Print
 5ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگی‌ ئازادی‌ عیراق
Thursday, March 20, 2008

ئاماده‌كردنی‌ : سبه‌ی

گه‌له‌ری


به‌ره‌به‌یانی‌ 20ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 2008 هێرشكردنه‌ سه‌رعێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و به‌ریتانیا به‌سه‌ركردایه‌تی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا پێنج ساڵ ته‌واو ده‌كات و پێده‌نێته‌ ساڵی‌ شه‌شه‌مه‌وه‌.

بارودۆخی‌ پێش ده‌ستپێكردنی‌ هێرشه‌كه‌
له‌دوای‌ هێرشه‌كانی‌ 11ی‌ سێپته‌مبه‌ر بۆ سه‌ر هه‌ردوو تاوه‌ره‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ بازرگانی‌ جیهانی‌ له‌ نیویۆرك و چه‌ند شوێنیكی‌ دیكه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ قاعیده‌وه‌ ، ئیداره‌ی‌ كۆشكی‌ سپی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ جۆرج بوشی‌ كوڕ بڕیاری‌ روخاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان و رێكخراوی‌ قاعیده‌یان داو به‌ هاوپه‌یمانی‌ هێزی‌ ناتۆ و چه‌ند وڵاتیكی‌ دیكه‌ حكومه‌تی‌ تاڵیبان-یان له‌ ئه‌فغانستان رووخاند، دواتریش ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی‌ تێوه‌گلانی‌ موخابه‌راتی‌ عێراق له‌ هاوكاریكردنی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هێرشه‌كانی‌ 11ی‌ سێپته‌مبه‌رو  هاوكاری‌ نه‌كرنی‌ لیژنه‌كانی‌ له‌ناوبردنی‌ چه‌كه‌ كۆكوژه‌كانی‌ سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌لایه‌ن رژێمی‌ سه‌دام حسێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامبوونی‌ رژێمه‌كه‌ له‌سه‌ر پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و سه‌ركوتكردنی‌ ئازادییه‌كان له‌ عێراق دا جۆرج بوش گه‌یشته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ رژێمی‌ سه‌دام حسێن و حیزبی‌ به‌عس كۆتایی‌ پێبهێنرێت و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌هێڵرێت.

پاڵپشتی‌ یاسایی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق
له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 2002  ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بڕیاری‌ ژماره‌ 1441ی‌ ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ كاری‌ لیژنه‌كانی‌ چه‌كه‌ كۆكوژه‌كان له‌ عێراقدا و به‌گوێره‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش داوای‌ له‌ عێراق كردوه‌ كه‌ ته‌گه‌ره‌ نه‌خاته‌ به‌رده‌م لیژنه‌كه‌ و ئه‌نجام دانی‌ پشكنین و كاره‌كانی‌ و له‌كاتی‌ جێبه‌جینه‌كردنی‌ ئه‌و داوایه‌شدا ئه‌وا  عێراق ئاكامی‌ خراپی‌ كاره‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

ئاماده‌كارییه‌كانی‌ پێش هێرشكردنه‌ سه‌رعێراق
دوای‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌وته‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ له‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ عێراق و كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌ و ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاست و ده‌ریای‌ سوورو زه‌ریای‌ هیندی‌ و هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ زلهێزی‌ جیهانی‌ وه‌ك چین و رووسیا و فه‌ره‌نسا و چه‌ند وڵاتیكی‌ ده‌وروبه‌ری‌ عێراق به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق ناڕازی‌ بوون  و  توركیاش رایگه‌یاند كه‌ رێگه‌ به‌ ئه‌مه‌ریكا نادات خاكی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌كاربهێنێت بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كان تاوه‌كو رژێمی‌ سه‌دام حسێن بڕوخێنێـت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌رهێنانی‌ هێزی‌ زیاتر بۆ ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو و ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ گه‌یانده‌ 250 هه‌زار سه‌رباز و چه‌ند وڵاتێكی‌ دیكه‌ی‌ جیهانیش به‌شدارییان كرد له‌وانه‌  به‌ریتانیا 45000سه‌ربازی‌ ره‌وانه‌ی‌ كه‌نداو كردو چه‌ند وڵاتێكی‌ دیكه‌ش به‌هێزی‌ بچوكتر به‌شدارییان كرد له‌وانه‌ كۆریای‌ باشوور و ئوسترالیا و پۆڵه‌ندا و دانیمارك.
له‌به‌ره‌به‌یانی‌ 20ی‌ ئازاری‌ 2003 و دوای‌ تێپه‌ڕِبوونی‌ 90ده‌قیقه‌ به‌سه‌ر ئه‌و مۆڵه‌ته‌دا كه‌ جۆرج بوش بۆ سه‌دام حسێن و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی‌ دانابوو بۆ به‌جێهێشتنی‌ عێراق هاوپه‌یمانه‌كان هێرشه‌كه‌یان به‌ بۆردومانكردنێكی‌ چڕِی‌ سوپای‌ عیراق و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی‌ و گرنگه‌كانی‌ دیكه‌ و كۆشكه‌كانی‌ سه‌دام و كۆشكی‌ كۆماری‌ ده‌ستپیكرد، هه‌روه‌ها له‌هه‌مانكاتیشدا بۆردوومانی‌ بنكه‌ و باره‌گاكانی‌ گروپی‌ ئه‌نسار ئیسلامی سه‌ر به‌ر ێكخراوی‌ قاعیده‌یان له‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌ورامان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد .

هێرشه‌كان
هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق و گرتنی‌ و روخاندنی‌ رژێمی‌ سه‌دام زۆر به‌خێرایی‌ به‌ڕێوه‌چوو و توانرا له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ سێ‌ هه‌فته‌دا رژێمی‌ سه‌دام حسێن بڕوخێنرێت، له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ هێرشه‌كان و بۆ رێگرتن له‌ سوتاندنی‌ بیره‌نه‌وته‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌دام حسێن له‌كاتی‌ كشانه‌وه‌ی‌ له‌كوێتدا كردی‌، هێزه‌كانی‌ به‌ریتانیا به‌ هاوكاری‌ هێزه‌كانی‌ ئوسترالیا به‌بێ‌ گه‌مارۆی‌ كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ رومێله‌ی‌ له‌ باشووری‌ عێراقدا و ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگرت، هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاش به‌بێ‌ چونه‌ ناو شاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ و بۆ خۆپاراستن له‌ شه‌ڕِی‌ ناوشاره‌كان به‌سه‌دان كیلۆمه‌تر  هاته‌ ناو بیابانه‌كانی‌ خۆرئاوا و باشووری‌ عیراقه‌وه‌، له‌ 27ی‌ ئازاردا به‌هۆی‌ هه‌ڵكردنی‌ گه‌رده‌لولێكی‌ ته‌پوتۆز و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌خت له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقه‌وه‌ و له‌نزیك كوفه‌ و نه‌جه‌ف به‌پێش رۆیشتنی‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ وه‌ستا، له‌ شارۆچكه‌ی‌ ئوم قه‌سری‌ باشووری‌ عێراقیش هێزه‌كانی‌ به‌ریتانیا رووبه‌ڕووی‌ به‌ره‌نگارییه‌كی‌ توندبوونه‌وه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ باشووره‌وه‌ سه‌دام حسێن چه‌ند موشه‌كێكی‌ به‌كوێته‌وه‌ نا به‌ڵام له‌ ناوچه‌ بیابانییه‌كان كه‌وتنه‌وه‌ و زیانیان نه‌گه‌یاند.
له‌ 27ی‌ ئازاردا و دوای‌ گه‌مارۆیه‌كی‌ چه‌ند رۆژه‌ی‌ شاری‌ به‌سره‌ و له‌دوای‌ جه‌نگێكی‌ تانكه‌كان كه‌ به‌ سه‌خترین جه‌نگی‌ تانك داده‌نرێت به‌لای‌ سوپای‌ به‌ریتانیاوه‌ له‌دوای‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌م، به‌ریتانیا توانی‌ به‌رگری‌ سوپای‌ عێراق تێكبشكێنێت و شاره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكات، له‌و جه‌نگه‌دا هێزه‌كانی‌ به‌ریتانیا 14 تانكی‌ سوپای‌ عێراقیان تێكشكاند.
هاوكاتیش له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ توركیا رێگه‌ی‌ نه‌دا سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق به‌ خاكه‌كه‌یدا تێپه‌ڕێت هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ په‌ڕه‌شووت دابه‌زین و به‌ هاوكاری‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان به‌ره‌و ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ سوپای‌ عیراق پێشڕه‌وییان كرد.

گرتنی‌ به‌غدا
له‌ 5ی‌ نیساندا یه‌كه‌یه‌كی‌ زرێپۆشی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ 29تانك و 14 زرێپۆش هێرشیان كرده‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌غدا له‌ خۆرئاوای‌ به‌غدا و دوای‌ به‌ره‌نگارییه‌كی‌ توندی‌ هێزی‌ یه‌كه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ سوپای‌ عێراق و ئه‌نجامدانی‌ چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی‌ خۆكوژانه‌ له‌لایه‌ن فیداییه‌كانی‌ سه‌دامه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا توانیان فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن.
له‌ 7ی‌ نیسانیشدا هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا هێرشێكیان كرده‌ سه‌ر كۆشكی‌ كۆماری‌ و توانیان جێ پێی‌ خۆیان له‌وێ‌ قایم بكه‌ن و دوای‌ ئه‌وه‌ش به‌رگری‌ سوپای‌ عێراق به‌ جارێك روخا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پسپۆڕان و چاودێرانی‌ سه‌ربازی‌ و سیاسی‌ پێشبینیان نه‌ده‌كرد.
سه‌رله‌به‌یانی‌ رۆژی‌ 9ی‌ نیسان دواجار بوو كه‌ سه‌دام حسێن له‌ شاری‌ به‌غدا و كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن بینرا سه‌ردانی‌ شه‌قامێكی‌ گه‌ڕه‌كی‌ ئه‌عزه‌میه‌ی‌ كرد و چه‌ند هاوڵاتییه‌كی‌ كه‌می‌ لێكۆبوه‌وه‌ كه‌ تائه‌وكاته‌ له‌ شاره‌كه‌دا مابوون، ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ پێشڕه‌ویكردن و كۆنترۆڵكردنی‌ ته‌واوی‌ شاری‌ به‌غدا به‌رده‌وام بوون و له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ روخاندنی‌ په‌یكه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن له‌ شه‌قامی‌ فیرده‌وس به‌ هه‌موو جیهان نیشاندرا.

تاڵانكردنی‌ دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كان
له‌كاتی‌ گرتنی‌ عێراق له‌لایه‌ن سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان و دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كان و بانك و مۆزه‌خانه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كان به‌ر تاڵانكردنی‌ هاوڵاتیان كه‌وتن و زیانێكی‌ گه‌وره‌یان پێگه‌یشت به‌تایبه‌ت مۆزه‌خانه‌ی‌ نیشتمانی‌ كه‌ زیاتر له‌ 170 هه‌زار پارچه‌ی‌ كۆنی‌ تێدا بوو ئه‌وه‌ی‌ به‌ ته‌نها هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا پاراستیان بینای‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و بینای‌ موخابه‌رات بوو، له‌كاتی‌ هێرشه‌كاندا و دواتریش  به‌ ملیۆنان پارچه‌ چه‌ك و به‌ سه‌دان هه‌زار ته‌ن ته‌قه‌مه‌نی‌ به‌جێماوی‌ سوپا و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كه‌وتنه‌ به‌رده‌ست هاوڵاتیان و دواتر گروپه‌ چه‌كداره‌كان دژی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا و حكومه‌تی‌ عێراق به‌كارهێنا و سودیان لێوه‌رگرت.

پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق
پتر له‌مانگێك دوای‌ كه‌وتنی‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ سه‌دام له‌ گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وسی‌ به‌غدا، به‌ بڕیاری‌ 1446ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش، عێراق بووه‌ وڵاتێكی‌ داگیركراو و ئه‌مه‌ریكا ‌و به‌ریتانیاش بوونه‌ داگیركه‌ر ‌و باڵیۆز پۆل بریمه‌ری‌ كرایه‌ حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ عێراق.
له‌مانگی‌ حه‌وتی‌ ئه‌و ساڵه‌دا مه‌جلیسی‌ حوكم پێكهێنرا ‌و مه‌جلیسه‌كه‌ پێكهاتبوو له‌ 25 ئه‌ندام و له‌لایه‌ن 12 ئه‌ندامیانه‌وه‌ به‌پێی‌ پیتی‌ ئه‌بجه‌دی‌  هه‌ر مانگێك له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرا.
ئه‌ركی‌ یه‌كه‌می‌ مه‌جلیسه‌كه‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ ئیدارییه‌ بوو كه‌ دوای‌ رووخانی‌ سه‌دام له‌ عێراقدا هاتبووه‌ ئاراوه‌.
دوای‌ 11 مانگ له‌ پێكهێنانی‌ مه‌جلیسی‌ حوكم، حكومه‌تی‌ ئینتیقالی‌ له‌ عێراق پێكهێنراو ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كرد ‌و غازی‌ یاوه‌ر كرایه‌ سه‌رۆك كۆمار ‌و فوئاد مه‌عسوم بووه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق. له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ یه‌كی‌ ساڵی‌ 2005 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ركی‌ ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوور بوو كه‌ بڕیاردرا رۆژی‌ 15/10ی‌ ئه‌و ساڵه‌وه‌ بخرێته‌ راپرسییه‌كی‌ گشتییه‌وه‌، مانگی‌ دوانزه‌ی‌ ئه‌و ساڵه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌ڕێوه‌چوو، له‌هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا لیست كورد بووه‌ فراكسیۆنی‌ دووه‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

 

Sbeiy.com © 2007