Print
 خۆپیشاندان به‌رده‌وام ده‌بێت
Tuesday, December 21, 2010

راپۆرتی: ئاكام ئه‌بوبكر
بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ‌و له‌ كاردانه‌وه‌ی بێهیوابون له‌ئیمزانه‌كردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له‌ ڵایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چو و هه‌ولێریش له‌ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندانێكی‌ به‌رفراوان.

گروپی (12/12)، كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ فیدراسیۆنی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌‌ و تۆڕی‌ به‌رگریی‌ له‌ ماف‌ و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵك. له‌ ڵایه‌ن په‌رله‌مانتارانی‌ ئۆپۆزسیۆن ‌و گروپی‌ پارێزه‌رانی‌ سه‌ربه‌خۆ و كه‌سانی‌ ئه‌كادیمی ‌‌و رۆشنبیره‌وه‌ پاڵپشتی‌ لێ ده‌كرێت. رۆژی (18/12/2010) به‌به‌شداری‌ هه‌زاران هاوڵاتی‌ خۆپیشاندانێك له‌به‌رده‌م باخی‌ گشتییه‌وه‌ بۆ به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی رێكخست، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به‌رامبه‌ر په‌سه‌ندكردن ‌و ئیمزاكردنی‌ یاسای‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندان ‌و رایانگه‌یاند: ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م یاسایه‌ ته‌نیا بۆ خنكاندنی‌ خۆپیشاندانه‌ به‌ یاسا، نه‌ك بۆ رێكخستنی‌ خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

به‌ده‌م وتنه‌وه‌ی چه‌ندین هوتاف ‌و دروشمه‌كانی (گه‌ر بمانخه‌نه‌ زیندان مۆڵه‌ت وه‌رناگرین لێتان، به‌ واژۆی‌ ئه‌و بڕیاره‌ سه‌رشۆڕ ناكات ئه‌م شاره‌، ئازادیی‌ ئازادیی‌) به‌ به‌شداری هه‌زاران كه‌س له‌ رۆشنبیر و كرێكار و خوێندكاران ‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ‌و په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چو.

نزار محه‌مه‌د، هه‌ڵسوڕاوی‌ گروپی‌ (12/12) له‌ناو ئاپۆره‌ی خۆپیشانده‌راندا به‌ (رۆژنامه‌)ی‌ راگه‌یاند: "رێكخستنی‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ بۆ ئه‌و هێڵه‌ راست ‌و چه‌په‌ بون كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دای له‌ زیاتر له‌ (4000) هه‌زار واژۆی هاوڵاتی ‌‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی ‌‌و به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانمان ‌و هه‌مو رێگه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌ و مه‌ده‌نی‌ ده‌گرینه‌ به‌ر دژی‌ ئه‌م یاسایه‌".  

په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كاتی گفتوگۆی یاساكه‌ به‌ (نه‌خێر) ده‌نگیاندا، هاوكات له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی سلێمانیشدا به‌شداریان كرد و پشتیوانیی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌یان كرد.

كوێستان محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، په‌رله‌مانتاری گۆڕان، پێیوایه‌؛ ده‌رچواندنی ئه‌و یاسایه‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ چڕوپڕی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ ئازادیی ‌‌و وتی: "دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادیی‌ عێراق ‌و ده‌ركه‌وتنی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ كاره‌ ناشرینه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ناڕه‌زایی ‌‌و خۆپیشاندان‌ و ده‌ركه‌وتنی‌ میدیایی‌ ئازاد ده‌سه‌ڵاتی‌ ترساندوه‌ به‌ تایبه‌تی‌ دوای‌ (25/7)، كه‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌ركه‌وت ‌و ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت خۆی‌ كۆكاته‌وه‌ و ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان یاسا به‌ په‌رله‌مان ده‌ربكات ‌و ئازادیی‌ نه‌هێڵێت، ئه‌مه‌ سه‌رمه‌شقی‌ ئه‌و یاسایانه‌یه‌ كه‌ دواتر ره‌نگه‌ یاسای‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن ‌و رۆژنامه‌نوسی‌ هه‌موار بكه‌نه‌وه‌".

ها‌وكات له‌ئێستاشدا هه‌ولێریش ئاماده‌كاری‌ بۆ خۆپیشاندانێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌كات، كه‌ هه‌روه‌ك ئیبراهیم ئیسماعیل ئه‌ندامی‌ رێكخراوی‌ مه‌سه‌له‌ به‌ (رۆژنامه)‌ی‌ باسكرد كه‌ 22 رێكخراوی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ له‌هه‌لێر كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا و تێیدا "لیژنه‌یه‌كی‌ 6 كه‌سیمان پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ بكرێت و ئاماده‌كاری‌ بۆ چالاكی مه‌ده‌نیه‌كان بكرێت دژ به‌یاسای‌ خۆپیشاندان".  

وتیشی‌: ئه‌گه‌ر ناڕه‌زاییه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ بمێننه‌وه‌ له‌ هه‌ولێریش هاوشێوه‌ی‌ سلێمانی‌ و ناوچه‌كانی‌ تر به‌بێ‌ مۆ‌ڵه‌ت خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (11)ی رۆژی 3/11/2010 په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی (2010)، (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان – عێراق)ی په‌سه‌ند كرد.

لای‌ خۆشیه‌وه‌ د.دانا سه‌عید سۆفی‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان  رایگه‌یاند: ئه‌م یاسایه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناگونجێت و داوامانكردبو سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام نه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی‌ زۆری‌ لێكه‌وته‌وه‌.

وتیشی‌: له‌ماوه‌ی‌ رابردودا چه‌ندین خۆپیشاندانی‌ له‌ناكاومان بینی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌م یاسایه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان جێبه‌جێناكرێت.

شۆڕش ئه‌مین، چالاكوانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ (رۆژنامه)‌ی‌ راگه‌یاند: "بێ مۆڵه‌ت ئه‌م خۆپیشاندانه‌ كراوه‌ و شكاندنی‌ ئه‌و یاسایه‌یه‌، كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم واژۆی‌ كردوه‌، كه‌ یاسای رێگرتنه‌ له‌ خۆپیشاندان، نه‌ك رێكخستنی ‌‌و ئه‌زمونی‌ هه‌رێم به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی‌ خه‌ته‌رناك ده‌بات".   

دوای زیاتر له‌ (40) رۆژ له‌ په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، رۆژی 12/12/2010 مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان یاساكه‌ی به‌ په‌سه‌ندكراوی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ‌و فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن‌ و چه‌ندین لایه‌نی دیكه‌ داوای په‌سه‌ند نه‌كردن ‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی یاساكه‌یان ده‌كرد.

نیاز عومه‌ر عه‌لی‌، خوێندكار ‌و به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه‌، بۆیه‌ یاساكه‌ی ره‌تده‌كرده‌وه‌، چونكه‌: "كه‌مترین مافی‌ هاوڵاتی‌ خۆپیشاندانه‌، به‌ڵام سه‌رۆك ئه‌و مافه‌ش له‌ كوردستان ناهێڵێت، ئه‌مه‌ش پاشه‌كشه‌ی‌ دیموكراسییه‌ له‌ هه‌رێمدا".

هه‌روه‌ك پشتیوان حه‌مه‌ ره‌زای مافناس ‌و چالاكوانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌، به‌ (رۆژنامه)‌ی‌ راگه‌یاند: "یاساكه‌ باسی‌ خۆپیشاندانی‌ له‌ ناكاوی‌ تێدانییه‌ و سزای‌ داناوه ‌و ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ یاسای‌ عیراقیه‌، كه‌ مافی‌ خۆپیشاندان ‌و ئازادیی‌ راده‌ربڕینی‌ فه‌راهه‌م كردوه‌".

هاوڕا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و، ئه‌ستێر عبدولجه‌بار، خاوه‌نی ئیمتیازی‌ رۆژنامه‌ی‌ فریشته‌ی‌ ژنان به‌ (رۆژنامه)‌ی‌ راگه‌یاند: "كاتێك یاسا جوانه‌، كه‌ رێگریی‌ نه‌كات له‌ ئازادیی ‌‌و مافه‌كانی‌ تاك ‌و كۆمه‌ڵ‌".  

كچه‌ به‌شداربویه‌كی دیكه‌ش كه‌ به‌ شه‌نگه‌ ره‌حیم، خۆی ناساند به‌ (رۆژنامه‌)ی‌ راگه‌یاند: "هیچ وه‌ڵامیكی‌ شه‌قامیی‌ كوردی‌‌ و ناڕه‌زاییه‌كان نه‌درایه‌وه‌، كاتێك بته‌وێت خۆپیشاندان بكه‌یت، بیگومان مۆڵه‌تت پێ ناده‌ن ئه‌و كاته‌ به‌ هه‌ر پاساو بیانویه‌ك بێت".

دوا به‌دوای په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ش له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌رسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان یاداشتانامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كرد و تیایدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌: "دوابه‌دوای‌ كه‌وتنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی‌ زۆری‌ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ‌و توێژه‌ روناكبیره‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌سه‌ر یاسای‌ خۆپیشاندان، پاش جه‌ختكردنه‌وه‌ی‌ زۆری‌ په‌رله‌مانتارانی‌ هه‌رسێ‌ فراكسیۆنی‌ ئۆپۆزسیۆن‌ و هاوده‌نگیی‌ ژماره‌یه‌كی‌ تری‌ په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵیان، به ‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌مه‌وه‌چونی‌ ده‌نگی‌ زۆری ‌هاوڵاتیان ‌و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی‌ كوردستان به ‌هیوای‌ هه‌نگاونانی‌ زیاتر به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت ‌و گه‌شه‌ی‌ سیاسیی‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان، داواكارین هاوكات له‌گه‌ڵ‌ پشتگیریی‌ خۆتان له ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ئه‌م داوایه‌ی ئێمه‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بكرێت، كه‌ یاسا واژۆ كراوه‌كه‌ سه‌حب بكاته‌وه،‌ به ‌هیوای‌ پیاچونه‌وه‌ی ‌‌و ناردنه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان به ‌مه‌به‌ستی‌ لابردنی‌ بڕگه‌ی‌ مۆڵه‌ت خواستن بۆ خۆپیشاندان ‌و هه‌مواركردنی‌ چه‌ندخاڵێكی‌ تری‌، كه‌ بڕوامان وایه‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ ئازادییه‌كان ‌و به‌شێك له ‌مافی‌ هاوڵاتییان.

هه‌رسێ فراكسیۆن خه‌جتیان له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌؛ كه‌ له ‌غه‌یری‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌دا: "به‌ڕێزتان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ وه‌رزی‌ یاسایی‌، ئێمه‌ پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ نوێ‌ بۆ خۆپیشاندان، یان هه‌مان پرۆژه‌ به ‌هه‌مواركراوی‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستی‌ به‌ڕێزتان بۆ سه‌رله‌نوێ‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ری‌".  

سه‌رگوڵ‌ قه‌ره‌داغی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ‌ كه‌ یه‌كێك بو له‌ به‌شدارانی خۆپیشاندانه‌كه‌ وتی: "گفتوگۆمان زۆر كردوه‌ له‌سه‌ر وه‌رنه‌گرتنی‌ مۆڵه‌ت له‌ یاساكه‌دا، ئێمه‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین دكتاتۆر خۆپیشاندانمان كردوه‌ له‌ژێر سێبه‌ری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ دژی‌ بوه‌ستین رێگریی‌ له‌ ئازادیی ‌‌و مافی‌ تاك بكه‌ین، یاسایه‌ك ئه‌م هه‌مو ناڕه‌زایه‌ی‌ هه‌بێت ناتوانرێت جێبه‌جێ بكرێت".

حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ عه‌لی‌، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتو پێیوایه‌؛ خۆپیشاندان مافێكی‌ سروشتییه‌ به‌ په‌پێی‌ بڕگه‌ی‌ (3) ماده‌ی‌ (21) ده‌ستوری‌ عیراقی‌، هه‌روه‌ها به‌پێی‌ بڕگه‌ی‌ (1) ماده‌ی‌ (20) جاڕنامه‌ی‌ گه‌ردونی‌ مافی‌ مرۆڤ".
وتیشی: "فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه‌لێن ‌و كه‌موكوڕییه‌كانمان خسته‌ڕو له‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مان، ئه‌م یاسایه‌ كلاسیكیه ‌و كۆنه‌ پێش (40) ساڵ‌ یاسای‌ رژێمه‌ دواكه‌وتوه‌كان ‌و تۆتالیتارییه‌كانه‌، ئه‌م یاسایه‌ خۆپیشاندان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، نه‌ك رێكخستن‌ و ئێمه‌ش هه‌مو رێگه‌یه‌كی یاسایی ‌و مه‌ده‌نی ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ چاكردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كانی یاساكه‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌چونی خۆپیشاندان دژی یاسای خۆپیشاندانه‌كان له‌ سلێمانی، فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی 18/12/2010 به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه ‌و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌ كه‌: "ئێمه‌ رامان وابو نابێت ئه‌م یاسایه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك تێپه‌ڕێنرێت، كه‌ مه‌ترسیی‌ له‌سه‌ر ماف‌ و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دروست بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا خۆپیشاندانی‌ له‌ ناكاو بوه‌ به‌ زه‌روره‌ت ‌و دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌".  

ئاشكراشیانكردوه‌، كه‌: "به‌ داخه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌ێم خه‌ڵكی‌ بێ‌ ئومێد كرد و وای‌ نیشاندا، كه‌ ته‌نیا ده‌یه‌وێت وه‌ك سه‌رۆكی‌ زۆرینه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، به‌م كاره‌ی‌ ده‌نگی‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن ده‌نگده‌ری‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ نادیده‌ گرت".

هه‌روه‌ك د.رێباز فه‌تاح، جێگری سه‌رۆكی لیستی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چونی خۆپیشاندانه‌كه‌ پاڵپشتی فراكسیۆنه‌كه‌ی بۆ هاوڵاتییان ده‌ربڕی‌ و خۆپیشاندانی به‌ مافێكی ره‌وای تاك زانی ‌و وتی: "زۆربه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت له‌ ناكاوه ‌‌و بۆ داواكردنی‌ مافه‌كانه‌ له‌ ( ئاو كاره‌با و سوته‌مه‌نی ‌و دامه‌زراندن)".
وتیشی: "وه‌ك فراكسیۆنیش داوامانكرد سه‌رۆكی هه‌رێم واژۆی‌ نه‌كات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت سه‌رۆكی‌ زۆرینه‌ بێت ‌و به‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت سیستمی‌ ئازادیی‌ به‌ره‌و تاكڕه‌ویی ‌و تۆتالیتاری‌ به‌رێت، بۆیه‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ هه‌مواركردنی‌ ئه‌م یاسایه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین".

Sbeiy.com © 2007