Print
 
 یۆتۆپیای هیزی سێیه‌م له‌ کوردستانی ئازاد و دیموکراسی دا!
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Saturday, April 25, 2009

ماوه‌یه‌که‌ ده‌نگۆی هه‌ڵبژاردن کۆمه‌ڵگای کوردستانی گرتۆته‌وه‌، گرفته‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و کێشه‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری کۆمه‌ڵگا هه‌روا له‌ قوڵ بونه‌وه‌ دان، خه‌ڵکانێک هه‌ن له‌ نێو کێشه‌ سیاسیه‌کانیاندا له‌ یه‌کترازان و سات و سه‌ودادان، خه‌ڵکانێکیش له‌ توند بون و خۆبه‌هێزکردن دان، خه‌ڵکانێکی زۆریش بێ ده‌خاله‌ت و کۆمبارس و که‌مایه‌تیه‌کی که‌میش ناڕازین و کاریگه‌ریان که‌مه‌، ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان هه‌یه‌ وه‌زعێکی زۆر شازه‌ و له‌ ‌هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک ناچێت له‌م ده‌ورانه‌دا، له‌لایه‌ک دو حیزبی به‌هێز له‌ هه‌مو مه‌یدانێکدا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌‌ و له‌لایه‌کی تر خودی میلله‌ت له‌ نێو مێژوی سیاسی خۆیدا دابه‌ش بوه‌ به‌سه‌ر ئه‌م دو ده‌سه‌ڵاته‌ و له‌ کۆمه‌ڵگای به‌رهه‌مهێن بۆته‌ کۆمه‌ڵگای به‌رخۆر‌، ده‌سه‌ڵات خودی خۆی دو ده‌سه‌ڵاتییه‌ و په‌یمانی ستراتیژی هه‌ردو حیزب له‌گه‌ڵ یه‌ک هیزو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی جیا و وڵاتیان به‌ته‌واوی له‌به‌رده‌سته‌ و ئابوری و ئاسایش و هه‌مو ئیمکاناتی ده‌وڵه‌تیان له‌ ئیختیاردایه‌.

له‌لایه‌کی تر چه‌ندین پارتی سیاسی بچوک و کۆمه‌ڵگای تری غه‌یره‌ کوردیش هاوبه‌شی ئه‌م په‌یمانه‌تیانه‌ن، هه‌مو حیزبه‌کان له‌ نێو خۆیاندا گرفتی ناوه‌ندیان هه‌یه‌ و هه‌مویان خۆیان پێ رابه‌ره‌ و دڵسۆزتره‌ له‌وه‌ی تریان، وڵاتێ ته‌نها به‌ شکل فیدرالیه‌تی هه‌یه‌ و هه‌تا ئیستا نه‌ سنوری دیاریکراوه‌ و نه‌ داهات و سامانه‌ سروشتیه‌کان و به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی دیاره‌ نه‌ سوپای نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ ده‌ستورێکی مۆدیرن و نه‌ جێگاو رێگای له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند و پێکهاته‌کانی دیاره و له‌ باری ئه‌قلیمی و ئه‌نته‌رناسیوناڵی به‌ڕه‌سمی دان به‌م شێوه‌یه‌ تایبه‌ته‌ له‌ هه‌رێم نراوه‌‌.

له‌لایه‌کی تریش هه‌ندێ حیزب و لایه‌نی ناڕازی هه‌ن و به‌ڵام جه‌ماوه‌رێکی پان و به‌رینیان نیه‌و ناتوانن ئه‌م کاریگه‌ره‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا هه‌بێت.

ئه‌م وه‌زعه‌ له‌ گشتدا هه‌ناسه‌ی گۆڕینی بڕیوه‌ و کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رخۆریش کێ دینه‌مۆی هیزی ماددی بێت ئه‌وه‌ خه‌ڵکی رو له‌م ئاراسته‌یه‌ ده‌که‌ن، وه‌کو قیبله‌ نوما و کڕنوش و سوجده‌ی بۆ ده‌به‌ن دیاره‌ مه‌به‌ستمان له‌ گشته‌، ئه‌گینا ناڕه‌زایه‌تی هه‌ر هه‌یه‌و ده‌مێنێ.

له‌ گشتدا خه‌ڵکی له‌ کوردستان زیاتر رویان له‌ رابردوه‌ و کورت ماوه‌ییدایه‌ و زیاتر له‌گه‌ڵ رابردو هه‌ڵده‌که‌ن و قوربانی مێژوی رابردون و هه‌مو پرسیاره‌کانیان ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئه‌مه‌ وا بو و بۆچی وا گوزه‌را تا زیاتر رو له‌ دوارۆژ بکه‌ن، که‌سانی که‌م هه‌ن بیر له‌ داهاتویه‌کی دورو به‌رنامه‌ریزی و یاسایی کۆمه‌ڵگا و نه‌وه‌کانی ئاینده‌ بکه‌نه‌وه‌ و وڵاتێکی به‌رهه‌م هێن بینا بنێن و مێژو دروست بکه‌ن.

مێژو دروستکردن رابه‌ری خۆی ده‌وێ، به‌نمونه‌ ئه‌وه‌ی بنه‌مای بیمه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، بیمه‌ ته‌ندروستیه‌کان و خانه‌نشینی و مافه‌کانی منداڵان و په‌ککه‌وکه‌ته‌کان له‌ یاسادا بچه‌سپێنێ کارێکه‌ نه‌وه‌ به‌نه‌وه‌ ده‌بێ شانازی پێ بکه‌ن، یان پێکهێنانی فدراسیۆنی کرێکاران و کارمه‌ندان و یاسایه‌کی کرێکاری دروست دابڕێژێ بۆ گشت کرێکارانی که‌رته‌کانی ده‌وڵه‌ت و که‌رته‌ تایبه‌تیه‌کان، به‌ڵام کوا؟ هه‌زار و یه‌ک پرسیار و باسی تر که‌ میلله‌تی کورد و گه‌لانی کوردستان پێداویستیه‌تیان.

له‌گشتدا کۆمه‌ڵگای کوردستان چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌کی کێشه‌ی سه‌ره‌کی هه‌یه‌؛
1، ته‌وه‌ره‌ی ناوه‌خۆ
2، ته‌وه‌ره‌ی ده‌ره‌کی (ئه‌قلیمی)
3، ته‌وه‌ره‌ی ئه‌نته‌رناسیوناڵی

1، ته‌وه‌ره‌ی ناوه‌خۆ:
1، دو ده‌سه‌ڵات و مۆدێلی به‌ڕیوه‌بردنی دواکه‌وتو (به‌بێ پرۆسه‌کانی کۆنترۆڵ له‌ گشت ئاسته‌کانی ئیداری دا) و ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له‌گه‌ڵ هه‌مو گه‌نده‌ڵیه‌کانی به‌ هۆشیاری و ناهۆشیاری.
ا، حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و گرفته‌ ناوه‌خۆکانی حیزبی و ته‌که‌تولاتی جیاجیا.
ب، پارت و حیزبه‌ جیاجیاکان و گرفته‌کانیان له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و داواکاریه‌کانیان.
د، گه‌لانی جیاجیا له‌ کوردستان و گرفته‌کانیان.

2، ته‌وه‌ره‌ی ده‌ره‌کی:
ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه‌ چه‌ندین لایه‌نی هه‌یه‌ له‌مانه‌:
ا- ته‌وه‌ره‌ی فیدرالی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند له‌ عێراق و گرفته‌ جیاجیاکانی له‌ هه‌مو مه‌یدانه‌کاندا هه‌ر له‌مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ناوه‌ند و مه‌سه‌له‌کانی ناوچه‌کانی دوای ئۆپراسیۆنی ئازادی عێراق و چاره‌نوسیان، هه‌روه‌ها گشت مه‌سه‌له‌کانی که‌ره‌سته‌خاوه‌کان و بودجه‌ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریم وچاره‌نوسی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی فدراڵی و په‌یمانه‌کانیان له‌گه‌ڵ پارته‌ شیعی و سونی و ئیسلامیه‌کاندا هتد.
 
ب- ته‌وه‌ره‌ی ئه‌قلیمی:
ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ هه‌یه‌ که‌ کوردستانیان داگیرکردوه‌ به‌ درێژایی مێژوی هاوچه‌رخدا. کاریگه‌ری میلله‌تی کورد له‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ (سوریا و تورکیا و ئێران) و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
ج- جێگاو رێگای میلله‌تی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندا مه‌سه‌له‌ دولایه‌نه‌کان یانی کاریگه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ میلله‌تی کورددا.

3، ته‌وه‌ره‌ی ئه‌نته‌رناسیونالی:
کاریه‌گری میلله‌تی کورد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌نته‌رناسیونالیه‌کان و وڵاتانی دونیا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش.

 ته‌وه‌ره‌ی ناوه‌خۆ که‌ هه‌مو جیاوازیه‌کان و ده‌سه‌ڵات و مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌زگاکانی قه‌زایی و دانان و جێبه‌جێکردن ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌مڕۆ گه‌نده‌ڵی ئیداری وبه‌ هه‌ده‌ردانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی گرنگترین مه‌سه‌له‌کانیان...

له‌ ته‌وه‌ره‌ی ده‌ره‌کیدا میلله‌تی کورد هیچ لایه‌نگرێکی به‌رده‌وام و یاسایی و پرۆتۆکۆلی نیه‌، په‌یوه‌ندیه‌کانی میلله‌تی کورد به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کی دوژمنانه‌یه‌ و ته‌نها خۆشه‌ویستیه‌کی یه‌ک لایه‌نه‌یه له‌لایه‌ن کورده‌وه‌یه‌‌و به‌س،
له‌ ته‌وه‌ره‌ی ئه‌نته‌رناسیوناڵدا هه‌ر ئاڵوگۆرێکی ئابوری و سیاسی ده‌واری میلله‌تی کورد هه‌ڵده‌ته‌کێنی به‌ڵام کاریگه‌ریه‌کانی پێچه‌وانه‌ زۆر دیاریکراوه‌ و که‌مه‌ ته‌نها ئه‌گه‌ر لایه‌نی مرۆڤی بێت و فرمیسکی جارجاره‌ی کاره‌ساته‌کان بیانهێنێته‌ گریانێکی هاوبه‌ش، ئه‌مه‌ش له‌کاتی خۆیدا نیه‌و کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ باشترین نمونه‌یه‌.

هێزی سێیه‌م ده‌بێ له‌م هه‌مو مه‌یدانه‌دا جیا له‌ وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ کارنامه‌ و به‌رنامه‌ی خۆی له‌ پراکتیک دا بۆ کۆمه‌ڵگا بخاته‌ رو و ده‌بێ هه‌ڵوێستێکی دروست و وه‌ڵامێکی تری بۆ هه‌بێت، ئه‌م هێزه‌ش نه‌ رێکخراوه‌و ونه‌ بۆچونێکی دروست و وه‌لامێکی شایسته‌ی هه‌یه‌ و نه‌ خاوه‌نی رابه‌رێکی دروسته‌ و نه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی مۆدێلێکی تری به‌ڕیوه‌بردن و نه‌ گره‌نتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ (سوپا) بێلایه‌نه‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ئه‌مه‌ له‌م حاله‌ته‌دا راسته‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئازادی و دیموکراسی له‌ کوردستان به‌م ئاسته‌ گه‌یشتبێت هه‌موی به‌ یاسایی و به‌دروستی بچێته‌ڕێوه‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ ته‌زویر و سه‌رکوت و رێگرتن و ده‌نگ کڕین و چاوسورکردنه‌وه‌و هێرشکردن جێگای ئازادی و دیموکراسی ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش له‌م ده‌ورانه‌ی ئێستا دا مه‌سه‌له‌یه‌که‌ی به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ له‌ کوردستان ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی هیواکانیان به‌ هێزی سێیه‌م و سه‌رکه‌وتنه‌کانی هه‌یه‌ ئه‌وا هه‌ر خه‌یاڵێکی خۆشه‌ و هیچی تر، له‌ نێو ئه‌م هه‌مو گرفت و وه‌زعیه‌تانه‌ی که‌ هه‌یه‌ ئه‌وا ئه‌لته‌رناتیڤ و سه‌رکه‌وتنی هیزی سێیه‌م له‌ کوردستان ده‌کاته‌ ئۆتۆپیا، چونکه‌ ئه‌م هێزه‌ له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دا بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌رینی رێکخراوی نیه‌، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئازادی و دیموکراسی یش هه‌بێ به‌ مانای که‌ له‌ وڵاتانی رۆژئاوایی هه‌یه‌ ئه‌وا پان ئیسلامیزم له‌ کوردستان به‌ داخه‌وه‌ خۆی شان له‌ شانی حیزبه‌کانی ده‌سه‌لات ده‌دا که‌ ئه‌مه‌ش به‌ پشتیوانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر تا زیاتر به‌ هێزه‌ ناوه‌خۆییه‌کان و به‌ره‌نجامه‌که‌شی کۆمه‌ڵگا زیاتر بۆ دواوه‌ ده‌بات و به‌ره‌ی دواکه‌وتوی له‌ کۆمه‌ڵگا گه‌شه‌ پێده‌دا.

جێی داخه‌ چه‌پ و هێزه‌ سوسیالیسته‌کان له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا ئه‌مڕۆ که‌مترین شانسیان له‌م نێوه‌دا هه‌یه که‌ ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌که‌ و هۆکاری خۆیان هه‌یه‌، هاوڕێیان ده‌بێ پێش ئه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانیان له‌ پرنسیپه‌وه‌ دابڕێژن ده‌بێ سه‌ره‌تا له‌ کۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌ست به‌کاربن.

ده‌ست به‌کاربونیش به‌ یاسایی له‌ کۆمه‌ڵگا و له‌ مه‌یدانی کار و ژیاندا به‌ به‌رده‌وامی ده‌سکه‌وتی دروستی ده‌بێت ئه‌گه‌ر نا مامه‌ڵه‌ ته‌نها له‌ پرنسیپ هه‌ر په‌راوێزی کۆمه‌ڵگای لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.

به‌ کورتی له‌م ده‌ورانه‌ی ئێستا و به‌ هۆی ئه‌م وه‌زعه‌ی مه‌وجود و ره‌وشه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌ی ئێستا له‌ کوردستان و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌نددا ئه‌وه‌ پارتی و یه‌کێتی نایه‌نه‌وێ ده‌سه‌لاتیان له‌ده‌ست بچێت، ئه‌گه‌ریش وه‌زعه‌کانیان له‌ق بون ئه‌وه‌ ناتوانن زۆر و هێز به‌کارنه‌هێنن بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ی خۆیان، مێژوی ئه‌م هێزانه‌ش هه‌موی رونن، کاتێ ئاڵوگۆڕ ده‌بێ کاتێ ئاماده‌گی هه‌موان هه‌بێت و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌کان خۆیان یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌، ئه‌م ئاماده‌گیه‌ش له‌ ئێستای کوردستان دا هێشتا ناکامڵه‌، یانی په‌رله‌مانی داهاتو به‌ مو جیاوازی له‌وه‌ی ئێستا نابێت و ته‌نها چه‌ند سکرابێکی سیاسی جێگۆڕکێیان پێ ده‌کرێت و هیچی تر، یانی له‌ کۆتایی خه‌ڵکی‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌ به‌ جێ گۆڕکێ ی و مانه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداری به‌ هۆشیاری و ناهۆشیاری و هیچی تر.

Sbeiy.com © 2007