Print
 حیزب وەك ئافاتێكی گەورە بۆ میللەت
Tuesday, March 15, 2011

ئاماده‌کردنی: عه‌لی حه‌مه‌ساڵح
(60%)ی بودجە چوه‌تە خزمەتی یەكێتی و پارتی و (6%)ی بۆ پرۆژە خەرجكراوە
بودجەی كوردستان، موڵكی هەمو هاوڵاتییانی كوردستانە، بودجەی كوردستان بە بەراورد بە وڵاتگەلێكی وەك سوریا و ئوردن، بودجەیەكی زۆر گەورەیە و دەتوانین لە رێگایەوە هەرێمی كوردستان ببوژێنینەوە، بەڵام كاتێك بەشی هەرەزۆری بودجە دەخرێتە خزمەتی حیزبەوە و پلانێكیش نییە بۆ خەرجكردنی ئەو بەشە كەمەی كە دەمێنێتەوە، ئەو دۆخەی ئێستا دروست دەبێت كە كوردستانی بەرەو هەڵدێر بردوە.

ئەم نوسینە هەوڵدانێكە بۆ ئەوەی كە بەپشتبەستن بە زانیاریی دروست و بەڵگەنامەكان، وەڵامی بەشێكی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە بۆ لە كوردستاندا هاوڵاتییان ناتوانن سود لە بودجەی گشتی ببینن.

هەشت رێگا بۆ بردنی پارەی میللەت
جگە لە داگیركردنی ئەو دەیان دۆنم زەوییەی كە ئەگەر ئێستا بەنرخی رۆژ ساغ بكرێتەوە، بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، پارەیەكی زۆری لە بودجەی گشتی بۆ حیزب برابێت، جگە لە داهاتی نەوت و داهاتەكانی دیكە، حیزب لە بودجەشدا دەستی خستوەتە بینەقاقای میللەت، رەنگە لەماوەی رابردو تەنیا باسی ئەوە كرابێت كە یەكێتی و پارتی مانگانەیەكی زۆر بۆ خۆیان دەبەن، بەڵام ئەو رێگایانەی دیكە كە یەكێتی و پارتی لە رێگایەوە پارەی گشتی دەبەن، زۆر زیاترە لەئەو پارانەی كە مانگانە وەك بودجەیەك دەدرێتە یەكێتی و پارتی، یەكێتی و پارتی لە كوردستاندا چەندین رێگای جیاواز بودجەی گشتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارهێناوە.

خانەنشینی حیزب: بێمانییەكی گەورە
لە كوردستاندا داهێنانی زۆر گەورە لە بواری گەندەڵی بردنی سەرمایەی میللەتدا كراوە، ژمارەیەك زۆری بەرپرسو كادیری حیزبیی یەكێتی و پارتی، خانەنشین كراون كە لە ئەندامانی سەركردایەتییەوە دەستپێدەكات كە بەپلەی وەزیر خانەنشینكراوە تاوەكو هاوڵاتییەكی ئاسایی، بۆ نمونە لە ساڵی 2009دا (726) ملیار و (962) ملیۆن دینار بۆ موچە و موكافەئەی خانەنشینان خەرجكراوە و بەشێكی زۆری ئەم پارەیەش بۆ كادیرەكانی حیزب بوە، لەو پارەیە (43) هەزار كەس كە لە رێگای مەڵبەندەكانی یەكێتییەوە خانەنشینكراون، (12) ملیار (900) ملیۆن دیناریان وەرگرتوە، ئەمانە تەنیا رۆژێكیش خزمەتیان نەبوە وەك كارمەندی حكومەت، لە حكومەتێكی سێ شاریدا و بۆ حكومەتێكی (5) كابینەیی، (965) وەزیری خانەنشینكراو هەیە كە مانگانەی هەر یەكەیان (4) ملیۆنو (500) هەزار دینارە و لە ساڵێكدا (52) ملیار و (110) ملیۆن دینارییان بۆ خەرج دەكرێتو بەشێك لەمانەش تائێستا بۆ تەنیا چركەیەكیش وەك وەزیری دەوامیان نەكردوە و بە پلەی وەزیری خانەنشین كراون، بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار: «نزیكەی (3) هەزار كەس بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار خانەنشینكراون و كەسیان تەنیا بۆ ساتێكیش فەرمانبەری حكومەت نەبون، كە مانگانەی هیچكام لەمانەش كەمتر نییە لە ملیۆنێك و (200) هەزار دینار»، ئەمە جگە لەوەی كە چەندین كەسی دیكە بە پلەی بەڕێوەبەری بەش خانەنشین كراون.

لە كوێی دونیادا هەیە، مانگانە بە ملیۆنان دۆلار بە كەسانێك بدرێت بەناوی خانەنشینی، بەڵام ئەمانە فەرمانبەری حكومەت نەبنو ساتێك وەك فەرمانبەر خزمەتیان نەكردبێت.

كادیری حیزبیی وەك فەرمانبەر
حیزبی كوردستان، داهێنەرە، داهێنەرێكی مەزن، داهێنەرێك هەمیشە سەرقاڵی تۆماركردنی داهێنانی نوێیە، حیزبی كوردی بەتوانایە لە دۆزینەوەدا، حیزبی كوردی كە مەبەستمان پارتی و یەكێتییە، ئەوەندە بەتوانایە، ساڵ نییە ژمارەیەكی نوێی پێوانەیی تۆمار نەكات، بەڵام داهێنان و تۆماركردنی ژمارە پێوانەییەكانیان لە بری شانازیی پێوەكردن، مایەی شەرمەزارییە، چونكە داهێنان و ژمارە پێوانەییەكانیان لە گەندەڵیدایە، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتەكەی موبارەكو بن عەلی ئاوا بو، لەبەرئەوەی دەسەڵاتەكەی موعەمەر قەزافیش لە لێواری مەرگدایە، ئەگەری ئەوە هەیە سەرجەم ژمارە پێوانەییەكانی گەندەڵی لە ئێستا بەدواوە بەناوی یەكێتی و پارتییەوە تۆماربكرێن.

یەكێكی دیكە لەو رێگایانەی كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی دەبات، كادیرە حیزبییەكانیانە، بەشی هەرەزۆری كادیرە حیزبییەكانی یەكێتی و پارتی فەرمانبەری وەزارەتی دارایین بەبێ ئەوەی تەنیا رۆژێكیش وەك فەرمانبەر دەوامیان كردبێت، ئەم كادیرە حیزبییانە مانگانە لە بەڕێوەبەرایەتی رێكخراوەكانی ناو وەزارەتی داراییەوە، موچەیان دەدرێتی لە بارەگا حیزبییەكانیان، ئەو كادیرە حیزبییانەش كە بەبێ دەوامكردن موچەخۆری حكومەتن و موچەكەشیان موچەیەكی شیاوە، بۆ نمونە ئەندام مەڵبەند فەرمانبەرە بەپلەی بەڕێوەبەری تەنفیزیی، كارگێڕ مەڵبەند و ئەندام مەكتەب هەیە بەپلەی راوێژكار موچە وەردەگرێتو لەتەنیشت ئەو موچەیەشدا وەریدەگرێت واژوی راوێژكار دەكات، نەك كارگێڕ مەڵبەند، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ساڵانە لە بودجەی گشتی، بودجەیەكی زۆر بۆ وەزارەتی دارایی تەرخان بكرێت، بۆ نمونە پار ساڵ، (559) ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی تەرخانكرا، كە زۆربەی بۆ موچەی كادیرانی حیزبی بوە.

پار ساڵ، وەزارەتی دارایی (37) هەزار و (788) فەرمانبەری هەبوە، كە بەشی هەرە زۆریان ئەو كادیرە حیزبییانەن كە هەرگیز وەك فەرمانبەرێكی حكومەت دەوام ناكەن، لە ساڵێكدا (559) ملیار دینار موچەیانە، كە دهکاته (469) ملیۆن دۆلار، ئەگەر رێژەیەكی گشتیش وەربگرین، هەر فەمانبەرێكی سەر بەم وەزارەتە لە ساڵێكدا، (12) هەزارو (429) دۆلار وەردەگرێت، لەكاتێكدا ئەگەر رێژەیەكی گشتی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە وەربگرین، (6) هەزارو (421) دۆلارە، چونكە (143) هەزار و (314) فەرمانبەری هەیە و موچەی ساڵێكی هەموشیان ترلیۆنێك و (141) ملیار دینارە، بەپێی ئەم شیكردنەوەیەی سەرەوەش، لە رێژە گشتیەكەیدا موچەی هەر فەرمانبەرێكی وەزارەتی دارایی دو ئەوەندەی موچەی فەرمانبەرێكی وەزارەتی پەروەردەیە، ئەگەر موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی بەراورد بكەین بە موچەی كارمەندو پێشمەرگەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، سێ ئەوەندە دەكات، چونكە حكومەت بۆ پار ساڵ، (596) ملیار دیناری تەرخانكردوە بۆ (122) هەزار و (471) موچەخۆری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگەر رێژەیەكی گشتی وەربگرین، ساڵانەی هەر موچەخۆرێك (4) هەزارو (65) دۆلارە، لەكاتێكدا رێژەی تێكڕایی بۆ موچەخۆرێكی وەزارەتی دارایی، (12) هەزارو (429) دۆلارە.

لێرەدا پرسیارەكە ئەوه‌یە، بۆچی موچەی كارمەندانی وەزارەتی دارایی دو ئەوەندەی كارمەندانی وەزارەتی پەرەوەردەو سێ ئەوەندەی پێشمەرگە دەبێت؟ وەڵامەكەی بۆ باڵادەستی حیزب دەگەڕێتەوە، چونكە بەشێكی زۆر ئەو موچەخۆرانەی وەزارەتی دارایی، كادیری حیزبین و ئێستا دەیان كەس كە بڕوانامەیان نییە و كادیری حزبین موچەی راوێژكار وەردەگرن، بەسەدان كادیری حیزبیش، موچەی بەڕێوەبەر وەردەگرن.

بینا بۆ بارەگاكانیان
یەكێتی و پارتی، تەنیا بەوەوە نەوەستاون كە مانگانە بودجەیەكی شیاو بۆ حیزبەكانیان ببەن، یەكێتی و پارتی بەوەوە نەوەستاون كە كادیرە حیزبی و بەرپرسە حیزبییەكانیان بكەن بە دوبەش و بەشێكیان وەك خانەنشین و بەشەكەی دیكەش وەك فەرمانبەر موچەی شیاویان بۆ ببڕدرێتەوە، بەڵكو حیزب لە بودجەی گشتی، بینای بۆ بارەگاكانی دروست دەكرد، لەبەرئەوەی كە حكومەتیش گوێڕایەڵێكی زۆر باشی حیزب بوە، لەبری ئەوەی بیر لە دروستكردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەكان بكاتەوە، بیری لەوە كردوەتەوە كە بارەگا بۆ حیزبێك دروست بكات، لەبری ئەوەی بیر لە دروستكردنی نەخۆشخانەیەك بكاتەوە، بیری لەوە كردوەتەوە چۆن بینایەك بۆ لقو مەڵبەندەكان دروست بكات، ساڵانە لەسەر بودجەی گشتی دەیان بیناو بارەگا و میوانخانە بۆ یەكێتی و پارتی دروستكراوە.

ئەگەر بچمە سەر وردكردنەوەی ئەمانە، زۆر دەخایەنێت، بەڵام با بەڵگەیەكی رون بخەینە بەردەست، ساڵی 2009، بڕی (501) ملیار دینار بەناوی پرۆژەكانی وەزارەتی ناوخۆوە خەرجكراوەو بەو پارەیە (300) بینای زۆر شیاو بۆ ئەو وەزارەتە دروست دەكرا، ئەو پارەیەی بەناوی پرۆژەكانی وەزارەتی ناوخۆوە خەرجكراوە، نۆزدە ئەوەندەی ئەو پارەیەیە كە بەناوی پرۆژەكانی وەزارەتی تەندروستییەوە خەرجكراوە، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش رایدەگەیەنێت: «بەشی هەرەزۆری ئەو پارەیە، بۆ بینای حیزبەكان بوە، چونكە بەو پارەیە نزیكەی (300) بینا بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەكرا، ئەی كوا ئەو بینایانە؟، بیناكانی وەزارەتی ناوخۆ هەر بینا كۆنەكانەو ئەگەر بینای نوێش كرابێت، چەند بینایەكی زۆر كەم بوە بۆ بنكەكانی پۆلیس، ئەو پارەیە بۆ بینا حیزبییەكانی پارتیو یەكێتی بوە".

لەبەشی یەكەمی ئەو نوسینەدا، تەنیا قسەمان لەسەر سێ خاڵ كرد كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارهێناوە، لەبەشی دوەمی ئەم تەوەرەدا، قسە لەسەر ئەو رێگایانەی دیكە دەكەین كە حیزب لە رێگایانەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارهێناوە، بەپشتبەستن بە زمانی ژمارەكان، ئەوە روندەكەینەوە كە چۆن حیزب لە (9) رێگاوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە، رونی دەكەینەوە كە چۆن (60%)ی بودجە بۆ حیزب بوەو (6%)ی بودجە بۆ پرۆژەكان بوە.

حیزب، وەك ئافاتێكی گەورە بۆ میللەت (42.5%)ی موچە بۆ وەزارەتە حیزبییەكانە
نۆ رێگا بۆ بردنی پارەی میللەت

جگە لە داگیركردنی ئەو دەیان دۆنم زەوییەی كە ئەگەر ئێستا بە نرخی رۆژ ساغ بكرێتەوە، بە دەیان ملیاردۆلار مەزەندە دەكرێت، که پارەیەكی زۆر لە بودجەی گشتی بۆ حیزب برابێت، جگە لە داهاتی نەوتو داهاتەكانی دیكە، حیزب لە بودجەشدا دەستی خستوەتە بینەقاقای میللەت، رەنگە لە ماوەی رابردو تەنیا باسی ئەوە كرابێت كە یەكێتی و پارتی مانگانەیەكی زۆر بۆ خۆیان دەبەن، بەڵام ئەو رێگایانەی دیكە كە یەكێتی و پارتی لە رێگایەوە پارەی گشتی دەبەن، زۆر زیاترە لە ئەو پارانەی كە مانگانە وەك بودجەیەك دەدرێتە یەكێتی و پارتی، یەكێتی و پارتی لە كوردستاندا بە چەندین رێگای جیاواز بودجەی گشتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارهێناوە.

لە بەشی یەكەمی ئەم نوسینەدا، قسەم لەسەر سێ رێگا كرد كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاردەهێنێت، كە ئەویش خانەنشینكردنی كادیرێكی زۆری حیزبییە كە بە پلەی وەزیر دەستپێدەكات تاوەكو فەرمانبەری ئاسایی، رێگایەكی دیكە؛ ئەوەبو كە حیزب كادیرەكانی خۆی كردوەتە فەرمانبەر بەبێ ئەوەی فەرمانبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، واتە لەبری ئەوەی لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا رۆژانە دەوام بكەن، لە لقو مەڵبەندو بارەگا حیزبییەكاندان. خاڵێكی دیكە؛ كە لە نوسینی پێشوتردا قسەم لەسەر كرد، ئەو هەمو بینایە بوە كە لەسەر بودجەی گشتی بۆ یەكێتی و پارتی دروستكراوە.

لەم نوسینەشدا قسە لەسەر چەند رێگایەكی دیكە دەكەم كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارهێناوە.

وەزارەتەكانی حیزب
لە حكومەتەكەی یەكێتی و پارتیدا، ئەگەر حیزبی نەبیت، لە هیچ وەزارەتێكدا بە بەڕێوەبەری بەشیش پۆستت نییە، نەك بەڕێوەبەری بەشیش زۆرجار ئەگەر حیزبی نەبیت، تەسكییەی ئەوەشت بۆ ناكرێت دانامەزرێیت وەك فەرمانبەرێكی ئاسایی، بەڵام قسەكردنی ئێمە لەسەر ئەمە نییە و گەر چاوپۆشی لەمە بكەین و ئەوانیش نكوڵی لێبكەن، ئەوا كۆمەڵێك وەزارەت و دامەزراوە هەن بەتەواوەتی لەژێر هەیمەنەی حیزبدان و جگە لە رەنگی زەرد و سەوز، هیچی دیكە نابینن، ئەم وەزارەتانە زۆرینەی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەوانە.

مەبەستی من ئەوە نییە كە موچەی فەرمانبەرەكانی ئەم دامەزراوانە كەم بكرێنەوە، بەڵكو پێویستە زیادیش بكرێن بەشێوەیەك كە هاوتابێت لەگەڵ هاوپیشەكانیان لە شارەكانی دیكەی عێراق.

لێرەدا ئاماژە بەو وەزارەتانە دەدەم كە لەژێر هەیبەتی حیزبدان و زۆرینەی موچە بۆ ئەوانە.
* وەزارەتی دارایی: ئەم وەزارەتە جگە لەوەی تاوەكو ئێستا بەفیعلیی وەك دو وەزارەت كار دەكات، بۆ دو ئیدارەی پێشوی یەكێتی و پارتی، ژمارەیەكی زۆری كادیرە حیزبییەكانی یەكێتی و پارتی فەرمانبەری ئەم وەزارەتەن، پارساڵ وەزارەتی دارایی (37) هەزار و (788) موچەخۆری هەبو، بەشێكی زۆریان كادیری حیزبین و بەبێ ئەوەی بۆ چركەیەكیش فەرمانبەربن، موچە لەم وەزارەتە وەردەگرن، هەر لە پارساڵدا (559) ملیار دینار كە (469)ملیۆن دۆلار دەكات، موچەیان بوە، ئەگەر رێژەیەكی گشتیش وەربگرین هەر فەرمانبەرێكی سەربەم وەزارەتە لە ساڵێكدا (12) هەزار و (429)دۆلار وەردەگرێت، لەكاتێكدا ئەگەر رێژەیەكی گشتی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە وەربگرین؛ (6) هەزار و (421) دۆلارە، چونكە (143) هەزار و (314) فەرمانبەری هەیە و موچەی ساڵێكی هەموشیان ترلیۆنێك و (141) ملیار دینارە. بەپێی ئەم شیكردنەوەیەی سەرەوەش، موچەی هەر فەرمانبەرێكی وەزارەتی دارایی دو ئەوەندەی موچەی فەرمانبەرێكی وەزارەتی پەروەردەیە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ كە لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری كادیرە حیزبییەكان بە پلەی باڵا وەك بەڕێوەبەر و راوێژكار دامەزراون، موچەكانیان زۆر بەرزە.

* وەزارەتی پێشمەرگە: پێویستە موچەی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان هاوتابێت لەگەڵ موچەی كارمەندانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگەش بكرێتە موڵكی نیشتمان، بەڵام لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا پێشمەرگە لەژێر هەیمەنەی حیزبدایە و حیزب لەبری حكومەت جوڵەیان پێدەكات، تاوەكو ئێستاش ژمارەی هێزی پێشمەرگە بە نەزاندراویی ماوەتەوەو وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت؛ ژمارەی هێزی پێشمەرگە (195)هەزار كەسەو بەپێی میلاكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە موچەیان بۆ تەرخانكراوە (122)هەزار كەسە، خەرجیی ســــاڵــی (2009)ی پێشمەرگە لەسەر بودجەی گشتی (971)ملیارو (666)ملیۆن دینار بوە، گریمان ژمارەكانی وەزیری پێشمەرگە دروست نییەو بە لێكدانەوەو وەرگرتنی رێژەی سەدیی پشت بە میلاكاتی حكومەتی هەرێم دەبەستین، حكومەت پارساڵ (596)ملیار دیناری تەرخانكردوە بۆ (122)هەزارو (471)موچەخۆری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگەر رێژەیەكی گشتی وەربگرین ساڵانەی هەر موچەخۆرێك (4)هەزارو (65)دۆلارە، لەكاتێكدا رێژەی تێكڕایی بۆ موچەخۆرێكی وەزارەتی دارایی كە زۆربەیان كادیری حیزبین (12) هەزارو (429)دۆلارە، بە وەرگرتنی رێژەی تێكڕایی موچەی كادیرێكی حیزبیی لەسەر بودجەی حكومەت، سێ ئەوەندەی موچەی پێشمەرگەیەكە.

* ئاسایش: گومان لەوەدا نییە ئێستا ئاسایش لە سنوری پارتی ئاسایشی پارتییە و لە سنوری یەكێتیش ئاسایش لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە، لە پارساڵدا ژمارەی فەرمانبەرانی ئاسایشی گشتی سلێمانی (17)هەزار و (678) فەرمانبەرە و موچەی ساڵێكی هەمویان (125)ملیار دینارە و ژمارەی فەرمانبەرانی ئاسایشی هەولێریش (18)هەزار و (819)كەسە و موچەی ساڵێكی هەمویان (140)ملیار دینارەو لە بودجەی گشتی پارەیان بۆ تەرخان دەكرێت، ئەمە جگە لە دەزگای زانیارییو پاراستن كە تاوەكو ئێستا بە نەزاندراویی ماوەتەوە.

* وەزارەتی ناوخۆ: هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ ئێستا یەكیگرتوەتەوە، بەڵام زۆر ئەستەمە لە ناوچەی دەسەڵاتی یەكێتیدا ئێستا كەسێك وەك كارمەندی ئەم وەزارەتە دابمەزرێت و یەكێتی نەبێت، هەر وەك هەمان شت لە ناوچەی دەسەڵاتی پارتیدا ئەستەمە، بەشی هەرە زۆری كارمەندانی ئەم وەزارەتەش لەبری ئەوەی بەرگریی لە میللەت بكەن، پاسەوانی بەرپرسە حیزبییەكانی یەكێتی و پارتی و بارەگا حیزبییەكانیانن، ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆش لە پارساڵدا (95)هەزارو (983)كەسەو موچەی ساڵێكیشیان (705)ملیار دینارە.

حكومەتی هەرێم پارساڵ (625) هەزار و (849) موچەخۆری هەبوە، بەشی هەرە زۆریان ئەوانەن كە لەژێر دەسەڵاتی حیزبدان، بە ئاسایشو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و داراییەوە (292)هەزار و (731)موچەخۆریان هەیە، لەو بودجەیەش كە موچەی فەرمانبەران تەرخانكراوە، بەشی هەرە زۆری بۆ ئەم دەزگاو وەزارەتە حیزبییانەیە كە لە (4) ترلیۆن و (999)ملیار دینار كە پارساڵ بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانكرا، (2)ترلیۆنو (125)ملیار دیناری بۆ ئەو وەزارەتانەیە كە لەژێر دەسەڵاتی حیزبدان، بەم پێیەش؛ (42.5%)موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دەچێتە خزمەتی حیزبەوە لە رێگای ئەم دەزگا و وەزارەتانەوە كە ئێستا حیزب بەڕێوەیان دەبات.

رێكخراوەكانی حیزب
یەكێك لە سیما جوانەكانی وڵاتی دیموكراتی، هەبونی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییە و گومانیش لەوەدا نییە كە چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگای چالاك كە ژمارەیان زۆر كەمە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام ژمارەی رێكخراوە حیزبییەكان زۆرن.

لەماوەی ساڵانی رابردودا، بەپشتیوانیی حیزب و كەسانی ناو حیزب، دەیان سەنتەر و رێكخراو لە كوردستاندا كرانەوە و بەشێكی ئەم سەنتەرانە رۆڵی بارەگا حیزبییەكانیان دەبینی و لەپێناو بەرژەوەندی حیزبەكەیاندا كاریان دەكرد، هەندێكیشیان نە لەپێناوی حیزبەكەو نە لەپێناوی كاری رێكخراوەیشدا، هیچ كارێكیان نەكردوەو وەك «مشەخۆرێك» مانگانە بودجەیەكی شیاویان لە حكومەت وەرگرتوە.

بەپێی ئامارێكی فەرمی كە لە بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان وەرگرتوە، لەم هەرێمە سێ شارییەدا مانگانە (426)رێكخراو سەنتەر ملیارێكو (456)ملیۆن دینار وەردەگرن.

 بەپێی بەڵگەنامەیەك؛ ئەم ژمارەیەی سەرەوە بە دروست نازانم و دروستكەی لەخوارەوە دەخەمەڕو، گریمان ئەو ژمارەیەی سەرەوەش دروستە، ئایا ئەو دۆخەی كە ئێستا لە كوردستاندا دەیبینین بەرهەمی كاری ئەم (426) رێكخراوانە بێت، ئایا جیاوازیی نێوان بونو نەبونیان چییە؟

كاتێك مرۆڤ بڕیاری خەرجكردنی بڕێك پارە دەدات، هەڵسەنگاندێك لەنێوان بڕە پارەی خەرجكراو و سودی ئەو شتەدا دەكات كە پارەكەی بۆ خەرجدەكات، بەڵام لە خەرجكردنی پارە بۆ رێكخراوەكان تەواو پێچەوانەی ئەمە رویداوە.

ئەوەی لە كوردستاندا بەناوی رێكخراوەكانەوە بە چەند كەسێك دەدرێت، بڕێكی ئەوەندە زۆرە كە مرۆڤ توشی شۆك دەكات، تەنیا ساڵی (2009) وەربگرین، ئەو بڕە پارەیه‌ی دراوەتە رێكخراوەكان، بەشێكە لە بودجەی بەكاربردن و لە بودجەی بەكاربردنیشدا لەنێو خانەی مینحە(بەخشین)، جێی كراوەتەوە، ساڵی رابردو (368) ملیۆن دۆلار، (131)ملیۆنو (264)هەزار دۆلار دراوەتە رێكخراوەكان و زیاترە لە دو ئەوەندەی ئەو پارانەی كە بۆ سەرجەم پرۆژەكانی وەزارەتی پەروەردە خەرجكراوە.

بۆ رێكخراوە زانستییەكان (المنظمات العلمیه‌) (9) ملیار و (309) ملیۆن دینار خەرجكراوە، ئایا ئەم رێكخراوە زانستییانە كامانەن كە ئەم هەمو پارەیەیان بۆ خەرجكراوەو شوێن دەستیان دیار نییە.

بۆ رێكخراوی زانستیی (المنظمات ‌ الثقافیه‌) لە ساڵی (2009)دا (19) ملیار و (812)ملیۆن دینار خەرجكراوە، ئایا ئەم رێكخراوە حیزبییانە كامانەن؟

 

Sbeiy.com © 2007