Print
 جۆزێف ترینتۆ: ئیداره‌ی ئۆباما گرنگی به‌ نوێنه‌رانی كورد نادات
Monday, July 25, 2011

دیمانه‌: شوان بورهان له‌كی‌
له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سبه‌ی‌، جۆزێف ترینتۆ رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكی و سه‌رنوسه‌ری سایتی (DCBureau.org) باس له‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، ناوبراو پێیوایه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ به‌ناوی‌ لۆبیه‌وه‌ كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردو بنه‌ماڵه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وا ده‌كه‌ن، ترینتۆ ده‌ڵێت: "كۆماریه‌كان و لایه‌نه‌كانی تر ده‌یانویست كورد وه‌كو ئامیرازێك له‌ دژی سه‌دام به‌كاربهێنن، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌موی پێچه‌وانه‌ بوه‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تی كوردی و سه‌ركرده‌ كوردیه‌كان زۆر زیاتر ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كان تێكه‌ڵ كردوه‌. ئیداره‌ی ئۆباماش گرنگیه‌كی ئه‌وتۆ به‌ نوێنه‌رانی كورد نادات".

سبه‌ی: تۆ له‌ بابه‌تێكدا به‌ ناوی (عێراقكی دیكه‌ی تر) ئاماژه‌ت به‌ كه‌مپه‌ینێكی كوردی له‌ ئه‌مه‌ریكا كردوه‌، پێتوایه‌ ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ بۆ یارمه‌تیدانی كوردستان و میلله‌تی كورده‌ یان بۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا هێشتنه‌وه‌ی پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌ له‌ كوردستاندا؟
جۆزێف ترینتۆ: به‌ بۆچونی من ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ دیزاین كراوه‌ بۆ به‌رژوه‌ندی دو بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ و پاره‌ی میلله‌تی كورد به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن، بۆ به‌ڵێنده‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان و ئه‌وانی تر و زۆر له‌وه‌ زیاتریش هه‌یه‌ له‌و مامه‌ڵه‌یه‌دا.

سبه‌ی: ئه‌كرێ پێمان بڵێی كێ ئه‌و (عێراقه‌ی دی) له‌ ئه‌مه‌ریكا دامه‌زراندوه‌ و كاری ئه‌و كه‌سانه‌ چیه‌ له‌وێ؟
جۆزێف ترینتۆ: بارزانی و تاڵه‌بانی ئه‌م لۆبیه‌یان له‌ واشنتۆن دامه‌زراندوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و دو بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و به‌ده‌ستهێنانی یارمه‌تی ئیداره‌كه‌ی ئۆباما و كۆنگرێس و ده‌می سیاسییه‌ ئه‌مه‌ركیه‌كان و جه‌نه‌راڵه‌ خانه‌نشینه‌كان چه‌ورده‌كه‌ن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق.

سبه‌ی: ئایا ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ خانه‌نشینانه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌؟
جۆزێف ترینتۆ: ئه‌و جه‌نه‌راڵانه‌ دۆسته‌ كورده‌كانیان قه‌ناعه‌ت پێكردوه‌ كه‌ كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له‌ راستیدا له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ سوپایان به‌جێهێشتوه‌ كاریگه‌ری ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا نه‌ماوه‌.

سبه‌ی: له‌ئێستادا هاوڵاتیانی كوردستان تاڕاده‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا توڕه‌ن، چونكه‌ له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یان وت پشتگیری خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ین له‌لایه‌كی تر ده‌ستخۆشیان له‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كرد كه‌ 10كه‌سیان كوشت و به‌ سه‌دانیشیان برینداركرد. پێتوایه‌ ئه‌مه‌ریكا ئاگاداری چۆنیه‌تی مامه‌ڵكردنی نوێنه‌ره‌كانیه‌تی له‌ كوردستان؟ ئه‌گه‌ر ئاگاداره‌ كه‌واته‌ بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئاست سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كاندا چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
جۆزێف ترینتۆ: پێموایه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ده‌زانن كه‌ ئه‌و دو بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ چۆنن، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وانه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ده‌بێت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و ئه‌مه‌ریكاش هه‌ستی كرد كه‌ به‌هۆی بێده‌نگكردنی خۆپیشاندانه‌كان ده‌توانێ زوتر سوپاكه‌ی پاشه‌كشه‌ پێبكات.

سبه‌ی: هه‌ندێك له‌ خه‌ڵك پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا ته‌نها بۆ به‌رژوه‌ندی خۆی باسی دیموكراسی و مافی مرۆڤ ده‌كات له‌ عێراق، چونكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كوشتنی خه‌ڵك له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بو. تۆ پێتوایه‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌رژوه‌ندی خۆی له‌ عێراقه‌ یان چه‌سپاندنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ؟
جۆزێف ترینتۆ: پێشه‌كی ئه‌مه‌ریكا ئه‌ركی خۆی له‌ عێراق به‌جێگه‌یاندوه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش ئازادیتان ده‌وێت له‌ پارته‌كانی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌بێت هه‌رێمه‌كانی تری عێراق رازی بكه‌ن كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندی ئه‌وه‌ندایه‌ كه‌ یارمه‌تی تێكۆشانی ئێوه‌بده‌ن.
چی به‌رژوه‌ندیه‌ك؟ ئه‌مه‌ریكا ملیاره‌های له‌ عێراقدا خه‌رجكرد، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ته‌نها سه‌ربازی كوژراو و به‌ ده‌یان هه‌زار برینداری له‌گه‌ڵ خۆی برده‌وه‌، ئێمه‌ زۆرمان به‌خشی بۆ كۆتاهێنان به‌ سه‌دام به‌بێ هیچ ده‌ستكه‌وتێكی راستی. تێكۆشانه‌كه‌ی ئێمه‌ ته‌نها ئێرانی به‌هێزكرد و چه‌ندان سه‌دامی بچوكی له‌ كوردستان و به‌شه‌كانی تری عێراقدا دروست كرد.
ئێمه‌ زۆرمان به‌خشی له‌پێناو ئازادكردنی وڵاته‌كه‌ی ئێوه‌ له‌ سه‌دام، له‌لایه‌ن سه‌رۆك بوشه‌وه‌، درۆمان له‌گه‌ڵ كرا كه‌ بۆچی له‌ عێراقین و ئه‌و هه‌وڵانه‌شی كه‌ تائێستا دراون وا دیاره‌ ته‌نها بۆ به‌هێزكردنی ئێران بوه‌.
 
سبه‌ی: رای تۆ وه‌كو رۆژنامه‌نوسێك و چاودێرێكی سیاسی له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندی كورد و ئه‌مه‌ریكا چیه‌؟ پێتوایه‌ ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانی كوردبێت یان په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی له‌ نێوان كوردستان و ئه‌مه‌ریكادا هه‌بێت؟

جۆزێف ترینتۆ: پێموایه‌ كۆماریه‌كان و لایه‌نكانی تر ده‌یانویست كورد وه‌كو ئامرازێك له‌ دژی سه‌دام به‌كاربێنن، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌موی پێچه‌وانه‌ بوه‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تی كوردی و سه‌ركرده‌ كوردیه‌كان زۆر زیاتر ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كان تێكه‌ڵ كردوه‌. ئیداره‌ی ئۆباماش گرنگیه‌كی ئه‌وتۆ به‌ نوێنه‌رانی كورد نادات، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێت كه‌ سه‌رۆكی عێراق ئه‌و لۆبییه‌ی ئه‌مه‌ریكای كۆنترۆڵ كردوه‌.

سبه‌ی: كورده‌كانی عێراق چۆن ده‌توانن په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا پێشبخه‌ن؟ ئایا كردنی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ بازاڕێكی نه‌وت و هه‌لی‌ كار بۆ جه‌نه‌راڵه‌ خانه‌نشینه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رێگه‌یه‌كی راسته‌ بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا؟
جۆزێف ترینتۆ: ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نین ده‌بێت نوێنه‌رایه‌تی خۆیان له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت و بێن لێره‌ كه‌یسی خۆیان دروست بكه‌ن. نه‌وت هی عێراقه‌ نه‌ك كوردستان پێویسته‌ له‌نێوان عێراقیه‌كاندا دابه‌ش بكرێت نه‌ك به‌ڵێنده‌ره‌ بیانییه‌كان، له‌جیاتی كڕینی باڵه‌خانه‌ سه‌ركرده‌كان ده‌بێت گرنگی بده‌ن به‌ دروستكردنی پیشه‌سازی خۆماڵی نه‌وت و غاز كه‌ هه‌لی كاری گرنگ بۆ هه‌مو عێراقیه‌كان دابین ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورده‌ سه‌ربه‌خۆكان ده‌بێت هه‌وڵی بۆ بده‌ن.


پڕۆفایل:
جۆزێف ترینتۆ: رۆژنامه‌نوسێكی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكیه‌ و 35 ساڵه‌ رۆژنامه‌نوسی لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌.
تائێستا 6 جار پاڵێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی (پوڵتزه‌ر) و هه‌روه‌ها كاری بۆ كه‌ناڵی CNN ئه‌مه‌ریكی كردوه‌ و خاوه‌نی شه‌ش كتێبی بڵاوكراوه‌یه‌.
 ئێستاش سه‌رنوسه‌ری سایتی DCBureau.orgه‌ و له‌ چه‌ند بابه‌تێكی‌ رۆ‌وژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی به‌رپرسانی‌ كورد و ئه‌مه‌ریكیه‌كانی‌ عێراق كردوه‌.

Sbeiy.com © 2007