Print
 ململانێی‌ حزبی‌، هه‌ولێر له‌سه‌ر كێ‌ تاپۆ ده‌كات؟
Sunday, July 29, 2007
فازڵ نه‌جیب
رێباز جه‌مال 28 ساڵ، له‌ 31 ئابی 1996 و له‌وكاته‌ی شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی و پارتی ده‌گاته‌ لوتكه‌، ئه‌و شاره‌ جێده‌هێڵێت. پاش ئه‌وه‌ هێزه‌كانی یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری سلێمانی، رێباز وه‌ك گه‌نجێكی شاری هه‌ولێر له‌و شاره‌ نیشته‌جێده‌بێت.

رێباز جه‌مال جێگری سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستانه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین رێكخراوی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانییه‌، پاش 6 ساڵ، تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئاشتبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی پارتی واته‌ ساڵی 2002، ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر و ده‌بینێت كه‌ پێكهاته‌ی ته‌واوی ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌و شاره‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ڵام روخساری شاره‌كه‌ كه‌مترین جوانكاری تێداكراوه‌.

رێباز باسی ئه‌وه‌یكرد كه‌ كاتێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاره‌كه‌، ده‌بینێت ناوی هه‌ندێك له‌ شه‌قام و گه‌ڕه‌ك و چواڕرێیان و قوتابخانه‌ و شوێنه‌ گشتیه‌كان گۆڕاون و وتی: "له‌هه‌موو شاری هه‌ولێردا ته‌نها یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌، راگری كۆلێژ، میدیر عامی وه‌زاره‌ت،....هتد نیه‌ كه‌ ئه‌ندام یان دۆستی پارتی دیموكرات نه‌بێت".

رێباز هه‌ستی به‌ دڵته‌نگی كردووه‌ كاتێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌و شاره‌ و بیستوویه‌تی كه‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌نته‌ری شار، ناوه‌كه‌ی گۆڕاوه‌.
ئه‌و وتی له‌دوای راپه‌ڕین شه‌قامێكی سه‌نته‌ری شار كرا به‌ناوی شه‌هید( سه‌رداری سه‌عید سۆفی) كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانی بووه‌ و له‌كاتی لوتكه‌ی ده‌سته‌ڵاتی حكومه‌تی عیراق، به‌ ده‌مانچه‌وه‌ هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ئیبراهیم زه‌نگه‌نه‌ی پارێزگاری ئه‌و شاره‌ كه‌ گه‌وره‌ترین ده‌سته‌ڵاتی ئیداری هه‌بووه‌ و هه‌موو فیشه‌كه‌كانی ناو ده‌مانچه‌كه‌ی له‌سنگیدا خاڵی كردۆته‌وه‌ و پاشان شه‌هید كراوه‌. ئه‌و وتی: "به‌ڵام ئێستا ئه‌و شه‌قامه‌ كراوه‌ به‌ناوی سه‌ركرده‌ی پارتی دیموكراته‌وه‌".

ده‌زگا ئیداری و ناوی شوێنه‌ گشتییه‌كانی شاری هه‌ولێر، كه‌ پایته‌خه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌لایه‌ن پارتی دیموكراته‌وه‌ كۆنترۆڵده‌كرێت و سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیش له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌و شاره‌ وتی: "كه‌ حسابی موعاره‌زه‌شمان بۆ ناكه‌ن".

شاری هه‌ولێر گه‌وره‌ترین شاری كوردستانی عیراقه‌ و زۆربه‌ی پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی به‌ده‌ست كادیره‌كانی پارتی دیموكراته‌وه‌یه‌ و له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سته‌ڵاتی خۆیان له‌و شاره‌دا جێگیر ده‌كه‌ن، ناوی چه‌ند گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و شوێنێكی گشتی ده‌كه‌ن به‌ناوی شه‌هیده‌ سه‌ركرده‌كانی خۆیانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ دروستكردووه‌.

قاسم جه‌مالی سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانی(گه‌وره‌ترین حزبی به‌رهه‌ڵستكاری پارتییه‌) وتی: "كه‌ ساڵی رابردوو 73 ملیار دینار له‌ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ هات بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، به‌ڵام هیچ ئه‌ندامێكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌كاتی خۆیدا نه‌یزانیوه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ چۆن سه‌رفكراوه‌" و وتی: "پارتی هیچ حسابێك بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ناكات كه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێردان".

له‌دوای ساڵی 1996 پارتی دیموكرات ده‌ستیكرد به‌ گۆڕینی ناوی هه‌ندێك له‌ شه‌قام و گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌ گشتییه‌كان و گه‌وره‌ترین پاركی ئه‌و شاره‌ كه‌ له‌سه‌ر بوودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم درووستكراوه‌، كرا به‌ ناوی (سامی عه‌بدولڕه‌حمان) كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بوو له‌ رۆژی 1 شوباتی 2004 له‌ كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژیدا تیرۆركراوه‌. هه‌روه‌ها گه‌وره‌ترین یاریگای هه‌ولێری كرد به‌ناوی (فره‌نسۆ هه‌ریری) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ له‌ساڵی 2001 له‌لایه‌ن گروپی جوندولئیسلامه‌وه‌ تیرۆركراوه‌ و چه‌ندین شوێنی گشتی دیكه‌ی كرد به‌ناوی شه‌هیده‌كانی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه‌وه‌.
به‌پێی ئاماری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر، كه‌ ناوی ته‌واوی گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كانی تێدایه‌، پارتی دیموكرات ناوی (5) شه‌قامی سه‌ره‌كی و (8) چوارڕێیان و (5) گه‌ڕه‌كی به‌ناوی سه‌ركرده‌ و ره‌مزه‌ حزبیه‌كانی خۆیه‌وه‌ كردووه‌ و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێریش ده‌ڵێت: "له‌هه‌موو دنیادا ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان بكرێت به‌ناوی ره‌مزه‌كانی میلله‌ته‌كه‌وه‌".

نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر كه‌ به‌ باوه‌ڕپێكراوترین پیاوی ئیداری پارتی باسده‌كرێت، له‌باره‌ی كۆنترۆڵكردنی ناوی شوێنه‌ گشتییه‌كان بۆ ره‌مزه‌كانی پارتی وتی: پاركی (سامی عه‌بدولڕه‌حمان)، كه‌ پێشووتر ناوی (پاركی هه‌ولێر) بووه‌، پرۆژه‌ی شه‌هید سامی عه‌بدولڕه‌حمان بوو، بۆخۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد و كاتێكی زۆری بۆ ته‌رخانكردبوو، ئه‌و بۆخۆی گه‌یاندییه‌ ئه‌و ئاسته‌ باشه‌و پێشووتر ئه‌و جێگایه‌، سه‌ربازگه‌ و شوێنی كوشتنی هاووڵاتییان بووه‌.یاریگاكه‌ش شه‌هید (فره‌نسۆ حه‌ریری) درووستیكرد به‌ كۆمه‌كی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر و رۆژگارێك ئه‌و یاریگایه‌ دروستكرا كه‌ حكومه‌ت داهاتی زۆریشی نه‌بوو.

له‌دوای راپه‌ڕنی ساڵی 1991 یه‌كێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكرات بۆ ئیبرازكردنی سه‌ركرده‌كانیان، گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و قوتابخانه‌ و شوێنی گشتیان كرد به‌ناویانه‌وه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش، هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی رۆژهه‌ڵات، یان رۆژئاوا، به‌ وشه‌یه‌ك پشتیوانی كوردی بكردایه‌، شوێنێكی گشتیش ده‌كرا به‌ناویه‌وه‌. هه‌ریه‌ك له‌ دانیال میته‌ران و فره‌نسۆ میته‌ران و ئۆلف پالمێ و موعه‌مه‌ر قه‌زافی، شوێنی گشتی كراوه‌ به‌ناویانه‌وه‌ و له‌هیچ قۆناعێكی شه‌ڕی ناوخۆشدا ئه‌و ناوانه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

گۆڕنی ئه‌و ناوانه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌، له‌ دوو قۆناغدا روویداوه‌، دوای راپه‌ڕین له‌ ساڵی 1991 كه‌ ده‌سته‌ڵاتی حكومه‌تی عیراق له‌ كوردستان نه‌ما، قۆناغی دووه‌میش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی یان پارتی ناوچه‌یه‌كی داگیر ده‌كرد و ده‌سته‌ڵاتی خۆی تێدا جێگیرده‌كرد.
رێباز باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی و هه‌ولێر به‌تایبه‌ت، گرنگی ناده‌ن به‌ ناوه‌ نوێكان و له‌ بیره‌وه‌ری ئه‌واندا هه‌ر ناوه‌ كۆنه‌كان زیندووه‌ و له‌ قسه‌ی رۆژانه‌شدا هه‌ر ئه‌و ناوه‌ كۆنانه‌ به‌كار دێنن. ئه‌و وتی"ئێسته‌ش گه‌ڕه‌ك هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ناوی حه‌ی سه‌دام بانگ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ ساڵی 1991 ه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی گۆڕاوه‌".

شاری هه‌ولێر له‌ئێسته‌دا به‌ گه‌شه‌سه‌ندوترین شاری كوردستانی عیراق وه‌سفده‌كرێت و له‌و بوودجه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ بۆی دێت، به‌ سه‌دان كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی خه‌ریكی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و دروستكردنی بینای نوێن بۆ ده‌زگا حكومییه‌كان و شوێنی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتییان و نه‌وزاد هادی پارێزگاری ئه‌و شاره‌ش به‌ لێهاتووترین و ده‌ستپاكترین پیاوی ئیداری وه‌سفده‌كرێت له‌ ماوه‌ی 16 ساڵی ته‌مه‌نی حكومه‌تداری كورددا و نه‌یاره‌كانیشی ناتوانن ئینكاریی تواناكانی بكه‌ن.

له‌دوای كۆتایی پێهێنانی شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكرات، هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك به‌ر پارتی كه‌وت و شاری سلێمانیش چوویه‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی یه‌كێتی. ئه‌و دوو حزبه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگا ئیداره‌ییه‌كانی حكومه‌ت، ته‌واوی پۆسته‌ باڵاكانیان بۆ ئه‌ندامه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی حزبه‌كانیان داناو خه‌ڵكی بێلایه‌ن و ئه‌ندامی حزبه‌كانی دیكه‌، دوور خرانه‌وه‌ له‌ ئیشوكاری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سته‌ڵات.

دارا سه‌عید ناوی خوازراوی بازرگانێكی شاری هه‌ولێره‌، باسی ئه‌وه‌یكرد كه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكرات له‌ كۆتایی مانگی ئابی ساڵی 1996، ده‌ستی به‌سه‌ر شاری هه‌ولێردا گرت، زۆربه‌ی چالاكییه‌ ئابوورییه‌كانی ئه‌و بازرگانانه‌ی له‌كارخست كه‌ به‌ نه‌یاری خۆی وه‌سفیكردبوون. ئه‌و وتی" بۆ بازرگانه‌كان لیستی ره‌ش و لیستی سپی درووست كرا".

ئه‌و له‌باره‌ی لیستی ره‌شه‌وه‌ وتی كه‌ هه‌ر سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن كۆمپانیایه‌ك دۆستی پارتی نه‌بوایه‌، نه‌یانده‌هێشت بازرگانی بكات و پرۆژه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌ربگرێت یان پرۆژه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت. له‌باره‌ی لیستی سپیش وتی كه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كانی پارتی و دۆسته‌كانیان بوونه‌ خاوه‌نی كۆمپانیای فره‌جۆر و پشكی شێری پرۆژه‌كانی حكومه‌ت به‌ر ئه‌وان ده‌كه‌وت.

به‌ڵام نه‌وزاد هادی پارێزگاری ئه‌و شاره‌، ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارتی كۆنترۆڵی شاره‌كه‌ی كردبێت و وتی كه‌ هیچ سه‌رمایه‌دارێك ده‌رفه‌تی باشتری سه‌رمایه‌گوزاریی بۆ نه‌ڕه‌خسێنراوه‌ و زه‌وی پێنه‌دراوه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پارتییه‌.

نه‌وزاد هادی كه‌ به‌ (سه‌رۆكی شاری هه‌ولێر)یش ناوی ده‌برێت، به‌شێوه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه‌ ئیشه‌كانی ئه‌و شاره‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات ، به‌ڵام نه‌یاره‌كانیشی به‌ پیاوێكی ده‌ستپاك و دڵسۆز وه‌سفیده‌كه‌ن. پارێزگاری هه‌ولێر وتی كه‌ هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا و شه‌ریكانه‌ی كه‌ پرۆژه‌یان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌، به‌ ته‌ئكید هه‌موویان پارتی نین و ئه‌وه‌ش زۆر وازحه‌. ئه‌و وتی" به‌رپرسه‌كانی پارتیشی تێدایه‌، به‌ڵام له‌ریزی ئه‌و كه‌سانه‌ی دیكه‌ كه‌ ئیستسمار ده‌كه‌ن و پارتیش نین".

ئه‌و لێدوانه‌ی پارێزگار له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی قسه‌كانی دارا سه‌عید، ئه‌و چه‌ند سه‌رمایه‌داره‌ بێلایه‌نه‌ی كه‌ پرۆژه‌یان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌، له‌ڕیزی ئه‌و سه‌دان به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی پارتیدان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خێراو به‌ قازانجی پرۆژه‌كانیان بوونه‌ته‌ سه‌رمایه‌داره‌ پله‌یه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر.

دارا وتی له‌ شاری هه‌ولێردا سه‌رمایه‌داری تێدایه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ له‌عیراقدا به‌ وه‌به‌رهێنی پله‌یه‌ك وه‌سفكراوه‌، به‌ڵام پارتی له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا نه‌یهێشتووه‌ یه‌ك پرۆژه‌ی گه‌وره‌ له‌ حكومه‌ت وه‌ربگرێت یان وه‌ك كه‌رتی تایبه‌ت دایبه‌مه‌زرێێت.ئه‌و وتی" هه‌ندێك پرۆژه‌ی بچووك كه‌ ته‌نده‌ری بۆ ده‌كرێت، ده‌درێته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پارتی نین".

پارێزگاریش رای پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو وتی"كوردستان وڵاتی چین نییه‌ و ژماره‌ی هه‌موومان له‌و 3 پارێزگایه‌ نزیكه‌ی چوار ملیۆنه‌ و هه‌ر كه‌سێك ده‌وڵه‌مه‌ند ببیێت یان پرۆژه‌یه‌كی هه‌بێت، ئاشكرایه‌ و ده‌بینرێت و ناتوانرێت بشاررێته‌وه‌".

ئه‌و ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی پرۆژه‌ به‌ به‌رپرسه‌كانی پارتی درابێت و وتی كه‌ ده‌توانن له‌ تاپۆ و شوێنه‌ ره‌سمییه‌كان به‌دوای فایله‌كاندا بچن و چی راستییه‌ بڵاویبكه‌نه‌وه‌.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی چاودێره‌كانی به‌ گومان كردووه‌ له‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی شاری هه‌ولێرو پرۆژه‌ ئابوورییه‌كانی، نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت و ده‌سته‌ڵاتی تاكڕه‌وانه‌ی پارێزگاری هه‌ولێره‌ و پارێزگاریش ده‌ڵێت: "له‌هه‌ر شارێك كه‌ پارێزگار له‌ حزبێك بێت و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نیش له‌ حزبێكی دیكه‌ بن، ئه‌و دوانه‌ ده‌بنه‌ رێگر له‌ ئیشی یه‌كتری".

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانی رایگه‌یاند كه‌ سه‌رله‌به‌ری ده‌زگا ئیداره‌كانی ئه‌و شاره‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌، پارتی كۆنترۆڵیكردووه‌ و رۆژانه‌ش كێشه‌ بۆ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ درووستده‌كرێت كه‌ ئه‌ندامی پارتی نین. ئه‌و وتی: "موختاری گه‌ڕه‌ك، مدیری پۆلیس، به‌یته‌رییه‌، ئاو، كاره‌با و كشتوكاڵ و هه‌موو به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌كانی پارتییه‌وه‌ كۆنترۆڵكراون و زۆر جار فه‌رمانی ئه‌و به‌رپرس و وه‌زیرانه‌ی حكومه‌تیشیان ره‌فز كردۆته‌وه‌ كه‌ پارتی نین".

سه‌عدی پیره‌ یه‌كه‌مین به‌رپرسی یه‌كێتیی نشتمانی بوو كه‌ به‌ پله‌ی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند له‌دوای كۆتاییهێنانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پارتی، گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌و شاره‌ و ناونانی ته‌واوی شوێنه‌ گشتییه‌كانیشی به‌ ناوی سه‌ركرده‌كانی پارتییه‌وه‌ به‌ گۆڕانكاریه‌كی سلبی وه‌سفكرد و رایگه‌یاند ئه‌و ئیشه‌ خزمه‌ت به‌ یه‌كڕیزی كورد ناكات.

دوای ئه‌وه‌ی له‌كاره‌ساتی 1 شوباتی 2004 ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌یه‌ك رۆژو له‌ دوو كرده‌وه‌ی تیرۆریستیدا شه‌هید ده‌بن، پارك و شه‌قام و هۆڵی گشتی و به‌رزه‌ پرد و چوارڕێیان ده‌كرێت به‌ ناوی سه‌ركرده‌كانی پارتییه‌وه‌ و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش ته‌نها له‌ زه‌ینی بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌كه‌یاندا زیندوو راده‌گیرێن. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی هیچ شوێنێك نه‌كراوه‌ به‌ناوی سه‌ركرده‌كانیانه‌وه‌، یان ناوه‌كانیشیان گۆڕاوه‌، سه‌عدی پیره‌ وتی"تائێستا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی نه‌كردووه‌". ئه‌و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ زیاتر ئیشی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌ و ده‌بێت ئه‌وان هه‌وڵبده‌ن یه‌كڕیزی كورد بپارێزن و خۆیان وه‌ك به‌رپرسی هه‌موو خه‌ڵكی شاره‌كه‌ پیشانبده‌ن، نه‌ك حزبێكی تایبه‌ت.

رای ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌وه‌بوو كه‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان بكرێت به‌ناوی هونه‌رمه‌ند و شاعیر و سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌كان و ئه‌و ،ناوچانه‌ی كه‌ ئێستا نه‌هاتوونه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی كورده‌وه‌، وه‌ك كه‌ركوك، مه‌نده‌لی،به‌دره‌، جه‌سان و بابه‌گوڕگوڕ، پیره‌ نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ هێشتا شاره‌كه‌ به‌ ته‌واوی به‌ده‌ست پارتییه‌كانه‌وه‌یه‌ و بوونی وه‌زیری حزبه‌كانی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ شتێكی گرنگ بۆ فره‌ ره‌نگكردنی ئه‌و شاره‌ وه‌سف نه‌كرد، ئه‌ویش به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ راسته‌وخۆ ئیحتیكاكیان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان نییه‌، ئه‌و وتی"ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی پارتی كه‌ ئیشی هاووڵاتییانیان به‌ده‌سته‌ له‌ شاری هه‌ولێر، تائێستاش به‌ نه‌فه‌سی شه‌ڕی براكوژی ئیشده‌كه‌ن"، ئه‌و باسی ئه‌وه‌یكرد كه‌ یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ره‌وه‌ باسی رێككه‌وتنی ستراتیجی ده‌كه‌ن و له‌ خواره‌وه‌ش ئیسلاحات له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان رووینه‌داوه‌ و وتی"هه‌قه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ درووستده‌كه‌ن، وه‌ك ریخۆڵه‌كوێره‌ ببڕرێنه‌وه‌".

ئێسته‌ هه‌ولێر جوانترین شاری كوردستانه‌، به‌ڵام دیموكراتییه‌ت و به‌شداری هاووڵاتییان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌برنی ئه‌و شاره‌، بوونی نییه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ ماهییه‌تی پایته‌خت بوونی ئه‌و شاره‌ی كه‌مكردۆته‌وه‌ و زیاتر له‌ دیوه‌خانێكی ئاوه‌دان ده‌چێت كه‌ ئاغایه‌ك به‌ جوانترین شێوه‌ خزمه‌تی ده‌كات و هه‌موو دانیشتوانه‌ فكر جیاوازه‌كان به‌ میوان ببینێت.

رێباز جه‌مال وتی كه‌ ناونانی شوێنه‌ گشتییه‌كان و ئیبرازكردنی سه‌ركرده‌ی حزبێك له‌سه‌ر حسابی ناوی شوێنه‌ گشتییه‌كان، كارێكی هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ دڵی بنه‌ماڵه‌یه‌ك خۆشده‌كات و بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیكه‌ نیگه‌ران ده‌كات. ئه‌و باسی ئه‌وه‌یكرد كه‌ ده‌بێت هه‌ولێر كه‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌هاوبه‌شی هه‌موو حزبه‌كانی ناو حكومه‌ت و پارله‌مان به‌ڕێوه‌ببرێت و هیچ لایه‌نێك تاپۆی نه‌كات له‌سه‌ر خۆی.

رێباز وتی كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی گه‌وره‌ترین حزبی كوردستانه‌، به‌ڵام له‌ شاری هه‌ولێردا ته‌نها شه‌قامێك یان چوارریانێك یان شوێنێكی گشتی نییه‌ كه‌ كرابێت به‌ناوی سه‌ركرده‌ شه‌هیده‌كانی و ئێستاش كه‌ ئیداره‌ یه‌كیگرتۆته‌وه‌ و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت یه‌كێتین و له‌رووی ئیداریشه‌وه‌، له‌ مدیری قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا راگری كۆلێژێك و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگایه‌كی حكومیی، هه‌موو ئه‌ندامی پارتین. ئه‌و وتی" پارتی ویستوویه‌تی هه‌ولێر له‌سه‌ر خۆی تاپۆ بكات".
Sbeiy.com © 2007