Print
 
 گه‌نج و هه‌ڵبژاردن...
نوسه‌ر:  رۆڤان سه‌روه‌ت
Monday, March 23, 2009

هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كی‌ دیمكوراسیه‌ كه‌ هه‌مو تاكێك به‌شدارده‌كا له‌ دیاری‌ كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌، بۆ سه‌روكی‌ ولاَت یان بۆ په‌رله‌مان یان ده‌نگدان بۆ ده‌ستور یان بۆ هه‌لِبَژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانی‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان بێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ژیانی‌ هاولاَتی‌ و خه‌ڵكه‌وه‌.

له‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌ كه‌ له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ به‌هاری‌ 1991ه‌وه‌ فێری‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بوین. له‌ ساڵی‌ 1992 هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كه‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجام درا و دواتر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ لێهاته‌ به‌رهه‌م. هه‌رچۆنێك بوبیێت بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نمونه‌یه‌كی‌ تازه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و دیموكراتی‌ بو. له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادیی‌ عێراق و روخاندنی‌ رژێمه‌ ره‌فتار فاشیه‌كه‌ی‌ به‌عس، سێ‌ جار پرۆسه‌ی‌ هه‌لِبَژاردن له‌ عێراق و كوردستان ئه‌نجام دراوه‌، بۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق و كوردستان و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، له‌ 31/1 ی‌ ئه‌مساڵیش هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ عێراق به‌ڕیوه‌چو جگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و كه‌ركوك، له‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك بۆ گه‌لی‌ عێراق تازه‌بو. ده‌یان هێز و كوتله‌ی‌ سیاسی‌ ململانیان ده‌كرد.

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا باسی‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ و سه‌رجه‌م توێژه‌كانه‌. هه‌ڵبژرادنی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان و دروستبونی‌ لیستی‌ جیاوازه‌ كه‌ بڕِیاره‌ له‌ ئه‌مساڵدا بكرێت. به‌لاَم تاكو ئێستا رێك نه‌كه‌وتون له‌سه‌ر چی‌ شێوه‌یه‌ك بكرێت. و كه‌ی‌ بكرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ زیاتر بوه‌ته‌ جێگه‌ی‌ دڵخۆشی‌ خه‌ڵك به‌ تایبه‌تی‌ توێژی‌ گه‌نجان، كه‌ توێژێكی‌ خۆێنده‌واری‌ رۆشن فكری‌ به‌ئاگای‌ نێو كۆمه‌لِگای‌ كوردین، چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م هه‌لِبَژاردنه‌ ته‌كانێكی‌ باش به‌ پڕۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ كوردستان بدات و نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ و توێژی‌ گه‌نجان بێنه‌ پێشه‌وه‌ به‌شدار بن له‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌لاَت و ببن به‌نوێنه‌ری‌ خۆیان له‌ په‌رله‌مان و نه‌ك نوێنه‌ری‌ حیزبه‌كانیان، ببن به‌ نوێنه‌ری‌ گه‌نج، چونكه‌ گه‌نجی‌ ئه‌مڕۆی‌ كورد، مه‌زڵومترین توێژی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردیه‌، نه‌ ده‌سه‌ڵات لای‌ لێده‌كاته‌وه‌ و نه‌حیزبیش، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ی‌ گه‌نج زیره‌كانه‌ و هۆشیرانه‌ نوێنه‌ری‌ خۆمان دیاری بكه‌ین، گه‌نجی‌ ئه‌كادیمی‌ و ته‌كنوَكرات هه‌ڵببژێرین، بیكه‌ین به‌نوێنه‌ری‌ خۆمان، هه‌ر نه‌بێت ئه‌و گه‌نجانه‌ كه‌ هه‌ڵی‌ ده‌بژێرین له‌خه‌م و ئازاره‌كانی‌ ئێمه‌ی‌ گه‌نج ده‌زانێت و ده‌توانین روبه‌ڕویان ببینه‌وه‌. ئازادانه‌و به‌بێ‌ سانسۆر گله‌یی و پێشنیازیان ئاڕاسته‌بكه‌ین.

ده‌بێت هه‌مو تواناكانمان بخه‌ینه‌ گه‌ڕ دڵسۆزانه‌ كار بكه‌ین بۆ سه‌ر خستنی‌ ئه‌و پرۆسه‌ دیموكراسیه‌ كه‌ چاره‌نوسه‌ هه‌مو تاكێكی‌ كوردی‌ پێوه‌ به‌نده‌، لێبڕاوانه‌ كار بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی‌ دوپاتی‌ بكه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ی‌ گه‌نج خه‌ڵكی‌ تێكده‌ر و ئاژاوه‌چی نین... وه‌ك هه‌ندێك تێده‌گه‌ن... ئێمه‌ نه‌وه‌یه‌كین رێزمان بۆ رابردو و خه‌باتی‌ و تێكوشانی‌ سه‌رده‌می‌ شاخ هه‌یه‌... دڵسۆزیمان بۆ ده‌سكه‌وت و سه‌روه‌ره‌ییه‌كانی‌ شار هه‌یه‌... رێزمان هه‌یه‌ بۆ خوێنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م ئازادییه‌یان بۆ ئێمه‌ فه‌راهه‌م كردوه‌، به‌لاَم چاومان له‌ ئاینده‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ش توێژێكی‌ زیندوین له‌ هه‌مو خۆشی‌ و ناخۆشێكان هه‌بوین و زاده‌ی‌ ئه‌م واقیعه‌ین، به‌لاَم بڕِوامان به‌ گۆڕان و نوێبونه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ حیزبه‌كان.. له‌ حكومه‌ت... له‌ پارله‌مان.. بڕوامان به‌شۆڕشی‌ گه‌نج كردنی‌ نوێنه‌ره‌كانمان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان، بڕوامان به‌ دامه‌زراوه‌یی‌ كردن و سیسته‌ماتیك كردنی‌ داوده‌زگاكان هه‌یه‌، ئاواتمان جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزبه‌ له‌ حكومه‌ت، حه‌زمان له‌ ده‌ستێورنه‌دان هه‌یه‌ له‌ دادگا و كاری‌ دادوه‌ری‌، بڕوامان به‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ چیتر نه‌وه‌ستین، خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین، ئازادانه‌ نوێنه‌ره‌ ته‌كنوَكراته‌ گه‌نجه‌كانمان ببینه‌ ناو پارله‌مان و حكومه‌ت.

Sbeiy.com © 2007