Print
 جه‌بار ئه‌مین: ده‌توانین پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ پشتگیری‌ مافه‌كانی‌ كورد
Saturday, December 18, 2010

سازدانی‌: سبه‌ی‌
سه‌باره‌ت به‌ كاركردن له‌ په‌رله‌مانی‌ سوید و هه‌وڵدان بۆ مافه‌كانی‌ كورد، سبه‌ی‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵ جه‌بار ئه‌مین، ئه‌ندامی‌ پارله‌مانی‌ سوید له‌سه‌ر پارتی‌ سه‌وز، سازداوه‌، جه‌بار ده‌ڵێت: "من حه‌زم ده‌كرد وڵاته‌كه‌م پاش رزگاربونی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكتاتۆری‌ یه‌كسانی‌ تیایدا به‌رقه‌رار بوایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جیاوازی‌ نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند زۆر بوه‌، به‌هیوابوم وڵاته‌كه‌م سیاسه‌تمه‌داره‌كان سیاسه‌تێكی‌ سۆشیالیان هه‌بێت، كه‌چی‌ ئێستا هه‌مو وڵات بۆ فرۆشتنه‌".

سبه‌ی‌: سه‌ره‌تا با له‌وێوه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، ئێوه‌ وه‌ك كوردێك كه‌ په‌رله‌مانتاری‌ سویدین، چ پاڵنه‌رێك هه‌بوه‌ بۆ ئه‌مه‌ كه‌ له‌ناو سیستمی‌ حكومڕانی‌ سویدا كاری‌ سیاسی‌ بكه‌ن؟
جه‌بار ئه‌مین: هۆی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌ بو كه‌ من ده‌مویست به‌شداربم له‌ كاركردنه‌ سه‌ر داڕشتنی‌ سیاسه‌تی‌ سوید، گه‌ر به‌شدار نه‌بین كاریگه‌ریمان نابێت. گه‌ر به‌شدارنه‌بین یه‌كێكی‌ تر سیاسه‌تی‌ وڵاته‌كه‌ داده‌ڕێژێت.

سبه‌ی‌: بۆ كه‌سێكی‌ كورد یان رۆژهه‌ڵاتی‌ به‌گشتی‌ هیچ ئاسته‌نگێك نابینیت كه‌ بتوانیت كاری‌ سیاسی‌ بكات و ببێته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی‌ دیار و كاریگه‌ر له‌ حوكمڕانی‌ ولاَتانی‌ ئه‌وروپا؟
جه‌بار ئه‌مین: له‌ هه‌مو وڵاتێكدا ئاسته‌نگ هه‌یه‌ بۆ به‌شداری‌ خه‌ڵكی‌ له‌ دایكبوی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، یه‌كێك له‌و ئه‌سته‌نگانه‌ی‌ له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا هه‌یه‌ ره‌گه‌ز په‌رستییه‌ كه‌م یان زۆر، له‌ هه‌ندێك وڵات زۆر زه‌ق دیاره‌ له‌ هه‌ندێك وڵات كه‌متره‌. سوید یه‌كێك له‌ وڵاتانه‌یه‌ كه‌ ره‌گه‌زپه‌رستی‌ تائێستا تیایدا كه‌مه‌. گه‌ر ئێمه‌ خۆمان چالاك بین، گه‌ر زه‌مانه‌كه‌مان به‌ هێز بێت و گه‌ر توانامان هه‌بێت ئه‌وه‌  ده‌توانین به‌ زۆر مه‌رام بگه‌ین.

سبه‌ی‌: له‌ حیزبه‌ جیاوازه‌كانی‌ سوید پێنج كورد په‌رله‌مانتارن له‌ په‌رله‌مانی‌ سویدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوانتان چۆنه‌، ئایا كاری‌ هاوبه‌شتان هه‌یه‌ بۆ ناساندنی‌ دۆزی‌ كورد و به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی‌ كورد؟
جه‌بار ئه‌مین: ئێمه‌ رێزمان هه‌یه‌ بۆ یه‌كتر و له‌ یه‌كتر تێده‌گه‌ن به‌ جیاوازی‌ فیكریمان، چوارمان هاوكاریمان زیاتره‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی‌ سوید له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌یه‌ك هاوپه‌یمانین )هاوپه‌یمانی‌ چه‌پ ـــ سه‌وز(. سه‌باره‌ت به‌ تێڕوانینمان بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد هه‌ر پێنجمان هه‌ریه‌ك له‌ جێی‌ خۆی‌ كاری‌ كردوه‌، پێموایه‌ ئێمه‌ ده‌توانین پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ پشتگیری‌ مافه‌كانی‌ كورد.

سبه‌ی‌: ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بزانین په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی‌ سوید چ پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌یه‌كیان هه‌یه‌، یان خۆت به‌ ته‌نیا ئامانجت چی‌ بوه‌ له‌وه‌ی‌ خۆت پاڵاوتوه‌ بۆ پارله‌مان و له‌ حیزبێكی‌ وه‌ك حیزبی‌ سه‌وزی‌ سویدیدا كار ده‌كه‌یت؟
جه‌بار ئه‌مین: ئێمه‌ كه‌ هه‌ڵبژێردراوین هه‌ر یه‌ك له‌ حیزبێكه‌وه‌ هاتوه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی‌ حیزبه‌كه ی‌ خۆی‌ ده‌ڕوات، جگه‌ له‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ هه‌ندێك پرس هه‌یه‌ گرنگه‌ به‌لایه‌وه‌. بۆ نمونه‌ ئه‌و پرسانه‌ی‌ بێ وه‌ڵامن زۆر گرنگن: پاراستنی‌ ژینگه‌، پشتگیری‌ گه‌لانی‌ هه‌ژار، ئازادی‌ تاك...

سبه‌ی‌: ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌ی‌ پرسیاره‌كانمان به‌ره‌و هه‌رێمی‌ كوردستان بگۆڕین، بێگومان تۆ وه‌ك سیاسسیه‌كی‌ كورد له‌ ئه‌وروپا چاودێری‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌یت، ده‌توانین بزانین سه‌رنج و تێبینیت چییه‌ له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان؟
جه‌بار ئه‌مین: پێشه‌كی‌ مایه‌ی‌ خۆشحاڵیه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستانی‌ عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ كه‌س نین، ئێستا ئێمه‌ خۆمان هه‌رێمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین، ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ زۆر گه‌وره‌یه و‌ نابێت له‌ یادبكرێت ‌. من حه‌زم ده‌كرد وڵاته‌كه‌م پاش رزگاربونی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكتاتۆری‌ یه‌كسانی‌ تیایدا به‌رقه‌رار بوایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جیاوازی‌ نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند زۆر بوه‌. به‌هیوابوم وڵاته‌كه‌م سیاسه‌تمه‌داره‌كانی سیاسه‌تێكی‌ سۆشیالیان هه‌بێت، كه‌چی‌ ئێستا هه‌مو وڵات بۆ فرۆشتنه‌، به‌ سیاسه‌تی‌ نیو لیبڕاڵ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، زۆربه‌ی‌ شته‌كان كراوه‌ به‌ ئه‌هلی‌ و زۆر جار موڵكی‌ ده‌وڵه‌ت فه‌رهود ده‌كرێت. به‌ هیوابوم وڵاته‌كه‌م یاسا تیایدا سه‌روه‌ربێت، به‌ڵام ئێستا كار به‌ واسته‌ و به‌ناسینی‌ مه‌سئولین به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. زۆرم پێناخۆشه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌م هێنده‌ گه‌نده‌ڵی‌ زیادبوه‌ تیایدا. حه‌زم ده‌كرد ژینگه‌ی‌ بپارێزرایه‌، به‌ڵام ژینگه‌ی‌ كوردستان وێران كراوه‌. حه‌زم ده‌كرد مافی‌ ژنان زامن بكرایه‌ كه‌چی‌ ئێستاش ئافره‌تان ده‌كوژرێن و هه‌قیان ده‌خورێت. حه‌زم ده‌كر قوتابی‌ ئێمه‌ خوێندنی‌ پێشكه‌وتوی‌ بۆ زامن بكرایه‌، به‌ڵام ئێستاش قوتابیانی‌ ئێمه‌ له‌ زۆر شت مه‌حرومن و پێویسته‌كانیان بۆ دابین نه‌كراوه‌. حه‌زم ده‌كرد وڵاته‌كه‌م كه‌ هێنده‌ ناڵانویه‌تی‌ به‌ ده‌ست دیكتاتۆریه‌تیه‌وه‌ رێگه‌ی‌ بۆ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ خۆش بكردایه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌بینم چۆن هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ ته‌سك كردنه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌. زۆر تێبینی‌ تریشم هه‌یه‌.

سبه‌ی‌: له‌ ئێستادا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئۆپۆزسیۆن هاتۆته‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌، ئێوه‌ ئه‌م كه‌شه‌ نوێیه‌ سیاسییه‌ چۆن ده‌بینین، یان رای‌ ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردی‌ به‌ تایبه‌ت بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چییه‌؟ یان رونتر بڵێین ئه‌م هێزه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی‌ هه‌بوه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی‌ چین؟
جه‌بار ئه‌مین: ئه‌و وڵاته‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ تیا نه‌بێت پێش ناكه‌وێت، ئۆپۆزسیۆنێكی‌ دیموكرات پێداویستیه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان، بێ‌ ئۆپۆزسیۆن وڵات گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵتر ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ كوردستانیش پێویستی‌ به‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ چالاك، سه‌ربه‌خۆ و دیموكرات هه‌یه‌.

سبه‌ی‌: له‌ كۆتایدا ده‌مانه‌وێت ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین، پێتوایه‌ ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌وروپا چ كاریگه‌رییه‌كی‌ هه‌یه‌، یان دروستكردنی‌ لوبێكی‌ كوردی‌ و رێكخستنی‌ ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ وه‌ك هێزێكی‌ كاریگه‌ر له‌ ناساندنی‌ كورد و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ی‌ كوردستان چ هه‌نگاوێكی‌ پێویسته؟‌.
جه‌بار ئه‌مین: له‌ 30–40 ساڵی‌ رابوردودا ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ له‌ ئه‌روپا زۆر چالاك بوه‌، له‌ رێگه‌ی‌ خۆپیشاندان، مانگرتن، سیمینار، پشتگیری‌ حیزبه‌كان، بۆ پشتگیری‌ كردن له‌ مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان. ئێستاش ره‌وه‌ندی‌ كورد گرنگه‌ وه‌ك فاكته‌رێكی‌ ناساندنی‌ كورد به‌ وڵاتان و وه‌ك فاكته‌رێكی‌ فشار.

Sbeiy.com © 2007