Print
 زمانی‌ به‌یاننامه‌كان نه‌خشه‌ رێگای‌ چاره‌سه‌ره‌؟
Monday, April 11, 2011

راپۆرتی‌: فه‌لاح حه‌سه‌ن

خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وامییان هه‌یه‌ و تائێستا ده‌سه‌ڵات هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ نه‌نواندوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ هه‌رێمی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زیاتر له‌ 50 رۆژ به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت و به‌ڕای‌ رۆشنبیران و نوسه‌ران و سیاسه‌تمه‌داران، دوایین وه‌ڵامی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ بۆ داواكاریه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن و شه‌قام، بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزتر ده‌بات.

به‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌كان
له‌ رێكه‌وتی‌ 29/1/2011 و له‌میانی‌ ئه‌و شه‌پۆلی‌ گۆڕانكارییه‌ی‌ كه‌ وڵاتانی‌ تونس و میسری‌ گرته‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ 7 خاڵیدا به‌مه‌به‌ستی‌ چاكسازی‌ و گۆڕانکاری له‌‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ چه‌ند داواكارییه‌كی‌ خسته‌ڕو، كه‌ له‌ نێوانیاندا داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ كردبو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی‌ گۆڕان و چه‌ندین تۆمه‌تیان ئاراسته‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ كرد و له‌رێگه‌ی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شه‌وه‌ سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی‌ ناو به‌یاننامه‌كه‌ی‌ گۆڕان ره‌تكرانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌و دو خاڵه‌ی‌ كه‌ باس له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌كات.

كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌یاننامه‌كه‌ی‌ گۆڕان
رۆژێك دوای‌ راگه‌یاندنی‌ به‌یاننامه‌ 7 خاڵییه‌كه‌ی‌ گۆڕان، 19حیزبی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا كۆبونه‌وه‌و راگه‌یاندنێكدا ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌و گه‌نده‌ڵی‌ و كه‌موكورتی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا واقیعه‌و خوازیارن سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ركردنی بده‌ن، هاوكات ته‌ئكیدیشیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر بایه‌خی‌ بونی ئۆپۆزسیۆن ‌و به‌ یه‌كێك له‌ دیارده‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ قه‌ڵه‌مدرا‌، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، پێویسته‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان یان جێبه‌جێكردنی هه‌رێمدا، ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ و شه‌رعییه‌تی سیاسی و یاسایی بێت".

دواتر نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ به‌رنامه‌ی‌ (روبه‌ڕو)ی‌ كه‌ناڵی‌ KNNدا رایگه‌یاند: ئه‌و به‌یانه‌ی ئێمه بریتییه له سیناریۆیه‌كی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه قوڵه‌ی كه چه‌ند ساڵه كوردستانی عێراق به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، وتیشی‌: ئه‌مه نه كوده‌تایه و نه ئینقلابه و نه ئاژاوه‌گێڕییه و نه شتێكی خراپمان كردوه، به‌ڵكو ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی ئێمه سیناریۆیه‌كه و پێمانوایه چاكترین سیناریۆیه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ئێستا كوردستانی عێراقی تێدایه.

سه‌رهه‌ڵدانی‌ خۆپیشاندانه‌كان
رۆژی‌ 17/2/2011 نوێنه‌رانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌رییان له‌به‌رده‌ركی‌ سه‌رای‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجامدا، كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ بۆ پشتیوانیكردن بو له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ تونس و میسر، به‌ڵام دواتر رێڕه‌وی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و توندوتیژی‌ هه‌نگاوی‌ ناو باره‌گای‌ لقی‌ 4ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ سلێمانی‌ به‌ردبارانكرا و به‌هۆی‌ ده‌ستڕێژی‌ گوله‌وه‌ هاوڵاتییه‌ك گیانی‌ له‌ده‌ستدا و چه‌ندین هاوڵاتیی‌ دیكه‌ش بریندار بون.

 ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ په‌ره‌سه‌ندنی‌ خۆپیشاندانه‌كان بو كه‌ دواتر زۆربه‌ی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ گرته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش به‌رده‌وامییان هه‌یه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ 9 هاوڵاتی‌ شه‌هید بون و چه‌ندین هاوڵاتی‌ دیكه‌ش بریندار بون و به‌ سه‌دان خۆپیشانده‌ر ده‌ستگیركراون.

دوای‌ خۆپیشاندانه‌كانیش له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نائاسایدا په‌رله‌مانی‌ كوردستان بڕیارێكی‌ 17 خاڵی‌ ده‌ركرد بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ی‌ هاته‌ئاراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنجه‌ تائێستا ته‌نها خاڵێكیش له‌ 17 خاڵه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌، چاودێرانیش پێیانوابو ده‌ركردنی‌ ئه‌و 17 خاڵه‌ی‌ په‌رله‌مان سیناریۆیه‌ك بو بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ نه‌ك بۆ چاكسازی‌ و گۆڕانكاری‌.

خۆپیشاندانه‌كان ئۆپۆزسیۆنی‌ كۆكرده‌وه‌
له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ هه‌رسێ فراكسیۆنی‌ ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو) پشتیوانی‌ خۆیان بۆ داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران راگه‌یاند، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بو كه‌ پێشتر سه‌رجه‌م حیزبه‌ كوردستانییه‌كان دژی‌ به‌یاننامه‌ 7 خاڵیه‌كه‌ی‌ گۆڕان بون كه‌ داوای‌ هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ ده‌كرد.

دواتر و له‌میانی‌ یه‌كهه‌ڵوێستی‌ ئۆپۆزسیۆندا رۆژی‌ 3/3/2011 هه‌رسێ لایه‌نی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو پڕۆژه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی 22 خاڵییان پێشكه‌ش كرد به‌مه‌به‌ستی‌ چاكسازیی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ خۆی‌ له‌ چه‌ندین داواكاریی‌ گرنگدا ده‌بینییه‌وه‌، ئه‌مه‌ هاوكات بو له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبونی‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌.

به‌پێی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌ 22 خاڵییه‌ ماوه‌ی‌ مانگێك دیاری‌ كرابو بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ یاسا و رێسای‌ تایبه‌ت به‌ چاكسازی‌ ده‌ربكات.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق به‌ جیا وه‌ڵامی‌ خۆیان دایه‌وه‌ بۆ داواكارییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام هیچ كام له‌و وه‌ڵامانه‌ به‌ئێستاشه‌وه‌ نه‌یتوانی‌ كه‌فوكوڵی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ خۆپیشانده‌ر هێور بكه‌نه‌وه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تاوه‌كو دێت سه‌قفی‌ داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران رو له‌ زیادبون ده‌كه‌ن.

ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵوێستی‌ دیكه‌ی‌ گرته‌به‌ر
پاش تێپه‌ڕبونی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌یاننامه‌ 22 خاڵییه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بۆ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دیاری‌ كرابو كه‌ بریتی‌ بو له‌ مانگێك، هه‌رسێ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو) كۆبونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئاستی‌ باڵا ئه‌نجامدا و دواهه‌ڵوێستی‌ خۆیان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا خسته‌ڕو كه‌ بریتی‌ بو له‌ ته‌ئكیدكدنه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ ئینتیقالی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ته‌وافوق و ئه‌ركی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ش بریتییه‌ له‌زه‌مینه‌سازكردن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت به‌شێوه‌یه‌كی‌ پاك و بێگه‌رد.

دوایین به‌یاننامه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ و پارتییه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ لێكه‌وته‌وه‌ و سه‌ره‌نجام له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و دو حیزبه‌دا داواكارییه‌كانی‌ ناو ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ و به‌ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ تۆمه‌تبار كران.

له‌وه‌ڵامی‌ به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆندا هه‌ردو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ رایانگه‌یاند: مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌وان داوای ده‌كه‌ن به‌ نایاسایی و ناشه‌رعی و ناده‌ستوری ده‌زانین بۆیه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی ئینتیقالی ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ هیچ پێویستییه‌كی سیاسی و یاسایی و ده‌ستوری نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌".

هه‌روه‌ك به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ كردوه‌ به‌وه‌ی‌: "به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین كه‌ هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن چاكسازیی و پێشكه‌وتنی كومه‌ڵ و سه‌قامگیربونی ئاشتی و ئارامییان ناوێ، به‌ڵكو مه‌رامی سیاسی دوریان هه‌یه‌، ئه‌ویش گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ دیاره‌ هه‌ر پارت و گروپێكی سیاسی، هه‌قی خۆیه‌تی چاوی له‌ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات بێ، به‌ڵام به‌ ره‌چاوكردنی مه‌رجه‌ یاسایی و ده‌ستوریی و ئه‌خلاقی سیاسی و په‌یماننامه‌ نیشتمانییه‌كان، به‌ ده‌ستوری عیراقیشه‌وه‌.

كاریگه‌رییه‌كانی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌
وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ شتێكی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو بو به‌لای‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستانه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام بوه‌ هۆی‌ توڕه‌كردنی‌ زیاتری‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا زۆربه‌ی‌ رۆشنبیران و نوسه‌ران و مامۆستایانی‌ زانكۆ ئیدانه‌ی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌یان كرد.

رێبین هه‌ردی‌ نوسه‌ر و روناكبیری‌ كورد پێی‌ وابو "به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی له هه‌مو رویه‌كه‌وه نائومێدكه‌ره و ئاماژه‌ی ئه‌و به‌یانه پێمان ده‌ڵێت، كه ئه‌وان به‌هه‌مو جۆرێك له‌سه‌ر گوێنه‌گرتن به‌رده‌وامن و به‌ته‌ما نین گۆڕانكاری بكه‌ن و داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ران بهێننه‌دی، وتیشی‌:  ئه‌گه‌ر ئه‌مه سیاسه‌تیان بێت ئه‌وا سیاسیه‌ته‌كه‌یان كاره‌ساتئامێزه و كوردستان به‌ره‌و قه‌یرانی گه‌وره‌تر ده‌بات.

هه‌روه‌ها مه‌سعود عه‌بدولخالق نوسه‌ر و روناكبیر پێی وایه پارتی و یه‌كێتی به‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه ده‌ریانكردوه رێگای گه‌نده‌ڵییان هه‌ڵبژاردوه و چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی ناقانونییان به‌كارهێناوه، راشیگه‌یاند كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ به‌م جۆره‌ی‌ ئێستا ناتوانێت پارێزگاری‌ له‌ ماده‌ی‌ 140 و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بكات".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ داواكارییه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن و شه‌قام به‌ ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ ناوده‌برێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری‌ كورد و په‌رله‌مانتاه‌ری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق رایگه‌یاند: به‌یاننامه‌كه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ جۆرێك له‌ تۆمه‌تبارکردنی‌ تێدایه‌ كه‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ باسی‌ ده‌ستی‌ بێگانه‌ ده‌كات له‌پشت ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه‌ش هه‌ق نیه‌ باسی‌ لێوه‌ بكرێت چونكه‌ له‌ راستیدا هیچ ده‌ستێكی‌ بێگانه‌ نابینرێت.

ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بو لانی‌ كه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ له‌دوای‌ 17ی‌ شوبات وه‌ك تاوانه‌كانی‌ په‌لاماردان و سوتاندنی‌ كه‌ناڵه‌كانه‌ی‌ راگه‌یاندن و باره‌گای‌ حیزبی‌، ده‌ستگیر بكرانایه‌، ئه‌مه‌ش كه‌موكوڕی‌ ده‌سه‌ڵات پیشان ده‌دات و وا ده‌كات خه‌ڵك متمانه‌ و بڕوای‌ به‌ ده‌سه‌ڵات لاوازبێت

یوسف محه‌مه‌د، هه‌ڵسوڕاوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ لێدوانێكدا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: هێشتا یه‌كێتی‌ و پارتی ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌م حكومه‌ته‌ بده‌ن كه‌ فه‌شه‌لی‌ هێناوه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كاندا و كه‌مترین داواكاریه‌كانی‌ شه‌قامی پێ جێبه‌جێ ناكرێت، كه‌ خۆی‌ له‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ر كردوه‌.
وتیشی: به‌و به‌لاغه‌یان ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی ده‌یانه‌وێت لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ شكسته‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌ بگلێنن.

عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی له‌ لێدوانێكدا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: من پێموایه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ داواكاری‌ و پرۆژه‌ چاكسازیه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن په‌له‌یان كردوه‌، پێویستبو به‌رپرسانه‌و خه‌مخۆران به‌ ده‌م داواكاریه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌رو پرۆژه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بهاتایه‌ن.

وتیشی: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ هه‌ردو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كه‌، كه‌ هیچ رێگه‌یه‌كیان نه‌هێڵاوه‌ته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن و پێكه‌وه‌ تاوتوێكردنی ئه‌و گرفتانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و بون‌ به‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌، هاوكات وه‌ڵامه‌كه‌یان ره‌وشه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزبون و خراپتر ده‌بات و به‌رامبه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆن تونده‌و هیچ وه‌ڵامێكی خۆپیشانده‌ران و هیچ ئاسۆیه‌كی تێدا نیه‌ بۆیان.

شه‌قام ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بێ قه‌ید و شه‌رتی‌ ده‌وێت
سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ به‌یاننامه‌ و راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ململانێی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وامه‌، مه‌یده‌نه‌كانی‌ ئازادی‌ شار و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بێ قه‌ید و شه‌رتی‌ هه‌رسێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ ده‌كات، هاوكات ئه‌نجمه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ نه‌خشه‌ رێگایه‌كی‌ بۆ راده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات خسته‌ڕو كه‌ تیایدا هاتوه‌: "له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌و راستیانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ری‌ كوردستان نه‌خشه‌ڕێگای‌ "چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی‌ قه‌یرانی‌ سیاسی‌ و حوكمڕانی‌ له‌ كوردستان" به‌م شێوه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین:- یه‌كه‌م: ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی‌ بێ‌ قه‌ید و شه‌رتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. دوه‌م: ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی‌ بێ‌ قه‌ید و شه‌رتی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. سێهه‌م: ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی‌ بێ‌ قه‌یدوشه‌رتی‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێستای په‌رله‌مانی‌ كوردستان و راسپاردنی یه‌ك ئه‌ندامی تری په‌رله‌مان ته‌نها بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی كاتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان تا راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به‌ڕه‌سمی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ قۆناغی‌ گواستنه‌وه‌ بۆ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ نیشتمانی‌ بێلایه‌ن بۆ قۆناغی‌ گواستنه‌وه‌ (كه‌ پاڵێوراوانی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان دیاری ده‌كرێن)".

 

Sbeiy.com © 2007