دیمانه: هێژا محه‌مه‌د
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ (سبه‌ی) ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو، به‌یاسا ده‌یانه‌وێت ئیمتیازات و جیاوازیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه كه‌م بكه‌نه‌وه، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات هه‌ڕه‌شه و تۆقاندنی چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌سه‌روبه‌ندی دانیشتنه‌كانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا مانای به‌رده‌وامیدانه به كاری توندوتیژی له به‌رامبه‌ر خواست و ئیراده‌ی چاكسازی.
سبه‌ی: چیتان كردوه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئیمتیازاتی په‌رله‌مان و ئه‌و جیاكاریه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه؟
كاردۆ محه‌مه‌د: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه یه‌كێك له دروشمه بنهڕیتهكانی بریتی بوه له عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌هێشتنی جیاوازی، یه‌كێك له‌و جیاوازیه زه‌قانه له نێوان پله نزمه‌كان و ئیمتیازاتی پۆسته باڵاكانه كه نابهرامبهرییهكی گه‌وره‌ی له‌ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان دروستكردوه، كارمان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م نابهرامبهریه كردوه، دژی هه‌مو جۆره ئیمتیازاتێك بوین، به‌ڵكو هه‌وڵمان بۆ نه‌هێشتنی داوه، به‌تایبه‌ت چاكسازی له سیسته‌می موچه له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌موچه‌ی هێزه چه‌كداره‌كان كه له‌گه‌ڵ ناوه‌ند هاوتا بكرێت، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت سیسته‌می موچه‌ی كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری بكرێت كه عه‌داله‌تی تێدا بێت، بۆ نمونه یه‌كه‌م هه‌نگاوی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان ره‌تكردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل بو بۆ په‌رله‌مانتاره‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌هاكه‌شی زۆر گه‌وره نه‌بێت، نیشاندانی رهمزیهتێك بو بۆ رۆحی ئه‌م پهرلهمناتارانه كه نه‌ك ئاماده‌ی ئیمتیازات نین، به‌ڵكو ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، ئاشناكردنی خه‌ڵك به‌گێڕانه‌وه‌ی ئیمتیازات نه‌ریتێكه له‌م زه‌مه‌ندا گۆڕان هێنایه كایه‌وه، ئه‌ویش به‌ره‌تكردنه‌وه‌ی پله‌وپایه له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، هه‌روه‌ها وازهێنانی كادیرانی گۆڕان و لایه‌نگرانی گه‌یشته سزادانی سیاسی و موچه‌بڕین، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ئاماده‌بون بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی.
سبه‌ی: تاكو ئێستا بۆچی وه‌كو فراكسیۆن به‌ده‌نگ نه‌هاتون له‌سه‌ر خانه‌نشینی په‌رله‌مانتار و ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی كه په‌رله‌مان بۆ خۆی زیاد كردوه؟
كاردۆ محه‌مه‌د: ئێمه پێمان وایه پێویسته گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسی و له سه‌رجه‌م كایه‌كانی ئیداری و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری و حكومڕانی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تر به‌گشتگیری چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ جێبه‌جێكردنیشی ئه‌ركی سه‌رشانمانه كه پرۆژه‌كانمان به‌تایبه‌ت له په‌رله‌مان ره‌نگدانه‌وه‌ی كێشه‌ی هاوڵاتیان بێت و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بكات له‌كاتێكدا ده‌مانه‌وێ موچه و ئیمتیازاتی باڵاكان كه‌م بكه‌ینه‌وه، ده‌بێت پڕۆژه‌یه‌ك هه‌بێت ره‌چاوی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بكات، كه دابینكه‌ری خۆشگوزه‌رانیه‌كی ئاسایی بێت له سایه‌ی ئه‌و هه‌مو داهات و بودجه‌یه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نیه‌تی. له هه‌مانكاتدا هه‌وڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی موچه‌ی پلهنزمهكان بده‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌كان.
سبه‌ی: تاچه‌ند له‌گه‌ڵ وه‌رنه‌گرتنی خانه‌نشینی پهرلهمانتاریدان؟
كاردۆ محه‌مه‌د: بۆ ئه‌وه‌ی له نێوان دروشم و ره‌تكردنه‌وه رزگارمان بێت، پێویسته داواكاریه‌كانمان واقعیانه بێت و پۆلێنیان بكه‌ین. په‌رله‌مانتار سه‌ربه‌خۆ و ئازاده له پیاده‌كردنی به‌رنامه و په‌یامه‌كه‌ی كه به به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی ده‌زانێ، ده‌توانێت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به مافه‌كانی خۆیی هه‌یه به‌پێی یاسا سه‌رپشك بێت. هه‌روه‌ها ده‌كرێت واژۆی 10 په‌رله‌مانتاری بۆ كۆبكرێته‌وه و بكرێته پڕۆژه یاسایه‌ك، هه‌ر په‌رله‌مانتارێكیش ئازاده له پڕۆژه پێشكه‌ش كردن، به‌ڵام وه‌كو فراكسیۆن ئێمه پابه‌ندین به‌و پڕۆگرام و به‌رنامه‌یه‌ی خۆمان بۆ گۆڕانكاریه‌كی بنه‌ڕه‌تی له سیسته‌می سیاسی، یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی به‌لامانه‌وه گرنگه، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌یه له كوردستان و نه‌هێشتنی ئه‌و ئیمتیازاتانه‌یه له چوارچێوه‌یه‌ك بهخانهنشینیشهوه به‌پێی یاسا.
سبه‌ی: بۆچی خانوی گوندی ئیتالی و شوقه‌تان وه‌رگرت وه‌كو ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان؟
كاردۆ محه‌مه‌د: ناوه‌كه‌ی هه‌ر شتێك بێت. له كۆتاییدا شوێنێكی كاتیه بۆ نیشته‌جێبونی په‌رله‌مانتار، له‌كاتێكدا خاوه‌نداریه‌تیه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستانه، ئێمه هۆكاری بونی ئه‌م خانوانه نین.
سبه‌ی: له‌م رۆژانه‌دا په‌رله‌مانی كوردستان زیادكردنی پاسه‌وانی په‌رله‌مانتاری بۆ چوار پاسه‌وان و له‌دوای خانه‌نشینیشیان دو پاسه‌وانی بۆ په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ند كرد، ئێوه بۆچی ئه‌م ئیمتیازه‌تان قبوڵكرد؟
كاردۆ محه‌مه‌د: ئێمه له‌گه‌ڵ زیادكردنی پاسه‌وان نین، كه ئاماژه‌یه بۆ ئیمتیازاتی زیاتری په‌رله‌مانتار.
سبه‌ی: ده‌رباره‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه ره‌هه‌ندی نیشتمانیان هه‌یه كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌رله‌مان، چ یاسایه‌ك ده‌گرێته‌وه؟
كاردۆ محه‌مه‌د: ده‌ستور و هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی كه پێویستیان به گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه رۆڵی كار بڕی له پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی هه‌یه وه‌ك یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن، ده‌زگای ئاسایش، نه‌زاهه، یاسای خۆپیشاندان.
سبه‌ی: له‌سه‌روبه‌ندی دانیشتنی هه‌ردو لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات هاوڵاتیان و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی توشی په‌لامار و ده‌ستگیركردن ده‌بنه‌وه، هه‌ڵوێستتان له‌مباره‌وه چی بوه؟
كاردۆ محه‌مه‌د: ئێمه له راگه‌یانراوێكدا هه‌ڵوێستی رونی خۆمان راگه‌یاندوه، به‌توندی ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین و به هه‌وڵێكی مه‌ترسیداری ده‌زانین له هه‌لومه‌رجێكدا كه گفتوگۆ بۆ گه‌یشتن به رێكه‌وتنێك هه‌یه، كه چاكسازی بنه‌ره‌تی ئه‌نجام بدرێت، ده‌بێت هه‌مو لایه‌ك بزانین كه مێژو سه‌لماندوێتی سیاسه‌تی توندوتیژی شكستخواردوه و ئیراده‌ی گه‌لان به‌هێز سه‌ركوت و بێده‌نگ ناكرێت. گره‌وی سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌و هێزانه‌یه كه ده‌ربڕی خواستی میللهتهكهیانن.
سبه‌ی: تێڕوانینت بۆ كاری پهرلهمانتاریتان له ماوه‌ی رابردو؟
كاردۆ محه‌مه‌د: په‌رله‌مان مینبه‌رێكه بۆ ئێمه كه تێیدا داكۆكیكاری به‌رنامه و پرۆژه‌كانی گۆڕانكاری له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و حكومڕنی مافی هاوڵاتی بین له كوردستاندا، ئه‌مه به‌ڵێنی خۆمانه كه به‌ده‌نگده‌ران مان داوه.
سبه‌ی: ئه‌دائی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
كاردۆ محه‌مه‌د: له‌م خوله‌دا به هۆی ره‌وشی سیاسی هه‌رێم و رهوداوهكان، په‌رله‌مان به به‌راورد له‌گه‌ڵ خوله‌كانی تر گه‌رموگوڕتر و راشكاوانه‌تر بوه له گه‌یاندنی خواستی خه‌ڵك، ئه‌گه‌رچی نه‌توانراوه په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی ته‌شریعی و ره‌قابی به عه‌مه‌لی كردنی بڕیاره‌كان به‌رپرسیاریه‌تی خۆیی وه‌ك ده‌زگایه‌كی بنه‌ڕتی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام له‌م خوله‌دا 33 دانیشتنی ئاسایی و 9 دانیشتنی نائاسایی ئه‌نجامدرا و 11 پرۆژه‌یاسا و 14 بڕیار په‌سه‌ند كراوه. بانگهێشتی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری ناوه‌خۆ و پێشمه‌رگه بۆ لێپێچینه‌وه كراوه. سه‌باره‌ت به داخوازیی خۆپیشانده‌ران، جگه له بڕیاره 17 خاڵیه‌كه، بڕیاری ژماره دو كه خۆی له گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستور و یاسای خۆپیشاندان و شهفافیهتدان به داهاتی كوردستان به تایبه‌ت كه‌یسی نه‌وت. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ 26 پرۆژه یاسا به تایبه‌ت په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای خۆپیشاندان، داواكاری گشتی و چه‌ندین پڕۆژه‌یاسای تر.