نوسینی ئەم بابەتە بۆ؟
بۆ ساڵێك دەچێت لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركوك لە نزیكەوە: لە قوتابخانەكان، لە ماڵان، گوێ لە خوێندكارانی سەرەتایی و ناوەندی دەگرم و لێدوانیان لە گەڵ دەكەم. لە گەڵ زۆر لە مامۆستایانی پەروەردە لەسەر ئەم بابەتە دواوم. بۆم دەركەوت لاوازی زۆریان پێوە دیارە لە گوێگرتن، قسەكردن، نوسین و خوێندنەوە، ئەمەش ئەوە دەگەێنێ كە پرۆگرامی فێربونی زمانی عەرەبی مەبەستە سەرەكیەكانی نە پێكاوە.
فێربونی زمانی عەرەبی:
ئەگەر راپرسیەك بكرێت لە ناو نەوەكانی ساڵانی هەشتا و نەوەدەكانی سەدەی رابردو، بە وانەی ئێستاشەوە، ئەوانەی زیاتر سەیری فلمی عەرەبی بۆ گەورە و مناڵان دەكەن، دەردەكەوێت ئەو فلمانە چەند كاریگەری هەبوە بۆ فێربونی زمانی عەرەبی. لە ناو ئەوانەشدا بە هۆی كاریگەری زۆری فلمی میسری و گۆرانیبێژەكانی میسر بەشی زۆری ئەمانە زیاتر فێری زاراوەی میسری بونە نەك زاراوەی عەرەبی عێراقی، بۆیە دەكرێت سود لەم شێوەیە ببینن بۆ پرۆگرامەكانی سیستەمی تازەی خوێندن.
گرنگی زمانی عەرەبی لە چیدایە؟
زمانی عەرەبی زمانێكە سەدان ملیۆن كەس بە كاری دێنن، زۆربەی وڵاتانی دونیا بە عەرەبی لە دەزگاكانی راگەیاندن پەخش دەكەن. وڵاتانی عەرەبی شوێنی بازرگانی و بازاڕێكی گەورەی كاركردنە لە جیهاندا، زمانێكە قورئانی پیرۆزی ئاینی ئیسلامی پێ نوسراوەتەوە، لە عێراقدا زمانی رەسمی وڵاتە و نزیكەی ¾ دانشتوانی قسەی پێ دەكەن، زۆربەی سەرچاوە ئەدەبی و یاسایی و زانستییەكان بەم زمانە نوسراوەتەوە، كەسێ ئەم زمانە شارەزا نەبێت زۆر گرانە لە 14 پارێزگای عێراق كاری دەس كەوێت، ئەمانە هەندێكن لەو هۆیانەی پێویستە هەمو خوێندكارێكی ئەم وڵاتە لە گەڵ زمانی دایك بایەخ بە زمانی عەرەبی بدات.
زمانی عەرەبی و خوێندكاری كورد:
بۆ خوێندكاری كورد زمانی عەرەبی وەك زمانی ئنگلیزی بە دەر لە پیتەكانی نوسین زمانێكی بێگانەیە، بۆیە لە سیستەمی پەروەردا پێویستە لە داڕشتنی پرۆگرامی فێربونی زمان ئەم تایبەتمەندییە رەچاو بكرێت، وەك چۆن بۆ زمانی ئنگلیزی بە هەند وەردەگیرێت. هەڵەیەكی گەورە دەكرێت ئەگەر وەك یەك لە خوێندكارانی عێراقی بڕواندرێت، تا ئێستا پرۆگرامی فێربونی زمانی عەرەبی لەم روانگەیەوە داڕێژراوە.
پرۆگرامی فێربونی زمانی عەرەبی لە سیستەمی پەروەردەی ئیَستا و رابردودا:
تا 1991 وانەی زمانی عەرەبی لە سەرتاسەری عێراق بە یەك پرۆگرام داڕێژرابو، بێ رەچاوكردنی بونی زمانە جیاجیاكانی عێراق. ئەم پرۆگرامە بە شێوەیەكی وا داڕێژرابو نەك خوێندكارانی كورد و توركمان بەڵكو خوێندكارانی عەرەبیشی توشی بێزاری كردبو.
لە دوای 1991 لە هەریمی كوردستان پسپۆرانی پەروەردە لە بیركردنەوەی گۆڕانكارین لە پرۆگرامی خوێندن بۆ فێربونی زمانی بێگانە. لە سیستەمی تازەی خوێندن هەنگاو نراوە بۆ زمانی ئنگلیزی. بەڵام بۆ زمانی عەرەبی هەنگاوەكان نادروستن و پڕن لە كەموكوڕی. لەم سیستەمە وەك زمانێكی بێگانە مامەڵە لە گەڵ پرۆسەی فێربونی ئەم زمانە نەكراوە. ئەمە و نەبون یان كەمی كەرەستەكانی فێربونی زمانەكانی بێگانە یەكێكن لە لاوازی خوێندكاری كورد لەو زمانانە.
زمانی عەرەبی لە سیستەمی ئێستای پەروەردە:
لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان خوێندنی زمانی عەرەبی لە پۆلی 4 چوارەمی بنەڕەتی دەست پێدەكات.
1- پۆلی چواری بنەڕەت: (پەرتوكی عەرەبی بۆ پۆلی 4 بنەڕەت)
- لاپەڕە 3 تا 23 ، دەستپیێكێ باشە، خوێندكار فێری ئەو پیت و سەرە و ژێرانە دەكات كە لە زمانی كوردی بونیان نییە.
- لاپەڕە 29 تا 32 خوێندكار روبەڕوی ئەركێ قورس دەكاتەوە. باشتر وایە بە كورتە فلم نیشانی خویندكار بدرێت. مەبەست لە راهێنانی گوێچكە بێت بە گفتوگۆكان نەك خوێندنەوە و نوسین.
- لە لاپەڕەكانی 18 ، 76 ، 81 ، 87 هەوڵ دەدرێت خوێندكار بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ فێری رێزمان بكرێت، لەم قۆناغە بۆ خوێندكار زۆر قورسە.
- وێنە و وشەكانی سەر لاپەڕەكان سادە و باشن؛
- هەوڵ بدرێت خوێندكار ئاشنا بكرێت بە چەند گۆرانییەكی مناڵان بە زمانی عەرەبی؛
بە كورتی لە پۆلی چواردا مە بەست ئاشنابونی خویندكار بێت بە زمانی عەرەبی، لە كۆتایی ساڵ مناڵ بتوانێت و بوێرێت كورتە گفتوگۆیەك بە زمانی عەرەبی بكات، بۆ پێكانی ئەم مەبەستە لەم قۆناغە باشتروایە ئەم ریزبەندنییە پەیڕەو بكرێت: گوێگرتن، بینین، خوێندنەوە نوسین.
2- پۆلی 5 بنەڕەت:
1- لاپەڕە 3: بە قورسی دەست پێ دەكات و لەیەكەم رۆژدا ئەرك بە خویندكار دەسپێرێت، لەم قۆناغە خوێندكار نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە؛
2- لاپەڕە 36 باس لە تاك و كۆ دەكات لە رێزمانی عەرەبی. لە زمانی عەرەبی یاسایەكی تایبەت و ئاسان و گشتگیر نییە لەم بارەوە، بۆیە خوێندكار توشی سەر لێشێوان دەبێت، هەر لە نمونەكان قورسی ئەم بابەتە دەردەكەوێ. هەمان تێبینی لە سەر لاپەڕەكانی 40 ،41 ، 52 ، 60 ، باشتر وایە ئەم بابەتانە لە قۆناغەكانی دواتر (لە پۆلی 7 وە ) بخوێندرێت.
3- لە لاپەڕە 21 پێناسەی نیشتمان كراوە بە شێوەیەك كە پێویست ناكات. باشتر وایە ئاسانتر بكرێت، چونكە مەبەست لە فێربونی زمانە نەك باس لە نیشتمان. لە روی ناوەڕۆكەوە زۆر باشە، بەڵام ئەم مەبەستە لە وانەی كوردی باشتر فێر دەبێت.
دیارە لەسەر پۆلەكانی 6 ،7 ....... تاد، تێبینی زۆر هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی پۆلی 4 و 5 بە دو قۆناغی بنەڕەتی دادەنرێت بۆیە تەنها باسم لەم دو پۆلە كردوە، لێرەوە دەتواندرێت بۆ قۆناغەكانی تر گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكان بكرێت.
ئەو بەڕێزانەی گرنگی بەم بابەتانە دەدەن، دەتوانن تێبینیەكانیان بنێرن بۆ:
[email protected]