Print
 با فێربین بۆ خۆمان كورسیی به‌رپرسیارێتیی به‌جێبهێڵین
Sunday, April 6, 2008

دیمانه‌: شه‌هرام عه‌بدوڵڵا 

له‌ ماوه‌ی رابردووداو دوای پانزه‌ مانگ له‌ له‌تبوونی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئه‌و باڵه‌ی كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تیی عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌ له‌تبوونی حیزبیی راگه‌یاند، چوارده‌یه‌مین كۆنگره‌ی حیزبیی به‌ست، كه‌ تێیدا لیژنه‌یه‌كی پارێزگاریی له‌ پێڕه‌وی ناوخۆی حیزب له‌ رێبه‌رانی پێشووی حیزب پێكهاتووه‌ وه‌كو عه‌بدوڵای حه‌سه‌نزاده‌ له‌م چاوپێكه‌وتنه‌‌دا باسی ده‌كات، چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ ئاستی سه‌ركردایه‌تی‌و ناوو پێكهاته‌و به‌رنامه‌كانی حیزبدا پێك هاتووه‌، ئه‌و هۆكاری گۆڕانكارییه‌كان لێكده‌داته‌وه‌.  

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ دیمانه‌كه‌یه‌:
سبه‌ی‌: له‌ كۆنگره‌ی چوارده‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستاندا، بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی لیژنه‌ی پارێزگاریی له‌ پێڕه‌وی ناوخۆی حیزب درا، جه‌نابت وه‌كو یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ كاروبارو جێگه‌و پێگه‌ی له‌ حیزبدا چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه‌؟

عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌: بوونی لیژنه‌ی له‌م چه‌شنه‌ له‌ حیزبی دیموكراتدا شتێكی تازه‌ نییه‌، پێشتر له‌ كۆنگره‌ی دوودا شتێكمان هه‌بوو به‌ناوی كۆمیته‌ی چاودێریی به‌رز، دواتریش له‌ كۆنگره‌ی چواردا شتێك به‌ناوی كۆمیته‌ی بازره‌ سی (پێداچوونه‌وه‌) هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و دووانه‌ له‌ راستیدا كۆمسیۆنێكی هاوته‌ریبی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بوون، كۆمه‌ڵێك رێگاده‌ستیان هه‌بوو كه‌ وه‌كو شتێك له‌گه‌ڵ‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پێكه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر ده‌وه‌ستان، به‌ڵام ئه‌م لیژنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا هاوته‌ریب نییه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشی به‌ كاروباری جێبه‌جێكردنی حیزب‌و كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو كۆمسیۆنێكه‌ ته‌نیا‌و ته‌نیا بۆ پارێزگاریی له‌ پێڕه‌وی ناوخۆی حیزب له‌ناو رێكخراوه‌كان‌و ته‌نانه‌ت له‌ناو ئۆرگانه‌كانی رێبه‌رایه‌تی حیزبدا، كه‌ ده‌ڵێم ئۆرگانه‌كانی رێبه‌ریی مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ چه‌ندین ئۆرگانی رێبه‌ریی سه‌ره‌وه‌مان هه‌بێت، به‌ڵام پێموایه‌ كه‌ ئۆرگانی رێبه‌ریی له‌ سیستمێكی دیموكراتیك‌و گه‌لیدا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ سه‌ر سه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌كو بڵێین له‌ حیزبدا ته‌نیا كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌و ئۆرگانانه‌ی خواره‌وه‌ش كه‌ هه‌ریه‌كه‌و له‌ چوارچێوه‌ی تێكۆشانی خۆیدا كارده‌كات، هه‌ریه‌كه‌یان ئۆرگانێكی رێبه‌رین، ئه‌گه‌ر بمه‌وێت زۆر راشكاوانه‌ بیڵێم فیكره‌ی ئه‌وه‌ له‌ شتێكه‌وه‌ هات، له‌ كۆنگره‌كانی پێشوودا عاده‌تێك هه‌بوو كاتێك كه‌ كۆنگره‌ ده‌گیرا، كۆنگره‌ ده‌یپرسی ئه‌رێ‌ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ شه‌رعیه‌تی‌ ره‌وایه‌تی هه‌یه‌ یان نا؟ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌نگ وه‌رده‌گیرا، زۆرینه‌ی كۆنگره‌كه‌ به‌ سروشت ده‌نگی به‌وه‌ ده‌دا كه‌ به‌ڵێ كۆنگره‌ شه‌رعیه‌تی هه‌یه‌، له‌ كۆنگره‌ی 13دا ئه‌و ره‌وته‌ دیسان دووباره‌بوویه‌وه‌و كۆنگره‌ بڕیاری له‌سه‌ر ره‌وایه‌تیی خۆیدا، له‌ حاڵێكدا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بمه‌وێت هێرش بكه‌مه‌ سه‌ر هاوڕێ‌ پێشووه‌كانمان، ئه‌و كۆنگره‌یه‌ به‌ جۆرێك پێك هاتبوو كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری به‌ تێكڕای كۆنگره‌ی 12 گیرابوو، كۆنگره‌ی 12 به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریدابوو كه‌ هه‌ر جۆره‌ ده‌سته‌به‌ندییه‌كی نهێنی به‌ قازانجی كه‌سه‌كان‌و گروپه‌كان، تاوانه‌ تا سنووری خه‌یانه‌ت، ئه‌و براده‌رانه‌ له‌ رێگای ده‌سته‌گه‌ری نهێنییه‌وه‌، زۆرینه‌ی كۆنگره‌یان به‌ده‌ست هێنابوو، باشه‌ ئه‌و زۆرینه‌ی كۆنگره‌یه‌ له‌وێیه‌و بۆ خۆی بڕیار ده‌دات كه‌ به‌ڵێ كۆنگره‌ شه‌رعییه‌، خۆ ئێمه‌ش بڕیارماندا، چونكه‌ هیچ رێگایه‌كی دیكه‌مان نه‌بوو، ئه‌گه‌ر وای دابنێین یه‌كێك ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌و ده‌نگ ده‌كڕێت، نیوه‌ یان زیاتر له‌ نیوه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ پاره‌ بكڕێت، خۆ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ گیراوه‌ له‌ ناوه‌رۆكدا كۆنگره‌یه‌كی ناشه‌رعییه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ بۆ خۆی بڕیار له‌سه‌ر خۆی ده‌دات، زۆرینه‌كه‌ ده‌نگ ده‌دات كه‌ شه‌رعییه‌، بۆیه‌ ئه‌و فیكره‌ له‌لای من دروستبوو، كه‌ ئێمه‌ ئۆرگانێك دروستبكه‌ین كه‌ پێش كۆنگره‌ ده‌نگ له‌سه‌ر ره‌وایه‌تیی كۆنگره‌ بدات، كه‌ ئاخۆ ئه‌و كۆنفرانسانه‌ شه‌رعین، ئاخۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ بۆ كۆنگره‌ ده‌كرێت خاوێنه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ شه‌رعی بن پێویست ناكات ده‌نگ بۆ ئه‌وه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ ئاخۆ كۆنگره‌ شه‌رعییه‌ یان ناشه‌رعییه‌، چونكه‌ له‌پێشدا هه‌موو سه‌ڵاحییه‌ته‌كه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، ئیدی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌چێت بۆ كۆنگره‌ یان ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌، كه‌ به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆ ده‌بێت هه‌موویان به‌شداربن، یان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌ رێگایه‌كی مه‌شروعه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ش شه‌رعییه‌، بۆیه‌ ئه‌و فیكره‌یه‌ گه‌ڵاڵه‌ بوو و له‌پاشانیش یه‌ك- دوو ماده‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گه‌ڵاڵه‌ بوون، له‌وێدا راشكاوانه‌ هاتووه‌ كه‌ ئه‌و ئۆرگانه‌ ئۆرگانێكی هاوته‌ریب نییه‌، ئۆرگانێكی جێبه‌جێكردن نییه‌، له‌ كاروباری جێبه‌جێكردندا ده‌ستێوه‌ردان ناكات، ته‌نانه‌ت له‌ كاروباری پێشمه‌رگه‌ش وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌سێك شتێك ده‌كات یان سزا ده‌درێت، له‌وانه‌ش ناپرسێته‌وه‌، كاری ئه‌و لیژنه‌یه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاودێریی ئه‌و بڕیارانه‌ بكات كه‌ له‌ رێگای كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی یان كۆمیته‌كانی خوارتره‌وه‌ ده‌درێن، به‌وه‌ی‌ كه‌ ئاخۆ له‌گه‌ڵ‌ پێڕه‌وی ناوخۆی حیزب ده‌خوێننه‌وه‌ یان نا، یان ئه‌گه‌ر كۆنفرانسێك ده‌گیرێت ئاخۆ بنه‌ماكانی پێڕه‌وی ناوخۆی تێدا پارێزراوه‌ یان نا، ئه‌گه‌ر زانی كه‌ نه‌پارێزراون پێشنیازی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌كات، یان یه‌كێك سزای حیزبیی بۆ دیاریی ده‌كرێت، ته‌نیا سزای حیزبیی، لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كه‌سێك شه‌ڕده‌كات‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سزای زیندانیكردنی بۆ ده‌بڕدرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ سزای حیزبیی نییه‌، واته‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌و سه‌رپێچییانه‌ ناپرسێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بنه‌مای حیزبین، ته‌نیا له‌ سه‌رپێچیكردنی حیزبیی ده‌پرسێته‌وه‌و به‌س، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بپارێزرێت، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌ناو حیزبدا ده‌درێن بڕیاری باشن‌و به‌پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ كۆنگره‌ په‌سه‌ندی كردوون وه‌كو پێڕه‌وی ناوخۆ، هه‌موو كۆنگره‌و كۆنفرانسێك كه‌ له‌ داهاتوودا دێنه‌ پێشێ‌ به‌ رێگایه‌كی مه‌شروع ده‌گیرێن، فیكره‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌مجۆره‌ هاته‌ ئاراوه‌.

سبه‌ی‌: تا چ راده‌یه‌ك ده‌توانین بڵێین ئه‌م لیژنه‌یه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌نجومه‌نێكی سینایه‌؟ 

عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌: من به‌ش به‌ حاڵی خۆم ئه‌و لیژنه‌یه‌م شوبهاند به‌ دادگای ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی ئه‌مه‌ریكا، دادگای ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی، ده‌زگای جێبه‌جێكردن نییه‌، دادگا له‌ هیچ شوێنێك ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی نییه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا چاودێریی ده‌كات، دادگایه‌كه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمارێكی وه‌كو نیكسۆن له‌سه‌ر كار لاده‌بات، سه‌رۆك كۆمارێكی به‌هێزی وه‌كو كلینتۆن ده‌هێنێته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن‌و سه‌ری پێ‌ داده‌خات‌و ئاره‌قی پێ‌ ده‌ڕێژێت، ئه‌گه‌ر ئۆرگانێكی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوایه‌، یان ده‌بوو له‌خوار كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ بێت، یان كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له‌ خۆی به‌رپرسی بكات‌و بڵێت له‌ كاره‌كانی خۆم بپرسه‌وه‌، كه‌ له‌ راستیدا نه‌ ئۆرگانه‌كه‌ ئه‌و ره‌وایه‌تییه‌ به‌ خۆی ده‌دات، نه‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێده‌دات كه‌ له‌ كاره‌كانی بپرسێته‌وه‌، مه‌رج نییه‌ كاری ئه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه‌، كاتێك كه‌ كۆنگره‌ هه‌ڵیبژاردووه‌و پێی سپاردووه‌ كه‌ له‌ رووی پێڕه‌وی ناوخۆوه‌ ته‌نانه‌ت چاودێریی بڕیاره‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندییش بكات، مه‌به‌ستم بڕیاره‌ حیزبییه‌كانه‌، ئه‌وكاته‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی خۆی به‌ پابه‌ند ده‌زانێت كه‌ پێڕه‌وی له‌ بۆچوونه‌كانی بكات، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ لێی بێته‌ ده‌نگ، بۆ خۆی كاروبار‌و بڕیاره‌كانی خۆی زیاتر كۆنترۆڵ‌ بكات، كه‌ ئاخۆ بڕیاره‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی پێڕه‌وی حیزبدان یان نا؟ بۆ ئه‌وه‌ی پاشان ئه‌و لیژنه‌یه‌ لێی به‌ده‌نگ نه‌یه‌ت‌و بڕیاره‌كانی نه‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

سبه‌ی‌: له‌ كۆنگره‌ی چوارده‌دا ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانتان بۆ حیزب دیاریی كردووه‌ كه‌ جۆرێك له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناوی حیزبه‌ له‌پێش له‌تبووندا، ئه‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناوانه‌ له‌دوای جیایی‌و له‌تبوونه‌كان هۆی چییه‌؟  

عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌: بێگومان هه‌ندێكجار ئه‌و ناوانه‌ هه‌ر یه‌ك بوون، من بیرم نایه‌ت كه‌ له‌ناو حیزبه‌ كوردییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت له‌ حیزبه‌كانی دیكه‌شدا، حیزبێك دامه‌زرابێت له‌سه‌ر ناوی حیزبێكی دیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حیزبێك له‌ت بووه‌، یان كۆمه‌ڵێك له‌ حیزبێك جودابوونه‌وه‌، چونكه‌ من پێموایه‌ ئه‌و دوو شته‌ جیاوازن، كاتێك حیزبێك له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، واته‌ له‌ كۆمیته‌ ناوه‌ندییه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ له‌ت ده‌بێت، ئه‌وه‌ پێی ده‌ڵێن ئینشیقاق، كاتێك كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی حیزب به‌جێ‌ ده‌هێڵێت، ئه‌وه‌ جودابوونه‌وه‌یه‌، جا له‌و دوو حاڵه‌ته‌دا ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه‌ ئه‌و ناوه‌ بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، ئه‌وه‌ هه‌م له‌ناو حیزبه‌ كوردییه‌كاندا هه‌یه‌، هه‌م له‌ناو حیزبه‌ ناكوردییه‌كانیشدا، بۆ نموونه‌ ئێمه‌ دیمان له‌ حیزبی شیوعی عێراقدا له‌تبوون روویدا‌و هه‌ردووكی هه‌ر ناویان حیزبی شیوعی عێراق بوو، ئه‌و هه‌موو گروپه‌ له‌ چریكی فیدایی ئێران په‌یدابوون، هه‌مووش هه‌ر ناویان چریكی فیدایی بوو، هۆكاری سه‌ره‌كیی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو خۆیان به‌ خاوه‌نی رابردووه‌كه‌ی ده‌زانن، به‌ستراونه‌وه‌ به‌ رابردووه‌كه‌ی، هۆگرین، نایانه‌وێت ئه‌و شانازییانه‌ بده‌ن به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان، یان خۆیانی‌ لێ بێبه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام من له‌نێوان جیاییه‌كانی پێشووی حیزبی دیموكرات‌و ئه‌م له‌تبوونه‌ی ئێستادا، جیاوازییه‌كی سه‌ره‌كیی ده‌بینم، بۆ نموونه‌ ئێمه‌ ده‌بینین له‌ ساڵی 1980دا له‌تبوونێك له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا رووده‌دات، كه‌ به‌ خۆیان ده‌ڵێن پێڕه‌وی كۆنگره‌ی چواره‌م، ،پاشگرێك دیاریی ده‌كه‌ن، له‌ ساڵی 1988دا دیسان كه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ی ناوی خۆیان نابوو رێبه‌رایه‌تیی شۆڕشگێڕ‌و جودابوونه‌وه‌، ده‌قا‌وده‌ق ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام پاشگری‌ رێبه‌رایه‌تیی شۆڕشگێڕیان بۆ دیاریكرد، ئێستا كه‌ ئه‌م له‌تبوونه‌ روویداوه‌، ناوه‌كان جیاوازن، یه‌كیان ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانه‌، یه‌كیان ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانه‌، هه‌رچه‌نده‌ حیزبی دیموكراتی كوردستان له‌ هیچ شوێنێكی دنیاو له‌سه‌ر هیچ كام له‌و لایه‌نانه‌ تۆمار نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ وڵاتانی یاساو پێشكه‌وتوودا زۆر زۆر ئاساییه‌، یه‌كێك ناوی حیزبی دیموكراته‌، یه‌كێكی دیكه‌ ناوی حیزبی دیموكراتی وڵاته‌كه‌یه‌، یه‌كێك ناوی حیزبی لیبراڵه‌، یه‌كێكی‌ دیكه‌ ناوی حیزبی لیبراڵی وڵاته‌كه‌یه‌، وه‌كو وتم هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ لایه‌نێك نایه‌وێت خۆی له‌ شانازییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی بێبه‌ش بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ئێمه‌، دیاره‌ گه‌ڕاوینه‌وه‌ سه‌ر ناوی له‌مێژینه‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستان، كه‌ له‌ دامه‌زرانییه‌وه‌ تا 34 ساڵ‌ له‌ ته‌مه‌نی، ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ئێرانی تێدا نه‌بووه‌، بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئێرانه‌كه‌ له‌ناو كه‌وانه‌دا بوو و به‌شێك نه‌بوو له‌ ناوه‌كه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری پێكهاته‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستان بكه‌یت ده‌بینیت ئه‌و كه‌سایه‌تی‌و روخسارانه‌ی كه‌ حیزبی دیموكراتیان پێ‌ ناسراوه‌، یان حیزبی دیموكراتی كوردستان به‌وانه‌وه‌ ناسراوه‌، له‌ سه‌دا هه‌شتای له‌و به‌شه‌دان كه‌ ئێمه‌ی تێداین‌و ئێستا به‌ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ تێده‌كۆشین، ئه‌وه‌ش به‌ مافێكی سروشتیی خۆمان ده‌زانین كه‌ له‌ شانازییه‌كان‌و ناوی شه‌هیده‌كان‌و رابردووی كه‌ڵك وه‌ربگرین، ئه‌مه‌ هیچ سه‌رپێچییه‌كی یاساییشی تێدا نییه‌. 

سبه‌ی‌: خۆتان خاڵه‌ نێگه‌تیڤ‌و پۆزه‌تیڤه‌كانی كۆنگره‌ی چوارده‌ چۆن باس ده‌كه‌ن؟ 

عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌: ئه‌گه‌ر بمه‌وێت له‌سه‌ر خاڵه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی قسه‌بكه‌م، ره‌نگه‌ له‌وه‌ به‌ گله‌یی بم كه‌ ده‌كرا كاتێكی كه‌متر له‌وه‌ی بۆی ته‌رخانكرا بگرێت، كه‌ به‌ 8 رۆژ ته‌واوبوو، ده‌كرا به‌ پێنج- شه‌ش رۆژ ته‌واوبێت، ئه‌ویش بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌وه‌ نێگه‌تیڤه‌، جاروبار باسه‌كان زیاتر له‌وه‌ی كه‌ پێویست بوو درێژ ده‌بوونه‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ گڕوتینێكی زۆره‌وه‌ به‌شداریی باسه‌كانی ده‌كرد، هه‌موو كه‌س ده‌یویست قسه‌كه‌ی خۆی بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌ی پێشتر له‌لایه‌ن كه‌سێكی تره‌وه‌ باس كرابوو وه‌كو خاڵه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانیش، من پێموایه‌ خاڵی پۆزه‌تیڤی زۆربوون، من بۆ خۆم له‌ نزیكه‌ی 12 كۆنگره‌و 2 كۆنفرانسی حیزبیدا به‌شداربووم، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بمه‌وێت دڵی خۆم خۆش بكه‌م، پێموایه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ هه‌موو كۆنگره‌كان زیندووترو سیاسیتر بوو، له‌ هه‌موو كۆنگره‌كان جۆراجۆریی زۆرتری تێدابوو، هه‌ر له‌ رووی ته‌مه‌نه‌وه‌ بگره‌ تا ئاستی خوێنده‌واریی‌و تێكه‌ڵاویی ناوچه‌كان‌و ژن‌و پیاوه‌وه‌، خاڵی زۆر گرنگی ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌و كۆنگره‌یه‌دا ئێمه‌ نه‌مانده‌دی كه‌ باڵ‌ پێكه‌وه‌ كێبڕكێ‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ فیكره‌كان بوون كه‌ پێكه‌وه‌ كێبڕكێیان ده‌كرد، به‌ڵێ ره‌نگه‌ نیوه‌ی كۆنگره‌ فیكرێكی هه‌بووبێت، نیوه‌كه‌ی دیكه‌ش فێكرێكی دیكه‌، به‌ڵام هه‌موویان به‌رگرییان له‌ فیكر ده‌كرد نه‌ك له‌ باڵ‌، ده‌رباره‌ی به‌شداریی ژنانیش كه‌ له‌ راپۆرتدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، گه‌وره‌ترین به‌شداریكردنی ژنان له‌ كۆنگره‌یه‌كی حیزبیدا، شتێك له‌ شه‌ش له‌ سه‌د زیاتر بووه‌، به‌ڵام له‌م كۆنگره‌یه‌دا نزیكی نۆزده‌ له‌ سه‌دی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ژن بوون، له‌ هه‌ڵبژاردنیشدا دیسان ژن مافی خۆی نه‌دراوه‌تێ‌، به‌ڵام باڵاترین رێژه‌ی به‌شداری ژنان له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندییدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م كۆنگره‌یه‌دا ده‌رچووه‌، له‌ هیچ كۆنگره‌یه‌كدا نه‌ك ئه‌وه‌نده‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ش له‌ كۆنگره‌دا به‌شدارییان نه‌بوو، لاوانی رووناكبیرو تازه‌ زیاتر هاتوون، ده‌توانم به‌ گشتی بڵێم خاڵی پۆزه‌تیڤمان له‌ خاڵی نێگه‌تیڤ زۆرتره‌، مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه‌ رێگه‌م پێبده‌ن باسی بكه‌م كه‌ ره‌نگه‌ زۆر په‌یوه‌ندیی به‌م كۆنگره‌یه‌وه‌ نه‌بێت، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆنگره‌كانی پێشوو به‌تایبه‌تی بۆ كۆنگره‌ی دوازده‌و سێزده‌، كه‌ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان تا راده‌یه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ بووه‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆریان وازیان له‌ خۆ كاندیدكردنه‌وه‌ بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هێنا، ئه‌وه‌ پێموابێت له‌ داهاتوودا به‌ شتێكی پۆزه‌تیڤ هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، با فێربین بۆ خۆمان كورسیی به‌رپرسیارێتیی به‌ زیندوویی به‌جێ‌ بهێڵین، واته‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و قه‌بر بڕۆین، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ بسپێرینه‌ ده‌ست كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ كه‌ تازه‌ نه‌فه‌سترن‌و زیاتر په‌یوه‌ندییان به‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ی تێدا ده‌گرین‌و خه‌باتی تێدا ده‌كه‌ین، واته‌ رێبه‌رایه‌تییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان نوێ‌ بێته‌وه‌، وا نه‌بێت كه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ فإێمان بده‌ن، یان ته‌نیا ئه‌و كاته‌ كورسییه‌كه‌ به‌جێ‌ بهێڵین كه‌ به‌ تابوت ده‌ڕۆین به‌ره‌و گۆڕستان، پێموابێت ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی ئه‌و كۆنگره‌یه‌. 

Sbeiy.com © 2007