Print
 ئه‌حمه‌د ده‌نیز: دوا ده‌رفه‌ت ده‌ده‌ینه‌ تورکیا
Sunday, May 8, 2011

سازدانی: محه‌مه‌د عوسمان
له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سبه‌ی، ئه‌حمه‌د ده‌نیز به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: "ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین که‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی‌ كوردستان، چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد ته‌نها به‌ئاشتی‌ و به‌ڕێگای‌ دیالۆگی‌ دیموكراتی‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت".

سبه‌ی‌: دیداری ئایسه‌ل توغلوک له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا‌ ئۆجه‌لان، رایگه‌یاند: به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت جارێکی ‌تر چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان ئه‌نجام داوه‌ و وتی: ئۆجه‌لان ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی وه‌ک نییه‌تێکی باش هه‌ڵسه‌نگاندوه‌. تێڕواننیی‌ ئێوه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ چیه‌؟ تورکیا تاچه‌ند بڕوای به‌و مه‌سه‌له‌یه‌‌ هه‌یه‌ و هیچ هه‌نگاوێکی‌ چاره‌سه‌ری‌ ناوه‌؟
ئه‌حمه‌د ده‌نیز: ئه‌و دیدارانه‌ باشن له‌هه‌ندێك روه‌وه‌، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی‌ تورکیا هیچ هه‌نگاوی‌ ئیجابی‌ نه‌ناوه‌، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا ئۆپه‌راسیۆنی‌ چه‌كداری‌ به‌رده‌وامه‌ و‌ كاتێك ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان چاوپێكه‌وتن ده‌كات به‌هه‌نگاوی‌ باشی‌ ده‌بینین، به‌ڵام ئیراده‌ی‌ سیاسی‌ له‌توركیادا نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد له‌باكور، كورد تاوه‌كو ئێستا چه‌ندین جار هه‌نگاوی‌ ناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ر،‌ به‌ڵام توركیا هیچ هه‌نگاوێكی‌ نه‌ناوه‌، ته‌نها به‌قسه‌یه‌، ئه‌وه‌تا ئۆپه‌راسیۆنی‌ له‌شكری‌ به‌رده‌وامه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی‌ سیاسی‌ به‌رده‌وامه‌ و ده‌ستگیركردنی‌ سیاسی‌ به‌رده‌وامه‌، تاوه‌كو ئێستا چه‌ندین كه‌س له‌سه‌ر سیاسه‌ت ده‌ستگیركراون، ته‌نانه‌ت مافی‌ ئه‌وه‌شیان پێنادرێت به‌زمانی‌ دایك به‌رگری‌ له‌ مافی‌ خۆیان بكه‌ن .

سبه‌ی‌: عه‌بدوڵا‌ ئۆجەلان له‌مانگی‌ رابردودا له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كانی‌ وتویه‌تی: دەبێ لەبەرامبەر مەترسییەکانی ئێران وشیار بن، ئێران زۆر مەترسیدارە، دەبێ لەبەرامبەریدا زۆر وشیار بن. ئەگەر پێویست بکات، مرۆڤەکان لەوێ دەتوانن پەنا بۆ چیاکان بەرن؟ خوێندنه‌وه‌تان چیه‌؟ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق و نێچیرڤان بارزانی‌ جێگری‌ سه‌ۆكی‌ پارتی سه‌ردانی‌ ئێرانیان نه‌كردبو؟ به‌ڵام ئێستا له‌سه‌ردانه‌كه‌یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ره‌وشه‌كه‌ دیاره‌ و ئاڵۆزه‌! هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئێوه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ چیه‌؟ ئایه‌ كورد به‌گشتی‌ و حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات هیچ پلاتفۆڕمێكی‌ هاوبه‌شیان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و شته‌ی خۆتان پێی ده‌ڵێن پلانی‌ پڕ مه‌ترسیی‌ ئێران؟
ئه‌حمه‌د ده‌نیز: پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌ بڵێم: ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین که‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی‌ كوردستان، چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد ته‌نها به‌ئاشتی‌ و به‌ڕێگای‌ دیالۆگی‌ دیموكراتی‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت،‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌که‌که‌ چه‌ند جارێك ناوبژیوانیمان كردوه‌ له‌نێوان ده‌وڵه‌تی‌ ئێران و پژاكدا، پژاك له‌سه‌ر داوای‌ ئێمه‌ چالاكی‌ راوه‌ستاندوه‌ و‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئێرانیش كه‌مێك وه‌ڵامی‌ ئێمه‌ی‌ داوه‌ته‌وه‌،‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ كێشه‌كان به‌دیالۆگ چاره‌سه‌ر ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئێران ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی‌ به‌جدی‌ وه‌رنه‌گرتوه‌،‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ ئێرانیش پڕ مه‌ترسییه‌،‌ ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ ئێران رێككه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كورد، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ده‌ستدرێژی‌ نه‌بێت بۆ سه‌ر ئێمه‌ و پژاك،‌ له‌گه‌ڵ توركیاش و‌ له‌گه‌ڵ عێراق و‌ له‌گه‌ڵ سوریاشدا به‌هه‌مان شێوه‌،‌ به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ كام له‌م ده‌وڵه‌تانه‌ نزیك نه‌بونه‌ته‌وه‌، ئێستا ده‌وڵه‌تی‌ ئێران له‌هه‌وڵی‌ له‌سێداره‌دانی‌ گیراوانی‌ سیاسی‌ كورددایه‌ و چه‌ندین كه‌سی‌ له‌سێداره‌ داوه‌، ‌ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر كوردان، ئه‌و كاته‌ پێویسته‌ مرۆڤه‌كان بپارێزین، ئێمه‌ باش له‌بارودۆخی‌ ئه‌مڕۆ تێده‌گه‌ین و‌ بارودۆخی‌ ئێرانیش باش هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، كاتێك فشاری‌ ده‌ره‌كی‌ له‌سه‌ر ئێران زیاد بكرێت ئێمه‌ هیچ هه‌نگاوێك نانێین بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران، پێویسته‌ ئێرانیش شه‌ڕ بۆ سه‌ر ئێمه‌ ده‌ست پێنه‌كات،‌ پێویسته‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به ‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت، ‌ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت ئه‌و كات به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌وان .
 

سبه‌ی‌: به‌خشینی خه‌ڵاتی ئاشتی دادگای‌ باڵای‌ ئه‌فه‌ریقای‌ باشور، هه‌وڵه‌کانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد به‌ رێگای ئاشتی و دیموکراتی له‌ ئاستی جیهاندا، ده‌نگی دایه‌وه‌. ئایه‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ گه‌یشت؟ كه‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌که‌، پارێزه‌ری رێبه‌ری ئه‌فه‌ریقای باشور، نیلسۆن ماندێلا و دادوه‌ری دادگای باڵای ئه‌فه‌ریقای باشور ئه‌سا موسا وتی: بۆئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی که له‌ ساڵی 2010 دا دابویان به‌ ئۆجه‌لان راده‌ستی ئه‌و بکه‌ن، ئه‌وان چون بۆ ئیمرالی‌ یان ده‌چن؟‌ هاتنی‌ ئه‌سا موسا بۆ باكوری‌ كوردستان، دوای‌ سه‌ردانی‌ بۆ ئامه‌د هیچ كاریگه‌ری‌ هه‌بو له‌سه‌ر ئازادكردنی‌ عه‌بدوڵا‌ ئۆجه‌لان و گۆڕانكاری‌ له ‌سیاسه‌تی‌ توركیادا؟
ئه‌حمه‌د ده‌نیز: وه‌ك ئێمه‌ ئاگادارین تاوه‌كو ئێستا ئه‌و خه‌ڵاته‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ست رێبه‌ر ئاپۆ، ته‌نانه‌ت جارجاره‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م پارێزه‌ره‌كانیشیدا داده‌نێن له‌كاتی‌ سه‌ردانكردنیدا، كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی‌ ناوداری‌ ئه‌فه‌ریقای‌ باشور و چه‌ند شوێنێكی‌ تریش هاتبون و‌ ئامانجی‌ ئه‌وان له‌سه‌ردانه‌كه‌یان چه‌ند سمینار و دیالۆگیان ساز كردبو و‌ كاریگه‌ریشی‌ هه‌بو له‌سه‌ر راگرتنی‌ شه‌ڕ و هه‌نگاوی‌ باشیان نابو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ پێویست بو بكرێت هه‌نگاوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ تورك بو، به‌ڵام به‌جدی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌نراوه‌ .
 
سبه‌ی‌: سه‌باره‌ت به‌ئاگربه‌ستی‌ تاکلایه‌نه‌ی ئێوه‌ تا هه‌ڵبژاردنی‌ حوزه‌یران، به‌رده‌وامی‌ له‌شكركێشی‌ و هێرشه‌كانی‌ توركیا بۆ سه‌ر ئێوه‌ چ مانایه‌كی‌ هه‌یه‌؟

ئه‌حمه‌د ده‌نیز: ئێمه‌ یه‌كلایه‌نانه‌ چه‌ندین جار ئاگربه‌ستمان راگه‌یاندوه‌، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی‌ تورك هیچ هه‌نگاوێكی‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌هاویشتوه،‌ به‌ڵكو ئۆپه‌راسیۆنیشی‌ به‌رده‌وام كردوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ فیداكاری‌ هه‌ڤاڵانی‌ ئێمه‌وه‌ بوه‌ كه‌ له‌ئێستادا شه‌ڕ گه‌وره‌ نه‌بوه‌ و دروست نه‌بۆته‌وه‌، ئه‌وان له‌ئێستادا له‌خۆئاماده‌كردندان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێمه‌، ئه‌گه‌ر ئاگربه‌ستی‌ ئێمه‌ نه‌بوایه‌ ده‌یان كه‌س ده‌كوژرا،‌ ئێمه‌ باش ده‌زانین كه پارتی دادو گه‌شه‌پێدان (‌ئاکه‌په)‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی‌ چاكسازی‌ نیه‌، ئیراده‌یه‌كی‌ سیاسیشی‌ نیه‌، كه‌وابو چی‌ دروست ده‌بێت، شه‌ڕ دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ئێستادا ته‌نها پارێزگای‌ له‌خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ ده‌یسه‌لمێنێ كه‌ هه‌نگاوی‌ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد نانرێت له‌لایه‌ن AKوه‌، تا ته‌واوبونی‌ هه‌ڵبژادنه‌كان ئێمه‌ هیچ هێرشێك ناكه‌ینه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ تورك، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه ‌نیه‌ كه‌ هێرشمان بكرێته‌ سه‌ر و بێده‌نگ بین، به‌ڵکو مافی‌ هێزه‌كانی‌ ئێمه‌یه‌ كه‌ پاێزگاری‌ له‌خۆیان بكه‌ن، بۆ نمونه‌ له‌هه‌فته‌ی‌ رابردودا چه‌ند هه‌ڤاڵێك شه‌هید بون، ئێمه‌ ته‌نها پارێزگاریمان له‌خۆمان كرد هیچ وه‌ڵامێكی‌ ئه‌و هێرشانه‌ی‌ توركیا ناده‌ینه‌وه‌.

سبه‌ی‌: دوای‌ ته‌واوبونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ توركیا هیچ هه‌نگاوێكی‌ چاره‌سه‌ری‌ بنه‌ڕه‌تی‌ نه‌نێت، ‌پێتانوایه‌ گه‌لی‌ كورد له‌باكور راده‌په‌ڕێت؟
ئه‌حمه‌د ده‌نیز: به‌ڵێ‌، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی‌ AKPسیاسه‌تی‌ دوڕویی‌ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن په‌یڕه‌و ده‌كات، له‌ رابردودا وتی:‌ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد ده‌كه‌م، به‌ڵام ئێستا ریفراندۆمه،‌ دواتر وتی:‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆماره،‌ ئێستاش ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردنی‌ گشتییه‌، دڵنیاین دوای‌ ته‌واوبونی‌ هه‌ڵبژاردن بیانوی‌ هه‌ڵبژادنی‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان دوا شانسه‌ كه‌ ده‌یده‌ینه‌ ده‌وڵه‌تی‌ تورك یان دوا ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م حكومه‌تی‌ AKPدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد، دوای‌ ته‌واوبونی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 12ی حوزه‌یران كه‌ ده‌ستوری‌ توركیا نه‌گۆڕدرێت و هه‌نگاوی‌ راسگۆیانه ‌و راسته‌قینه‌ نه‌هاوێت بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد له‌باكوردا، ئه‌وكات شه‌ڕ ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام ئه‌وجاره‌ وه‌كو رابردو شه‌ڕ ناكه‌ین، به‌ڵكو شه‌ڕێكی‌ شۆڕشگێڕانه‌تر و گشتی‌ و به‌ربڵاو ده‌ست پێده‌كه‌ین، به‌هه‌مو هێز و توانایه‌كمانه‌وه‌، به‌هه‌مو ده‌رفه‌ت و ئیمكانیاتێكمانه‌وه‌ به‌ره‌نگاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا ده‌بینه‌وه‌، هیواخوازین دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م جاره‌ چاره‌سه‌ری‌ راسته‌قینه‌ بێته‌ ئاراوه‌ و ئاڵۆزی‌ دروست نه‌بێت، ئه‌گه‌ر وانه‌كات ئه‌وا هه‌مو هه‌ڤاڵان و گه‌لی‌ كورد له ‌باكور وه‌ڵامی‌ ده‌وڵه‌تی‌ تورك ده‌ده‌ینه‌وه‌، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا سیاسه‌تی‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنیان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ئه‌وكات مرۆڤه‌كانی‌ ئه‌وانیش ده‌كوژرێن، به‌ڕاستی‌ راپه‌ڕینێكی‌ گشتی‌ و به‌رخودانێكی‌ گشتی‌ به‌هه‌مو توانا و هێزمانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین .

سبه‌ی‌: له ‌راگه‌یاندنه‌كاندا باسی‌ دیداری‌ لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان ده‌كرێت بۆ دروستكردنی‌ ئۆپۆزسیۆن، تاچه‌ند لێكنزیكبونه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌نجامه‌كانی‌ چی‌ بوه‌؟
ئه‌حمه‌د ده‌نیز: به‌ڵێ‌ له‌ ئێستادا بۆ هه‌ڵبژاردن BDP به‌ره‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌نگاوێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی‌ ناوه‌ و‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ تریش هه‌یه‌ وه‌ك پانكرات و كۆم كارت له‌ناودان، هیچ حیزبێكی‌ تری‌ كوردی‌ نه‌ماوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌، به‌ڵام ئێستا حكومه‌تی‌ AKPهه‌وڵێكی‌ زۆر ده‌دات بۆ لاوازكردنی‌ BDP- PKK بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند شه‌خسیه‌تێكی‌ بانگ كردۆته‌وه‌ بۆ توركیا وه‌ك كه‌مال گوڵپای‌ ئه‌گه‌رچی‌ وازیشی‌ له‌سیاسه‌ت هێنابو، بانگی‌ شڤان په‌روه‌ری كردوه‌،AKP له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌كاریان بهێنێت، چه‌ند سه‌خسیه‌‌تێكی‌ تر كه‌ ئێمه‌ پێیان ده‌ڵێین كوردیAKPوه‌ هه‌ندێك پاره‌یان پێداون و ده‌یانه‌وێت سیاسه‌تێك له‌سه‌ر ئه‌وان بكه‌ن و به‌كاریان بهێنن، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ش سه‌ركه‌وتو نه‌بون، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ باشBDP توانی‌ كورده‌كان له‌ده‌وری‌ خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌ و توانی‌ ئه‌و كارته‌ی‌AKP هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌یویست له‌و رێگایه‌وه‌ كورد پاچه‌ پارچه‌ بكات و دژی‌ یه‌كتری‌ به‌كاریان بهێنێت، ئه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ ستراتیجی‌ دوژمنی‌ كورده‌، به‌ڵام كورد له‌وه‌ هۆشیارتره‌ و‌ ئه‌و قۆناغه‌ی‌ تێپه‌ڕاندوه‌ كه‌ به‌چه‌ند قروشێك خۆی‌ بفرۆشێت و هه‌لبخه‌ڵه‌تێ.
 
سبه‌ی‌: چی‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ لێكنزیكبونه‌وه‌ی‌ حیزبه‌‌ سیاسییه‌کانی‌ كورد یان به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد؟

ئه‌حمه‌د ده‌نیز: ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌رگامان واڵایه‌ بۆ هه‌مو لایه‌نێك، پێویستیشه‌ هه‌مومان هه‌وڵی‌ لێكنزیكبونه‌وه‌ بده‌ین، ‌كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ هه‌مو یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بین و‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ببه‌ستین، هه‌تا پێوسیت بو له ‌رابردوشدا هه‌نگاوی‌ له‌م جۆره‌ بنرابایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ نه‌بوه‌، ئێستاش هه‌ندێك لایه‌ن ده‌ڵێن وه‌زع و كات له‌بارنیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ڵێین پێویسته‌ له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگی‌ تر یان ده‌ مانگی‌ تردا هه‌وڵ بدرێت، یان هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت هه‌ندێ لایه‌نی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردبێن، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ڵێن كه‌ بۆ كورد پێویسته‌ بابێن، چی‌ پێویست ده‌كات هه‌ندێك لایه‌ن ده‌چن بۆ توركیا یان بۆ ئێران یان بۆ ئه‌ملا و ئه‌ولا باشه‌، بۆچی‌؟ كورد هه‌موی‌ نه‌یه‌ت به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشین گفتوگۆ بكه‌ین، یان له‌ئێستادا چه‌ند حیزبێك هه‌یه‌ ناوێرن بێن له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا دانیشن، ئه‌مه‌ش به‌لامانه‌وه‌ سه‌یره‌، باشه‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ تاكو كه‌ی‌ ده‌بێت به‌رده‌وام بێت؟ ئێمه‌ مافی‌ خۆمانه‌ كه ‌هه‌مومان به‌یه‌كه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ین یه‌ك ده‌نگ بین له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌مان با سیاسه‌تی‌ جیاوازمان هه‌بێت، په‌یوه‌ندیه‌كی‌ له‌و‌ شێوه‌یه‌ له‌دژی‌ كه‌سمان نیه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌مو گه‌لی‌ كورده‌، یان با كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ببه‌ستین با ئێران و توركیا و سوریا و عێراق نوێنه‌ریان بێت، ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ كۆنین، به‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ قیامه‌ت هه‌ڵناستێ .
چوار كورد له‌هه‌ركوێ‌ داوای‌ مافی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ بكات ئێمه‌ له‌گه‌ڵیانین .
له‌ ئێستادا هیچ كۆسپێك له‌به‌رده‌م به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ نه‌ماوه‌، له‌به‌رده‌م یه‌ك ده‌نگی‌ نه‌ماوه‌، هۆكاری‌ چیه‌ ئێمه‌ له ‌رابردودا سه‌ركه‌وتو نه‌بوین؟ هۆكاری‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست نه‌بوین سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌مو شۆڕشه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی‌ رابردو، هیوادارین به‌زوترین كات بگه‌ین به‌سه‌رجه‌م مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانمان،‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵداین و‌ ستراتیجیه‌تی ‌ PKK ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مو كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بێت.

Sbeiy.com © 2007