Print
 
 سه‌راب و زوقم
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Friday, February 20, 2009

هه‌واڵی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی وچوار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌رایه‌كی راگه‌یاندن و وروژاندنێكی سیاسی لێكه‌وته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج راكێشان بو ئه‌و راستیه‌ تفت وتاڵه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌م هه‌رایه‌ وای پیشانده‌دا كه‌ ئه‌م روداوه‌ له‌ هه‌وره‌تریشقه‌یه‌ك ده‌چێت له‌ ئاسمانێكی شینی بێ گه‌ردی هێمندا خۆی نمایش كردبێت وته‌قیوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها بێئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رێزانه‌ خۆیان راسته‌وخۆ له‌ساته‌ گه‌رمه‌كانی روداوه‌كه‌دا ته‌نانه‌ت به‌فه‌رمی یه‌ك وشه‌یان له‌ده‌م ده‌رچێت وته‌نانه‌ت یه‌ك وشه‌ی نامه‌ وداواكاریه‌كانیان ئاشكراكه‌ن. جۆشی خه‌ڵك وبه‌تایبه‌تی جه‌ماوه‌ری رێكخستن بۆ روداوه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی كردبو كه‌ ئه‌وه‌نده‌ تینوی گۆرین وچاكسازین، له‌گه‌ڵ‌ رێزم بۆ نیه‌تی گۆڕان وچاكسازی هه‌ڤاڵان، كه‌ به‌سه‌رابی بیابانیش ته‌مه‌نای شكاندنی تینویه‌تیان ده‌كه‌ن.

ناشێت كوێرانه‌ وبێ ئاگابون له‌ نیه‌ت وناوه‌ڕۆكی هه‌نگاوێكی وا گه‌وره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی راستی بۆبكرێت، لێره‌دا مه‌به‌ستم كه‌مكردنه‌وه‌ نیه‌ له‌ نیه‌ت وداواكاری ئه‌و به‌رێزانه‌ وله‌ كاریگه‌ری ئه‌م جموجۆڵه‌یان، به‌ڵكو ده‌بوا ئه‌و به‌رێزانه‌ به‌لایه‌نی كه‌م پێشوه‌خت به‌ نامه‌یه‌ك سه‌رجه‌م رێكخستنه‌كانیان له‌ هۆكاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان وله‌ داواكاریه‌كانیان ئاگادار بكردایه‌وه‌. ئه‌م كاره‌یان ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدایه‌ پێشێلكردنی پرنسیپه‌كانی رێكخستن نه‌ده‌بو، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر پشتئه‌ستور ده‌بون به‌ پشتیوانی وهاریكاری به‌شێك له‌و رێكخستنه‌ كه‌ ئه‌و پێنج به‌رێزه‌ هه‌مو ته‌مه‌نی خۆیان بۆ ته‌رخان كردبو به‌ خه‌بات وفیداكاری وماڵوێرانی وپێره‌وكردنی پرنسیپێكی دیموكراسیانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌بو به‌وه‌ی به‌رێگه‌ی شه‌فافیه‌تیه‌وه‌ زیاتر ره‌وایی وپشتگیری بۆ داوا ره‌واكانیان دابین ده‌كرد ولوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیش ده‌كه‌وته‌ ژێر فشارێكی خه‌ستتره‌وه‌.

من وه‌ك هه‌زاران كه‌س وچاودێری تر له‌ ده‌ریایه‌كی پر گوماندا شاهیدی ئه‌م روداوه‌بوین وهه‌ین.

بۆچی گومان؟ چونكه‌ ئه‌و به‌رێزانه‌ خۆیان چه‌ندین ساڵه‌ له‌كه‌ش وهه‌وای لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا كارده‌كه‌ن وژیانیان بردۆته‌ سه‌ر كه‌ ته‌نراوه‌ به‌ ناعه‌داله‌تی، گه‌نده‌ڵی، ته‌كه‌تول ناوچه‌گه‌ری وقۆرخ كردنی هه‌رچی به‌ ژیانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ له‌م به‌شه‌ی باشوری كوردستان كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌مویاندا دوچاری ئازار وناڕه‌وایی وسه‌رگه‌ردانی بوه‌.

گومانه‌كه‌م بێ زه‌مینه‌ نیه‌، رابوردوی نزیكی بونیان له‌ نێو سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات وته‌م ولێڵی ئێستای ئه‌م كاره‌یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گومانه‌كانم خه‌ستتر ده‌كه‌نه‌وه‌. من باوه‌ڕم هه‌یه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ره‌تدانه‌وه‌یه‌ك نیه‌ بۆ روداو یا بڕیارێك یا گۆڕانكاریه‌كی كوتوپڕ له‌ ژیانی یه‌كێتی دا. چه‌ندین ساڵه‌ میلله‌ت وخاك زۆر توڕه‌ن، توڕه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵات به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌یان كرد. خۆ ئه‌وان بێئاگا نه‌بون له‌ ئازار وهاواری خه‌ڵك ورێكخستن. ئه‌و هه‌مو ساڵه‌ نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر ده‌نگیان نه‌بیستراوه‌، به‌ڵكو به‌شێك لێیان سودمه‌ندی گه‌وره‌ بون له‌و بارودۆخه‌دا. ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ سیاسه‌تدا دژ به‌ قه‌ناعاتی توندی ناو دڵ‌ وفیكری خۆی كاری كرد ئه‌وا راسته‌وخۆ مۆراڵی سیاسی خۆی له‌ده‌ست داوه‌. بۆیه‌ گومان له‌ مۆڕاڵی سیاسی (نه‌ك تاكی كه‌سایه‌تیه‌كان) ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌جێی خوَیدایه‌. 

چه‌ندین پرسیاری ره‌وا ده‌كرێت ئاڕاسته‌ی ئه‌و به‌رێزانه‌ بكرێن. ئومێده‌وارم ئه‌وان وه‌لاَمه‌كانیان ئاڕاسته‌ی میلله‌ته‌كه‌مان وجه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بكه‌ن.

یه‌كه‌م: ئه‌و هۆكاره‌ چی بو كه‌ وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌و "شعره‌ معاویه‌"ی نێوان ئێوه‌ ولوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ناو یه‌كێتی دا بقرتێنن؟ ئه‌گه‌ر قرتابێت؟. به‌پیچَه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت بۆ خه‌ڵكی رونی كه‌نه‌وه‌ به‌ ته‌مای چین وئومێدتان به‌چی ماوه‌؟.

ئه‌مه‌ به‌قسه‌ی سواو وبێ ناوه‌ڕۆك نابێت، خه‌ڵكی هه‌زاران جار گوێیان له‌و جۆره‌ قه‌وانه‌ بوه‌، چاویان ته‌می ماندویه‌تی شه‌ته‌كی كردوه‌ به‌ سه‌دان له‌و جۆره‌ پڕۆژانه‌ی سه‌ر كاغه‌ز. باشترین شت له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن ویه‌كه‌م كه‌سیش له‌ خۆتان وده‌وروبه‌ر وخزمو ودۆسته‌كانتانه‌وه‌. نیه‌ت پێوه‌ر ودیاریكه‌ری هه‌مو كارێكه‌، فه‌رمون ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بده‌ن نه‌ك هه‌ر رێكخستن میلله‌تیش تا ماوه‌ به‌زێر ئه‌م كاره‌تان بۆ جیله‌كانی ئاینده‌ ده‌نوسێته‌وه‌.  

دوه‌م: هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنی ساته‌كه‌ چیبو؟ به‌ واتایه‌كی تر ئه‌و دڵوپه‌ چیبو كه‌ چی زیاتر له‌ جامه‌كه‌دا شوێنی نه‌ده‌بوه‌وه‌ وده‌بوا هه‌ر برژێت؟.

بۆ رۆشنایی زیاتر هه‌ڵبژاردنی تازه‌مان له‌به‌رده‌مدایه‌ وده‌نگۆكه‌ی لیستی سه‌ربه‌خۆ گه‌رمه‌ وناره‌زایی وتوره‌یی میلله‌ت وخاك له‌ لوتكه‌دایه‌ وخه‌ڵًكی چاوه‌روانی جۆرێك له‌ وه‌رچه‌رخاندن وگۆڕان ده‌كات له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا. ئه‌گه‌ر كار وهه‌وڵی به‌رێزان ئه‌مه‌ بێت كه‌ ئێستا به‌ر چاو وگوێمان ده‌كه‌وێت، ئه‌وا من گومانم هه‌یه‌ كه‌ ئامانجێكی سه‌ره‌كی ئه‌م كاره‌ هه‌ڵلوشینی توره‌یی رێكخستن وخه‌ڵك بو بۆ له‌باربردنی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی خه‌ڵك خوازیارین. ئه‌گه‌ر وا ده‌رچو (هیچ كه‌سێكی دڵسۆز ئه‌وه‌ ناخوازێت) ئه‌وه‌ی كرا پینه‌وپه‌رۆی پینه‌و په‌رۆكانی تر ده‌بێت.

سێیه‌م: ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌سه‌ر باڵی ریفۆرمخوازانی ناو یه‌كێتی ئه‌ژمێردرێن وله‌م كاره‌دا به‌شدارن، ئایا ئێستا به‌ئاگابونه‌توه‌ له‌و بارودۆخه‌؟ كاتێك پرۆسه‌ی ریفۆرم ده‌كرێت به‌ بزمارێك له‌ ره‌وره‌وه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی ئه‌وا هه‌ڵسورێنه‌رانی پرۆسه‌كه‌ ناوه‌ڕۆكی پرۆسه‌كه‌ پوچه‌ڵ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ وخۆیان له‌ میلله‌ت وزه‌مینه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆیان داده‌برێنن ونامۆ ده‌كه‌ن.

چواره‌م: لام وایه‌ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ هه‌مو پرسیاره‌كان قورستره‌، ئه‌ویش ئایا به‌رێزان باوه‌ڕیان به‌وه‌ ماوه‌ كه‌ له‌سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای یه‌كێتی یدا چاكسازی ونوێكردنه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. كاتێك خۆیان به‌شیكی كاریگه‌ر بون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ وخۆشیان بوێت یا تاڵ‌ به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و دۆخه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانیشدایه‌و وته‌ناته‌ت هه‌ندێكیش به‌شداری خه‌ڵقاندنی ئه‌و دۆخه‌ی كردوه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی میلله‌ت توڕه‌یه‌، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش چاوی كراوه‌ته‌وه‌ وبه‌ ئاگایه‌. زه‌مانی ئه‌وه‌ به‌سه‌رچوه‌ به‌ قسه‌ی سوز و وروژاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی بكرێنه‌ سوته‌مه‌نی گه‌مه‌ سیاسبه‌كان.
تا ئه‌م ساته‌ ئه‌وه‌ی كراوه‌ زوقمێكه‌ كه‌ وه‌ك به‌فریكی سپی بێگه‌رد خۆی نمایش ده‌كات وله‌ سه‌رابێكیش كه‌ هیوای خه‌یاڵاوی به‌ ریبَوارێكی ماندو بۆ شكاندنی تتینویه‌تی ده‌به‌خشیت. له‌نێو گومان وباوه‌ردا ته‌نانه‌ت كاروكرده‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت. خه‌ڵكی ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ده‌كرێت وبه‌رچاوه‌ وئه‌وه‌ی تر كه‌ له‌مێشك وپشتسه‌رماندایه‌ له‌و كاته‌دا بونی نیه‌.

Sbeiy.com © 2007