ئاماده‌کردنی: ژوری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابوری بزوتنه‌وه‌ی گۆران
دۆخێكی نائارام و شڵه‌ژاو رویكردۆته بازاڕه‌كانی كوردستان، ئاسایشی ئابوری‌و ئاسایشی خۆراكی به‌رده‌وام لهههڕهشهدان، نرخی كاڵاكان به‌رده‌وام به‌رزه‌و له بۆنه‌كانیشدا ژماره‌ی نوێی پێوانه‌یی تۆمار ده‌كه‌ن، كه‌مجار روده‌دات له‌م بازاڕه‌دا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هاوسه‌نگی نرخ ببینرێت، ئه‌وه‌ش زیانێكی گه‌وره ده‌گه‌یه‌نێت به هاوڵاتیانی كوردستان‌و ئه‌وانه‌ی داهاتیان دیاریكراوه.
ده‌ستنیشانكردنی ده‌رده‌كه:
به‌رزیی نرخ‌و گرانفرۆشی ته‌نگی به‌زۆرێك له‌هاوڵاتیانی كوردستان هه‌ڵچنیوه، بۆ ئه‌وانه‌ی كهداهاتیان زۆره، به‌رزیی نرخ جێگه‌ی قسه‌و باس نییه، خۆ ئه‌گه‌ر گرانیی نرخ بۆ فهرمانبهرانو موچه‌خۆران قورسكردنی باری گوزه‌رانیان بێت، ئه‌وا بۆ ئه‌وانه‌ی كه نه موچهخۆرنو نه داهاتیشیان به‌رزه، ئه‌وا بارودۆخی ژیانیان له ئاستێكی نهشیاودایه.
گرانی و به‌رزیی نرخی شمه‌كه‌كان هه‌روه‌ك چۆن هه‌مو كوردستانی گرتۆته‌وه‌و چوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی ستاندارو بازنه زانستی‌و لۆژیكییه‌كان، هاوكات جیاوازی نرخه به‌رزه‌كانیش له‌نێوان شاره‌كاندا مایه‌ی تێڕامانه، بۆ نمونه ئه‌و گرانییه‌ی له شاری سلێمانیدا هه‌یه حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو چاوهرڕواننهكراوه، چونكه سلێمانی، نهپایتهختهو نه‌هیچ هۆكارێكی ئه‌وه‌نده گرنگ هه‌یه كه له‌پشت ئه‌و گرانییه‌وه بێت، كه هه‌یه.
نرخی كاڵاكان له‌بازاڕی كوردستاندا، له بۆنه‌كان‌و چه‌ند كاتێكی تایبه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌رزده‌بێته‌وه، ئه‌م به‌رزبونه‌وه‌یه‌ش كاریگه‌ریه‌كی نه‌گه‌تیڤ ده‌كاته سه‌ر گوزه‌رانی هاوڵاتیانی كوردستان.
نرخی یه‌ك كیلۆ گۆشتی سور له‌ساڵی 2007 دا به شه‌ش هه‌زار دینار بو، ئێستا به 17 هه‌زاره، به‌و پێیه‌ش له 128% زیادیكردوه، به‌بێئه‌وه‌ی گوزه‌رانی هاوڵاتیان له سه‌دا 128 زیادیكردبێت.
له‌نێوان ساڵه‌كانی 2005-2010 دا نرخی یه‌ك تۆن چیمه‌نتۆ له 20دۆلاره‌وه هه‌ڵكشاوه بۆ 125دۆلار، هه‌ر بۆیه ئاستی هه‌ڵاوسان له هه‌ندێك كاڵا‌و شمهكدا ده‌گاته 500%و ئه‌وه‌ش جێگه‌ی سه‌نجی ئاگایانه، چونكه هه‌ڵاوسان تا رێژه‌ی 1% تا 2% چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام كاتێك ئه‌و رێژه‌یه له زۆربه‌ی كاڵاكاندا بۆ 100%هه‌ڵده‌كشێ، ئه‌وا ئیتر تیۆرییه ئابورییه‌كانیش له ئاستیدا ده‌سه‌وسانن...
به‌ر له حه‌وت مانگ رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكی، توێژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی سلێمانی كردوه و هۆكاره‌كه‌ی بۆ قۆرخكاریی گێڕاوه‌ته‌وه، به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه نرخی شتومه‌ك له شاری سلێمانی به‌به‌راورد به‌شاره‌كانی تر زۆر گرانتره، ئه‌و رێكخراوه هۆشداریی ئه‌وه ده‌دات كه ئه‌گه‌ر نرخی شت‌و مه‌ك به‌و جۆره به‌رده‌وام له‌به‌رز بونه‌وه‌دا بێ، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هاوڵاتیان كۆچ بكهنو له‌ده‌ست ئه‌و گرانیه هه‌ڵبێن.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی له مادده‌ی پازده‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمدا، كه ئه‌گه‌رچی تائێستاش كاریپێنهكراوه "ئابوری كوردستان له‌سه‌ر سیستمی بازاڕی ئازاده"، به‌ڵام ناسنامه‌و میكانیزمی ئه‌و بازاڕی ئازاده رون نیه‌و رێك نایه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی بازاڕی ئازاد له وڵاتانی تردا.
له وڵاتانی سه‌رمایه‌داری به ئه‌مه‌ریكاشه‌وه، فرۆشیاره‌كان ئازاد نین له‌وه‌ی شمهكهكهی به‌چه‌ند ده‌فرۆشن، به‌ڵكو ئه‌وه به پلان‌و سیستم‌و به‌یاسا بۆیان دیاریكراوه كه شمه‌كێك به‌چه‌ند ده‌فرۆشن، شاره‌زایانی ئابوری بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م رستانه باس لهباركۆد (ئه‌و هێڵه ستونیانهی كه ژماره‌یان له‌سه‌ره‌و له‌سه‌ر كاغه‌زو مقه‌بای كاڵاكان چاپكراوه) ده‌كه‌ن، كه رونیده‌كاته‌وه ئه‌و كاڵایه تێچونی چه‌نده‌و ئه‌و كه‌ره‌سته خاوانه چین تیایدا بهكارهاتونو رۆژی دروستكردن‌و بهسهرچونهكهیو ئه‌و نرخه‌شی كه‌ده‌بێت به‌چه‌ند بفرۆشرێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه فرۆشیار جاسوپهرماركێت بێت یاخود دوكاندار ئازاد نیه به‌زیاتر شمهكهكهی بفرۆشێت له‌و نرخه‌ی كهلهباركۆتهكهدا هه‌یه.
بۆیه له هه‌ر شوێنێكی دونیادا ئه‌گه‌ر كاڵایه‌ك هه‌بو، ئه‌و باڕكۆدهی پێوه نه‌بو ئه‌وا ئه‌و شمه‌كه راسته‌قینه نییه، ئه‌مه‌ش رێگه‌یه‌كه له رێگه‌كان كه زۆرێك له‌وڵاتانی دونیا وه‌ك هۆكارێك بۆ رێگریكردن له گرانفرۆشیی ده‌یگرنه‌به‌ر.
بۆیه ئێستاش له وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ریكادا شتێك هه‌یه پێی ده‌وترێت سه‌قفی نرخ (Price Ceiling)، بۆ نمونه نابێت كاڵایه‌ك یان چه‌ند كاڵایه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو نرخه‌كه‌ی له‌وه‌نده تێپه‌ڕێت.
بابه‌ته په‌یوه‌ندداره‌كان
بازاڕی ئازاد:
ئه‌گه‌ر داڕهمانی كه‌رته‌كانی پیشهسازیو كشتوكاڵی كه دو له هه‌ره سهرهكیترینی كه‌رته ئابورییهكانن، هۆكاری ئه‌و گرانییه بن كه بازاڕه‌كانی كوردستانیان ته‌نیوه، ئه‌وا ئه‌و شێوازی بازاڕی ئازاده‌ی كه پیاده ده‌كرێت، ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌ستی خستۆته بینه‌قاقای بژێوی هاوڵاتیانه‌وه.
ئه‌گه‌رچی له مادده‌ی 15ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمدا هاتوه كه ئابوری كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای بازاڕی ئازاده، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه هێشتا ئه‌و ده‌ستوره نه‌چۆته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه، لهههمانكاتداو لێرهولهوێو زۆرجار له كۆڕه‌و كۆبونه‌وه فراوانهكانو له‌لایه‌ن كه‌سانی به‌رپرسه‌وه باس له‌وه ده‌كرێت كه بازاڕی كوردستان پشت به سیستمی بازاڕی ئازاد دهبهستێتو ده‌یه‌وێت ئه‌و پره‌نسیپانه جێبه‌جێ بكات كه له‌بازاڕی ئازاد‌دا هه‌یه، به‌ڵام قۆرخكاری كه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆلی بازاڕی ئازاد‌و بنه‌ماكانی كێبركێكاریی كارده‌كات، به‌جۆرێك بازاڕه‌كانی كوردستانی ته‌نیوه كه نه‌فه‌سێكی ئه‌وتۆی نه‌هێشتۆته‌وه تا خه‌ڵك به ویستی خۆیان بای باڵی خۆیان بده‌ن.
هه‌ر ئه‌وه‌شه وای له رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكی كرد كه پێش حه‌وت مانگ‌و له توێژینه‌وه‌یه‌كیاندا ئاماژه به‌و گرانیه له راده به‌ده‌ره بكه‌ن كه له‌شاری سلێمانیدا هه‌یه (به نمونه) تیایدا هۆشداری بده‌نه به‌رپرسان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆپییه‌كی راپۆرته‌كه‌یان دایه مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی، توێژینه‌وه‌كه، ئۆباڵی ئه‌و گرانیه‌ی كه ئه‌و شاره‌ی گرتۆته‌وه ده‌خاته ئه‌ستۆی ئه‌و قۆرخكارییهی بازاڕ كه له‌لایه‌ن هه‌ندێك كهسو كۆمپانیاوه ده‌كرێت.
كێشه‌ی گه‌وره له هه‌رێمی كوردستاندا و له ئێستادا ئه‌وه‌یه كه تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه ئابورییه‌كه هه‌ڵه‌یه، نازانرێت چۆن له بازاڕی ئازاد تێبگهینو سودی لێببینینو به‌كاریبهێنین.
كوردستان ئابورییه‌كی بچوكی زۆر كراوه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌ش هه‌میشه كاریگه‌ر ده‌بێت به گۆڕانكارییه ئابوریه‌كان، چونكه بچوكه بۆیه ناتوانێت خۆی كۆنترۆڵ بكات، بازاڕی ئازادیش پێیوانیه وڵاتێك هه‌مو ده‌رگاو دهوازهكان به‌روی هه‌مو كاڵاكانی وڵاتانی دونیادا بكاته‌وه.(1)
هاوكات له بازاڕی ئازاد‌دا زیاتر له یه‌ك فرۆشیار هه‌یه، بۆیه یه‌ك فرۆشیار به‌ته‌نها ناتوانێت نرخ به‌رز بكاته‌وه، كڕیاره‌كانیش ئه‌وه‌نده زۆرن، یه‌ك كڕیار ناتوانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخ بكات.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی رۆژ له‌داوای رۆژی نرخی ئاوی كانزایی داده‌به‌زێت، ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه بازاڕه‌كه‌ی تا ئاستێكی باش بازارێكی ئازاده، بۆیه هه‌ركاتێك فرۆشیار له یه‌كه‌وه بو به‌دوان ئه‌وا نرخ داده‌به‌زێت.
سیستمی سوپه‌رماركێته‌كان:
یه‌كێك له سیماكانی بازاڕی كراوه‌و وه‌ك میكانیزمێكیش بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی قۆرخكاریی كه (بهسهڕهتانی ئابوری) ناودهبرێتو له پێناو فرۆشتنی كاڵای ههرزانو كوالیتی باش‌و پێشكه‌شكردنی زۆرترین خزمه‌تگوزاری، سوپه‌رماركێته‌كان یه‌كێك بون له رێگه چاره گرنگ‌و پێویستهكانو داهێنانه گه‌وره‌كان.
سوپه‌رماركێت مۆدێلێكی بازاڕه و زیاتر له هه‌شتا ساڵه هه‌یه، به‌رده‌وام رۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كه‌شی به‌رونی به‌دیار دهكهوێتو چالاكیهكییهكانی رۆژ له دوای رۆژ له فراوانبوندایه.
ئه‌و بازاڕانه پابه‌ندی چه‌ندین مهرجو ستانداردن كه هۆكاری دروستبونهكهیانه، كه سه‌ره‌كیترینیان خستنه‌ڕوی زۆرترین كاڵا‌و شمه‌ك به هه‌رزانترین نرخ‌و به باشترینه‌كانی كوالیتی‌و پێدانی زۆرترین خزمه‌تگوزرایی.
به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی دیسانه‌وه ئه‌م سوپه‌ر ماركێتانهش به‌ر ره‌حمه‌تی قۆرخكاریی نه‌كه‌ون كه خۆیان له هۆكاری دژایهتیكردنیاندا دروست بون، ده‌بێت ژماره‌یان زۆربێت‌و له خاوه‌ندارێتی كردنی چه‌ند كه‌سێكی كه‌میش بپارێزرێن، واته ناكرێت یه‌ك كه‌س خاوه‌نی چه‌ند سوپه‌رماركێتێك بێت، ئه‌گه‌ر وا بو ئه‌وا بواری كێبركێكردن كه‌مده‌كرێته‌وه، مه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا ماركه‌ی سوپه‌ر ماركێتێك به هه‌رزانی له نرخهكانیو باشی كوالیتییهكانیدا بناسرێته‌وه‌و چه‌ندین لق‌و پۆپیشی له شا‌و ناوچه جیاوازه‌كاندا هه‌بێت، وه‌ك سوپه‌ر ماركێتی (ئاڵدی).
جگه له‌و دوكانی بازاڕانه‌ی كه هه‌ن، ژماره‌یه‌ك سوپه‌ر ماركێتیش هه‌ن له شاره‌كانی كوردستاندا، كه به‌پێی رای شاره‌زایانی ئه‌و بواره، ته‌نها به‌یه‌ك دوانێكیان له كۆی هه‌مویان ده‌توانین بڵێین (سوپه‌ر ماركێت).
چه‌ند شاره‌زایه‌كی ئابوری له باوه‌ڕه‌دا نین، دو سوپه‌رماركێت هه‌بێت له كوردستاندا كه به‌مانا زانستی‌و فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی مه‌رجی سوپهرماركێتی تێدا بێت، به بڕوای ئه‌وان فه‌لسه‌فه‌ی ئابوریی سوپه‌رماركێت ئه‌وه‌یه كه تێچونی كاڵاكانیان كه‌متره، به‌به‌راورد به دوكانداره بچوكهكانو ئه‌وه‌ش كه‌مجار لهسوپهرماركێتهكانی كوردستاندا روده‌دات.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌ی سوپه‌رماركێته‌كانی كوردستان كه‌من، ئه‌وه‌ش وایكردوه كه ئه‌گه‌ر سوپه‌رماركێتێك ته‌نها گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروپشتیشی رویتێبكهن، هیچ گرفتێكی نهبێتو به‌شی بكات.
هاوكات چه‌ند بۆچونێك هه‌یه باس له‌وه ده‌كه‌ن خه‌ریكه جم‌و جوڵێك له‌بواری كێبركێكاری له‌نێوان(سوپه‌رماركێت)ه‌كاندا دروستده‌بێت.
لهسوپهرمارێكتی وڵاتانی تردا وه‌ك (Carrefour، Lidl، Tesco، Aldi)، چه‌ندین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌هاوڵاتیان ده‌كرێت، هه‌ر له سوپهماركێتی تر سینه‌ماو مه‌له‌وانگه‌و ره‌وزه‌و بانك‌و به‌نزینخانه‌و مهكدۆناڵدی تیایه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه ده‌درێت به سوپه‌رماركێته‌كان به نرخێكی رهمزیو به به‌های 1%ی نرخی بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی وه‌رگیراون، به‌ڵام كاڵا‌و شمه‌كه‌كانیان زۆر گرانترن له‌و كاڵایانه‌ی كه له دوكان‌و بازاڕه‌كاندان، ئه‌وه له كاتێكدایه كه خه‌رجییه‌كانی كارمهندو ئاو كاره‌باو باج‌و هه‌مو ئه‌وانه‌ی تریان كه‌متره له بازاڕه‌كان، چونكه له سوپه‌رماركێته‌كاندا خه‌رجییه‌كان دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر كاڵایه‌كی زۆردا.
به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونه‌ی كه كراوه، له نێوان نرخی ئه‌و شمه‌كانه‌ی كه له سێ سوپه‌ر ماركێت له شاری سلێمانی له لایه‌ك‌و دو كان بازاڕه‌كاندا هه‌ن له لایهكیترهوه كه وه‌ك نمونه وه‌رگیراون، له كۆی 35كاڵا‌و شمه‌ك، ته‌نها شه‌ش دانه‌یان وه‌ك بازاڕه‌كان بوه یان نرخی كه‌متر بوه، به‌ڵام بیست‌و نۆ دانه‌كه‌ی تر نرخیان زیاتره، هاوكات شمه‌كه‌كان یه‌ك جۆر‌و یه كوالیتیشن، ئه‌وه له كاتێكدایه كه ده‌بو نرخ له سوپه‌ر ماركێته‌كاندا زۆر هه‌رزانتر بوایه، به‌وه‌ش ئه‌و وه‌زیفه سه‌ره‌كییه‌ی له ده‌ستداوه كه بۆی دروستبوه.
سوپه‌ر ماركێت ده‌بێت، له‌وه‌ڕگای ئاژهڵو ده‌واجنی تایبهتو نانه‌وای خۆی‌و كارگه‌ی ئاوی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، (سوپرماركێتی تیسكۆ له به‌ریتانیا، وه‌ك نمونه كه خاوه‌نی له‌وه‌ڕگاو حه‌وزی ماسی‌و سه‌مونخانه‌و نانه‌واو كارگه‌ی ئاوی تایبه‌ت به خۆیه‌تی)، نه‌ك بچێت گۆشت له قه‌سابخانه‌و نان له نانه‌واو ئاو له كارگه‌كان بهێنێتو كاڵاكانی تریش یان لای جومله فرۆشه‌كان بیكڕێت، یان وه‌ك خه‌ڵكی تر هاورده‌ی بكات، ئه‌گه‌ر وایكرد، ئه‌وا ناچار ده‌بێت كه به‌گران شمه‌كه‌كانی بفرۆشێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت(جگه له هه‌ندێك جل‌و بهرگو كاڵا‌و شمه‌كی تایبه‌ت).
بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان زه‌وی پێداون كه‌واته ئه‌وان به‌رپرسیارن، ئه‌گه‌ر شاره‌وانی، زه‌وی داونه‌تێ ئه‌وا ئه‌وان برپرسن، ئه‌گه‌ر پارێزگا به‌رپرسه له چاودێریكردنی نرخ، كه‌واته كوا؟ خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن، خه‌تای هاورده‌یه‌و وه‌ك ده‌وترێت" چونكه كاڵاكان له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێن، ئه‌وا هه‌ركه‌سه‌و به ویستی خۆی دهیفرۆشێت"،و وه‌ك به‌هێزترین بیانو ده‌هێنرێته‌وه بۆ گرانفرۆشیی، به‌ڵام شاره‌زایان ئه‌وه به بیانویه‌كی كلۆر ده‌زانن، چونكه رایانوایه كه جیاوازییه‌كی زۆر له نرخی ئه‌و كاڵایانه‌دا هه‌یه كه‌له بازاڕه‌كاندا هه‌ن، له كاتێكدا كاڵاكان یهكجۆرو یه‌ك كوالیتی‌و له یه‌ك وڵاتیشه‌وه هاتون.
كه‌واته ئه‌م حاڵه‌ته یان خه‌تای بازاڕی ئازاده، چونكه ساڵانی رابردو (له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی به‌عسدا) یه‌ك سه‌تڵ ماستی ئه‌لبان له دهۆكو سلێمانی‌و به‌غدا به‌سره‌و فاو به 30- فلس بو، بۆیه ئه‌گه‌ر خه‌تای هیچ كام له‌مانه نه‌بێت، كه‌واته خه‌تای هاوڵاتیه...!
بۆچی نرخ به‌رزده‌بێته‌وه، چونكه:
1/ پاره زۆر بوه...
له ئابورییه‌كی ته‌ندروستدا ساڵ به‌ساڵ به‌رهه‌می ناوخۆیی وڵات زۆر ده‌بێت، هه‌مو كرێكار و فه‌رمانبه‌رێكیش ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می زۆركرد ده‌بێت موچه‌كه‌ی زیاد بكرێت، كه موچه‌كه‌شی زیاد بو، ئه‌وا خواست له‌سه‌ر بهرههمو ئه‌و شمه‌كانه‌ی كه هه‌یه به‌رز ده‌بێته‌وه، كه خواستیشی به‌رز بۆوه، نرخی شمه‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌ڵام رێژه‌كه 1-5%، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا روده‌دات كه نرخی یه‌ك كیلۆ گۆشتی مریشكی سپی له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا له پێنج هه‌زاره‌وه به‌رز بۆوه بۆ حه‌وت هه‌زار، به‌و پێیه‌ش 40% نرخی گۆشتی سپی به‌رز بۆوه، به‌ڵام ئه‌وه له وڵاتانی تر به 10-20 ساڵ روده‌دات، بۆیه ده‌بێت لێپرسینه‌وه له‌و باره‌یه‌وه بكرێت.
له وڵاتانێك كهلهترۆپكی سه‌رمایه‌داریدان، حكومه‌ت میكانیزمی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه كه چۆن پارێزگاری له ئاستی گشتی نرخه‌كان بكات‌و به‌رز نه‌بنه‌وه، بۆیه كاتێك حكومه‌ت هه‌ستده‌كات كه نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه، دێت لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان بانگ ده‌كات بۆئه‌وه‌ی چی بكه‌ن؟
كاتێك كه حكومه‌تی هه‌رێم بڕیار ده‌دات له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ملیاره‌ها دۆلار خه‌رج بكات، هه‌ر له پرۆژه‌وه بۆ قه‌ره‌بوی موچه‌و پێشینه‌كان، ئه‌وا وا ده‌كات كه گرانییه‌كی گه‌وره به‌رێوه بێت‌و شاره‌زایانی ئابوریش رایانوایه كه گرانییه‌كی گه‌وره‌تر به‌رێوه‌یه.
كه حكومه‌ت فه‌رمانبه‌ران قه‌ره‌بو ده‌كاته‌وه یان موچه‌یان بۆ زیاد ده‌كات ده‌بێت لێیان بپرسێت ئه‌و پاریه ده‌ده‌ن به‌چی؟، چونكه ئه‌و پاره‌یه بیده‌ن به‌هه‌ر شتێك گرانی ده‌كه‌ن.
چاره‌سه‌ری ئه‌و حاڵه‌ته به‌وه ده‌كرێت وه‌ك له هه‌ندێك له وڵاتانی پێشكهتوی دونیادا هه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ موچه زیاد بكه‌ن، بۆ پارێزگاری كردن له نرخ له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه حكومه‌ت راپرسی ده‌كات له‌ناو ئه‌و توێژانه‌ی كه ئه‌و زیادكردنه ده‌یانگرێته‌وه، ده‌پرسێت ئه‌و پاره‌یه ده‌ده‌ن به‌چی؟ دوای ئه‌وه‌ی دیراسه‌ی ئه‌و فۆڕمانه ده‌كات كه بڵاویكردۆته‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ی كه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت بۆ نمونه "زۆربه‌یان وتویانه ده‌یده‌ین به كهلو په‌لی ناوماڵ"، ئه‌وكات دێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌وه كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاته ئاگادار ده‌كاته‌وه كه له‌ساڵی داهاتودا خواست له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌و پێداویستی ماڵ زۆر دهبێتو كاڵای زۆر بهێنن، ئه‌و كات هێشتا خواست زۆر نه‌بوه، كاڵایه‌كی زۆر خراوه‌ته‌ڕو، دواتر كه خواست زۆر ده‌بێت، چونكه خستنه‌ڕو زۆره نرخ به‌رز نابێته‌وه. (2)
ماوه‌ی دو مانگه بودجه په‌سه‌ند كراوه، بڕێكی زۆر پاره وه‌ك خهرجیو قه‌ره‌بو دراوه‌ته هاوڵاتیان، له‌ماوه‌ی ته‌نها بیست سێ رۆژدا، زیاتر پێنج هه‌زار كه‌س ته‌نها له سلێمانی پیَِشینهی هاوسه‌رگیریان وه‌رگرتوه، واته بیست ملیۆن دۆلار خراوه‌ته بازاره‌وه، ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ بازارێكی بچوكی وه‌ك سلێمانی كاریگه‌ری گه‌وره دروستده‌كات.(3)
ئه‌وه جگه له‌وانه‌ی كه پیشینه‌ی خانوبه‌ره‌یان وه‌رگرتوه، مامۆستایه‌كی زانكۆ باسی له‌وه كرد، "هێشتا بودجه په‌سه‌ند نه‌كرابو، ئه‌و هۆشدارییه‌م دا‌و پیشم وایه كه نرخ زیاتر به‌رز دهببَتهوه". به‌بڕوی ئه‌و مامۆستایه خه‌ڵك كه‌ڵك له‌و پێشینانه وه‌رناگرن، چونكه كاتێك كه‌سێك پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری وه‌رده‌گرێت، نرخی ئاڵتون زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه، بۆیه ئاڵتونه‌كه به گرانتر دهكرێتو ئه‌و پاره‌یه‌شی كه وریگرتوه، قه‌رزه، كه‌واته زیانی كرد.
2/ كه‌رتی كشتوكاڵ له پاشه‌كشه‌ی به‌رده‌وامدایه...
به‌رهه‌می ناوخۆیی تابێت كه‌مده‌بێته‌وه‌و توانای دابینكردنی پێداویستی هاوڵاتیانو بازاڕی كوردستانی نیه، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌سه‌وزه‌و میوه‌وه تا ده‌گاته به‌روبومی گۆشت (سپی‌و سورو ماسی)، وایكرده‌وه كه به‌رهه‌می ناوخۆیی خۆی له‌به‌رده‌م شاڵاوی به‌روبومی ده‌ره‌كیدا نه‌گرێت.
له سێ ساڵی رابردودا به دهیانو سه‌دان كێَڵگهی په‌له‌وه‌ر له‌ناوخۆدا داخران، هه‌ربۆیه نرخی ئه‌و مریشكه‌ی كه له‌ناوخۆدا به‌رهه‌مدێت سێ قات زیاتره له‌و مریشكه‌ی كه له سعودیه‌و به‌رازیله‌وه دههێنرێنو هاوڵاتییه‌كی كهمهدهرامهتیش یان كه داهاتێكی دیاریكراوی هه‌یه كیلۆیه‌ك مریشكی به‌ستو به 2500دینار ده‌كرێت، بۆیه نایكڕنو دهواجنهكانیش دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دو تا سێ مانگ جوجكهكان گه‌وره دهكهنو خه‌رجییان تێدا ده‌كه‌ن، دواتر ده‌بێت زۆر به‌خێرایی بیفرۆشن، ئه‌گه‌ر دو سی ئه‌زمونی وه‌هایان كرد كه ئه‌و نرخه‌ی ده‌یانه‌وێت نه‌فرۆشراو به‌رهه‌مه‌كه‌یان مایه‌وه ئیتر دهواجنهكهیان داده‌خه‌ن، چونكه ته‌حه‌ممولی ئه‌و زیانه ناكه‌ن، چونكه نه‌یانتوانیوه كێبڕكێی شمه‌كی هاورده بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت كه حكومه‌ت زۆربه‌خێرایی به سه‌دان هه‌زار جوجك لهوڵاتلانی دراوسێوه هاورده بكات‌و دابه‌شیبكات به‌سه‌ر كێڵگه‌كاندا به نرخی خۆی، پاشان یه‌ك هه‌زار دینار باج بخاته سه‌ر یه‌ك كیلۆ گۆشتی مریشكی هاورده، ئه‌وا ده‌واجنه‌كانی كوردستان زۆر به‌خێرایی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌لی قازانجیان هه‌یه‌و ئاوه‌دانیان ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وكات ناترسن له زیان، چونكه حكومه‌ت باجی خستۆته‌سه‌ر مریشكی هاورده، چونكه كه به‌رهه‌می هاورده گران بو، به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌رزان ده‌بێت، گه‌ر خاوه‌ن دهواجنێك پێنج وه‌جبه مریشكی ده‌ركرد، له دوانیشیان زه‌ره‌ر بكات، هه‌ر لهوبازاڕهكهدا دهمێنیًَنێتهوه، چونكه بێگومانه له‌وه‌ی حكومه‌ت پشتی دهگرێتو هه‌مو باجێكیش داهاتێكی گه‌وره‌یه بۆ حكومه‌ت.
ئه‌گه‌رچی باج دانان له‌سه‌ره‌تادا نرخی شمه‌ك تا ئاستێك به‌رز ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو له دواتردا ده‌چێته خزمه‌تی پلانێكی دورمهوداوهو، زۆربه‌ی میللهتانو حكومه‌ته‌كان قوربانیان به خۆیان‌و سه‌رمایه‌كه‌یان داوه، چونكه ئایینده‌یه‌كی تۆكمه‌تر چاوهڕێیاندهكاتو ئه‌ركی حكومه‌تیشه خه‌ڵك تێبگه‌یه‌نێت.
3/ عه‌لوه نرخی سه‌وزه‌و میوه دیاریده‌كات...
عه‌لوه كه وه‌ك بۆرسه‌ی فرۆشتنی به‌روبومی سه‌وزه‌و میوه‌یه، هۆكارێكه بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی بهروبهمهكانو رێكخستنی نرخ، به‌ڵام ئه‌م وه‌زیفه گرنگه وه‌ك خۆی نابینێت‌و زۆرجار هۆكارێكی سه‌ره‌كی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌كانه.
بۆ نمونه جوتیارێك پێنج سه‌د دیناری ده‌ده‌نێ بۆ كیلۆیه‌ك ته‌ماته، ئه‌و پێنجهسهدهش دوسه‌د یان سێ سه‌د دینار خه‌رجی تێچونیهتی، عه‌لوه ده‌یدا به 750یان 1000 دینار، كه كڕیار ده‌یباته ده‌ره‌وه ده‌بێت عموله‌ی لێبدات‌و خراپه‌كانیشی فڕێ بدات، دوكاندارهانیش ده‌یده‌ن به 1500دینار، كه‌واته لێره‌دا رۆڵی عه‌لوه چی بو، جگه له گرانكردنی نرخ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چه‌ند عهلوهیهك ههبێتو كێبركێ بكه، بۆ نمونه عه‌لوه‌كه‌ی تر كیلۆیه‌ك ته‌ماته به گرنتر بكڕێت‌و به هه‌رزانتریش لهعهلوهكهی تری بفرۆشێته‌وه، ئه‌وكات جم‌و جوڵێكی زۆرتری تێدا دهبێتو كێبركێش روده‌دات.
4/ قۆرخكاری به ئاشكراوهو به شاراوه‌یی هه‌یه...
تائێستاش بازاڕی كوردستان ئازاد نیه‌و ئیحتیكاره، به‌ئاشكراو شاراوه‌وه، بۆ نمونه سه‌دان كه‌س زێڕنگهرنو ئیشی ئاڵتون ده‌كه‌ن، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاڵتون ده‌هێننه كوردستانه‌وه به‌په‌نجه‌ی ده‌ست دژهمێردرێن، مادام فرۆشیاره سه‌ره‌كیه‌كان كه‌من، ئه‌وان ده‌توانن یاری به نرخی ئاڵتون بكه‌ن.
هاوكات حكومه‌ت ده‌بێت به وردی چاودێریی ئه‌و كۆمپانیایانه بكات كه یه‌ك جۆر ئیش ده‌كه‌ن، چونكه زۆرجار كۆمپانیاكان خۆیان له‌ناو خۆیاندا كۆده‌بنه‌وه‌و ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌ت پێكدێنن، بۆ پارێزگاریكردن له نرخ‌و دانانی سنورێك بۆ دابه‌زاندنی نرخ، ئه‌وه‌ش پێی ده‌وترێت(كار تێڵ)، ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك كۆمپانیان له‌ناو خۆیاندا هه‌ریه‌كه نوێنه‌ریان هه‌یه‌و كامیان له‌هه‌مویان گه‌وره‌تر بو ده‌نگی زیاتر ده‌بێت، بۆ نمونه ئێستا له كوردستان چی واده‌كات كه نرخی چیمه‌نتۆ دانه‌به‌زێت، یان نرخی چركه‌و ده‌قیقه‌ی قسه‌كردن له كۆمپانیاكانی مۆبایلدا نزیك بێت له‌یه‌كه‌وه، (ره‌نگبێت) په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه ههبێتو نمونه‌ی ئه‌وه‌ش له‌وڵاتانی تردا زۆره، بۆیه له‌توانای حكومه‌تدایه كه ئه‌و كارتێڵانه تێك بشكێنێت، ئه‌ویش به‌زیادكردنی ژماره‌ی كۆمپانیاكان، چونكه ئه‌گه‌ر ژماره‌یان زیاتر ئه‌وا ئه‌گه‌ری دروستكردنی كارتێڵ كه‌مده‌بێته‌وه.
هۆكاره‌كانی زیادبونی نرخ:
1- نه‌بونی یاسایه‌كی گونجاو كاریگه‌ر بۆ رێكخستنی بازاڕ‌و چاودێریكردنی نرخ‌و ئه‌وانه‌ی كه یاری به نرخه‌وه ده‌كه‌ن، بۆیه ، تا ئێستاش ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه یه‌كێكن له‌و لایه‌نانه‌ی كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندداران به‌م بابه‌ته‌وه، تائێستاش یاسایه‌كیان نیه تا به‌هۆیه‌وه لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا بكه‌ن كه سه‌رپێچی ده‌كه‌ن.
2- بڕی ئه‌و سزایانه‌ی كه دیاركراون، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سه‌رپێچی ده‌كه‌ن هێند كه‌من، كه نه‌توانن رێگری بكه‌ن له گرانفرۆشی، ئه‌گه‌رچی به‌پێی ئاماره‌كان له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردودا به‌به‌های ملیۆنان دینار سزای ئه‌و كه‌سانه دراوه كه سه‌رپێچی ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێك له گۆشت فرۆشه‌كان باسی ده‌كات، "ئه‌وان جاری وا هه‌یه به به‌های چه‌ند ملیۆن دینارێك گۆشت به گران دهفرۆشنو ئه‌گه‌ر پێشیان زانرا، ئه‌وا به چه‌ند هه‌زار دینارێك سزا ده‌درێن".
3- هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی بهكاربهرهو كه‌مترین به‌رهه‌می خۆماڵی له بازاڕه‌كانی كوردستاندا ده‌بیندرێت. كاتێك زۆرینه‌ی پێداوێستییهكانی هاوڵاتییان له بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه بهێنرێت بوارێكی زیاتر به بازرگانه‌كان ده‌درێت كه یاری به‌نرخ بكه‌ن و به‌رزی بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كییه له كه‌م بونی خستنه‌ڕو و زیادبونی خواست، كه به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی لێكه‌وتوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند ئه‌م هۆكاره له‌به‌شێكی پێشتری راپۆرته‌كه‌دا پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه.
4- قۆرخكاری، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه سیاسییه‌كانه‌وه تاوه‌كو ئێستا قۆرخكاری له چه‌ندین بواری بازرگانی‌و به‌ڵێنده‌رایه‌تیدا هه‌یه، ئه‌مه وایكردوه كه‌مترین ده‌رفه‌ت بۆ كێبركێ بمێنێته‌وه، ئه‌و لایه‌نانه‌ش كه بازاڕیان كۆنتڕۆڵكردوه به‌ویستی خۆیان نرخ دادهبنێن.
5- هه‌رچه‌نده چه‌ندین سامانی گرنگ له خاك‌و زه‌وی كوردستانه‌وه بهرههمدێتو ده‌رده‌هێنرێت، به‌تایبه‌ت سوته‌مه‌نی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی رون‌و شه‌فاف نابینرێت‌و به‌رهه‌مه سوتهمهنییهكانیش به باشی نه‌خراونه‌ته خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه، وایكردوه نرخی سوته‌مه‌نی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاوه به‌رزببێته‌وه‌و به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و سوتهمهنییهش كه‌له هه‌رێمی كوردستاندا به‌كارده‌هێنرێت له ده‌ره‌وه هاورده‌بكرێت.
6- نه‌بونی كۆنترۆڵی جۆری به‌شێوه‌یه‌كی چالاك بۆ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هاورده ده‌كرێن، به‌شێك له بازرگانه‌كان ئامێر‌و كاڵای خراپ ده‌هێننه كوردستانه‌وه، ئه‌و شمهكو ئامێرانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك دروستكراون ته‌مه‌نی كاركردنیان كه‌مه، له‌به‌رئه‌وه‌ی زو تێكدهچنو خه‌ڵكیش به‌رده‌وام پێویستی پێییانه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی زۆربونی باكارهێنانی ئه‌و كهرهستانهو زیادبونی خواست.
7- ئه‌و شمه‌كانه‌ی، چ له بازاڕدا ده‌فرۆشرێن یاخود له كۆگاكاندا هه‌ڵده‌گیرێن چاودێرییه‌كی وردی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌سه‌ر نییه كه رێگا له‌وه بگرێت له كاتی زیادبونی خواستتدا بازرگانه‌كان یاری به‌نرخه‌كان نه‌كه‌ن.
چاره‌سه‌ره‌كان
یه‌كه‌م: چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن
بۆئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی له ئاینده‌یه‌كی درێژدا چاره‌سه‌ربكرێت، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی ستراتیژی دابرێژێتو كار به‌و پلانه بكات، به‌هۆی ئه‌م پلانه‌وه له‌چه‌ند ساڵی ئاینده‌دا هاورده‌كردن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو كه‌مبكرێته‌وه‌و به‌رهه‌می ناوخۆی به‌شێوه‌یه‌كی وا زیادبكرێت 80% پێویستییه‌كانی بازاڕی كوردستان له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رهه‌مبهێنرێت، دو كه‌رت هه‌ن كه زۆر گرنگه له زوترین كاتدا پلانی ستراتیژی‌و شیاوییان بۆ دابنرێت‌و (به جدی كاریان له‌سه‌ر بكرێت) كه‌رتی كشتوكاڵی‌و پیشه‌سازییه.
دانانی ئه‌م پلانه‌ش كارێكی ئه‌سته‌م نییه‌و ساڵانه رێژه‌یه‌كی دیاریكراو له بودجه‌ی كوردستان بخرێته خزمه‌تی ئه‌م پلانه‌وه له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ئاینده‌دا به‌یه‌كجاری بازاری كوردستان له‌م قه‌یرانه رزگاری ده‌بێت.
دوه‌م: چاره‌سه‌ری هه‌نوكه‌یی
1- له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه بڕیار بدرێت كه فرۆشیاران، رێژه‌ی قازانجیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌و دیاریبكرێت، بۆ نمونه هه‌ر كاڵایه‌ك نابێت 25% زیاتر قازانج وه‌ربگیرێت، واته رێگه چاره به دیاریكردنی قازانج ده‌بێت نه‌ك دیاریكردنی نرخ‌و شاره‌زایانیش پێیانوایه ئه‌م شێوازه جیاوازه له دیاریكردنی نرخ، بۆنمونه كاتێك كه فرۆشیارێك توانی تێچونی كاڵاكانی كهمكردهوهن ئه‌وا بڕی قازانجه‌كه‌ی زۆر ده‌بێت، بۆنمونه، له زۆبه‌ی سوپه‌رماركێته‌كاندا یه‌ك بوتڵ ئاو به 250دیناره، به‌ڵام له یه‌كێك له سوپه‌رماركێته‌كانی سلێمانی دو بوتڵ به 250دیناره، له‌و كاته‌دا حكومه‌ت نرخی دیارینه‌كردوه به‌ڵو خۆی به‌و نرخه‌ی ده‌دات، چونكه بازاڕ ئازاده.
یاسا ئابوریه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئابوری ئه‌و وڵاته ته‌ندروسته كه هاڵاوسانی هه‌بێت، به‌ڵام 1_تا5%بێت‌و ئه‌وه‌ش ئاساییه، ئه‌گه‌ر له‌وه زیاتر بو، واته هه‌ر وڵاتێك رێژه‌ی گشتی نرخه‌كان 5%زیاتر بو ئه‌وا به ئابوری ئه‌و وڵاته ده‌وترێت ناجێگیر(4)
2- پێداچونه‌وه به سیستمی سزادان‌و بڕه‌كه‌ی، به‌جۆرێك كه به‌ند كردن‌و سزای ماددی زۆری تێبكهوێتو سه‌رپێچیكار نه‌توانێت هه‌مان ئیش بكاته‌وه، تا كه‌م بن ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه ریسك به ئیش‌و بژێوی خۆیان‌و كهسو كاریانه‌وه ده‌كه‌ن، هاوكات پێداچونه‌وه به ناسنامه‌ی بازرگانی، له‌رێگای چاودێرییه‌وه‌و ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت بازرگانێك به كه‌ره‌سته‌ی خراپ‌و سود وه‌رگرتن له زیادبونی خواست، زیانی به ژیانی هاوڵاتیان گه‌یاند ناسنامه‌ی بازرگانی لێوه‌ربگیرێته‌وه.
شاره‌زایه‌كی ئابوری، باس له‌وه ده‌كات كه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیه كه حكومه‌ت سزای گۆشتفرۆشێك بدات له‌به‌ره‌ئه‌وه‌ی گۆشتی به گران فرۆشتوه، به‌ڵكو ده‌بێت به‌دیل بخرێته رو، ئه‌و شاره‌زایه نمونه‌ی ئه‌و چه‌ندین كه‌سه‌ی هێنایه‌وه كه‌له‌سه‌رده‌می رژێمی پێشوداو به‌هۆی گرانفرۆشیهوه له سێداره دران‌و خه‌ڵكێكیش هه‌بون هه‌ر شتیان به‌گران ده‌فرۆشت. له وڵاتانی تردا كه سزای كۆمپانیایه‌ك ده‌ده‌ن به‌جۆرێك ده‌یده‌ن كه كه‌مه‌ر شكێنهو ته‌مبێ كه‌ره‌یه، بۆنمونه ئه‌گه‌ر گۆشت فرۆشێك گۆشتی به‌گران فرۆشت دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین رێگه‌و شێوازی تر ده‌گیرێته به‌ر، ئه‌وكات حكومه‌ت ده‌توانێت مۆڵه‌ته‌كه‌ی لێبسه‌نێته‌وه.(5)
3- ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئێستا له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رهه‌مدێن به رونیو ئاشكرایی بخرێنه بهرباسو پلانێك دانرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی شیاو بخرێنه خزمه‌تی بازاڕی كوردستانه‌وه.
4- ده‌ست هه‌ڵگرتن له قۆخكاریی بازاڕ‌و تایبه‌تمه‌ند كردتی چه‌ند شاره‌زایه‌ك، به‌و بواره كه سودو جه‌دوای كاركردنی كێبركێكاریی رون بكاته‌وه‌و سه‌رجه‌م كۆمپانیا‌و كه‌سایه‌تیه ئابوریی‌و سیاسیه‌كان تێبگه‌یه‌نرێت له‌وه‌ی كه ده‌توانن قازانجێكی زیاتر بكه‌ن ئه‌گه‌ر بازاڕ قۆرخ نه‌كه‌ن.
5- زیاد كردنی ژماره‌ی سوپه‌ر ماركێته‌كان، به‌جۆرێك شارێكی وه‌ك سلێمانی پێویستی به 50 سوپه‌ر ماركێتی راسته‌قینه هه‌یه، تا بواری كێبركێكرد فراوانتر بكرێت.
په‌راوێزه‌كان:
(1) چه‌ند جۆره ئابورییه‌ك هه‌یه، ئابوری داخراو كراوه، بچوك‌و گه‌وره.
(2) ساڵانه به‌رده‌وام نرخ به‌رده‌بێته‌وه‌و حكومه‌ته‌كانیش ناچار ده‌بن هاوشانی ئهوبهرز بونه‌وه‌یه یان زیاتر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد بكه‌ن.
(3) ئه‌م داتایه له رۆژی (17/8/2011)دا وه‌رگیراوه.
(4) به‌پێی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی كهرێكخراوه ئابورییه جیهانییه‌كان دیاری‌یان كردوه، سێ نیشانده‌ر هه‌یه كه جێگیریی ئابوری وڵاتی پێده‌پێورێت، ئه‌وانیش: به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ، بێكاریی، گه‌شه‌ی ئابورییه.
(5) له‌یه‌كێك له ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكادا، كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت كه كاره‌بای دابیندهكرد، دوای ئه‌وه‌ی كه حكومه‌ت وردبینیكرد بۆیده‌ركه‌وت بڕی ئه باجه‌ی كۆمپانیاكه داویه‌تی به حكومه‌ت زۆر كهمبوهو داتا‌و زانیاری هه‌ڵه‌ی داب‌و، له‌ولاوه‌ش پاره‌ی زیاتری له‌خه‌ڵك وه‌رگرتبو، ئه‌وه‌نده سزایان دا، كۆمپانیاكه ئیفلاسی كرد.