Print
 هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راپۆرتی‌ سالاَنه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكادا
Tuesday, March 18, 2008

 

ئاماده‌كردنی‌: هێمن لهۆنی‌

له‌ راپۆرتی‌ سالاَنه‌ی‌ خۆیدا بۆ ساڵی‌ 2007 له‌ باره‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ و ئازادی‌ كه‌مینه‌وه‌ و ئاینه‌كانه‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا جارێكی‌ دیكه‌ ره‌خنه‌ له‌زۆربه‌ی‌ ولاَتانی‌ جیهان ده‌گرێت. عێراقیش یه‌كێكه‌ له‌و ولاَتانه‌ی‌ كه‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ بلاَو تێیدا پێشێلده‌كرێن و له‌گه‌ڵ عێراقیش راپۆرته‌كه‌ ره‌خنه‌ له‌  حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گرێت و به‌ پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و ده‌ستوری‌ عێراقی‌ تاوانباری‌ ده‌كات.

ئه‌م راپۆرته‌ سالاَنه‌ له‌سه‌ر ره‌وشی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ ولاَتانی‌ جیهاندا بلاَوده‌كرێته‌وه‌. سه‌ره‌تای‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ ئه‌مساڵ به‌ نوسینی كۆندا لیزا رایس وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا ده‌ست پێده‌كات  و ئه‌ویش سه‌ره‌تای‌ نوسینه‌كه‌ی‌ وته‌یه‌كی‌ جۆرج بۆشه‌ كه‌ ده‌ڵێت "ئازادی‌ ده‌كرێت دژی‌ بوه‌سترێته‌وه‌ و دوابخرێت به‌لاَم قه‌د ناكرێت ئینكاری‌ لێبكرێت و وره‌تبكرێته‌وه‌"، پاشان ده‌چێته‌ نێو پێشه‌كی‌ راپۆرته‌كه‌ و تێیدا  باس له‌ رۆڵی‌ ئازادی‌ و قوربانیدان له‌و رێگه‌یه‌ ده‌كات.دواتر بۆ هه‌ر ولاَتێك راپۆرتێكی‌ دورو درێژ ئاماده‌كراوه‌ و پیشێلكارییه‌كان كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوودا رویداوه‌ خراوه‌ته‌ روو.       

له‌باره‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ راپۆرته‌كه‌ زۆرجیاوازی‌ نابینێت به‌به‌راورد له‌ ساڵی‌ پێشوو، ته‌نها له‌ توندوتیژی‌ تائیفیدا نه‌بێت كه‌ به‌ كه‌مێك جیاوازتر وه‌سفی‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "پارێزگاكانی‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ بریتین له‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر و دهۆك به‌ به‌راورد به‌ ساڵی‌ رابردوو چه‌ند راپۆرتێكی كه‌م هه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ و هیچ له‌و راپۆرتانه‌ باس له‌ كوشتنی‌ تائیفی‌ ناكه‌ن  به‌ به‌كارهێنانی‌ هێز  له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌"، هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌دواخستنی‌ ریفراندۆمی‌ كه‌ركوك ده‌كات و دواخستنه‌كه‌ش به‌ هۆكاری‌ ته‌كنیكی‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌ڵێت: "هێرشی‌ سه‌ر باره‌گای‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان له‌ كه‌ركوك  له‌ 6-7-2007، بووه‌ هۆی‌ زیاتر گرژبونه‌وه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كانی‌ كه‌ركوك كورد و عه‌ره‌ب و توركمان له‌ سه‌ر مادده‌ی‌ 140 كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ 31 -12 -2007 ئه‌نجامبدرایه‌ و دواخرا به‌هۆی‌ كه‌موكوری‌ ته‌كنیكیه‌وه‌ و به‌ مه‌به‌ستی‌ زیاتر هاوكاریكرن له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌".

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ چه‌ند جارێك فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیا هێرشیانكرد سه‌رباره‌گاكانی‌ گروپی‌ تیرۆریسته‌ په‌كه‌كه‌ له‌ باكوری‌ عێراق و به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌ییه‌كان ئافره‌تێكی‌ مه‌ده‌نی‌ كوژراوه‌.

له‌به‌شَیكی‌ دیكه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ هێزه‌كانی‌ ئاسیشی‌ كوردی‌ و ده‌زگاكانی پاراستن و زانیاری‌ به‌ رفاندن تۆمه‌تبارده‌كات و ده‌نوسێت: "له‌ ساَلی‌ 2006 هێزه‌كانی‌ كوردی‌ و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و ده‌زگا هه‌واَلگیرییه‌كانی‌ پاره‌ته‌ كوردیه‌كان (پاراستن و زانیاری‌) چه‌ندین كاری‌ پۆلیسی‌ و رفاندنیان له‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌ سه‌ره‌كانی‌ وه‌ك  نه‌ینه‌وا (موسڵ) و كه‌ركوك به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌ و رفێنراوه‌كانیش براونه‌ته‌ شوێنی‌ نادیار و ناره‌سمی‌ له‌ ژێر ده‌سته‌لاَتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

دواتر دێته‌ سه‌ر ره‌وشی‌ زیندان و زیندانییه‌كان و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ هه‌نوكه‌ به‌پێی‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و لۆكاڵییه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ لێدان و ئازاردانی‌ زیندانییه‌كان له‌ گرتوخانه‌كانی‌ ئاسایشی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وامه‌ و ره‌خنه‌ ده‌گرێَت له‌ شێوه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ زیندانییه‌كان و تێیدا هاتووه‌: "له‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ حكومه‌تی‌ كوردیدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و  ئاسایش و ده‌زگا هه‌واڵگیرییه‌كان  به‌ندیخانه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌ خۆی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات".  

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌و ده‌كات كه‌ "یونامی‌ و وه‌زیری‌ مافی‌ مرۆڤ سه‌ردانی‌ به‌ندیخانه‌كانی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ كردوه‌ و ته‌نها بۆ یه‌ك جار, هه‌رچه‌نده‌پرۆگرامی‌ پشكنینی‌ وه‌زاره‌تی‌ مافی‌ مرۆڤ به‌رده‌وامه‌، به‌ به‌لاَم به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ راپۆتیێكیان ئاشكراكردبێت".

له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ زیندانیه‌كان له‌ عێراق  به‌ پێی‌ راپۆرتی‌ وه‌زاره‌تی‌ مافی‌ مرۆڤ و یونامی‌ هه‌روه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێداوه‌  بێجگه‌ له‌وانه‌ی‌ ژێر ده‌ستی‌ هاوپه‌یمانان ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 23218  زیندانیی كه‌زۆربه‌یان سونین و ژماره‌ی‌ زیندانه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 2106ه‌ و به‌پێی‌ وته‌ی وه‌زیری‌ مافی‌ مرۆڤی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ به‌ ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاندبوو ژماره‌ی‌ زیندانیه‌كان 20556 كه‌سه‌ و ئه‌مه‌ بێ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی‌ ده‌زگا هه‌واڵگیریه‌كاندان، چونكه‌ ئه‌وان  پێدانی‌ هه‌موو زانیارییه‌ك ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌روه‌ها راپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زیندانییه‌كان له‌ ژێر ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  له‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان بێبه‌شده‌كرێن و گرتنیش به‌ بێ بڕیاری دادوه‌ر به‌رده‌وامه‌.

له‌به‌شَێكی‌ دیكه‌دا راپۆرته‌كه‌ دێته‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ باسی‌ ده‌كات: "هه‌ردوو پارتی‌ كوردی‌ یه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌ كه‌ تائیستا یه‌كیان نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ و له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا نین و دوو وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ هه‌یه‌ یه‌كێكیان به‌ ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆنترۆڵی‌ سلێمانی‌ ده‌كات و ئه‌وی‌ تریش به‌ ده‌ست پارتییه‌وه‌یه‌ كه‌  كۆنترۆڵی‌ هه‌ولێَر و دهۆك ده‌كات. تا ئێستاش دووجار له‌ به‌رواری‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا نه‌یانتوانیوه‌ یه‌كبگرنه‌وه‌".

له‌به‌شێكی دیكه‌دا راپۆرته‌كه‌ دێته‌ سه‌ر ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌  كۆبوونه‌وه‌ و هه‌رچه‌نده‌ ئاماژه‌ ده‌كات به‌بوونی‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی‌ ئازادی‌ وه‌ك رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ و هاولاَتی‌ و رادیۆی‌ نه‌وا و كه‌ناَه‌كانی پارته‌كانی‌ وه‌ك یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كه‌ رادیۆ و ته‌له‌فژیۆنی‌ خۆی‌ هه‌یه‌. به‌لاَم ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو كه‌ گوشاره‌كانی‌ حكومه‌ت بۆسه‌ریان به‌رده‌وامه‌ و له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: "زۆربه‌ی‌ میدیاكان له‌لایه‌ن پارتی‌ و یه‌كێتییه‌وه‌ كۆنترۆڵكراون و ئه‌وانیش به‌ دوای‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌م پارتانه‌دا ده‌چن. له‌باره‌ی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانیه‌وه‌ هه‌ندێك رۆژنامه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌ وه‌ك ئاوێنه‌ و هاولاَتی‌ و هه‌وه‌ها رادیۆی‌ نه‌وا كه‌ رۆژنامه‌ نوسه‌كانیان توشی‌ گرتن و لێدان ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆی‌ بلاَوكردنه‌وی‌ بابه‌ت له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ حكومه‌ت و به‌رپرسه‌كان و تائێستا دوو سه‌رنوسه‌ری‌ هاولاَتی‌ به‌هۆی‌ بانگكردنیان بۆ دادگا وازیا له‌ كاره‌كانیان هێناوه‌".

له‌راپۆرته‌كه‌ی‌ ئه‌مساڵیشدا وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا حكومه‌تی‌ هه‌رێم و هه‌ردوو پارتی‌ ده‌سه‌لاَتدار به‌ ده‌ستێوه‌ردان و پێدانی‌ ئیمتیاز به‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ تاوانبارده‌كات و دوپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و دوو پارته‌ چانسی‌ خوێندنیان زیاتره‌ و كه‌سانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو پارته‌ له‌ خوێندن و دامه‌زراندنیادا توشی‌ كۆسپ ده‌بنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت دادگاكانی‌ كوردیش بۆ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و دوو پارته‌ ده‌پۆشن.

هه‌روه‌ها باس له‌ ئازادی كه‌مینه‌ ئاینییه‌كان كراوه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده‌ راپۆرته‌كان جێگای‌ متمانه‌ن له‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌میز ده‌كات له‌ دژی‌ كه‌مینه‌ ئاینییه‌كانی‌ دیكه‌، به‌لاَم خه‌ڵكی‌ هه‌ر كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و راده‌كه‌ن له‌و توندوتیژیه‌ی‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق هه‌یه‌، یه‌زیدیه‌كان و مه‌سیحییه‌كانی‌ موسڵ ده‌ڵێن كه‌وا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ شێوه‌ی‌ نائاسایی‌ ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر موڵكه‌كانیاندا و كوردیان تێدا نیشته‌جێ كردووه‌. له‌ باره‌ی‌ كه‌مینه‌كانه‌وه‌ ده‌سه‌لاَتی‌ كورد به‌وه‌ تاوانبار ده‌كرێت كه‌ دژایه‌تی‌ كه‌مینه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كه‌ركوك ده‌كات و هه‌ندێك گوند له‌ خزمه‌تگوزاری‌ بێبه‌ش ده‌كات و و گوشارده‌خاته‌ سه‌ر قوتابخانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌  وانه‌ی‌ كوردی‌ بخوێنن و هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ كوردیش به‌ لێدانی عه‌ره‌ب و توركمان تاوانبارده‌كرێن".

له‌ كۆتایشدا راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ دیارده‌ی‌ كوشتنی‌ شه‌ره‌ف ده‌كات له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌لاَتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌ره‌ڕای‌ ئاماژه‌ به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات بۆ بنبڕكردنی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌، راپۆرته‌كه‌ باس له‌ 255 روودای‌ كوشتن له‌ سه‌ر شه‌ره‌ف ده‌كات ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگی‌ ساڵی‌ رابردوودا.به‌پێی‌ وته‌ی لێپرسراوێكی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێَریش رۆژانه‌ 1 تا 2 حاڵه‌تی كوشتنی‌ ژنان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ ژنانه‌ وه‌ك راپۆرته‌كه‌ له‌ قه‌ڵه‌میده‌دات.

Sbeiy.com © 2007