Print
 
 باسێك له‌ مێژویه‌كی داپۆشراو
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Thursday, April 2, 2009

مه‌لایی و جه‌لالی له‌ شه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ رێگه‌ی سێیه‌م؟
هه‌ر كه‌سێك تۆزێ شاره‌زای ئه‌لف وبای سیاسه‌تی كوردی بێت له‌ مانا وناوه‌رۆكی ئه‌م دو زاراوه‌یه‌ تێده‌گات. هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م روداوه‌ به‌شێكی گرنگه‌ له‌ مێژوی بزافی كوردایه‌تی له‌ باشوری كوردستان وتا هه‌نوكه‌ش ئاسه‌وار وكاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بابه‌تێكی بڤه‌ بوه‌ بۆ باسكردن وشێكردنه‌وه‌ ولێكۆڵینه‌وه‌. ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ ململانێكان زیندو وتوند بونه‌ته‌وه‌ وگیانیان به‌به‌ردا كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م زاراوانه‌ وه‌ك سوته‌مه‌نی پرۆپاگه‌نده‌و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی باسیان لێكراوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ قۆناغه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ وله‌بڵاوكراوه‌ ناوخۆییه‌ تایبه‌تیه‌كانی هه‌ر دو لادا، وكاتێكیش كه‌ش وهه‌وای ململانیه‌كان هێورتر بۆته‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ خۆڵه‌مێشی به‌سه‌ردا كراوه‌ وباسكردنی له‌ نزیك یا دوره‌وه‌ بڤه‌بوه‌. هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش زیاتر له‌ چل ساڵ‌ له‌ته‌قینه‌وه‌ی روداوه‌كه‌ هێشتا سه‌ركرده‌كانی ئه‌و دو لایه‌نه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتن له‌ باشوری كوردستان.

مه‌به‌ست له‌باسكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ كولانه‌وه‌ی ئه‌و برینه‌ قه‌به‌ وسه‌خته‌ نیه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ته‌واوی به‌ده‌نی كوردایه‌تی شه‌ته‌ك كردبو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك خوێندكارێك وگه‌نجێك تێكه‌ڵاوی سیاسیه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوم وتاراده‌یه‌ك ئاگاداری روداوه‌كان وتێكه‌ڵاویان بوم، بۆیه‌ ئه‌م نوسینه‌ هه‌وڵدانێكه‌ بۆ باسكردنێكی كورتی ئه‌و ساڵانه‌ وهه‌روه‌ها بۆ خۆشكردنی رێگه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ونوسین له‌لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه‌ له‌مه‌ر دیاریكردنی كاریگه‌ری ئه‌و قۆناغه‌ له‌رابوردو وله‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان وئاینده‌شی وهه‌روه‌ها شكاندنی ته‌لیسمی ئه‌و رێگره‌ ده‌رونی وسیاسیانه‌یه‌ له‌به‌رده‌م باسكردنی ئه‌م بابه‌ته‌. بێگومان خه‌ڵكانێكی تر هه‌ن كه‌ له‌ ناوجه‌رگه‌ی روداوه‌كاندا بون وزۆر له‌ من شارازاتر و وردتر ئاگایان له‌ زۆر شتی تر هه‌یه‌. له‌كه‌ش وهه‌وای ئه‌مڕۆدا منیش ئه‌م هه‌وڵه‌ بچوكه‌ ده‌ده‌م بێئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم برینداركردن وناوزراندنی هیچ كه‌س ولایه‌نێك بێت، ولایه‌نی تێكۆشان وقوربانی هه‌ر كه‌سێك له‌ هه‌ر دو لایه‌نی ئه‌و ململانیه‌دا له‌ خه‌باتی ره‌وا وراسته‌قینه‌یدا بۆ كورد به‌رز ده‌نرخێنم ورێزم بۆی هه‌یه‌.

كاتێك بڕیارم دا له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بنوسم، دركیشم به‌و راستیه‌ كردوه‌ كه‌ دوا مێژوی ئه‌م روداوه‌ به‌م نزیكانه‌ ده‌رناكه‌وێت، چونكه‌ مێژوی ئه‌و جۆره‌ دیاردانه‌ بونه‌ته‌ ئه‌سیری هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ روانگای ئایدیۆلۆجیا وپاساوی سیاسی وقه‌ناعه‌تی تایبه‌تی وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌ر لایه‌نێك له‌ ململانێكه‌.

كورته‌یه‌ك له‌ مێژو
ئه‌م دو زاراوه‌ی ناونیشانی نوسینه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دو كه‌سایه‌تی سیاسی ناودار وده‌سه‌ڵاتداری ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشو، ئه‌وانیش خواڵێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا به‌رزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ولایه‌نگرانه‌كانی له‌ لایه‌كه‌وه‌ وخوالێخۆشبو مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سكرتێری گشتی پارتی، وبه‌رێز جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، ولایه‌نگرانه‌كانیان له‌ لایه‌كه‌ی تره‌وه‌. له‌ ئه‌نجامی ململانیه‌ك كه‌ له‌ كۆتایی په‌نجاكان له‌ ناو پارتیدا سه‌ری هه‌ڵدابو په‌یوه‌ندی سه‌رۆكی پارتی وسكرتێره‌كه‌ی، كه‌ پێشتر په‌یوه‌ندیه‌كی توند بو، ته‌م ولێڵی به‌ری گرتبو وله‌ مانگی ئازاری 1964ه‌وه‌ به‌ره‌و خراپ بون وتێكچون چو وسه‌ره‌تای تراجیدیایه‌كی سیاسی بۆ كوردی عێراق وبزوتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كه‌ی بو. پرۆپاگه‌نده‌ وراگه‌یاندنه‌كانی ئه‌و كاتانه‌ی هه‌ر دولا له‌ تۆمه‌تكردن وجنێودان زیاتر به‌ یه‌كتر هیچی تری تێدا به‌دی نه‌ده‌كرا، به‌ڵام له‌ژێر زه‌مینه‌كه‌یدا كۆمه‌ڵێك هۆكاری ناوخۆیی وناوچه‌یی خۆیان حه‌شار دابو. گروپی جه‌لالی دژبون به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ موتڵه‌قه‌كانی سه‌رۆكی پارتی وپشتگوێخستنی مه‌كته‌بی سیاسی وسكرتێره‌كه‌ی وكۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وبه‌ تایبه‌تی ساڤاكی ئێران، ئاگره‌كه‌یان خۆش ده‌كرد، تا وای لێهات له‌ كۆنفرانسی ماوه‌ت له‌ نیسانی 1964 ودواتر كۆنگره‌ی شه‌شی پارتی له‌ مانگی ته‌موزی 1964 له‌ قه‌ڵادزه‌، كار له‌كار ترازا وبه‌شێك له‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ ئێران هه‌ڵهاتن وله‌وێ له‌لایه‌ن ده‌زگای ساڤاكه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌گه‌رمیه‌وه‌ باوه‌شیان بۆكرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی هاندان ویارمه‌تیدانیان تا دژی خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا كاربكه‌ن كه‌ له‌ حكومه‌تی عێراق نزیكبوبوه‌وه‌.

پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ كوردستان، ده‌ستبه‌سه‌ر له‌ شوێنێك دانرابون، هه‌رچه‌نده‌ نه‌رمیه‌كی زۆریان پیشان دا بۆ هێوركردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌، به‌ڵام لایه‌نی مه‌لایی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ وكه‌وته‌ په‌لاماردانیان وهه‌ڕه‌شه‌ كردنیان وته‌نانه‌ت كوشتنیش وئه‌وانیش په‌نایان برده‌ لای حكومه‌تی عێراق ودواتر له‌ به‌شی دوه‌می ساڵی 1966ه‌وه‌ شه‌ڕ وپێكدادانی چه‌كداری نێوانیان ده‌ستی پێكرد وتاوای لێهات به‌شێكی زۆری كوردستانی گرته‌وه‌. بۆ شه‌ڕه‌كان وپه‌نابردنه‌ به‌ر حكومه‌تی عێراق مام جه‌لال رۆڵی زۆر به‌رچاوتری له‌وانی تری گروپه‌كه‌ هه‌بو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان په‌شیمان بونه‌وه‌ وچونه‌وه‌ لای خواڵیخۆشبو مه‌لا مسته‌فا، بۆیه‌ دیارده‌كه‌ زۆرتر له‌زاری میلله‌تدا به‌ناوی جه‌لالی ناسراوه‌. كه‌ به‌ زاره‌وه‌ی هێمنانه‌ی سیاسی به‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی ناوده‌برێن.

شه‌ڕ و پێكدادان
له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان بوبونه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی ورێكخستن وپرۆپاگه‌نده‌ وخۆ ئاماده‌كردنی جه‌لالیه‌كان له‌گه‌ڵ‌ سوپای عێراقیدا بۆ په‌لاماردانی بنكه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌گه‌ ورێكخستنه‌كانی پارتی له‌ شاخ وگوند وشارۆچكه‌كانی كوردستان، كه‌ له‌و كاته‌دا هێزی به‌رگری بون له‌ میلله‌تی كورد ومافه‌كانی. شه‌ڕه‌كان خه‌ست وتوند بون وشان به‌شانی ئه‌مان یه‌كه‌كانی سوپای عێراق وهێزی ئاسمانی وئه‌فسه‌ره‌ پله‌ به‌رزه‌كانی عێراق به‌شداریان تێدا ده‌كردن. باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ ئارشێفه‌كانی ئه‌و كاتانه‌دا ئه‌وه‌مان ده‌ست كه‌وێت كه‌ ئه‌م شه‌ڕانه‌ بونه‌ته‌ مایه‌ی كوشتنی چه‌ند پێشمه‌رگه‌ وهاوڵاتی وبرینداربونیان وله‌ ئه‌نجامدا چه‌ند گوند وماڵ‌ وێران كراون وچه‌ندین هه‌زار كورد توشی ده‌ربه‌ده‌ری وسه‌رگه‌ردانی بون. سه‌ره‌ڕای ئه‌م سه‌رگه‌ردانی وماڵوێرانیه‌ هه‌ر دو لایه‌نه‌ كوردیه‌كه‌ شانازیان به‌سه‌ركه‌وتنه‌كانیه‌وه‌ ده‌كرد له‌سه‌ر حسابی ماڵوێرانی كورد وله‌ سایه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی وسه‌ربازیاندا. ئه‌وه‌ی به‌ یادم دێته‌وه‌ ماڵێكی كورد نه‌بو، پۆلێكی خوێندنگایه‌ك نه‌بو، شوێنێكی كاركردن نه‌بو، دوبه‌ره‌كی له‌ نێوان ئه‌ندامه‌كانیدا ئاوێنه‌ی ئه‌و ململانیه‌ی جه‌لالی ومه‌لاییه‌كان نه‌بێت.

به‌كورتی كورد توشی سه‌رگه‌ردانی وماڵوێرانیه‌كی وا كرابو كه‌ ته‌نها سودمه‌ند دوژمنه‌كانی كورد بون وله‌ سه‌رویانه‌وه‌ رژێمی به‌غدا كه‌ سه‌دام له‌ دوا قۆناغه‌كانی ئه‌و شه‌ڕانه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارێكی گه‌وره‌ بو له‌ به‌غدا وبه‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و باره‌دا ده‌كرد.

جه‌لالی وبۆیاخی ئایدیۆلۆژی
جه‌لالیه‌كان خۆیان به‌ باڵی چه‌پی كوردایه‌تی وناو پارتی ده‌زانی ولایه‌نی مه‌لاییان به‌ كۆنه‌په‌رست وده‌ره‌به‌گ وبه‌كرێگیراوی ئه‌مه‌ریكا وئێران وئیسرائیل ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م، مه‌لاییه‌كانیش لایه‌نه‌كه‌ی تریان به‌ به‌شێك له‌ رژێمی به‌غدا وجاش وبه‌ به‌ره‌ی دوژمن ده‌خوێنده‌وه‌. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی په‌نابردنی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی بۆلای حكومه‌تی عێراق وهاریكاریكردنیان دژ به‌ پارتی وهێزی پێشمه‌رگه‌ ته‌نها بۆ به‌ربه‌ره‌كانی كردنی مه‌لاییه‌كان بو، كه‌ ئێران یارمه‌تیه‌كانی بۆ زیادكردبون، بێئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق هیچ به‌ڵێنێكی نوسراوی راشكاوی دابێت به‌ جه‌لالیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانی كورد وداخوازیه‌كانی. بێجگه‌ی له‌وه‌ی له‌و كاته‌دا "به‌یانی 29ی حوزه‌یران" كه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌ری كرد پاش رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فادا وباڵی مه‌كته‌بی سیاسی له‌به‌ر ئیعتباراتی ته‌كتیكی ئه‌و به‌یانه‌ی پێ باش بو. جه‌لالیه‌كان له‌مه‌ڕ زۆر خاڵی گرنگ یه‌ك راو یه‌ك ده‌نگ نه‌بون وئه‌وانیش بۆچونی زۆر توندڕه‌وه‌ ونه‌رمیان تێدابو. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سیری هه‌مویان به‌و هه‌وڵه‌ سه‌قه‌ت وكاره‌ ناڕه‌وایانه‌وه‌ به‌سترابو بۆیه‌ ناكۆكیه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كانی خۆیان نه‌بو.

به‌پێی پێوه‌ره‌كانی داڕشتنی ستراتیجیه‌تی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وبه‌ كاریگه‌ری بیروڕا چه‌په‌كان له‌ ماركسیزم ولینینزم وته‌نانه‌ت ماویه‌تیش هه‌ڵمه‌تی جه‌لالی ره‌وایی به‌ شه‌ڕه‌كه‌ی دژ به‌ مه‌لاییه‌كان ده‌دا وپاساوی ئایدیۆلۆژی بۆ هه‌مو جۆره‌ هاوكاری وبه‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنێكی له‌گه‌ڵ‌ رژێمی به‌غدا ده‌هێنایه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌ڵمه‌تی جه‌لالی هه‌وڵی ده‌دا پێستێكی ته‌نكی ئایدیۆلۆجیه‌ت به‌به‌ر خۆدا بكات وبتوانێت له‌ناو گه‌نج وخوێندكاری كورد وبزوتنه‌وه‌كانی رزگاریخوازی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بی ویه‌مه‌ن وئێران تا فه‌له‌ستین هاوپه‌یمانیه‌تی ویارمه‌تی بدۆزێته‌وه‌ وبه‌مه‌ش شۆڤینزمی عه‌ره‌بی كه‌ حیزبی به‌عس وسه‌دام لوتكه‌ هه‌ره‌ تونده‌كه‌ی بون له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی جه‌لالی دڵنیابكات كه‌ دژ به‌ ئێران وئه‌مه‌ریكا وئیسرائیل له‌رێگه‌ی شه‌ركردنی "بنكه‌یه‌ك وبه‌كرێگیراوێكی" ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ناو شۆڕشی كورد كارده‌كات. له‌لایه‌كه‌ی تریشه‌وه‌ مه‌لاییه‌كان به‌ ناوی به‌رگری له‌ مافه‌كانی كورد وبه‌ به‌ ئیستیسماركردنی مێژوی سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه‌ ره‌واییان به‌ هاوپه‌یمانیه‌ته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان و ستراتیجیه‌ سیاسیه‌كه‌یان ده‌دا كه‌ دوارۆژی شورش وبزوتنه‌وه‌ی كوردیان به‌ستبوه‌وه‌ به‌ ئێران ولایه‌نه‌ كۆنه‌په‌رست ودواكه‌وتوه‌كان به‌ حسابه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌.

رێككه‌وتنامه‌ی (به‌یانی) 11 ئازار
ئه‌نجام وكاریگه‌ری شه‌ڕه‌كان بۆ هیچ لایه‌نێك بریارده‌ر نه‌بو، سه‌دام خه‌ریكی چه‌سپاندن وبه‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بو. نه‌ مه‌لاییه‌كان ونه‌ سه‌دام ونه‌ جه‌لالیه‌كان گه‌یشتنه‌ ئامانجێك به‌ هه‌ند بگیرێت، سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی رێككه‌وتنی 11 ئازاری 1970 بو نێوان سه‌دام وخواڵخۆشبو مه‌لا مسته‌فا. بۆ یه‌كه‌م جار شۆڕشی كورد توانی به‌ دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی دڕنده‌ ملكه‌چ بكات و وای لێبكات دان به‌ مافی ئۆتۆنۆمیدا بنێت.

تێكه‌ڵاوكردنه‌وه‌
به‌م رێككه‌وتنه‌ جه‌لالیه‌كان توشی شكستیه‌كی زۆر گه‌وره‌ بون وله‌ ئه‌نجامی كۆنگره‌یه‌كدا كه‌ زۆر به‌ په‌له‌ سازیان دا ناوی خۆیان گۆڕی وزۆربه‌شیان بڕیاریان دا له‌گه‌ڵ‌ پارتیدا تێكه‌ڵاو بنه‌وه‌. سه‌رانی حیزبی شۆڕشگێڕی كوردستان، ناوی تازه‌ی هه‌ڵمه‌تی جه‌لالی، سه‌ردانی خواڵێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا یان كرد وبڕیاردرا كه‌ ئه‌و لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌ له‌ مێژوی كورد دا هه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌ وبه‌م جۆره‌ش باڵی مه‌كته‌بی سیاسبی له‌گه‌ڵ‌ رێكخستنه‌كانی پارتی به‌ رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانیشیانه‌وه‌ تێكه‌ڵاوی یه‌كتر كرانه‌وه‌.

له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ سیاسیه‌ زیره‌كه‌كانی جه‌لالی بوبێت له‌و قۆناغه‌ی مێژودا وبه‌م شێوه‌یه‌ش كادره‌ دڵسۆز وكارامه‌كانی زۆر به‌ گورج وگۆڵی ودڵسۆزیه‌وه‌ هاتنه‌ ناو گۆڕه‌پانی كاركردنی سیاسی وجه‌ماوه‌ری له‌ ژێر سیبه‌ری به‌یانی 11 ی ئازاردا ومیلله‌تیش به‌ گه‌رمیه‌وه‌ پێشوازی له‌م هه‌نگاوه‌ كرد. سه‌رانی جه‌لالی تێگه‌یشتن كه‌ توشی دۆڕانێكی زۆر گه‌وره‌ بون وبۆ رزگاركردنی ئه‌وه‌ی رزگار ده‌كرێت پێویسته‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بێنه‌وه‌ ژێر چه‌تر وره‌حمه‌تی سه‌ركرده‌ی كورد مه‌لا مسته‌فا وپارتیه‌وه‌. زۆربه‌ی سه‌رانی جه‌لالیه‌كان په‌رش وبڵاو بونه‌وه‌، به‌شێكی كه‌م لێیان بونه‌ پیاوی به‌عس وده‌زگا ئه‌منی وئیستخباراته‌كانی، هه‌ندێكیان له‌ نزیك باره‌گاكانی پاراستن وپارتی له‌ ناوچه‌كانی چۆمان وگه‌ڵاله‌ وحاجی هۆمه‌ران گیرسانه‌وه‌ وژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م لێیان به‌ مام جه‌لالیشه‌وه‌ رویان له‌ هه‌نده‌ران كرد وخه‌ریكی هه‌ندێك جموجۆڵی چاودێركراو بن.

سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵه‌
له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نی به‌یانی ئازار به‌شێكی زۆری كادره‌ لێهاتوه‌كانی باڵی جه‌لالی به‌ هێمنی وله‌سه‌رخۆ كاری ده‌كرد بۆ خۆئاماده‌كرن وسازكردنی بناغه‌ی رێكخستنێكی نوێ كه‌ له‌ ساڵانی 1972ه‌وه‌ به‌ گورجوگۆڵی ده‌ستی پێكرد وئه‌وه‌ش بوه‌ نه‌واتی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسیزمی لینینزمی كوردستان. هه‌رچه‌نده‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی وسه‌رانی پارتی به‌ ئاگا بون له‌م جۆره‌ جموجۆڵانه‌ وبه‌ خه‌ستیه‌وه‌ ده‌زگای پاراستن ورێكخسته‌كانی پارتییان خستبوه‌ گه‌ڕ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ جموجۆڵانه‌ وكادره‌ كارامه‌كانی ئه‌م ره‌وته‌ نوێیه‌ كه‌ به‌كاربون له‌ رێكخراوه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان ویه‌كێتیی لاوان ومامۆستایانی كوردستان وته‌نانه‌ت له‌ناو رێكخراوه‌كانی پارتیشدا به‌خه‌ستی خستبوه‌ ژێر فشاره‌وه‌. لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی ئه‌وه‌نده‌ لای گرنگ نه‌بو كه‌ ئه‌م ره‌وته‌ نوێیه‌ چ ره‌نگ وئایدۆلۆجیه‌تێك ده‌گرێته‌ به‌ر به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێك بن له‌ شۆڕشی كورد وسه‌ركردایه‌تی خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا په‌سند بكه‌ن. به‌نده‌تان له‌و ساڵانه‌دا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامی پارتی بوم وئه‌ندامی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانی سه‌ر به‌ پارتی بوم، به‌ڵام په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ وباشم هه‌بو له‌گه‌ڵ‌ سه‌رانی ئه‌و جموجۆڵه‌، له‌ شه‌هید شێخ شه‌هاب، شه‌هید ئارام، سالار عه‌زیز، خواڵێخۆشبو شێخ دارۆ وهه‌ندێك له‌ هه‌ڤاڵانی تر وئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی بو كه‌ له‌لایه‌ن هه‌وادارانی ده‌زگای پاراستنه‌وه‌ خرابوینه‌ ژێر چاودێریه‌كی تونده‌وه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م ره‌وته‌ نوێیه‌دا پاشماوه‌ی جه‌لالی گۆڕانكاریه‌كی بنه‌ڕه‌تی به‌خۆیه‌و بینی. گۆڕانكاریه‌ك كه‌ تا ئه‌مڕۆش ئاسه‌وارێكی ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بزاڤی كوردایه‌تی هه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌كی زۆر ورد هه‌یه‌.

به‌شێكی به‌رچاوی كادره‌ پێشكه‌وتو ومامناوه‌ندیه‌كانی ئه‌و ره‌وته‌ به‌ قه‌ناعه‌تێكی ته‌واوه‌وه‌ تێگه‌یشتن كه‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌ڵمه‌ت وبزوتنه‌وه‌ ورێگه‌یه‌كی ئایدیۆلۆجی وسیاسی جیاواز له‌ رێبازی پارتی بگرنه‌به‌ر ده‌بێت ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌رگریكردن بێت له‌ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌ی میلله‌ته‌كه‌یان، میلله‌ت ئه‌و كاتانه‌ ئه‌وه‌ی له‌ شاخ بو وشه‌ڕی رژێمی ده‌كرد لا پیرۆز بو، ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆكی تێگه‌یشتنی بزافی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بو كه‌ خۆی ده‌بینیه‌وه‌ له‌ دروشمه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كوردستان یا نه‌مان. ئه‌وه‌ی نه‌یان توانی له‌ نێوان خۆیاندا ساغی كه‌نه‌وه‌ جۆری به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ بو به‌ عێراق وبزوتنه‌وه‌ هاوبیر وره‌نگه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ تایبه‌تی چه‌پڕه‌وه‌كانی عێراق وئێرانی وفه‌له‌ستینی وهه‌ندێك شوێنی وڵاتانی عه‌ره‌بی. ئه‌م تێكه‌ڵاوی ولێڵه‌ ویه‌كلا نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ له‌ رۆژه‌كانی دواتری خه‌باتدا نرخێكی زۆری هه‌بو.

رێگه‌ی سێیه‌م
به‌شێك له‌ كادره‌ دڵسۆز وله‌ خۆبردوه‌كانی جه‌لالی هیمه‌ت وهه‌وڵێكی زۆریان دا كه‌ ئه‌و لاپه‌ڕه‌ ره‌شانه‌ی مێژوی كاركردنیان له‌ شه‌ڕ وململانی سیاسی وچه‌كداری ناوخۆی كورد بۆ ده‌سه‌ڵات وبۆیاخكراو به‌ ئایدۆلۆجیه‌تی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وپشت ئه‌ستور به‌ (توندڕه‌وه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بی) بگۆڕن به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ك به‌ ناوه‌ڕۆك نه‌ته‌وایه‌تی چه‌پڕه‌و وپشت ئه‌ستور به‌ چینه‌ چه‌وساوه‌ وهه‌ژاره‌كانی میلله‌ت وبه‌شێكی زیندو بن له‌شۆڕشی كورد وده‌ستی دۆستایه‌تی وهاریكاری بۆ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و شۆڕشه‌ درێژكه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ بناغه‌ی رێگه‌ی سێیه‌میان له‌ بزافی كوردایه‌تیدا داڕشت. رێگه‌ی له‌ فڵته‌ردانی پاشماوه‌ی جه‌لالی به‌مه‌به‌ستی سازدانی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك كه‌ به‌ته‌واوی خۆیان له‌و مێژوه‌ بته‌كه‌نێنن ونه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری كاراكتاره‌كانی سه‌رده‌می جه‌لالیه‌ت وله‌ لایه‌كی تره‌وه‌ پشتیوانی شۆڕشی كورد به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ‌ پاراستنی بۆچون وره‌خنه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی خۆیان.

كاركردنی هێمن ودۆستانه‌ سیماكانی كادره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ت ورێگه‌ نوێیه‌ بون وده‌زگاكانی پارتیش لێیان به‌ئاگا بون. پارتی بێ ئومێد بو به‌ به‌ڵینه‌كانی رژێمی به‌عس وسه‌دام وبه‌ تایبه‌تی له‌و كاتانه‌شدا هاوپه‌یمانه‌ كلاسیكیه‌ بێ ئامانه‌كانی پارتی وه‌ك حیزبی شیوعی عێراقی شوڵی دۆستایه‌تی وخزمه‌تكردنی به‌عسیان لێهه‌ڵكێشابو وئه‌و رێككه‌وتن وپه‌یمانانه‌ی نێوان سه‌دام ویه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان كردبو به‌ قورئان وقیبله‌ی سیاسه‌ته‌ چه‌وت وزۆر زه‌ره‌رمه‌نده‌كانیان. بۆیه‌ لای پارتی گرنگ بو زۆربه‌ی زۆری میلله‌ت ئاماده‌ بكات بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی دواتر وله‌م روانگایه‌وه‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وته‌ نوێیه‌ش ده‌كرد ولاشیان گرنگ بو كه‌ ئه‌م ده‌سته‌ نوێیه‌ نه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری راسته‌وخۆی مام جه‌لاله‌وه‌ ولایان مه‌به‌ست بو ناكۆكیه‌ كۆن وتازه‌كانی نێو جه‌لالیه‌كان به‌ قازانجی خۆیان بشكێننه‌وه‌.

سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتنخواز وتا راده‌یه‌ك كراوه‌ له‌ نێۆ گه‌نج وخوێندكاری كورد به‌رهه‌مێكی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی ناو هه‌ڵمه‌تی هه‌ندێك له‌ كادره‌ كۆنه‌كانی جه‌لالی بو، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌یه‌ك بو بێ سه‌ركردایه‌تیه‌كی رون وله‌به‌ر چاو وئه‌وه‌ی هه‌شی بو پارچه‌ پارچه‌ بو، ئه‌وانه‌ی له‌پشت په‌رده‌ی ئه‌م روداوانه‌دا بون ته‌ماعی دورتریان له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌بو كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ تازه‌یه‌وه‌ نه‌بو.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ نێوان شۆڕشی كورد ورژێمی سه‌دام هۆكارێكی گرنگ بو بۆ گوڕانكاریه‌كی تری به‌رچاو له‌ نێو كادر وتێكۆشه‌ره‌كانی ره‌وتی نوێ. به‌شداری دڵسۆزانه‌ وبه‌رچاویان له‌ سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی شۆڕش له‌ ناوچه‌ ئازاد كراوه‌كان (بۆ نمونه‌ شه‌هید ئارام له‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی داد له‌ ناوچه‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌رپرسی هه‌مو ئیداره‌ ودارایی ئه‌و ئه‌مینداریه‌ بو، هه‌روه‌ها شه‌هید شه‌هاب لێپرسراویه‌تی گه‌وره‌ی له‌ به‌شی فرۆشگای شۆڕش هه‌بو، كادره‌ پێشكه‌وتوه‌كانی تر خوالێخۆشبو دارا شێخ نوری، عبدالرزاق فه‌یلی، سالار عه‌زیز، شه‌هید جبار حاجی ره‌شید، شه‌هید مامۆستا عه‌زیز مه‌حمود له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، شه‌هید شازاد سایب له‌ناو شاری سلێمانی، وده‌یان كادری تریش لێپرسراویه‌تی جیا جیایان هه‌بو. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌واته‌ سه‌ره‌كی وسه‌ره‌تاییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌م كادرانه‌ پێكهاتبو، هه‌ڵس وكه‌وت ودڵسۆزیان له‌ناو ده‌زگاكانی شۆڕش كه‌ له‌لایه‌ن كوڕه‌كانی خواڵخۆشبو مه‌لا مسته‌فا (باره‌گای بارزانی)، ده‌زگای پاراستن ولێپرسراوه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بران، ئیشاره‌تێك بو له‌ناو خه‌ڵكدا زۆر به‌ گه‌رمی وئیجابیه‌وه‌ سه‌یری ده‌كرا وهه‌ڵده‌سه‌نگێنرا. تا وای لێهاتبو ناو وناتۆره‌كانی زه‌مانی جه‌لالییان زۆر پێوه‌ كاَلبوبوه‌وه‌. ته‌نانه‌ت چه‌ند مانگێك پیش هه‌ره‌سی 1975 وله‌ كاتێكدا شه‌ڕه‌كان له‌گه‌ڵ‌ سوپای عێراقدا زۆر توند وخه‌ست بون باره‌گای بارزانی په‌نای برد بۆ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ وكادره‌كانی پێشمه‌رگه‌یان، وه‌كو شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری كه‌ بێ ئیش له‌ گه‌ڵاله‌ دانیشتبو.

بێگومان كۆنه‌ كادر وپێشمه‌رگه‌كانی ره‌وتی نوێ وه‌ك ئه‌وانی تر چه‌ندین شه‌هید وبرینداریان داوه‌ وزۆر به‌ دڵسۆزیه‌وه‌ باوه‌ڕیان به‌و خه‌باته‌ هه‌بو كه‌ له‌ پێناویدا شه‌هیدكران، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ناخی دڵیان وه‌ك سه‌دان هه‌زاری كوردی تر تێبینی وبۆچونی خۆیان له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی پارتی وشۆڕش هه‌یو، به‌ڵام ره‌وایه‌تی مه‌سه‌له‌ی میلله‌ته‌كه‌یان به‌سه‌ر هه‌مو شته‌كانی تردا زاڵ‌ بوبو. ئه‌م گۆڕانكاریه‌ جه‌وهه‌ریه‌ بوه‌ بناغه‌یه‌كی توند بۆ زۆر له‌ گۆڕانكاریه‌كانی دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلول. خونچه‌كانی ریگه‌ی سێیه‌م له‌م گۆڕانكاری وبۆچونانه‌وه‌ تاده‌هات چه‌كه‌ره‌یان ده‌كرد.

هه‌ره‌س
له‌ دوا رۆژه‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌دا، رێككه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر ئیمزا كرابو، سه‌رانی پارتی بانگه‌وازی نسكۆیان راگه‌یاندبو، زۆربه‌ی زۆری سه‌ركردایه‌تی پارتی هێز وتوانای تێدا نه‌مابو ونه‌یان ده‌زانی چی بكه‌ن وچی بڕیار بده‌ن، پۆل پۆل پێشمه‌رگه‌ وكادره‌كان وخه‌ڵكی تر كه‌ به‌ سه‌دان هه‌زار بون له‌ كامپه‌كانی ئێران وناوچه‌ ئازاده‌كان به‌ كزی وماته‌میه‌وه‌ وبێ هیوا وروناكی رویان له‌ شاره‌كانی كوردستان ده‌كرده‌وه‌. به‌ درێژایی رێگای هاملتۆن له‌ حاجی هۆمه‌رانه‌وه‌ تا خواروی چۆمان به‌ پاكه‌تێ جگه‌ره‌ی ماركه‌ی عێراقی كلاشینكۆفێكت ده‌كڕی، ئا له‌و كه‌ش وهه‌وایه‌دا، شه‌وێك له‌ ماڵی شه‌هید ئارام وخواڵێخۆشبو كاك دارۆ كه‌ به‌ ته‌نیشت باره‌گای یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ بو له‌ ده‌ره‌به‌ندی رایات، له‌ دانیشتنێكدا، ئاماده‌بوان بێجگه‌ له‌و دو خوالێخۆشبوه‌، شه‌هید مامۆستا عه‌زیز، شه‌هید خاڵه‌ شه‌هاب، كاك سالار وخێزانی شه‌هید ئارام وبه‌نده‌تان. شه‌هید شه‌هاب راوبۆچونی خۆی باس كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاوێكی خاوه‌ن ئه‌زمون وقوڵایی بیركردنه‌وه‌ی واقیعیانه‌ بو وشاره‌زایی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ بو، پێی باشبو كه‌ خۆی بچێته‌ لای خواڵێخۆشبو كاك ئیدریس بارزانی وبڕیاری به‌رده‌وامی به‌رگریه‌كی بچوك دژ به‌ سه‌دامی پێ بڵێت. لای وابو كه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی رۆڵی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ و بونی یه‌كێك له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رگریه‌كی بچوك كه‌ له‌ ناوچه‌ی ماوه‌ت وچوارتای سلێمانی ئه‌و دڵسۆزانه‌ كاریان بۆ كردبو ته‌وژم وهێزێك به‌ شۆڕشی نوێ ده‌دات. لاموایه‌ هه‌مان شه‌و بو چوه‌ باره‌گای بارزانی وچاوی به‌ به‌رێز كاك ئیدریس كه‌وتبو وپه‌یامه‌كه‌ی پێ راگه‌یاندبو، ئه‌ویش به‌ شه‌هید شه‌هابی وتبو ئێمه‌ رێگر نابین له‌هه‌ر كه‌سێك به‌رگری بكات، به‌ڵام ئێمه‌ به‌شداری ناكه‌ین.

دڵسۆزی ودوربینی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ له‌ روانگای پاكی كوردایه‌تیه‌وه‌ بو وبه‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یان ده‌ویست به‌ مێژوی كاری سیاسی ورێكخراوه‌یی زه‌مانی جه‌لاله‌تیان ببه‌سترێنه‌وه‌ وئه‌و قۆناغه‌ی مێژوی سیاسیان به‌توندی له‌ خۆیان ته‌كاندبو. ئه‌و كادر وتێكۆشه‌رانه‌ به‌ رۆژ به‌ درێژایی ئه‌و هێڵه‌ی هاملتۆن كه‌ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ كۆنترۆڵ‌ نه‌كرابو چه‌كیان به‌ پاره‌ وپاكه‌ته‌ جگه‌ره‌ ده‌كڕی وبه‌ سه‌دان چه‌كیان ده‌شارده‌وه‌، ده‌یان وت به‌م زوانه‌ پێویستمان پێیان ده‌بێت. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی پراكتیكی شۆڕشێكی نوێ بو كه‌ دواتر له‌ دایك بو.

له‌و رۆژه‌ ره‌ش وسه‌ختانه‌دا له‌ مێژوی میلله‌ته‌كه‌م وپاش ئه‌و ساڵانه‌ ئه‌وه‌م دی وبینیم وگوێم لێبو وله‌وه‌ی باسم لێكرد، هه‌رچه‌نده‌ من پارتی بوم وكادرێك بوم له‌ یه‌كێتیی قوتابیانی سه‌ر به‌ پارتی، به‌ڵام قه‌ناعه‌تێكیم لا دروست بو كه‌ تا ئه‌م ساته‌ش هه‌ر هه‌مان تین وهێزی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌مانه‌ كوردی دڵسۆزن بۆ گه‌له‌كه‌یان، به‌ڵام بونه‌ته‌ قوربانی گه‌مه‌ی سه‌ركرده‌كان وكاتێك هه‌ستیان به‌و گه‌مه‌یه‌ كرد كاریان بۆ راستكردنه‌وه‌ی كرد، دواتریش هه‌وڵیان دا ئه‌م راستیه‌ بچه‌سپێنن وئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت پێویستی به‌و راستكردنه‌وه‌ وچه‌سپاندنه‌ بۆته‌ ئه‌ركێكی قورسی مێژویی كه‌ به‌رهه‌می زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ی خه‌باتی میلله‌تێكی ماندوی پێوه‌ به‌ستراوه‌.

Sbeiy.com © 2007