوخۆ كوژرا، ئه‌وان تا ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه كه كوڕه‌كانیان بونه قوربانی چی!؟.
له وڵاتێكدا ده‌سه‌ڵات وه‌ڵامی بۆ ئه‌و هه‌مو پرسه ئاڵۆزه پێنه‌بێت، ناتوانرێت باس له پڕه‌نسیپ و به‌هاكانی دیموكراسیه‌ت بكرێت، كێشه‌ی میلله‌تی كورد هه‌رگیز له قوربانیدان نه‌بوه، كه له‌و باره‌یه‌وه ئاماده‌ییه‌كی له بن نه‌هاتوی تیایه، به‌ڵكو كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه نه‌یزانیوه قوربانی له پێناو چیداوه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵات، یاخود بۆ هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێك! ؟ ده‌بێت كۆمه‌ڵگای كوردی فێری ئه‌وه بێت كه چۆن قوربانیه‌كانی به شێوه‌یه‌كی ئه‌قڵانی بخاته كار!.
له‌و جۆره كۆمه‌ڵگایه و به بونی ئه‌و شێوه ده‌سه‌ڵاته، ناتوانرێت باس له ئۆپۆزسیۆنێكی ته‌ندروست بكرێت! هه‌رچه‌نده له كوردستان تاوه‌كو 25\7 شتێك نه‌بوه به ناوی ئۆپۆزسیۆنێكی رێكخراو، ئه‌و حیزبه بچوكانه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی دو حیزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان (پارتی و یه‌كێتی) بون، له واقعدا هه‌ر له مه‌داری ئه‌واندا ده‌خولانه‌وه، بۆیه هه‌میشه له سه‌ر دو په‌ت یارییان كردوه، پێیه‌كیان له ناو ده‌سه‌ڵات بوه‌و ده‌سكه‌وتیان چنیوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیش شینیان گێڕاوه و سهردولكهیان چڕیوه! كه له راستیدا ئه‌مه له هه‌ردو مۆركی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بێبه‌شی كردون و ده‌بێت له په‌راوێزێكی تری سیاسه‌تدا شوێنێكیان بۆ بدۆزرێته‌وه! ، ئه‌وانه نه‌ك به ته‌نیا له شێوازی بیركردنه‌وه، به‌ڵكو له رهفتارهكانیانیشدا كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری حیزبه گه‌وره‌كان، سه‌ركرده‌كانی ئه‌وانیش به كورسی سه‌ركردایه‌تی هه‌تا هه‌تاییه‌وه لكان و ده‌ستیان لێبه‌ر نه‌بو! بۆیه تا 25\7 له كوردستان شتێك نه‌بو به ناوی ئۆپۆزسیۆن، داهاتوش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنی كه ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌یه، یاخود ئه‌ویش به‌شێك بوه له‌و گه‌مه سیاسیه ناته‌ندروسته‌ی كه له كوردستان له ئارادایه!.
_دواجار ئه‌و كۆسپ و ئاسته‌نگانه‌ی له به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی دیموكراسیدان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت بریتین له چی و پێتوایه رێگه‌ی شیاو بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان چییه؟
د. كامه‌ران مه‌نتك: راسته دیموكراسیه‌ت، به به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ ئه‌و سیسته‌مه سیاسیانه‌ی تر، كه تا ئێستا كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی پێیگه‌یشتوه، لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌كانی زۆرتره، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه سیسته‌مێكی ته‌واو كامڵه! ئه‌ویش وه‌كو هه‌مو سیسته‌مه‌كانی تر، روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی زۆر جدی ده‌بێته‌وه، هه‌رچۆنێك بێت گه‌وره‌ترین كێشه بۆ دیموكراسیه‌ت له رۆژهه‌ڵات به گشتی، نه‌بونی ژینگه‌یه‌كه كه هاوشێوه‌ی ئه‌و ژینگه‌یه بێت كه ئه‌و سیسته‌مه‌ی تیادا له دایك بوه، یاخود به لایه‌نی كه‌م تۆزێك له‌و بچێت! ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی دیموكراسیه‌ت وه‌كو دروشمێكی سیاسی هاتۆته ئه‌و ناوچه‌یه، نه‌ك شێوازێك بۆ ژیان! بۆیه ئه‌و دروشمه هێنده به‌رزكراوه‌ته‌وه، كه چه‌مكه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی له ده‌ستداوه‌و بۆته وه‌همێكی گه‌وره‌ی ئه‌فسون ئامێز! ئه‌مه وایكردوه كه هه‌مو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌مو خۆزگه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌همه بنیات بنێن، كه له راستیشدا هێنانه‌دی هه‌ندێك له‌و خه‌ونانه له رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا، له توانای هیچ سیسته‌مێكی سیاسی نیه! چونكه خه‌ونه‌كانی مرۆڤ به‌رده‌وام له گۆڕان و نوێبونه‌وه‌دان و هه‌میشه‌ش خه‌ونی نوێ دێته ئارا‌و له دایك ده‌بێت ! سیاسه‌تمه‌داره‌كان، له پێناو هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان، كاریان بۆ قوڵبونه‌وه‌ی ئه‌و وه‌همه كردوه و به شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار تۆوه‌كه‌یان چاندوه! دیاره ئه‌مه له كوردستان كۆسپهكهی زۆر گه‌وره‌و مه‌ترسیدارتر كردوه! چونكه كۆمه‌ڵگای كوردی ماوه‌یه‌كی درێژه له‌بن باری بندهستیهكی پڕشه‌رمه‌زاری ده‌ناڵێنێ و كه‌وتۆته ژێر فشاری كۆمه‌ڵێك هۆكاری فره‌لایه‌نه‌وه، به تایبه‌تیش له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه روبه‌ڕوی ره‌شه‌كوژی و له ناوبردن بوه‌وه، ئه‌مه وایكردوه كه نه‌ك دیموكراسیه‌ت، به‌ڵكو وه‌همی دیموكراسیه‌ت لای ئه‌و كاریگه‌رتر بێت و قوڵتر بێته‌وه و جیاوازیه‌كی زۆریش له نێوان ئه‌قڵ و واقعدا دروست بێت، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌س به باره‌كه‌ی خۆی رازی نه‌بێت! چونكه ئه‌وه‌ی كه هه‌یه زۆر بچوكه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ونانه‌ی بۆ دیموكراسیه‌ت دروست كراوه، هه‌ر بۆیه، شه‌پۆلێكی گله‌یی كردن كوردستانی گرتۆته‌وه، نه‌ك به ته‌نیا لای ئه‌وانه‌ی كه سود مه‌ند نین و خه‌ونه‌كانیان سه‌ركوتكراوه، به‌ڵكو لای ئه‌وانه‌ش كه هه‌مو شتێكیان به ده‌ستهێناوه‌و ئه‌زمونه‌كه له خزمه‌تی ئه‌واندا بوه!.
له‌پاڵ ئه‌و كۆسپانه، ئه‌مڕۆ دیموكراسی له هه‌مو جیهان له ته‌نگژه‌دایه، كه تاوه‌كو ئێستا به ته‌واوی رون نه‌بۆته‌وه. چونكه دیموكراسی لیبراڵ وه‌ك دهرهاویشهیهكی مۆدێرنیته، زه‌مه‌نی تێپه‌ڕاندوه، له‌به‌ر ئه‌وه بیرۆكه‌ی كاریگه‌ری زۆرینه و كه‌مینه، كه هه‌وێنی ئه‌و سیسته‌مه‌یه، له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌دایه! ئه‌مڕۆ له ژێر كاریگه‌ری شۆڕشی گه‌یاندندا بڕێكی هێنده زۆر زانیاری ده‌كه‌وێته ده‌ست زۆرینه‌ی خه‌ڵك، كه نوێنه‌رایه‌تی كردنیان كارێكی ئاسان نیه، ناكرێت كه‌سێك نوێنه‌رایه‌تی كه‌سانێك بكات كه شاره‌زایی له‌وان كه‌متر بێت! ئه‌مه وایكردوه كه په‌رله‌مان بكه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه و هه‌یبه‌تی لای خه‌ڵك كه‌م بێته‌وه، له كوردستان ئه‌م دیارده‌یه زۆر به زه‌قی به‌رچاو ده‌كه‌وێت، بۆیه په‌رله‌مانی كوردستان زمانی ره‌خنه‌ی خه‌ڵكی لێتیژ بۆته‌وه! ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی خودی پڕه‌نسیپی له‌یه‌كتر جوێكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، كه كرۆكی سیسته‌می دیموكراسیه، له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه، زیاد بونێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر له خێرایی گۆڕانكاریه‌كان، ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی زیاتر كردوه، چونكه زۆربه‌ی روداوه‌كان خێران و بوار بۆ زه‌مه‌نی درێژ ناهێڵنه‌وه، كه‌په‌رله‌مان بۆ تاوتوێكردنی پێویستیه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا نیه!
سه‌رباری ئه‌و كۆسپه ناوخۆیی و ده‌ره‌كیانه، ئه‌مڕۆ له كوردستان گه‌وره‌ترین كۆسپ له‌به‌رده‌م دیموكراسیه‌ت ئه‌قڵیه‌تی سیاسی سه‌ركردایه‌تی كورده، كه به‌داخه‌وه له زه‌مه‌نی پێشكه‌وتنه‌كان به‌جێماوه، نه‌ك به ته‌نیا له خه‌ڵك دابڕاون، به‌ڵكو بازنه‌یه‌كی تهسكیشیان به ده‌وری خۆیاندا كێشاوه‌و هه‌مو مه‌سه‌له‌ی كورد و مه‌سه‌له‌ی دیموكراسیه‌ت، له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و ئه‌وانه‌ی نێو ئه‌و بازنه بچوكهدان ده‌بیننه‌وه! له‌سیسته‌می دیموكراسیش سه‌ركرده ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكدا هه‌ناسه بدات، چونكه هه‌ناسه‌و ده‌نگی خه‌ڵكه كه ئه‌و پایه‌یه به‌و ده‌به‌خشی! دور كه‌وتنه‌وه له خه‌ڵك و سیاسه‌ت كردن له خه‌یاڵدا به ته‌نیا كۆسپێكی گه‌وره نه‌بوه له‌به‌رده‌م دیموكراسیه‌ت، به‌ڵكو كۆسپێكی گه‌وره بوه له‌به‌رامبه‌ر پێشوه‌چونی پڕوسه‌ی سیاسی له كوردستان به تایبه‌تی و، مه‌سه‌له‌ی كوردیش به شێوه‌یه‌كی گشتی!.
تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه هاوكات له گۆڤاری سه‌رچاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه...