راپۆرتی: به‌رهه‌م خالید
پاش (17)ساڵ له ده‌رچونی یاسای حیزبه‌كان، تا ئێستا بڕگه و ماده‌كانی ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ نه‌كراون و هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداریش به ئاشكرا یاساكه‌یان پێشێلكردوه، بێئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی ناوخۆش، هیچ سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكارییانه تۆمارنه‌كردوه و به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تیش، تێكه‌ڵیی حیزب و حكومه‌ت به هۆكاری لێنه‌پرسینه‌وه له جێبه‌جێكردنی یاساكه ده‌زانێت و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانیش، به پێویستی ده‌زانێت، پرۆژه‌ی چاكسازیی یاسایی جێبه‌جێبكرێت و سه‌رجه‌م ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌رده‌چن، وه‌ك خۆیان جێبه‌جێبكرێن به‌سه‌ر گشت لایه‌نه‌كاندا.
یاسای ژماره (17)ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، ساڵی (1993) له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌ركراوه، ساڵانی(1997و 2002) چه‌ند بڕگه و ماده‌یه‌كی هه‌موار كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و یاسایه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كراوه و زۆرێك له حیزبه‌كان به تایبه‌ت هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، چه‌ندین بڕگه و ماده‌ی ئه‌و یاسایه‌یان پێشێلكردوه.
د.زانا ره‌ئوف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان باس له‌وه ده‌كات كه یاساكه به ده‌ستوری له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هه‌یه به رێكخستنی فه‌زای سیاسیی له نێوان پارته سیاسییه‌كاندا و هه‌روه‌ها گرنگییه‌كی زۆری له ژیانی سیاسیی وڵاتانی پێشكه‌وتودا هه‌یه و كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر به دیموكراسیزهكردن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای بونی كه‌موكورتی له ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌دا، له هه‌مانكاتدا كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م یاسایه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كراوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یاساكه له چه‌ند بڕگه و ماده‌یه‌كدا جێبه‌جێ نه‌كراوه، هه‌روه‌ك له ماده‌ی (17)دا هاتوه، ئه‌گه‌ر حیزبێك به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، سه‌رپێچی بڕگه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ی كرد، ئه‌وا ده‌بێت له‌سه‌ر سكاڵای وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به بڕیاری وه‌زاره‌ت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه نه‌كراوه، به نمونه له بڕگه‌ی دوی ماده‌ی (12)ی یاساكه‌دا هاتوه كه ئه‌نجامدانی هه‌مو چالاكییه‌كی حیزبی له ناو پێكهاته و ته‌شكیلاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزه‌كانی پۆلیسدا قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و هێزانه مۆركی حیزبی‌یان پێوه‌دیاره و به‌پێی ئه‌و بڕگه‌یه پێویست بو، وه‌زاره‌تی ناوخۆ سكاڵا تۆماربكات و ئه‌و حیزبانه هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه.
د. زانا، به‌رپرسیارێتییه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، سه‌رپێچی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م یاسایه كرا، ده‌بێت وه‌زاره‌تی ناوخۆ سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و حیزبانه تۆمار بكات".
ماده‌ی (14)ی بڕگه‌ی یه‌كه‌می یاساكه ده‌ڵێت: ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه ده‌درێته پارته سیاسییه‌كان، به‌پێی یاسایه‌ك بێت كه له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام به وته‌ی د. زانا ره‌ئوف: "تا ئێستاش له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، یاسایه‌كمان نییه كه تایبه‌ت به پێدانی منحه ده‌ركرابێت، به‌ڵام ئه‌و حیزبه سیاسییانه به گۆتره پاره له حكومه‌ت وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش سه‌رپێچییه‌كی دیكه‌ی یاساكه‌یه، ئه‌وه جگه له لادان له په‌یڕه‌وی ناوخۆ و نه‌به‌ستنی كۆنگره له كاتی خۆیدا، به‌ڵام ئه‌وه به‌دی نه‌كراوه و وه‌زاره‌ت هیچ سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر تۆمار نه‌كردون".
له‌لای خۆیه‌وه محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: به‌دوداچونی ئه‌و یاسایه له ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه و ئه‌گه‌ر گله‌یی هه‌بێت له حیزبێك، ده‌بێت ئه‌و حیزبه ئاگادار بكاته‌وه له‌و سه‌رپێچییه‌ی ئه‌نجامیداوه، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه نه‌بوه و هیچ داوایه‌ك تۆمارنه‌كراوه، له كاتێكدا به‌پێی یاساكه ده‌بو داوا تۆماربكرایه دژ به حیزبه كوردستانییه‌كان له به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی ئه‌نجامیانداوه.
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وتیشی: "كه‌مته‌رخه‌میی پێشێلكردنی یاسای حیزبه‌كان و جێبه‌جێ نه‌كردنی، له ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نه‌یه كه سور ده‌زانێت ئه‌و یاسایه پێشێلكراوه و سكاڵا تۆمار ناكات، به‌ڵام تا ئێستا له لای ئێمه، ئه‌و نه‌ریته نییه كه ئه‌گه‌ر حیزبێك سه‌رپێچی یاسایه‌كی كرد، سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار بكرێت".
له بڕگه‌ی سێیه‌می ماده‌ی نۆیه‌می یاساكه‌دا هاتوه كه نابێت حیزب باره‌گا له فه‌رمانگه ره‌سمییه‌كان و داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا بكاته‌وه، هه‌روه‌ها له بڕگه‌ی سێیه‌می ماده‌ی پانزه‌یه‌مدا هاتوه كه نابێت حیزب داموده‌زگای سه‌ربازی و شێوه سه‌ربازی و چه‌كی پێچه‌وانه‌ی یاسای هه‌بێت، ئه‌وه له كاتێكدایه هه‌ریه‌ك له یه‌كێتی و پارتی، هێزی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و خاوه‌نی جبه‌خانه و چه‌كی جۆراوجۆری خۆیانن.
حاكم تاریق ره‌شید گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ (رۆژنامه)، نكۆڵی له‌وه ناكات كه ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ نه‌كراوه له زۆر بڕگه‌یدا: "بۆ نمونه تا ئێستاش زۆربه‌ی حیزبه كوردستانییه‌كان له باره‌گای حكومیدان و بینای حكومییان داگیركردوه كه ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاساكه‌یه و پارتی و یه‌كێتیش پشكی زۆریان له‌و حاڵه‌ته هه‌یه".
باس له‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌وه پرسیاری ئه‌وه دروست ده‌كات كه یان له یاساكه‌دا واقیعی میلله‌تی كورد و هه‌رێم ره‌چاو نه‌كراوه، یان فێڵمان له خۆمان كردوه و قانونێكمان داناوه كه زۆر له بنه‌ماكانی دیموكراتی دیموكراتیتره، چونكه ئه‌و یاسایه بۆ ئه‌و حیزبانه دانرا كه پێشتر به‌ره‌ی كوردستانییان پێكهێنابو، ده‌بو یاساكه ئه‌وه‌ی رهچاوبكردایه كه ئه‌و كاته فیدراڵییهكی تاكلایهنهمان هه‌بو، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مان و حكومه‌تیش دیفاكتۆ بون و هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: "دوای (2005)، دامه‌زراوه قانونییهكانمان هاتنه‌كایه‌وه پاش په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری عێراقی، بۆیه ده‌بێت یاساكان به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره دابڕێژینه‌وه و په‌رله‌مانی كوردستانیش پێداچونه‌وه به‌و یاسایه‌دا بكات و ئه‌و كاته له رێگای حكومه‌ته‌وه فشار دروست بكرێت و په‌رله‌مانتاره‌كان جه‌خت له حكومه‌ت بكه‌ن كه ئه‌و یاسایه و سه‌رجه‌م یاساكانی تریش جێبه‌جێبكرێن و رێزیان لێبگیرێت".
له به‌رامبه‌ردا د. زانا ره‌ئوف، پێیوایه: "ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، پرۆسه‌یه‌كه بۆ وردوخاشكردن و پێشێلكردنی یاساكان له هه‌رێمی كوردستاندا و تا ئێستا حیزب له ده‌ره‌وه‌ی یاساكان كارده‌كات، به تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی كه قۆناغی دروستبونیان له پێش ده‌رچونی یاساكهوهیه و به هه‌مان ئه‌قڵییه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌وه كارده‌كه‌ن كه ئه‌وه‌ش بۆ قۆناغی دوای راپه‌ڕین نابێت و ئێستا ئه‌وان هێزی سه‌ربازیی تایبه‌تیان هه‌یه و پابه‌ندی یاسا نابن و ئه‌وه‌یان له‌بیر كردوه كه ئه‌و یاسایه بۆ خۆیان ده‌ركراوه، بۆیه تا ئێستا نه‌توانراوه به یاسا، كۆنترۆڵی ئه‌و دو حیزبه بكرێت".
هه‌روه‌ها حاكم تاریق ره‌شید، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: له ماوه‌ی رابردودا، سروشتی پێكهاته‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش كه له یه‌كێتی و پارتی پێكهاتوه، رێگر بوه له‌وه‌ی لێپێچینه‌وه بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌و یاسایه بكرێت و وتی: "ده‌بێت واقیعی بین و ده‌توانین بڵێین، ئێستا تێده‌گه‌ین كه پراكتیزه‌كردنی ژیانی دیموكراسی چۆنه و فه‌زڵی ئه‌وه‌ش بۆ ئۆپۆزسیۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌ره‌نگاری هه‌ر كه‌سێك ببینه‌وه كه ده‌یه‌وێت سه‌رپێچی یاسا بكات له هه‌ر پله و پایه‌یه‌كی حكومی و حیزبی‌دا بێت و ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه و پێمباشه، ئۆپۆزسیۆن ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بجوڵێنێت و هه‌مواری ئه‌و یاسایه بكرێت كه له‌گه‌ڵ واقیعی سیاسی ئه‌مڕۆدا بگونجێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: دوای دروستبونی شه‌ڕی ناوخۆ، حیزب و حكومه‌ت تێكه‌ڵی یه‌كتری بون و حكومه‌ته‌كان پاشكۆی یه‌كێتی و پارتی بون له ناوچه‌كانی یه‌كتر، ئه‌وه‌ش رێگه‌ی خۆشكرد كه ئه‌و حیزبانه وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م، هه‌ندێك شت بۆ خۆیان قۆرغ بكه‌ن له هه‌مو روه‌كانه‌وه، بۆیه به‌هۆی ئه‌و ململانێ سیاسییه‌وه، ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ده‌رباره‌ی جێبه‌جێكردنی یاساكه و لێنهپێچینهوهی یاساكه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه، حاكم تاریق، رایگه‌یاند: "ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ، له‌ژێر چه‌تری حكومه‌تدا كه په‌رله‌مان دروستی كردوه، رێزی هه‌مو یاسایه‌ك ده‌گرین، چونكه ئه‌وه ده‌نگی خه‌ڵكه و ئێمه هاوكاری و گفتوگۆی هه‌مو فراكسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین و ئاماده‌ی جێبه‌جێكردنی هه‌مو یاسایه‌كین كه په‌رله‌مان ده‌ریده‌كات، چونكه سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌ری خه‌ڵكن و ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌وان ده‌ریده‌كه‌ن، ده‌بێت جێبه‌جێبكرێت".
له‌لای خۆیه‌وه، ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانێك، نه‌توانێت فشارێك دروست بكات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی خۆی ده‌ریكردون، ئه‌وا بونی ئه‌و په‌رله‌مانه پێویست نییه، هه‌روه‌ها پێویست ناكات یاسای نوێ ده‌ربكات، چونكه ده‌كرێت جوانترین یاسا ده‌ربكه‌ین، به‌ڵام كه جێبه‌جێ نه‌كرێت سودی چییه، بۆیه له ئێستادا پێویستمان به چاكسازییه‌كی یاسایی هه‌یه، به مه‌رجێك بتوانێت چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی دابنێت بۆ هه‌مو ئه‌و دیارده سیاسییانه‌ی له كوردستاندا روده‌ده‌ن، وه‌ك جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت و هه‌روه‌ها فشار خستنه سه‌ر حكومه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانه‌وه ده‌رچون.
د. زانا هه‌روه‌ها وتیشی: "ئێمه له فراكسیۆنی گۆڕان، ئومێده‌وارین كه بتوانین پلانێك دابێنین له‌پێناو چاكسازیی یاسایی و پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستانی بكه‌ین و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌رده‌چن، وه‌ك خۆیان جێبه‌جێبكرێن و هه‌مو لایه‌ك پابه‌ندبن پێوه‌ی، فه‌رمانداره‌كان له پێش فه‌رمان به سه‌ردا كراوه‌كان".