Print
 
  دوای بێ ئه‌نجامیی هه‌وڵه‌ سیاسییه‌کان ئیمزا بۆ کوردستانی که‌رکوک کۆده‌کرێته‌وه‌!
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, April 11, 2009

دوای 10-4-2003 حکومه‌تی نوێی عێراق دروست بو، تێیدا کورد رۆڵی گرنگی بینی. کورد چاوه‌ڕوانی ده‌کرد له‌م حکومه‌ته‌ هه‌مو بڕیاره‌کانی به‌عس ده‌رباره‌ی کورد زۆر به‌ ئاسانی و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا بوچه‌ڵ بکاته‌وه‌، له‌ جێیاندا بڕیار و یاسای تازه‌ ده‌ربچێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی تر بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان گه‌وره‌ترین و دیارترین داوای نه‌ته‌وه‌یی کورد بون. له‌ جیاتی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ئه‌م داواو مافه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌ دوتوێی ماده‌ی 58 و پاشان 140  خرایه‌ به‌ر چه‌قۆی تیژی راپرسییه‌وه‌. دواتر و تا ئێستاش له‌م باره‌وه‌ ده‌ستی ده‌ستی به‌ کورد ده‌کرێت. نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا و له‌ کوردستان ناو به‌ناو له‌ کۆبونه‌وه‌ و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌وروژێنن و کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن.

ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌‌ له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌بینرێت زیاتر ئاڵۆزبونی کێشه‌که‌یه‌، هه‌ر جاره‌ی کۆسپێکی نوی دێته‌ رێگه‌ی. له‌ دوای 31-12-2007 ( دوا واده‌ی ماده‌ی 140 ) ، ماده‌ی 24 هێندرایه‌ کایه‌وه‌. پاشان 24 گۆڕا به‌ ماده‌ی 23،  لیژنه‌ی ئه‌م ماده‌یه‌ش تا ئێستا نه‌ گه‌یشتون به‌ هیج ئه‌نجامێک، ئه‌م لیژنه‌یه‌ش ته‌نها ده‌یانه‌وێ کات به‌سه‌ر به‌رن نه‌ک کاره‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن.

 لستی برایه‌تی که‌رکوکیش له‌ کۆبونه‌وه‌ی‌ 2-12-2007  ته‌نها بۆ رازیبون و گه‌ڕانه‌وه‌ی لستی عه‌ره‌بی بۆ ناو کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌ن چه‌ندین به‌ڵێنی ئیمزا کراوی پێیان دا، له‌ وانه‌ رێژه‌ی 32 به‌ 32 و لابردنی ( رفع التجاوزات)  دیارده‌ی زیاده‌ڕۆیی ( بۆ زیاتر زانیاری، بڕوانه‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک 2-12-2007 ).
 
به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌کان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن تا ئێره‌ و تا ئێستا  سه‌رکردایه‌تی سیاسی نه‌یتوانیوه‌ له‌ روی سایسی و یاسایی و ده‌ستورییه‌وه‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکات و یه‌کلایی بکاته‌وه‌، یا هیچ نه‌بێت به‌رچاو رونییه‌ک بدات به‌ خه‌ڵکی کوردستان. بۆیه‌ هه‌ندێ جار و له‌ کاتی به بنبه‌ست گه‌یشتنی کێشه‌که‌، له‌ دوا ساته‌کاندا ئاوڕ له‌ خه‌ڵکی که‌رکوک ده‌درێته‌وه، ئه‌رکیکی پێده‌سپێردرێ: رێپێوان، ده‌نگدان، ئیمزاکۆکردنه‌وه‌... تاد. به‌ڵێ و ئاماده‌یی خه‌ڵکیش له‌ دڵسۆزی و به‌رزی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و ناچارییه‌ نه‌ک له‌ هه‌ست نه‌کردن به‌ ناڕاستگۆیی به‌ ڵێنه‌کان.‌

له‌ سایتی که‌رکوک سێنته‌ر، هه‌واڵی ده‌ست به‌کاربون به‌ هه‌ڵمه‌تی ئیمزا کۆکردنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی کوردستانیه‌تی که‌رکوک له‌ لایه‌ن هه‌ندێ رێکخراوی پیشه‌یی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه‌وه‌ به‌رچاو که‌وت. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م رێکخراوانه‌ هیچیان سه‌ربه‌خۆ نین و ئه‌م کاره‌یان پێسپێردراوه‌، به‌ڵام کاره‌که‌یان کارێکی باشه‌‌، منیش ئاماده‌ی ئیمزاکردنم، به‌ڵام  ده‌بێت بزانن ئه‌م هه‌نگاوه له‌ کاتێکدایه‌ که:
1-  له‌ روی سیاسیه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی  چاره‌سه‌ری کێشه‌ی که‌رکوکی بۆ نه‌کراوه‌؛
2- ‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان به‌ کێشه‌که وه‌ خه‌ریکن و به‌م نزیکانه‌ پێشنیاری نوێ ده‌رباره‌ی که‌رکوک ده‌رده‌که‌ن، پێده‌چێت ئه‌گه‌ری کردنی که‌رکوک به‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ لای یونامی په‌سند بێت.‌
3 – له‌ هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌کرێت، خه‌ڵکی که‌رکوکیش ته‌نها رۆڵی ته‌ماشاکه‌ر ده‌بینێت. له‌ راستیدا ده‌بوایا کوردی که‌رکوک دوای ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ ده‌نگ و نوێنه‌ری له‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌بوایا. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ڵه‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان.

بۆیه‌ هیوادارم ئه‌م هه‌نگاوی ئیمزا کۆکردنه‌وه‌یه‌ش‌ وه‌ک هه‌نگاوه‌کانی پێشوتر ته‌نها بۆ وروژاندن و بزواندنی خه‌ڵک نه‌بێت.

دیاره‌ هه‌ر هه‌نگاوێک له‌ پێناوی ئه‌م کێشه‌ چه‌ق به‌ستوه‌ بنرێت جێی ده‌ست خۆشییه‌، به‌ڵام باشتروایه‌ بۆ نانی هه‌ر هه‌نگاوێکی نوێ ئاوڕێک له‌ هه‌نگاوه‌کانی پێشتر بدرێته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ی باشی بۆ بکرێت و وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی جه‌ماوه‌ر بدرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌‌ی قوربانیان داوه‌ و ئاماده‌ی قوربانی دانن.

بۆیه‌ ئه‌م رێکخراوانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی که‌رکوک باشتر به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ بچن و بڕوایان پێ بکه‌ن، پێویسته‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م کاره‌یان به‌ دواداچون بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌ بکه‌ن:
1. له‌ 2006 بڕیارێکی وه‌زاره‌تی به‌له‌دیاتی به‌غدا بۆ هه‌مو شاره‌کانی عێراق هاتوه‌ ( دیاریکردنی زه‌وی نیشته‌جێ بۆ شه‌هیدان، زیندانی سیاسی، که‌م ئه‌ندام ... تاد ). له‌ هه‌مو شاره‌کان جێبه‌جێ کراوه‌، ته‌نها له‌ که‌رکوک نه‌کراوه‌. بۆ؟؛
2. له‌ 28-7-2008 خه‌ڵکی که‌رکوک رژانه‌ سه‌ر جاده‌ دژ به‌ ماده‌ی 24 ، له‌و رێپێوانه‌ هێمنانه‌یه‌ ده‌یان که‌س شه‌هید و بریندار بون. هه‌ندێ که‌سی گومانلیکراوی سه‌ر به‌ به‌ره‌ی تورکمانی گیرا. یه‌کێ له‌و گیراوانه‌‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوکه‌وه‌ دانی به‌ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌‌ نا. که‌سوکاری شه‌هید و برینداره‌کان هاندران شکات له‌ به‌ره‌ی تورکمانی بکه‌ن. ئه‌م گومانلیکراوانه‌ گیران، ماوه‌یه‌ک زیندانی کران و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کرا، به‌ڵام له‌ پڕێکدا و به‌بێ ئاگاداری خه‌ڵک له‌ مانگی 3-2009 هه‌مویان ئازاد کران.  بۆ؟
3. له‌ سه‌ره‌تای 7-2008 لستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک خه‌ڵکی کۆکرده‌وه‌. یاداشتێکیان دا به‌ په‌رله‌مانی کوردستان، تێیدا هاتبو ( ئه‌گه‌ر ماده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌کرێت، داوا ده‌که‌ین که‌رکوک بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان....تاد). ئه‌م کاره‌ بۆ کرا؟ ئه‌نجامی به‌ جێ گه‌یشت؟ په‌رله‌مانی کوردستان چیکرد له‌م باره‌وه‌؟
4. تا ئێستا خه‌ڵکی که‌رکوک له‌ شاره‌که‌ی خۆی ئاواره‌یه‌؟ ئاواره‌کانی یاریگای که‌رکوک. بۆ؟
5.  مانه‌وه‌ی هه‌زاران که‌رکوکی له‌ سنوری هه‌ولێر، سلێمانی .... و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ که‌رکوک، بۆ؟ هه‌موتان ده‌زانن نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ و دڵشکانی خه‌ڵکی که‌رکوک چه‌ند زیان به‌خش ده‌بێت له‌ پرۆسه‌ی ئه‌و ریفراندۆمه‌ی  یه‌کێکه‌ له‌ قۆناغه‌کانی ماده‌ی 140.‌
6. تیرۆرکردنی هه‌ر دو که‌ڵه‌ نوسه‌ر و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نوس عبدالستار تاهیر شه‌ریف و سۆرانی مامه‌ حه‌مه،‌ بۆ؟ لێکۆڵینه‌وه‌کان به‌ چی گه‌یشتون؟ ئه‌م دۆسێیه‌ تا چه‌ند کاری تێدا کراوه‌، کێ کاری تێدا ده‌کات؟

ئه‌مانه‌ و ده‌یان پرسیاری تر لای خه‌ڵکی که‌رکوک بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه‌. به‌دواداچون بۆ وه‌رگرتنی وه‌ڵامه‌کان ئه‌رک و کاری هه‌مو ئه‌و رێکخراوانه‌ن کا ناوی رێکخراوی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیان له‌ خۆ ناوه‌. خه‌ڵکی که‌رکوک به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتن بۆ: ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، رێپێوان... تاد، ئێستاش بۆ ئیمزا کۆکردنه‌وه‌. به‌رانبه‌ر به‌مانه‌ش هه‌قی خۆیه‌تی داوای وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی بکات و وه‌ڵام بدرێته‌وه‌. ئه‌گینا بێ بڕوابون ده‌گاته‌ ئه‌و په‌ڕی و جیتر کوردی که‌رکوک به‌ده‌نگتانه‌وه‌‌ نایه‌ت.

Sbeiy.com © 2007