سازدانی: دلێر عه‌بدولخالق
به‌شی یه‌كه‌م:
به‌ختیار عه‌لی: واقیعی رۆژنــــامهگهری كوردی تراژیدییه
له به‌شی دوه‌می دیمانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ «رۆژنامه»، به‌ختیار عه‌لی نوسه‌ر و رۆماننوس، له‌سه‌ر ئه‌ركی رۆژنامه‌نوس هه‌ڵوه‌سته ده‌كات و پێیوایه: وه‌زیفه‌ی رۆژنامه‌نوس له نوسه‌رانه‌وه نزیكتره، وه‌ك له سیاسییه‌كان. «رۆژنامه‌نوس كه‌سێكه كایه‌ی سیاسیی‌و كایه‌ی رۆشنبیری له لای ئه‌و زۆر به زه‌قی به‌یه‌كدا دهدهنو ئه‌ركی ئه‌و هه‌ر سازاندنی چاوپێكه‌وتن‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌تانه نییه كه دێن بۆ رۆژنامه‌كه، به‌ڵكو هێزی ئه‌و له نوسیندایه».
له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی میدیای نوێش دهوهستێتو دابڕینی نوسین له كاری تێڕامان‌و بیركردنه‌وه به ترسناك وه‌سفده‌كات‌و ده‌ڵێت: «له رۆشنبیریی ئێمه‌دا، په‌یوه‌ندیی نێوان نوسین‌و بیركردنه‌وه پچڕاوه‌و ئه‌و چاڵه‌ی له‌نێوان نوسین‌و بیركردنه‌وه‌دا هه‌یه، رۆژ به رۆژ گه‌وره ده‌بێت.. ئه‌و شانۆیه‌ش كه شوێنی ئه‌و ترازان‌و لێكدابڕانهیه ناو میدیای كوردییه».
به‌ختیار عه‌لی، نوسه‌رو رۆماننوس، به (21) ساڵ ته‌مه‌نی نوسینیه‌وه، مه‌مله‌كه‌تێكی فراوان لهوشه، ریزبه‌ندێكی نه‌پچڕاو له رسته، گه‌رده‌لولێكی هه‌میشه‌یی لهماناو تێكستێكی بیناكراو له دینامیكیهت پێكده‌هێنێت.
ئه‌و، كه مسافهیهكی گه‌وره‌ی له‌دنیای رۆشنبیری ئێمه داگیركردوه، له‌دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت بهمیدیاو میدیاكاران، "رۆژنامه" له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كۆدی ئه‌و به‌شه‌ی به‌ختیار بكاته‌وه، كه پڕ پڕه لهرهخنهی لۆژیكی‌و بونیادنه‌رانه به‌رامبه‌ر كایه‌ی میدیا له هه‌رێم.
به‌ختیار، به‌گومانه‌وه له‌وشه‌ی میدیای كورد رادهمێنێتو به‌شێكی زۆری وه‌ڵامه‌كانیشی دوایین تێكسته‌كانی ئه‌و له‌سه‌ر میدیا دروستی كردون. له‌م به‌شه‌دا نوسه‌ر ئاماژه به خاڵێكی سانا، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا پڕ ئیشكال ده‌كات، ئه‌ویش میدیا‌و قوتارنهبونی لهدهسپهروهردهیی حیزب.
رۆژنامه: چۆن له ستراكچه‌ری میدیای كوردی ده‌ڕوانیت؟
به‌ختیار عه‌لی: ره‌نگه وه‌ڵامێكی قورس بێت گه‌ر بڵێم؛ زۆر له به‌كارهێنانی وشه‌ی میدیای كوردی به گومانم، له وڵاتێكدا به ده‌گمه‌ن پسپۆڕی سیاسی، یان ئابوری، یان ئه‌ده‌بی، یان وه‌رزشی تێدا بێت، ده‌ركردنی رۆژنامه به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی نامومكینه. رۆژنامه ئه‌ركی ستافێكی گه‌وره‌یه له خه‌ڵكانی پسپۆڕ له بواری جیاجیادا... ستافێكی زۆر گه‌وره، ئێمه ستافی وا گه‌وره‌مان له زانكۆكانیشدا نییه، نه‌وه‌ك له رۆژنامه‌كاندا. ئه‌وه‌ی له كوردستان هه‌یه، هه‌ندێك هه‌واڵنامه‌یه... هه‌واڵ به سروشته ساده‌و سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی، به چه‌شنی مهتریاڵێكی خاو كه ئیشی له‌سه‌ر ناكرێت، هه‌واڵ به‌شێكی گرنگی رۆژنامه‌یه، به‌ڵام هه‌مو شتێك نییه... دیاره قسه‌كردن له ستراكچه‌ری میدیا، ئاسان نییه... میدیا له كۆبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك بواری جیاجیا دروستبوه، له‌ناو رۆشنبیرییه‌كی لاوازدا میدیایه‌كی چالاك دروست ناكرێت... من زۆرجار گوتومه: میلله‌تێك كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نه‌بێت، ناتوانێت زانكۆی راسته‌قینه‌ی هه‌بێت، ئه‌م رسته‌یه بۆ میدیاش دروسته، میلله‌تێك كتێبخانه‌كه‌ی له كتێبی گرنگ‌و ده‌وڵه‌مه‌ند پڕ نه‌بێت، رۆژنامه‌ی باشیشی بۆ ده‌رناكرێت، میدیا خاڵی بهریهككهوتنو كۆبونه‌وه‌ی كایه‌ی سیاسی‌و كایه‌ی رۆشنبیرییه له‌سه‌ر یه‌ك روبه‌ر... واته به جۆرێك له جۆره‌كان چۆنیه‌تی كایه‌ی سیاسی‌و كایه‌ی رۆشنبیریی، چۆنیه‌تی میدیاش ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، سیاسه‌تێكی بێفیكرو رۆشنبیرییه‌كی لاواز سێبه‌ری قورسی خۆیان ده‌خه‌نه سه‌ر هه‌مو كه‌ناڵه‌كانی میدیا، میدیا له كوردستان سه‌ره‌تا به‌شێك بوه له چالاكی سیاسی، واته لكێك بوه له لكه‌كانی خه‌باتی حیزبی، به مانایه‌ك له ماناكان میدیا له هه‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی‌دا گه‌وره بوه... كادێری میدیا، كادێرێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوه، به‌ڵكو خوێنده‌وارێكی حیزبی بوه، ئه‌م رۆحه تائێستا به دوای میدیاوه‌یه... تا ئه‌مڕۆ سێبه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر سینه‌ی میدیا نیشتوه، تائێستا میدیای ئێمه جگه له گه‌مه‌ی سیاسی‌و جه‌نگی سیاسی‌و بهرهگیری سیاسی له فه‌زای تردا ناژی... هه‌مو سه‌رمایه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه له سیاسه‌ته‌وه وه‌ریده‌گرێت، میدیاكاری ئێمه تائێستا خۆی وه‌ك میدیاكار نابینێت، به‌ڵكو هه‌مو شته‌كانی له وه‌زیفه سیاسیه‌كه‌ی خۆیدا كورتكردوه‌ته‌وه، لێره‌وه ئه‌م میدیایه جگه له‌وه‌ی كه به په‌یامێكی سیاسی ساده‌و زهقو سه‌ره‌تاییدا ده‌ناسرێته‌وه، ناوه‌ڕۆكێكی فیكری نییه، ته‌واوی ئاسته‌كانی تری لاوازن... هێزی ده‌ره‌نجامگیریی له روداوه‌كان بچوكه... توانای له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر بچوكه. رێگه‌ی بۆ سه‌ر دونیاكانی تر، هه‌م تهسكو هه‌م بێبواره... ئه‌وه‌ی كه ستراكتوری میدیای كوردی پێ ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌وه‌یه؛ كه ناتوانێت له رۆحی ده‌زگای حیزبی رزگاری ببێت، هه‌تا له ده‌زگا ئازاد‌و ئه‌هلییه‌كاندا رۆحی ده‌زگای حیزبی، مهنتالیتهیتی ده‌زگای حیزبی كار ده‌كات... میدیای ئێمه هێشتا به جۆرێك له جۆره‌كان به‌شێكه له حیزب... هه‌تا ئه‌وه‌شی كه جیابوه‌ته‌وه له حیزب‌و ئازاده، نه‌یتوانیوه له مهنتالیتهیتی كاری سیاسی پاكبێتهوه، هه‌ر به رۆحی گوشاری سیاسی‌و مانۆڕی سیاسی كار ده‌كات، جیاوازیی میدیا‌و حیزب دوركه‌وتنه‌وه‌یه له ده‌مارگیریی، دوركه‌وتنه‌وه‌یه له تاكڕه‌هه‌ندیی روانین، له كرانه‌وه‌و فراوانبونی ئاسۆی تێڕوانین، میدیای كوردی به ستراكتور هێشتا لقێكی بچوكی مهنتالیتهیتی سیاسیه، هێشتا سێبه‌ری ئه‌و مهنتالیتهیتهیه، ته‌نیا ئه‌و وهزیفانهشی بۆ گرنگه، كه سیاسه‌تی كورت‌و كتوپڕ‌و ده‌ستبه‌جێ پێیده‌به‌خشێت... میدیا هێزی خۆی له‌وه‌وه وه‌رده‌گرێت، كه كه‌مێك سیاسیه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ته‌وه ببینێت... فاسیله‌یه‌ك له سیاسه‌ت وه‌ربگرێت، تا رۆشنتر شته‌كان ته‌ماشا بكات، میدیای كوردی هێشتا دوره له‌و ساته‌وه‌خته... هێشتا یان ده‌زگایه‌كی حیزبییهو به حیزبه‌وه گرێدراوه... یان ده‌زگایه‌كی حیزبییه به بێ حیزب، واته له له‌شی دایك جیابوه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت چۆنایهتییهكی دی بۆ خۆی دروستبكات.
رۆژنامه: ئێستا هه‌مو لایه‌نه‌كان جێ پێیان له‌و روبهرهدا هه‌یه، كه میدیای پێده‌وترێت، هێزه كۆك‌و ناكۆكه‌كان، دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆن، ئههلییو ئه‌وانه‌ی له پۆلێنی سه‌ربه‌خۆدا خۆیان ناساندوه، ئه‌م دۆخه له ئهزمونو سروشتی میدیایی چ وڵاتێك ده‌چێت؟
به‌ختیار عه‌لی: ئه‌م دیارده‌یه له هه‌مو دونیادا هه‌یه، هه‌ندێك وڵاتی دیكتاتۆری ره‌های لێده‌ربچێت، كه بوار به رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد نادات، دیاره شێوازی ئه‌م دیاردانه له جێگه‌یه‌ك بۆ جێگه‌یه‌كی دی ده‌گۆڕێت، له خۆرئاوا رۆژنامه‌گه‌ریی حیزبی به‌و مانایه‌ی لای ئێمه‌یه بونی نییه... رۆژنامه‌گه‌ریی حیزبی به‌و شێوازه‌ی له وڵاتانی ئێمه‌دا هه‌یه درێژكراوه‌ی ئه‌زمونی ستالینییه، له خۆرئاوا رۆژنامه‌كان ته‌عبیر له خه‌تێكی سیاسی ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك له خه‌تێكی حیزبی راسته‌وخۆ، ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه رۆژنامه له خۆرئاوادا بێ مهیلو ته‌واو ناسیاسیه، نا... به‌ڵام په‌یوه‌ندیی نێوان میدیا‌و سیاسه‌ت، وه‌ك په‌یوه‌ندیی نێوان دو هێزو دو ئۆرگانی گرنگی كۆمه‌ڵگه وه‌هایه، نه‌وه‌ك وه‌ك په‌یوه‌ندیی ئاغا‌و خزمه‌تكاره‌كه‌ی، له خۆرئاوا میدیا كایه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه، كه بیركردنه‌وه‌ی سیاسی له نێویدا درێژكراوه‌ی ئه‌و گوتاره سیاسی‌و ئایدیۆلۆژییه نییه كه حیزبێكی دیاریكراو به‌رهه‌می ده‌هێنێت... یان گه‌ر راستتر بڵێم؛ بیروبۆچونه‌كان له حیزب‌و مهنتالیتهیتی حیزبییه‌وه ناچن بۆ میدیا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه زۆرجار له میدیاوه ده‌چن بۆ سیاسه‌ت، زۆرجار ده‌زگاكانی میدیا لێره هه‌م له حیزبه‌كان بههێزترنو هه‌م دهوڵهمهندتریشن، میدیا ئه‌و جێگه‌یه‌یه كه تێیدا كۆمه‌ڵگه بیرده‌كاته‌وه، به هه‌مو ره‌نگه جیاوازه‌كانییه‌وه، به نزمترین ئاستییه‌وه تا به‌رزترینی، به راسترهوهكانییهوه تا چه‌پڕه‌وه‌كانی، له خۆرئاوا میدیا جێگه‌یه‌كی گرنگه بۆ بیركرنه‌وه‌و بۆ راكردن له بیركردنه‌وه‌ش، بۆ دامه‌زراندنی شوناسی تایبه‌تی بۆ گروپهكانو بۆ شكاندنی ئه‌و شوناسانهش... به كورتی شوناسێكی سیاسی ئاماده‌كراو نییه كه میدیا ته‌نیا وه‌زیفه‌ی ناساندن‌و په‌خشكردنی هه‌بێت. جیاوازیی نێوان میدیا له جیهانی ئێمه‌و خۆرئاوادا به پله‌ی یه‌ك له‌وه‌دا كورتده‌بێته‌وه، كه میدیای ئێمه خۆی ئایدیا‌و خهیاڵو زمانی نییه، له‌كاتێكدا میدیای خۆرئاوایی كارخانه‌ی دروستكردنی ئایدیا‌و خهیاڵو زمانی تایبه‌ته، له‌مڕوه‌وه پێموایه؛ میدیای كوردی كۆپییه‌كی خراپی میدیای وڵاته دواكهوتوهكانه... كه پێكڕا ئه‌و ئایدیا‌و خهیاڵو زمانه مه‌سره‌ف ده‌كه‌نه‌وه، كه له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بهرههمدێتو میدیاكار هیچ نییه جگه له تهكنیككارێكی ته‌مه‌ڵ كه ته‌نیا شت ده‌گوازێته‌وه... ئیدی ئه‌گه‌ر ورد ته‌ماشا بكه‌یت به‌شی هه‌ره زۆری رۆژنامه‌نوسانی ئێمه له فه‌رمانبه‌ری «صادره»و «وارده» ده‌چن... شت له‌ده‌ره‌وه وهردهگرنو له رۆژنامه‌كه‌دا ریزبه‌ندیی دهكهنو ژماره‌یه‌كی لێ دروستده‌كه‌ن، بێئه‌وه‌ی ئیشێكو داهێنانێكو جێ په‌نجه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی كادێره‌كانی میدیا خۆیان ببینین.
رۆژنامه: گرنگترین بابه‌ته روماڵكراوهكانی ناو میدیاكان سیاسین‌و به رێژه‌یه‌كی كه‌مبایه‌خ به لایه‌نه ئابوری‌و فهرههنگیو كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فیكرییه‌كان دراوه، هۆكاری ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، كه رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی زاده‌ی سیاسه‌ته، یاخود ئه‌مه ویستی وه‌رگره، راگهیاندنكارهكانی به‌و ئاراسته‌یه بردوه؟
به‌ختیار عه‌لی: له وڵاتێكی وه‌ك وڵاتی ئێمه‌دا كه هه‌مو شته‌كان حه‌رامن، كه خۆشه‌ویستی حه‌رامه، جنس حه‌رامه، ئازادیی حه‌رامه، خه‌وبینین حه‌رامه، تاكه جێگه‌یه‌ك مرۆڤه‌كان تێیدا بتوانن عاشق بن، توڕه‌بن، شه‌ڕ بكه‌ن، سۆز ههڵاێژن، بگرین، پێبكه‌نن، بكوژن، سه‌ما بكه‌ن، خه‌و ببینن، ناو سیاسه‌ته، مرۆڤ له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه ده‌توانێت هه‌مو ئه‌و شتانه بكات‌و ئابڕوشی نه‌چێت، له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه خه‌ڵك عاشقی سهرۆكو حیزب‌و باوكه ره‌مزییه‌كانی خۆیان ده‌بن، له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه خه‌ڵك جنێو‌و كوفر‌و توڕه‌یی خۆیان به‌سه‌ر دونیا‌و دوژمنه‌كانیاندا هه‌ڵده‌ڕێژن، له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه هاوڕێو هاوبیرو هاوسۆزی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه، له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه شه‌ڕانگیزیی خۆیان به‌تاڵده‌كه‌نه‌وه، له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه به‌وانی دی پێده‌كه‌نن، به‌سه‌ر شانیاندا سه‌رده‌كه‌ون بۆ جێگه‌ی به‌رزتر، سه‌رسامیی خه‌ڵك به‌ده‌ستده‌هێنن، گه‌ر پیاو بن وا ده‌كه‌ن، ژنان پێیان سهرسامبنو گه‌ر ژن بن وا ده‌كه‌ن، پیاوان وه‌ك قارهمانو خه‌باتگێڕ سه‌یریان بكه‌ن، سیاسه‌ت له وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌لته‌رناتیڤی هه‌مو شتێكه، ئه‌لته‌رناتیڤی خۆشه‌ویستی و ئه‌لته‌رناتیڤی رقی سروشتییه، له‌به‌رئه‌وه هه‌سته به‌شه‌رییه ساده‌كان ته‌واویان له سیاسه‌تدا كه‌ناڵێكی سهلامهتو ساده بۆ خۆدهرخستنو خۆنمایشكردن ده‌دۆزنه‌وه، تۆ نا‌توانیت له خۆته‌وه رقت له دراوسێكه‌ت بێت، به‌ڵام كه سه‌ر به بیركردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی تر بو، سیاسه‌ت بواری ئه‌و كینهیهت دهداتێو شه‌رعییه‌تیشی پێ ده‌به‌خشێت، سیاسه‌ت له وڵاتی ئێمه‌دا «له‌وانه‌یه له هه‌ندێك جێگه‌ی تریشدا هه‌روا بێت» نه‌خۆشییه‌كی ده‌سته جه‌معییه، هه‌ڵاوسانێكی عاتیفی‌و هه‌وكردنێكی ده‌رونییه، واته سیاسه‌ت نییه به مانای هونه‌ری رێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌و دروستكردنی پاشه‌ڕۆژ، هێنده‌ی كه‌ناڵی تهعبیركردنو ده‌رخستنی ئه‌م سۆزانه‌یه، كه‌ناڵی ئیشكردنی فیكر‌و ئایدیا‌و تێڕوانینه‌كان نییه... هه‌زاران خه‌ڵك كه روده‌كه‌نه سیاسه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه، كه‌ناڵێك بۆ ئه‌و كینه‌و عه‌شقه‌ی ناو خۆیان بدۆزنه‌وه... هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌شه له وڵاتی ئێمه سیاسه‌ت ناوه‌ڕۆكه ئایدیۆلۆژییهكهی هه‌رچییه‌ك بێت، دواجار داده‌گه‌ڕێت بۆ گه‌مه‌یه‌ك، كه ته‌نیا له‌سه‌ر سۆز‌و عاتیفه‌ی مرۆڤه‌كان ئیشده‌كات... سیاسه‌تی به‌هێز له وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه، كه زۆرترین بڕ له ئیحساساتی خۆشهویستیو كینه دروستبكات... زۆرترین هه‌ست بجوڵێنێت... به بههێزترینو گوژمدارترین شێوه مرۆڤه‌كان بهه‌ژێنێت. لێره‌وه‌یه هه‌م هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سیاسهتو هه‌م هه‌ڵه‌ی ترسناكی میدیای ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا ده‌ستپێده‌كات. میدیای ئێمه هه‌مو ئه‌م گه‌مه‌یه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا دوباره ده‌كاته‌وه، ده‌بێته سه‌حنه‌و شانۆی هه‌مو ئه‌و دیاردانه... ده‌بێته شوێنی رق‌و بوغز‌و توڕهییو لاقرتیكردن، هه‌تا كاراكته‌ری هه‌ندێك له رۆژنامه حیزبی، یان میدیا دوهمهكانی حیزب زۆر له كاراكته‌ره سیاسیه‌كان ده‌چێت، له دۆخی ئاسایی‌دا وه‌ك سیاسیه‌كان ویقارێكی روكهشو خۆپارێزییه‌كی جهنتڵمانانه ده‌بینین، به‌ڵام كه سیاسیه‌كان توڕه دهبنو ههڵدهچنو زمانیان له ویقاری رۆژانه ده‌ترازێت، ئه‌وانیش هه‌م توڕه دهبنو ههڵدهچنو زمانیان ده‌گۆڕێت. هه‌ندێكی دیش له میدیامان هه‌یه، له‌سه‌ر یه‌ك هێڵ توڕهییو گرژیی‌و ناعهقلانییهتی سیاسی دروستده‌كه‌ن، من كێشه‌م له‌گه‌ڵ میدیایه‌كدا نییه سیاسی بێت، به‌ڵام كێشه‌م له‌گه‌ڵ میدیایه‌كدا هه‌یه، توانای بینین‌و تێگهیشتنو تێڕامانی له جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت نه‌بێت، كێشه‌م له‌گه‌ڵ میدیایه‌كدا هه‌یه كه بێئاگایانه نه‌خۆشییه‌كانی سیاسه‌ت دوباره بكاته‌وه، زۆربه‌ی میدیای ئێمه بۆ ئه‌وه دانه‌مه‌زراوه باس له ئابوری‌و فهرههنگو كه‌لتور بكات، بۆ ئه‌وه دامه‌زراوه كه كهناڵیزهی ئه‌و ههستو سۆز‌و عهشقو توڕه‌بونه سیاسیه بكات، كه له ناو ده‌رونی مرۆڤه‌كاندا كۆبوه‌ته‌وه.... هه‌تا میدیای ئازاد له‌مڕوه‌وه مۆدێلێكی جیاوازی پێشكه‌ش نه‌كردوین. چاككردنی ئه‌م دۆخه پێویستی هه‌م به عهقڵانیكردنی ته‌واوی كایه‌ی سیاسی‌و هه‌م به عهقڵانیكردنی میدیا هه‌یه... ئه‌مه‌ش له ئێستادا داوایه‌كی كه‌مێك خه‌یاڵییه، چونكه بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ریفۆرم بكه‌ین، پێویستیمان به كۆمه‌ڵێك گۆڕانی ریشهییو رادیكال له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه... به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌یان باسێكی تره. ئێستا گرنگه سیاسه‌ت وا لێبكه‌ین، له‌وه دوربكه‌وێته‌وه كه ته‌نیا شانۆ‌و ته‌نیا سه‌حنه‌ی كینه‌و خۆشه‌ویستی، شهإو برایه‌تی بێت، مرۆڤه‌كان ده‌بێت سۆز‌و ههڵچونو پێداویستییه ده‌رونییه‌كانی خۆیان به پله‌ی سه‌ره‌كیی له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت تێر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و هه‌مو گرێ ده‌رونییه‌وه نه‌یه‌نه ناو سیاسه‌ت... به بڕوای من میدیای باش ئه‌وه‌یه؛ كه ده‌بێته جێگه‌ی تێڕامان‌و بیركردنه‌وه، جێگه‌ی به عهقڵانیكردنی سۆز‌و عاتیفه‌كانی مرۆڤ، دورخستنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له نهخۆشیو دورخستنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كان له سیاسه‌ت، ئه‌وه ئامانجێكی ئیدیاله كه باوه‌ڕناكه‌م ئێمه له ژیانی خۆماندا بیبینین، به‌ڵام ده‌بێت كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین نه‌وه‌كانی دواتر بیبینن.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر له ئهمریكاو ئه‌وروپا شه‌ڕی كهپیتاڵه سهرمایهدارهكانو كۆمپانیا زلهێزه‌كان راسته‌وخۆ له‌ناو میدیادا بێت، پێتوانییه لای ئێمه شه‌إی سه‌ركرده سیاسیه‌كان پانتاییه‌كانی میدیای ته‌نیوه، ئه‌مه تا چه‌ند خزمه‌ت به داگیركردنی فیكری خه‌ڵك ده‌كات، له لایه‌ن سیاسیه‌كانه‌وه؟
به‌ختیار عه‌لی: میدیا له سیستمی كهپیتاڵیزمیدا رۆڵێكی گه‌وره له دروستكردنی مرۆڤی تاكڕهههنددا ده‌بینێت، مرۆڤێك كه توانای توڕهییو ناڕازیبونی نه‌ماوه، مرۆڤێك بوه به ماشێنێكی گه‌وره‌ی مه‌سره‌فكردن، به‌ڵام میدیا له خۆرئاوادا هه‌ندێك شتی دیكه‌ش ده‌كات، كه گرنگه‌و بایه‌خێكی ستراتیژیی له پته‌وكردنی هوشیاریی دیموكراسیدا هه‌یه، به كورتی میدیای خۆرئاوایی به دیوێكدا به‌شێكه له سیستمی كه‌پیتالیستی كه سه‌رمایه‌ی گه‌وره‌ی تێدا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام به دیوێكی دیشدا رۆڵێكی ستراتیژیی له به‌هێزكردن‌و پراكتیزه‌ی دیموكراسییه‌تدا ده‌بینێت... نابێت ئه‌م دو خاڵه له یه‌كدی جیانه‌كه‌ینه‌وه، بۆ نمونه له خۆرئاوادا موقه‌ده‌سێكی سیاسی، یان دینی نه‌ماوه كه میدیاكان بیپارێزن، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناتوانێت راسته‌وخۆ رێگریی له میدیا بكات، ئه‌وه‌ی میدیا بڵاوی ده‌كاته‌وه كه‌س ناتوانێت سوك‌و ساده فه‌رامۆشی بكات‌و گوێی لێ نه‌گرێت، به هۆی میدیا‌و بزێویی ئه‌وه‌وه، سیستمی زانیاریی له ئیدارهدانو بهڕێوهبردنو ئابوری‌دا ناتوانێت رۆشن‌و شه‌فاف نه‌بێت، له‌وێ سیاسی موبارهكو سه‌رۆكی ئه‌به‌دی بونیان نییه تا ده‌زگای راگه‌یاندن دروستبكهنو ته‌له‌فزیۆن دامه‌زرێنن، كه ئیشیان ئه‌وه‌بێت دههۆڵو زوڕنای بۆ لێبدهنو له هه‌ڵبژاردندا بۆ كاری خۆی بیانخاته گه‌ڕ، میدیا له‌وێ به‌شێكی گرنگی كایه‌ی سیاسیه، به‌ڵام به‌شێكی راسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییه، به كورتی ئه‌م مۆدێله كه له كوردستاندا باڵاده‌سته، كۆپییه‌كی ئه‌زمونه دیكتاتۆرییهكانهو نه له‌دورو نه له نزیك كارێكی به مۆدێل‌و سروشتی ئیشكردنی میدیاوه له دیموكراسییهتهكانی خۆرئاوادا نییه، له خۆرئاوا كهپیتاڵیستێك ده‌توانێت سه‌رمایه‌ی خۆی بخاته بواری میدیاوهو كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی دابمه‌زرێنێت، به‌ڵام سیاسیه‌ك، له پاره‌و ماڵی گشتیی، له سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگه ئه‌و كاره بكات، ئه‌مه مه‌حاڵه... لای ئێمه مۆدێلێكی سه‌د ده‌ر سه‌د دیكتاتۆری ترسناك باڵاده‌سته، ئه‌وه ته‌نیا بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك نییه كه داگیر ده‌كرێت، به‌ڵكو ژیانی‌و ههستهكانیو نانیو بژێویی‌و ئیشیو پاشه‌ڕۆژی هه‌موی له ده‌ستی ئه‌و نوخبه حوكمڕانهدایه، كه له سه‌ره‌وه وڵات ده‌به‌ن به‌ڕێوه. ده‌سه‌ڵاتی فهرمانڕهوایانو ده‌زگا حیزبی‌و ئه‌منییه‌كانیان به‌رامبه‌ر هاوڵاتییان رههاو بێ سنوره، هاوڵاتی ساده‌ی ئێمه به‌رامبه‌ر ده‌زگاكانی حیزب‌و ده‌وڵه‌ت بونه‌وه‌رێكی روتهڵو بێ مافه، ده‌سه‌ڵات لای ئێمه دڕنده‌یه‌كی ترسناكه، كه خۆی نه‌بێت كه هه‌ندێجار به پێویستی ده‌زانی خۆی رابگرێت، هیچ هێزێك نییه بتوانێت بیوه‌ستێنێت، به كورتی ده‌سه‌ڵات لای ئێمه هێشتا له‌وه سهرهتاییترو پریمتیڤتره كه بیه‌وێت له رێگه‌ی «توندوتیژییه‌كی رهمزییو ناڕاسته‌وخۆوه» له رێگه‌ی به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و ته‌كنیكه تازانه‌وه، كه «میدیای مۆدێرن» پێشكه‌شی ده‌كات، ده‌ست به‌سه‌ر خهیاڵو بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكدا بگرێت... ده‌سه‌ڵات لای ئێمه سروشتی ده‌سه‌ڵاتی كالیگۆلایی هه‌یه، هێزێكی ره‌هایه كه ده‌توانێت هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بیكوژێتو سزاش نه‌درێت، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بیگرێت‌و كه‌سیش نه‌زانێت بۆ گرتویه‌تی، هه‌ر ماڵێك‌و زهوییهكو ده‌زگایه‌كی بوێت داگیری بكات‌و كه‌سیش نه‌توانێت بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، هه‌ر بڕیارێك دڵی بگرێت‌و هه‌ر یاسایه‌ك حه‌زی لێبكات دهریبكاتو گوێ له هیچ توڕهبونێكیش نه‌گرێت... ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لای ئێمه هێشتا ده‌سه‌ڵاتێكی موتڵه‌قه، ده‌سه‌ڵاتێكی بێ سنور‌و بێ به‌ربه‌سته... ئه‌وه‌ی ده‌چێته سه‌ر ته‌خت، ده‌بێت به نوێنه‌ری خودا‌ش له‌سه‌ر زه‌وی، گه‌مژه‌ییه وا بزانین ئه‌وه‌ی له خۆرهه‌ڵاتدا به گشتیی‌و له كوردستاندا به تایبه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه ده‌بێت به نوێنه‌ری میلله‌ت له‌ناو ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌وه‌ی له خۆرهه‌ڵاتدا هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه ده‌بێت به نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وی... ده‌بێت به ئیراده‌ی موتڵه‌قی ئه‌و به‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتییانه‌وه... هه‌ڵبه‌ت خودا‌ش هیچ هه‌ڵبژاردنێك نادۆڕێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه حوكمڕانان له ده‌ڤه‌ری ئێمه‌دا وا ده‌رده‌كه‌ون، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌به‌دی بن... هه‌ر به‌و هۆكاره‌ش هێزی حوكمڕانانی ئێمه‌و ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایان به‌سه‌ر ئازادیی‌و ژیانی ئێمه‌وه رههاو ئهبهدیو بێ سنور ده‌رده‌كه‌وێت. لێره‌وه كاتێك ده‌سه‌ڵاتداران «وه‌ك پشیله‌یه‌ك كه یاریی به مشك ده‌كات» به‌و چه‌شنه یاریی به رۆژنامه‌كان ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه ناتوانن ئه‌و رۆژنامانه دابخه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه نایه‌وێت دایانبخه‌ن... خودا ده‌توانێت هه‌مو رۆژنامه‌یه‌ك دابخات‌و سه‌رۆكه‌كانی ئێمه‌ش نوێنه‌ری خودان له‌سه‌ر زه‌وی، ئالێره‌دا ته‌واو جیاوازیی دیموكراسییه‌ت‌و دیكتاتۆرییه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت، له دیكتاتۆرییه‌تدا كه ناكوژرێین، كه ده‌ممان داناخرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه سهرۆكو نوخبه‌ی حوكمڕان نایه‌نه‌وێت بمانكوژنو ده‌ممان دابخه‌ن، به‌ڵام له دیموكراسییه‌تدا كه ناكوژرێینو ده‌ممان داناخرێت، له‌به‌رئه‌وه‌یه سهرۆكو نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ناتوانن بمانكوژنو ده‌ممان دابخه‌ن، سیستمێكو یاسایه‌ك‌و كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی هه‌یه رێگرییان لێ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوپا‌و هێزی چهكدارو ئاسایش بۆ ئه‌وه دروست نه‌بون سهرۆكو سیاسیه‌كان بپارێزن، ئه‌م جیاوازییه زۆر زۆر گه‌وره‌یه، به ئه‌ندازه‌ی جیاوازیی نێوان كالیگۆلاو تۆكفیل گه‌وره‌یه... ئامانجی دیكتاتۆرییه‌ت كوشتنی خه‌ڵك نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه به خه‌ڵك بڵێت؛ ژیان‌و بون‌و بژێویی‌و ئازادییان به‌ده‌ست ئه‌وه، كه دیكتاتۆر یه‌كێك ده‌كوژێت بۆ ئه‌وه‌یه له رێگه‌ی كوشتنی چهندانێكهوه ئه‌و په‌یامه بۆ ئه‌وانی دی بنێرێت، كه ئه‌وان زیندونو موچه وهردهگرنو كاریان هه‌یه‌و هه‌ناسه ده‌ده‌ن له به‌ره‌كه‌تی ئه‌وه، لێره‌وه له كوردستان‌و دیكتاتۆرییهتهكانی ده‌وروبه‌ریشماندا ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له رێگه‌ی كاریگه‌ریی میدیاوه حوكم ناكه‌ن، میدیا ته‌نیا هۆكارێكه، هێزێكی یاریده‌ده‌ره، دیكۆرێكی مۆدێرنه، سهحنهیهكی خۆنمایشكردنو خۆبینینه‌وه‌یه... به بڕوای من ده‌سه‌ڵات لای ئێمه هێشتا به زه‌بری راسته‌وخۆ، به داگیركردنی جێگه‌ی خوداوه‌ند، به كۆكردنه‌وه‌ی ره‌های هه‌مو ده‌سه‌ڵات له چنگی خۆیدا كار ده‌كات... لێره‌وه هه‌م شوبهاندنی ده‌سه‌ڵات له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به ده‌سه‌ڵات له سیستمی خۆرئاواییدا هه‌ڵه‌و ناجایزه، هه‌م شوبهاندنی وه‌زیفه‌و مانای میدیا له‌م دو كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به یه‌كدی، هه‌ڵه‌و نابه‌جێیه.
رۆژنامه: له رابردودا، چ له دوایین كارتدا «جه‌مشید خانی مامم...»، چ له ژوره‌كه‌ی خۆتدا له رۆژنامه‌ی ئاوێنه. هه‌ڵوه‌سته‌ی جدیت له‌سه‌ر میدیا‌و میدیاكاران كردوه، ئه‌و تێكستانه بێزارییه‌كی گه‌وره‌یان لێ ده‌خوێنرێته‌وه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بێزارییه چییه؟
به‌ختیار عه‌لی: میدیا شتێك نییه هه‌مویت قه‌بوڵ بێت، یان هه‌موی ره‌تبكه‌یته‌وه، میدیا له مهتریالگهلێكی زۆر پێكدێت، ره‌خنه‌ی من ده‌رهه‌ق به میدیا وه‌ك ره‌خنه‌م وایه له زانكۆ، وه‌ك ره‌خنه‌م وایه له كایه‌ی سیاسی له كوردستان... من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م نییه هه‌مو گۆڤار‌و تهلهفزیۆنو رۆژنامه‌یه‌ك ببێته مینبه‌رێكی فیكری، به‌ڵام كه سیاسه‌ت به مانا هه‌ره ساده‌و سهتحییهكهی، كه نوسینی كڵێشه‌یی، كه نوقمبون له رۆژانه‌دا بوه كه‌لتوری باو، كه جیاوازیی نه‌بو له‌نێوان میدیاكارو هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی ته‌مه‌ڵی دائیرهیهكدا، كه خه‌یاڵ له رۆژنامه‌كاندا مرد، كه شته‌كان بونه قاڵبی نه‌شكاو، كه رۆژنامه بوه كڵێشه‌یه‌كی هه‌فتانه، كه رۆحی نوێبونه‌وه مرد، كه هه‌رگیز تیشكی تێفكرین ده‌رنه‌كه‌وت، به ئه‌ركی خۆمی ده‌زانم سڵاو و ستایش له كاری وا نه‌كه‌م.
سه‌یركه... له كوردستان ئێستا سه‌دان سه‌رنوسه‌رو سه‌دان خاوه‌نی ئیمتیازمان هه‌یه، چه‌ندیان ده‌توانن ستونێكی باش بنوسن؟ داوای لێبوردن ده‌كه‌م باسی ئه‌و ستونانه ناكه‌م كه له‌سه‌ر پارتی‌و یه‌كێتی ده‌نوسرێن، كابرایه‌كی نه‌خوێنده‌وار له‌وسه‌ری دونیاشه‌وه بێنه، دوای دو مانگ ده‌توانێت كتێبێك له‌سه‌ر خراپیی حاڵ‌و گهندهڵییو كێشه‌كانی ناو وڵاته‌كه‌ی ئێمه بنوسێت... باسی ئه‌وانه ناكه‌م كه له‌سه‌ر خۆڵی ناو بازاڕ‌و نرخی تهكسیو نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی ده‌نوسن، له‌گه‌ڵ رێزمدا بۆ ئه‌و كه‌سانه، به‌ڵام مرۆڤ ته‌نیا به‌وانه نابێته رۆژنامه‌نوسێكی كارامه، من نمونه‌یه‌ك پیشانی به‌ڕێزتان ده‌ده‌م، «جیهاد خازن» سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی الحیاه، پیاوێكی زۆر دژه جو و ئه‌نتی سامییه، رقێكی كۆێرانهو هه‌تا فاشیستیانه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌مو جویهك هه‌یه، بیر‌و بۆچونه‌كانی نیگای عه‌ره‌بێكی توندڕه‌و و فاشی نیگا به‌رجه‌سته ده‌كه‌نه‌وه، خۆی خزمه‌تكارێكی فهرمانإهوایانی سعودیه‌یه، به‌ڵام ئه‌م پیاوه پسپۆڕه له هه‌مو كون‌و كه‌له‌به‌رێكی ئیسرائیل، پسپۆڕه له هه‌مو ورده‌كارییه‌كانی په‌یوه‌ندیی ئیسرائیل به ده‌ره‌وه‌ی خۆی، پسپۆڕه له هه‌ر ده‌زگاو كونجێكدا ئیسرائیل له دونیادا ده‌ستی پێبگات، هه‌مو ئه‌ندامانی لۆبی ئیسرائیلی له خۆرئاوا‌و ئه‌مریكادا ده‌ناسێت، ئاگای له جوڵهیانه... تۆ عه‌زیزم یه‌ك رۆژنامه‌نوسی كوردم پیشانبده، نه‌وه‌ك بتوانێت راپۆرتێكی ورد‌و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌سه‌ر حیزبه‌كانی باشوری عێراق بنوسێت، به‌ڵكو راپۆرتێكی ورد له‌سه‌ر به‌ره‌ی توركمانی‌و جوڵهیانو زمانیان‌و په‌یوه‌ندییان له كه‌ركوكدا بنوسێت، كه به حیساب كه‌ركوك جه‌وهه‌ری كێشه‌ی ئێمه‌یه، له هه‌مو كوردستاندا رۆژنامهنوسێكم پیشانبده، پسپۆڕ بێت له ئێران‌دا، به‌و مانایه‌ی بزانێت له پشت دهرگاكانو له ژێره‌وه چی له سیاسه‌تی ئه‌م وڵاته‌دا روده‌دات، توانیبێتی دو په‌یوه‌ندیی گرنگ له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی ئه‌وێدا دروستبكات، توانیبێتی بگاته هه‌واڵێك، راستییه‌ك، ده‌ره‌نجامێك كه به ئیش‌و چالاكیی خۆی پێی گه‌یشتبێت، نه‌وه‌ك له رۆژنامه‌نوسێكی تره‌وه وه‌ریگرتبێت. ئازیزم، واقیعی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی تراژیدییه... له ئاستی لۆكاڵدا ته‌نیا ئه‌و شتانه ده‌بینێت كه هه‌موان به چاو ده‌یبینن، گرنگترین به‌دواداچونی بۆ روداوه‌كان له‌وه تێناپه‌ڕێت موقابه‌له‌ی قایمقام بكات... له ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا، جگه له‌وه‌ی كاری وه‌رگێڕان ده‌كات بۆ هه‌واڵی رۆژنامه‌و ئاژانسه‌كانی ده‌ره‌وه، هیچی تر ناكات، دوای ئه‌وه رۆژنامهگهرییهكو میدیایه‌ك دروستبوه كه نه فیكر، نه هونه‌ر، نه ئه‌ده‌ب له ناویدا جێگه‌یان نابێته‌وه، وتارێك بنێره دو هه‌زارو پێنجسه‌د وشه بێت، له هیچ رۆژنامه‌یه‌كدا بڵاونابێته‌وه، ده‌ڵێن؛ درێژه بۆ رۆژنامه نابێت، به‌ڵام تێناگه‌م ئه‌م بۆچونه هه‌ڵه‌یه له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه.. له ئه‌ڵمانیا هه‌مو رۆژنامه گه‌وره‌كان رۆژانه به زیاد له چل لاپه‌ڕه‌ی گه‌وره دهردهچنو پڕیشن له وتاری درێژ له‌سه‌ر هه‌مو بواره‌كان، ئیدی له ژینگه‌وه بیگره بۆ دیكۆرسازیی، له شانۆوه بیگره بۆ گه‌ردونناسی، هه‌مو بوارێكیش رۆژنامه‌نوسی خۆی هه‌یه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه ئه‌سڵه‌ن له‌م رۆژنامه‌گه‌رییه‌ی ئێمه‌دا خه‌ڵكانێك بتوانن به هێزێكی زانستیی‌و مه‌عریفییه‌وه نوسین هه‌ڵبسه‌نگێنن، ونه‌و نابینرێن... من دو ساڵه سه‌یری رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی ده‌كه‌م، زیاد له‌سه‌دا په‌نجای ئه‌م رۆژنامه‌گه‌رییه له‌وه‌دا سهرفبوه، یان ستایش‌و پیاهه‌ڵدانه به بارزانی‌و تاڵه‌بانیدا، یان ره‌خنه‌و داپڵۆسینه بۆ ئه‌م دو كه‌سه، ئازیزم نه سیاسه‌ت، نه كه‌لتور، نه مه‌عریفه‌ت به‌مه پێش ناكه‌وێت، چۆن رۆشنبیریی ئێمه‌و هوشیاریی سیاسی ئێمه‌و جیهانبینی ئێمه فراوان ده‌بێت، گه‌ر هه‌مو ژیانمان هه‌ر خه‌ریكی ئه‌وه‌بین ئه‌م پرسیاره زهقو ساده‌و سواوانه دوباره بكه‌ینه‌وه؟. دیكتاتۆرییه‌ت‌و زوڵمی سیاسی له كوردستاندا ریشه‌كانی له نهزانینو جه‌هلدایه... رۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌ش شتێكی نه‌كردوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه تێبپه‌ڕێنێت، به پێچه‌وانه‌وه پێكڕا بهرههمیدههێننهوهو بههێزیدهكهنو وه‌ك ئاسایی ده‌یخه‌نه رو... به كورتی من شتێك نابینم پێی سه‌رسام بم، گه‌ر هه‌ڵه‌م هیوادارم یه‌كێك یارمه‌تیم بدات‌و بۆم راستبكاته‌وه... دڵنیابه گوێدهگرمو داوای لێبوردنیش ده‌كه‌م.
به‌شی دوه‌م:
رۆژنامه: بۆچی كه‌وچكێك له نوسه‌ری خراپ تێكه‌ڵ به كه‌وچكێك سیاسیی خراپ بكرێت‌و دوای راوه‌شاندن چه‌ند كه‌وچكێك له مه‌لای خراپی تێكه‌ڵ بكرێت، له كارلێكی ئه‌م مادانه رۆژنامه‌نوسی عه‌یاره بیست‌وچواری وڵاتی ئێمه‌ی لێ ده‌رده‌چێت؟
به‌ختیار عه‌لی: سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه دروست نهبێتو وانهكهوێتهوه كه من هیچ رێزێكم بۆ كاری میدیایی كوردی نییه، ده‌بێت بڵێم؛ من به رێزه‌وه ته‌ماشای ئه‌و رۆڵه ده‌كه‌م كه میدیای ئازاد له هه‌ندێك وێستگه‌دا له پرۆسه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا گێڕاویهتیو دهیگێڕێتو ده‌یان جاریش ئه‌مه‌م دوبارهكردوهتهوه، ئه‌م رۆڵه نیشانه‌یه‌كی روناك‌و پۆزه‌تیڤه... واته ئه‌وه‌ی میدیایه‌ك هه‌یه ده‌توانێت قسه‌یه‌كی جیاواز له قسه‌ی ده‌سه‌ڵات بكات‌و ببێت به مینبه‌ری ئه‌وانه‌ی كه بیركردنه‌وه‌یه‌كی تریان هه‌یه، ئه‌وه جێگه‌ی ستایشهو مایه‌ی ئه‌وه‌شه كه هه‌مومان به‌رگریی لێ بكه‌ین... من ئه‌م خاڵه روناكه به گرنگ ده‌زانم، میدیای ئازادی ئێمه زۆرجار توانیویه‌تی به‌ڕاستی ده‌سه‌ڵات بخاته ئه‌و جوغزه‌وه كه هه‌ستبكات چاوه‌دێر كراوه... ئه‌مه خاڵێكی ئیجابیی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازادی ئێمهبوه، كه وا ده‌كات شایسته‌ی به‌رگریی لێ‌كردن بێت‌و شایسته‌ی ئه‌وه بێت به روبه‌رێكی گرنگی بزانین بۆ پاراستنی ئازادییهكانو به هه‌مو جۆرێك دیفاعی لێ بكه‌ین، به تایبه‌ت له‌و شوێن‌و كاته‌دا كه روبه‌ڕوی توندوتیژیی پارتی‌و یه‌كێتی ده‌بێته‌وه... ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نوسسازه، كه په‌یوه‌ندیی به مه‌سه‌له‌ی ئازادییه‌وه هه‌یه له وڵاتی ئێمه‌داو قابیلی قسه‌و مساوه‌مه نییه، ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی مافێكی سروشتی‌و ساده‌ی هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاده، پێوه‌رێكی زۆر سه‌ره‌تاییشه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی دیكتاتۆرییه‌ت له دیموكراتییه‌ت، به‌ڵام له‌و خاڵه بگوزه‌رێین میدیای ئێمه «به میدیای ئازادیشه‌وه» شوێنی هه‌مو ئه‌و ده‌ردو قه‌یرانانه‌یه كه له دونیای رۆشنبیریی‌و سیاسه‌تی كوردیدا ده‌بینرێن، من له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا نیم كه بێبایه‌خ سه‌یری ئه‌و كه‌موكورتیانه ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌موكورتیانه وایكردوه ئه‌م میدیایه نه‌توانێت رۆڵی سیاسیی‌و فیكریی خۆی به ته‌واوی بگێڕێت، وایكردوه له پاشه‌كشه‌دا بێت‌و دواجار وای لێبێت شوناس‌و مانا سیاسییه‌كه‌ی له مانا كه‌لتوری‌و فیكرییه‌كه‌ی ده‌یانجار گه‌وره‌تر بێت، ئه‌مه‌ش دوباره‌كردنه‌وه‌ی مێژوی میدیای حیزبییه، بۆیه سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه رون بێت كه ره‌خنه‌ی من له كۆی ئه‌و میكانیزم‌و سیستمی كاركردنه‌یه كه له كایه‌ی میدیادا هه‌یه، من ده‌ڵێم؛ وه‌زیفه‌ی ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات، وه‌زیفه‌یه‌كی گرنگه، به‌ڵام ئه‌م وه‌زیفه‌یه مانای خۆی له پاڵ كۆی وه‌زیفه‌كانی تردا وه‌رده‌گرێت، وه ته‌نیا له‌پاڵ سیفه‌ته‌كانی تردا ده‌توانێت مانای هه‌بێت، ئه‌گه‌ر واش نه‌بێت دواجار له‌و هه‌سته بێماناو نێگه‌تیڤه‌دا ته‌واو ده‌بێت كه رۆژنامه، یان گۆڤار خۆی لێ ببێته «حیزبێك به‌بێ حیزب»، به‌داخه‌وه له زۆر شوێن‌و له زۆر ئاستیشدا وایلێهاتوه، كه ده‌بینیت رۆژنامه‌یه‌ك بیر له دروستكرنی لیستێك بۆ په‌رله‌مان، یان سایتێك بیر له دروستكردنی حیزبێك بكاته‌وه... ئه‌وه دۆخێكی جهرگبڕو فاجیعه ره‌نگه بێده‌نگبون لێی له داهاتودا میدیای ئێمه بۆ جێگه‌یه‌كی نادیار ببات. به‌داخه‌وه كه هه‌ندێ كه‌س له حه‌ماسه‌تی سیاسی‌دا ئه‌و ره‌وته ترسناكه نابینن، وه‌ك چۆن خه‌ڵكانێكی زۆر له سه‌رده‌می رابوردودا به هۆی حه‌ماسه‌تی سیاسییه‌وه ئه‌وه‌یان نه‌بینی، كه حیزبی كوردی له ساتی گه‌وره‌بونیدا ده‌شێت چ ئامێرێكی ترسناكی لێ دروست بێت، من ره‌خنه‌گرتن له میدیا به به‌شێكی گرنگی دیفاع له خودی میدیا ده‌زانم، ئێستا پیاهه‌ڵدانی به‌رده‌وام به‌م میدیایه‌دا وایكردوه له جێی خۆی ره‌زامه‌ند دانیشێت‌و نه‌جوڵێت، چاوپۆشیكردنیش له‌م خه‌له‌لانه، له دواجاردا به بڕوای من ده‌چێته چوارچێوه‌ی گه‌مه‌یه‌كی سیاسییه‌وه كه به دروستی نازانم رۆشنبیرانێك كه له سه‌ره‌تاوه ئیشیان ره‌خنه‌گرتن بوه له سیاسهتو كۆمه‌ڵگه تێی بكه‌ون... به كورتی من لێره‌دا قسه له‌سه‌ر بونیاد‌و ستراكتوری ناوه‌كیی ئه‌م میدیایه ده‌كه‌م، نه‌وه‌ك له هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كه‌ی، پێشموایه؛ له ئاستی نزیك‌و دوردا خه‌له‌له بونیادییه قوڵه‌كانی ره‌نگدانه‌وه‌ی كوشنده‌ی له‌سه‌ر وه‌زیفه سیاسییه‌كه‌شی ده‌بێت.
ئه‌و سه‌ره‌تایه پێویست بو، بۆ ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر جه‌وهه‌ری پرسیاره‌كه‌تان، وا ده‌زانم وه‌ڵامی پرسیاری به‌ڕێزتان ئاشكرا بێت، رۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه له كۆمه‌ڵێك هه‌ستی سیاسیی زه‌ق دروستبوه، هه‌مو رۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه راستهوخۆو ناڕاسته‌وخۆ له پێناوی وه‌زیفه‌ی سیاسیی‌دا دامه‌زراون، ده‌كرا ئه‌وه نه‌بێته خه‌وش، ده‌كرا ئه‌وه زۆر ئاسایی بێت، گه‌ر ئه‌و هه‌سته سیاسییه قوڵایی خۆی وه‌ربگرتبایه، گه‌ر ته‌سلیمی جیهانبینییه‌كی ساده‌و زمانێكی ساده نه‌بوایه، گه‌ر بیتوانیبایه له پاڵ روبه‌ره راستهوخۆو زمانه ساده‌كه‌یه‌وه، هه‌م قوڵتر له خۆی‌و له دونیا تێبفكرێت. كێشه‌كه‌ی من ته‌نیا له‌گه‌ڵ سروشتی زۆر سیاسییانه‌ی میدیای كوردیدا نییه، به‌ڵكو كێشه‌كه‌م ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌توانین جیهانبینییه‌كی نوێ، یان ته‌رزه تێفكرینێكی نوێ، یان زمانێكی تازه بده‌ینه سیاسه‌ت، من راموایه؛ له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆوه ره‌خنه‌ی سیاسیی موجه‌ڕه‌د گه‌یشتوه‌ته بنبهستو شتێكی نوێ ناهێنێت، كه ده‌ڵێم شتێكی نوێ ناهێنێت، مه‌به‌ستم له هێنانی شتێكی نوێیه بۆ ناو كایه‌كانی رۆشنبیریی كوردی، بۆ گه‌وره‌بونی سنوری بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی ئێمه، پێشتر له چه‌ندین جێگه‌دا ئاماژه‌م به‌وه داوه؛ كه تراژیدیای ئێمه ئه‌وه‌یه كه سیاسه‌ت بوه‌ته كایه‌كی گۆشه‌گیرو دابڕاو... بوه‌ته كایه‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندیی به كایه‌كانی تره‌وه پچڕاوه. سیاسه‌ت لای ئێمه له فه‌لسه‌فه، له كۆمه‌ڵناسیی، له ده‌رونناسیی، له ئیداره، له ئابوریی، له هونه‌ر، له ئه‌ده‌ب له هه‌مو شتێك دابڕاوه... ئه‌مه كارێكی كردوه زۆر ئاسان دیكتاتۆر دروست ببێت، زۆر ئاسان نه‌خوێنده‌واره‌كان ببن به قاره‌مانی سیاسیی گه‌وره گه‌وره، بۆیه من ئێستا زۆر له‌وه‌ش نیگه‌ران ده‌بم كه ده‌بینم رۆشنبیرانی ئێمه هه‌ر به زمانی سیاسه‌ت قسه له سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ داوای لێبوردنی زۆرمدا، سیاسه‌ت له وڵاتی ئێمه‌دا تاكه جۆره چالاكییه‌كه، كه نه به‌هره، نه زانین، نه تێفكرینی ده‌وێت، تا ئێستا له وڵاتی ئێمه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بیربكه‌یته‌وه ده‌بێته بچیته ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت، كه سیاسییه‌كان خۆیان له‌م جوغزه‌دا بسوڕێنه‌وه ئاساییه، به‌و مانایه‌ی كه ئێمه به‌وه راهاتوینو چاوه‌ڕوانیمان نییه... به‌ڵام گه‌ر رۆژنامهنوسو رۆشنبیرانێكیش كه قسه له سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، هه‌مان مۆدێل دوباره بكه‌نه‌وه، ئه‌وه ئاسایی نییه، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا میدیای كوردی به‌رهه‌می ده‌هێنێت به‌ده‌ر له ناوه‌ڕۆكه سیاسییه‌كه‌ی، به‌گشتیی شتێكه هه‌ر به‌و ته‌رزه‌و ئسوڵهی كه سیاسییه‌كان خۆیان دایانڕشتوه.
ئه‌ركی رۆژنامه‌نوس، ئه‌ركێكه له ئه‌ركی نوسه‌رانه‌وه نزیكتره، نه‌وه‌ك له ئه‌ركی سیاسییه‌كانه‌وه... رۆژنامه‌نوس ده‌بێت نوسه‌ر بێت، هیچ چاری نییه جگه له‌وه‌ی نوسه‌ر بێت، هیچ چاری نییه جگه له‌وه‌ی نوسه‌رێكی باشیش بێت، نوسه‌ری باشیش واته ئاگاداری كایه گه‌وره‌كانی نوسین‌و سه‌رچاوه ئیلهامبه‌خشه‌كانی نوسین بێت، ئاگاداری هونه‌رو سینه‌ماو ئهدهبیاتو كایه فیكرییه‌كان بێت، به‌و مانایه‌ی كه له هوشیاریدا ره‌نگبده‌نه‌وه، رۆژنامه‌نوس كه‌سێكه كه كایه‌ی سیاسیی‌و كایه‌ی رۆشنبیریی له لای ئه‌و زۆر به زه‌قی بهیهكدادهدهن، ئه‌و كه‌سێك نییه هه‌ر به ئه‌ركی سازدانی چاوپێكه‌وتن‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌تانه هه‌ستێت كه دێن بۆ رۆژنامه‌كه، كه‌سێك نییه ته‌نیا كاری ئه‌وه بێت هه‌ڵه‌بڕی بكات، مۆنتاج بكات، كه شتێكی سیاسیش رویدا ستونێك بنوسێت، كارمه‌ندی رۆژنامه شتێكه‌و رۆژنامه‌نوس شتێكی تره، هێزی رۆژنامه‌نوس له نوسیندایه، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر حیسابێكی قورس كه له‌گه‌ڵ نوسیندا ده‌كرێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسیشدا بكرێت... ئه‌و ئیشی ئه‌وه‌یه پسپۆڕی شتێكی دیاریكراو بێت، گه‌ر پسپۆڕیش نه‌بو به رۆشنبیرییه‌كی ئهنسكلۆپیدی به‌رفراوان شوێنی ئه‌و پسپۆڕ نه‌بونه بگرێته‌وه.
بۆ من رۆژنامه‌نوسێكی فره‌ڕه‌هه‌ند خۆشه‌ویستتره له رۆژنامه‌نوسێكی یه‌ك بوار... به‌ڵام كه نه فره ره‌هه‌ندیی هه‌بو نه پسپۆڕی هه‌بو... یه‌ك شت جێگه‌ی ئه‌م به‌تاڵییه ده‌گرێته‌وه، ئه‌ویش نوسینی ستونی ساده‌ی سیاسییه كه له رێگه‌یه‌وه رۆژنامه‌نوس گه‌ر له ده‌زگای حیزبی‌دا بێت ئه‌و هه‌سته‌ی تێر ده‌بێت كه وه‌زیفه‌ی خۆی بۆ حیزب جێبه‌جێكردوه، گه‌ر له ده‌زگای ئازادیشدا بێت ئه‌و هه‌سته‌ی تێر ده‌بێت، كه واجبی خۆی به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ر جێبه‌جێكردوه، به بڕوای من هه‌ردو ئه‌و هه‌سته‌ش درۆزنانهنو جۆرێك له دڵنیایی نادروست ده‌چه‌سپێنێ‌و ئه‌و دودڵییه زانستی‌و مهعریفیو ئه‌خلاقییه ده‌كوژن، كه رۆژنامهنوسو هه‌مو نوسهرێكو هه‌مو مرۆڤێكیش پێویستی پێیه‌تی، ئه‌وه‌ی من له‌سه‌ر خه‌تێك دژی قسه ده‌كه‌م، ئه‌و هه‌سته درۆزنه‌ی دڵنیاییه، ئه‌وه‌ی شتێكمان كردوه، یان شتێكمان نوسیوه كه ویژدانمان ئاسوده بكات‌و لێی بخهوینو به‌سه‌ر قهنهعاتهكانماندا كـڕ بكه‌وین، ئه‌وه‌ی من به‌رده‌وام لێی ترساوم ئه‌و دڵنیابونو نه‌بونی ترس‌و دودڵییهیه لای میدیاكاری ئێمه‌و لای نوسه‌ری ئێمه‌ش به گشتیی، ئه‌وه‌ی لای من زۆر ترسناكه ئه‌وه‌یه، له روی پراكتیكه‌وه به‌شێك بیت له سیستم، به‌ڵام له روی ئه‌خلاقییه‌وه وا هه‌ست بكه‌یت له‌ده‌ره‌وه‌ی سیستمی، مێژوی كورد له سه‌د ساڵی رابردودا هاوكاریی‌و هاوپه‌یمانی نوسه‌رانی خراپ‌و سیاسیی خراپ دروستیكردوه، حیلفی ئه‌م دوانه ترسناكترین حیلفی سه‌د ساڵی رابردوی ئێمه بوه، ئه‌م حیلفه ته‌نیا به‌و مانایه نییه، كه نوسه‌ر پشتگیریی یه‌كێك له ده‌سه‌ڵاتدارانی كردبێت... نا، من زۆر كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه كه رۆشنبیرێك له ساتێكی دیاریكراودا سیاسییه‌ك وه‌ك فریادڕه‌س ببینێت، یان ببێته هاوڕێی، گه‌رچی خۆم دڵم به هه‌مو سیاسییه‌ك له دونیادا ده‌گیرێت، سیاسیی له هه‌ر جێگه‌یه‌ك بێت، من حه‌ز ده‌كه‌م له ژوری ئهودیوبم... به‌ڵام لێره‌دا له‌و هه‌سته شه‌خسییه‌وه قسه له‌و حیلفهی نێوان نوسهرانو سیاسییه‌كان ناكه‌م، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان له كایه‌ی خۆیاندا دژایه‌تییه‌كی قوڵی نوێكردنه‌وه‌یان كردوه‌و بواری لابهلابونهوهو تێفكرینی رادیكاڵیان نه‌داوه، ئه‌مڕۆش كوردستان ته‌نیا سیاسییه‌كان نایبه‌ن به‌ڕێوه، به‌ڵكو میدیاكارانی ئێمه به شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌دا به‌شدارن... به‌ڕێوه‌بردن لای من ئه‌وه نییه پۆستت له حكومه‌تدا هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه شته‌كان له سیستمێكی داخراو‌و له قاڵبێكی نه‌گۆڕو له دڵنیاییه‌كی درۆزندا دیل بكه‌یت، به‌ڕێوه‌بردن جیاوازه له حوكمداریی، به‌ڕیوه‌به‌ر پاسه‌وانی سیستمی نه‌گۆڕی شته‌كانه، دوبارهكهرهوهی ئه‌وه‌یه كه هه‌یه‌و نه‌بینینی ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت له‌دایك بێت، بۆیه لێره‌دا جارێكی دی باس له‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه ده‌كه‌م كه له نێوان سیستم‌و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه؛ ده‌سه‌ڵات وه‌ك زاراوه بۆ حاكمانو حوكمڕانان به‌كاری ده‌هێنین، بۆ ئه‌وانه‌ی حكومهتو كۆمه‌ڵگه ركێف ده‌كه‌ن، به‌ڵام سیستم له ده‌سه‌ڵات گه‌وره‌تره، ده‌سه‌ڵات ته‌نیا به‌شێكی سیستمه، كرۆكه بههێزهكهیهتی، ده‌مامكه دیار‌و ده‌موچاوه دهركهوتوهكهیهتی، به‌ڵام سیستم خۆی ته‌واوی ئه‌و نۆرم‌و قاڵب‌و ئاكارو تێگه‌یشتنانه‌یه كه دواجار واده‌كه‌ن گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش بگۆڕین سیستم وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێش‌و دروستتببێتهوه، سیستم شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه‌و چوارچێوه ئهخلاقییهكانو سنوره‌كانی بیركردنه‌وه‌و خهیاڵو كۆی ته‌فسیره ره‌مزییه‌كان، رێكده‌خات، لێره‌دا شكاندنی سیستم‌و ره‌خنه‌گرتن له سیستم زۆر قورستره له ره‌خنه‌گرتن له دهسهڵاتو له شكاندنی ده‌سه‌ڵات، بۆیه ده‌شێت تۆ دوژمنی ده‌سه‌ڵات بیت، به‌ڵام ده‌رهه‌ق به موقه‌ده‌سه‌كانی سیستم‌و نه‌رێته‌كانی زۆر موحافهزهتكار بیت، یان زۆر بێ‌ئاگا دوباره‌ی بكه‌یته‌وه، رۆژنامه‌نوسی كورد زۆر جار نائاگا هه‌مان ئه‌و هوشیارییه سیاسییه گشتییه‌و خه‌یاڵه سیاسییه ده‌سته جه‌معییه به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، كه له عه‌قڵی سیاسییه تهقلیدییهكانو خه‌یاڵی زۆرینه‌ی خه‌ڵكدا هه‌یه، واته بێ‌ئاگا سیستمی بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵكردنه‌وه‌ی ته‌قلیدیی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، میدیای ئێمه نوقمه له ختوكه‌دانی خه‌یاڵی توندڕه‌وانه، نوقمه له تێركردنی نهرجسییهتێكی سیاسیی‌دا كه هه‌ر حیزبه‌و گروپه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی تێیدا ده‌ژی، به‌شی هه‌ره زۆری میدیاكارانی ئێمه ته‌نیا ئه‌و هێڵانه تۆخ ده‌كه‌نه‌وه، كه سیاسییه‌كان به كاڵیی ده‌یكێشن، ئه‌و وێنانه دروست ده‌كه‌نه‌وه كه له خه‌یاڵی ده‌سته‌جه‌معییدا پێشتر دروستبوه، نوسینیان ئه‌وه‌نده‌ی خۆڕاكێشانه به دوای ئه‌و گوتارانه‌دا كه خه‌یاڵی مێگه‌ل، یان خه‌یاڵدانی سیاسییه‌كان دروستیانكردوه به‌رهه‌مێكی تایبه‌تی تێدا نابینرێت، به كورتی میدیاكاری كورد تائێستا ئه‌و ساته نه‌ژیاوه، كه بتوانێت له‌نێوان خه‌یاڵی نوخبه‌ی سیاسیی‌و خه‌یاڵی ساده‌ی خه‌ڵكدا، له‌نێوان مۆراڵی سیاسیی‌و مۆراڵی ساده‌و هه‌ڵچو و گرژی جه‌ماوه‌ردا شتێك بۆ خۆی دروست بكات، شوناسێك بدۆزێته‌وه، تا ئه‌مڕۆ كۆی میدیای كوردی له‌نێوان وه‌لائی كۆنكرێت بۆ سیاسییهكو وه‌لائێكی ته‌مومژاوییو عاتیفیدا بۆ رۆحی ده‌سته‌جه‌معی جه‌ماوه‌ر جۆلانێ ده‌كات، به بڕوای من كاراكته‌ری نوسه‌ری باش «كه هه‌ڵبه‌ت واجبی رۆژنامهوانیشه، وه‌ك نوسه‌رێكی باش بنوسێت» له‌وه‌دایه؛ كه نوێنه‌ری ساتێكی «هوشیاریی تایبه‌تی» بێت، هوشیارییه‌ك كه ده‌توانێت شته‌كان له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ببینێت، كه من، یان تۆ نایبینین، نوسه‌ری خراپیش، درێژكراوه‌ی عه‌قڵییه‌تی گشتییه، درێژكراوه‌ی زمانی ساده‌و تێگه‌یشتنی ساده‌ی دونیایه، گه‌یشتنی ته‌فسیرو ته‌عبیره به بنبه‌ست، له زۆربه‌ی میدیای ئێمه‌شدا ته‌فسیرو ته‌عبیر له خراپترین ئاستدان، به جۆرێك گه‌ر كاری وه‌رگێڕان نه‌بێت، به‌شێكی زۆری میدیای كوردی ناتوانێت دهربچێتو له كار ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌شی كه زۆر مرۆڤ دڵته‌نگ ده‌كات، ئه‌و رۆحییه‌تی وهعزكارییهیه كه له رۆژنامه‌گه‌ریی ئێمه‌دا باڵاده‌سته، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه نوسینی رۆژنامه‌وانی ئێمه له كاری هه‌ندێك مه‌لای بێ به‌هره نزیكده‌كاته‌وه... ته‌ماشای كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیی بكه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، تائێستا ئێمه به زمانێكی ئه‌خلاقیی موجه‌ڕه‌د قسه له گه‌نده‌ڵیی ده‌كه‌ین‌و به گوتارێكی ئه‌خلاقی موجهڕهدیش ده‌مانه‌وێت چاره‌سازیی بۆ بكه‌ین. ئه‌وه‌ی توانای بینینی هه‌بێت، ده‌توانێت تێبگات كه گوتاری رۆژنامه‌وانی ئێمه پڕه له‌و زمانه دینییه باركراوه به مۆراڵی ته‌قلیدیی.
رۆژنامه: پێده‌چێت ئه‌م تایپه پرسیارانه له چوارچێوه‌ی ئیتیكی كاری میدیایدا بێت، له هه‌ناوی وشه‌كانتدا، هه‌ست به رقێكی گه‌وره ده‌كه‌یت به‌رامبه‌ر ناوه خوازراوه‌كان، به‌رامبه‌ر سنوری رامنهكراوی نێت‌و ئینته‌رنێت، به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌زاران نوسه‌ره‌ی دروستبون، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له‌م گه‌مه‌یه‌دا ئازادییه‌كانی به‌ختیار بێ زیان نه‌بون، یان رقهكه په‌یوه‌ندیی به ئازادییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه؟
به‌ختیار عه‌لی: نا به هیچ جۆرێك، تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه من ئه‌و رستانه ده‌نوسم كه له خواستی خۆمه‌وه دێن، هه‌ست به هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ناكه‌م بۆ سه‌ر ئازادیی خۆم، مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندیی به ئازادیی منه‌وه نییه‌و ته‌ماشاكردنی له‌و ئاسته‌دا هه‌م نادروسته‌و هه‌م منداڵانه‌یه، مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندیی به ساتێكه‌وه هه‌یه كه نوسین له جه‌وهه‌ری خۆی وه‌ك پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه داده‌بڕێت، گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌ك كه میدیای نوێ به گشتیی هێناویه‌تییه مه‌یدان، مه‌ترسیی دابڕاندنی نوسینه له كاری تێڕامان‌و بیركردنه‌وه.
یه‌كێك له‌و كێشه گه‌ورانه‌ی میلله‌تانی دواكه‌وتوی وه‌ك ئێمه توشی ده‌بن «ته‌قدیسكردنی پرۆسه‌ی نوسینه»، خۆت ده‌زانیت ئێمه میلله‌تێكین تا ده‌گه‌ینه سه‌ر سه‌ده‌ی بیست‌و شه‌پۆلی مۆدێرنه پاڵێكی به‌هێز به ستراكتوری داخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌وه ده‌نێت، له چه‌ند دیوانێكی شیعر زیاتر هیچمان نه‌بوه، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به جۆرێكی كتوپڕ گرنگی خوێنده‌واریی‌و نوسین ده‌دۆزێته‌وه، ساتی سه‌رهه‌ڵدانی خولیای خوێنده‌واریی‌و ساتی سه‌رهه‌ڵدانی ناسیونالیزم هاوشانی یه‌كن، ناسیونالیزمی كوردیش ئایدیۆلۆژیایه‌كه له‌سه‌ر ترسی فهوتانو نه‌مان ئیشیكردوه، لێره‌وه قودسییه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌خشیوه‌ته وشه‌ی نوسراوی كوردی... وشه‌ی نوسراوی كوردی شتێكه وه‌ك سومبولی نهمرییو نهفهوتانو مانه‌وه سه‌یر كراوه، له عورفی ناسیونالیزمدا وشه‌ی نوسراوی كوردی به‌ده‌ر له‌و ناوه‌ڕۆك‌و جهوههرو مه‌عریفه‌ته‌ی هه‌ڵیگرتوه، نرخێكی گه‌وره وه‌رده‌گرێت، واته نوسین هه‌تا ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكێكی هه‌ژارو بێسهنگو ناجوانی هه‌بوبێت، هه‌ر وه‌ك كارێكی گرنگ‌و موقه‌ده‌س سه‌یركراوه، ئه‌مه له جه‌وهه‌ردا رێگه‌ی بۆ كاره‌ساتێكی گه‌وره خۆشكردوه، كه كاره‌ساتی دابڕانی نوسینه له بیركردنه‌وه... له هه‌مو كه‌لتوره‌كاندا نوسین نرخی خۆی له په‌یوه‌ندیدا به بیركردنه‌وه‌و زانسته‌وه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له دۆخی ئێمه‌دا نوسین خۆ به‌خۆ، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نوسینه... ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای وشه‌ی كوردییه، له نه‌ستی ئێمه‌دا ده‌بێته خاوه‌ن نرخێكی رهمزییو نوسه‌ریش ده‌بێته كاراكته‌رێكی له كه‌سی ئاسایی گرنگتر.
له راستیدا نوسین خۆ به‌خۆ، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نوسینه نرخێكی ئه‌وتۆی نییه... لێره‌وه لای میلله‌تانی تری غه‌یری ئێمه كه دۆخێكی سیاسیی‌و وجودی وه‌ك دۆخی ئێمه‌یان نه‌بوه، ته‌نیا ئه‌وانه وه‌ك نوسه‌ر سه‌یر ده‌كرێن كه ده‌یانه‌وێت زانیارییه‌ك بگوێزنه‌وه، یان له پرسیارێكی گرنگ بیربكه‌نه‌وه، یان دابهێنن، یان له كایه‌یه‌كی مه‌عریفیدا شتێكیان هه‌بێت، لایه‌نیكه‌م له‌نێوان به‌كارهێنانه رۆژانه‌و ساده‌كه‌ی نوسین‌و به‌كارهێنانه زانستییه‌كه‌یدا خه‌تێكی رۆشن‌و بینراو هه‌یه‌و به‌ربه‌ستێكی رون كێشراوه، به واتایه‌كی تر، نوسین وه‌ك چالاكییه‌ك كه نرخ و مانای راسته‌قینه‌ی گرێدراوی ناوه‌ڕۆكه فیكرییهكهیهتی، هه‌میشه پارێزراوه‌و نه‌چوه‌ته به‌ر ههإهشهی وه‌ها ترسناكه‌وه، به‌ڵام لای ئێمه له سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی نوسینه‌وه تا ئه‌مڕۆ رۆژ دوای رۆژ ئه‌و په‌یوه‌ندییه زیاتر له یه‌كدی دهترازێتو ده‌پچڕێت، له ده ساڵی رابردو و له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی شۆڕشی چاپهمهنیو ئینته‌رنێتدا له كوردستان، دیواری نێوان نوسین‌و بیركردنه‌وه به جۆرێكی به‌رچاو ئه‌ستورتر بوه، نوسین بوه به تۆمارێكی گه‌وره كه كۆمه‌ڵگه بیرنهكردنهوهی خۆی له ناودا ده‌نوسێت. نوسین بوه به چالاكییه‌ك كه په‌یوه‌ندییه‌كی به داهێنانو به ئیشكردنی عهقڵانیو به خواستی زانستییه‌وه نه‌ماوه، سیاسه‌ت به هیستیریا بهردهوامو به زبڵه رۆژانه‌كانی خۆی ده‌یه‌وێت هه‌مو بیركردنه‌وه‌یه‌ك له نوسین رابداتو هه‌مو شتێك بخنكێنێتو كینه‌ی خۆی وه‌ك مۆراڵ‌و مۆراڵی خۆشی وه‌ك تاكه پێوه‌ر به‌سه‌ر هه‌موماندا بسه‌پێنێت... لێره‌وه‌یه ئیشكردنی داهێنه‌ری راسته‌قینه له‌م فه‌زایه‌دا زۆر سه‌خته.
چۆن ده‌توانین به‌رگریی له ئازادیی‌و عه‌داله‌ت بكه‌ین بێئه‌وه‌ی بكه‌وینه ناو داوی سیاسه‌ته‌وه به مانا موبتهزهلو سهتحیو روكهشگهراكهیهوه؟ چۆن ده‌توانین به‌رگریی له ئینسانییه‌تی خۆمان‌و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بكه‌ین، بێئه‌وه‌ی له شوێنی رۆشنبیره‌وه داگه‌ڕێین بۆ شوێنی سیاسیی؟... ئه‌وه پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كانی من بون، ئه‌وه‌ی من جاران‌و ئێستاش ده‌یكه‌م: به‌رگرییه له جه‌وهه‌ری نوسین، وه‌ك چالاكییه‌ك كه ئیشی سه‌ره‌كی پرسیاركردنو تێڕامان‌و بیركردنه‌وه‌یه، وه‌ك چالاكییه‌ك كه مرۆڤ به كه‌لتورو رۆشنبیریی‌و ماریفه‌تی دونیاوه گرێ ده‌دات، وه‌ك ئیشێك كه ده‌یه‌وێت هه‌م زانیاریی له خوێنه‌ردا بچێنێتو هه‌م توانای خۆشه‌ویستی له ناویدا زیاد بكات... وه‌ك چالاكییه‌ك كه ده‌زانم تاكه رێگه‌ی منه بۆ ئه‌وه‌ی دوربم له دهسهڵاتو تاكه رێگه‌ی منیشه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ومه دوای هه‌مو خه‌یاڵێكی مێگه‌له‌وه، نوسین وه‌ك ئیشێك كه ده‌توانم له رێگه‌یه‌وه پردێكی گه‌وره له‌نێوان خۆم‌و دونیادا دروستبكه‌م... پردێكیش له‌نێوان خوێنه‌رو كه‌لتوره‌كانی تردا رابكێشم... ئه‌وه‌ی كه تۆ به تێگهیشتنو ته‌فسیری خۆت ناوی ده‌نێیت رق، ئه‌و ترسه‌یه كه ده‌بو له هه‌مو خوێنده‌وارێكی ئاسایش‌دا هه‌بایه... ده‌بو هه‌مو خوێنده‌وارێكی ئاسایی بیزانیبایه كه له رۆشنبیریی ئێمه‌دا په‌یوه‌ندیی نێوان نوسین‌و بیركردنه‌وه پچڕاوه‌و ئه‌و چاڵه‌ی له‌نێوان نوسین‌و بیركردنه‌وه‌دا هه‌یه رۆژ به رۆژ گه‌وره ده‌بێت... ئه‌و شانۆیه‌ش كه شوێنی ئه‌و ترازان‌و لێكدابڕانهیه ناو میدیای كوردییه، میدیای كوردی‌و بكه‌ره گهورهكانیو شانۆ سه‌ره‌كییه‌كانی چه‌سپێنه‌ری ئه‌و كهلتورهنو پارێزه‌ری ئه‌و نهریتو قاڵبانهن، كه نوسینیان له بیركردنه‌وه جیاكردوه‌ته‌وه‌و عه‌قڵیان لێ كردوه‌ته ده‌رێ، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه پله‌ی هه‌ستكردن به قه‌یرانه‌كه له نزمترین ئاستدایه‌و خه‌می تێپه‌ڕاندنیشی له ئارادا نییه، بڕێكی زۆر له میدیاكارانی كورد له دۆخێكی نهرجسیدا ده‌ژین، كه جیاوازیی نییه له‌و دۆخه نهرجسییهی سیاسییه‌كان تیا ده‌ژین، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه له‌و ساته‌دا كه ئازادیی ده‌كوژن توشی ئه‌و وه‌همه ده‌بن كه به‌رگریی له ئازادیی ده‌كه‌ن، زانكۆكانی ئێمه‌ش له‌و ساته‌دا كه مه‌عریفه‌ت ده‌كوژن‌و توێكڵه‌كانی ده‌فرۆشن، پێیانوایه مناره‌و مینبه‌ری ده‌نگبه‌رزی زانستن، به‌داخه‌وه میدیای ئێمه‌ش توشی هه‌مان ده‌رد بوه، له جێگه‌یه‌كدا كه بوه‌ته گۆڕستانی تێفكرین‌و نوسین پێیوایه؛ بوه‌ته شانۆی تێفكرین... ئه‌گه‌ر له‌و به‌ینه‌شدا من خهتایهكم هه‌بێت، ئه‌وه‌یه كه باوه‌ڕم به‌م درۆ‌و نمایشانه نه‌كردوه. من قه‌ت له‌و برا رۆشنبیرانهو له‌و هاوڕێیانه تێنه‌گه‌یشتوم، كه به ده‌ست لاوازیی رۆشنبیریی كوردییه‌وه دهناڵێننو كه‌چی ستایشی میدیای كوردی ده‌كه‌ن... میدیای كوردی «به دیوی حیزبی‌و ئازادییه‌وه» هیچ نییه جگه له‌و قاڵب‌و به‌رگه‌ی كه رۆشنبیریی كوردی بچوكی‌و دواكه‌وتنی خۆی تیا دادهڕێژێتو تیا نمایش ده‌كات... ره‌خنه‌گرتن له سیاسهتو رۆشنبیریی كوردی حه‌تمه‌ن به ناو ره‌خنه‌گرتن له میدیادا دهڕواتو ره‌خنه‌گرتن له میدیاش بێ چه‌ندو چون ده‌چێته‌وه سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له رۆشنبیریی‌و سیاسه‌ت.
رۆژنامه: كێن ئه‌وانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن میدیا دابه‌زێنن بۆ جوغزی درۆكردن، ئایا ئامرازه بیستراوو بینراوو خوێندراوه‌كانی ئێمه، ته‌نیا له پێناو فرۆش‌و ویستی وه‌رگر، ئه‌گه‌ر روداو نه‌بێت دروستی ده‌كه‌ن؟ به راستی گه‌ر میدیای ئێمه حه‌قیقه‌ت نه‌بێت دروستیده‌كات؟
به‌ختیار عه‌لی: هه‌مو كێشه‌یه‌ك له دونیادا چه‌ند رویه‌كی هه‌یه، هه‌مو چیرۆكێك زیاد له گێڕانه‌وه‌یه‌كی هه‌یه... میدیا به گشتیی‌و له هه‌مو جیهاندا دیوێكو به‌شێكی گه‌وره‌ی هه‌یه كه له‌سه‌ر خولقاندنی فزول ختوكه‌دانی هه‌سته سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤ ئیشده‌كات، مرۆڤ خۆی بونه‌وه‌رێكی عاشقه هه‌واڵ‌و نوچهیاره، حه‌زی له‌وه‌یه بزانێت ئه‌وانی دی چیانكردوهو چی دهكهنو چۆن ده‌ژین، حه‌زی له بینینی نهێنییه تایبهتییهكانیانه، ده‌یه‌وێت ئه‌وانی دی له ساتی لاوازیاندا ببینێت، میدیاش به‌شێكی وه‌زیفه‌كانی تێركردنی ئه‌و خواسته‌ی مرۆڤه... به‌ڵام پرسیارێك كه دێته پێشێ: چۆن؟ ئایا میدیا ئه‌و كێشانه وهردهگرێتو ده‌یكاته مه‌سه‌له، كه بایه‌خێكی گرنگی بۆ سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگه هه‌یه، یاخود ئه‌و كێشانه‌ی فزولی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان فزولی سێكسی، یان فزولی سیاسیی ده‌وروژێنن؟ ئه‌ی كه كێشه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، به چ زمان‌و تێرمێك له‌سه‌ری ده‌دوێت؟ یاخود له راستیدا ئه‌م میدیایه له‌سه‌ر چی قسه‌ده‌كات‌و له چی بێده‌نگ ده‌بێت؟
كێشه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئێمه چۆن سه‌یری راست‌و درۆ ده‌كه‌ین؟
بۆ نمونه تۆ هه‌واڵێك ده‌خوێنیته‌وه «كچێك له فڵان گه‌ڕه‌ك خۆی سوتان»... ئه‌م هه‌واڵه هه‌واڵێكی راسته، به‌ڵام هه‌واڵێكی كهمو كورته كه له پشتییه‌وه دونیایه‌ك راستیی بێدهنگكراوی تر هه‌یه... میدیا ئه‌و هه‌واڵه‌ی دروست نه‌كردوه، كه ده‌ڵێت كچێك خۆی سوتان، ئه‌وه هه‌واڵێكی دروسته، به‌ڵام میدیا ئه‌و هه‌سته دروستده‌كات كه هه‌واڵه‌كه لای ئێمه دروستی ده‌كات: ئایا دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه ئێمه هه‌ست به چی ده‌كه‌ین؟... به كه‌مته‌رخه‌میی، به بێبایه‌خیی، به به‌رپرسیارێتی، به توڕه‌یی... به چی؟ ئایا دوای ئه‌و هه‌واڵه ئێمه خه‌یاڵمان بۆچی ده‌چێت: بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسیی، یان جنسیی، یان ئابوری؟ چۆن بیر له بكه‌ره شاردراوه‌كانی پشت روداوه‌كه ده‌كه‌ینه‌وه؟ بۆ نمونه ئاخۆ هۆكاری خۆسوتاندنه‌كه باوكی كچه‌كه‌یه، هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌لاكانه، ده‌ستێوه‌ردانی دراوسێكانه، یاخود هه‌ژاریی؟ به كورتی ده‌مه‌وێت پێتبڵێم: هه‌واڵ له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا هه‌واڵێكه ناگات به خوێنه‌ر... واته زۆربه‌ی هه‌واڵه‌كانی ناو میدیای كوردی هه‌واڵی نوقسانن، هه‌واڵن كه نه‌بونه‌ته «چیرۆكی رۆژنامه‌یی». هه‌واڵن میدیا ناتوانێت چیرۆكی پێشینه‌و چیرۆكی پاشینهیمان بۆ بگێڕێته‌وه، به جۆرێك قوربانیی تێیدا نه‌بێته تاوانبار‌و تاوانبار نه‌بێته قوربانیی... بۆ؟ چونكه برای رۆژنامه‌وان وا ده‌زانێت ئیشی ئه‌و له‌ویادا ته‌واو بوه، كه هه‌واڵی خۆسوتاندنهكهمان پێ بگه‌ێنێت، له كاتێكدا ئیشی ئه‌و له‌ویادا ده‌ست پێده‌كات.
نمونه‌یه‌كی دیكه، من تائێستا چه‌ندین جار خوێندومه‌ته‌وه، كه «له به‌ڕێوه‌به‌رێتی فڵان، بڕی ئه‌وه‌نده دۆلار دیارنامێنێت»... به‌س برای ئازیزم حه‌زده‌كه‌م پێم بڵێیت هیچ رۆژنامه‌یه‌ك له دونیادا رێزی خۆی بگرێت، خه‌به‌ری وا به‌م چه‌شنه نوقسانه بڵاو ده‌كاته‌وه؟ بۆ یه‌كێكی وه‌ك من كه ئه‌م هه‌واڵه ده‌خوێنمه‌وه‌و له‌و هه‌واڵه زیاتر هیچم پێناگات‌و هیچ به‌دواداچونێكی جدیی بۆ بابه‌ته‌كه نابینم‌و هیچ چیرۆكێكی راسته‌قینه ناخوێنمه‌وه، كه گوناهبارو بێگوناهـ جیا بكه‌مه‌وه، ده‌شێت بڕێكی زۆری فه‌رمانبه‌ره بێ خه‌تاكانی ئه‌و دائیره‌یه وه‌ك دز ته‌ماشا بكه‌م، لێره‌دا رۆژنامه‌نوسه‌كه درۆی نه‌كردوه، به‌ڵام ئه‌و سهرهنجهی كه جێیدههێڵێیت سه‌ره‌نجێكی كوشنده‌یه... ئه‌و ئیشه‌ی كه ده‌یكات ئیشێكی رۆژنامه‌وانی راسته‌قینه نییه، ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی لێیده‌كه‌وێته‌وه ده‌شێت زۆر بێ ویژدانانه بن، ئه‌و زیانانه‌ی دروستیده‌كات له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌شێت گه‌وره بن، ئه‌و به‌هانانه‌ی ده‌یدات به ده‌سه‌ڵات، حه‌تمه‌ن بۆ رۆژنامه‌كانی تر‌و رۆژنامه‌نوسه‌كانی تر خراپن.
بۆ من گرنگه رۆژنامه‌ی كوردی بفرۆشرێت، مافی رۆژنامه‌یه كه هه‌وڵبدات خوێنه‌ر بۆ خۆی دروستبكات... ئه‌وه‌ی ره‌خنه له‌و ویسته ده‌گرێت كه‌سێكی نه‌خوێنده‌واره، كێشه‌كه ئه‌وه نییه... به‌ڵكو كێشه‌كه له‌وه‌دایه، كه دوای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌ك ده‌خوێنیته‌وه به چ چه‌شنه زانیارییه‌كه‌وه هه‌ڵده‌ستیته سه‌رپێ، به چ جۆره هه‌ستێكه‌وه رۆژنامه‌كه داده‌نێیت، چ جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ك له لات دروستده‌بێت؟!! هه‌مو ئه‌و په‌نده ئینگلیزییهمان بیستوه، كه ده‌ڵێت: «زانیاریی نیوه‌ناچڵ ترسناكه»، ئه‌و قسه‌یه گه‌ر له بواری زانست‌دا جارێك راست بێت، له بواری میدیادا سه‌د جار راسته، ئالێره‌وه چه‌نده خراپه له مۆراڵی سیاسییه‌كان بێده‌نگ بین، ئه‌وه‌نده‌ش ترسناكه له مۆراڵی میدیاكاران بێدهنگبینو لێی نه‌یه‌ینه قسه.