راپۆرتی زانا ئه‌حمه‌د
له مێژه ناكۆكیی نێوان په‌كه‌كه و توركیا له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته بونی هه‌یه و هه‌زاران رۆڵه‌ی كورد و تورك له‌م شه‌ڕانه‌دا گیانیان له ده‌ستاوه، له ماوه‌ی 26 ساڵی رابردودا و له ساڵی 1986 تا ئێستا په‌كه‌كه 8 جار ئاگربڕی تاكلایه‌نه‌ی راگه‌یاندوه، به‌ڵام هیچ كام له‌و جارانه توركیا دانی به ئاگربڕهكهدا نه‌ناوه و به‌رده‌وامبوه له هێرشه‌كانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاگربڕی هه‌شته‌م له گه‌لێك روه‌وه جیاوازبوه له ئاگربڕهكانی تر، چونكه ئه‌م ئاگربڕه زه‌مینه‌یه‌كی گونجاند بۆ لێكنزیكبونه‌وه‌ی كورد و تورك له توركیادا یان راستتر بڵێین ئه‌و زه‌مینه‌یه بوه هۆی راگه‌یاندنی ئه‌م ئاگربڕه.
له سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ و چه‌ند رۆژێك پێش راپرسی له‌سه‌ر هه‌مواری ده‌ستور، كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاگربڕی یه‌كلایه‌نه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار راگه‌یاند تا پڕسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری ده‌ستور له كه‌شێكی ئارام‌دا به‌ڕێوه بچێت.
لایه‌نه‌كان پێشبینیی ئه‌وه‌یان ده‌كرد په‌كه‌كه راسته‌وخۆ دوای ریفراندۆم ئاگربڕه‌كه كۆتایی پێبێنێت، به‌ڵام به‌ڕێوه‌چونی بایكۆتی ریفراندۆم له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتو، هه‌روه‌ها كۆبونه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دین دێمیرتاش و گولتان كشاناك سه‌رۆك و هاوسه‌رۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی (به‌ده‌په) له‌گه‌ڵ جه‌میل چیچێك جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا و سه‌عدوڵا ئێرگین وه‌زیری دادی ئه‌و وڵاته و داواكاریی ئۆجه‌لان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربڕ، سێ هۆكاری سه‌ره‌كی و پاڵنهربون بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م رۆژی تشرینی یه‌كه‌م په‌كه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ماوه‌ی ئاگربڕه‌كه بۆ ماوه‌ی مانگێك و تا یه‌كی تشرینی دوه‌م درێژبكاته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا سوپا و حكومه‌ت هیچ كاردانه‌وه‌یكی ئه‌رێنییان بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی په‌كه‌كه نه‌نواند و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی ئاگربڕهكهدا، هاكان فیدان راوێژكاری باڵای میت سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكای كرد و له‌گه‌ڵ (سی ئای ئه‌ی) و وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا بۆ تاوتوێی كێشه‌ی په‌كه‌كه كۆبوه‌وه و پاشانیش سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی هه‌رێم كۆبۆوه.
چه‌د رۆژێك به‌رله‌وه‌ی په‌كه‌كه ئاگربڕهكهی درێژبكاته‌وه، محه‌مه‌د جاسم ئه‌لمه‌فره‌جی وه‌زیری به‌رگریی عێراق و لۆید ئۆستن به‌رپرسی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق گه‌یشتنه ئه‌نكه‌ره و له‌گه‌ڵ ئشیك كۆشانێر سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا كۆبونه‌وه، به‌پێی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی توركیاش به‌زاندنی سنوری هه‌رێمی كوردستان به ئۆپه‌راسیۆنێك له پشت ئه‌م كۆبونهوهیهوه بوه و به‌غدا و ئه‌مه‌ریكا هه‌ردولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته دوپاتكردۆته‌وه.
لای خۆشیه‌وه حكومه‌ت ئاسانكاریی بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سوپا كردوه، له كۆتایی مانگی ئه‌یلول سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به نوسراوێكی ره‌سمی داوای له پارله‌مانی توركیا كرد دانیشتن بكات له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی رێگه‌دان به سوپای توركیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌ودیو سنور (ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان) و له ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا پارله‌مانی توركیا ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی له درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه و تا ساڵێكی تر درێژیكردهوه.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی سوپا و حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره له كاتێكدایه كه پێشتر 25 جار ئه‌م پڕۆسه‌یه‌یان دوباره كردۆته‌وه و هێرشیان كردۆته سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان به بیانوی بونی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و تائێستاش كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و سوپای توركیا ملیۆنان دۆلار و هه‌زاران گیانی له‌و پێناوه‌دا داناوه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا چه‌ند ئاگربڕی په‌كه‌كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌بێت، جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی)، رایگه‌یاند:" كێشه‌ی په‌كه‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، چونكه په‌كه‌كه هیچ چالاكییه‌ك له ناو خاكی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجامنادات، ته‌نها بیانویه‌كه به‌ده‌ست توركیاوه و تۆپبارانی ناوچه سنورییه‌كانی پێده‌كات".
وتیشی:"گه‌ر كێشه‌ی په‌كه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وا نه‌ك ته‌نها ئاسایشی هه‌رێم، به‌ڵكو ئاسایشی ناوچه‌كه به گشتی و توركیا و ئێران و سوریا و عێراق به تایبه‌تی، جێگیر ده‌بێت".
له چه‌ند رۆژێكی كه‌م پێش ته‌واوبونی ماوه‌ی ئاگربڕه‌كه دوران كاڵكان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات رایگه‌یاند: "ئێمه له به‌رامبه‌ر 6 په‌یمانی حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره ئاگربڕمان راگه‌یاند كه له كۆبونه‌وه‌كانی ئاكه‌په و ده‌ته‌په دابویان، كه بریتین له وه‌ستاندنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپا و دانانی ده‌ستورێكی نوێ و دروستكردنی پڕۆتۆكۆڵێكی سیاسی كه ئاسایشی توركیا ده‌سته‌به‌ر بكات و دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی لێكۆڵینه‌وه له راستییه‌كان كه سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردبێت و گرنگیدانی زیاتر به هه‌وڵه‌كانی ئۆجه‌لان و راگرتنی ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنه‌ی سیاسه‌تمه‌داره‌كانی كوردستانی توركیا، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره هیچ كام له‌م په‌یمانانه‌ی جێبهجێنهكردوه و رون و ئاشكرایه كه خاوه‌نی په‌یمانی خۆی نییه".
جێی ئاماژه‌یه سوپای توركیا به‌رده‌وامه له هه‌ڵمه‌ته‌كانی و ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كیشه هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی به ناوی "هه‌ڵمه‌تی پایزه"وه ده‌ستپێكردوه و دو‌ریش نییه له ناوه‌ڕاستی پایزدا ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌ودیو سنور ئه‌نجامبدات.
جگه له‌وه‌ش حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌ستورێكی نوێ له ئێستادا له‌كاركه‌وتوه، نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردی، به‌ڵكو تا ئێستا له‌گه‌ڵ هیچ پارتێكی توركیادا به تایبه‌تی پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په) و پارتی بزاوتنی نه‌ته‌وه‌په‌رستی (مه‌هه‌په)، سه‌باره‌ت به ده‌ستور كۆنه‌بۆته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی لێكۆڵینه‌وه‌ی راستییه‌كان هیچی له‌باردا نییه و دروستنه‌كراوه، گرنگیش نادرێته هه‌وڵه‌كانی ئۆجه‌لان، وه‌ك له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا له لێدوانێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه گه‌ر توركیا تا كۆتایی ئه‌م مانگه ئامانجێكی رون له كێشه‌ی كورد نه‌دات به ده‌سته‌وه، ئه‌وا له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورددا هاوكاریی توركیا ناكات و كێشه‌كه بۆ كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) جێده‌هێڵێت، توركیاش باش ده‌زانێت كه كێشه‌كه زۆر له ئێستا ئاڵۆزتر ده‌بێت گه‌ر ئۆجه‌لان پاشه‌كشه بكات.
سه‌باره‌ت به داواكاریی شه‌شه‌م، حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره له ماوه‌ی كه‌متر له مانگێكدا نزیكه‌ی 100 ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتی ئاشتی و دیموكراتی (به‌ده‌په)ی له شاره‌كانی ئیستانبوڵ و ئیزمیر و شرنا‌خ و دیاربه‌كر و هه‌كاری و وان و تونجه‌لی و چه‌ند شارێكی دیكه دهستگیركرده و هه‌ڵمه‌تی دهستگیركردنهكهش له‌ژێر ناوی (ئۆپه‌راسیۆنی كه‌جه‌كه) به‌رده‌وامه.
دكتۆر یوسف گۆران مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ له كاروباری توركیا له لێدوانێكیدا بۆ سایتی (سبه‌ی) رایگه‌یاند: "وه‌ك ئه‌وه‌ی له میدیاكانی توركیا و ده‌ره‌وه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، په‌كه‌كه چه‌ند داواكارییه‌كی هه‌یه كه بریتین له داواكاریی سیاسی و ئه‌منی و كلتوری، بۆ نمونه داوا ده‌كه‌ن دان بنرێت به زمانی كوردیدا و دۆخی ئۆجه‌لان له زیندان باش بكرێت و ده‌ركردنی لێبوردن بۆ هه‌ندێك ئه‌ندامی په‌كه‌كه و به‌شێكی گرنگیشیان په‌یوه‌ندیی به ده‌ستوره‌وه هه‌یه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دانوستانێكی ناڕاسته‌خۆ له‌نێوان په‌كه‌كه و حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌دا هه‌یه".
وتیشی: "له‌و دانوستانه ناڕاستهوخۆیهدا چه‌ندین لایه‌ن به‌شدارن و هه‌ردولاش ده‌یانه‌وێت دانوستانه‌كه به‌رده‌وامبێت، كۆتایی هێنان به ماوه‌ی ئاگربڕ واته كۆتایی هاتنی دانوستانه‌كه، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌م ئاگربڕه‌كه له‌مه زیاتر درێژبكرێته‌وه، كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پێگه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان پته‌وتر بكات و وابكات هه‌نگاوی زیاتر بنێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له توركیا".
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه چاوهڕوانیكردنه له نێوان درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربڕ و به‌رده‌وامیی دانوستان و هه‌نگاونان به‌ره‌و توركیایه‌كی دیموكراتی یان كۆتاییهێنان به ئاگربڕ و گه‌ڕانه‌وه بۆ شه‌ڕی چه‌ندین ساڵه و توركیایه‌كی ناجێگیر و دیكتاتۆری.