راپۆرتی: دلێر عه‌بدولخالق
بۆ یه‌كه‌مجار له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا، مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی توندی ئاراسته‌ی سه‌رۆك و وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرد و وتی: " لێتان قبوڵ ناكرێت، لایه‌نگریی بۆ لایه‌نه‌كانتان بكه‌ن."
له كاردانه‌وه‌ی ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆكدا، ئۆپۆزسیۆن ئه‌م هه‌ڵوێسته به قسه‌ی ئیعلامیی بارزانی ده‌زانێت و وه‌زیره‌كانیش په‌یڤه‌كانی سه‌رۆك به ئامۆژگاریی، نه‌ك موحاسه‌به كردن ده‌خوێننه‌وه، هه‌رچی چاودێرانی سیاسیشه به دوری ده‌زانن ئه‌م گوتارانه له مه‌ودای تیۆرییه‌وه بۆ ئه‌رزی واقیع ته‌رجومه بكرێن.
سێشه‌ممه‌ی رابردو، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگر و ته‌واوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی كۆبوه‌وه.
له ته‌وه‌ری باس و خواسه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بارزانی ئاماژه‌ی به پێویستیی دامه‌زراوه‌ییكردنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت كرد و ئه‌وه‌شی به‌سته‌وه به دورخستنه‌وه‌ی بۆچونی حیزبیی له‌ناو حكومه‌تدا.
وتیشی: " ئه‌مڕۆ پێویسته پارتی و یه‌كێتی ببنه دو حیزبی مه‌ده‌نیی، ئه‌م وه‌زعه‌مان بۆیه دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زیر ببێته وه‌زیر و كاتێك بڕیار ده‌دات هه‌مو لایه‌ك پێوه‌ی پابه‌ندبن، هه‌ر وه‌زیرێك له ئه‌ركه‌كه‌ی لایه‌نگریی لایه‌نه‌كه‌ی خۆی بكات، با له ئێستاوه واز له ئه‌ركه‌كه‌ی بێنێت، ئه‌گینا لێی قبوڵ ناكرێن".
هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه بڵاوكراوه‌یه‌وه، به دیاریكراویی ئاماژه به كه‌مته‌رخه‌میی هیچ وه‌زیر و وه‌زاره‌تێك نه‌كراوه، به‌ڵام وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (رۆژنامه)ی باسكرد، قسه‌كانی پشت راگه‌یاندن به‌رامبه‌ر وه‌زیره‌كان توندتر بون.
وه‌زیره‌كان
له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه، د.كاوه مه‌حمود، وه‌زیری رۆشنبیری و وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم به (رۆژنامه)ی راگه‌یاند: " بۆ ئاڵوگۆڕی بیر‌وبۆچون و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگیی له‌نێوان ئه‌و دو دامه‌زراوه‌یه‌دا، ماوه ماوه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆده‌بێته‌وه".
وه‌زیری رۆشنبیری، باسی له‌وه‌كرد په‌یامه‌كه‌ی بارزانیی له عه‌قڵییه‌تی موحاسه‌به و موحاسه‌به‌كارییه‌وه نه‌بوه، به‌ڵكو له عه‌قڵییه‌تی گوێگرتن بوه، ئه‌و گوتاره‌ش پێش ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كان بێت، ئاراسته‌ی پارتی و یه‌كێتیی بو، كه ده‌ست له ئیش و كاری حكومه‌ت وه‌رنه‌ده‌ن و وتی: "بۆچونه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ناكۆك نییه له كارنامه‌ی ئیشكردنی حكومه‌ت، ئامانجی پشت ئه‌و بۆچونانه پشتگیریكردنی كاری حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانه".
لای خۆشیه‌وه، د.تاهیر هه‌ورامی، وه‌زیری ته‌ندروستی و یه‌كێك له ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: " په‌یامه‌كانی بارزانی بۆ ئه‌وان جۆرێك له ئامۆژگاریی بوه، نه‌ك موحاسه‌به‌كردن" .
وتیشی: " سه‌رۆكی هه‌رێم ئاراسته‌ی كردین كه وه‌زیره‌كان وه‌زیری خه‌ڵكی كوردستانن و ده‌بێت دڵسۆزی ئه‌وان بن، نه‌ك حیزبه‌كانیان، ئه‌م بۆچونه‌ش به‌لایه‌نیی كه‌مه‌وه رێژه‌ی متمانه له‌نێوان حكومه‌ت و میلله‌تدا زۆر زیاد ده‌كات و باسی لایه‌ن و لایه‌نكاریی نامێنێت و ئینتیمای خه‌ڵك بۆ نه‌ته‌وه و خاكه‌كه‌ی زیاتر ده‌كات".
ئه‌وه‌ی له‌و دانیشتنه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم به‌تایبه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر كرده‌وه، یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه و چونه‌ژێر چه‌تری كۆی هێزه حیزبییه‌كانه بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه.
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، وه‌زیری پێشمه‌رگه وتی: " ئه‌وه بڕیارێكه پێشتر دراوه، به‌ڵام سه‌رۆك جه‌ختی لێكردۆته‌وه كه پێویسته هه‌مو هێزی پێشمه‌رگه بێته ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، هه‌رچه‌نده تا ئێستا نه‌توانراوه هێزی حیزبه‌كان و به‌شێك له هێزه‌كانی یه‌كێتی و پارتی، بێنه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان".
وه‌زیری پێشمه‌رگه، هۆكاری په‌یامه تونده‌كه‌ی بارزانی به‌رامبه‌ر وه‌زیره‌كان گه‌ڕانده‌وه بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی كاری حیزبیی لای هه‌ندێك وه‌زیر و به‌رپرسی خواره‌وه و وتیشی: "بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت، هه‌ندێك وه‌زیر و به‌رپرسی حكومی له‌خواره‌وه به بیركردنه‌وه‌ی ته‌سكی حیزبایه‌تیی ره‌فتار ده‌كه‌ن و ئیداره به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌و په‌یامه ئاراسته‌ی ئه‌وان بو".
چاودێرانی سیاسیی
پرسی جیاكردنه‌وه‌ی كاروباری حیزب له دامه‌زراوه حكومییه‌كان، له كێشه هه‌ره ئاڵۆز و دیاره‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا یه‌كێك له‌و ره‌خنه جدییانه‌ی ئاراسته‌ی كۆی هه‌یكه‌لی سیاسیی و ئیداریی هه‌رێم كراوه، تێكه‌ڵی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیی بوه.
له كاردانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌دا، به‌رپرسانی باڵای پارتی و یه‌كێتی كه وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن: "به‌رهه‌می سروشتیی حوكمڕانی ئه‌وانه"، چه‌ندین پڕۆژه‌ی بێئه‌نجامیان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دو ده‌سه‌ڵاته خستۆته‌ڕو، دیارترینیش پڕۆژه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری یه‌كێتی نیشتمانییه كه له كۆتایی (2008) راگه‌یاندراوه.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، چاودێری سیاسیی ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو له هه‌رێمدا داواكارییه‌كی فراوان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازیی خراوه‌ته‌ڕو، جه‌ختكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته بۆ ئێستا، بایه‌خی تایبه‌تیی هه‌یه.
ئه‌و رایه ئیجابیه‌ی ئه‌سه‌سه‌رد له‌كاتێكدایه، كه ناوبراو تایبه‌تمه‌ندیی سیاسیی كوردستان نزیك له بلۆكی سۆشیالیستی و دورتر له ئه‌زمونی وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان باسده‌كات و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌م ناوچه‌یه زیاتر له بلۆكی سۆشیالیسته‌وه نزیكه. له ئه‌زمونی وڵاته پێشكه‌وتوه‌كاندا حیزب رۆڵی له دروستكردنی ده‌وڵه‌تدا نه‌بوه، له‌به‌رئه‌وه تێكه‌ڵاوییه‌كه كه‌متربوه، به‌ڵام لای ئێمه وه‌ك چۆن حیزبه كۆمۆنیسته‌كان یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی دامه‌زراند، حیزبه سه‌ره‌كیه‌كانیش رۆڵی گه‌وره‌یان له پێكهێنانی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو عێراقدا هه‌بوه، له‌به‌رئه‌وه ناكرێت جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ره‌ها بێته‌كایه‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت جیاكردنه‌وه‌یه‌ك بێت له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كه بگونجێت".
د.سالار باسیره، مامۆستا له كۆلێژی یاسا و زانسته رامیارییه‌كان له زانكۆی سلێمانی، بۆچونی لێپرسراوه باڵاكانی هه‌رێم له‌باره‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له حكومه‌ت، وه‌كو دروشمی جوان، به‌ڵام پراكتیزه نه‌كراو سه‌یر ده‌كات. وتیشی: "سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی یه‌كێك له حیزبه باڵاده‌سته‌كانه كه خۆی به‌شێكی گرنگه له ده‌ستێوه‌ردانی حیزبیی له كاری حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌یانه‌وێت گۆڕان بكه‌ن، ده‌بێت له خۆیانه‌وه ده‌ستپێبكه‌ن، ئینجا خه‌ڵك بڕوا به وته‌كانیان دێنێت".
باسیره، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: له هه‌رێمدا ئه‌نشتاین و نیوتن بیت، ئه‌گه‌ر حیزبیی نه‌بیت و ئینتیمات بۆ سه‌رۆك نه‌بێت ئیشت ناڕوات، وته‌كانی بارزانی پڕوپاگه‌نده‌یه بۆ خۆی، بۆ پارتی، كه كۆنگره‌ی له‌پێشه، ئه‌م تیۆرییه ده‌یه‌وێت بكات به ده‌ستكه‌وتێك بۆ خۆی و پێش یه‌كێتیش بداته‌وه.
كوردستانیی
فراكسیۆنی كوردستانیی له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه به كه‌مبونه‌وه‌ی دیاره‌ی ته‌داخولاتی حیزبیی له كاروباری حكومه‌ت ده‌كه‌ن و هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش وه‌ك رێزگرتن له ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن ده‌خوێننه‌وه كه داواكاریی جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ن.
دڵشاد شه‌هاب، جێگری فراكسیۆنی كوردستانیی نكوڵی له بونی ته‌داخولی حیزبیی له كاروباری حكومه‌ت ناكات، به‌ڵام پێیوایه ئه‌و حاڵه‌ته رو له كه‌مییه.
وتیشی: " ئه‌و حاڵه‌ته‌ی پێشتر له پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بوه و ئێستا به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه چوه، بۆیه ئه‌ركی ئێمه‌یه چاودێریی كاره‌كانی حكومه‌ت بكه‌ین و بزانین له چ وه‌زاره‌تێك و چ وه‌زیرێك پۆسته ئیدارییه‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن ئێوه ده‌سه‌ڵاتن، با په‌رله‌مانتاره ئۆپۆزسیۆنه‌كان له رێی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه ئه‌و ئه‌ركه به‌جێبهێنن و ناوی ئه‌و دامه‌زراوانه‌مان پێبڵێن كه به دیاریكراوی له فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆك و بڕیاری حكومه‌ت ده‌رده‌چن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره، كه كه‌سی یه‌كه‌می پارتییه له فراكسیۆنی كوردستانیی پێیوایه وته‌كانی سه‌رۆك به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له كاریگه‌ری داواكارییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه و وتی: " ئه‌م په‌یامه بۆ پشتگیریی داوای ئۆپۆزسیۆنه، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه، كاتێك داوای لێده‌كرێت سنورێك بۆ ته‌داخولاتی حیزبیی له كاره‌كانی حكومه‌ت دابنێت، زۆر ئاساییه سه‌رۆك بارزانی وه‌ك رێزگرتن له ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن داوابكات وه‌زیره‌كان لایه‌نگری بۆ لایه‌نه‌كانی خۆیان نه‌كه‌ن و حكومه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بن".
ئۆپۆزسیۆن
هه‌رچه‌نده له كارنامه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌ودایه‌كی فراوان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت و كاریگه‌رییه خراپه‌كانی ئه‌و واقیعه خستبوه‌ڕو، به‌ڵام وته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ فراكسیۆنی گۆڕان ئیجابیی نین، به تایبه‌ت كه پێیانوایه ئیراده‌یه‌ك نییه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌داخولاتی حیزبیی له كاری حكومه‌ت.
عه‌دنان عوسمان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان به (رۆژنامه)ی راگه‌یاند: "چه‌ند بڕوام به پڕۆژه‌كانی تاڵه‌بانی هه‌بو له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی حیزبی له حكومه‌ت، هێنده‌ش به‌هی بارزانی. به‌داخه‌وه، ئه‌م به‌ڕێزانه له‌بری ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ شێوازی جدیی به‌رن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه، به وته‌ی ئیعلامی و به شێوازی راگه‌یاندن و هه‌ڕه‌شه‌كردن و مزایه‌ده‌كردن ده‌یانه‌وێت ده‌ستی حیزبیی له‌ناو جه‌سته‌ی حكومه‌ت ده‌ربهێنن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌م واقیعه نایاساییه‌ی پارتی و یه‌كێتی له هه‌رێمدا دروستیانكردوه دژ به هه‌مو یاساكانی په‌رله‌مان و دور له یاسای ژماره (17)ی حیزبه‌كانه، ئه‌وان هێزی میلیشیایان هه‌یه، ئاسایشیان هه‌یه، دادگای خۆیان هه‌یه، جیهازی ئه‌منییان هه‌یه، رۆژانه سه‌دان فه‌رامانبه‌ری حكومه‌ت به ئه‌مری ئه‌وان به‌رزده‌كرێنه‌وه به ئه‌مری ئه‌وان لاده‌برێن.
له به‌رده‌وامیی لێدوانه‌كه‌یدا، عه‌دنان عوسمان وتیشی: "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی جددی و راستگۆن با جیهازی ئاسایش له ده‌ستی حیزب ده‌ربكه‌ن كه دو مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبیی له هه‌ولێر و سلێمانی سه‌رپه‌رشتیان ده‌كه‌ن. وه‌زیری پێشمه‌رگه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتییه، ئه‌مه‌ش دژی یاسای حیزبه‌كانه. با رێكخستن له‌ناو ئه‌و هێزه‌دا نه‌هێڵن. با دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ر به پشتگیریی حیزب نه‌بێت. حكومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی بڕیاری خۆی بێت، نه‌ك له مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و دو حیزبه‌وه كارنامه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت".
له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ وه‌زیره‌كان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، باسی له‌وه‌كرد ئه‌وه سه‌رۆكه‌كان و مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردو حیزبن ته‌داخول ده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌زیره‌كان. وه‌زیر و به‌رپرسه حكومییه‌كان پێیان خۆشه به‌ویژدانی خۆیان كار بكه‌ن، به‌ڵام نوسراوی حیزبیی و بڕیاری حیزبیی رێگره له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چونی كارنامه و ئیشوكاره‌كانیان.
بۆچونه جیاوازه‌كان
ئه‌م بۆچونانه له‌كاتێكدا ئاراسته ده‌كرێن، كه پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دو ئیداره‌یی هه‌رێم دابه‌شبو به‌سه‌ر زۆنه‌كانی زه‌رد و سه‌وزدا ته‌واو نه‌بوه، بڕوای چاودێران ئه‌م ئه‌نجامه ده‌رخه‌ری هه‌ژمونی حیزبییه به‌سه‌ر سیستمی ئیداریی هه‌رێمی كوردستان.
سالار باسیره ده‌ڵێت: " به‌رله‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی و مام جه‌لال قسه له جیاكردنه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت بكه‌ن، باشتره به‌یه‌كه‌وه دابنیشن و دوایین بڕیار له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بده‌ن".
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی: " كاتێك سه‌رۆكی هه‌رێم به توندی وته‌یه‌ك ئاراسته‌ی وه‌زیره‌كان ده‌كات، ره‌خنه نییه، به‌ڵكو له‌و روا‌نگه‌یه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیان هه‌بێت خۆیان چاك بكه‌ن، هاوكات حیزب ببێته یارمه‌تیده‌ری حكومه‌ت نه‌ك كۆسپ له‌به‌رده‌م كاره‌كانی دروست بكات".
كاوه مه‌حمود، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمیش جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه سیاسه‌تی گشتیی سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جیاكردنه‌وه‌ی كاری حیزبییه له كاری حكومی، ئه‌مه‌ش ناوه‌ڕۆكی ئه‌و چاكسازییه ئیداریه‌یه كه هه‌نگاومان بۆیناوه، به‌ڵام به رۆژ و دو رۆژ نایه‌ته‌دی و مانای ئه‌وه نییه كۆسپ و ته‌گه‌ره نایه‌ته پێشی.
عه‌دنان عوسمانی په‌رله‌مانتاریش پێیوایه، هه‌نگاوه‌كان جدیی نین بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته حیزبییه‌كان له دامه‌زراوه حكومییه‌كاندا. وتی: " كردارمان ده‌وێت، نه‌ك قسه، داوا ده‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌نگاوی كرداریی بنێت و لیژنه‌یه‌ك پێكبێت و پڕۆژه‌كانی گۆڕان‌و حكومه‌تی هه‌رێم له‌و چواچێوه‌یه جێبه‌جێبكرێت".