ئایا هاتنە دەرەوەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێكانی لەتكردنی یەكێتییە یان زیندوكردنەوەی یەكێتیە لە فۆرمێكی تردا؟
ئایا لیستی جیاواز دژی دەسەڵاتە یان بونیادنانی دەسەڵاتێكی تەندروستە؟
ئێستە لە هەرێمی كوردستاندا هیچ جۆرە بەرهەڵستكارێك و هیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێك نییە، كە بتوانین بڵێین لە دەرەوەی هەرەمی دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن بە هەمو مانا جیاوازییەكانیەوە هەیە و بەردەوامی بە میكانیزمی گۆڕینی دەسەڵات دەدات لە رێی رای گشتی و سندوقەكانی دەنگدانەوە بە پێی یاساو ماوەی هەڵبژاردنەكان.
ئێستە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردیدا ئۆپۆزسێون نییەو هیچ چاودێرییەك نییەو وەك پێویست دامەزراوەیی نییە، نە ئەنجومەنەكانی یاسادانان و جێبەجێ كردن و دادوەری وەك پێویستی قۆناغی كارابونی خۆی كاری نەكردوە ئەمەش بوەتە هۆی ناڕەزایەتیەكی گەورە لەلای خەڵكی كە پەرلەمان و حكومەت نەگەیشتونەتە ئاستی پێویستی ئەكتیڤ بون ئەگەر چی ئەمە بەو مانایە نییە كە هەر هیچ نەكرا بێت، بەڵام لە دوای 2003، كە هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن ئیمكانیاتێكی ئابوری و تا ئاستێك دڵنیایی سیاسی بەڵام نەتوانراوە ببێتە بناغەیەك بۆ دڵنیاییەكانی ئاسایشی نەتەوەی و هەرێمی بە پێچەوانەوە دەبێتە هەرێمێكی پڕ لە حوكمی خێڵەكی و ناوچەگەرێتی بۆیە جێگەی دروست بونی هەمو جۆرەكانی بە فیڕۆ بردنی هەمو چەمكەكانی كارا كردنی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و..هتدە، دەبێتە هۆی بازرگانی كردن بە هەمو بەهاكانەوە بێ چاودێری كردن و لێپرسینەوە كە خەریكە دەبێتە كەلتورو عاداتی گشتی كە ئەمەش ترسناكترین حاڵەتە، كە لە كێشەودیادەوە بگوێزرێتەوە و ببێتە كەلتور ئیتر بەرژەوەندیەكانی تاكە كەس دەبێتە بەرزترین بەرژەوەندی بەرهەمەكەشی دروست بونی توتالیتاریو دكتاتۆریە، ئیتر ئەو میكانیزمەی پێی دوترێ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هیچ بونێكی نامێنی و هەڵبژاردنەكان ناكرێ و پۆستەكان بەخواستی گوێ رایەڵی خێڵ و ناوچە دابەش دەكرێ ئا لێرەوە پێویستە بزانین كێ خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ لە بەرامبەر گۆڕانەكارییەكان، كێ دەیەوێت مێژو دوبارە نەبێتەوە ئیش لە ئێستادا بكات تا تاكی كوردی بخاتە بەردەم تێگەیشتن لە ئەرك و مافی خۆی كەواتە، حیزب تا ئێستاش بە پێی نەش و نمای كۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەكان بەر پرسە لە گۆڕان و روداوەكان، ئەمەش ئەو حیزبانەی كە دروشمەكانیان بریتییە لە مۆدیرن بون و گۆڕانگاری و نوێبونەوەی بەردەوام دەگرێتەوە، دەتوانن بەم ئەركە هەڵسن لە ئێستادا هەرچەندە حیزب زۆر تەقلیدیەو بەم مانایەی ئێستە هەیە و بەم بەرنامانەوە ناتوانێت كارا بن.
لەم هەرێمەی خۆماندا دەكرێ ئۆپۆزسیۆنیكی هەقیقی نەك كارتۆنی بتوانێت كار لە دەسەڵات بكات كە ئەدائی كاركردنی بگۆڕێ، بۆ ئەمەش یەكێتی هەڵگری ئەو دروشمان بوە لە بەرامبەر پارتیدا كە بتوانێت كار بۆلابردنی پەیڕەو پڕۆگرامی وەستاوی حیزبی و كار بۆ حكومەتی دامەزراوەیی و باڵادەستی یاسا و ئاشایشی هەرێمی بكات، كار لە ناوەندیش بكات، بە مێژوش زۆر كاری پێشكەتوانەی كردوە هەر لە مافی چارەنوسەوە تا كابینەی حكومەت، بەڵام كاتێك ناتوانێت لە دەرەوەی دەسەڵات بێت و دەبێتە هاوپەیمانی پارتی بەشدار دەبێت لە پۆستەكاندا، ناتوانێ بەقەد قورسایی دروشماكانی بێت لە روی پراكتیزە بونەوە، دەبێتە هۆی خاڵی كردنەوەی ناوەڕۆكی دروشمەكان ئیتر لێپرسراو دەبێت و، دەبێتە بەشێك لە دیاردەو كێشەكان نەك بەرهەڵستكار و كاركردن بۆ چاككردنیان ئیتر یەكێتی دەچێتە قۆناغی سڕبون و نەخوشكەوتنەوە، بۆشاییەكی زۆر دەكەوێتە نێوان رای گشتی شەقام و ون كردنی ناوەڕۆكی خۆی، ئەم یەكێتییە كە حیزبی جەماوەریی و شەهیدانەو خاوەنی زۆرترین مێژوی روبەڕوبونەوە بوە بەرامبەر گەورەترین پرۆسەی جینوسایدی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی دەبێتە حیزبی خێڵ و ناوچەو جۆرە كۆمپانییایەك سحری بەتاڵ دەبێتەوە، ئالێرەوە چینێكی رۆشنبیر و بە ئاگا پێش ئەوەی پانتایی یەكێتی و لاشەكەی ببێتە لاشەیەكی بێ رۆح كار دەكەن تا بتوانن بەپێی پرنسیپێكی زانستی و خوێندنەوەیەكی ئەكادیمیانە هەم حیزبی كوردی و هەم تاكی كوردی(بە قیادەیەكی جەمعی) لەو چەق بەستوییە رزگار بكات، وەك سحرێكی رۆحی رۆح بداتە ئەم لاشەیەو متمانە بۆ سەرانسەری هەریم بگێڕێتەوە بە پێی كارو پڕۆژەكانیان بەتایبەت ژیاندنەوەی كشتوكاڵ و هەمو بنەماكانی ژێر خانی ئابوری، بتوانن لە چوارچێوەی حیزب بێنەدەرێ و فۆرمێكی تر وەربگرن، چونكە حیزب لە سەردەمی گلوبال و سكۆلاردا نابێتە ئەو پێویستییە گەورەیەی كە لە ئێستادا هەیە، دەبێت دەسەڵاتەكان شۆڕببنەوە دابەشبكرێن نەك لە یەك خاڵەوە بێت ئەوەی من تێگەیشتبێتم لە نەوشیروان و هاوڕێكانی ئەیانەوێت سندوقەكانی دەنگدان خاوەنی دیاری كردنی هەمو جۆرەكانی دەسەڵات بێت، ئەیانەوێ لە دەرەوەی یەكێتی و دەسەڵات تاكی كوردی و عێراقی بخەنە ناو پرۆسەیەكی پەروەردەیی گشتگیرییەوە واتا پەروەردەكردن بكەنە بنەمای پراكتیزە بونی هەمو بەرنامە و كارەكانی خۆیانەوە، ئەیانەوێ تاكی كوردی فێر بكەن كەخاوەنی رای خۆی بێت لە بەردەم دەنگداندا خۆی نەفرۆشێت و دۆڕاندن قبوڵ بكات و هاوكاری دژەدەرچوەكەی بكات بۆ چاككردن و دسپلین كردنی یاساو یاساكانی بەڕێوەبردن، خاوەنی خۆی بێت و دەنگ بە خۆی و باوەڕی خۆی بدات، ئەیانەوێ زۆرترین لیست و جیاوازی و قبوڵ كردنی (ئەوی دی) بكەنە بنەماكانی پەروەردەیەكی زانستی، جارێكی تر رۆحی نەتەوە بون و باوەڕبون بەخۆو ئاشتكردنەوەی خەڵك و دەسەڵات و گیانی بەخشندەیی زیندوبكەنەوە.
بەڵام پێویستە نەوشیروان و هاوڕێكانی لە ئێستەوە بخرێنە ژیر چاودێری وردەوە ئیتر ئاڕاستەی رەخنەكانمان بگوێزینەوە بۆ ریفۆرم خوازەكان، چونكە لە ئێستادا بونەتە جێگەی متمانەی رای شەقام و خەڵكی، جیاوازی نێوان تیئۆر و پڕۆژەو پراكتیزە بونی زۆرە، پرسیار بكرێ ئایا ریفۆرم خوازەكان دەبنە وەرچەرخانێكی مێژوی بە باوەڕ بون بە فرە دەنگی و فرە رەنگی و فرە جیاوازی و پێكەوەژیانی هەمو بۆچونەكان لە چوارچێوەی ژینگەیەكی پەروەردەیی تەندروستدا هەمو ئەمانە كۆ بكاتەوە، پێودانگی رێچكە كلاسیكیەكانی بەلشەویی و بەعسیزم بشكێنێت ئەو كات ئەركی میدیاكان و رای خەڵكی كە چاودێر بن بەسەر ریفۆرم خوازەكانەوە قورستر دەبێت، پێویستە ئەم بەرنامانە لەسەر ئاستی هەمو هەرێم و عێراقدا كار بكات نەك بچوكبونەوە لەچوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا دەرنەچێ، بۆیە هاتنە دەرەوەی نەوشیروان و هاوڕێكانی سەرەتایەكە بۆبەخۆدا چونەوە لێرەوە دەكەوینە بەردەم تاقیكردنەوەی مێژویەكی تر.
لیستی جیاوازیش دژی دەسەڵات نییە بەڵكو نیشانەی پابەند بون وزەمینەی دیموكراسیە و دەكرێ دەسەڵات و ئەحزابەكانی تریش ناچار بە گۆڕانی بنەڕەتی بكات.