Print
 په‌رله‌مانێكی‌ داخراو به‌ڕوی‌ راگه‌یاندندا
Saturday, January 8, 2011

راپۆرتی‌: سه‌نگه‌ر جه‌مال

پێچه‌وانه‌ی‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ راگه‌یاندن ‌و كاری‌ په‌رله‌مانتاری‌، په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌رگا به‌ڕوی‌ رۆژنامه‌نوسان ‌و كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندندا داده‌خات ‌و وه‌ك به‌شێكی‌ په‌رله‌مانتاران باسی‌ ده‌كه‌ن، ئازادییه‌كان به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ په‌رله‌مانتارانی‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان، كۆكن له‌ گرنگی‌ رۆڵی‌ راگه‌یاندن ‌و به‌پێویستی‌ ده‌زانن كه‌ په‌رله‌مان زیاتر به‌ روی‌ راگه‌یاندندا بكرێته‌وه‌. 

په‌یوه‌ندیی‌ راگه‌یاندن ‌و په‌رله‌مان
گرنگترین ئه‌ركی‌ راگه‌یاندن به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان، دروستكردنی‌ پردی‌ په‌یوه‌ندیی‌ ‌و گواستنه‌وه‌ی‌ كار و چالاكییه‌كانی‌ په‌رله‌مانتاران ‌و میلـله‌ته‌، به‌و پێیه‌ی‌ په‌رله‌مان جیاواز له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن، نوێنه‌ره‌كانی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ میلـله‌تن ‌و پێویسته‌ به‌رده‌وام ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ره‌كان ئاگاداری‌ كار و چالاكی‌ ‌و داواكارییه‌كانی‌ یه‌كتربن، به‌ڵام وه‌ك تێبینی‌ ده‌كرێت، ئاسته‌نگه‌كان به‌شێوه‌یه‌كن كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ وه‌ك پێویست نییه‌.

عه‌دنان عوسمان، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان، ئاماژه‌ به‌ گرنگیی‌ رۆڵی‌ راگه‌یاندن ده‌كات ‌و له‌وبڕوایه‌دایه‌ كه‌ دیوێكی‌ دیكه‌ی‌ كاری‌ په‌رله‌مانتاره‌، به‌وپێیه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ خه‌ڵك ده‌كات ‌و به‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك هاتوه‌ته‌ په‌رله‌مان، «پێویسته‌ خه‌ڵك ‌و ده‌نگده‌ر ئاگاداری‌ كار و چالاكییه‌كانی‌ په‌رله‌مانتار بن، هه‌روه‌ها مافی‌ په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ ئه‌و كارانه‌ی‌ ده‌یانكات، بیانگه‌یه‌نێته‌ ده‌نگده‌ره‌كانی‌، بۆیه‌ له‌ زۆرێك له‌ وڵاتاندا زۆربه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ په‌رله‌مان ‌و كۆبونه‌وه‌ی‌ لیژنه‌كانیش په‌خش ده‌كرێن، چونكه‌ كاره‌كانیان په‌یوه‌ستن به‌ ژیانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ‌و هه‌روه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌رله‌مانتار چه‌ند به‌وه‌فایه‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌رانی‌ ‌و به‌رنامه‌ ‌و ئه‌جێندا سیاسییه‌كه‌ی‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام تیشكی‌ راگه‌یاندن له‌سه‌ر په‌رله‌مان ‌و په‌رله‌مانتاران بێت.

ئاسۆ كه‌ریم، وته‌بێژی‌ لیستی‌ كوردستانیی‌ ‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ رۆشنبیریی‌ ‌و راگه‌یاندن له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌وبڕوایه‌دایه‌ كه‌ راگه‌یاندن رۆڵێكی‌ گرنگی‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مان ‌و ده‌كرێت له‌ڕێیوه‌ رای‌ گشتیی‌ له‌ وتوێژه‌كانی‌ ‌و یاساكانی‌ په‌رله‌مان ‌و بیرو بۆچونی‌ په‌رله‌مانتاران ‌و فراكسیۆنه‌كان ئاگاداربكرێنه‌وه‌، «ئه‌وه‌ مافی‌ خه‌ڵكیشه‌ كه‌ بزانێت، له‌ ده‌زگای‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ چی‌ ده‌گوزه‌رێت.  

له‌باره‌ی‌ نیگه‌رانییه‌كانه‌وه‌ له‌نێوان په‌رله‌مان ‌و كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن ‌و میدیاشدا، ئاسۆ كه‌ریم وتی‌: ئێستا شوێنێك بۆ راگه‌یاندنكاران ده‌ستنیشانكراوه‌ ‌و هه‌ر كه‌ناڵێكی‌ میدیا بیه‌وێت دانیشتنه‌كان وه‌ربگرێت ‌و په‌خشی‌ بكات، به‌ڵام ره‌نگه‌ كه‌ناڵه‌كان ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌یان نه‌بێت، بۆیه‌ په‌رله‌مان ده‌بێت هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ بدات كه‌ كه‌ناڵێكی‌ خۆی‌ هه‌بێت ‌و په‌خشی‌ راسته‌وخۆی‌ دانیشتنه‌كان بكات، ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئاگادارم، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت.

په‌رله‌مان ‌و رێگریی‌ له‌ رۆژنامه‌نوسان
هه‌رچه‌نده‌ له‌ خولی‌ رابردودا بوارێك به‌ راگه‌یاندنكاران درابو، به‌ڵام دروستكردنی‌ جۆرێك له‌ فه‌وزا به‌هۆی‌ بچوكی‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، بوه‌ پاساوێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ رێگریی‌ له‌ میدیاكاران بكرێت كه‌ بچنه‌ هۆڵی‌ په‌رله‌مان ‌و ئاماده‌ی‌ دانیشتنه‌كان بن، له‌ ئێستاشدا ژورێك بۆ رۆژنامه‌نوسان ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ روماڵی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ژوره‌ به‌ شیاو دانانرێت ‌و پێویستییه‌كانی‌ رۆژنامه‌نوسان پڕناكاته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ بتوانن سه‌رجه‌م زانیاریی‌ ‌و دۆكیۆمێنته‌كانیان ده‌ستبكه‌وێت ‌و دیدار و گفتوگۆ بكه‌ن.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ گۆڕان، له‌وڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌ په‌رله‌مانی‌ كورستاندا، هێشتا تێگه‌یشتنێك بۆ ئه‌رك ‌و وه‌زیفه‌ی‌ راگه‌یاندن نییه‌، له‌م خوله‌دا هه‌مو ئازادییه‌كان له‌ رۆژنامه‌نوس گیراون ‌و راگه‌یه‌ندنكاران بێبه‌ری كران له‌ روماڵكردنی‌ راسته‌وخۆی‌ كۆبونه‌وه‌كانه‌وه‌ به‌بیانوی‌ ساده‌ كه‌ ده‌كرا له‌ دو هه‌فته‌دا چاره‌سه‌ر بكرێت ‌و به‌شێوازی‌ ته‌كنیكی‌ نوێ‌ دانیشتنه‌كان بگوازرانایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نیه‌تێك نه‌بو بۆ ئه‌وه‌.

ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ له‌كاتێكدان كه‌ له‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌ماندا، ماده‌ و بڕگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ راگه‌یاندن نییه‌ ‌و ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ ماده‌ی‌ (53)دا له‌ بڕگه‌ی‌ (2)دا هاتوه‌، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ بواری‌ راگه‌یاندندا كارده‌كه‌ن، مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئاماده‌ی‌ دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌ن بن به‌ ئاگاداری‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ‌و به‌ مۆڵه‌تدان له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌.  

له‌وڕوه‌وه‌، عه‌دنان ده‌ڵێت: «ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ (1992)دا دانراوه‌، كاتێك بوه‌ كه‌مترین راگه‌یاندن هه‌بوه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌ناڵه‌كان زۆرن ‌و ده‌بێت مافی‌ چه‌سپێنراو له‌باره‌ی‌ شوێن ‌و زانیاریی‌ ‌و ئاسانكاریی‌ بۆ رۆژنامه‌نوسان هه‌بێت، چونكه‌ په‌رله‌مانتار و راگه‌یاندن دو دیوی‌ یه‌ك دراون، ئاسانكارییه‌كان له‌ ئازادكردن بۆ سه‌ردانیكردنی‌ په‌رله‌مان ‌و به‌شه‌كان ‌و گفتوگۆكردن ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ شه‌فافییه‌ت ‌و نزیكبونی‌ په‌رله‌مان له‌ خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌ربه‌ست دروستده‌كرێت ‌و تا دێت په‌رله‌مان له‌ راگه‌یاندن دورتر ده‌كه‌وێته‌وه‌».

كه‌موكوڕییه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان
په‌رله‌مان، خاوه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی‌ راگه‌یاندنه‌ كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانه‌ و له‌ ئێستادا ته‌نیا سایتێكی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ هه‌یه‌، به‌ بڕوای‌ به‌شێكی‌ رۆژنامه‌نوسان ‌و ئۆپۆزسیۆن، ئه‌و راگه‌یاندنه‌ بێلایه‌ن نییه‌ و له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م لیست ‌و فراكسیۆنه‌كان بێت، لایه‌نداریی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان ده‌كات.

هه‌روه‌ك ئازادكردنی‌ رۆژنامه‌نوس له‌ناو ته‌لاری‌ په‌رله‌مان، به‌ داواكردنی‌ دۆكیومێنته‌كان ‌و دانیشتن ‌و سه‌ردانی‌ ژور و وه‌رگرتنی‌ هه‌مو ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌درێته‌ په‌رله‌مانتاران، جگه‌ له‌وه‌ش كراوه‌بونی‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان به‌ روی‌ سه‌رجه‌م لیسته‌كان به‌ پێویست ده‌زانێت ‌و ده‌ڵێت: تا ئێستا راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان، نوێنه‌رایه‌تیی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان ده‌كات ‌و له‌ له‌ ساته‌وه‌ختی‌ جیاوازدا وه‌ك ده‌زگاكانی‌ تری‌ په‌رله‌مان نیو به‌نیو له‌نێوان دو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداردا دابه‌شكراوه‌، كاتێك ئۆپۆزسیۆنی‌ تێدا نه‌بوه‌ و ئێستا چه‌ند فراكسیۆنێكی‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌.  

تاریق جه‌وهه‌ر سارمه‌می‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان، پێیوایه‌: له‌ خولی‌ دوه‌مه‌وه‌ راگه‌یاندن پێشكه‌وتنی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌، وه‌ك دانانی‌ سایتی‌ په‌رله‌مان ‌و زیادكردنی‌ كارمه‌نده‌كانی‌ ‌و بۆ (رۆژنامه‌) وتی‌: چالاكییه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ‌و سه‌رجه‌م لیژنه‌كان روماڵ‌ ده‌كه‌ین ‌و هه‌واڵ‌ ‌و راپۆرت ‌و به‌دواداچونیان له‌سه‌ر ئاماده‌ ده‌كه‌ین.

هه‌رچه‌نده‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ لایه‌نگریی‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان، یان لیستی‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن ‌و ده‌ڵێت: به‌پیشه‌یی‌ كار ده‌كه‌ین ‌و نامانه‌وێت ببینه‌ به‌شێك له‌ ململانێنی‌ نێوان فراكسیۆنه‌كان ‌و ئه‌جێندا ‌و سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كان، چونكه‌ ئه‌وان راگه‌یاندن ‌و كه‌ناڵی‌ خۆیان هه‌یه‌، ئێمه‌ تێكست ‌و وێنه‌ و ڤیدیۆ بۆ راگه‌یاندنی‌ ئه‌و حیزبانه‌ ده‌نێرین كه‌ فراكسیۆنیان له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام نایشارێته‌وه‌ گرنگی‌ به‌ كاره‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن ‌و بۆ ئه‌وه‌شی‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تاكه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ ناو په‌رله‌مانن كه‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تین، وتیشی‌: ئێمه‌ بۆ لایه‌نێكی‌ سیاسیی‌ كارناكه‌ین، بۆ په‌رله‌مان كارده‌كه‌ین، وه‌ك لیژنه‌كان ‌و سه‌رۆكایه‌تیش هه‌قی‌ خۆیانه‌ روماڵی‌ چالاكییه‌كانیان بكه‌ین، چونكه‌ راگه‌یاندن سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانه‌.

وته‌بێژی‌ فراكسیۆنی‌ كوردستانیی‌، له‌باره‌ی‌ رای‌ ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان، وتی‌: ئۆپۆزسیۆن، ئازادن چ بۆچونێكیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ده‌كرێت كاراتر و چالاكتر بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌مو لایه‌ك لێی‌ رازی‌ بن.

چۆن راگه‌یاندن پێشبخرێت؟
سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆكن له‌وه‌ی‌ كه‌ چاكسازیی‌ له‌ راگه‌یاندنی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ راگه‌یاندن بكرێت ‌و به‌ره‌و پێش ببرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م په‌رله‌مان بێت ‌و بڵاوكراوه‌ و رادیۆ و كه‌ناڵی‌ خۆی‌ هه‌بێت. 

ئاسۆ كه‌ریم، پێی‌ باشه‌، زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر سایتی‌ په‌رله‌مان هه‌بن، وه‌ك سه‌رجه‌م پرۆژه‌یاساكان كه‌ به‌داخه‌وه‌، تا ئێستا نین، پێویستیشه‌ تا كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ ده‌بێت، وتوێژه‌كان له‌سه‌ر سایته‌كه‌ دابنرێن، هه‌روه‌ها ده‌كرێت شتی‌ تر بكرێت ‌و به‌یاننامه‌ و هه‌رشتێك له‌لایه‌ن هه‌رفراكسیۆنێكه‌وه‌ ده‌رده‌كرێت، له‌سه‌ر سایته‌كه‌ دابنرێت ‌و به‌ روی‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان كراوه‌بێت. وتیشی‌: په‌رله‌مان، چه‌ند كراوه‌ بێت به‌ روی‌ راگه‌یاندندا، هێنده‌ به‌سودتر ده‌بێت ‌و كراوه‌ش بێت، چونكه‌ ده‌زگایه‌كی‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنه‌.

سارمه‌میش، ئاماژه‌ به‌ پێویستی‌ گه‌شه‌دان به‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان ده‌كات ‌و رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ خولی‌ رابردودا، پرۆژه‌یه‌كیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشكه‌ش كردوه‌ و وتی‌: «له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌، رادیۆ ‌و بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ هه‌فتانه‌مان هه‌بێت، جگه‌ له‌ كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌، به‌ڵام ده‌بێت ئالیه‌تی‌ كاركردنی‌ ئه‌وانه‌ رێكبخرێت.

هه‌روه‌ك عه‌دنان عوسمان پێشنیازی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ هه‌بێت ‌و كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنی‌ هه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك كادیره‌كانی‌ به‌ لیژنه‌ی‌ په‌رله‌مانتاری‌ له‌سه‌ر لێهاتویی‌ بێت، نه‌ك كادیرانی‌ حیزبی‌ ده‌سه‌ڵات، كاركردنیان بێلایه‌نانه‌ بێت ‌و كار بۆ په‌رله‌مان بكه‌ن به‌گشتیی‌.

ئه‌و، به‌ پێویستیشی‌ ده‌زانێت: وه‌ك سه‌رۆكایه‌ت ‌و داموده‌زگاكانی‌ تری‌ په‌رله‌مان، رۆڵی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ راگه‌یاندنی په‌رله‌مان هه‌بێت، نه‌ك وه‌ك ئێستا كه‌ ئه‌و سایته‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ تا راده‌یه‌ك لاواز ‌و ته‌شریفاتییه‌ و كاری‌ ئۆپۆزسیۆن روماڵ‌ ناكات، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ندێكجار راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان لایه‌نگیریی‌ ده‌كات ‌و وه‌ڵامی‌ فراكسیۆنه‌كان ده‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كارێكی‌ سه‌یره‌ ‌و جۆرێكه‌ له‌ سه‌نگه‌رگرتن.

Sbeiy.com © 2007