راپۆرت: سبه‌ی
له 27/8دا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم، چوار بڕیاری به‌مه‌به‌ستی ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان ده‌رکرد. له‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌و بڕیارانه‌شدا، ئاماژه به ده‌ستگیركردنی ته‌قه‌که‌رانی خۆپیشاندانه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی ئۆپۆزسیۆن و گێڕانه‌وه‌ی مافی سزادراوانی سیاسی درابو، هه‌روه‌ک بڕیاری ئهوهشیدابو، که نابێت هیچ که‌سێک بێ رێوشوێنی یاسایی ده‌ستگیر بکرێت.
گه‌ڕانه‌وه بۆ چاکسازییه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم
پاش روداوه‌که‌ی 17ی شوبات و ده‌ستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کان، وێڕای خستنه‌ڕوی چه‌ند په‌یامێک، سه‌رۆکی هه‌رێم له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا پرۆژه‌یه‌کی چاکسازی خسته‌ڕو، به‌ڵێنیشیدا له‌ماوه‌ی سێ تا چوار مانگی داهاتودا ئه‌نجامی ئه‌و چاکسازیانه به‌دیار بکه‌وێت.
دوای به‌ڵێنه‌كانی، مه‌سعود بارزانی لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌دواداچونی پرۆژه چاكسازییه‌كه، به سه‌رۆكایه‌تی حاكم ئازاد مه‌لافه‌ندی و یانزه ئه‌ندام پێكهێنا، به‌وته‌ی چاودێرانی سیاسیش تائێستا ئه‌و چاکسازیانه ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆی نه‌بوه و پێیانوایه، به‌كردار هه‌نگاو بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه نه‌نراوه‌و جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانیش له‌ئاستی داواکاری هاوڵاتیاندا نه‌بوه.
هاوژین عومه‌ر، رۆژنامه‌نوس و سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی کۆمه‌ڵ، رایگه‌یاند: پرسی چاکسازی له کوردستاندا پێش رێکخستنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ته‌نها دروشم بو لای ده‌سه‌ڵات، چونکه له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کاتێک زانیان ئۆپۆزسیۆن به جدی باس له ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی ده‌کات، پرسی چاکسازیان هێنایه ناوه‌وه که له دروشم زیاتر نه‌بو.
ناوبراو بۆ (سبه‌ی) باسی له‌وه‌شکرد، "پاش هه‌ڵبژاردنه‌کان که هه‌وڵه‌کان رێکخران و فشاره‌کان زیادیکرد، ده‌سه‌ڵات بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک و بردنی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن، کۆمه‌ڵێک بڕیاریدا که له باوهڕبونیهوه نه‌بو به چاکسازی".
هه‌رچه‌نده لیژنه‌كه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ماوه‌ی رابردودا راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌نجامی چاکسازییه‌که‌ی بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام به‌وته‌ی مامۆستایه‌کی کۆلێژی یاسا‌و رامیاری زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین، گه‌ر گه‌نده‌ڵکاران نه‌درێنه دادگا، پرۆسه‌ی چاکسازی ناته‌واو ده‌بێت.
د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر، وتی: لیژنه پێکهێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک یا هه‌ندێک کۆمپانیا جۆره لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵدا بکرێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌و که‌سانه بدرێنه دادگا و دادگاش به‌پێی یاسا بڕیار ده‌ربکات، هه‌ر کاتێکیش یاسا بڕیاری ده‌ستگیرکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌رکرد یان موڵک و ماڵی گشتی له‌و که‌سانه سه‌ندرایه‌وه، ئه‌وکاته خه‌ڵک ده‌توانێت بڵێت پرۆسه‌ی چاکسازی حاڵه‌تێکی ته‌واوکه‌ری هه‌بوه، به‌ڵام تا ئه‌و که‌سانه نه‌درێنه دادگا ئه‌و پرۆژه‌یه له حاڵه‌تێکی ته‌واودا نیه.
له‌به‌رامبه‌ردا د.که‌نعان حه‌مه غه‌ریب مامۆستای زانسته رامیاریه‌کانی زانکۆی سلێمانی رونیکرده‌وه: تموحی ئۆپۆزسیۆن و داواکارییه‌کانی شه‌قام سه‌قفێکی به‌رزی هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتیش له سه‌قفێکی نزمدا ئاماده‌یی پیشان ده‌دات بۆ چاکسازی کردن، بۆیه ده‌بێت بڵێین ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یی هه‌یه بۆ چاکسازی، به‌ڵام له ئاستی داواکاری ئۆپۆزسیۆن و شه‌قامدا نیه.
مه‌سعود عه‌بدولخالق، رۆژنامه‌نوس و چاودێری سیاسی ئه‌وه‌ی بۆ (سبه‌ی) وت: جێبه‌جێ كردنی بڕیاره حكومییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه تا چه‌ند نیه‌تی چاكسازی له ئارادایه، به‌ڵام نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵك و ماڵی گشتی بۆ حكومه‌ت جارێكی تر پێمان ده‌ڵێت كه ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه گه‌نده‌ڵییه و بڕیاره‌كان زۆر به سستی جێبه‌جێ ده‌كرێن.
راسپارده جێبه‌جێنه‌کراوه‌کان
سه‌رۆکی هه‌رێم له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا په‌یامێکی ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری کوردستان کرد و له‌به‌شێکی په‌یامه‌که‌دا هاتبو: "هەروەكو رۆژی 11ی ئادار لە هەولێر عەرزی ئێوەی بەڕێزم كرد، كە پەنا بەخوا لەماوەی 3-4 مانگی دیكە ئێوە ئەنجامەكان دەبینن، ئێستاش دوبارەی دەكەمەوە دەستبەجێ حكومەتی هەرێم دەست دەكات بەجێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە".
خاڵه‌کانی به‌رنامه چاکسازییه‌که، که سه‌رۆکی هه‌رێم رایگه‌یاندبو بریتی بون له نزیکه‌ی 20 خاڵ، به‌ڵام تێپه‌ڕبونی ئه‌و ماوه‌یه تائێستا به‌شێکی که‌می ئه‌و خاڵانه جێبه‌جێکراون، که خۆی له لێکۆڵینه‌وه و راگرتنی هه‌ندێ پرۆژه‌دا ده‌بینێته‌وه.
له‌هه‌مان کاتدا تائێستا خاڵه گرنگه‌کان جێبه‌جێنه‌کراون وه‌کو؛ پێداچونەوە بەوەزعی حكومەت و تەعدیل وەزارییەكی بنەڕەتی، کاراکردنی چاودێری دارایی، دامه‌زراندنی كۆمیسیۆنی نەزاهە، لێكۆڵینەوە لەو پڕۆژانەی تەواو نەكراون یا گەمەیان تێداكراوه، ئاشکراکردنی سەرچاوەی دارایی هەمو حیزبەكان، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان دیاریکراوه، که له‌مانگی تشرینی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا بکرێت، به‌ڵام به‌وته‌ی به‌رپرسانی کۆمسیۆن، بهدوردهزانرێت له‌و واده‌یه به‌ڕێوه‌بچێت.
هه‌روه‌ک یه‌كێك له‌و راسپاردانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم پشتیوانی لێکردوه که جێبه‌جێ بکرێت، بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق بو سه‌باره‌ت به ده‌ستگیركردنی موسته‌شاره‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش تائێستا جێبه‌جێنه‌كراوه، له‌کاتێکدا باسله‌وه‌ده‌کرێت، سه‌رۆكی ههرێمو پارتی‌و یه‌كێتی بڕیاریانداوه موسته‌شاره‌كان ده‌ستگیرنه‌كرێن.
هاوژین عومه‌ر، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: ئه‌و چاکسازیانهشی کراوه، لاوه‌کین و بابه‌ته سه‌ره‌کیه‌کان نین و ئه‌نجامه‌کانی دیار نیه، بۆ نمونه سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌ڵێنی دابه‌شکردنی زه‌وی ده‌دات، به‌ڵام به‌رپرسانی شاره‌وانییه‌کان ده‌ڵێن زه‌وی له ناو شاردا نیه و هیچ زه‌ویه‌کیش ئیفراز نه‌کراوه.
پێشیوایه، ده‌سه‌ڵاتی کوردی وه‌ک بڕوابون، هیچ باوه‌ڕێکی به چاکسازی نیه، ئه‌و چاکسازیانهشی به‌ڵێنیداوه ئه‌نجامی بدات، زۆر که‌مه‌و له‌ئاست چاوه‌ڕوانییه‌کانی شه‌قام و ئۆپۆزسیۆندا نیه، ته‌ئکیدیشی کرده‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات چاکسازی ریشه‌یی نه‌کات، خه‌ڵک هیچ هیوایه‌کی نامێنێت و به‌وپه‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌وه دێته‌وه سه‌ر شه‌قام.
چوار بڕیاره‌که
له‌پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زان و له رێکه‌وتی 27/8دا، سه‌رۆکی هه‌رێم چوار بڕیاری به‌مه‌به‌ستی ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان ده‌رکرد، که‌سوکاری قوربانیانی روداوه‌کانی 17ی شوبات و رۆژانی دواتر به ئیجابی له‌و بڕیارانه ده‌ڕوانن و له‌هه‌مان کاتدا نائومێدیشن به‌رامبه‌ر جێبه‌جێکردنی، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایه گه‌ره‌نتی نییه.
له‌لای خۆیه‌وه مه‌سعود عه‌بدولخالق، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو: له كوردستاندا یه‌كێك له سیفه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه، به‌ڵێن و بڕیاره‌كانی به مورتاحی و له باڵاترین پله‌دا ده‌رده‌كات، به‌ڵام هیچ كات پێی جێبه‌جێ ناكرێت و له‌كاتی سهرپێچیكردنیشیدا به‌دواداچونی بۆ ناكات.
هه‌روه‌ک به‌بڕوای هه‌ردی مه‌هدی، مامۆستای زانکۆ؛ بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم لانیکه‌می به ده‌مه‌وه‌چونی خه‌ڵکه، چونکه له‌لایه‌ک ده‌رکردنی بڕیاره‌که درهنگبو، له لایه‌کی تر هێشتا میکانیزمی جێبه‌جێکردنی ئه‌م بڕیارانه رون نیه، هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنیش حکومه‌ته، به‌ڵام تائێستا حکومه‌ت پێمان ناڵێت چۆن ئه‌و بڕیارانه جێبه‌جێ ده‌کات.
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانکۆ، رونیکرده‌وه، بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم له سه‌روی گفتوگۆکانه‌وه ده‌رکراوه و پێویسته جێبه‌جێ بکرێت، بۆیه ئه‌م بڕیاره وه‌ک تۆمارکردنی هه‌ڵوێست ده‌رکراوه نه‌ک، به‌رپرسیارێتی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، چونکه ئه‌گه‌ر بۆ چاره‌سه‌ر بوایه وردتر ده‌بو، هه‌روه‌ها بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌که‌ش، کاتێکی دیاریکراوی داده‌نا.
له‌لایه‌کی تره‌وه مامۆستایه‌کی زانکۆ پێیوایه ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌گه‌ر به‌راورد بکرێت به وڵاتێکی دیموکراسی، کاره‌ساته، ده‌رباز محه‌مه‌د وتیشی: هه‌مو ئه‌و بڕیارانه ده‌بێت خۆیان رێچکه‌یان هه‌بێت و نه‌بێت به بڕیار، له‌لایه‌کی تر، بڕیاری نه‌مانی سزای سیاسی و دادگایی‌کردنی تۆمه‌تباران، دانپێدانانێکی گه‌وره‌یه، که دادگا له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا سه‌روه‌ر نیه.
رێگرییه‌کان
وێڕای ئیجابی بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌وه‌ی گومانی لای هاوڵاتیان دروستکردوه، جێبه‌جێ نهکردنهکهیهتی، له‌کاتێکدا پاش 17ی شوبات و له‌مانگی ئاداردا، سه‌رۆکی هه‌رێم کۆمه‌ڵێک راسپارده‌ی ده‌رکرد، به‌ڵام به‌شی زۆری نه‌چونه بواری جێبه‌جێکردنه‌وه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی پێشتری بارزانیش "پڕۆژه چاکسازییه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم"، خۆی بواردبو له‌باسکردنی کۆمه‌ڵێک بابه‌تی گرنگی ئه‌مڕۆی هه‌رێم، له‌وانه‌ش پرسی نه‌وت و هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رپرسه باڵا حیزبیانه‌ی ده‌ست له‌کاروباری حکومه‌ت وه‌رده‌ده‌ن و له‌گه‌نده‌ڵییه‌وه تێوه‌گلاون.
هاوکات د.محه‌مه‌د مه‌حوی، پێیوایه؛ یه‌که‌م رێگری له‌هه‌ر چاکسازییه‌کدا رێککه‌وتنی ستراتیژی نێوان یه‌کێتی و پارتیه، چونکه که‌س ئاگاداری ورده‌کاری و بنه‌ماکانی نیه.
ئه‌وه‌شی وت: "رێگری دوه‌م لێکنه‌گه‌یشتنه له‌نێوان سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و پارته فه‌رمانڕه‌واکان له لایه‌ک و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان له لایه‌کی تر، چونکه ئۆپۆزسیۆن تازه‌یه، که‌سه‌کانیشی له‌مێژوی شۆڕشی کوردی‌دا رۆڵیان هه‌بوه، بۆیه گومان ده‌که‌ن به‌رنامه‌ی له‌ناوبردنی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش گومانێکی چه‌وته".
هه‌رله‌باره‌ی رێگرییه‌کانه‌وه ده‌رباز محه‌مه‌د، رونیکرده‌وه، که چۆن یه‌کێتی و پارتی رازی ده‌بن کادری باڵایان بده‌ن به دادگا، له کاتێکدا له کاتی دادگاییکردندا، لێی ده‌پرسن کێ فهرمانیپێکردویت، که نهێنیه‌کان لای ئه‌وانه.
پێشیوایه، ئه‌و بڕیارانه ئه‌وه‌نده‌ی سیاسی و ئیعلامیه، ئه‌وه‌نده رێچکه‌ی ئاسایی خۆی وه‌رناگرێت، هیچ گومانیش له‌وه‌دا نیه که ئه‌م بڕیاره‌ش هه‌مان چاره‌نوسی بڕیار و یاساکانی پێشوتریان ده‌بێت.
که‌سوکاری قوربانییه‌کان له‌چاوه‌ڕوانیدان
ته‌ها قادر، باوکی شه‌هید شێرزاد، رونیکرده‌وه، بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به لای ئێمه‌وه زۆر گرنگه، چونکه ماوه‌ی 6 مانگه له چاوڕه‌وانی هه‌ڵوێستی حکومه‌تی هه‌رێمداین بۆ دادگایی‌کردنی ئه‌و ته‌قه‌که‌رانه.
هاوکات باوکی شه‌هید رێژوان داوا ده‌کات بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم، به کردار جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌وه‌شی وت: داوا له حیزبه‌کان ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر دڵسۆزن بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و حکومه‌تی هه‌رێم، هیچ لایه‌نێکیان داڵده‌ی ئه‌و بکوژانه نه‌ده‌ن، با راپێچی دادگا بکرێن و له دادگادا سزای خۆیان وه‌ربگرن.
له‌خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دواتر، 10كه‌س شه‌هیدكراو زیاتر له 500كه‌س برینداركران، به‌سه‌دان كه‌سیش به‌نایاسایی راپێچی زیندان كران، به‌ڵام تائێستا ده‌سه‌ڵات بكوژان په‌نا دهداتو ئاماده نیه بیانداته دادگا.
له‌به‌رامبه‌ردا دایکی شه‌هید گه‌رمیان بێهیوایه له‌جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ ده‌ستگیرکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی هاوڵاتیانیان کوشتوه، رێزان عه‌سکه‌ر بۆ (سبه‌ی) راشیگه‌یاند: "هیچ قه‌ناعه‌تێکم نیه بکوژه‌کان بنێررێنه به‌رده‌م دادگا، ئه‌م بڕیاره‌ش به په‌رده‌پۆشکردن و کات به‌سه‌ربردن ده‌زانم، هیوام به‌م حکومه‌ته نیه، چونکه چه‌ندین بڕیاری له‌و شێوه‌یه‌یان ده‌رکردوه و جێبه‌جێ نه‌کراوه".
باوکی شه‌هید هه‌ردیش له‌وباره‌یه‌وه هاوڕایه و وێڕای ئه‌وه‌ی خوازیاربو له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ بکرێت و بکوژه‌کان راده‌ستی یاسا بکرێن، ئه‌وه‌شی وت: "من هیچ باوه‌ڕێکم به‌جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره نییه، چونکه له‌م هه‌رێمه‌دا كه‌س قسه‌ی كه‌س ناخوێنێته‌وه".
ئۆپۆزسیۆن و بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم
له‌هه‌مان کاتدا لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن چوار بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به ئیجابی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ده‌که‌ن، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ (سبه‌ی) وتی: هه‌ڵوێستمان ئیجابیانهیه و ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌ركراوه، ئه‌و بڕیارانه‌یه كه ئێمه وه‌ک ئۆپۆزسیۆن داوامان كردبو.
باسیله‌وه‌شکرد، له‌ئێستادا چاوه‌ڕێین ئه‌و بڕیارانه جێبه‌جێ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی كورتدا كۆبونه‌وه‌كان ده‌ستپێبکاته‌وه و به‌ئه‌نجام بگات.
هه‌روه‌ها عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی کۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌مان بۆچونی هه‌یه و ئومێدی وایه، "ئه‌و بڕیارانه له واقیعیشدا جێبه‌جێی بكرێن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و دو بڕیاره‌ی په‌یوه‌ندی بهتۆمهتبارانی 17ی شوبات و رۆژانی دواتره‌وه هه‌یه، له‌گه‌ڵ نه‌هێشتنی سزای سیاسی".
هه‌روه‌ک له‌کۆبونه‌وه‌ی 6/9ی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌باره‌ی هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر چوار بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا پێشوازیان له بڕیاره‌کان کرد‌و به ئیجابی وه‌سفیان کرد، ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕو: "له‌سۆنگه‌ی په‌رۆشیمان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ 5 قۆڵییه‌کان، داواكارین بڕیاره‌كان به‌وجۆره‌ی له فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمدا داڕێژراون و هاتون، به‌زوترین كات له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه".