Print
 مزگین ئامه‌د: له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ په‌كه‌كه‌ خه‌باتی‌ گه‌لی‌ كورد پێشكه‌وتووه‌
Monday, March 24, 2008

دیمانه‌: شه‌یدا حاجی‌ 

مزگین ئامه‌د ئه‌ندامی‌ كۆما چڤاكێن كوردستان (په‌كه‌كه‌) ده‌ڵێت: "سیاسه‌تی‌ توركیا وایه‌ له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك نه‌ته‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بژین، ئه‌و هه‌وڵی‌ نانه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ و دووبه‌ره‌كی‌ ده‌دات له‌نێوانیاندا، به‌ڵام گه‌لی‌ كورد سیاسه‌تێكی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ تورك په‌یڕه‌و ده‌كات، له‌هه‌رجێگه‌یه‌ك بێت ته‌نیا هه‌وڵی‌ بۆ مافی‌ خۆی‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی‌ تریش هه‌وڵده‌دات".
له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ‌ سبه‌ی‌ مزگین وتی‌: په‌كه‌كه‌ كاریگه‌ریی‌ به‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌كانی‌ كورد له‌هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستان هه‌یه‌‌و به‌تیرۆریست ناسینی‌ رێكخراوه‌كه‌، به‌تیرۆریست ناسینی‌ گه‌لی‌ كورده‌.
ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ دیمانه‌كه‌یه‌:

سبه‌ی‌: نزیكبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان عێراق و توركیا و ئه‌مه‌ریكا و توركیا و ده‌ته‌په‌ هه‌یه‌؟ هه‌موو نزیكبونه‌وه‌كانیش له‌سه‌ر حیسابی‌ په‌كه‌كه‌ن؟ تۆ چی‌ ده‌ڵێی‌؟

مزگین ئامه‌د: دوای‌ شكسته‌كه‌ی‌ توركیا له‌ باشوور توركیا هه‌ندێ‌ هه‌وڵی‌ تر ده‌دات له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌ش، هه‌روه‌ها له‌ كاتی‌ هێرشه‌كانی‌ توركیاش هه‌ندێ‌ قسه‌و باس له‌ ئاستی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ كران سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد، به‌ڵام توركیا وه‌ك هێزێك له‌ناو ناتۆدا سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌هێز چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد بكات، به‌ڵام شكستی‌ توركیا له‌م هێرشه‌ ئه‌و راستییه‌ی‌ سه‌لماند كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ رێگه‌چاره‌ی‌ سه‌ربازی‌ چاره‌سه‌ر نابێت، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ كه‌ باسیان لێده‌كرێ‌ ئێمه‌ش له‌ راگه‌یاندنه‌كان ده‌یبیستین. پێویسته‌ هه‌نگاوی‌ پۆزه‌تیڤیان بۆ بهاویشترێ‌ تائێستاش ڕوون نییه‌ له‌و كۆبونه‌وانه‌ چی‌ ده‌گوزه‌رێ‌ و باسی‌ چی‌ ده‌كرێ‌ به‌ڵام به‌گشتی‌ هه‌ندێ‌ هه‌وڵَ و تێكۆشان له‌ ئارادان بۆ خه‌واندنی‌ گه‌لی‌ كورد.

سبه‌ی‌: ئه‌و نزیكبونه‌وانه‌ پیلانیان لێ‌ چاوه‌ڕێ‌ ده‌كرێ‌ یان چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد؟

مزگین ئامه‌د: ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌درێن و هه‌وڵه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ دراوسێكانی‌ بخاته‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ خۆیه‌وه‌، توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌وانیش بخاته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌،  به‌گشتی‌ ئه‌و نزیكبونه‌وانه‌ به‌ر له‌ ئۆپه‌راسیۆن و دوای‌ ئۆپه‌راسیۆن هه‌نه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌ چی‌ باس ده‌كرێ‌ له‌سه‌ر چی‌ كۆده‌بنه‌وه‌ ئاشكرا نییه‌، به‌ڵام توركیا ده‌خوازێت سیاسه‌تی‌ خه‌واندنی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ ناوچه‌كه‌ بڵاوبكاته‌وه‌. له‌وانه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌ردۆگان له‌ئامه‌د وتی‌: كێشه‌ی‌ كورد كێشه‌ی‌ منه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین، به‌ڵام دواتر به‌پێچه‌وانه‌ی‌ قسه‌كانی‌ خۆی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد باوه‌ڕیان پێبكات و ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیانه‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد چاره‌سه‌ربكه‌ن ئه‌وا پێویسته‌ به‌پراكتیكی‌ كار بكه‌ن، به‌ڵام دیاره‌ كه‌ كاره‌كانیان و هه‌نگاوه‌كانیان له‌ دژی‌ كورده‌.

سبه‌ی‌: ئه‌حمه‌د تورك دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گویل وتی‌: كۆبونه‌وه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌، هاوكات بڕیاره‌ وه‌فدێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، ئایا ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ ئومێدی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردیان لێده‌كرێت؟

مزگین ئامه‌د: ئێمه‌ ئه‌وانه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كان ده‌بیستین پێش ئه‌نجام شرۆڤه‌ بۆ هه‌ر بابه‌تێك بكه‌یت ده‌كه‌ویته‌ هه‌ڵه‌وه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ تورك و گویل له‌ راگه‌یاندنه‌كان واباسكرا ئه‌نجامی‌ باشی‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ساڵی‌ 2007كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ تر له‌گه‌ڵ ده‌ته‌په‌ كرا و به‌ڵێنی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردیان پێدان، به‌ڵام نه‌یانكرد به‌ گشتی‌ هه‌وڵی‌ توركیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ته‌په‌ بخاته‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ خۆیه‌وه‌، منیش هیوادارم ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان نیگه‌تیڤ نه‌بێت و كێشه‌ی‌ كورد چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ بوترێت كه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ی‌ توركیا بووه‌، توركیا تائێستا كورد قبوڵ ناكات، ده‌شیه‌وێت په‌كه‌كه‌ و گه‌لی‌ كورد لێك جیا بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌وڵی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنێكی‌ كوردی‌ ده‌دات به‌ڵام كورد به‌م شته‌ بچوكانه‌ هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێت، كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م ته‌له‌فزیۆنه‌ش نابێته‌ هۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد به‌ڵكو پێویسته‌ توركیا هه‌نگاوی‌ جدی‌ بهاوێژێت و گه‌لی‌ كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ قبوڵ بكات به‌ ناسنامه‌یه‌كی‌ كوردی‌ زۆرجار ده‌ڵێن چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد ده‌كه‌ین، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ ئاسته‌نگه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌، په‌كه‌كه‌ له‌و گه‌له‌ دروست بووه‌، خه‌باتی‌ بۆ ئه‌و گه‌له‌یه‌ و له‌گه‌لیش جیانابێته‌وه‌. پێویسته‌ توركیا ئه‌وه‌ باش بزانێت كه‌ گه‌لی‌ كورد به‌شتی‌ بچوك هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێت، داواكاری‌ په‌كه‌كه‌ش له‌و وڵاتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ كاتی‌ سازكردنی‌ كۆبونه‌وه‌كانیان بیر له‌وه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پیلانێكی‌ تر دژی‌ كورد به‌رپابكه‌ن، چونكه‌ ڕه‌وشه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت.

سبه‌ی‌: به‌ تیرۆریست ناسینی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌وروپا شكڵێكی‌ یاسایی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ توركیایه‌؟هه‌وڵی‌ ئێوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چی‌ بووه‌؟

مزگین ئامه‌د: نزیكبونه‌وه‌ی‌ ئه‌وروپا له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ گه‌لی‌ كورد سیاسه‌تێكی‌ درۆ و نه‌خشه‌ بۆ كێشراوبوو، به‌ تیرۆریست ناسینی‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌مه‌ له‌ راستیدا گه‌لی‌ كورده‌ خراوه‌ته‌ لیستی‌ تیرۆریستانه‌وه‌، راستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ رای‌ گشتی‌ بیزانێت، تائێستا به‌سه‌دان رۆشنبیری‌ كورد و سیاسه‌تمه‌داری‌ تیرۆركراون، 4500گوندی‌ كوردستان سوتێنراون‌و كاولكراون. له‌لایه‌ن توركیاوه‌ گه‌وره‌ترین تیرۆری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌سه‌ر گه‌لی‌ كورد په‌یڕه‌وكرا بۆ ئه‌وروپا له‌ئاست ئه‌مانه‌ بێده‌نگ بوو، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ هه‌ڵه‌ تێده‌گات و ده‌یخاته‌ لیستی‌ تیرۆریستانه‌وه‌، هه‌وڵمان هه‌بووه‌ بۆ له‌باربردنی‌ ئه‌م بڕیاره‌، به‌ڵام  به‌هۆی‌ سیاسه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ توركیا به‌رسڤی‌ ته‌واومان وه‌رنه‌گرت. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین هه‌موو هه‌وڵێكی‌ ئه‌وروپا له‌پێناو دڵخۆشكردنی‌ توركیایه‌، پێویسیشه‌ هه‌رچی‌ زووتر په‌كه‌كه‌ له‌ناو ئه‌و لیسته‌ بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ به‌ راستی‌ كارێكی‌ نایاسایی‌ و نامرۆڤانه‌یه‌.

سبه‌ی‌: تاڵه‌بانی‌ له‌ توركیا وتی‌: په‌كه‌كه‌ تیرۆریسته‌، سه‌باره‌ت به‌مه‌ تۆ ده‌ڵێیت چی‌ ؟

مزگین ئامه‌د: دیدارێك له‌ توركیا له‌ نێوان مام جه‌لال و گویل و ئه‌ردۆگان كرا، ئێمه‌ له‌نزیكه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ ده‌كۆڵینه‌وه‌ بۆچی‌ وا گوترا ئێمه‌ نازانین، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو دنیا شتێكی‌ باوه‌ هێزی‌ به‌رامبه‌ر هێزی‌ دژ به‌تیرۆریست وه‌سف ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ به‌رامبه‌ر كاری‌ تیرۆریستیشی‌ نه‌كردبێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ لای‌ هه‌موو جیهان روونه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ملیۆنان لایه‌نگری‌ هه‌یه‌، هیچ یاسایه‌ك  ناتوانێت بیخاته‌ لیستی‌ تیرۆریستانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا یاخود هه‌رلایه‌نێكی‌ تریش ئه‌مه‌ بڵێت راست نییه‌. رای‌ گشتیش ده‌زانێت له‌ توركیا كورد به‌ ناسنامه‌ی‌ خۆی‌ قبوڵ ناكرێت، رێگه‌ی‌ پێنادرێت سیاسه‌ت بكات، ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی‌ ده‌شكرێَن به‌لای‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هیچ گرنگییه‌كیان نییه‌ و په‌كه‌كه‌ش ئه‌نجامی‌ ئه‌و جۆره‌ كۆبونه‌وانه‌ به‌جدی‌ وه‌رناگرێت.

سبه‌ی‌: چی‌ جیاوازییه‌ك ده‌بینیت له‌ سیاسه‌تی‌ توركیا، به‌رامبه‌ر كه‌ركوك و دیاربه‌كر؟

مزگین ئامه‌د: دیاره‌ ئه‌مانه‌ دوو شاری‌ مێژووین، هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی‌ جیاجیان تێدا ژیاوه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی‌ توركیا وایه‌ له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك نه‌ته‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بژین، ئه‌و هه‌وڵی‌ نانه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ و دووبه‌ره‌كی‌ ده‌دات له‌نێوانیاندا، به‌ڵام گه‌لی‌ كورد سیاسه‌تێكی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ تورك په‌یڕه‌و ده‌كات، له‌هه‌رجێگه‌یه‌ك بێت ته‌نیا هه‌وڵی‌ بۆ مافی‌ خۆی‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی‌ تریش هه‌وڵده‌دات. ئه‌ردۆگانیش به‌ئاشكرا ئه‌مه‌ی‌ وت: كه‌ هه‌وڵی‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ قه‌ڵای‌ كوردان ده‌دات، به‌ڵام عوسمان بایده‌میر سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ ئامه‌د وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌ و وتی‌: ئامه‌د قه‌ڵای‌ كوردانه‌ و له‌توانای‌ كه‌سدا نییه‌ ئه‌و قه‌ڵایه‌ بگرێت.

سبه‌ی‌: توركیا ده‌ته‌په‌ به‌ باڵێك له‌په‌كه‌كه‌ داده‌نێت؟
مزگین ئامه‌د"ده‌ته‌په‌ له‌ناو تێكۆشانێكی‌ 30 ساڵی‌ كورد ده‌ركه‌وتووه‌. نكۆڵی‌ له‌وه‌ ناكرێت كه‌ كاریگه‌ریی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ره‌، به‌ڵام بڵێی‌ گرێدراوی‌ په‌كه‌كه‌یه‌ ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌ و پارتێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌گشتی‌ له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ په‌كه‌كه‌ خه‌باتی‌ گه‌لی‌ كورد پێشكه‌وتووه‌. كه‌سیش ناتوانێت نكۆلی‌ له‌م راستییه‌ بكات، كه‌ په‌كه‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ئیراده‌ی‌ گه‌لی‌ كورد ده‌كات. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌په‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ په‌كه‌كه‌دا بێت زیان به‌كێ‌ ده‌گات!. به‌ڵام ده‌ته‌په‌ گرێدراوی‌ په‌كه‌كه‌ نییه‌ و پارتێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌.

سبه‌ی‌: ماوه‌یه‌كه‌ دیارده‌ی‌ سوتاندنی‌ ئۆتۆمبێل له‌ توركیا باوه‌، راگه‌یاندنه‌كانیش تۆمه‌ته‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ پاڵ لایه‌نگرانی‌ په‌كه‌كه‌، ئایا په‌كه‌كه‌ به‌رپرسه‌ له‌و جۆره‌ كارانه‌؟

مزگین ئامه‌د: ده‌وڵه‌تی‌ توركیا له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوخۆ‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌یه‌وێت كورد خراپ نیشانی‌ دنیا بدات، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانرێت كه‌ كورد هی‌ ئه‌مڕۆ نییه‌، به‌ڵكو گه‌لێكه‌ هی‌ سه‌دان ساڵ پێش ئێستایه‌، به‌ڵام توركیا گه‌لی‌ كورد بۆمباران بكات، ئه‌وا رۆڵه‌كانی‌ كورد لێی‌ بێده‌نگ نابن. لاوانی‌ ئه‌م گه‌له‌ وه‌ڵامی‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڕاستی‌ ئه‌و گروپانه‌ش سه‌ربه‌خۆن و گرێدراوی‌ په‌كه‌كه‌ نین.

سبه‌ی‌: ئه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ دیاربه‌كر كه‌ ئێوه‌ پێی‌ تۆمه‌تبار كران؟

مزگین ئامه‌د: له‌ توركیا زۆر گروپی‌ ئیستخباراتی‌ دروست بووه‌ كۆنترۆڵیان له‌ ده‌ست توركیادا نییه‌، ئه‌وانه‌ زۆر جار كاری‌ خراپ ده‌كه‌ن بۆ ناشیرینكردنی‌ كورد، به‌ڵام راستییه‌ك هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك بیزانن ئێمه‌ هه‌ر كارێك بكه‌ین به‌رپرسیاریه‌تی‌ خۆمانی‌ لێڕاده‌گه‌یه‌نین، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هیچ تۆمه‌تێكیش قبوڵ ناكه‌ین، گه‌لی‌ كوردیش ته‌واو وشیاربۆته‌وه‌ و له‌و تۆمه‌تانه‌ تێگه‌یشتووه‌ و باوه‌ڕیان پێناكات، حه‌زده‌كه‌م لێداونێكی‌ سه‌رۆك ئاپۆ بیری‌ توركیا بهێنمه‌وه‌، كه‌ داوای‌ دروستكردنی‌ كۆمیسیۆنێكی‌ بێلایه‌ن ده‌كات له‌ توركیا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كاره‌كانی‌ ئێمه‌ و ئه‌وان، لای‌ توركیا چی‌ خراپ كراوه‌ و لای‌ په‌كه‌كه‌ش چ هه‌نگاوێكی‌ خراپ هه‌ڵهێنراوه‌، ئه‌گه‌ر لای‌ ئێمه‌ زیاتر بوو ئێمه‌ ئاماده‌ین باجه‌كه‌ی‌ بده‌ین.

سبه‌ی‌: سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و فشارانه‌ی‌ له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ن ئێوه‌ تاچه‌ند گه‌شبینن كه‌ تاسه‌ر گه‌لی‌ كورد پشتیوانتان بێت؟

مزگین ئامه‌د: له‌ 30 ساڵی‌ ڕابردوه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ گه‌لی‌ كورد پشتگیری له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كات و په‌كه‌كه‌ش باوه‌ڕی‌ به‌ ئیراده‌ی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، سه‌ركه‌وتنی‌ په‌كه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌له‌. بۆ هه‌موو لایه‌كیش ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ گه‌لی‌ كورد په‌كه‌كه‌ به‌موڵكی‌ خۆی‌ ده‌زانێت. په‌كه‌كه‌ش بریتی نییه‌ له‌و هه‌زاران گه‌ریلایه‌ی‌ له‌ شاخن، به‌ڵكو له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك كوردی‌ لێبێت په‌كه‌كه‌ی‌ لێیه‌ باوه‌ڕیشمان وایه‌ تاسه‌ركه‌وتن گه‌لی‌ كورد هاواكارمان ده‌بێت.

Sbeiy.com © 2007