سازدانی: سبه‌ی
كاوه حه‌سه‌ن نوێنه‌ری به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هۆڵه‌ندا له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سبه‌ی باس له گرنگی كاركردنی كورد ده‌كات له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كاوه ده‌ڵێت: "بونی چالاکی کورد له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرنگیەکی ستراتیجی درێژخایەنی هەیە بەحوکمی ئەوەی ئەتوانیت بەئاسانی لۆبی بکرێت و تۆڕی پەیوەندیەکان فراوان بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەبیت بەئەندامێکی چالاک لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو گوندە گەردونیەی کەپێی دەوترێت جیهان".
سبه‌ی: سه‌ره‌تا با له‌وێوه ده‌ست پێ بكه‌ین تۆ له‌ناو هه‌ندێك رێكخراودا كارتكردوه له‌وانه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، وه‌ك كوردێك
كاركردن له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چۆن ده‌بینیت، یان تاچه‌ند سودمهندبویت له‌و ئه‌زمونه‌ت؟
كاوه حه‌سه‌ن: كاركردن له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان (نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، بانکی نێودەوڵەتی، سندوقی دارایی نێودەوڵەتی، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه ناحوکمیەکان، ...هتد) زۆر زۆر گرنگە بۆ کورد بەحوکمی ئەوەی کورد بۆ ماوەیەکی زۆر چەوسێنراوەتەوە و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵه‌تدا کە سنوری هاوبەشیان هەیە، زۆر زەحمەت بوە دۆزەکەی بگەیەنێت بە ناوەندە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رای گشتی جیهانی، كۆڕەوی 1991 بریتی بو لە سونامیەکی سیاسی لە مێژوی هاوچەرخی کوردستاندا، چونکە بوە هۆی بەنێودەوڵەتیکردنی دۆزی کوردی بەجۆرێک کە ویژدانی رای گشتی جیهانی هەژاند و لە کۆتاییدا فشاری دۆستانی کورد و رای گشتی جیهانی بوە هۆی ئەوەی رۆژئاوا تەدەخول بکات و ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان دابمەزرێت.
لەم روانگەیەوە بونی چالاکی کورد له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرنگیەکی ستراتیجی درێژخایەنی هەیە بەحوکمی ئەوەی ئەتوانیت بەئاسانی لۆبی بکرێت و تۆڕی پەیوەندیەکان فراوان بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەبیت بەئەندامێکی چالاک لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو گوندە گەردونیەی کەپێی دەوترێت جیهان.
من زۆر سودمەند بوم لە ئەزمونی کارکردنم لە نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان لە سریلانکا و هۆڵه‌ندا، چونکە فێری کارکردن بوم لە کایەیەکی نێودەوڵه‌تیدا لەگەڵ ستاف لە وڵات، کولتور و باکگراوندی جیاواز، ئەم تێکەڵاوبونە ئەزمونی پرۆفێشنەڵی و شەخسیمی زۆر دەوڵەمەند کردوە، لەهەمان کاتدا ئەو پەیوەندیانەی کە لە نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان دروستم کردوە زۆر سودی لێ وەردەگرین لە بەشی پەیوەندیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هۆڵه‌ندا.
سبه‌ی: تۆ له ئێستادا له بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی‌دا كارده‌كه‌یت "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان" زیاتر له بواری په‌یوه‌ندییه‌كاندا چالاكیدا هه‌یه، تاچه‌ند په‌یوه‌ندی به حكومه‌ت و حیزب و رێكخراوه‌كانی وڵاتانه‌وه بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرنگه؟
كاوه حه‌سه‌ن: بێگومان سەرکەوتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە بەدیهێنانی پەیام و پرۆگرامەکەی پابەندە بە 3 فاکتەرەوە:
_کارکردن لەسار ئاستی ئەو جەماوەرەی دەنگی پێداوە لە کوردستان و هەندەران.
_کارکردن لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکانی لە هەولێر و لە به‌غدا.
_ کارکردن لە سەر ئاستی دبلۆماسی و نێودەوڵەتی.
ئەم 3 فاکتەرە پابەندن بەیەکەوە بە جۆرێک کە دەبێت لەیەک کاتدا کار لەسەر هەرسێکیان بکرێت و بەیەکەوە گرێبدرێن بەشێوەیەکی ستراتیژی و دوربینیانە، هەڵبەت ئەم کارە ئاسان نیە بگرە ئەتوانم بڵێم زۆر زەحمەتیشە، بەڵام بێگومان ئهستەم نیە، بەدیهێنانی پەیام و پرۆگرامی سیاسی نابێت بەجێ بهێلرێت بۆ قەزاو قەدەر، بەڵام ئەبێت بە پرۆگرام و پلان، هیلاکبون و شەونوخونی، تەحەمول، نەفەس و سەبری ستراتیجی کاری بۆ بکرێت.
ئه‌مە پرۆسه‌یەکی زۆر زۆر درێژخایەنە، بە ساڵ و دو ساڵ نایەتە دی، کاری دەیان ساڵی ئەوێت و سەرکەوتن گەرەنتی نیە، لە ژیاندا گەرەنتی نیە، بەهەمان شێوە لە کاری سیاسیش‌دا گەرەنتی سەرکەوتن نیە، سەرکەوتن تا ئەو ساتە بەدەستدێت کە کاری بۆ بکەیت، ئەم پرۆسەیە تەنها بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی و فراکسیۆنەکان و هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان نیە، بەڵکو لەهەمان کاتدا بەرسیارێتی هەمو جەماوەری گۆڕان و گۆڕانخوازانە. به‌داخەوە کولتور و عەقڵیەتی سیاسی کوردی بە جۆرێک گیانی موبادەرەی لە تاکی کوردی‌دا توشی شەلەل کردوە کە پرۆسه‌کە زیاتر زه‌حمه‌ت دەکات. دەسەڵاتی کوردی پشکی شێری بەردەکەوێت لەم شەلەلە سیاسیە بە حوکمی ئەو مۆدێلە گەندەڵە سەقەتەی کە دروسی کردوە لە 19 ساڵی رابردودا. لەسەر ئاستی نێودەولەتی زۆر گرنگە گۆڕان بەچەند ئاڕاستەیەکی جیاواز چالاک بێت. رێکخراوە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تا رادەیەکی زۆر تەنها حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەناسن. بۆیە زۆر گرنگە گۆڕان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیام و بەرنامەی سیاسی رون بکاتەوە بە زمانێکی سیاسی مۆدێرن کە رێکخراوە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پاڵپشت و کۆمەکی لێبکەن لە هەوڵەکانیدا بۆ دیموکراتیزەکردنی سیستەم و عەقڵیەتی سیاسی لە کوردستان. ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە تەکیدی لێبکرێت پیادەکردنی سیاسەتە بەشیوەیەکی شارستانی لە رێگای کاری پەرلەمانی و کۆمەڵگای مەدەنی دور لە بەکارهێنانی توندوتیژی. بەم شێوەیە گۆڕان هەم رێزی نێودەوڵەتی هەم کۆمەک و لۆبی بەدەست ئەهێنێت.
هەڵبەت نمونەی نێودەوڵەتی زۆرن کە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراسی کە توندوتیژیان بەکارنەهێناوە پاش خەباتێکی زۆر درێژخایەنی ئاشتیخوازانەدژی دەسەڵاتی دکتاتۆریی یان داگیرکردن توانیویانە رێز‌و پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن، بۆ نمونە خەباتی غاندی دژی داگیرکردنی بەریتانی،خەباتی نیلسۆن ماندیلا و کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریکی دژی رژێمی ئەپارتهاید لە ئەفریقای باشور، خەباتی ئان سان سوجی دژی رژێمی جەنەراڵەکان لە بۆرما، خەباتی مارتن لوتەر کینگ دژی جودایکرندی (discrimination ) رەشپێستەکان لە ئەمه‌ریکا، خەباتی سۆلێدارتی دژی کۆمۆنیسم لە پۆلۆنیا، خەباتی فاکلاف هاڤل و هاوڕێکانی دژی کۆمۆنیسم لە چیکۆسلۆڤاکیا. گۆڕان ئەتوانێت زۆر سودوەربگرێت لەم ئەزمونە نێودەڵەتیانە بۆ دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی کوردستان.
سبه‌ی: سه‌باره‌ت به دبلۆماسیه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به دنیای ده‌ره‌وه چ تێبینییه‌كت هه‌یه، ئایا پێتوایه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی ئێستا هه‌یه له سودی ئه‌زمونی حكومڕانی كوردی بێت كه له كاتێكدا سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كان په‌یوه‌ندی حیزبین و رۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم تیایدا نابینرێت، یان رونتر بڵێن په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه قۆرخ كراوه، ئه‌مه چ زیانێكی هه‌یه؟.
كاوه حه‌سه‌ن: بەداخەوە پەیوەندیەکان نەک هەر حیزبی کراون، بەڵکو بنەماڵەییش کراون. زۆر کەم لە پۆستەکانی پەیوەندیەکانی هەرێم چ لە كوردستان چ لە نوێنەرایەتیەکانی دەرەوە چ لە باڵوێزخانەکانی عێراق و وەزارەتی دەرەوە هەن کە پڕ نەکرابن بە خەڵکانێک کە سەر بە بنەماڵەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان نەبن. ئەم بنەماڵەیهتیکردنی سیاسەت و پەیوەندییەکان کارەساتێکی سیاسیە بۆ ئەزمونی سیاسی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە کوردستان کورت ئەکاتەوە بۆ دو بنەماڵە و دو حیزب و داهاتوی سیاسی وڵاتیش ئەخاتە ژێر مەترسیەکی گەورەوە، چونکە پەیوەندیەکان پەیوەندی موئەسەساتی نیە لە نێوان دو لایەندا لەسەر بناغەی موئەسەسات، بەڵام لە نێوان بنەماڵە باڵادەستەکان و لایەنێکی دەرەکی. بەم شێوەیە بنەماڵه باڵادەستەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان ناشرینترین، گەندەڵترین و سەقەترین وێنەی كوردستان پیشانی جیهانی دەرەوە ئەدەن. ئەم مۆدێلە دوبارەکردنەوەی مۆدێلی حوکمڕانی میرنشینە عەرەبیەکانە. بە کوردی و بە کورتی ( بەسعودیکردنی) سیستەمی سیاسی كوردستانە.
دیوەکەی تری بەبنەماڵەیکردنی پەیوەندیەکان بریتییە لە پیادەکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا لەسەر بناغەی خۆبەکەم زانین، تەمەلوق، موجامەلەکردن، پاڕانەوە و باوکەڕۆکردن نەک لەسەر بناغەی بەرژەوەندی هاوبەش و یەکسانی. هەڵبەت دایکی هەمو کارەساتەکان ئەوەیە کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان تاک و عەقڵی سیاسەتی کوردیان لەسەر ئەم بناغانە (پەروەردەکردوە). دانانی پەیوەندی دیبلۆماسی وە لۆبیکردن بریتیە نیە لە کڕوزانەوە، بەڵکو کۆکردنەوەی کۆمەکی سیاسی لەسەر بناغەی پرنسیپەکانی بەرژوەندی هاوبەش، یەکسانی و دامەزراوەی پڕۆفێشناڵی نەک بنەماڵەیکردنی پەیوەندیەکان و دانانی کوڕ‌و کچ و خزموکەسوکارانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە پۆستەکاندا.
سبه‌ی: ده‌كرێ باسی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی گۆڕان لههۆڵهندا بكه‌یت بۆمان؟، چۆن ده‌ستتان كرد به‌كار؟.
كاوه حه‌سه‌ن: له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی (25-7-2009)وه تائێستا توانیومانه تۆڕێكی به‌رفراوان له‌سه‌ر ئاستی هۆڵه‌ندا، ئه‌وروپا و نێوده‌وڵه‌تی دروست بكه‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان (حكومه‌ت، په‌رله‌مان، ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان وه‌ك زانكۆی ئه‌مسته‌ردام، سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە ستراتیژیەکان، میدیا، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان له هۆڵه‌ندا كه دۆستی كوردن، باڵیۆزخانه‌ی عێراق له هۆڵه‌ندا). هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان دروستكردوه لە سەر ئاستی ئەوروپا له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و باڵیۆزخانه‌ی عێراق له یه‌كێتی ئه‌وروپا له شاری برۆكسلی پایته‌ختی وڵاتی به‌لجیكا.
پاش هه‌ڵبژاردنی (25-7-2009)و دوای ئه‌و ساخته‌كارییه‌ی كه پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كردیان و سزای سیاسی دژی ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به‌گۆڕان داب‌و، بڕیارماندا زۆر چالاكانه له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسانه كاربكه‌ین، ئه‌وه بو یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی (UNPO) بو له‌شاری لاهای له هۆڵه‌ندا، (UNPO) چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی كردبو له هه‌ولێر، ئێمه تێبینی زۆرمان هه‌بو له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌یان، ئێمه (UNPO)مان بینی و تێبینییهكانی خۆمان بۆ باسكردن، ئه‌وان تێبینییهكانی ئێمه‌یان به‌هه‌ند وه‌رگرت، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان هه‌یه له‌گه‌ڵ (UNPO)، پاشان نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا تایبه‌ت به‌عێراق، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پارته هۆڵه‌ندییه‌كان و كه‌سایه‌تی سیاسی به‌ناوبانگی هۆڵه‌ندی و دۆستی دێرینی كورد (Mient Jan Faber)مان بینی. له‌م كۆبونه‌وانه‌دا ئاگاداركرانه‌وه له‌سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بنكه فراوان كه نزیكه‌ی (500,000) ده‌نگی هێناوه، سزای سیاسی و كه‌یسی نانبڕاوه‌كان، به‌رنامه‌ی سیاسی گۆڕان بۆ دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌می سیاسی، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، داكۆكیكردن له‌سه‌روه‌ری یاسا و میدیای ئازاد له‌كوردستان، ئه‌و زانیارییانه‌ی ئێمه دامان به‌م لایه‌نانه زۆر تازه بو به‌لایانه‌وه و ئه‌وان پێیان وتین له‌كوردستان ئێمه ته‌نها یه‌كێتی و پارتی ده‌ناسین، پاشان بۆ یه‌كه‌مجار له (11-1-2010) به‌شداریمان كرد له كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر عێراق، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌یاننامه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان كه تایبه‌ت بو به توندوتیژی سیاسی له‌كوردستان دامان به‌ئه‌ندامانی شاندی عێراق له‌په‌رله‌مانی ئه‌وروپا.
هه‌روه‌ها له (17-3-2010) به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپامان له‌شاری برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا كرد كه تایبه‌ت بو به هه‌ڵبژاردنه‌كانی (7-3-2010)، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ (ستراون ستیڤینسۆن) سه‌رۆكی شاندی عێراق له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كۆبوینه‌وه و نامه‌یه‌كمان پێدا، ئه‌ندامانی شانده‌كه كه تایبه‌ت بو به‌بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی زیاتر له (20) هه‌زار ده‌نگی كوردستانیان له‌هه‌نده‌ران و داوامان لێ‌كردن فشار بخه‌نه‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها داوامان لێ‌كردن سه‌ردانی كوردستان و عێراق بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی گۆڕان كۆببنه‌وه و له‌نزیكه‌وه ئاشنا بن به بارودۆخی كوردستان و عێراق، هه‌ر له‌هه‌مان كۆبونه‌وه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار باڵیۆزی عێراق له یه‌كێتی ئه‌وروپامان بینی و داوای لێكردین كه به‌فه‌رمی سه‌ردانی باڵیۆزخانه له‌برۆكسل بكه‌ین، ئه‌وه بو له (12-4-2010) باڵیۆزمان بینی و ئاگادارمان كرده‌وه له بڕیاره‌كه‌ی كۆمیسیۆنی باڵا، هه‌روه‌ها كورته‌یه‌كی مێژوییمان بۆ باسكرد ده‌رباره‌ی گۆڕان، هه‌ر هه‌مان رۆژ له‌په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامی شاندی عێراق (Giancarlo Scotta) كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئیتاڵییه كۆبوینه‌وه.
سبه‌ی: ئێوه له‌به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان چۆن توانیوتانه ئه‌م په‌یوه‌ندییانه دروستبكه‌ن و لۆبی بكه‌ن؟
كاوه حه‌سه‌ن: ئێمه له‌به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵ و به به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه و پلانی كار په‌یوه‌ندی داده‌نێین و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ستراتیژی و سیسته‌ماتیك كاری لۆبی ده‌كه‌ین، سه‌ره‌تا زۆر چالاكانه لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌ی ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ دابنێن، پاشان نامه و یاداشتنامه‌یه‌كی دیبلۆماسیان بۆ ده‌نێرین، له‌م نامه‌یه‌دا به‌تۆكمه‌یی باسی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ین، پاشان داوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، چه‌ند داواكارییه‌كی دیاریكراو پێشكه‌ش ده‌كه‌ین كه تایبه‌تن به‌رۆڵی گۆڕان له دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌م و عه‌قڵیه‌تی سیاسی له‌كوردستان و به‌تایبه‌تی داوایان لێده‌كه‌ین داكۆكی بكه‌ن له‌م پڕۆسه‌یه له‌ڕێگه‌ی فشاركردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له كوردستان له رێگه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و نوسینی نامه‌ی ناڕه‌زایی، هه‌روه‌ها داوایان لێده‌كه‌ین داكۆكی بكه‌ن له‌مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان وه‌ك مادده‌ی (140)، په‌یوه‌ندی ناوه‌ند و هه‌رێم، ناوچه دابراوه‌كان، فیدراڵیزمی كوردستان.
ئه‌م پڕۆسه‌یه ئاسان نییه، چونكه كاتێكی زۆر ده‌بات، پێویستی به‌سه‌بر و ته‌حه‌مول و به‌دواداچونێكی به‌رده‌وام هه‌یه هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆن كردن، نامه و ئیمه‌یڵ ناردن، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم تاڕاده‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتو بوین له‌كاره‌كانماندا، هه‌روه‌ها ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر چالاكانه به‌شداری ئه‌و كۆنفرانس و كۆبونه‌وانه ده‌كه‌ین كه تایبه‌تن به كوردستان و عێراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له هۆڵه‌ندا و ئه‌وروپا، به‌م شێوه‌یه به‌به‌رده‌وام تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانمان فراوان ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ نمونه له‌ماوه‌ی رابردودا به‌شداریمان كرد له‌كۆنفرانسێكی ئه‌كادیمی له‌زانكۆی (لۆند) له‌وڵاتی سوید كه تایبه‌ت بو به‌سوریا، له‌م كۆنفرانسه‌دا كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی تازه‌مان دروستكرد له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سوید له‌سوریا و لوبنان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید، پسپۆڕی ئه‌كادیمی له‌بواری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا، چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
سبه‌ی: پێكهاته‌ی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانتان چۆن رێكخستوه بۆ كاره‌كانتان؟
كاوه حه‌سه‌ن: به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌چوار ئه‌ندام پێكدێت (كاوه حه‌سه‌ن، ره‌وه‌ز هه‌ڵكه‌وت، هه‌ڵوێست ره‌شید، توانا جاف) ئه‌م چوار هه‌ڵسوڕاوه ئه‌زمون و بڕوانامه‌ی زانستی‌یان هه‌یه له‌بواره‌كانی زانستی سیاسی، په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، لۆبیكردن، میدیا، ته‌كنه‌لۆجیای (IT)، رێكخراوه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، ئێمه هه‌مو خۆبه‌خشین، ئه‌م چالاكییانه له‌پاڵ ئیش و خوێندنه‌كانی خۆماندا ده‌یكه‌ین، به‌م دواییه وێبسایتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانمان له هۆڵه‌ندا خسته‌كار (www.gorran.nl). لە کاتی ئێستادا ئەم وێبسایتە بە زمانی کوردیە. لە بەرنامەماندایە لە داهاتودا بیکەین بە وێبساتێکی چوار زمانی (کوردی، هۆڵەندی، عەرەبی ،ئینگلیزی).
سبه‌ی: پێتوایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی رێكبخاته‌وه و چی بكات بۆ گرنگیدان به‌و بواره؟
كاوه حه‌سه‌ن: داواكارم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كی ستراتیجیك، سیسته‌ماتیك و پڕۆفیشناڵ كاربكات له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، لۆبیكردن كارێكی ئاسان نییه، پێویستی به‌ستافی پڕۆفیشناڵ هه‌یه كه خۆیان ته‌رخان بكه‌ن بۆ ئه‌م كاره، هه‌روه‌ها پێویستی به‌توانای دارایی هه‌یه، بۆیه داواكارم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر چالاكانه (پڕۆئهكتیڤ) خه‌ڵكانێكی پسپۆڕ كه هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانستین و ئه‌زمونیان هه‌یه له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی بێنه ناو گۆڕان و ده‌ست به‌كار بن له‌بواری دیبلۆماسیدا و ژوری دیبلۆماسی كه گۆڕان به‌نیازه دایبنێت، هه‌روه‌ها داواكارم له‌گۆڕان كه گرنگی بدات به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی له رێگه‌ی دامه‌زراندنی ئینیستیوتێكی تایبه‌تی به‌بواری لۆبی، دیبلۆماسی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی (سینكتانك).
پڕۆفایل:
كاوه حه‌سه‌ن ساڵی 1969 له‌شاری سلێمانی له‌دایكبوه، له‌زانكۆی موسته‌نسریه له‌شاری به‌غدا زمانه‌كانی (ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی) خوێندوه، له‌ساڵی (1992)ه‌وه لههۆڵهندا ده‌ژی، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له‌زانسته سیاسییه‌كان (تایبه‌تمه‌ندی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان) له‌زانكۆی ئه‌مسته‌ردام لههۆڵهندا، به‌رپرسی پڕۆژه‌ی (كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ئاسیای خۆرئاوا)یه له رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی (HIVOS). ئه‌م پڕۆژه ئه‌كادیمییه تایبه‌تە به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی له‌سه‌ر رۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ئێران و سوریا له‌پڕۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی ئه‌م دو وڵاته، پێشتر به‌رپرسی پڕۆگرامی باشوری ئاسیا و باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا بوه له سێكته‌ره‌كانی ته‌ندروستی و ئاو و ئاوه‌ڕۆ له رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی (SIMAVI). بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ و نیو له‌سریلانكا كاری كردوه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆگرامی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئابوری خۆرهه‌ڵاتی سریلانكا له رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی (FORUT) و رێكخه‌ری مه‌یدانی پڕۆژه‌كانی ئاوهدانكردنهوهیئابوری باكور و خۆرهه‌ڵاتی سریلانكا له پڕۆگرامی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان (UNDP)، ئەم دو پرۆگرامە تایبەتن بە ئاوەدانکردنەوەی باکور و خۆرهەڵاتی سریلانکا، کە توشی کارەساتی سونامی بون لە ساڵی 2004 و ساڵانێکی زۆر بوبونە قوربانی شەڕی نێوان سوپای سریلانکا و رێخراوی پڵنگەکانی تامیل. جێگری به‌رپرسی عێراق بوه له رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی (IKV PAXCHRISTI). له‌كاتی پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق له (2003) چاودێری سیاسی و پسپۆری راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی بوه له ته‌له‌فزیۆن و رادیۆی هۆڵه‌ندا.