Print
 ده‌بێت نه‌وتی‌ هه‌رێم دوابه‌رمیل بێت بۆئه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ نه‌وه‌كانمان مسۆگه‌ربێت
Wednesday, May 14, 2008

راپۆرت: هه‌ڵۆ ئه‌بوبه‌كر

به‌و پێیه‌ی‌ داهاتی‌ كوردستان به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ عێراق تێكه‌ڵ به‌ داهاتی‌ عێراق ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ له‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ست ده‌كه‌وێت ته‌نیا 17% بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ و 83% ی‌ بۆ عێراقه‌. هه‌ندێك له‌ پسپۆرانی‌ ئابوری‌ پێیانوایه‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت له‌ ئێستا باش نییه‌، پرۆفیسۆر هۆشیار مه‌عروف  ده‌ڵێت"نه‌ده‌بوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئێستادا بیری‌ له‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت بكردایه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بوو ستراتیژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌ بوایه‌ كه‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوا به‌رمیل بوایه‌ له‌جیهاندا" ئه‌و پڕۆفیسۆره‌ پێشی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ باشترین ڕێگایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ نه‌وه‌كانی‌ كوردستان مسۆگه‌ر بێت.

ئه‌م پرۆفیسۆره‌  ده‌ڵێت: "ده‌بێت حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ كردوه‌ به‌كاری‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت، پێویسته‌ به‌ئاگاییه‌كی‌ زۆره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ بكات و ئاگاداریی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ش بێت به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا ده‌بێت ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌ چونكه‌ ئیتر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ متمانه‌یان به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نامێنێت". 

له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ‌ سبه‌ی‌، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێم وتی‌: "ئه‌وانه‌ی‌ پێیان وایه‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت له‌ ئێستادا خراپه‌ كه‌سانی‌ فاشلن، ئه‌و ده‌ڵێت"ناكرێت چاوه‌ڕوانی‌ زه‌مانه‌ بكه‌یت و نه‌وت ده‌ر نه‌كه‌یت كێ‌ ده‌ڵێت ئه‌و كات ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ ئێستا ده‌كات، نرخی‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ جه‌نگدایه‌ ئێستا 100$ ده‌شێت به‌یانی‌ 70$ بێت".

ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كراوه‌
له‌ ئێستادا نزیكه‌ی‌ 50 كۆمپانیا له‌كوردستان كارده‌كه‌ن كه‌ (توركی‌ و هیندی‌ و كۆری‌ و نه‌مساوی‌ و هه‌نگاری‌ و ئه‌مه‌ریكین).

كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت له‌ ڕووی‌ قه‌باره‌ی‌ سه‌رمایه‌وه‌ پله‌ به‌ندیان هه‌یه‌ و زۆربه‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن كۆمپانیای‌ بچوكن، وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ پێش ده‌ستور واته‌ له‌ ساڵی‌ 2005دا گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ كۆمپانیای‌ هیچ و پوچ بون به‌ڵام پێشی‌ وایه‌ كه‌ هێنانی‌ كۆمپانیای‌ بچوك بۆ پێشبڕكێ‌ له‌ به‌رهه‌مدا باشتره‌ له‌ كۆمپانیای‌ گه‌وره‌"
هه‌موو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن ته‌نیا كاریان ده‌رهێنانی‌ نه‌وته‌ و له‌ بواری‌ پترۆكیمیایدا كار ناكه‌ن كه‌ چاودێرانی‌ پسپۆڕی‌ نه‌وت پێیان وایه‌ ده‌بێت حكومه‌ت ته‌نیا بیر له‌ ده‌رهێنان و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت نه‌كاته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت هه‌وڵبدات به‌رهه‌می‌ پترۆكیمیایی‌ لێبه‌رهه‌م بهێنێت.
نه‌وزاد عومه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ كه‌ ده‌توانن نه‌وت ده‌ربهێنن‌و پترۆكیمیاییش به‌رهه‌م بهێنن چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ كه‌م و گه‌وره‌ن  بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت هه‌وڵبدات له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا گرێبه‌ست بكات، یان كۆمپانیای‌ تایبه‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ پترۆ كیمیایی‌ بێنێته‌ كوردستان" . 

گرێبه‌سته‌كان تاچه‌ند شه‌فافیه‌تیان تێدایه‌
زۆر له‌ چاودێرانی‌ سیاسی‌ پێیان وایه‌ كه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان به‌ بێ ئاگای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ئیمزاده‌كرێن‌و  هیچ شه‌فافیه‌تێك له‌ گرێبه‌سته‌كاندا نییه‌ به‌ڵام ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌سروشتیه‌كان ده‌ڵێت: "ده‌ستور مافی‌ پێداوین و په‌رله‌مان ده‌نگی‌ له‌سه‌ر داوه‌ و په‌رله‌مانتاران خۆیان بڕیاریانداوه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بڕیاره‌كان نه‌كه‌ن‌و ئه‌و لیژنه‌یه‌ش پێك دێن له‌ (سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی‌ و وه‌زیری‌ پلاندانان و دارایی‌ و سامانه‌سروشتیه‌كان) كه‌ هه‌ر پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ ئاگاداری‌ سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كانن، سه‌رجه‌م زانیاریه‌كانیشمان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاوكردۆته‌وه‌"
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ تاچه‌ند پێویسته‌ حكومه‌ت شه‌فاف بێت له‌ ئاشكراكردنی‌ گرێبه‌سته‌كاندا پرۆفیسۆر هۆشیار مه‌عروف مامۆستا ی‌ خانه‌ نشینكراو له‌ كۆلێژی‌ كارگێڕی‌ و ئابوری‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێی‌ وایه‌ ئاساییه‌ كه‌ سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ ئاشكرا نه‌كرێت وتیشی‌: "له‌ هه‌موو جیهاندا گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان كه‌م تا زۆر شتی‌ شاراوه‌یان تێدایه‌ ئه‌ویش له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ حكومه‌تدا" .

نه‌بونی‌ كادری‌ پرۆفیشناڵ 
حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ خۆی‌ نه‌وت به‌رهه‌مده‌ هێنێت بۆیه‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌كان نه‌بونی‌ كادری‌ زانستی‌ پڕۆفیشناڵه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بودجه‌یه‌كی‌ زۆر خه‌رج ده‌كات له‌ هێنانی‌ كادری‌ بیانی‌ بۆیه‌ چاودێرانی‌ بواری‌ نه‌وت پێیان وایه‌ زۆر گرنگ بوو له‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ حكومه‌تدا باسی‌ پێگه‌یاندنی‌ كادری‌ خۆماڵی‌ بكرایه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌وزاد عومه‌ر مامۆستای‌ ده‌ره‌كی‌ له‌ زانكۆی‌ كۆیه‌ و سلێمانی‌ و یه‌كێك له‌ ڕاوێژكارانی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق له‌ ساڵانی‌ 1975تا 1998 پێی‌ وایه‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌ سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تیدا له‌ گرێبه‌سته‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ (IPC ( له‌ كه‌ركوك ئه‌و خاڵه‌ی‌ ڕه‌چاو كردبوو بۆیه‌ پاش خۆماڵیكردنی‌ نه‌وت، به‌رهه‌م هێنانی‌ نه‌وت  نه‌وه‌ستا  و توانییان به‌ سه‌ركه‌وتویی‌ كاره‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن.

وتیشی‌: "ئه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌، ده‌بێت ئێمه‌ وه‌ك وڵاتێكی‌ دواكه‌وتوو زۆر گرنگی‌ پێبده‌ین" .

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سر وشتیه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بڕێك له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ وه‌ك به‌خشیش و شیرینی‌ وه‌ریده‌گرن كادری‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ پێده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كادری‌ خۆماڵی‌ پێبگه‌یه‌نن به‌ڵام  نه‌وزاد عومه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌وه‌ك ئه‌وان ئیشیان نه‌كردوه‌ بۆ پێگه‌یاندنی‌ كادر به‌ڵكو ڕێگریان كردوه‌ له‌ وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ بۆ ماسته‌رنامه‌ی‌ خوێندكارێك و وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت"ئه‌و كۆمپانیایه‌ی‌ ئه‌و خوێندكاره‌ چوه‌ زانیاری‌ لێوه‌ربگرێت كۆمپانیایه‌كی‌ توركی‌ بوه‌ و خه‌ریك بوه‌ ته‌قه‌ش له‌ خوێندكاره‌كه‌ی‌ بكه‌ن".

Sbeiy.com © 2007