Print
 ئه‌حمه‌د تورك: حه‌زده‌كه‌ین بزانین په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و توركیا له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كن
Saturday, May 17, 2008

دیمانه‌: دیاری‌ محه‌مه‌د

ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكی‌ لیستی‌ كوردیی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ توركیا ده‌ڵێت: "به‌تیرۆریست ناوبردنی‌ په‌كه‌كه‌، چاره‌سه‌ری‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناكات".
له‌میانی‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ‌ سایتی‌ سبه‌ی‌ تورك وتی‌: " تا ئێستا فه‌لسه‌فه‌ی‌ كه‌مالیزم له‌ توركیا زاڵه‌" .
ئاشكراشیكرد " تا هه‌نوكه‌ 75 سكاڵا دژی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان تۆماركراون".

سبه‌ی‌: سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئێوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ پێوه‌ندییه‌كی‌ به‌سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ توركیاوه‌ بۆ به‌غدا هه‌یه‌؟
ئه‌حمه‌د تورك: له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژنامه‌كان، له‌ كۆبونه‌كان باس ده‌كرێت ئێمه‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كات، ئێمه‌ش كۆبونه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین‌و لێیان ورد ده‌بینه‌وه‌. ئێمه‌ حه‌زده‌كه‌ین كه‌ گه‌لی‌ كورد بزانێت ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ی‌ نێوان هه‌رێم و توركیا كه‌ باسی‌ لێوه‌ ده‌كرێت، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كن. گه‌لی‌ ئێمه‌ش له‌ باكور ده‌یه‌وێت بزانێت ناوه‌رۆكی‌ ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ چین و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بنیات ده‌نرێت. پێوه‌ندییه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانی‌ ئاشتی‌ و برایه‌تی‌ و دیموكراتی‌ بێت ئاساییه‌ و پشتگیری‌ لێده‌كه‌ین به‌ڵام وه‌ختێك ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ ته‌نها له‌ بواری‌ ئاسایشدا بێـت وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیری‌ توركیاش ئاماژه‌ی‌ پێكرد ئه‌وا گه‌لی‌ كورد پێی‌ نیگه‌ران ده‌بێت، گه‌لی‌ ئێمه‌ به‌گشتی‌ ده‌یه‌وێت بزانێت ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ چین و چۆن ده‌به‌سترێن.

سبه‌ی‌: ده‌سه‌ڵات له‌ توركیا له‌ژێر ده‌ستی‌ سوپا و دادگای‌ ده‌ستوریدایه‌، ئایا ئه‌مه‌ نه‌بۆته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد دوابكه‌وێت؟
ئه‌حمه‌د تورك: له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ توركیا سوپا كاریگه‌رییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌، تا ئێستا فه‌لسه‌فه‌ی‌ كه‌مالیزم به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ وڵاتدا زاڵه‌. ئه‌گه‌ر بۆ چه‌سپاندنی‌ دیموكراتی‌ هه‌وڵ بده‌ین، پێویسته‌ هه‌وڵی‌ گۆڕانكاری‌ له‌م سیاسه‌ته‌دا بده‌ین.
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانێك هه‌یه‌ و گه‌لیش خه‌بات ده‌كات، بوَیه‌ پێویسته‌ به‌ ئیراده‌ی‌ خۆیان رێگه‌ بۆ ئاشتی‌ و دیموكراتی‌ و مافی‌ مرۆڤ ده‌ستنیشان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ له‌ توركیا نییه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ین بۆ به‌ره‌و پێشبردنی‌ دیموكراسی‌، ئه‌ویش پێویستی‌ به‌ جه‌ربه‌زه‌یی‌ هه‌یه‌. له‌ دنیادا بۆ گۆڕانكاری‌ و ڕزگاربوون له‌ ده‌ستی‌ سوپا په‌ره‌ به‌دیموكراسی‌ دراوه‌ چونكه‌ پێشتر سوپا كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی‌ دیموكراسی‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی‌ نه‌ما. ئێمه‌ ده‌خوازین خه‌باتی‌ دیموكراسی‌ بكه‌ین به‌ڵام سیاسه‌تمه‌دارانی‌ توركیا بۆ به‌ره‌و پێشبردنی‌ دیموكراسی‌ هیچ هه‌وڵێك ‌و هیچ بڕیارێكی‌ ژیرانه‌یان نه‌داوه‌.

سبه‌ی‌: به‌ڕای‌ ئێوه‌ چی‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی تر كورد نه‌بێته‌وه‌ دارده‌ستی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ ‌و شه‌ڕی‌ براكوژی‌ نه‌كات؟
ئه‌حمه‌د تورك: ئه‌مڕۆ گه‌لی‌ كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ پێویستی‌ به‌ دیموكراسی‌ هه‌یه‌، پێویستی‌ به‌ ئاشتی‌ هه‌یه‌، پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌یه‌ په‌ره‌ به‌ڕێگه‌ی‌ ئاشتی‌ و دیموكراسی‌ بدات بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ ماوه‌ ماوه‌ كۆنفرانس و كۆبوونه‌وه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ش وه‌كو گه‌لانی‌ تر بگه‌ینه‌ ئامانج و ئێمه‌ش خه‌باتی‌ دیموكراسی‌ به‌ره‌و پێش ببه‌ین.

سبه‌ی‌: توركیا بۆ به‌ستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوا ده‌كات به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا و عێراق، حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌كه‌كه‌ به‌تیرۆریست وه‌سف بكات. به‌ڕێزتان له‌م سه‌ردانه‌تاندا ئه‌مه‌تان بۆ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوایه‌كی‌ له‌م جۆره‌ په‌سه‌ند ناكات و ناچێته‌ ژێر باریه‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د تورك: ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ هیچ سودێكیان نییه‌‌و نایان بێت. له‌ناو كوردان باوه‌ڕ بوون به‌ یه‌كتری‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ راستی مه‌سه‌له‌كه‌یه‌و ئێمه‌ ئه‌مڕۆ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین و خه‌بات ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ش به‌تیرۆریست وه‌سف بكرێت لای‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكات. ئێمه‌ ده‌خوازین به‌ دیالۆگ كێشه‌ی‌ كورد چاره‌سه‌ر بكرێت. زۆر جار ئێمه‌ش به‌ تیرۆریست وه‌سف ده‌كرێین، چونكه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ تیرۆریست وه‌سف ناكه‌ین. ئه‌رێ‌ ئێمه‌ش بڵێین په‌كه‌كه‌ تیرۆریسته‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟ بێگومان نه‌خێر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت پێویسته‌ خه‌باتی‌ دیموكراسی‌ و رێگه‌چاره‌ی‌ ئاشتیانه‌ بگیرێته‌به‌ر.

سبه‌ی‌: زۆر یاسا له‌ ده‌ستوری‌ توركیادان كه‌ ئازادی‌ ده‌خنكێنن، ئه‌م جۆره‌ یاسایانه‌ تاچه‌ند بوونه‌ته‌ هۆی‌ رێگریكردن له‌ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئازادی‌ خه‌بات بۆ گه‌لی‌ كورد بكه‌ن؟
ئه‌حمه‌د تورك: هه‌ندێ‌ یاسا له‌ توركیا هه‌ن، كاتێك خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ به‌ره‌و پێشبردنی‌ ئاشتی‌ و دیموكراسی‌ زۆر گرفتمان بۆ دروست ده‌كرێت. كاتێك باسی‌ گه‌لی‌ كورد ده‌كه‌ین، باسی‌ زمانی‌ كوردی‌ ده‌كه‌ین، بۆ ناسنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌وڵده‌ده‌ین سكاڵامان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت و سیاسه‌تمان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت. كاتێك داوامان كرد گۆڕانكاریی‌ له‌ده‌ستوری‌ توركیادا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌نگاو بهاویژرێ‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی‌ ئاشتی‌ و برایه‌تی‌، ئه‌وكاته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ كاریگه‌ریشیان ده‌بێت له‌سه‌ر شه‌ڕی‌ چه‌كداری‌.

سبه‌ی‌: هیچ سكاڵایه‌كتان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، كاتێك باسی‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردتان كردووه‌؟
ئه‌حمه‌د تورك: (به‌پێكه‌نینه‌وه‌) له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌ چه‌ندین سكاڵا تۆماركراون، به‌ته‌واوی‌ نازانم چۆنن و چه‌ندن. به‌دواداچوونیان بۆ ناكه‌م، به‌ڵام به‌گشتی‌ له‌سه‌ر (20) په‌رله‌مانتاری‌ كورد كه‌ پێشتر ژماره‌یه‌كیان سزادرابوون، (75) سكاڵا تۆماركراون.
 
سبه‌ی‌: پارته‌كه‌ی ئیوه‌ (پارتی كوَمه‌ڵی دیموكراتی – ده‌ته‌په‌ -) هه‌ڵوێستی‌ چی‌ بوو به‌رامبه‌ر سزادانی‌ له‌یلا زانا؟
ئه‌حمه‌د تورك: له‌ڕاستیدا له‌یلا زانا ژنێكی‌ كورده‌ بۆ گه‌لی‌ كورد خه‌بات ده‌كات. بۆ ئه‌مه‌ش بیروبۆچوونه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌خاته‌ ڕوو، به‌ڵام له‌توركیا ته‌نیا له‌یلا زانا حكوم نه‌دراوه‌، به‌هه‌زاران رۆشنبیرو سیاسه‌تمه‌دار سزادراون. 

سبه‌ی‌: جارێكیان عه‌بدوڵا گوڵ‌ سه‌ردانی‌ ئێوه‌ی‌ كرد و جارێكیشیان ئێوه‌ له‌گه‌ڵی‌ كۆبوونه‌وه‌، ئایا ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ هیچ ئه‌نجامێكیان هه‌بوو؟
ئه‌حمه‌د تورك: شتێكی‌ رۆتینی‌ بوون. بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد پێشنیازی‌ خۆمان خسته‌ ڕوو، هیوامان وا بوو هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ بدرێت، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، به‌گشتی‌ دانیشتنه‌كه‌ زیاتر رۆتینی‌ بوو.

سبه‌ی‌: ئێوه‌ پارتێكی‌ كوردیی‌ و نوێنه‌رتان له‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌، هیچ پێوه‌ندییه‌كتان له‌گه‌ڵ (پارتی داد و په‌ره‌پێدان – ئاكه‌په‌ -) هه‌یه‌؟
ئه‌حمه‌د تورك: یه‌كتری‌ ده‌بینین و تێڕوانینی‌ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پێش چاوی‌ یه‌كتر و هیواخوازین دیالۆگمان فراوانتر بێت، به‌ڵام قۆناغه‌كانی‌ دیالۆگ تا ئێستا به‌ره‌و پێش نه‌چوونه‌ و فراوان نه‌بوونه‌.

سبه‌ی‌: ئومێدتان به‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌ردانه‌كه‌تان بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاكامی‌ باشی‌ هه‌بێت؟
ئه‌حمه‌د تورك: ئێمه‌ ناتوانین خۆمان بێئومێد بكه‌ین، ئێمه‌ هیوادارین سه‌ردانه‌كه‌مان ئاكامی‌ باشی‌ هه‌بێت و به‌ئومێدی‌ ئه‌وه‌شین به‌گشتی‌ خه‌باتێكی‌ هاوبه‌ش بكرێت له‌نێوان كوردا به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر توركیاش هه‌بێت.
 

Sbeiy.com © 2007