Print
 حیزب وه‌ك ئافاتێكی‌ گه‌وره‌ بۆ میلله‌ت
Tuesday, March 29, 2011

ئاماده‌كردنی‌: عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح
ئەو پارەیەی دەدرێتە سێ كەناڵی ئاسمانی حیزبی(208) ملیار دیناری زیاترە لە بودجەی مانگانەی
هەرسێ لایه‌نه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن
جگە لە داگیركردنی ئەو دەیان دۆنم زەوییەی ئەگەر ئێستا بە نرخی رۆژ ساغ بكرێتە، نرخەكەی بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، پارەیەكی زۆر لە بودجەی گشتی بۆ حیزب براوە، جگە لە داهاتی نەوت و داهاتەكانی دیكە، حیزب لە بودجەشدا دەستی خستوەتە بینەقاقای میللەت، رەنگە لە ماوەی رابردو تەنیا باسی ئەوە كرابێت كە یەكێتی و پارتی مانگانەیەكی زۆر بۆ خۆیان دەبەن، بەڵام ئەو رێگایانەی دیكە كە یەكێتی و پارتی لە رێگایەوە پارەی گشتی دەبەن، زۆر زیاترە لە ئەو پارانەی كە مانگانە وەك بودجەیەك دەدرێتە یەكێتی و پارتی، یەكێتی و پارتی  لە كوردستاندا لە چەندین رێگای جیاوازەوە بودجەی گشتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارهێناوە.

لە دو بەشی پێشوی ئەم نوسینەدا، قسەم لەسەر پێنج رێگا كرد كە حیزب بە هۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاردەهێنێت، كە ئەویش؛ خانەنشینكردنی كادیرێكی زۆری حیزبییە، كە بە پلەی وەزیر دەستپێدەكات تاوەكو فەرمانبەری ئاسایی، رێگایەكی دیكە؛ ئەوە بو كە حیزب كادیرەكانی خۆی كردوەتە فەرمانبەر بەبێ ئەوەی فەرمانبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، واتە لەبری ئەوەی لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا رۆژانە دەوام بكەن، لە لقو مەڵبەند و بارەگا حیزبییەكاندا كار دەكەن. خاڵێكی دیكە؛ كە لە نوسینی پێشوتردا قسەمان لەسەر كرد، ئەو هەمو بینایە بوە كە لەسەر بودجەی گشتی بۆ یەكێتیو پارتی دروستكراوە.

خالێكی دیكە؛ ئەو وەزارەتانە بو كە ئێستا راستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی حیزبدان و (42.5%) موچەی فەرمانبەران بۆ ئەو وەزارەتە حیزبییانەیە، رێگایەكی دیكە كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارهێناوە؛ ئەو هەمو بەناو رێكخراوانەیە كە لە ساڵێكدا (157)ملیار دیناریان بۆ خەرجكراوە، لە بەشی سێیەمی ئەم وتارەدا؛ قسە لەسەر دو رێگای دیكە دەكەین كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە.

ئۆتۆمبێل بۆ حیزب
ساڵانە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی كە بۆ فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكڕدرێت، چەندین ئۆتۆمۆبێلیش بۆ بەرپرس و كادیرانی حیزب دەكڕدرێت لەسەر بودجەی گشتی، چەندین خێزانی بەرپرس لەسەر بودجەی گشتی ئۆتۆمۆبێلیان بۆ كڕدراوە، ئەگەر بڕوانینە ئەو پارانەی كە لە ماوەی ساڵێكدا تەنیا بۆ ئۆتۆمۆبێل خەرجكراوە، دڵنیادەبین لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بەو هەمو ئۆتۆمۆبێلە نییەو بەشێكی ئەو ئۆتۆمۆبێلانە بۆ حیزب و كادیرەكانی بوە.
ئەگەر تەنیا ساڵی (2009) وەربگرین، حكومەتی هەرێمی كوردستان (35 ملیارو 584 ملیۆن دینار)ی بۆ كڕینی ئۆتۆمۆبێل خەرجكردوە، كە (6) ملیار دیناری ئەو پارەیه بۆ ئۆتۆمۆبێلی (مواصفات خاصه‌) بوە، كە لای هەمو هاوڵاتییەك رونە ئەم جۆرە ئۆتۆمۆبێلانە بۆ كێن، هیچ كام لەم ئۆتۆمۆبیلانە بۆ پەرلەمانتارانیش نەبوە، چونكە پەرلەمانتاران لە ساڵی (2010)دا ئۆتۆمۆبێلیان بۆ كڕدراوە و ئەم پارەیەش لە ساڵی (2009)دا خەرجكراوە، بەم پارەیە كە (29 ملیۆن و 831 هەزار دۆلار) دەكات، دەتوانرێت (14 هەزارو 915) ئۆتۆمۆبێل بكڕدرێت، ئەگەر نرخی هەر ئۆتۆمۆبێلێكیش (20)هەزار دۆلار بێت.

لە هەمان ساڵدا، (16 ملیار و 275) ملیۆن دینار كە (13) ملیۆن دۆلار دەكات، لە چاككردنەوەی ئۆتۆمۆبێلدا خەرجكراوە، كە هەر ئۆتۆمۆبێلێكیش (1000) دۆلاری بۆ خەرجكرابێت، واتە حكومەتی هەرێم (13) هەزار ئۆتۆمۆبێلی بەو پارەیە چاككردوەتەوە، ئایا حكومەت لە یەك ساڵدا (13) هەزار ئۆتۆمۆبێلی خراپ دەبێت؟ ئەگەر ئۆتۆمۆبێل تەنیا كاری حكومەتی پێبكرێت و لەپاش دەوامی فەرمی بۆ كاری تایبەت بەكار نەیەت، بۆ (13) هەزار ئۆتۆمۆبێل تێكدەچێت؟ ئەوەی جێگای سەرنج بو بۆ من، پارەیەكی زۆر لە كرێی ئۆتۆمۆبێلدا خەرجكراوە، (14 ملیار و 220) ملیۆن دینار بۆ كرێی ئۆتۆمۆبێل خەرجكراوە، لەكوێ هەیە بۆ هەرێمێكی سێ شاریی، (11)ملیۆنو (949) هەزار دۆلار لە ساڵێكدا بدرێتە كرێی ئۆتۆمۆبێل، لەكاتێكدا تۆ لە هەمان ساڵدا (46) ملیۆن دۆلارت دابێت بە كڕین و چاككردنەوەی ئۆتۆمۆبێل؟، ئەگەر هەر ئۆتۆمۆبیلێكیش بە (2) دەفتەر بكڕدرێت لە یەك ساڵداو پارەی كڕینی (597) ئۆتۆمۆبێل بدرێتە كرێی ئۆتۆمۆبێل، ئایا چ لۆجیكێك رێگا بەمە دەدات؟! بەپێی ئەم ژمارانەی كە لەسەرەوە خستمانە رو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەك ساڵدا (66) ملیار و (79) ملیۆن دیناری لە ئۆتۆمۆبێلدا خەرجكردوە، ئەم پارەیە كە (55) ملیۆن و (658) هەزار دۆلار دەكات، ئەگەر ئەمە بدرێتە ئۆتۆمۆبێل و نرخی هەر ئۆتۆمۆبێلێكیش (20) هەزار دۆلار بێت، ئەوا (27) هەزارو (658) ئۆتۆمۆبێلی پێ دەكڕدرێت، هەمو ئەم پارانە بۆ ئۆتۆمۆبێلی حكومەت نەبوە، بەپێی زانیاری باوەڕپێكراو و چەندین بەڵگەنامە، لە بودجەی گشتی خەڵكی كوردستان، چەندین ئۆتۆمۆبێل بۆ بەرپرسی حیزبی یەكێتی و پارتی و ژنی بەرپرسانی حیزبی و رێكخراوە حیزبییەكان كڕدراون، جیاواز لەمەش، بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ موڵكی حكومەتدا دەكەن بە موڵكی خۆیانی دەزانن، نەك هاوڵاتییان، بەشێكی زۆری ئەو وەزیرانەی كە لە كابینەكانی پێش ئێستادا وەزیر بون، پاش ئەوەی لە كارەكانیان نەمان، ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی كە پێشوتر لە خزمەتییاندا بوە وەك وەزیر، پاش وەزیریش هەر لە خزمەتیاندا بوە، بۆ نمونە؛ ئەگەر كەسێك لە كابینەی چوار، یان پێنج، وەزیری پەروەردە بوبێت، ئەوا ئێستاش ئەو ئۆتۆمۆبێلە بە ژمارەی وەزارەتی پەروەردەوە لای هەمان كەسە، واتە هاوڵاتی ئاسایی ئێستا ئۆتۆمۆبێلێكی وەزارەتی پێیە بە ژمارەی وەزارەتەوە.

پارەی میللەت بۆ راگەیاندنی حیزب
وەك چۆن حیزب هەمو كایەكانی دیكەی كۆمەڵگای كوردی كۆنتڕۆڵكردوە و بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە، لە رێگای ئەو كایە جیاوازانەوە، بەهەمان شێوەش پارەی گشتی خستوەتە بەردەستی راگەیاندنەكانی حیزب، كەناڵە ئاسمانی و رۆژنامە و رادیۆ و گۆڤار و وێبسایتەكانی حیزب، لەسەر بودجەی گشتی بەڕێوەدەچن و لەپێناو خزمەتی حیزبدا، زانیاریی لە هاوڵاتییان دەشارنەوە و دیوە ناشرینەكانی حیزب ماكیاژ دەكەن و دەیڕازێننەوە.

زۆر هەوڵمداوە بەدوای ئەو پارانەدا بگەڕێم كە ساڵانە لە بودجەی گشتی دەخرێتە خزمەتی حیزبەوە، ئەوەی بە دەستم گەیشتوە، جگە لەوەی لە بودجەی گشتی دەزگا راگەیاندنەكان حیزب لە سەرەتاوە دامەزرێندراون و بە رۆژنامە و كەناڵە ئاسمانییەكانەوە و لەسەر بودجەی گشتی پێویستییەكانیان بۆ كڕدراوە، پاش دامەزراندن و كەوتنە كاریان، مانگانەیەكی شیاویان بۆ بڕدراوەتەوە، لەپێناوی ئەوەی خزمەت بە حیزب بكەن، ئەوەی من بە دەستم گەیشتوە لە ئەنجامی كۆكردنەوەی ئەو پارەیەی كە مانگانە بە كەناڵە ئاسمانی و رۆژنامە و گۆڤارەكانی حیزب دەدرێت، لەسەر بودجەی گشتی، مانگانە نزیكەی (3 ملیار و 500) ملیۆن دینارە، ئەمە جگە لەوەی نەمتوانیوە زانیاری لەسەر هەندێك لەو دەزگایانە كۆبكەمەوە، ئایا ئەم دەزگا راگەیاندنانە كە لە ماوەی ساڵێكدا (42)ملیار دیناریان لە بودجەی گشتی بۆ خەرجكراوە، جگە لە حیزبەكانیان، خزمەتیان بە كێ كردوە؟ ئەم پارەیەی كە لە ساڵێكدا دراوەتە راگەیاندنەكانی حیزب، ئەوەندە و نیوی ئەو پارانەیە كە بۆ سەرجەم پرۆژەكانی وەزارەتی تەندروستی خەرجكراون، چونكە (28) ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەكانی وەزارەتی تەندروستی لە ساڵی (2009)دا خەرجكراوە.

ئەمە تەنیا لە كوردستاندا هەیە...
حیزبێك (6) كورسی هەبێت لە پەرلەمانی كوردستاندا و چوار كورسی هەبێت لە پەرلەمانی عێراقدا و كەناڵی ئاسمانی و دەیان بارەگای حیزبی هەبێت، بودجەی ئەو حیزبە (20) ملیۆن دیناری كەمتر بێت لە بودجەی كەناڵێكی ئاسمانی حیزبی.

هێزێكی سیاسی لە كوردستاندا، (25) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان و (8) كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەبێت و كەناڵی ئاسمانی و رۆژنامە و رادیۆ و وێبسایت و چەند دامەزراوەیەكی هەبێت، بەڵام ئەو مانگانەیەی كە لە حكومەت وەریدەگرێت، نزیكە لەو پارەیەی كە تەنیا بۆ كەناڵێكی ئاسمانی حیزبی  خەرج دەكرێت.

بە هەرسێ هێزەكەی ئۆپۆزسیۆنەوە، مانگانە ملیارێك و (292) ملیۆن دینار وەردەگرن، ئەم پارەیە (208) ملیۆن دیناری كەمترە لەو پارەیەی كە تەنیا بە سێ كەناڵی ئاسمانی حیزبی دەدرێت لە مانگێكدا، لەكوێی دونیا ئەمە هەیە؟!

بەدەر لەمەش، حیزب بەوەوە نەوەستاوە كە تەنیا مانگانە بودجەیەكی زۆر بداتە كەناڵە حیزبییەكانی، بەڵكو بەشێكی راگەیاندنكارەكانی ئەو دەزگایانەی خستوەتە سەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، واتە رۆژنامەوانێك كە لە دەزگایەكی حیزبیدا كار دەكات، وەك فەرمانبەرێكی حكومەت ئەژماركراوە كە رۆژانە دەوامی ئاسایی خۆی دەكات و ئەو راگەیاندنكارە كە لە كەناڵێكی حیزبییەوە خزمەت بە حیزب دەكات، بەڵام مانگانە بەبێ ئەوەی لە هیچ دامەزراوەیەكی حكومەت دەوام بكات، وەك فەرمانبەری حكومەت لەسەر بودجەی گشتی موچە وەردەگرێت.

لە ساڵێكدا (290) ملیار دینار وەك دەرماڵەیەكی «گوماناویی» تەرخاندەكرێت
جگە لە داگیركردنی ئەو دەیان دۆنم زەوییەی كە ئەگەر ئێستا بەنرخی رۆژ ساغ بكرێتەوه، نرخەكەی بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، پارەیەكی زۆری لە بودجەی گشتی بۆ حیزب بردراوە، جگە لە داهاتی نەوت و داهاتەكانی دیكە، حیزب لە بودجەشدا دەستی خستوەتە بینەقاقای میللەت، رەنگە لەماوەی رابردودا تەنیا باسی ئەوە كرابێت كە یەكێتی و پارتی مانگانەیەكی زۆر بۆ خۆیان دەبەن، بەڵام ئەو رێگایانەی دیكە كە یەكێتی و پارتی لە رێگایەوە پارەی گشتی دەبەن، زۆر زیاترە لەو پارانەی كە مانگانە وەك بودجەیەك دەدرێتە یەكێتی و پارتی. یەكێتی و پارتی لە كوردستاندا بە چەندین رێگای جیاواز بودجەی گشتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكارهێناوە.

لە دو بەشی پێشوی ئەم نوسینەدا، قسەم لەسەر پێنج رێگا كرد كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت، كە ئەویش خانەنشینكردنی كادرێكی زۆری حیزبییە، كە بە پلەی وەزیر دەستپێدەكات تا فەرمانبەری ئاسایی، رێگایەكی دیكە ئەوەبو كە حیزب كادرەكانی خۆی كردوەتە فەرمانبەر بەبێ ئەوەی فەرمانبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، واتە لەبری ئەوەی لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا رۆژانە دەوام بكەن، لە لقو مەڵبەند و بارەگا حیزبییەكاندا كار دەكەن. خاڵێكی دیكە كە لە نوسینی پێشوتردا قسەمان لەسەر كرد، ئەو هەمو بینایە بوە كە لەسەر بودجەی گشتی بۆ یەكێتی و پارتی دروستكراون. خاڵێكی دیكە ئەو وەزارەتانە بو كە ئێستا راستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی حیزبدانو (42.5%) موچەی فەرمانبەران بۆ ئەو وەزارەتە حیزبییانەیە، رێگایەكی دیكە كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارهێناوە، ئەو هەمو بەناو رێكخراوانەیە كە لە ساڵێكدا (157) ملیار دیناریان بۆ خەرجكراوە، ساڵانەو بە ئەمساڵیشەوە پارەیەكی زۆر لە بودجەی گشتی بۆ ئۆتۆمبێل خەرجكراوە، كە بەشێكی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەش بۆ حیزبەكان بوە. یەكێكی دیكە لەو رێگایانەی كە حیزب بەهۆیەوە پارەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەبرد، ئەو دەزگا راگەیاندنە حیزبییانە بوە، كە ساڵانە زیاتر لە (43) ملیار دیناری لە بودجەی گشتی بۆ دەبردرا. لەبەشی كۆتایی ئەم نوسینەدا، قسە لەسەر چەند رێگایەكی دیكە دەكەین كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاردەهێنێت.

دەرماڵەیەكی سەیر
دەرماڵەی (ئیستپنائیه‌) لە هەمو وڵاتێكدا هەیە، بەڵام میكانیزمێك هەیە بۆ خەرجكردنی، ئەم دەرماڵەیە پێویستە هەبێت بۆ كاری تایبەت، بەڵام به بڕێكی دیاریكراوبێت و بە میكانیزمێكی رون خەرجدەكرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا، (2) ترلیۆن و (39) ملیار دیناری بۆ دەرماڵە تەرخانكردوە كە زۆرینەی ئەم پارەیە بۆ دەرماڵەی (ئیستپنائیه‌)یە.

 حكومەتی هەرێم جگە لەوەی پارە بۆ (19) جۆر دەرماڵە تەرخاندەكات كە دەرماڵەی مەترسی و كاری زیادە، دەرماڵەی نیشتەجێبون، دەرماڵەی میواندارییو دەرماڵەی چاودێر، دەرماڵەی پلەوپایە، دەرماڵەی خزمەتكردنی كۆمەڵایەتی، دەرماڵەی مەترسی ئەمنیی، دەرماڵەی بڕاوە، دەرماڵەی خواردن، دەرماڵەی پێگەی جوگرافی، دەرماڵەی بڕوانامە، دەرماڵەی زەوجی، دەرماڵەی منداڵ، دەرماڵەی پیشەیی، دەرماڵەی ئەندازیاریی، دەرماڵەی تایبەت، دەرماڵە و خەرجی گەشتكردن خەرجكردوە، لەمساڵدا، (260) ملیار دیناری بۆ دەرماڵەی تایبەت (ئیستپنائیه‌) تەرخانكردوە.

دەرماڵەی (ئیستپنائی)، لە زۆر وڵاتدا هەیە، بۆ نمونە لە هەندێك وڵاتدا ئەوانەی لە بواری نەوەوی و كاری هاوشێوەیدا كار دەكەن، لەو (19) جۆرە دەرماڵانەی سەرەوەدا جێگای نابێتەوە، دەرماڵەیان بۆ تەرخاندەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا هیچ كارێك نییە كە دەرماڵەی بۆ خەرجبكرێت لەو (19) جۆرەی دەرماڵەیە بەدەربێت، ئیدی دەبێت دەرماڵەی (ئیستپنائی) بۆچی بێت؟

 كاتێك هەمو جۆرە دەرماڵەكان بودجەیان بۆ تەرخانكرابێت و بەپێی گوتەی شارەزایانی بواری ئابوری كوردستانیش، بەرپرسانی باڵا، دەتوانن لە دو جۆر دەرماڵە سود وەربگرن، كە دەرماڵەی تایبەت و دەرماڵەی پلەوپایەیە، بەپێی گوتەی پسپۆڕێكی بواری ئابوری: "ئەم دەرماڵەیە دەرماڵەیەكی گوماناوییە، چۆن دەبێت ئەو بڕە پارەیە بەناوی دەرماڵەی (ئیستپنائیه‌)وە خەرجبكرێتو نەزانرێت بۆ كێیە"؟

لەساڵی (2009)دا، بڕی (188) ملیار دینار و لە ساڵی (2010)دا بڕی (290) ملیار دیناری دیكە بۆ ئەم دەرماڵەیە تەرخانكراوە.

ئەگەر ئەو پارەیەی كە بەناوی دەرماڵەی (ئیستپنائیه‌)وە تەرخاندەكرێت، هەزار كەسیش لەم دەرماڵەیە سود مەندبوبن، لە پار ساڵدا هەریەكەیان بڕی (290) ملیۆن دیناری بەردەكەوێت تەنیا بۆ ساڵێك.

سەرچاوەیەكی ئاگاداری بواری ئابوریش، ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەم دەرماڵەیە زۆر دەچێتە خزمەتی حیزبەوە، ئەو پارەیەی كە پار ساڵ و لە بودجەی گـــشـــتــیـــدا بەناوی (ئیستپنائیه‌)وە تەرخانكراوە، زیاتر لە (10) ئەوەندەی ئەو پارانەیە كە بۆ سەرجەم پرۆژەكانی وەزارەتی تەندروستی خەرجدەكرێت.

ئاهەنگی حیزب
دوایەمین رێگا كە حیزب بەهۆیەوە بودجەی گشتی بۆ خەرجكردوە، گەشت و ئاهەنگەكانییەتی، ئەوەی لەم هەرێمەی ئێمەدا گوزەر دەكات، جگە لە تراژیدیایەك، هیچی دیكە نییە، حیزب دەیەوێت ئاهەنگەكانیشی لەسەر سكی برسی هاوڵاتییانی ئێمە بێت، حیزب دەیەوێت، ئێمە برسی بین و ئەو ئاهەنگ بكات، حیزب دەیەوێت، ئێمە فرمێسك بڕێژین و بەرپرسەكانی ئەو ئاهەنگ بكەن، بۆ دەبێت ئاهەنگەكانی حیزب لەسەر بودجەی گشتی بێت؟

با چەند ژمارەیەك ریز بكەین كە پەیوەستە بەم بابەتەوە. ئەمساڵ بڕی (4) ملیارو (208) ملیۆن دینار تەرخانكراوە وەك دەرماڵەی میوانداری، حكومەتی هەرێمی كوردستان، (43) ملیارو (476) ملیۆن دینار وەك دەرماڵە و خەرجی گەشتكردن، ساڵی رابردو حكومەت هەرێمی كوردستان، (5) ملیار و (466) ملیۆن دینار و ئەمساڵیش (4) ملیار و (867) ملیار دیناری بۆ ئاهەنگ تەرخانكردوە، بە دو ساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، (10) ملیار و (333) ملیۆن دیناری بۆ ئاهەنگ تەرخانكردوە، هیچ كەسێك دەتوانێت پێمان بڵێت، لەم دو ساڵەدا چەند ئاهەنگی نیشتمانیی كراوە، ئەم ئاهەنگانە كامانەن بە بودجە و پارەی ئێمە دەكرێن و ئاگامان لێیان نییە؟ ئەمە جگە لەوەی كە لەمساڵدا بۆ تەرفیەی رەسمی (25) ملیار دینار تەرخانكراو ساڵی پێشتوتریش بۆ هەمان بابەت (25) ملیار دیناری دیكە تەرخانكرا.

ئەمساڵ بۆ كۆڕ و كۆبونەوەكان، (5) ملیار و (758) ملیۆن دینار و ساڵی پێشوتریش (4) ملیار و (258) ملیۆن دینار تەرخانكرا، كام كۆڕ و كۆبونەوانە، ئەم كۆڕوكۆبونەوانە كە لەبودجەی ئێمە (10) ملیار دیناریان بۆ تەرخانكراوە، نابێت بزانین چینو باسی چییان تێداكراوە؟

Sbeiy.com © 2007