Print
 سه‌ندیكایه‌كی‌ نوێ بۆ به‌رگریكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان...
Saturday, June 4, 2011

دوای‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان بۆ هیومان رایتس ۆچ، پێویستی‌ دروستبونی‌ سه‌ندیكایه‌كی‌ ئازاو ئازاد بوه‌ته‌ خواستی‌ رۆژنامه‌نوسان

راپۆرتی‌: شه‌نكار عه‌بدوڵا
له‌دوای‌ 25/7/2009 پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ ئه‌هلی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو هه‌ڵكشاوه‌، به‌راده‌یه‌ك له‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ خۆپیشاندنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌17ی‌ شوباته‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد و زیاتر له‌ 2 مانگی‌ خایاند، پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ ئه‌هلی‌ ‌و  ئۆپۆزسیۆن گه‌شته‌ لوتكه‌، به‌مه‌ش رێكخراوی‌ هیومان رایتس ۆچ له‌ 23/5/2011 راپۆرتێكی‌ له‌سه‌ر پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر به‌رۆژنامه‌نوسان بڵاوكرده‌وه‌، دوابه‌دوای‌ ئه‌م راپۆرته‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش وه‌ڵامی راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچی‌ دایه‌وه‌ و به‌ چه‌واشه‌كاری‌ ناوزه‌ند كرد، به‌شێك له‌ رۆژنامه‌نوسانیش پێیان وایه‌، سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان به‌ته‌واوه‌تی‌ میسداقیه‌ت ‌و سه‌ربه‌خۆبونی‌ خۆی‌ خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

هیومان رایتس ۆچ ‌و پێشێلكارییه‌كان ده‌سه‌ڵات
رێكخراوی‌ هیومان رایتس ۆچ كه‌ رێكخراوێكی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ و چاودێری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ده‌كات له‌جیهاندا، له‌  23ی ئایاری‌ 2011: راپۆرتێكی‌ به‌ناو نیشانی‌ (كوردستانی عێراق: هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ بێده‌نگكردنی میدیا) له‌م راپۆرته‌دا هیومان رایتس ۆچ له‌ سارا لی ویتسن، به‌ڕێوبه‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ هیومان رایتس ۆچ ئاماژه‌ به‌به‌شێك له‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان كراوه‌، رایگه‌یاند: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی هێنانه‌دی سه‌رده‌مێكی نوێیدا له‌ ئازادی بۆ كوردی عێراق، به‌ڵام وادیاره‌ كه‌ رێزگرتنی بۆ مافی ئازادی راده‌ربڕینی كورد زیاتر نییه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی پێشو. له‌كاتێكدا كه‌ ده‌نگی داواكاری كۆتایی هێنان به‌ سه‌ركوتكاری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌په‌ره‌سه‌ندندایه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد هه‌وڵی بێده‌نگكردن و تۆقاندنی رۆژنامه‌گه‌ری ره‌خنه‌ئامێزده‌ده‌ن".

 رۆژی 17ی ئایاری 2011، پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، داوایه‌كی ته‌شهیری دژی ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین، تۆماركرد له‌به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گوایه‌ پلانێك له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، هاوبه‌شی له‌ حكومه‌تدا، هه‌بوه‌ بۆ تیرۆركردنی سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن. به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگا كه‌ نوسخه‌یان له‌لای هیومان رایتس ۆچه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان داوای یه‌ك ملیار دینار (864 هه‌زار دۆلار) قه‌ربو و بڕیارێك ده‌كات بۆ داخستنی گۆڤاری لڤین له‌رێی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردن.

له‌ ده‌قی داواكاندا هاتوه‌، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان داوای له‌سه‌ر ئه‌حمه‌د میره‌ تۆماركردوه‌ چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ی لڤین، "نه‌ك هه‌ر هیچ بنه‌مایه‌تی راست و دروستنی نییه‌ به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و پێشێلكردنی پیرۆزی و سه‌روه‌ریه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌ مه‌زنه‌كان"ی گه‌لی كوردستان.

له‌ كاتێكی پێشتری مانگی ئایاردا، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی عێراق و سكرتێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ داوایه‌كی دژی لڤین له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت تۆماركرد. ئه‌حمه‌د میره‌ به‌ هیومان رایتس ۆچی رایگه‌یاند، كه‌ به‌هۆی ئه‌و داوایه‌وه‌ رۆژی 5ی ئایار، پۆلیس ئه‌و و په‌یامنێری لڤین، ژیار موحه‌مه‌د، یان بۆ ماوه‌ی پێنج كاتژمێر ده‌ستگیركرد.

سارا لی ویتسن، به‌ڕێوبه‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ هیومان رایتس ۆچ وتی: "ئه‌و جۆره‌ داوایانه‌ی ته‌شهیر له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هیچ نین جگه‌ له‌ هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكراو بۆ سزادانی ره‌خنه‌گران و دروستكردنی كه‌شێكی پڕ له‌ ترس و سانسۆر له‌سه‌ر خۆدانان. هێرشه‌كانی بارزانی و هاوكاره‌كانی بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوسانی سه‌ربه‌خۆ زیانیان له‌سه‌ر "پیرۆزی" و "سه‌روه‌ریه‌كان" زیاتره‌ وه‌ك له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك له‌ میدیاكاندا".

له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچ سه‌ره‌ڕای‌ پێشێلكاری‌ زۆری‌ ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان، ئاماژه‌ به‌ شه‌هیدكردنی‌ هه‌ردو رۆژنامه‌نوس (سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان)كراوه‌.

سارا لی ویتسن وتی: "بارك ئۆباما، سه‌رۆكی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان، له‌ وتاره‌كه‌ی رۆژی 20ی ئایاردا ئاماژه‌ی به‌ به‌ره‌وپێشچونی دیموكراسی له‌ عێراقدا كرد، به‌ڵام واقیعه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ترس و سه‌ركوتكردنی حكومی له‌وێ له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌".

سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان ‌و وه‌ڵامێكی‌ چاوه‌ڕوانكراو
له‌زۆربه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌ دیكتاتۆره‌كان بایه‌خ به‌ راپۆرتی‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ناده‌ن ‌و زۆرجاریش به‌ چه‌واشه‌كار و دژی‌ ئه‌زمونی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانیان ناوزه‌ندی‌ ده‌كه‌ن، یان به‌رده‌وام وه‌ڵامێكی‌ ئاماده‌یان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م راپۆرتانه‌.

سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان چه‌ند ساڵێكه‌ دامه‌زراوه‌ و هه‌ر 6 مانگ جارێك راپۆرتی‌ پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ ئه‌م سه‌ندیكایه‌ نه‌یانتوانیوه‌ فشارێكی‌ وه‌ها له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكه‌ن كه‌ هیچ نه‌بێت پێشێلكاری‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان كه‌مبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌بو له‌ دۆسیه‌ حه‌ساسه‌كاندا بێ‌ هه‌ڵوێست بوه‌ و بگره‌ هه‌ندێجار به‌یاننامه‌ی‌ له‌دژی‌ میدیا و میدیاكاران بڵاوكردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێش هه‌ر شتێ‌ میسداقیه‌ت ‌و بێلایه‌نی‌ ئه‌م سه‌ندیكای‌ خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هه‌مو ئه‌م هۆكارانه‌ش وایان كردوه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسه‌ دیاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌بنه‌ ئه‌ندام له‌م سه‌ندیكایه‌دا.

لیژنه‌ی‌ داكۆكی‌ له‌ئازادی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ و مافی‌ رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان له‌ رۆژی‌ 2/6/2011 له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ راپۆرتێكی‌ رێكخراوی (هیومان رایتس ۆچ)، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌، كه‌ راپۆ‌رته‌كه‌ دور له‌ بنه‌ماكانی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و واقیعی‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان داڕێژراوه‌.

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ هاتوه‌: "به‌شێكی‌ گرنگی‌ راپۆرته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ روكه‌شانه‌ و ئاوێته‌ بو به‌مه‌رامی‌ سیاسی‌ خراوه‌ته‌ڕو، دور له‌ئیتیكی‌ رۆنامه‌گه‌ری‌ و بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ خودی‌ رێكخراوه‌كه‌ بازی‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك هه‌قیقه‌تی‌ تایبه‌ت به‌دۆخی‌ رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان داوه‌ و په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ نێو كۆمه‌ڵێك كایه‌ی‌ سیاسی‌ كه‌ له‌م دواییانه‌دا هه‌رێمی‌ كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ بینی"‌.

ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: نیگه‌رانی‌ و بگره‌ ره‌خنه‌شمان ئاراسته‌ی‌ به‌رێز (سارا لی‌ ویتسن) به‌رێوه‌به‌ری‌ راپه‌ڕاندنی‌ به‌شی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و باكوری‌ ئه‌فه‌ریقای‌ رێكخراوه‌كه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ راپۆرته‌كه‌ له‌رێگای‌ زانیاریه‌كانی‌ ئه‌وه‌وه‌ نوسراوه‌، دور له‌بنه‌ماكانی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و واقیعی‌ رۆژنامه‌نوسان له‌وڵاته‌كه‌مان داڕێژراوه‌.

‌لیژنه‌ی‌ داكۆكی‌ له‌ئازادی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ و مافی‌ رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی رونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌: نوێنه‌ری‌ (هیومان رایتس ۆچ- HUMAN RIGHTS WATCH) سیاسه‌تی‌ كردۆته‌ پێوه‌ر بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بارودۆخی‌ رۆژنامه‌نوسان، نه‌ك هه‌قیقه‌تی‌ بارودۆخی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ خستبێته‌ڕو، له‌هه‌مان كاتدا داواشیان له‌و رێكخراوه‌ كردوه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئیتیكی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ به‌پشتبه‌ستن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ واقیع روده‌دات، راپۆرت له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بڵاوكه‌نه‌وه‌ نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌.

وه‌ڵامی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان، هێنده‌ی‌ تر خۆی‌ خسته‌وه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌
رۆژنامه‌نوسان ره‌خنه‌ی‌ توند ئاراسته‌ی‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌كه‌ن، پێیان وایه‌ ئه‌و سه‌ندیكاش به‌ته‌واوه‌تی‌ كه‌وتوه‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ئه‌م رونكردنه‌وه‌شی‌ له‌و سۆنگه‌وه‌یه‌.   

ره‌حمان غه‌ریب، رۆژنامه‌نوس و رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ لێدوانێكدا بۆ‌ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی كه‌ باز ده‌دات به‌ سه‌ر راستییه‌كاندا راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانه‌ كه‌ نایه‌وێت راستییه‌كان وه‌ك خۆی ببینێت، چونكه‌ راستیه‌ك هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ ژماره‌ و شایه‌تحاڵ قسه‌ ده‌كات، ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ن كه‌ لێیان دراوه‌ و بریندار كراون و ئازار دراون.

رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: رێكخراوی (هیومان رایتس ۆچ) كه‌ سومعه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و درۆ ناكات و كاره‌كانی تێكه‌ڵی سیاسه‌ت ناكات.

كه‌مال ره‌وف سه‌رنوسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ له‌باره‌ی‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان بۆ راپۆرته‌ی‌ هیومان رایتس ۆچ به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان به‌م هه‌نگاوه‌یان ئه‌و راستیه‌ ئاشكراتر ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وان رێكخراوێكن بۆ ئه‌وه‌ دروستبون ته‌نیا به‌رگری له‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش كار بكه‌ن و ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه‌ له‌ رابوردودا بڵاویان كردۆته‌وه‌ یان له‌ ئاینده‌ ده‌یانه‌وێت بڵاویبكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا‌ میسداقیه‌تی خۆی له‌ ده‌ست ده‌چێت و وه‌ك سه‌ندیكایه‌كی زه‌رد ده‌رده‌كه‌وێت.

كه‌مال ره‌ئوف، ئه‌وه‌شی‌ وت: ناكرێ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان كه‌ خۆی سه‌د پرسیاری له‌سه‌ره‌، پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ دروست بكات. 

ئاكۆ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: خۆم ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نوسانم، به‌ڵام ئاگام له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌‌ نه‌بوه‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ تر خوێندومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنجم له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچ هه‌بێت، سه‌رنجم له‌سه‌ر ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ش هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ هیومان رایتس ۆچ رێكخراوێكی‌ خاوه‌ن ئیعتیباره‌ و له‌ دنیادا حساب بۆ راپۆرت و بۆچونه‌كانی‌ ده‌كرێت.

ئاكۆ محه‌مه‌د كه‌ هاوكات سه‌رنوسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ (روداو)یشه‌، پێیوابو له‌ئێستادا چاوێكی‌ به‌هێزتر هه‌یه‌ له‌سه‌ر روداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وتیشی: پێویسته‌ وه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌ی هیومان رایتس ۆچ بگه‌ین، كه‌ چاوێكی‌ به‌هێزتر هه‌یه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی‌ كوردستان و ده‌بێت بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت، ‌جێی‌ متمانه‌ی‌ كومه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بێت، چونكه‌ ‌گه‌ر ئه‌و ئیعتیباره‌ له‌ده‌ست بده‌ین، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان ره‌نگ و رویه‌كی‌ باشی‌ نابێت له‌ دنیادا، به‌ڵكو له‌ ئاینده‌دا خۆشمان ئه‌و هاوسۆزیه‌ی‌ له‌ دنیادا هه‌بو به‌رامبه‌رمان له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین. 

له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت نوسه‌ر و روناكبیر رێبین هه‌ردی به‌(سبه‌ی) راگه‌یاند: سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان بێلایه‌ن نه‌بوه‌ و ده‌وری ناشرین ده‌بینێت، كه‌ زیان به‌ سومعه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری و ده‌نگی ئازادی كورد ده‌گه‌یه‌نێت، رۆژ به‌ رۆژ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م سه‌ندیكایه‌ چه‌ند ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌، ئێمه‌ هه‌مومان له‌ كوردستاندا ده‌ژین و هه‌مو ئه‌و پێشێلكارییانه‌مان بینیوه‌، بۆ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان شه‌رمه‌ و بێده‌نگبوایه‌ باشتر بو، وه‌ك چۆن پێشتر بێده‌نگ بوه‌، نه‌ك پاساو بۆ پێشێلكاری بهێنێته‌وه‌ و په‌ڕه‌ی ره‌شی ده‌سه‌ڵات ده‌رهه‌ق به‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری سپی بكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم وه‌ك له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی رۆژنامه‌نوساندا هاتوه‌،‌ رێبین هه‌ردی وتی: سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان ره‌نگه‌ خه‌وی لێكه‌وتبێت، چونكه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ رۆشت به‌ كێشه‌یه‌ك بڵێی كێشه‌ی ناوخۆیی وڵاتێكه‌ و كه‌س بۆی نیه‌ قسه‌ی له‌ سه‌ر بكات، ئه‌مڕۆ هه‌مو رێكخراوه‌كانی وه‌ك هیومان رایتس ۆچ و ئه‌مینیستی ئینته‌رناشناڵ له‌هه‌ر شوێنێك پێشێلكاری هه‌بێت، قسه‌ ده‌كه‌ن و قسه‌كانیاشیان وه‌ك جاران نیه‌ و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ به‌هێزه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شتێك نه‌ماوه‌ ناوی سیاسه‌تی ناوخۆ بێت و له‌ هه‌ر شوێنێك پێشێلكاری هه‌بێت پێویسته‌ قسه‌ بكرێت، نابێت كوشتنی خه‌ڵك له‌ ژێر ناوی سیاسه‌تی ناوخۆ پاساوی بۆ بهێنرێته‌وه‌،‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ سه‌ندیكا گه‌شتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ به‌رگریكردن له‌ شتی ناشریندا. 

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، مامۆستا له‌ به‌شی راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان ده‌بێت ئیش بۆ ئه‌وه‌ بكات كه‌ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان و حكومه‌ت سوكایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نوس نه‌كه‌ن به‌و مه‌به‌سته‌ی‌ به‌ ناشیرینی نه‌چینه‌ ناو راپۆرته‌ جیهانیه‌كان.

وتیشی: خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ش له‌ راپۆرتی‌ رێكخراوه‌ جیهانیه‌كاندا هه‌یه‌ مه‌رامی سیاسیان له‌ پشته‌وه‌ بێت و هه‌ڵبه‌ستراون بن، هه‌ر ده‌بێت دان به‌وه‌شدا بنێین، كه‌ ته‌نها یۆست هێڵترمان له‌ راپۆرتێكی (هیومان رایتس ۆچ)دا بو باسی پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفالی له‌ راپۆرتێكی نێوده‌وڵه‌تیدا خسته‌ڕو، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و زانیاریانه‌ راست بن، یان ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ له‌وه‌و پێش بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و بڕیاری 688ی‌ پێده‌رچوه‌ و كوردی واناساندوه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌رێمی فیدراڵی هه‌بێت و دانی پێدا بنرێت؛ راست نه‌بن، له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا نیه‌، به‌ چه‌وتی بزانین.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌: "پێویسته‌ سه‌ندیكا پێمان بڵێت سوكایه‌تیكردن به‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامنه‌دراوه‌و هه‌ڵبه‌ستراوه‌، یان له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچدا ناوی رۆژنامه‌نوسێكی تێدا هاتوه‌ كه‌ لێی نه‌درابێت، یان ئایا نالیا نه‌سوتاوه‌، یان رادیۆی ده‌نگ تاڵان نه‌كراوه‌، یاخود ئه‌وه‌تا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ندیكا ده‌یه‌وێت چه‌واشه‌مان بكات و له‌ كاتێكدا كه‌ ئێمه‌ نه‌خۆشین، پێمان بڵێت نه‌خۆش نین".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئه‌حمه‌د میره‌، سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌)، رایگه‌یاند: وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان بۆ هیومان رایتس ۆچ، گاڵته‌كردنه‌ به‌ پیشه‌ی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و گاڵته‌كردنیشه‌ به‌ خودی‌ ئه‌ركی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ پیشه‌یی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان، میره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا: "ئێمه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نوسان مافی‌ یاسایی خۆمانه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ناومان له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچدا هاتوه‌، سكاڵا له‌سه‌ر سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان تۆماربكه‌ین و بیانده‌ینه‌ دادگا، چونكه‌ گومان خستنه‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچ، گومان خستنه‌سه‌ر ژیانی‌ ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ ژیانمان له‌ مه‌ترسیدایه‌ و سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستانیش له‌ ڕێگه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ مه‌هامێكی‌ حیزبییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و تیرۆركردنی‌ ژیانی‌ رۆژنامه‌نوسان په‌رده‌پۆش ده‌كات، كه‌واته‌ دواجار ئه‌م په‌رده‌پۆشكردنه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، كه‌ ئه‌م سه‌ندیكایه‌ شه‌ریكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی‌ توندوتیژی‌ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان به‌كارده‌هێنن".

بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زانیاریه‌كانی‌ ناوی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك رۆشنبیرو په‌رله‌مانتار و رۆژنامه‌نوس ‌و مامۆستای‌ زانكۆ و چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌، كه‌مپه‌ینێكیان راگه‌یاند.

به‌شداربوانی‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌: ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌‌ له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوانه‌وه‌ بڵاوده‌بێـته‌وه‌،‌ سه‌رجه‌میان‌ زانیاری دروستن‌ و پشتڕاستی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌و بۆ خۆشمان شاهیدین له‌سه‌ر تێكڕای‌ ئه‌و پێشێلكارییه‌ نایاساییانه‌ی‌ كه‌ له‌ راپۆرتی‌ رێكخراوه‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كاندا هاتون.

ئه‌وه‌شیان خستوه‌ته‌ڕو كه‌: ده‌بوایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ جیاتی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌و هه‌وڵدان بۆ پینه‌كردنی پێشێكاریه‌كانی‌؛ هه‌وڵی‌ جدی بدایه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌و هۆكارانه‌ی‌ بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ توندوتیژیه‌كان، چونكه‌ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ له‌و راپۆرتانه‌دا ئاماژه‌یان پێكراوه‌، وێنه‌ی‌ كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ ناشیرین ده‌كه‌ن‌ و كاریگه‌ریی‌ خراپ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستان به‌جێده‌هێڵن.

له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌دا به‌شداربوانی‌ (كه‌مپه‌ینی پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ رێكخراوی‌ هیومان رایتس ۆچ)، رایانگه‌یاندوه‌، كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕێی ده‌سه‌ڵاتدارانن تا له‌ زوترین كاتدا هه‌ڵوێستی‌ رون و جدی به‌رامبه‌ر به‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و راپۆرتانه‌ بخه‌نه‌ڕو، دواتریش ‌دڵنیایی بده‌نه‌ هاونیشتمانیان، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ تۆقاندن ‌و توندوتیژیی به‌سه‌رچوه‌ و ئه‌وانه‌ی‌ پێشێلكاری‌ به‌ ئه‌نجامده‌گه‌یه‌نن له‌ به‌رده‌م یاساو رای‌ گشتیدا روبه‌ڕوی‌ لێپرسراوێتی‌ ده‌كرێنه‌وه‌.

رۆژنامه‌نوسان و پێویستی‌ سه‌ندیكایه‌ك نوێ‌؟
چه‌ند ساڵێكه‌ لێره‌وله‌وێ‌ باس له‌دروستكردنی‌ سه‌ندیكایه‌كی‌ نوێ‌ ده‌كرێت بۆ رۆژنامه‌نوسان، چونكه‌ به‌شێك له‌ رۆژنامه‌نوسان پێیان وایه‌ ئه‌م سه‌ندیكا پیشه‌یی‌ كاری‌ نه‌كردوه‌، پابه‌نده‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و هیچ كات نه‌یتوانیوه‌ له‌ئاست داخوازییه‌كانی‌ رۆژنامه‌نوساندا بێت، نمونه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ لیژنه‌ی‌ به‌رگری‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان بۆ راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچ ده‌هێننه‌وه‌.

له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ رۆژنامه‌نوسه‌ دیاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان متمانه‌یان به‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان نه‌ماوه‌، پێیان وایه‌ ئه‌م سه‌ندیكایه‌ وه‌ك زۆرێك له‌ سه‌ندیكاكانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ملكه‌چی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و زیاتر خه‌ریكی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ حیزبه‌، له‌ ئێستادا پێویستی‌ بونی‌ سه‌ندیكایه‌كی‌ ئازا و ئازاد بوه‌ته‌ خه‌می‌ رۆژنامه‌نوسان.

وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ وه‌ڵامی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان بۆ راپۆرته‌كه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچ، هیوا جه‌مال، سكرتێری‌ نوسینی‌ رۆژنامه‌ی‌ (رۆژنامه‌) و ئه‌ندامی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ كۆنگره‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان له‌ڕێی‌ وتارێكه‌وه‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان راگه‌یاند.

له‌ وتارێكدا به‌ ناونیشانی‌ "بێبه‌ریم له‌ سه‌ندیكاكه‌تان" كه‌ له‌ (سبه‌ی‌) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هیوا جه‌مال نوسیویه‌تی‌: سه‌ندیكای‌ به‌ناو رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان جگه‌ له‌  ئامرازێك، كه‌ به‌ده‌ست حیزبه‌كانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ركاتێك ویستیان به‌كاری‌ بێنن، هیچی‌ دیكه‌ نییه‌، ئه‌م سه‌ندیكایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ویستویه‌تی‌ به‌رده‌وام خه‌ڵك به‌ناوی‌ رۆژنامه‌نوسه‌وه‌ له‌خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ سه‌ندیكایه‌ك نه‌بوه‌ بۆ زۆرینه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ راسته‌قینه‌ ‌و ئازا ‌و ئازادن.

له‌كۆتایی‌ وتاره‌كه‌یدا ناوبراو نوسیویه‌تی‌: من وه‌ك ئه‌ندامی‌ كارای‌ سه‌ندیكا ‌و ئه‌ندامی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ كۆنگره‌، ئه‌م وتاره‌م ده‌كه‌م به‌ نامه‌ی‌ وازهێنانم له‌و سه‌ندیكایه‌ ‌و بانگی‌ ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ تائێستا ئه‌ندامی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ن وازبێنن ‌و هه‌موان هه‌وڵبده‌ین سه‌ندیكایه‌كی‌ نوێی‌ سه‌ربه‌خۆ ‌و ئازاد ‌و ئازا دروست بكه‌ین. 

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ دكتۆر مه‌ریوان وریا قانع به‌توندی‌ وه‌ڵامی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌داته‌وه‌ و داوش له‌رۆژنامه‌نوسان ده‌كات سه‌ندیكایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ پیشه‌یی دروست بكه‌ن، له‌ وتاره‌كه‌یدا كه‌ دكتۆر مه‌ریوان به‌ناوی‌ (دەنگە ناشیرینەکەی سەندیکای رۆژنامەنوسان لە ھەولێر) له‌سه‌ر په‌یجی خۆی‌ له‌سه‌ر( فه‌یسبوك) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، نوسیویه‌تی: ئەوەی کە دونیای ئێمە ناشیرین بوە، عەقڵیەت و ئەخلاقی شەقاوە و ھێزی روت وڵات بەڕێوەدەبات و درۆ و ھەڵخەڵەتاندن سەرجەمی کایەی سیاسی کوردی گرتۆتەوە.. بەڵام ئەوەی سەندیکایەک خۆی بە سەندیکای یەکێک لەو ھێزە کۆمەڵایەتییانە بزانێت کە رۆژانە ھێرشدەکرێتە سەر کەسە چالاک و رەخنەییەکانی، مافەکانیان پێشێلدەکرێت، دەگیرێن و راودەنرێن و دەکوژرێن، ئەوەی سەندیکایەک نوزەی ئەوەی تیانەمابێت باس لەو ھەمو فشارە بێوێنانە بکات کە دەکرێتە سەر ھاوپیشەکانیان و تاقە خەمی بوبێت بەوەی روکارە ھەرە دزێوەکانی دەسەڵات لە کوردستاندا بشارێتەوە، شتێکە جێگای سەرسوڕمانه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی‌‌ وتاره‌كه‌یدا دكتۆر مه‌ریوان وریا قانع ئه‌وه‌ی‌ خستوه‌ته‌ڕو كه‌: "ھەمومان دەزانین شتێک بەناوی سەندیکای سەربەخۆوە لە ھیچ بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیدا لە کوردستاندا بونی نییە، ئەوەش دەزانین کە دەستی شێوێنەری حیزب لەناو ھەناوی ھەمو سەندیکاکاندا ئامادەیە، بەڵام ئەوەی سەندیکایەک کورتبوبێتەوە بۆ ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندەکردن بۆ دەسەڵات و بۆ ھێزێک بۆ شاردنەوەی تاوانە گەورەکانی، شتێک نەبو بەو شێوە رون و راستەوخۆیە چاوەڕوانبکرێت".

 ناوبراو ئه‌وه‌شی رونكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان: "بۆئەوەی تۆزێک رێزی بۆخۆی بھێشتایەتەوە، بە درۆش بوایە دەمامکێک لە دەمامکەکانی بھێشتایەتەوە، نەدەبو ئەو قسانە لەسەر راپۆرتەکەی ھیومان ریتس ۆچ بکات. بەمکارەی، سەندیکا حیزبیەکه‌ی‌ رۆژنامەنوسان دواھەمین فیشەکی نا بەسەر ھەمو میسداقیەتێکی پیشەیی و ئەخلاقییەوە".

هاوكات دكتۆر مه‌ریوان وریا پێشنیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ كردوه‌ له‌ بری‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی كوردستان: "ئەوەی ئێستا پێوستە بکرێت کارکردنە بۆ دروستکردنی سەندیکایەکی ئەلتەرناتیڤ، سەندیکایەک دەنگی راستەقینەی رۆژنامەنوسانی کوردستان بە کۆمەڵگای کوردی و بە دونیای دەرەوەی ئەو کۆمەڵگایە بگەیەنێت". 

ئاسۆس هه‌ردی‌، نوسه‌ر و روناكبیر و ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ راوێژكاری‌ رێكخراوه‌ی‌ هیومان رایتس ۆچ له‌ لێدوانێكدا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: ئه‌وه‌ی‌ له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوساندا هاتوه‌ مایه‌ی‌ پێكه‌نینه‌، چونكه‌ رێكخراوی‌ هیومان رایتس ۆچ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا ئه‌رزشی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی‌ وه‌ك (ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو چین) حسابی‌ تایبه‌ت بۆ به‌یاننامه‌كانی و ئه‌و داتایانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یانخاته‌رو.

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ راوێژكاری‌ هیومان رایتس ۆچ له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ لێدوانه‌كه‌یدا پێیوابو: "سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان هه‌رگیز ناتوانێت نه‌ك داكۆكیكاربێت له‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و رۆژنامه‌نوسان، به‌ڵكو له‌ نزمترین ئاستیشدا ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تیان بكات"، راشیگه‌یاند، ئه‌و وه‌ك خۆی‌ رۆژێك ئه‌ندامی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ نه‌بوه‌و ناشبێت و ئه‌وه‌شی وت كه‌: "زۆر له‌ مێژه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ سه‌ندیكایه‌كی نوێ بۆ رۆژنامه‌نوسان دروستبكرێت، به‌ڵام ئه‌سته‌می‌ و به‌ربه‌ستی‌ ئه‌و كاره‌ له‌وێدایه‌ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستیان خستوه‌ته‌ ناو سه‌رجه‌م جومگه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردیه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ هه‌روا ئاسان نابێت".

هیواشی خواست، له‌مه‌ودوا رۆژنامه‌نوسانی‌ ئازادو ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ حیزبیانه‌ش كه‌ پێیانوایه‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسان نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ناكات، له‌ ده‌وری‌ یه‌ك كۆببنه‌وه‌و هه‌وڵی‌ دروستكردنی‌ سه‌ندیكایه‌كی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانیان بده‌ن.

 

Sbeiy.com © 2007