راپۆرتی: دلێر عه‌بدولخالق
ئۆپۆزسیۆن، كشانه‌وه، یان ته‌وافوقی سیاسیی هه‌ڵده‌بژێرێت؟
كاردانه‌وه‌ی پرسی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم، ئۆپۆزسیۆن له‌به‌ره‌یه‌كدا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات كۆده‌كاته‌وه‌و له‌ئه‌گه‌ری ره‌نگڕێژكردنی حیزبیی ئه‌و ده‌سته‌یه‌شدا، هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه لهكۆبهندی ئیئتیلافه كوردییه‌كه‌ی به‌غدا ده‌كرێت.
پڕۆژه یاسای ده‌سته‌ی باڵای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژارنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن (13)په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی كوردستانی له (23ی حوزه‌یرانی 2010)دا ئاماده‌كراوه، سه‌ره‌ڕای هه‌بونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو پڕۆژه یاسا، كه‌چی ئه‌م بیرۆكه‌یه ته‌نها دوای (4) رۆژ له ئاماده‌كردنی، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆكرا.
له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی (3) ماده، له‌كۆی (16) ماده‌ی پڕۆژه یاساكه په‌سه‌ندكراون، به‌ڵام ماده‌ی (4) دو دانیشتنی په‌رله‌مان كه دواینیان بڕیاربو یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو (10/10) رێكبخرێت بۆ به‌یانی چوارشه‌ممه دواخرا، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات، ئه‌و ماده‌یه خاڵی ناكۆكیی نێوان فراكسیۆنی كوردستانی‌و ئۆپۆزسیۆن پێكده‌هێنێت.
به‌شی یه‌كه‌م له‌ماده‌ی (4)، تایبه‌ته به دیاریكردنی ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن‌و تێیدا هاتوه: "ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌ی باڵا، له (9) كه‌س پێكدێت، لانیكه‌م دوانیان یاسایی بن، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك له په‌رله‌مان دهپاڵێورێنو دواتر به ده‌نگدانی زۆرینه‌ی ره‌ها (50+1)ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێررێن".
ترسی ئۆپۆزسیۆنیش ئه‌وه‌یه كه به‌پێی ئه‌و یاسایه، فراكسیۆنی كوردستانی، به‌حوكمی ژماره‌ی كورسییه‌كانیان، ده‌نگ به‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن كه به‌قازانجی خۆیان ده‌شكێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌بڕوای ئه‌وان، راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دهنگو نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێم ده‌بێت، بۆیه داوا ده‌كه‌ن، ده‌ستكاریی ئه‌و ماده‌یه بكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه رێگه‌بدات رێژه‌ی ده‌نگدان (3/2) بێت، واته له‌كۆی (111) په‌رله‌مانتار، پێویستی به (74) ده‌نگ هه‌بێت.
له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵی په‌راوێزخستنی ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مان، رۆژی (9/10/2010) بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌كگرتوی ئیسلامیی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كۆبونه‌وه‌و له راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شدا، ئاماژه‌یان به‌پێویستی رێزگرتن لهبیروبۆچونه جیاوازه‌كانی نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان كرده‌وه، له‌حاڵه‌تی به‌رده‌وامی سیاسه‌تی په‌راوێزخستنیان، هه‌ڵوێستیان تا ئاستی كشانه‌وه له ئیئتیلافی كوردستانییه‌كان بڕده‌كات.
راگهیهنراوهكی ئه‌م سێ لایه‌نه له په‌رله‌مانی كوردستان‌و عێراق، تێپه‌ڕاندنی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌بێ ره‌چاوكردنی هه‌مو پێكهاته‌و فراكسیۆنه‌كان به‌مه‌ترسیدار ده‌زانێت له‌سه‌ر ئه‌زمونی سیاسیی‌و دیموكراسیی هه‌رێم.
ئارام قادر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له په‌رله‌مان كوردستان، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "بڕوامانوایه، پێویستده‌كات كه هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی كۆمسیۆنه‌كه به‌ده‌نگدانی (3/2) په‌رله‌مانتاران بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی باروردخی سیاسیی هه‌رێم پێویستی به هاماهه‌نگی لایه‌نه‌كان هه‌یه، به‌و رێگه‌یه‌ش نه‌بێت، دڵنیایی هه‌مو كوتله‌كان له‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌و ده‌سته‌یه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست نابێت".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لهدهستورو یاسا جیهانییه‌كانیشدا، ده‌بینین كه ئه‌وه‌ی گرنگ‌و بایه‌خداره، ده‌نگی زۆرینه‌ی پێویسته، ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ بڕیاری جه‌نگ، یان ئاشتی پێویستی به (3/2)ی ده‌نگه‌كان هه‌یه، له‌ده‌ستوری عێراقی (3/2)ی سێ پارێزگا ده‌توانن ده‌ستورێك ره‌تبكه‌نه‌وه، بۆیه ئۆپۆزسیۆن ئه‌م پرسه یاساییه‌ی هه‌ڵبژاردن به گرنگ وه‌رده‌گرێت.
لای خۆشیه‌وه، بورهان ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی‌و په‌رله‌مانتاری گۆڕان، داوای زه‌مانه‌تی یاسایی ده‌كات بۆ پاراستنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن‌و راپرسییه‌كانی ههرێمو ئه‌وه‌ش ده‌به‌ستێته‌وه به رێوشوێنی یاساییه‌وه، نه‌ك به‌ڵێنی زارهكیو وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانییه، ئێمه‌ش له‌په‌رله‌مان، (25%)ی ده‌نگی خه‌ڵكین، داوایه‌كی ساده‌مان هه‌یه، كه پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڵده‌بژێررێن بۆ ئه‌و ده‌سته‌یه، به (3/2)ی ده‌نگدان بێت، هه‌رچه‌نده بۆمان ده‌ركه‌وتوه په‌له‌كردن له‌و ده‌سته‌یه، جگه‌له ئامانجی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان، ویستی راپرسی ده‌ستوری هه‌رێمیشی هه‌یه".
فراكسیۆنی سۆسیالیست، ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، پێویسته له‌نێوان خواستی كوردستانی كه داوای (50+1) دهكهنو ئۆپۆزسیۆن (3/2)، چاره‌سه‌رێكی ناوه‌ند بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌سته‌یه بدۆزرێته‌وه.
عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی فراكسیۆنی سۆسیالیست، به رۆژنامه‌ی وت: "باشتره ئه‌و ده‌سته‌یه نوێنهرایهتیو خواستی هه‌مو لایه‌نه‌كانی تێدا ره‌نگبداته‌وه‌و پێویستیشه كوردستانی‌و ئۆپۆزسیۆن، بگه‌نه چاره‌سه‌ری ناوه‌ند، نه‌ك گرفته‌كانی ناوخۆ بچێته ده‌ره‌وه كه كاردانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر كۆده‌نگی ههرێمو پرۆسه‌ی سیاسیی ده‌بێت".
به‌وپێیه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌به‌ر رۆشنایی یاسای ژماره (11)ی ساڵی (2007) دامه‌زراوه‌و سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه، ده‌سته‌كه‌ی هه‌رێمیش په‌یوه‌ست ده‌بێت به په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ هه‌ر (5) ساڵێك ده‌سته‌ی باڵا‌و ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردنی له‌په‌رله‌مانه‌وه ده‌نگی له‌سه‌رده‌درێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستوری عێراقییش، ئه‌م كۆمسیۆنانه سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێش‌و لهعێراقو هه‌رێم ده‌ریخستوه، ئه‌گه‌رچی سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام له‌كاریگه‌ری سیاسیی بهدهرنهربون، وه‌كچۆن زۆربه‌ی به‌رپرسه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبی له‌پۆسته‌كانیان جێگیركراون.
د. له‌تیف شێخ مسته‌فا، په‌رله‌مانتار له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌باره‌ت به یاسای ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم، رایگه‌یاند: "ئه‌م یاسایه له‌توانایدا هه‌یه، له‌ژێر چه‌تری دیموكراسییه‌تدا، كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی قۆرخبكات بۆ لایه‌نێكی دیاریكراو‌و چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و حاڵه‌ته ئه‌وه‌یه، ده‌سته‌ی باڵاكهیو دامه‌زراوه‌كانی له‌به‌ڕێوه‌به‌ری پارێزگاكان‌و نوسینگه فهرعییهكان به میكانیزمێك بێت كه پۆسته‌كانیان به خه‌ڵكی بێلایهنو سه‌ربه‌خۆ پڕبكرێته‌وه".
له‌تیف شێخ مسته‌فا كه پسپۆڕی یاسای ده‌ستورییه، پێیوایه: ئه‌گه‌رچی له‌ده‌ستوردا باسی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان كراوه بۆ پێكهێنانی چه‌ند ده‌سته‌یه‌ك، به‌ڵام ئه‌و ده‌قه‌ش ته‌فسیری جیاواز ههڵدهگرێتو وتی: "پێویسته دادگای ئیتیحادی بڕیاربدات، ئایا هه‌رێمه‌كان بۆیان هه‌یه ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵبژێرین، یان له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت".
چاودێرێكی سیاسیی، ناكۆكییه‌كانی نێوان دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ نه‌بونی متمانه‌ی نێوانیان ده‌گێڕێته‌وه.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، چاودێری سیاسیی، وتی: "دو رێگه‌مان له‌به‌رده‌سته، یان ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنه‌كه‌ی به‌غدا وه‌ك خۆی بهێڵینه‌وه‌و ئه‌و سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، یاخود ده‌سته‌یه‌ك تایبه‌ت به‌هه‌رێم، به‌مه‌رجێك وه‌ك ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ كاربكات دابمه‌زرێنین، واته روخساری سه‌ربه‌خۆبونی دیاریی بكرێت‌و دور له‌ده‌ستكاری هه‌ر لایه‌نێك ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێبكات".
له‌حاڵه‌تی پێداگرتنی فراكسیۆنی كوردستانی له‌سه‌ر ده‌نگدانی زۆرینه‌ی رههاو ئۆپۆزسیۆن جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر رێژه‌ی (3/2)ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران، هه‌ڵبژارده‌ی سێیه‌م دێته ناو هاوكێشه‌كه‌وه كه بریتییه لهتهوافوقی سیاسیی.
له‌تیف شێخ مسته‌فا، رایده‌گه‌یه‌نێت: "تا ده‌كرێت، پێویسته میكانیزمێك بسازێت كه خه‌ڵكی بێلایه‌ن بۆ ئه‌و ده‌سه‌ته‌یه هه‌ڵبژێررێن، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ ته‌وافوقدا نیم، به‌ڵام پێموایه ئه‌م رێگایه باشتره له‌وه‌ی لایه‌نێك له‌ژێر دیموكراتییه‌تی زۆرینه‌دا، رێگا خۆشبكات كه كۆنتڕۆڵی ده‌سته‌كه بكات، بۆیه هه‌بونی ئه‌ندام له لایه‌نه‌كانی تر ده‌بێته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م خواستی زۆرینه‌دا".
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، وتی: "بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه، دو حاڵه‌ت هه‌یه، یان په‌نا بردن بۆ مه‌سه‌له‌ی زۆرینه‌و كه‌مینه، یان گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی ته‌وافوق، وه‌كچۆن له‌عێراقیش كاری پێدهكرێتو هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌ش شه‌رعییه‌تیان هه‌یه".
له‌لایه‌كی تره‌وه د. ره‌فیق سابیر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی كوردستانی، وتی هاوكارانمان له ئۆپۆزسیۆن، بۆ شێوازی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن، داواده‌كه‌ن به‌ده‌نگی (3/2) بێت، له ترسی ئه‌وه‌ی فراكسیۆنی كوردستانی كه‌سانێك له‌و ئه‌نجومه‌نه دابنێت كه سه‌ر به یهكێتیو پارتی بن، پێویسته ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌جدیی وه‌ربگیرێت‌و ده‌سته‌یه‌كی باڵای هه‌ڵبژاردن پێكبێت، هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان به‌ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، به هی خۆیانی بزانن‌و متمانه‌ی پێبكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمسیۆنه، جێگای متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه.