Print
 زه‌واجی‌ مسیار كورده‌واری‌ توشی‌ شۆك ده‌كات
Saturday, August 4, 2007
سازدانی : فرمان عه‌بدولره‌حمان، سیروان ره‌شید، سۆما عه‌بدوڵا

خه‌نده‌ كه‌ریم، 29 ساڵ، فه‌رمانبه‌ر، ئافره‌تێكی‌ رێكپۆشه‌ و هیوایه‌كی‌ قوڵ بۆ ژیان له‌چاوانیدا به‌دیده‌كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئه‌و خانمه‌ بۆته‌ نه‌فره‌تێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و بێ په‌روا به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ باسی‌ لێوه‌ ده‌كرد، بێوه‌ژن بوونییه‌تی‌.
خه‌نده‌ پێش سێ‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ رووداوێكی‌ ئۆتۆمبێلدا هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ گیان له‌ده‌ستده‌دات و ئیدی‌ خۆی‌ و تاكه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ده‌مێننه‌وه‌ و ناچار به‌هه‌وڵ و ماندبوونی‌ خۆی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كات. له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی‌ ته‌مه‌نیدا ئه‌وه‌ی‌ خه‌نده‌ی‌ نیگه‌رانكردووه‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا بووه‌ كه‌ به‌ چاوێكی‌ كه‌متر له‌ بێوه‌ژنی‌ روانیوه‌، بۆیه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ بیری‌ له‌وه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ خۆی‌ رزگار بكات له‌و حاڵه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و جارێكی‌ دی‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ گرێبداته‌وه‌، به‌ڵام وه‌كو خه‌نده‌ خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات"ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ پیرۆزه‌ بێت كه‌ رووخسارێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و شه‌رعی‌ هه‌یه‌ و شكۆی‌ ئافره‌تی‌ تێدا پارێزراوه‌، نه‌وه‌ك زه‌واجی‌ میسیار".
خه‌نده‌ ئاگاداری‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ پرۆژه‌یاسایه‌ك پێشكه‌شی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان كراوه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار، به‌ڵام به‌ بڕوای‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ كه‌ ته‌مه‌نێكی‌ پڕ حه‌سره‌تی‌ به‌ڕێكردووه‌ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ جگه‌ له‌ تێركردنی‌ غه‌ریزه‌ی‌ سێكسی‌ پیاو هیچ چاره‌سه‌ر و ده‌سكه‌وتێكی‌ بۆ ئافره‌تان تێدانییه‌. خه‌نده‌ كه‌ ته‌نیایی‌ جێده‌ستی‌ له‌ رووخساریدا به‌جێهێشتبوو، وتی‌: " هه‌رگیز به‌و شێوه‌ هاوسه‌رگیرییه‌ رازینابم، چونكه‌ ده‌مه‌وێت كه‌سێك بمخوازێته‌وه‌ كه‌ به‌ ئاشكرا و خۆشی‌ بوێم و به‌بێ ترس له‌گه‌ڵیدا پیاسه‌ بكه‌م".
زه‌واجی‌ مسیار جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی‌ هاوسه‌رگیری‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ هه‌مان مه‌رج و پێودانگه‌كانی‌ هاوسه‌رگیری‌ ئاساییه‌، به‌ڵام له‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیاردا ئافره‌ته‌كه‌ به‌خواستی‌ خۆی‌ ده‌ست هه‌ڵده‌گرێت له‌ مافی‌ خه‌رجیكێشان و شه‌ومانه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ له‌ماڵی‌ ژنه‌كه‌، كه‌ له‌ هاوسه‌رگیری‌ ئاساییدا ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ دابینیانبكات.
به‌ پێی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار پیاو هه‌ر كاتێك بییه‌وێت ده‌توانێت سه‌ردانی‌ ماڵی‌ ژنه‌كه‌ بكات و په‌یوه‌ندی‌ سێكسی‌ له‌گه‌ڵدا ببه‌ستێت، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پیاو به‌رپرسی‌ دابینكردنی‌ بژێوی‌ ژیان و خه‌رجییه‌كانی‌ ئافره‌ته‌كه‌ بێت، ئه‌گه‌ر منداڵیش له‌و په‌یوه‌ندییه‌ كه‌وته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ ژنه‌كه‌دایه‌.

روناك فه‌ره‌ج، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پرۆگرام له‌ سه‌نته‌ری‌ راگه‌یاندن و رووناكبیری‌ ژنان، باسكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ته‌واو بێتاقه‌تی‌ ده‌كات، چونكه‌ به‌ بڕوای‌ ئه‌و هاوسه‌رگیری‌ مسیار غه‌درێكی‌ تره‌ له‌ ژنان ده‌كرێت، روناك پرۆژه‌ی‌ زه‌واجی‌ مسیاری‌ به‌ "هه‌وڵدان بۆ به‌هێزكردنی‌ دیكتاتۆرییه‌تی‌ پیاو" وه‌سفكرد. ئه‌و وتی‌: "زه‌واجی‌ مسیار بچووككردنه‌وه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌ و سۆزی‌ خێزانه‌ بۆ تێركردنی‌ غه‌ریزه‌ی‌ سێكسی‌".
روناك فه‌ره‌ج ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌كرد كه‌ له‌ ئێستا دیارده‌ی‌ بوونی‌ مه‌عشوقه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ خێزانی‌ زۆر زیادی‌ كردووه‌ و ئه‌وه‌ش په‌ره‌ی‌ به‌ خیانه‌تی‌ زه‌وجی‌ داوه‌، پرۆژه‌ی‌ مسیاریش ته‌نها ئه‌و سووده‌ی‌ بۆ ئه‌و پیاوانه‌ هه‌یه‌ كه‌ زیاد له‌ مه‌عشوقه‌یه‌كیان هه‌یه‌ و به‌هۆی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ به‌رگێكی‌ شه‌رعی‌ ده‌كرێت به‌ به‌ری‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا.
بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ قسه‌ و باس ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م شێوازه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌كوردستاندا، دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ راوێژكاری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وه‌زیری‌ رۆشنبیری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم شێخ ئاریان به‌رزنجی‌ پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار پێشكه‌شی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان كرد.
هه‌رچه‌نده‌ تائێستا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌ لایه‌ن پارله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ناوبراو نه‌دراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ده‌نگوباسی‌ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ تووشی‌ شۆك كردووه‌.
پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوودا پێشكه‌شی پارله‌مانی‌ كوردستان كراوه‌ و له‌ سێ‌ به‌شی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهاتووه‌ و هه‌ربه‌شێكیش له‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌كی‌ جیاواز پێكهاتووه‌ كه‌ ورده‌كاری‌ و چۆنێتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار روونده‌كاته‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامییه‌وه‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار هیچ كێشه‌یه‌كی‌ نییه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ یوسف قه‌ره‌زاوی‌ و شێخی‌ بن بازه‌وه‌ فه‌توای‌ دروستی‌ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌یان سه‌لماندووه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌رده‌می‌ سه‌ره‌تای‌ ئیسلامدا شتێك نه‌بووه‌ به‌و ناوه‌وه‌، به‌ڵام وه‌كو مامۆستا ئه‌حمه‌د شافیعی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ فه‌توای‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كات هه‌ندێ‌ شت له‌ڕووی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامییه‌وه‌ رێگای‌ پێدراوه‌، به‌ڵام له‌ڕووی‌ كه‌لتور و دابوونه‌ریتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ كارێكی‌ ناپه‌سه‌نده‌، به‌ بڕوای‌ ئه‌حمه‌د شافیعی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیاریش ده‌چێته‌ ئه‌و خانه‌یه‌وه‌. ئه‌و وتی‌: "هاوسه‌رگیری‌ مسیار له‌كوردستاندا ده‌رئه‌نجامێكی‌ باشی‌ نابێت، چونكه‌ نامۆیه‌ به‌ دابوونه‌ریتی‌ كورده‌واری‌، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ من ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌م پێ‌ باش نییه‌".

ئه‌حمه‌د شافیعی‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا هه‌ر شه‌ش ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ فه‌توای‌ كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی‌ فه‌توای‌ شه‌رعی‌ له‌ باره‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیاره‌وه‌.
له‌ به‌شی‌ دووه‌می بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ پرۆژه‌ی هاوسه‌رگیری‌ مسیاردا، كه‌ شێخ ئاریان عه‌زیز به‌رزنجی‌ پێشكه‌شی‌ پارله‌ما‌نی‌ كردووه‌، باس له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كی‌ و گرنگه‌كانی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار ده‌كات و له‌ شه‌ش بڕگه‌دا ئامانجه‌كانی‌ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌. له‌ بڕگه‌ی‌ (ب)دا، ده‌رباره‌ی‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار، هاتووه‌: "رێژه‌ی‌ بێوه‌ژن و قه‌یره‌كچ له‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردیدا زۆربووه‌، هاوسه‌رگیری‌ مسیار چاره‌سه‌رێكه‌ بۆ بێبه‌ش نه‌بوونی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ ژیانی‌ هاوسه‌رگیریی‌ و پاراستنی‌ هاوسه‌نگی‌ ژیانی‌ ئه‌و قه‌یره‌كچانه‌".
به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ پێشنیارانه‌ بۆ خودی‌ بێوه‌ژنه‌كانیش مایه‌ی‌ قبوڵكردن نین.

شه‌هلا فه‌ریق، 47 ساڵ، كارمه‌ندی‌ حكومه‌ت، یه‌كێكه‌ له‌و بێوه‌ژنانه‌ی‌ كه‌ دوای‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌، ماوه‌ی‌ 13 ساڵه‌ به‌ دیار هه‌ردوو منداڵه‌كه‌یه‌وه‌ گۆران و گوڵان دانیشتووه‌ و هه‌موو هیوایه‌كی‌ پێگه‌یاندنیانه‌، شه‌هلا وتی‌: " زه‌واجی‌ مسیار هیچ یه‌كێك له‌ رێساو بنه‌ماكانی‌ هاوسه‌رگیری‌ تێدا نابینم و ته‌نها پیاوان سوودمه‌ندن له‌م پرۆسه‌یه‌دا من وه‌ك خۆم حه‌ز ناكه‌م گوێشم لێیبێت نه‌ك ئه‌نجامدانی‌". شه‌هلا ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ سه‌نته‌ر و رێكخراوه‌كانی‌ ژنان گرت و پێیوابوو سه‌رگرتنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سووكایه‌تیكردنێكی‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ مافه‌كانی‌ ژنان.
هه‌رچه‌نده‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار له‌كوردستاندا شتێكی‌ زۆر تازه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ له‌ هاوسه‌رگیری‌ ماوه‌ی‌ نیو سه‌ده‌یه‌ له‌ وڵاتانی‌ كه‌ندا و میسر و مه‌غریب و چه‌ند وڵاتێكی‌ ئیسلامی‌ په‌یڕه‌وی‌ لێده‌كرێت، هه‌ربۆیه‌ زۆرێك له‌وانه‌ی‌ كه‌ پشتگیری‌ له‌ زه‌واجی‌ مسیار ده‌كه‌ن پێیانوایه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ تازه‌یی‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ تێپه‌ڕینی‌ كات پرۆسه‌كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌مری‌ واقیع.

رزگار ئه‌نوه‌ر، 28 ساڵ، مامۆستا، پێی‌ وابوو خاڵه‌ ئیجابییه‌كانی‌ پرۆژه‌كه‌ زیاتره‌ له‌ خاڵه‌ سلبییه‌كانی‌، رزگار ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ هه‌ندێك‌ بێوه‌ژن یان قه‌یره‌كچ ده‌وڵه‌مه‌ندن و له‌ هیچیان كه‌م نییه‌ ته‌نها پیاوێك نه‌بێت كه‌ لایه‌نی‌ سۆز و خۆشه‌ویستی‌ و سێكسیان بۆ دابینبكات، ئه‌و وتی‌: " خه‌ڵك بۆیه‌ قه‌بوڵی‌ ناكات، چونكه‌ پێشتر نه‌بووه‌ و به‌ نیسبه‌ت كورده‌وه‌ شتێكی‌ تازه‌یه‌".

ته‌رحكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار له‌ كاتێكدایه‌ واقیعی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كوردی‌ به‌ره‌و سه‌رگه‌ردانی‌ ده‌ڕوات، وه‌كو هه‌ندێک‌ له‌ به‌رپرسی‌ رێكخراوه‌كانی‌ ژنان ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك توندوتیژی‌ دژی‌ ژنان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا گه‌یشتۆته‌ ترۆپك، به‌ پێی‌ هه‌ندێک‌ ئاماری‌ نا ڕه‌سمی‌ ته‌نها له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوودا 28 ئافره‌ت كوژراون یان خۆیان كوشتووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتیش له‌نێوان ساڵی‌ 2001 بۆ 2007 ، 1500 ئافره‌ت له‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا به‌ هۆكاری‌ جیاواز كووژراون. ئه‌مه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاماژه‌ به‌ بوونی‌ واقیعێكی‌ كاره‌ساتبار ده‌كه‌ن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا و رۆژانه‌ سه‌نته‌ره‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ داڵده‌دانی‌ كچان و ئافره‌تان حاڵه‌تی‌ نامۆ و نائاشنا و تۆمار ده‌كه‌ن. ته‌نها له‌ ساڵی‌ 2006 دا 40 ئافره‌ت له‌ ماڵی‌ باوكی هه‌ڵهاتووه‌ به‌ هۆی‌ لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ و تائێستاش چاره‌نووسیان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌.

جوان به‌كر، 42 ساڵ‌، كچێكی‌ شۆخه‌، به‌ڵام گه‌وره‌یی‌ ته‌مه‌نی‌ چانسی‌ هاوسه‌رگیریی‌ له‌به‌رده‌مدا لاوازكردووه‌، جوان پێی‌ ناخۆشبوو "ئه‌و جۆره‌ سوكایه‌تیكردنه‌" ناوبنرێت زه‌واج. ئه‌و وتی‌: "ئه‌و مه‌لایه‌ش به‌ گوناهكار داده‌نێم كه‌ دوو كه‌س به‌و جۆره‌ به‌یه‌ك بگه‌یه‌نێت". جوان وتیشی‌: " ده‌ڵێن هاوسه‌رگیری‌ مسیار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ قه‌یره‌كچ و بێوه‌ژناندایه‌، به‌لاَم من لای‌ خۆمه‌وه‌ ناوم ناوه‌ باشترین چانس بۆ پیاوان، چونكه‌ ته‌نها حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانی‌ ئه‌وانی‌ پێ تێر ده‌كرێت". جوان به‌كر ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر 42 ساڵی‌ تریش ته‌مه‌نی‌ بێت ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌وه‌.
به‌ڵام ته‌نها كه‌سانی‌ ئاسایی‌ وه‌كو جوان دژی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ نین، به‌ڵكو ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ به‌هۆی‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌ تووشی‌ لادانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بوون و ئێستا له‌ سه‌نته‌ره‌كانی‌ داكۆكیكردن له‌ مافی‌ ئافره‌تان داڵده‌دراون، به‌ته‌واوی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ره‌فز ده‌كه‌نه‌وه‌.
له‌ یه‌كێك له‌و سه‌نته‌رانه‌دا 15 ئافره‌ت كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان كه‌یسێكی‌ جیاوازی‌ هه‌بوو، له‌ چاوه‌ڕوانی‌ و ترسێكی‌ گه‌وره‌دا بوون، ئه‌وانه‌ كه‌ له‌ ماڵه‌ باوانیان هه‌ڵهاتبوون به‌ هۆی‌ لادانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌.، سه‌رجه‌میان قه‌بوڵیان نه‌بوو به‌و حاڵه‌ته‌شه‌وه‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار ئه‌نجامبده‌ن له‌گه‌ڵ دۆست و خۆشه‌ویستانیان.

لانه‌ جه‌مال، 25 ساڵ، كچی‌ ماڵه‌وه‌، كه‌ ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ نییه‌، به‌هۆی‌ بوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ خۆشه‌ویستی‌ نهێنییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كوڕێكدا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناشه‌رعی‌ سكی‌ پڕ ده‌بێت و ئێستا له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نته‌ره‌كانی‌ ژناندا به‌ ئومێدی‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌كه‌ی‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند جارێك كوڕه‌كه‌ هاتۆته‌ داخوازی‌ لانه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئاشكرابوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌یانه‌وه‌، ماڵی‌ باوكی‌ لانه‌ رازی‌ نابن. لانه‌ جه‌مال به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بوو به‌ شێوه‌ی‌ مسیار له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ گرێبدات. لانه‌ وتی‌: "باوكم به‌ هاوسه‌رگیری‌ ئاسایی‌ رازی‌ نه‌بوو بمدات به‌و كوڕه‌، ئیتر چۆن رازی‌ ده‌بێت هاوسه‌رگیری‌ مسیار بكه‌م" هه‌روه‌ها وتیشی‌: "ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بۆ وڵاتێك كه‌ ئیراده‌ی‌ ئافره‌تان له‌ ده‌ستی‌ خۆیاندا بێت گونجاوه‌".
رێكخراوه‌كانی‌ ژنان به‌ ئیسلامی‌ و عه‌لمانییه‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ ناكۆك بوون ده‌رباره‌ی‌ كێشه‌كانی‌ ژنان ، ئێستا بۆ دژایه‌تیكردن و ره‌تكردنه‌وه‌ پرۆژه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ مسیار ته‌با و هه‌ماهه‌نگن.

بێخاڵ ئه‌بوبه‌كر سكرتێری‌ یه‌كگرتووی‌ خوشكانی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كه‌ رێكخراوی‌ ژنانی‌ سه‌ر به‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی كوردستانه‌، له‌وبڕوایه‌دایه‌ پرۆژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ژنانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا ناكۆكه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: " ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌دانین و به‌زاده‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ نازانین". بێخاڵ دانی‌ به‌وه‌دانا كه‌ له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌رێكخراوه‌ ژنانییه‌ عه‌لمانییه‌كانیش كار بۆ ره‌فزكردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

Sbeiy.com © 2007