Print
 
 حكومه‌ت ‌و حیزب به‌ره‌و كوێ‌؟
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Tuesday, December 30, 2008

پرۆژه‌كه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال، سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب‌و حكومه‌ت، پێشكه‌شكردنی به‌و دواكه‌وتنه‌وه‌ش باشتره‌ له‌وه‌ی هه‌ر به‌دیار نه‌كه‌وێت.
پێشكه‌شكردن‌و ئاشكراكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك مام جه‌لاله‌وه‌، سه‌نگ‌و قورسایی خۆی هه‌یه‌‌و كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بارودۆخی ناو یه‌كێتی‌و كوردستان ده‌بێت به‌ ره‌چاوكردنی چاوه‌ڕوانیكردنی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی‌و پێكانی ئامانجه‌كانی‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو ده‌زگا حیزبی‌و حكومییه‌كاندا.
من باسم له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی ئایینده‌ نییه‌، لێره‌دا پێم باشه‌ چه‌ند خاڵێكی گرنگ له‌باره‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: گه‌لێك هۆكار له‌ زه‌مینه‌ی باری گرژی ناو یه‌كێتیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆیان به‌سه‌ر زۆر له‌ پرۆژه‌كان بۆ چاكسازیی‌و نوێكردنه‌وه‌دا هه‌یه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش به‌ده‌رنییه‌ له‌و راستییه‌‌و له‌م روانگه‌یه‌وه‌ كاتێك پرۆژه‌كه‌ ئامانجه‌كانی خۆی به‌دی بهێنێت، ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ناو یه‌كێتی ده‌بێت. 

دووه‌م: راپۆرته‌كانی هه‌ندێك له‌ ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌مریكاو به‌ریتانیا، (دوا راپۆرت كه‌ راپۆرتی به‌رپرسی پرۆژه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقه‌‌و به‌ 508 لاپه‌ڕه‌ ئاماده‌كراوه‌)، كه‌ به‌ گشتی باس له‌ باری ناله‌باری حوكمڕانی له‌ عێراق ده‌كه‌ن‌و به‌ ژماره‌‌و راستییه‌كان تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و دزی‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی له‌ حوكمڕانیی عێراقدا ده‌كرێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ زه‌به‌لاحه‌ی سه‌رجه‌م حیزبه‌كان له‌ حوكمڕانی عێراقدا هه‌یانه‌‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبییان به‌كاری ده‌هێنن، فشارێكی ئێجگار زۆری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دروستكردووه‌، تا راده‌یه‌ك كه‌ دیدارو دانیشتن‌و لێدوانیك نییه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی عێراق كه‌ لایه‌نه‌كانی تر ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌ روویاندا نه‌ده‌نه‌وه‌. به‌ خۆڕایی عێراق یه‌ك له‌ سێ‌ گه‌نده‌ڵترین وڵاتی دنیا نییه‌، بۆیه‌ پێكانی ئامانجه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ راوبۆچوونی دۆسته‌كان‌و دنیای ده‌ره‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی‌و شێوه‌ی به‌شداری له‌ حوكمڕانیدا، به‌ ئاراسته‌یه‌كی باشتر له‌وه‌ی ئێستایاندا ده‌بات. 

سێیه‌م: له‌ پرۆژه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ‌و رێنمایی زۆر گرنگ باسكراون بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان حیزب‌و حكومه‌ت‌و چه‌ند ئامرازێك بۆ به‌دواداچوون‌و لێپرسینه‌وه‌‌و سزادانی سه‌رپێچیكه‌ران، پێڕه‌وكردنی ئه‌و پره‌نسیپ‌و رێنماییانه‌ زه‌مینه‌خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ پێكانی ناوه‌رۆكی پرۆژه‌كه‌، به‌ڵام پێویستی به‌ میكانیزمی كاریگه‌ری دیاریكراو هه‌یه‌.
چواره‌م: هه‌رچه‌نده‌ پرۆژه‌كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، به‌ڵام زۆر به‌ وردی‌و به‌ بینینێكی واقیعیانه‌  بانگه‌وازه‌كه‌ی بۆ ئه‌ندام‌و كادیرو ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتییه‌.

له‌م پرۆژه‌یه‌دا چه‌ند خاڵێكی زۆر گرنگ به‌ زه‌قی به‌رچاو ناكه‌ون كه‌ كرۆكی رێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوام حیزب‌و حكومه‌ت‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی  ده‌ستێوه‌ردانی حیزبیش (به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ لایه‌نی یه‌كێتی نیشمانیی كوردستان) پێكده‌هێنن، له‌م خاڵانه‌:
یه‌كه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان:
له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی دنیادا‌و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشمان په‌رله‌مان متمانه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و كابینه‌كه‌ی‌و به‌رنامه‌كه‌ی ده‌دات، لای خۆمان ئه‌و پره‌نسیپه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شانۆگه‌ریی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌ جیاكانی په‌رله‌مان، نوێنه‌رایه‌تیی حیزب‌و گروپه‌كانیان ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م عیلله‌تی ده‌سه‌ڵاتی به‌های حیزب له‌ حوكمڕانیدا لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی‌و لێپرسینه‌وه‌‌و رێگه‌نه‌دان به‌ به‌زاندنی سنووره‌كانی یاسا. پێویسته‌ ژیانی په‌رله‌مانی به‌شێوه‌یه‌ك رێك بخرێته‌وه‌ كه‌ تێیدا فراكسیۆنه‌كان تواناو ده‌سه‌ڵات‌و جورئه‌تیان تێدابێت، كه‌ به‌ راده‌ی یه‌كه‌م ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ی خۆیان ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، لێی بپرسنه‌وه‌، ئینزاری بكه‌ن‌و له‌ دواقۆناغیشدا پاش راوه‌رگرتنی سه‌كردایه‌تیی حیزب، متمانه‌ی خۆیانی لێ بكێشنه‌وه‌‌و كه‌سێكی تر له‌ شوێنه‌كه‌ی دابنێن، پێكهاته‌ی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ته‌وافوق بووه‌‌و بۆ راگرتنی ئه‌و ته‌وافوقه‌شه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌پارێزێت، بۆیه‌ فراكسیۆنی حیزبه‌كان پاشكۆیه‌كن وه‌ك ئۆرگانێكی حیزبی‌و ناوی ئه‌ندام په‌رله‌مانیان پێبه‌خشراوه‌، له‌گه‌ڵ‌ رێز‌و به‌رزنرخاندنی هه‌وڵ‌‌و كاری به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ راستییه‌كی تفتوتاڵی ئه‌م ساته‌یه‌.

دووه‌م: پرۆژه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌دواداچوون‌و لێپرسینه‌وه‌ی داوه‌ به‌ سكرتێری گشتی‌و دوو جێگره‌كه‌ی، ئه‌مه‌ له‌خۆیدا كۆمه‌ڵێك پرسیاری واقیعی ده‌وروژێنێت، یه‌كه‌میان زیاتر خه‌ستكردنی ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی لوتكه‌ی حیزب به‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ چ ئامانجێك، ده‌بێت بیربكه‌ینه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌م پرۆسه‌ هه‌ستیاره‌دا به‌شداربكه‌ین‌و جارێكی تر متمانه‌یان به‌ده‌ست بهێنرێته‌وه‌. 

سێیه‌م: راستییه‌كی بێ‌ یه‌ك‌و دووه‌ كه‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له‌ حكومه‌ت له‌ تێكه‌ڵاوكردنی ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، له‌ دنیای دیموكراتیدا كاتێك ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی حیزبێك پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران یا جێگری یا وه‌زیر یا جێگری وه‌رده‌گرن، ئه‌وا راسته‌وخۆ پله‌ حیزبییه‌كه‌یان نامێنێت‌و ته‌نها وه‌ك ئه‌ندامێكی حیزبه‌كه‌ ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ باشتره‌ لای خۆشمان بیرێكی لێبكرێته‌وه‌.
چواره‌م: ده‌بوا پرۆژه‌كه‌ جه‌ختیشی له‌وه‌ بكردایه‌ كه‌ بۆ به‌رپرسانی حیزبی له‌ ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه‌‌و به‌ره‌و سه‌رووتر بۆیان نه‌بێت ده‌ستوه‌رده‌نه‌ كۆنتراكت‌و پرۆژه‌ بازرگانییه‌كانی سوودبه‌خشی مادیی میری‌و كاروباری بازاڕ، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌ندامانی ئه‌م ئۆرگانانه‌ له‌ كوردستانی خۆمان‌و له‌و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌مانه‌ كه‌ دوای ده‌سه‌ڵاتی حیزبی‌و حكومیش ده‌سه‌ڵاتێكی به‌های ناوچه‌یی هه‌یه‌، جا چ خێڵه‌كی یا ئایینی یا بنه‌ماڵه‌یی، كه‌ به‌پێی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ لۆكاڵانه‌ په‌لاماری زۆر شت ده‌ده‌ن، له‌وانه‌ش ده‌زگاكانی حكومیی له‌ ناوچه‌كانیان. 

پێنجه‌م: بۆ باشتر به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی‌و لێپرسینه‌وه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نجامه‌كانی باشتر ده‌بێت كه‌ كۆمسیۆنێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دروست بكرێت كه‌ له‌ دوو به‌رپرسی گه‌وره‌ی حیزب، دوو پسپۆإی یاسایی‌و ئیداری‌و نوێنه‌ری رێكخراو‌و سه‌ندیكاكانی په‌یوه‌ندیدار به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن‌و له‌ ئاستی قه‌زا‌و ناحیه‌كانیش به‌ هه‌مانشێوه‌‌و راپۆرتی ده‌وریان بۆ سكرتێری گشتیی یه‌كێتی‌و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رزبكه‌نه‌وه‌.

شه‌شه‌م: كاتێك په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ی له‌وجۆره‌ په‌سه‌ند بكات‌و هێزی یاسایی بداتێ‌، ئه‌وكات هه‌موو شوێنه‌كانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌، تا ئه‌و ساته‌ش باشتره‌ پرۆژه‌كه‌ وه‌ك نموونه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی یه‌كێتیدا جیبَه‌جێ‌ بكرێت، سه‌ركه‌وتنی هه‌موو ناچارده‌كات په‌یڕه‌وی بكه‌ن‌و بیكه‌ن به‌ نموونه‌ بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان، ناكرێت چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر لای خه‌ڵكی بروژێنرێت كه‌ تواناو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بۆ نه‌بێت، ئه‌وه‌ به‌ خه‌ڵك بوترێت كه‌ ده‌توانرێت ئه‌نجام بدرێت‌و هه‌وڵ‌ بۆ گه‌شه‌دانی بدرێت.

حه‌وته‌م: یه‌كێك له‌ نه‌خۆشییه‌ سیاسییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بوونی پرۆگرامێكی روون‌و ئاشكرایه‌، كاتێك هه‌ردوو حكومه‌ت له‌ هه‌رێم تێكه‌ڵاوكرایه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ته‌وافوقێكی سیاسی، پرۆگرام‌و پلانی حكومه‌ت پشتگوێخرا، پێویسته‌ له‌مه‌ودوا فراكسیۆنی حیزبه‌كان به‌تایبه‌تی فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ به‌رنامه‌ی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری‌و خزمه‌تگوزاریی‌و ئیداریی خۆیه‌وه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ تاووتوێكردن‌و لێدوان له‌گه‌ڵ‌ فراكسیۆنه‌كانی تر، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری رێكده‌كه‌ون ده‌بێته‌ كرۆكی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت‌و پێكهاته‌كه‌ی. هه‌نووكه‌ باڵاده‌سته‌كانی حیزب له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان بڕیار له‌ زۆربه‌ی كاره‌كانی حكومه‌ت ده‌ده‌ن‌و بڕیار له‌سه‌ر پاره‌وپولی حكومه‌ت ده‌ده‌ن. یه‌كه‌م جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌و لوتكه‌یه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات نه‌ك له‌ ناحیه‌كی سه‌رسنووری هه‌رێم، ناكرێت به‌رنامه‌ی حوكمڕانی حیزبێكی گه‌وره‌ی وه‌ك یه‌كێتی ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ حوكمڕانیی هه‌رێمدا به‌رچاونه‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی سۆسیال دیموكراتدا بۆ حوكمإانی، ئه‌وسات ده‌توانرێت سه‌رجه‌م ئه‌ندام‌و ئۆرگانه‌كانی حیزب به‌و ره‌نگدانه‌وه‌‌و به‌رچاویه‌تییه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌‌و به‌رنامه‌كه‌‌و حكومه‌ته‌كه‌ش به‌ موڵكی خۆیانی بزانن‌و كاری بۆ بكه‌ن. 

هه‌شته‌م: هه‌ردوو حیزبه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستان به‌ سه‌دان هه‌زار ئه‌ندام‌و لایه‌نگریان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و زه‌مینه‌ به‌پیته‌یه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانی خه‌ڵكی حیزبیی له‌ كاروباری ئیداریی‌و رێكخراوه‌یی‌و حوكمڕانیدا. ئه‌زموونی به‌عس كه‌ له‌ هه‌موو پۆلی خوێندنگه‌یه‌ك تا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌ته‌كه‌ی، تۆقێنه‌رێكی حیزبی ده‌ستنیشان كردبوو، هۆكارێك بوو بۆ ته‌فروتوناكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و به‌و ئه‌نجامه‌یان گه‌یاند كه‌ هه‌موومان بینیمان، به‌عس بۆ كۆنترۆڵكردن‌و تۆقاندنی خه‌ڵك ئه‌وه‌ی ده‌كردو ته‌نها خۆی تاكه‌ ده‌سه‌ڵات بێت. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی حیزبه‌كانی خۆمان بۆ كۆپیی ئه‌و ئه‌زموونه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟ مه‌به‌ست به‌راوردكردن نییه‌ له‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ زۆر له‌یه‌ك جیاوازه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ به‌ره‌و كوێمان ده‌بات؟
به‌شداریكردنی هاوڵاتییان‌و حیزبییه‌كان له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن‌و تۆكمه‌كردنی هه‌ر پرۆژه‌‌و بۆچوونێكی نوێكردنه‌وه‌‌و چاكسازیی، ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و هاوڵاتیبوونه‌. گوێگرتنی حیزب‌و ده‌سه‌ڵاتداران له‌و بۆچوونانه‌‌و رێگه‌دان به‌ به‌شداریی خه‌ڵك، سه‌ره‌تایه‌كی راست‌و دروسته‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك.

Sbeiy.com © 2007