Print
 وه‌به‌رهێنانه‌ یان له‌بنهێنان...
هه‌ڕاجكردنی‌ خاكی‌ كوردستان
Saturday, April 16, 2011

ئاماده‌كردنی‌: عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح
92 ملیۆن مه‌تر زه‌وی‌ كوردستان دراوه‌ته‌ 320 پرۆژه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ش له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێرن، به‌شێوه‌یه‌ك ژماره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر دو ئه‌وه‌نده‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌.

هه‌ڕاجكردنی‌ خاكی‌ كوردستان
زه‌وی‌ ئێستا كوردستان نه‌ك به‌ته‌نیا موڵكی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ نییه‌ كه‌ ئێستا له‌ حكومه‌تدان، به‌ڵكو موڵكی‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش نییه‌، زه‌وی‌ ‌و خاكی‌ كوردستان موڵكی‌ ده‌یان نه‌وه‌ی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م خاكه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌م شێوازه‌ی‌ سێ‌ ساڵ ‌و حه‌وت مانگی‌ رابردو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خاكی‌ كوردستاندا بكات، نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌ به‌هۆی‌ نه‌مانی‌ زه‌وی‌ شیاوه‌ و توشی‌ گه‌وره‌ترین گرفتی‌ خاك ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌ له‌ كه‌م شوێنی‌ دوینادا وێنه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ناوی‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردودا به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر 36 هه‌زار و 971 دۆنم زه‌وی‌ كوردستان دراوه‌ به‌ 320 پرۆژه‌ به‌ناوی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان.

به‌پێی‌ یاسای ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ ساڵی‌ 2006 هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێك پرۆژه‌یه‌كی‌ وه‌به‌رهێنان بكات له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا زه‌وی‌ شیاوی‌ بێ‌ به‌رامبه‌ر بۆ دابین ده‌كرێت.

ئه‌وه‌ی‌ گرفته‌ لێره‌دا رونییه‌ پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان چییه‌، حكومه‌ت له‌ناو جه‌رگه‌ی‌ بازاڕدا ده‌یان كیلۆمه‌تر زه‌وی‌ بۆ كه‌سێك دابینده‌كات به‌ناوی‌ پرۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ و به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر پێی‌ ده‌درێت، پێدانی‌ ئه‌م زه‌وییانه‌ بۆ هه‌مو كه‌سێك نییه‌، ئه‌و زه‌وییانه‌ی‌ كه‌ به‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ به‌ناو وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ دراون ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕێكی‌ ئازادا و به‌شێوه‌ی‌ زیادكردن بفرۆشرانه‌یه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار نرخییان بو، به‌ڵام بۆچی‌ به‌بێ‌ به‌رامبه‌ر ته‌نیا به‌ چه‌ند كه‌س ‌و كۆمپانیایه‌كی‌ دیاریكراو ده‌درێت. (له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا له‌ رێگه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ "رۆژنامه‌" و "سبه‌ی"ه‌وه‌ ناوی‌ هه‌مو ئه‌و كه‌س ‌و كۆمپانیایانه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌یان وه‌رگرتوه‌).

نیشته‌جێبون
زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داویه‌تییه‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان، بۆ كه‌رتی‌ نیشته‌جێبونه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێیوابوه‌ به‌ هه‌ڕاجكردنی‌ خاكی‌ كوردستان كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبون چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام پاش چوار ساڵ هێشتا هه‌ستی‌ به‌وه‌ نه‌كردوه‌ كه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ ئه‌و پێڕه‌وی‌ كردوه‌ فاشیل بوه‌، به‌ حیسابی‌ خۆی‌ ده‌یان دۆنم زه‌وی‌ داوه‌ به‌ كۆمپانیایه‌كی‌ نزیك حیزب بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبون، ئێستاش ده‌زانێت ئه‌و خانو ڤێلایانه‌ی‌ كه‌ دروستكراوه‌ نرخی‌ 360 هه‌زار دۆلاره‌ (36) ده‌فته‌ر و هیچ كرێچییه‌ك نییه‌ له‌ كوردستاندا لێی‌ سودمه‌ند بێت، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ته‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم فاشیله‌، له‌ هیچ شوێنێكی‌ دونیادا نییه‌ وه‌ك كوردستان وه‌به‌رهێنه‌ری‌ حیزب ئه‌وه‌نده‌ ئاسان ده‌وڵه‌مه‌ند ببێت، له‌ كوێی‌ دونیادا هه‌یه‌ وه‌به‌رهێنه‌ر له‌ یه‌ك خانو یان ڤێلایه‌كدا 150 هه‌زار دۆلار قازانج بكات، له‌سه‌ر حیساب ‌و خاكی‌ نه‌وه‌ی‌ ئێستا و ئاینده‌ی‌ كوردستان، ئایا ئه‌مه‌ی‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ وه‌به‌رهێنانه‌ یان له‌بنهێنان.

ئه‌گه‌ر یه‌ك لێكدانه‌وه‌ی‌ ئاسان بكه‌ین بۆ به‌ناو حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌زانین له‌م سیاسه‌ته‌دا فاشیل بوه‌.

زۆرینه‌ی‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ی‌ كه‌ به‌ناوی‌ وبه‌رهێنانه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ بۆ پرۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبونه‌.

له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا 36 هه‌زار و 971 دۆنم زه‌وی‌ كه‌ 92 ملیۆن ‌و 427 هه‌زار و 500 مه‌تر زه‌وی‌ ده‌كات دراوه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئه‌نجاندانی‌ پرۆژه‌، 41% ئه‌و روبه‌ره‌ش كه‌ 15 هه‌زار و 606 دۆنم (39 ملیۆن15 هه‌زار مه‌تر) دراوه‌ به‌ پرۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبون.

پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌م 39 ملیۆن مه‌تر زه‌وییه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوه‌یه‌تییه‌ پرۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبون، توانیویه‌تی‌ كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا چاره‌سه‌ر بكات؟
بێگومان نه‌خێر، چونكه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت گوتی‌ 76 هه‌زار خێزانی‌ كرێچی‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی‌ كه‌ دراوه‌ته‌ پرۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبون به‌سه‌ر ئه‌و 76 هه‌زار كه‌سه‌دا دابه‌شكرایه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و 513 مه‌تر زه‌وی‌ به‌رده‌كه‌وت ‌و ئه‌گه‌ر 50% ئه‌و روبه‌ره‌ش بكرێته‌ خزمه‌تگوزاری‌، ئه‌وا هێشتا هه‌ر خێزانێكی‌ كرێچی‌ 256 مه‌تر زه‌وی‌ به‌رده‌كه‌وت.

هه‌ولێر دو هێنده‌ی‌ سلێمانی
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ گه‌وره‌ترین جوگرافیای‌ كوردستانه‌ و له‌ڕوی‌ دانیشتوانیشه‌وه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ له‌ هه‌ولێر زیاتره‌، به‌ڵام ژماره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر دو ئه‌وه‌نده‌ی‌ سلێمانییه‌.

زۆرینه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ كوردستان له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێره‌، به‌شێوه‌یه‌ك ژماره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر 181 پرۆژه‌یه‌ و ژماره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ 90 پرۆژه‌یه‌ و ژماره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ پارێزگای‌ دهۆك 48 پرۆژه‌یه‌.

روبه‌ری‌ ئه‌و زه‌وییه‌ی‌ له‌ هه‌ولێر دابه‌شكراوه‌ به‌ناوی‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ 3.8 ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌و زه‌ویه‌یه‌ له‌ سلێمانی‌ به‌ناوی‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌، چونكه‌ له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا 6125 دۆنم زه‌وی‌ دابه‌شكراوه‌ و له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێریشدا 23هه‌زار و 818 دۆنم زه‌وی‌ دابه‌شكراوه‌ و له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆكیشدا 4027 دۆنم زه‌وی‌ دابه‌شكراوه‌.

سه‌رمایه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان
سه‌رمایه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 17 ملیار و 362 ملیۆن ‌و 402 هه‌زار دۆلاره‌، زۆرینه‌ی‌ ئه‌م سه‌رمایه‌یه‌ش له‌ شاری‌ هه‌ولێر، به‌شێویه‌ك سه‌رمایه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر 9 ملیار و 424 ملیۆن دۆلاره‌ و سه‌رمایه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ سلێمانی‌ 6 ملیار و 308 ملیۆن دۆلاره‌ و سه‌رمایه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ دهۆك یه‌ك ملیار و 279 ملیۆن دۆلاره‌.

وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانی‌
هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا زۆر باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا ژماره‌ی‌ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانیانه‌ چه‌نده‌؟ ده‌بێت پرۆژه‌كانیان چه‌ند گرنگ بن وا ئه‌و روبه‌ره‌ زۆره‌ی‌ زه‌وی‌ كوردستانیان پێدراوه‌، له‌م دۆسییه‌دا كه‌ بۆ كه‌رتی‌ وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان كراوه‌ته‌وه‌، وه‌ڵامی‌ هه‌مو ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌درێته‌وه‌.

ژماره‌ی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ كه‌ هی‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانین له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا 24 پرۆژه‌یه‌ و 19 پرۆژه‌ش هاوبه‌شه‌ له‌نێوان وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانی‌ و خۆماڵیدا و 227 پرۆژه‌ش هی‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ خۆماڵییه‌.

سه‌رمایه‌ی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ش كه‌ هی‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانین، سه‌رمایه‌ی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ش كه‌ هی‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ بیانین له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا 3 ملیار و 920 ملیۆن دۆلاره‌ و سه‌رمایه‌ی‌ پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ نێوان وه‌به‌رهێنه‌ری‌ خۆماڵی‌ ‌و بیانی‌ 369 ملیۆن دۆلاره‌ و سه‌رمایه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ خۆماڵیش 12 ملیاره‌ 750 ملیۆن دۆلاره‌.


خوێنه‌ران ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌م نزیكانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ "رۆژنامه‌"وه‌ ناوی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ زه‌ویان بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڕاجكردنی‌ خاكی‌ كوردستان وه‌رگرتوه‌.

Sbeiy.com © 2007