له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان ونیمچه ده‌ستپێكردنی نافه‌رمی سه‌ره‌تای كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن چه‌ند خاڵێكی زۆر گرنگ به‌رچاو ده‌كه‌ون كه نیشانه‌ن بۆ ناوه‌رۆكی راسته‌قینه‌ی نیه‌تی لایه‌نه‌كان به‌گشتی وده‌سه‌ڵاتداران به‌تایبه‌تی له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا.
له مێژه‌وه عێراق وپێكهاته‌كانی وبه‌تایبه‌تی دوای كوده‌تای 1967 ی به‌عسیه‌كان به‌ده‌ست كڵتورێكی تێكه‌ڵاو له سێ تێما: حیزب وده‌سه‌ڵات ونه‌ته‌وه ده‌ناڵێنن. سه‌دام تاپێی كرا وبهههمو ئامرازێك پان عه‌ره‌بیزمی حیزبه‌كه‌ی به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پاند وبه پاساو وناوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه شه‌ری كوردی كرد وبه به‌كرێگیراوی كۆنه‌په‌رستی وئیمپریاڵیزم وزایۆنیزمی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دان وسهركوتوش بو له به‌ده‌سهێنانی پشتگیری وسۆزێكی فراوانی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و شه‌ره‌ی دژ به كورد. كه سه‌ركه‌وتو نه‌بو ودوچاری شكستی وپاشهكشه بو له به‌رامبه‌ر شۆرشی كورد دا سه‌رجه‌م بانگه‌وازه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له رێككه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر له ساڵًی 1975 به شای ئێران به‌خشی وازی له "شه‌تی عه‌ره‌ب" هێنا كه شاده‌مارێكی ستراتیژی ئه‌و "عێراقه عه‌ره‌بیه" بو كه سه‌دام وحیزبه‌كه‌ی بانگهَشهیان بۆ ده‌كرد. دواتر به‌ناوی نه‌ته‌وه‌وه په‌لاماری ئێرانیشی دا.
كاتێك قه‌ده‌ری زه‌مان ته‌نگی به سه‌دام هه‌ڵچنی، یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی سه‌دام په‌لاماردان وداگیركردنی وڵاتێكی عه‌ره‌بی دراوسێی بو. سه‌دام زۆر هات وهاواری كرد كه شه‌ری ئێرانی كردوه تا ده‌روازه‌ی خۆرهه‌ڵاتی دنیای عه‌ره‌ب له (عه‌جه‌م) وشۆرشه ئیسلامیه‌كه‌ی خومه‌ینی بپارێزێت وئه‌و به‌ناوی عه‌ره‌به‌وه ئه‌و شه‌ره‌ی كردوه و قه‌یرانیه ئابوری وسیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌و شه‌ره‌وه دروستبون، به‌ڵام ئه‌مانه هیچی دادی نه‌دا وله پرۆسه‌ی ئازادكردنی كوێتدا زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب دژی شه‌ری كرد وسه‌دام توشی ئه‌و كۆتاییه بو كه هه‌مومان ده‌یزانین.
ئه‌م نمونه‌یه له عێراقی (نوێ) دا له دوای رۆخاندی رژێمی سه‌دامه‌وه به جۆرێكی ترسناكتر دوپات بۆته‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی عێراق نه ویستویانه ونه توانیوانه له ئه‌زمونی سه‌دام سود وه‌ربگرن. هه‌مو توانا ومێشك وهه‌ستیان سه‌رقاڵی خزاننی ئایینه له‌نێو دوالیزمی (ده‌سه‌ڵات ونه‌ته‌وه) كه سه‌دام به‌درێژایی حوكمرانیدا كاری پێده‌كرد. له‌م سه‌رده‌مه‌ی عێراقدا ئایین وده‌سه‌ڵات بونه‌ته دوالیزمێك كه سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی ده‌ستوری ویاسایی وسیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وئابوری وكلتوری به‌شێكی زۆری عێراقیان داگیر كردوه وتهنانهتیش بۆته فاكته‌ری سه‌ره‌كی له به‌رێوه‌بردنی عێرقدا له‌روی سیاسی وئابوری دادوه‌ریه‌وه وهۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و هه‌مو خوێن رشتن وپارچهپارچهبونهی به‌شه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی عێراقه. له‌مه‌ش ترسناكتر ئه‌وه‌یه كه ئایین به‌رێگه‌ی ئامرازه كلاسیكیه‌كانی، وه‌ك فه‌توه وحیزب وگروپه ئیسلامیه داخراوه جیاكان ومیلیشیای ئایینی ومهرجهعیهتهوه خۆی به‌سه‌ر هه‌مو بواره‌كانی ژیاندا سه‌پاندوه.
سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردیش تریشك وپریشكی ئه‌م كڵتورهی به‌ركه‌وتوه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی جیاواز له به‌شه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی عێراق. هه‌رچه‌نده ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه خه‌باتی كردوه وبۆ كورد ماندوبوه وه‌ك چۆن سه‌ركرده وحیزبه ئیسلامیه شیعه‌كان وعهرهبهكانی تریش كردویانه، به‌ڵام له‌و كڵتوره وكاریگه‌ری جادوگهریانهی ئه‌و دوالیزمانه خۆی نه‌پاراستوه.
حیزب وده‌سه‌ڵات
له‌دوای راپه‌رین پێكهاته‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد به ههڵپهبون بۆ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی وهه‌ریه‌ك له ئیماره‌ته بچوكه‌كه‌ی خۆیدا. بێجگه له‌ماوه‌یه‌كی كورت كه‌تێدا یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا ویه‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی دروستبو، ئه‌میش له‌سه‌ر بنه‌مای په‌نجا به‌په‌نجای حیزبی بو، به‌ڵام له پراكتیكدا كۆی گشتی مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له رێزه‌كانی دواوه‌ی ئه‌جندای ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌دا بو. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند شه‌رێكی خوێناوی درێژ له‌سه‌ر پاره وده‌سه‌ڵاتی حیزب ده‌ستی پێكرد. دو حكومه‌ت به كرۆك حیزبی له هه‌رێم دروستكرا وشه‌ری ره‌نگ وپهرۆ و وشه‌كان وزمان وپه‌روه‌رده ودیبلۆماسی و...تاد لایه‌نه سیڤیله چه‌واشه‌كاریه‌كانی ئه‌و كڵتوری "حیزب وده‌سه‌ڵات" ه بون، له‌سه‌رجه‌م ده‌زگا حیزبی وحكومیهكاندا شۆركرابونهوه ودهرفهتێك وكهلێنێك نه‌مابو حیزب داگیری نه‌كردبێت. له سایه‌ی به‌رگریكردن له‌م كڵتوره هه‌زاران كورد كوژران وماڵوێرانیهكی زۆر وناوزراندنێكی بێئه‌ندازه له ئه‌نجامی هاوپه‌یمانیه‌تی ته‌نیا ولابهلای لایه‌نه حیزبیه‌كانی شه‌ره‌كه له‌گه‌ڵ ناحه‌ز ودوژمنانی كورد درۆێنهی شه‌ری حیزب بون. ئه‌و سه‌رده‌مه حیزبه‌كان به‌دابه‌شكرنی ده‌سه‌ڵات به‌هاوبه‌شی قایل نه‌بون، به‌ڵكو هه‌ریه‌ك پشكی شێری داواده‌كرد. كڵتوری ده‌سه‌ڵاتی شێرانه‌ی حیزب شكستی نه‌ك ته‌نها به‌حیزب هێنا، به‌ڵكو شكستی ته‌واوی ئه‌زمونی حوكمرانیمان له‌سایه‌ی ئه‌و كَلتوره سه‌قه‌ته‌دا له ئارادا بو. خوا خێری ئه‌مریكا بنوسێت، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بوبێت، كه هه‌ر دو لایه‌نی شه‌ره‌كه‌یان به زمانێكی زۆر توند به‌ئاگا هێنایه‌وه له مه‌ترسیه گه‌وره‌كانی كڵتوری "حیزب وده‌سه‌ڵات" كه‌به‌و شێوه ناشارستانیه‌ی پێره‌و ده‌كرا. حیزب خه‌رێكی ده‌سه‌ڵات وخۆی بو ونهتهوهش كرابوه قوربانی كه به‌ناویه‌وه ئه‌و هه‌مو ناهه‌قی وگوناهه ده‌كرا.
حیزب وده‌سه‌ڵات ونه‌ته‌وه
دوای روخاندنی سه‌دام ئاسۆی سیاسی گه‌شه‌دار وكراوهتر بو، حیزبه كوردیه‌كان وبه‌تایبه‌تی یه‌كێتیی وپارتی بیرێكی جدیان له هاوكێشه‌یه‌كی هاوبه‌شی كرده‌وه كه هه‌م كڵتوری "حیزب وده‌سه‌ڵات" ی تێا پارێزراو بێت وههم ئه‌م دوالیزمه به مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌وه ببه‌ستنه‌وه. ئیتر كاتی ئه‌وه هاتبو چونكه میلله‌ت پێویستی به حه‌سانه‌وه بو وداوای كاری لێده‌كردن.
ئه‌م هاوكێشه نوێیه له‌چه‌ند بوارێكدا كه‌وته كار.
به‌غدا: ده‌سه‌ڵات ونه‌ته‌وه
خۆشبه‌ختانه حیزبه‌كان به‌یه‌كه‌وه به‌لیستی هاوبه‌ش چونه هه‌ڵبژاردنی پارڵه‌مانی عێراقه‌وه وتوانیان پێگه‌یه‌كی به‌رچاو دابین بكه‌ن وكۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وت هه‌م له ده‌ستوری عێراق وههم له رێگه‌ی به‌شداری له حكومه‌تی به‌غداوه بۆ كورد بپچرن. راسته كه‌م وكوری له‌م ئهدایهندا له‌به‌ر چاوه ولهسهرویانهوه كێشه‌ی ناوچه دابرهوهكانی كوردستان، به‌ڵام به‌گشتی كورد له‌سایه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته‌دا سود مه‌ند بوه ونابێت لهیادیشی كه‌ین ئه‌و دو حیزبه ودهسهڵاتدارانیشی سودمه‌ندی گه‌وره‌بون به جیا‌و به‌هاوبه‌شی.
كوردستان: حیزب وده‌سه‌ڵات ونه‌ته‌وه ورێككهوتنی "ستراتیژی" لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات
تێكهڵاوكردنهوهی به جورعه‌ی دو حكومه‌تی حیزبی له هه‌رێم وتێههڵكێشككردنی ئه‌م هه‌نگاوه له‌گه‌ڵ چه‌ندین دۆگما و‌دروشمی پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كان وبهرهونگاربونهوهی مه‌ترسی وته‌بایی وئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌رێم لایه‌نه به‌رچاوه‌كانی ئاشتیه‌كی ناچاری نێوان دو ده‌سه‌ڵاتی نه‌یار وناحه‌زی كلاسیكی یهكتربون. سیاسه‌تێكی نوێ بو كه كرۆكه‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ر دو لادا كۆكرایه‌وه و تا ئه‌م ساته‌ش به‌ده‌ستكاریكردنی ناوبه‌ناو تێدا به‌گوێره‌ی گۆرانكاریه‌كان كاری پێده‌كه‌ن. نكۆڵًی ناكرێت كه ئه‌م فۆرمیڵه تازه‌یه قازانجی نه‌ته‌وایه‌تی وحیزبی وكه‌سایه‌تی تێدابوه ومه‌به‌ست له (حیزب وده‌سه‌ڵات ونه‌ته‌وه) ی به ویستی ده‌سه‌ڵاتدارانیش دارشتوه. لێره‌دا تا راده‌یه‌كی زۆر حیزبیش پهراوێزكراوه وته‌نها لوتكه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان به شاراوه‌یی وته‌م وڵێڵیهوه تێی خزێنراوه وبه به‌رگێكی نه‌ته‌وایه‌تی داپۆشراوه. پێویسته هه‌مو كوردێكی دڵسۆز دڵخۆش بێت به قازانجه جیاكانی ئه‌م هاوكێشه‌یه بۆ میلله‌ت ولهسهرویانهوه كاڵبونه‌وه‌ی خه‌ستی ئه‌گه‌ری شه‌ری ناوخۆ كه میلله‌ت به‌په‌رۆشیه‌وه پێشوازی لێكرد‌و وپشتگیری كردوه وتێكهڵاوكردنهوهی ئیداره‌كان كه داخوازیه‌كی میلله‌ت بو به‌ڵام كێشه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌بوه وهه‌یه. كێشه‌ی سه‌ره‌كی میلله‌ت له‌گه‌ڵیدا له پاوانكردنی ئه‌م هاوكێشه تازه‌یه‌ی حیزب وده‌سه‌ڵات ونهتهوهدایه كه به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ قازانجی حیزب ودهسهڵاتدارانه. نكۆڵی خه‌ڵك له‌و رێككه‌وتنه وناكۆكی له‌گه‌ڵیدا له چوارچێوه‌ی "حیزب وده‌سه‌ڵات" قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاته له‌لایه‌ن لوتكه‌ی حیزبه‌وه وفه‌رامۆشكردنی دیموكراسیه‌ت وشهفافیهته وپشتگوێخستن وپێشێلكردنی یاسا ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ولاوازی به‌رچاوی خزمه‌تگوزاریه‌كانه. ناكۆكی وململانێی میلله‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه نهتهواتیهكهی ئه‌م هاوكێشه‌یه ئه‌وه‌یه كه لایه‌نگرانی توندی دوالیزمی "حیزب وده‌سه‌ڵات"، گه‌نده‌ڵ ودزهكان وكۆنه به‌عسی وفایلدارهكان وكۆنه جاش وموستهشارهكان وتاوانبارهكان وپێشێلكارهكانی یاسا وئازادی ومافه‌كانی تاك وكۆمه‌ڵ به‌رده‌وام له سایه‌یدا ده‌شارنه‌وه ودهپارێزن، نكۆڵی له‌وه‌یه كه به‌پاساوی مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه، خۆیان خاك ومیلله‌تیان تورهكردوه ونیشانه‌كانی له‌یه‌كترازانی نه‌ته‌وه‌یی وخاك ئه‌نجامێكی مه‌ترسیداری ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی نێوان دوالیزمه‌ی حیزب وده‌سه‌ڵاته. كه‌سێكی هوشیار نیه بلێت مه‌ترسی له‌سه‌ر باشور ونمونه‌ی حوكمرانی كورد نیه، به‌ره‌نگاربونه‌وه ورهوینهوهی مه‌ترسی به تواندنه‌وه‌ی قۆرقوشم نابێت، به‌ڵكو به‌یه‌ك ده‌ستی ویه‌ك ریزی وبهپشتگیری ته‌واوی خاك ونه‌ته‌وه ده‌بێت كه ئه‌مه‌ش به سیسته‌مێكی دیموكراسی كراوه وسوپایهكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتو وپێرهوكردنی یاسا ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ورێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ دێته‌دی. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتوه كه هه‌ر دولا به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه ستراتیژیه ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به ئاره‌زوی لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌م له هه‌ریم وههم له به‌غدا دابه‌ش كردوه وجۆریكه له خۆسه‌پاندنی ژێریهژێرهكی به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی نهتهواتیهوه وبازدانێكی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر خودی پرۆسه‌ی دیموكراسیدا وچنگی له گه‌روی نوێیبونهوه وگۆرانكاری جدی له هه‌رێمدا گیرگرتوه.
شكستی دوالیزمی (حیزب وده‌سه‌ڵات) له‌به‌رامبه‌ر دیموكراسیه‌ت ونه‌ته‌وه‌دا
ئه‌و دو حیزبه سه‌رپشكن له‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌نێوانیاندا سازی ده‌كه‌ن كه به‌رنامه وسیاسه‌تیان رێگایان پێده‌ده‌ن ئه‌نجامی بده‌ن ، به‌ڵام سه‌ربه‌ست نین ئه‌وه به‌سه‌ر نه‌ته‌وه وخاكدا به‌پاساوی تره‌وه بسه‌پێنن. له كه‌ش وهه‌وای دیموكراسیدا حیزبێك یا چه‌ند حیزبیك به‌یه‌كه‌وه هه‌رچه‌نده گه‌وره‌ش بن ناتوانن هه‌ڵگر ودهربری ته‌واوی كۆی گشتی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانی وڵات یا نه‌ته‌وه بن، ده‌كرێت پشكی ئه‌وان له‌و هاوكێشه‌یه‌دا به‌پێی قه‌واره‌ی خۆیان بێت، به‌ڵام هیچ كات هه‌موی نابێت. به‌تایبه‌تی بزافی كوردایه‌تی له باشور به‌شێكی ئۆرگانیكی زیندوه له بزافێكی زۆر گه‌وره‌تر له كوردستانێكی زۆر گه‌وره‌تر وژماره‌یه‌كی زۆر له حیزب ورێكخراو وبزوتنه‌وه‌ی تێكۆشه‌ر وخاوه‌ن قوربانی ومێژویهكی بێگه‌رد. به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانی باشور بێ یه‌ك ودو كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تی هه‌یه. ده‌بوا ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌گه‌ر بۆ نه‌ته‌وه وخاك ستراتیژیه چه‌ند هه‌نگاوێكی زۆر گرنگی له‌خۆ بگرتایه:
بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌م له ناو حیزب وههم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ رای گشتی كوردستان ولایه‌نه كوردیه سه‌ره‌كیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له‌به‌شه‌كانی تری كوردستان، هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌لایه‌ن پارڵه‌مانی كوردستان ولیژنه‌یه‌كی یاسایی ودادوه‌ری پسپۆر بۆ زانینی گونجاندنی ونهگونجاندنی له‌گه‌ڵ یاسا وسیسته‌مه به‌كاره‌كان له هه‌رێمدا، راوێژكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كانی تری باشور ورێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه كه به‌شێكی زیندون له بزافی كوردایه‌تی له‌باشور وبه‌شێكی گرنگن له پاراستنی ستراتیژی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی. هیچ له‌م هه‌نگاوانه به‌و شێوه‌یه نه‌كراون وله‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌و رێككه‌وتنه به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌وه رێكخراوه وده‌سه‌ڵات وپارهیهكی ئێجگار زۆری به لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌خشیوه وبێئهوهی هیچ لایه‌نێك تا ئه‌مرۆ بتوانێت لێیان بپرسێته‌وه، كه‌چی ئه‌و رێككه‌وتنه به هه‌ڵسورێنه‌رانی وبهئاگابوهكان لێی له به‌رامبه‌ر ئه‌ركه نهتهوایهتیهكاندا سه‌ركه‌وتنی به‌رچاویان به‌ده‌ست نه‌هێناوه. هه‌ر له كێشه‌ی ناوچه دابراوه‌كان له كوردستان (نه‌ك هه‌رێمی كوردستان) وبه‌تایبه‌تی كه‌ركوك، تا یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی سامانه سروشتیه‌كان ودارشتنی تێگه‌یشتنێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی بۆ مه‌سه‌له‌كانی سه‌روه‌ری عێراق ورێككهوتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا و وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان وئه‌ندامێتی له كۆمكاری عه‌ره‌بی وهه‌روه‌ها جۆری فیدراڵیه‌ت وپاشهاتی ئه‌و به‌شداریه له‌رزۆكه‌ی كورد له به‌غدا كه لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی تری عیراق خه‌ریكی تێكشكاندنی ته‌واوین وبانگه‌شه‌ی هه‌مواركردنی ده‌ستوریش ده‌كه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی. ئه‌و رێككه‌وتنه وه‌لامی یه‌كگرتو و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نهههبوه ونه ده‌یبێت بۆ سه‌رجه‌م بزافی كوردایه‌تی وچۆنیه‌تی ره‌فتاركردنی هه‌رێم وحكومه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بزافی كوردایه‌تی له به‌شه‌كانی تری كوردستان كه راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره وبه‌شێكی زیندوه له بون ونهبونمان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هه‌رێم ده‌سكه‌وتی باش له‌سایه‌ی له‌یه‌ك گه‌یشتنی دو حیزبه گه‌وره‌كه به‌ده‌ست هێنراون، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ی كراون ودهستكهوتهكانیش خێری هیچ حیزب وكه‌سێك نیه به میلله‌تی كردبێت وئه‌وان ئه‌و پاره ودهسهڵاتهیان له كه‌سه‌وه به ئیرس بۆ به‌جێنه‌ماوه تا بۆ خه‌ڵكی خه‌رجی كه‌ن ومنه‌تی به‌سه‌ردا بكه‌ن. ئه‌و دو لایه‌نه له‌رێگه‌ی ده‌نگدانێكدا كه بواری هه‌ڵبژاردن تێدا زۆر كهمبو متمانه‌ی خه‌ڵكیان پێدرابو بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات وخزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه وخاك. به‌ڵام سه‌رتاپای حكومه‌ت وزۆربه‌ی بواره‌كانی تری ژیانی خه‌ڵكیان به حیزبایه‌تی ته‌نیوه وده‌ستیان له قورقوراگه‌ی ژیانی ئابوری توندكردوه وته‌نانه‌ت وه‌رزش وهونه‌ر وخوێندن وزانكۆ و به‌شێكی زۆری خزمه‌تگوزاریه‌كانیان به دۆگمای حیزبی هه‌راسان كردوه. گرنگترین ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیان گرتۆته ده‌ست وزیاتر له ده‌یان ده‌زگای گه‌وره وبه‌توانای راگه‌یاندنی حیزبیان هه‌یه وكردویانن به سه‌كۆی مزگه‌وت بۆ بانگدانی ده‌سه‌ڵاتداران وحیزبی كه به پاره‌ی حكومه‌ت ومیلله‌ت ده‌یان ژێنن وده‌یان به‌ن به‌رێوه، ئه‌مه یه‌كێكه له پێشێلكردنه بی وێژدان وزهقانهی پرنسیپی داده‌په‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وحوكمی یاسا. له ناوه‌رۆكدا ئه‌وه‌ی كردویانه نامۆ نیه به دوالیزمی (حیزب وده‌سه‌ڵات) له عێراق وناوچه‌كه‌مان وئه‌مه‌شیان تێهه‌ڵكێشی لایه‌نه نهتهوایهتیهكه كردوه به رێگه‌ی (رێككه‌وتنی ستراتیژیه‌وه)، ئه‌و لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه خودی خۆیان به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه له جێبیهنهكردنی هه‌ندێك له ئه‌ركه‌كانی یا سه‌قه‌ت ئه‌نجامدانی به‌شێكی تری.
لای خۆمان دوالیزمی حیزب وده‌سه‌ڵات هه‌میشه زۆر ده‌ست باڵاتر وزاڵتربوه به‌سه‌ر لایه‌نه نهتهوایهتیهكهدا، ئه‌مه به مانای ئه‌وه نیه كه حیزب یا ده‌سه‌ڵات دژ به بواره نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان بن، به‌ڵكو ئه‌زمونی خۆمان بۆمان ده‌سه‌لمێنێ كه ته‌نها كاركردن به‌و دوالیزمه به‌شێوه‌ی پاوانكردن وداخراوهیی وئیفلیجكردنی زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی تری یاسادانان ودادوه‌ری به قازانجی مه‌سه‌له نهتهوایهتیهكهمان نه‌شكاوه‌ته‌وه وبه‌ڵكو زه‌ره‌ریشی لیداوه، جاچی تا رۆژی حه‌شریش هاوار بكرێت وپهناببرێته به‌ر پیرۆزی مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كه وشه‌رعیه‌ت هیچ له‌و مه‌سه‌له‌یه ناگۆرێت كه له هه‌رێمدا راستیه‌كی زیندوی به‌رچاوه وئه‌نجامی كارورهفتاری ده‌سه‌ڵاتدارانه.
زه‌مینه‌ی شكستی
هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م نه‌گونجاندن وته‌نانه‌ت دژ بهكتر وه‌ستان له‌نێوان دوالیزمی حیزب وده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌دا بێگومان له‌لایه‌كه‌وه بۆ بیركردنه‌وه‌ی حیزب وعه‌قڵیه‌تی بهرێوهبردنهكهی ده‌گه‌رێته‌وه وپهیوهندیهكی راسته‌وخۆی وای نیه به لایه‌نی مه‌عنه‌وی وبه‌رنامه ومێژوی خه‌بات وقوربانی ئه‌و حیزب ولایهنانهوه، به‌ڵكو تا راده‌یه‌ك به خهسڵًهته مێژوییه‌كانی ئه‌و خه‌باته وگۆرهپانهكه وبارودۆخه ناوچه‌ییه‌كان وبه كاراكتهرهكانیهوه وئه‌و گۆرانكاریانه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتون له ئه‌نجامی تامكردنی خۆشی وسودی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته چاوچنۆكه‌كان وبێتواناكانن كه هه‌نوكه به مێژوییان هه‌راسان ده‌كه‌ن وبۆ هه‌مو كارێكی ره‌وا ونارهوا په‌نای بۆده‌به‌ن ومێژو وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك بۆ بینین ونمایشكرنی خۆیان له‌هه‌مو ئان وساتێكی ئێستادا به‌كارده‌هێنن. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌زمونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌م بیست سی ساڵه‌ی دوایی له‌دنیادا بۆمان ده‌سه‌لمێنن كه مانه‌وه‌ی حیزب له‌به‌رگی نه‌ته‌وه‌ییه كلاسیكیهكهیدا وخۆنهگونجاندنی له‌گه‌ڵ گۆرانكاریه‌كانی سه‌رده‌م وقورخكردنی ده‌سه‌ڵات له رێگه‌ی حیزبه‌وه وته‌نها بۆحیزب وده‌سه‌ڵاتدارانی به زه‌ره‌ری مه‌سه‌له نیشتمانیی ونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌شكێنه‌وه. ماڵئاوایی وكاڵبونه‌وه‌ی كاریگه‌ری حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه كلاسیكیه‌كان، ئه‌وانه‌ی نه‌توانن ئاراسته‌كانی سه‌رده‌م به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی وكراوه له‌خۆ بگرن وخۆیان له چنگی ده‌سه‌ڵات وئهختهبوتی فیكری وفیزیكی زاڵی سه‌رده‌می گه‌رمه‌ی شه‌ری نه‌ته‌وایه‌تیان قورتار نه‌كه‌ن، هه‌میشه به قازانجی مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كه ده‌بێت. باشترین نمونه له یۆگۆسلاڤیا وله فهلهسیتین به‌دی ده‌كرێن. له‌گه‌ل نه‌مانی میلۆسوڤیچ له‌ده‌سه‌ڵات ویاسر عه‌ره‌فات لایه‌نی حوكمرانی وسیاسی ونێوده‌وڵه‌تی مه‌سه‌له‌كان به‌ره‌وپێشچونێكی به‌رچاویان بریوه وئه‌وه‌ی له فه‌له‌ستین رێگره له‌و گه‌شه‌كردنه هه‌زار باره‌كردنه‌وه‌ی دروشم وهاواره نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ساڵه‌كانی شه‌ست وحهفتاكانی عه‌ره‌فات بو به‌ڵام به‌به‌رگێكی ئایینی وله چوارچێوه‌ی سوره‌ته‌كانی قورئاندا وله زارێكی تره‌وه. هه‌مان راستیش له زیمبابۆی موگابا به‌دی ده‌كرێت.
هه‌ڵبژاردن وده‌نگدان
ده‌نگدانی زۆربه‌ی میلله‌ت له رابوردودا به‌و دو حیزبه ده‌نگدان بو به ره‌وای مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌مان، ده‌نگدان بو بۆ به‌خشینی متمانه تا چاوه‌روانیه‌كانی میلله‌ت بێنه‌دی، ده‌نگدان بو نه‌ك هه‌ڵبژاردن بۆ پاداشتدانه‌وه‌ی مێژویه‌كی پر سه‌روه‌ری وماندوبون وقوربانی، ده‌نگدان بو تا دو حیزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان بخرێنه ژێر تاقیكردنه‌وه‌ی حوكمرانی به‌یه‌كه‌وه له‌باتی شه‌ركردن وبه‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ری یاسا وخزمه‌تكردنی میاللهت ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ودابینكردنی دیموكراسی وئازادی. ئه‌م جۆره له پاداشتدانهوه زۆر سرۆشتیه وله مێژوی هه‌مو میلهتێكدا روی داوه، به‌ڵام نه ئه‌زه‌لیه ونه شێكێكی سپی ئبمزاكراوه بۆیان. نه سه‌روه‌ری مێژو نه ده‌نگدان ونه سه‌ركه‌وتن وبه‌خشینی پاداشتی میلله‌ت ونه زۆرینه بون پردی (سوراتی مسته‌قیم) ن بۆ به‌هه‌شت وده‌سه‌ڵاتی ئه‌زه‌لی. به‌هاترین ومه‌زنترین وتۆكمهترین دیموكراسیه‌ت ئه‌وه‌یه كه ته‌مه‌نی براوه تێدا درێژ نیه. گۆران وململانێیه كه رۆحی دیموكراسیه‌ت به زیندویی راده‌گرێت وبهئاگای ده‌هێنێته‌وه كه به خه‌یاڵ وخهونهوه ژیان نه‌باته سه‌ر.
له‌م سه‌رده‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمدا به‌ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه نیشانه‌كانی ناره‌حه‌تی ونه‌بونی دڵنه‌وایی به‌ئاشكرا به‌دی ده‌كرێن. ده‌سه‌ڵات حیزب ونه‌ته‌وه‌ی كردۆته سوته‌مه‌نی هه‌ڵبژاردن. یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست له پرۆسه‌یه‌ك كه به‌واته‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت دیموكراسیانه بێت بۆته هۆی ده‌ركردن له‌حیزب ونانبرین وخهڵقاندنی به‌ده‌ست ئه‌نقه‌ستی پارچه‌پارچه‌بون وتوندو تیژی ورق وكینهیهك كه ده‌سه‌ڵات له ئه‌نجامه‌كانی به‌رپرسیارده‌بێت. حیزب كه‌وتۆته "به‌تاڵكردنه‌وه‌ی" خۆی له هه‌ڵگرانی بیری گۆران وچاكسازی به ئاراسته‌یه‌ك جیاواز له ویستی ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ڵام گونجاو له‌گه‌ڵ ئامانجه ره‌سه‌نه‌كانی حیزبێكی خاوه‌ن هه‌زاران وهه‌زاران شه‌هید. ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵات پیشانی ده‌دات كه حیزبی ده‌وێت ته‌نها بۆ خودی ده‌سه‌ڵات وئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیانه‌ی هه‌یه‌تی وبۆئهو بازنه گوێرایهڵهی ده‌وری خۆی. ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه راسته بۆ ده‌یانه‌وێت یه‌كێتیی بكه‌ن به‌نمونه‌ی هێلكه‌یه‌كی كوڵاو تا به‌ئاسانی له قهواغه توێكڵه‌كه‌ی ده‌ری بهێنن.
حیزب وهه‌ڵبژاردن
حیزب به ئاگاهاتۆتهوه ولهم ساته گه‌رمانه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن باس له په‌یره‌وی ناوخۆی ده‌كات، وبه‌هێزی ئه‌و په‌یره‌وه مه‌به‌ستیه‌تی هه‌مو ئه‌ندامانی حیزب ناچار بكات ده‌نگ به‌لیستی كوردستانی بده‌ن. یه‌كێتیی وه‌ك ئه‌ندامێك له سۆسییال دیموكراتی نێوده‌وڵه‌تی بۆی نیه ئه‌و ناچاركردنه بگرێته‌به‌ر، ئه‌وه بابه‌تێكه باسێكی تایبه‌تی ده‌وێت به گه‌رانه‌وه بۆ به‌رنامه وپێرهوهی ناوخۆی حیزبه سۆسیال دیموكراته‌كان.
مافی یه‌كێتیی یه داوابكات ده‌نگی پێبده‌ن، جیاوازی زۆر هه‌یه له‌نێو داواكردن وناچاركردن به‌رێگه‌ی فشار ودهركردن ونانبرین وته‌نانه‌ت ده‌ركردن له كاری جكومی كه یه‌كێتیی ئه‌مه‌شی كردوه. له سیسته‌می دیموكراسیدا كه‌س بۆی نیه پێشوه‌خت بزانێت تاكێكی كۆمه‌ڵ ده‌نگ به‌كێ ده‌دات. ده‌وڵه‌تی یاسا وسیسته‌می دیموكراسی ئه‌و مافه‌ی هاوڵاتی دابینكردوه ودهشی پارێزێت، حیزبێكی سۆسیال دیموكرات بۆی نی به‌و جۆره نه‌فه‌سه بچێته نیۆ شه‌ری هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسیانه‌وه ودو مانگ پێش ده‌نگدان به گومان وچاوسوركردنهوه داوا له ئه‌ندامه‌كانی بكات ده‌نگ بهكێدهدهن وئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌و نهدههن بچنه ماڵه‌وه. ئه‌مه نیشانه‌یه‌كی مه‌ترسیداره كه حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌ركی خۆی له دابینكردنی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد وپاك وبێ فشار وچاوسوكردنهوه نابینێت.
خۆئه‌گه‌ر پێشێلكاریه‌كانی په‌یره‌وی ناوخۆ له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌لاته‌وه نه‌ك ته‌نها بژمێرین به‌ڵكو به‌به‌ڵگه‌ی زۆر باوه‌رپێكراو له سه‌ر هه‌مو بوارێك بڵاو بكرێنه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر باسی فایلدارهكانی ناو یه‌كێتیی بكه‌ین كه ئه‌مرۆ له سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه بێشه‌رمانه وبێ رشتنی یه‌ك دڵۆپه ئاره‌قی شه‌رمه‌زاری پێره‌وی ناوخۆی یه‌كێتیی به تێكۆشه‌ره دڵسۆزه‌كانی یه‌كێتیی ده‌فرۆشنه‌وه، خۆئه‌گه‌ر باس له ونبون وههڵلوشین وتهخش وپهخشكردنی سه‌دان ملیۆن دۆلار له موڵكی میلله‌ت بكه‌ین، خۆئه‌گه‌ر باسی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بكه‌ین له‌مه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ وئازادی ورۆژنامه‌گه‌ری، خۆ ئه‌گه‌ر باسی راپۆرته‌كانی ده‌زگا فه‌رمیه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ین له‌مه‌ر دزی وگه‌نده‌ڵی وپه‌كخستنی یاسا ودادوه‌ری له هه‌رێم، خۆئه‌گه‌ر بهێڵین دادگایه‌كی بێلایه‌ن دادگایی هه‌مومان بكات، ئه‌وكاته ده‌رده‌كه‌وێت كێن ئه‌وانه‌ی نه‌ك په‌یره‌وی ناخۆیان پێشێلكردوه، به‌ڵكو به‌ها جوان وپیرۆز وبهنرخهكانی حیزبێكی خاوه‌ن مێژویه‌كی پر سه‌روه‌ری وقاره‌مانی وهه‌زاران شه‌هید وسه‌ركرده‌ی ئازا ولهخۆبردو وخاوه‌ن چه‌ندین داستانی پاڵه‌وانی ودهسكهوتیان ئه‌تك كردوه.
خۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌و پاشكۆ ودهوروبهرهی لێی كۆبۆته‌وه ته‌نها خۆی به خاوه‌نی گۆران ده‌زانێت ئه‌زمونی 18 ساڵ له گه‌ڵیدا ته‌واوی پێچه‌وانه پیشان ده‌دات. ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵات به هه‌ڵپه وتا ردهیهك ههڵچوانه ده‌یكات بۆ رازیكردنی خه‌ڵك بۆ مسۆگهكردنی ده‌نگیان هه‌رچه‌نده زۆر دره‌نگه به‌ڵام كردنی باشتره لهنهكردنی، به‌ڵام یوتۆپیا وئیفۆری ده‌سه‌ڵات پێی دریژخایان نابێت. چونكه گۆران فۆرمیله وهاوكێشهیهك نیه له كارگه به ویست ومهرجهكان وداواكاریه‌كانی كریارهكهی دروست بكرێت وبخرێته ناو بازاره‌وه تا كریارهكهی رازی بكات. پرۆسه‌یه‌كه به‌نیه‌تێكی تۆكمه وپاك ده‌ست پێده‌كات وبه نیه‌تێكی توكمهتر وپاك به‌رێوه‌ده‌چێت وبهنیهتێكی دادپه‌روه‌رانه به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنرێت.