Print
 ره‌خنه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و وه‌ڵامه‌كانی حیزب
Saturday, February 2, 2008


راپۆرت: دیه‌ فازل 

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان لیژنه‌یه‌كی‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌كان پێكهێناوه‌ و ماوه‌یه‌كیشه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ (كوردستانی‌ نوێ‌) وه‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ كۆمه‌ڵێك نووسین بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ له‌ وه‌ڵامی‌ ره‌خنه‌ و وتاری‌ رۆژنامه‌كاندا به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌كانی‌ هاوڵاتی‌‌و ئاوێنه‌و رۆژنامه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش له‌لایه‌ن رۆژنامه‌كان‌و رۆژنامه‌نووسانی‌ سه‌ربه‌خۆوه‌ به‌ سانسۆر خستنه‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان لێكده‌درێته‌وه‌و پێیانوایه‌ مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت له‌ داهاتوودا ببێته‌ هه‌ڵمه‌تێكی ده‌مكوتكردنی‌ یه‌كجاره‌كیی‌. 

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری‌ دانانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌  تایبه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار، وته‌بێژی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ وت: "كاتێك هه‌ست بكه‌ین هه‌ر كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندن (رۆژنامه‌ یان سایت) "زانیاری‌‌و ره‌خنه‌ی‌ نادروست" بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ یان نووسینه‌كانیان ئاراسته‌كراون، وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌"، وتیشی‌: "ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ سه‌ره‌تاییه‌و به‌نیازین فراوانتری‌ بكه‌ین بۆ ده‌رخستنی‌ راستییه‌كان". 

رۆژنامه‌نووسانی‌ ئازاد، هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی‌ یه‌كێتی‌‌و دانانی‌ لیژنه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان به‌ هه‌وڵێك بۆ "سانسۆر" خستنه‌ سه‌ر ئازادی‌ راده‌ربڕین‌و نانه‌وه‌ی‌ "دووبه‌ره‌كی‌" له‌نێوان رۆژنامه‌نووساندا لێكده‌ده‌نه‌وه‌.
ئاسۆس هه‌ردی‌، سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ كاردانه‌وه‌و كارلێكردنی‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌‌و رۆژنامه‌كان بێت، ئه‌وا حاڵه‌تێكی‌ ته‌ندروسته‌و قبوڵه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ئاراسته‌ی‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن‌و سه‌نگه‌رگرتن بێت له‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌وا كارێكی‌ نه‌شیاوه‌و به‌ زه‌ره‌ری‌ ئه‌و حیزبه‌ش ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ رای‌ ئازاد لای‌ خه‌ڵكی‌ خۆشه‌ویست ده‌كات.

به‌شێك له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌وبڕوایه‌دان نه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌ڕه‌كانی‌ رۆژنامه‌ به‌ڵكو هیچ جۆره‌ هه‌ڵوێستێكی‌ حیزب ناتوانێت رۆژنامه‌نووسی‌ ئازاد بێده‌نگ بكات، سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان له‌ ئاستێكی‌ هێنده‌ باڵادایه‌ به‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كۆنترۆڵ‌ ناكرێت، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ یه‌كێتی‌ یان هه‌ر حیزبێكی‌ دیكه‌ نه‌شیاوه‌‌و فشارێكی‌ ناڕه‌وایه‌ له‌سه‌ر ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان. 

هه‌رچه‌نده‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ له‌ دژی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ستیپێكراوه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ رێكخراوو ئاراسته‌كراوه‌‌و یه‌كێتیش وه‌ك مێژوو و وه‌ك حیزبێكی‌ خاوه‌ن هێزو ده‌سه‌ڵاتیش مافی‌ خۆیه‌تی‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، به‌شێك له‌ رۆژنامه‌نووسان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ له‌ رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆكاندا كارده‌كه‌ن، دژی‌ ئه‌وه‌ن كه‌ ده‌ستێكی‌ هانده‌ر له‌ پشت رۆژنامه‌‌و رۆژنامه‌نووسه‌كانه‌وه‌ بێت كاتێك باس له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌لایه‌نی‌ په‌رۆشیانه‌وه‌یه‌ بۆ گه‌ل‌و هه‌رێمه‌كه‌یان كاتێك داوای‌ شه‌فافیه‌ت ده‌كه‌ن‌و په‌رده‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ حیزب‌و حكومه‌ت لاده‌ده‌ن‌و ده‌یانه‌وێت برینه‌كان زوو چاره‌سه‌ر بكرێن. 

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، عه‌بد عارف، سه‌رنووسه‌ری‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ باسی‌ له‌وه‌كرد، وه‌رگرتنی‌ هه‌ڵوێست‌و دانانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ له‌وجۆره‌، شێوازێكی‌ نوێی سانسۆره‌، حیزب ده‌یخاته‌ سه‌ر بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌، سه‌رنووسه‌ری‌ هاوڵاتی‌ ئه‌وه‌شی‌ بۆ رۆژنامه‌ ته‌ئكیدكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و رۆژنامانه‌ی‌ باس له‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كه‌ن له‌ سه‌نگه‌ری‌ دوژمنكارانه‌دا نین به‌رامبه‌ر به‌ حیزب، به‌ڵكو "له‌ حیزب‌و حكومه‌ت زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی‌ وڵات‌و خه‌ڵكیان به‌لاوه‌ گرنگه‌، بۆیه‌ پێویست ناكات سه‌نگه‌ریان لێبگیرێت".  

به‌ وته‌ی‌ شێركۆ مه‌نگوإی‌، دانانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ راگه‌یاندنی‌ یه‌كێتی‌ زۆر فراوانه‌‌و ده‌بێت كاری‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆژنامه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ی‌ دیكه‌ رێكبخرێن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناحه‌قییانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ حیزب‌و حكومه‌ت ده‌كرێن‌و لیژنه‌كه‌ش نووسه‌ری‌ تایبه‌تی‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ تایبه‌ت دیاری‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام یه‌كێتی‌ پێی‌ وایه‌ كه‌ "شاڵاوێكی‌ هێرشی‌ راگه‌یاندنی‌ ناڕه‌وا ده‌كرێته‌ سه‌ر یه‌كێتی‌‌و ئه‌ندامه‌كانی‌‌و پێویسته‌ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌"، به‌ڵام ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین له‌وبڕوایه‌دایه‌ كه‌  یه‌كێتی‌ ترسی‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن كاریگه‌رییان هه‌بێت‌و ئاڕاسته‌ی‌ بیری‌ خه‌ڵك بگۆڕن تا چیتر گه‌نده‌ڵییه‌كان قبوڵ‌ نه‌كه‌ن، چونكه‌ "حیزبه‌كان باش ده‌زانن كه‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌ستپاكن‌و دوورن له‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان 17 ساڵه‌ ده‌یكه‌ن‌و سه‌روه‌تی‌ خه‌ڵك به‌هه‌ده‌ر ده‌به‌ن‌و كه‌سیش نییه‌ لێیان بپرسێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ڵوێستێكی‌ له‌م جۆره‌ وه‌رده‌گرن".

هه‌ر له‌نێو خودی‌ رۆژنامه‌نووساندا بۆچوونی‌ جیاواز هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ رۆژنامه‌ حیزبییه‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌، شوان داودی‌، سه‌رنووسه‌ری‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هه‌واڵ‌ ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ی‌ به‌ پێویست زانی‌، چونكه‌ به‌ بۆچوونی‌ شوان یه‌كێك له‌ هۆكاری‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ له‌نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵات‌و رۆژنامه‌كان دروستبووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك بۆچوونی‌ خۆی‌ ده‌وت‌و كه‌س وه‌ڵامی‌ نه‌ده‌دایه‌وه‌، دروستبوونی‌ ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ حاڵه‌تێكی‌ زۆر باشه‌، چونكه‌ گفتوگۆ دروستده‌كات. 

به‌ڵام سه‌رنووسه‌ری‌ هه‌واڵ‌ نیگه‌رانی‌ خۆیشی‌ نه‌شارده‌وه‌ له‌ شێوازی‌ هه‌ندێك له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كان، "زۆركات وه‌ڵامدانه‌وه‌كان جۆرێك له‌ غروریان تێدایه‌ كاتێك ده‌وترێت به‌ناو رۆژنامه‌نووس یان به‌ناو نووسه‌ر، پێویسته‌ زبریی‌ تێدا نه‌بێت". 

هه‌رچه‌نده‌ شێركۆ مه‌نگوڕی‌، جێگری‌ سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌، ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌كان كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ (كوردستانی‌ نوێ‌) وه‌ ده‌درێته‌وه‌ سه‌نگه‌رگرتن بێت به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌كان، وته‌بێژی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ رۆژنامه‌كان ده‌نووسن، رای‌ خۆیانه‌ كه‌سانێكی‌ دیارن، به‌ڵام زۆر كه‌سیش هه‌ن كه‌ ئاراسته‌ كراون‌و مه‌به‌ست‌و هانده‌ریان هه‌یه‌، بۆیه‌ رێگه‌ناده‌ین خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكه‌ن‌و وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه‌. 

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ یه‌كێتیش به‌ توندی‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌ چاوی‌ گومان‌و رۆحیه‌تی‌ "پیلانگێڕانه‌وه‌" ته‌ماشایان بكرێت، سه‌رنووسه‌ری‌ ئاوێنه‌ وتی‌: "ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌‌و سانسۆر خستنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان ده‌ستی‌ پێكردووه‌، مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ ده‌مكوتكردنی‌ یه‌كجاره‌كیی‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان په‌یإه‌و بكرێت كه‌ ئه‌مه‌یان زۆر ترسناكه‌و هیوادارم نه‌گه‌ینه‌ ئه‌و رۆژه‌"، سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ش داوای‌ كرد كه‌ له‌جیاتی‌ ده‌مكوتكردن باشتر وایه‌ حیزب په‌نا بۆ دیالۆگ‌و له‌یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ به‌رێت له‌گه‌ڵ‌ رۆژنامه‌نووسان.  

دیاریكردنی‌ وته‌بێژێك بۆ یه‌كێتی، به‌ هه‌نگاوێكی‌ دیكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبه‌وه‌ بۆ سانسۆر خستنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان لێكده‌درێته‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ تارق فاتیح، خاوه‌نی‌ ئیمتیازی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ دانانی‌ ئه‌و وته‌بێژه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌موو شتێك بگه‌إێینه‌وه‌ بۆلای‌ وته‌بێژێك كه‌ به‌ده‌گمه‌ن وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ رۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌كان زانیارییان ده‌ستنه‌كه‌وێت، دواتر ده‌كه‌ویته‌ هه‌ڵه‌وه‌و یه‌كسه‌ر لیژنه‌یه‌كیش ئاماده‌كراوه‌و وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌، له‌مه‌شدا ته‌نها زه‌ره‌رمه‌ند خه‌ڵك‌و خوێنه‌ر ده‌بێت كه‌ راستییه‌كانی‌ لێ ون ده‌بێت.

له‌كاتێكدا هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ حیزبییه‌كان داكۆكی‌ له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بۆ رۆژنامه‌كان كارێكی‌ پێویسته‌و هه‌وڵێكه‌ بۆ دروستكردنی‌ گفتوگۆو روونكردنه‌وه‌ی‌ راستییه‌كان، به‌ڵام زمانی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ زۆر زبره‌، جێگری‌ سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ سه‌ره‌ڕای‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر زبریی‌ زمانی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كان وتی‌: "ناهه‌قییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن كه‌ پێویست بكات زمانی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ زبربێت".

یه‌كێتی‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت‌و وه‌ڵامی‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌داته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا رۆژنامه‌نووسان ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان زه‌ره‌رمه‌ند نابن له‌وه‌رگرتنی‌ ئه‌وجۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌، به‌ڵكو حیزب زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م ده‌بێت‌و خه‌ڵك متمانه‌ی‌ پێیان نامێنێت پێشیانوایه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ یه‌كێتی‌ بإیارێكی‌ حكومی‌‌و حیزبییه‌ بۆ به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستاندا.

 

Sbeiy.com © 2007