به‌رێزان مام جه‌لال وكاك مه‌سعود:
ئه‌گه‌ر بیرم به‌هه‌ڵه‌مدا نه‌بات به گشتی نزیكه‌ی بیست ساڵ سه‌رقاڵی ململانێ وشه‌ڕی یه‌كتر بون وبهگشتیش زیاتر له بیست ساڵ هێمنی ونزیكبونهوهتان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بوه. له رۆژی 18/9/1998 له واشنتۆن له‌لایه‌ن خاتونێكی ئه‌مه‌ریكی جوله‌كه‌وه (مادلێن ئۆلبرایت – وه‌زیری ده‌ره‌وه له ئیداره‌ی بیل كڵنتون) ناچاركران ته‌وقه‌ی ئاشتبونه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن وچی زیاتر خوێنی نه‌وه‌كانی ئه‌م خاك ومیللهته نه‌كرێت به سوته‌مه‌نی زۆرانبازی وناكۆكیهكانتان وگه‌مه پیس وقێزهوهنهكانی داگیركه‌رانی زێدی باو باپیرانمان. خۆشبه‌ختانه تا ئه‌م ساته‌ش پێره‌وی ئامۆژگاریه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و كاته‌وه ده‌كه‌ن وبهوهشهوه نه‌وه‌ستاون چه‌ند ساڵێكه دهستلهناو ده‌ست و وه‌ك دو برا به‌یه‌كه‌وه وبهجیاش خه‌ریكی كارهكانتانن.
له‌سه‌ر خاكێك وله‌ناو میلله‌تێك گوزه‌ر وگوزه‌ران ده‌كه‌ن كه له هه‌ر سوچ وقوژبن وناو ماڵیكیدا، له هه‌ر ده‌ڤه‌ر وگوند وكێو ودۆڵ وتولهرێ وباخێك وروبارێكیدا، له ویژدان وهه‌ست وفیكر وجه‌سته‌ی هه‌ر یه‌كێكدا ئه‌وه‌نده ئاسه‌وارتان به‌جێهێشتوه كه ئه‌سته‌مه به‌هه‌زاران چیرۆك وپهرتۆك باس بكرێن.
قه‌ده‌ر ومێژو وای كردوه هه‌ر دو به‌رێزتان بناسم وله سیاسه‌ت وره‌فتار وكارهكانتان به‌ئاگابم.
به‌رێز مام جه‌لال: له‌و سه‌رده‌مانه‌ی كه جه‌نابتان سه‌ركرده‌یه‌كی تازه هه‌ڵكه‌وتوی پارتی بون ومهرحوم مه‌لا مسته‌فا وه‌ك كوڕێكی خۆی سه‌یری ده‌كردیت، سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلول وشهستهكانی سه‌ده‌ی رابوردو بو، من خوێندكارێك بوم له قۆناغی ناوه‌ندی له خوێندنگای "سانه‌وی سلێمانی"، له پۆلدا بوین و زانیمان مام جه‌لال له تاكه ته‌لاری سێ نهۆمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانی كه ئوتێله‌كه‌ی نوری عه‌لی یان پێده‌وت له به‌رده‌ركی سه‌را ختاب ده‌دات. ئێمه‌ش، خوێن گه‌رم وبێگه‌رد وه‌ك چاوی قرژاڵ، وروژاین وبه راكرتن وهه‌ناسه بركێ به‌ره‌و به‌رده‌ركی سه‌را رامان كرد تا به سیما وروخساری پێشمه‌رگه‌یه‌ك و وشه‌كانی سه‌ركرده‌یه‌ك شادبین وئاهێك به هه‌ست وده‌رون ودڵمان ببه‌خشین. له‌و رۆژه‌دا هیچ درێغیت لێنه‌كردین وههستێكم لادروست بو كه دور له به‌غدا ئێمه‌ش سه‌ركرده ودۆزێكی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان هه‌یه. وێنه‌كانت به به‌رگی خاكی پێشمه‌رگه وكاسكێت وكلێتهی لای خۆمان ودهمانچهیهكی سمسی به‌ستراو به لاقهدا له‌سه‌ر پشتێنێكی ره‌سه‌نی كوردهواری لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ست وفیكرمانی رازاندبوه‌وه. له سلێمانی (شاره حه‌یاته‌كه‌ی جه‌نابت) چه‌ندین نازناوی جوان و شیعر وستایشكردنت بۆ هۆنرایه‌وه ودهماودهم دهمانچڕینهوه.
به‌رێز كاك مه‌سعود: ئه‌و سه‌رده‌مه ته‌مه‌نت له ریزی براكانتا رێگه‌ی نه‌ده‌دا كه له ریزی پێشه‌وه بیت، بۆیه ئه‌و كاتانه ته‌نها به رێگه‌ی وێنه‌وه له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوان براكانت كاك لوقمان وكاك ئیدریس ومهرحوم باوكت جه‌نابی مه‌لا مسته‌فادا بینیومتی. جه‌نابیشتان هه‌ر وه‌ك مام جه‌لال وله روانگایهكی پاك وساكار وههستیارهوه سوچێكی گه‌نجینه‌ی كوردایه‌تی منت بۆخۆت بردبو. دواتر له كاتی شۆڕش له 1974-1975 چه‌ند جارێك جه‌نابتانم له باره‌گای بارزانی بینیوه وئه‌و سه‌رده‌مه‌ش هه‌روه‌كو له وێنه‌كاندا ئارام وبێده‌نگ وزۆر كه‌م دو بویت، وا هه‌ست ده‌كه‌م تا ئه‌مڕۆش ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی خۆتان پاراستوه.
به‌رێزان، بمبورن له‌و سه‌رده‌مانه‌دا پشكی شێر له خۆشه‌ویستی و وه‌فا ودڵسۆزی میلله‌ت بۆ مه‌رحوم مه‌لا مسته‌فا بو وئێوه‌ش ته‌نها له‌سێبه‌ری ئه‌و سه‌ركرده‌یه وشۆڕشدا له‌به‌رچاو بون.
ره‌نگه هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌مو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوتان به چێژ نه‌بێت، وه‌ك له پێشه‌كی ئه‌م نامه‌یه‌دا باسم لێكردوه ئاسهوهرهكانی كاره‌كانتان به باشی وخراپی له جه‌سته ورۆحی هه‌موماندا پارێزراون وپهنگیان خواردۆته‌وه. به‌ڵام ناكرێت چاومان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مێژوه درێژه داخه‌ین و وه‌ك له‌شكرێكی كورتبین وكاڵفام دواتان كه‌وین. له‌سه‌ر ئه‌و رابوردوه خۆتان نوتقتان نیه.
من ده‌زانم به‌رێزتان خه‌باتتان كردوه وماندوبون وقوربانیتان داوه بۆ یه‌ك ئامانج ویه‌ك خاك ویه‌ك میلله‌ت، به‌ڵام تێناگه‌م ئایا جیاوازیه‌كانی نێوانتان ئه‌وه‌نده گه‌وره وئاڵۆز ومه‌ترسیدار بون تا راده‌یه‌ك ده‌ستێكتان له گه‌روی یه‌كتر توند كردبو وئه‌وی تریشتان بۆ ته‌نها فیشه‌كێكیش كردبوه‌وه تا بینێن به‌سنگی یه‌كتره‌وه. چاوێكتان له كوڕێكی به حه‌ماس ودڵسۆز به‌میلله‌ته‌كه‌ی بڕیبو تا بیكه‌نه سوته‌مه‌نی زۆرانبازیتان وچاوهكهی تریشتان وه‌ك چاوه‌زار له شان وملمان ئاڵاندبو.
به‌رێزان:
من تێناگه‌م چۆن جه‌نابتان، وه‌ك دو سه‌ركرده‌ی مێژویی میلله‌تێكی جه‌سته له‌ت له‌ت كرا‌و وزوڵم لیكراوی وه‌ك كورد، به درێژایی ئه‌و ده‌یان ساڵه له گێژاو وگهردهلولی شیزۆفرینای سیاسیهتكردنتاندا گوزه‌ران ده‌كه‌ن. ئایا به‌درێژایی ئه‌و ده‌یان ساڵه، ته‌نها بۆ ساتێكیش بێت، ئاڵوگۆری بیرۆكه‌ی به‌یه‌كه‌وه داوای لێبوردنتان له میلله‌ت نه‌كردوه.
ئه‌ركی سوپا هه‌مه جۆره‌كانی حیزب وتایبهتیهكانتانه ستایشتان بكه‌ن. ئایا ناكرێت ئه‌وانیش ته‌نها به یه‌ك رسته وته‌نها بۆ یه‌ك جار له مێژوی ده‌یان سالی به‌كاربونیان به‌نوكی پێنوسهكانیان، ته‌نانه‌ت به زهلهیهكی زمانیش بێت، له‌و بواره‌وه باسێكی بچوكی راستیه‌كانمان بۆبكه‌ن. له‌م راستیه‌ش به‌نده‌تان بێ گوناه نه‌بوه وكه‌مته‌رخه‌م بوه.
راسته برین پێویستی به حه‌كیم وهێوری وپاك وته‌میزی وكات هه‌یه تا سارێژ بێت، به‌ڵام ئه‌وه ئێوه‌ی به‌رێزن نه‌ك ته‌نها به كاره نارهواكانتان برینی زۆر خه‌ستتان خهڵقاندوه، به‌ڵكه چاویشتان له بكوژانی میلله‌ت وخاك ده‌پۆشن وداڵدهیان ده‌ده‌ن، مه‌گه‌ر زنجیره‌ی ناو وتاوانهكانیان حه‌واڵه‌ی خوا بكه‌ین بۆ سزای یه‌زدانی، هه‌روه‌ها گه‌رده‌لولی ده‌سه‌ڵات وپاوانكردنی رێَگرن له سارێژبونی ئه‌و برینانه‌ی جه‌سته‌مانیان هه‌راسان وشهتهك كردوه.
به‌رێز مام جه‌لال:
له سه‌ره‌تای راپه‌رینه‌كه‌ی 1991 دا له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێك ورۆژنامهگهر ونوسه‌ری ئه‌مه‌ریكی جۆناتان رانداڵ له سوریاوه به ئاودا په‌ڕیته‌وه وخاكی كوردستانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ومیللهتهكهی ئه‌وه‌نده به‌سۆز وگهرمیهوه باوه‌شی پێداكردی كه ئێمه‌مانانی یه‌كێتی له‌خۆش باوه‌ڕی ودڵپاكیهوه وامان باوهڕكرد ئیتر هه‌مو كورد له هه‌مو شوێنه‌كانی باشوری كوردستان جهنابتانیش به سه‌ركرده‌ی خۆی ده‌زانێت. ئه‌م باوه‌ڕ وخهونهمان زۆر كورت ته‌مه‌ن بو. له پێشدا پاڕله‌مان وحكومه‌ت و قاموسی زمانی كوردی وره‌نگ وبۆن به فیفتی فیفتی دابه‌شكرا وكه ئه‌مه نه‌چوه سه‌ر وشهر گرمه‌ی ده‌هات به‌شه رزگاربوهكهی كوردستانی باشورتان به هێڵێكی وه‌همی له‌نێوانتان كرد به دو له‌ته‌وه، ئه‌وه نه‌بو سوپای تورك وسیخورهكانی میتی توركی ئه‌م لاو ئه‌ولای ئه‌و هێلهیان بۆتان چاودێری ده‌كرد. به‌م كاره خاكیش دو له‌ت كرا ودهمێك بو له‌تێكی زۆر گه‌وره‌و زیندوی تری خاك لای سه‌دامه‌وه زهوتكرابو. له سه‌رده‌می برایه‌تی وئاشتیتان چه‌ند كۆدهیهكی نهێنیتان داڕشتوه بۆ ئه‌وه‌ی سنوری یه‌كتر نه‌به‌زێنن.
به‌رێز كاك مه‌سعود:
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ناوخۆدا مام جه‌لال له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بو وزۆریش هه‌وڵی دا به زوترین كات بگه‌ڕێته‌وه لاتان تا به‌یه‌كه‌وه هه‌وڵبده‌ن شه‌ڕه‌كه ته‌شه‌نه نه‌كات ولاسارهكان وبهكرێگیراوهكانی به‌عسی خزێنراو له‌ناوماندا وشهڕهنگخوازهكانی هه‌ر دولا ده‌مكوت بكه‌ن. مام جه‌لال له ئه‌زمونی 66ه‌وه مارانگاز بوبو وده‌یویست به‌هه‌ر نرخێك بێت وله‌و ته‌مه‌نه‌یدا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌كه‌تان نه‌وه‌ستێته‌وه، بۆیه داوای له به‌رێزتان كردبو كه به‌هه‌مان رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ره‌تای راپه‌رین بگه‌ڕێته‌وه وبۆ دڵنه‌وایی میلله‌ت جه‌نابتان له‌م به‌ری ئاو پێشوازی لیبَكهن. به‌داخێكی زۆره‌وه ئه‌و رێگایه‌ت نه‌گرته‌به‌ر وئه‌و ده‌رفه‌تان له‌ده‌ستدا، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌م به‌ری ئاو خهیمهیهكت لێده‌دا وبهوپهری په‌رۆشیه‌وه چاوه‌روانی گه‌رانه‌وه‌ی هاو "خه‌باته‌كه‌ت" ده‌كرد وئه‌و هه‌مو ساڵه درێژانه‌ی شهر وماڵوێرانیش كورت ده‌كرایه‌وه.
به‌رێزان:
ئه‌مانه نمونه‌ی بچوك وپر به‌مانای شیزۆفرینای سیاسیه كه به‌وردی پهیرهوتان كردوه، خۆ باس له كاته‌كانی شه‌ری ناوخۆ وكاره‌ساتی 31 ئاب بكه‌م وئه‌و هه‌مو لێدوانه ئاگرینانهتان به راگه‌یاندنه‌كانی دنیا كه ده‌تان وت مه‌حاڵه جاریكی تر له‌یه‌كتر خوش بن ورێگه بدرێت به‌یه‌كتر له كوردستان به‌هێمنی بژیت ولاتان باشتر بو له‌گه‌ڵ سه‌دام رێككه‌ون وئاشتبنهوه نه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كتر، نیشانه قورس وئازاردهرهكانی ئه‌و شیزۆفرینیا سیاسیه ده‌هێننه‌وه به‌رچاو وله بیره‌وه‌ریدا زیندو ده‌بنه‌وه كه خاك ومیللهتیشتان له‌گه‌ڵیدا بۆ قوڵاییه بۆشه‌كه‌ی هه‌ڵڵوشی.
وه‌ك دو سه‌ركرده وسیاسی، كه له ناوچه‌كه‌مان نمونه‌ی زۆر هه‌یه، ره‌نگه ئه‌و شهر وناخۆشیانه لاتان سرۆشتی بوبێت وهه‌ریه‌ك له به‌رێزتان له روانگای خۆیه‌وه بۆ خاك ومیلله‌تی كردبێت، به‌ڵام دڵنیابن ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به‌یه‌كه‌وه ده‌یكه‌ن به هه‌مو كهمو كوری وسهقهتیشیهوه زۆر زۆر لای میلله‌ت په‌سندتره وبهگهرمیش پێشوازی لێكردوه، بۆئه‌وه‌ی یه‌ك دڵۆپه خوێنی كوردێك بۆ ململانێی راستی وناراستیتان نه‌رژێت. زۆر به‌ئاسانی ده‌تان توانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كیسه پاره‌كه‌ی ابراهیم خه‌لیل وه‌ك ئێستا به‌ش كه‌ن.
به‌رێزان، له‌سایه‌ی هێوركردنه‌وه‌ی گه‌رده‌لولی تورهبونتان، میلله‌ت له‌شه‌ر وكوشتن وماڵوێرانی پشویه‌كی داوه، له‌سایه‌ی حوكمرانی خۆمانه‌وه بارودۆخی ژیانی باشتر بوه، ئازادی وسهربهستیهكی سنوردار بواری بۆ خه‌ڵك ره‌خساندوه هه‌وڵبدات ته‌وقی پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات بشكێنێت وئه‌ویش به‌شدار بێت له حوكم وده‌سه‌ڵاتدا به‌مه‌به‌ستی چاككردن وتۆكمهكردنی، به‌ڵام میلله‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و دهسكهوتانهشدا دڵنیا وئارام نیه.
له‌و ساته‌وه‌ی وه‌ك برا كار ده‌كه‌ن وسه‌روه‌ت وسامانی خاك ومیللهتتان له‌ژێر ده‌ستدایه. له‌و كاته‌وه‌ی له‌شكره‌كانی ستایش كردنتان ئه‌و برایه‌تیه ژێربهژێرهتان وه‌ك سه‌ده‌قه وخێر به میلله‌ت ده‌فرۆشنه‌وه، گومانه‌كانی خه‌ڵك زیاتر ته‌شه‌نه‌یان كردوه. له‌و ساته‌وه‌ی برا وبرازا و كور وئامۆزا وزاوا وئه‌وانی تری به‌رده‌ستان حوكمی ته‌واوی ئه‌م خاك ومیللهته ده‌كه‌ن: به‌رێزه‌وه بۆ به‌شێك لێیان كه مافی خۆیانه وپاداشتی خه‌بات وماندوبونیانه، (بۆ زانیاری به‌رێزتان نزیكه‌ی 100 كه‌س له‌و دهوربهرهتان پاوانی حوكم وئابوری وخاك ومیلله‌تیان كردوه)، ئیتر میلله‌ت وخاك چۆن توره نابن، چونكه ئێوه‌ی به‌رێز به‌م شیرازه‌یه نمونه‌یه‌كی سه‌قه‌تی حوكمرانی وناعهدالیتان به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوه.
ده‌بوا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵه زۆرانه‌ی ژیانی سیاسیتان، له‌گه‌ڵ ئه‌و گوناهانه‌ی ده‌رهه‌ق به میلله‌ت كردوتانه، له‌م ده‌رفه‌ته بێ وێنه‌یه‌دا له مێژوی میلله‌ته‌كه‌مان وبهرێزتانیشدا، به‌رچاوی حوكم ورابهرهیاتیتان كراوه‌تر بوایه، دڵتان فراوانتر بوایه، زۆر گه‌وره‌تر بوایه تا باوه‌ر ومتمانه‌ی میلله‌ت پێتان زۆر فراوانتر وبه‌هێزتر وتۆكمهتر بوایه.
جه‌نابی مام جه‌لال:
47 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی وله باڵكۆنی ئوتێله‌كه‌ی نوری عه‌لییه‌وه جه‌نابتانم وه‌ك سه‌ركرده وپێشمه‌رگه ورۆشنبیرێكی یاخی بو ناسی، 43 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ك پاشكۆیه‌كی لاوازی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، 34 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ك هیوایه‌كی نوێ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م، 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ك سیاسی وسه‌ركرده‌یه‌كی به‌ئاگا ودوربین كه مه‌به‌ستی بو له‌نێو ئه‌و هه‌مو رودا وگۆڕانكاریانهدا پێگه‌یه‌ك بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت، 15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وبه ناچاری به‌ده‌ردی ئه‌و په‌نده‌ی ده‌ڵێت "ریش بو به توشه‌وه ده‌بێت ئاوێنه‌ی بۆ هه‌ڵگریت" ره‌فتارت كرد، 6 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ك سیاسهتمدارێكی پراگماتیك چاوت له ده‌سه‌ڵات وده‌سه‌ڵات بو وئه‌وه 4 تا 5 ساڵه ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت به‌تیشكی سه‌وزی جه‌نابتان سه‌رقاڵی یاخیكردنی هه‌مو نوزهیهكی جیاوازن، وبهداخێكی زۆریشه‌وه چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه به زۆره‌ملی هاوخه‌بات وهاوڕێكانت خزانۆته سه‌نگه‌رێكی دور وجیاواز له‌وه‌ی به‌رێزتانه‌وه.
جه‌نابی كاك مه‌سعود:
47 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به وێنه‌كانت سیمبۆڵی گه‌نجێكی شۆڕشگیر وكوری سه‌ركرده‌ی كورد بویت، 34 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رێگریت ده‌كرد له هه‌ڵساندنه‌وه‌ی شۆرشی میلله‌تێك له‌دوای نسكۆیه‌كی زۆر گه‌وره، 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له گهرانهوهتا هه‌مو ماڵ وشوێنێكی كوردستان ماڵی به‌رێزتان بو، به‌ڵام به‌رێزتان دهروازهكانتان واڵانهكرد، 15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دۆخێك بۆ جه‌نابتان ره‌خسا وه‌ك سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ره‌فتار بكه‌ن، به‌ڵام خۆتان رێگه‌ی حیزبتان هه‌ڵبژارد، 13 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هیوای میلله‌ته‌كه‌ت به چه‌قۆیه‌كی كولی ژه‌هردار كرده قوربانی...، 6 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وله هه‌ستیارترین چركه‌ی مێژوی میلله‌ته‌كه‌مان دو دڵ بویت، باشتره بلێین زۆر به‌په‌رۆش نه‌بویت، له نیه‌ته‌كانی به‌ناو هاوپهیمانیهكانمان ومن ئێستا ناتوانم ئه‌و دودڵیهت هه‌ڵسه‌نگێنم چونكه هێشتا ماومانه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی زۆر له كێشه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه زۆربه‌ی له‌ده‌ست ئه‌و دۆستانهماندا به‌داخراوی گوشراون، 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم كارده‌كه‌یت وئه‌و ساته هیوادار بوم رێگه‌ی یاسا وده‌ستور هاوڵاتیه‌ك به جه‌نابتانه‌وه گرێبدات وببنه نمونه‌ی حاكمێكی دادپه‌روه‌رانه كه ناوچه‌كه ودنیا باستان بكات. به‌داخه‌وه به‌شێك له‌م خه‌ونانه نه‌هاتنه‌دی. ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به‌ئاگام كه به‌رێزتان جارێكی تر خۆتان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید كردوه. له بردنه‌وه‌تان دودڵ نیم، هیواداریشم به‌پێی دهسهڵاتهكانتان وپێرهوكردنی یاسا وله‌گه‌ڵ پارله‌مانی نوێی هه‌رێمه‌كه‌مان ولایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تردا یه‌كه‌م هه‌نگاوی نوێتان چه‌سپاندی ته‌واوی حوكمی یاسا ودروستكردنی حكومه‌تێكی نوێی فره لایه‌نه بۆ هه‌رێم بێت وپێداچونه‌وه ولێپرسینه‌وه‌ی جدی له‌و گه‌نده‌ڵی وپێشێلكردنانهی یاسا ومافی مرۆڤ وئازادی بكرێت تا پرده‌كانی متمانه دروستكردنه‌وه بكرێنه‌وه. ئه‌نجامدانی ئه‌م كارانه ئه‌ركێكی نه‌ته‌وایه‌تی پێویستی ئه‌م قۆناغه‌یه وخاك ومیلله‌تیش به‌په‌رۆشیه‌وه خوازیاریه‌تی.
به‌رێزان مام جه‌لال وكاك مه‌سعود:
ئه‌وه ئێمه‌ی هاوڵاتی ساده وبێده‌سه‌ڵاتی ئه‌م خاك ومیللهته نین كه به‌درێژایی ئه‌و میژوهتان ئه‌و رێگه لابه‌لا وچه‌وت وزیگزاگانهی پێ پیشان دابن وجهنابتانی خزانبێته ناو گێژاوی شیزۆفرینای سیاسیتانه‌وه، ئه‌وه خۆتان به‌راده‌ی سه‌ره‌كی له‌و پهشۆكیه به‌رپرسن، چونهكه ئه‌و سات وئێستاش هه‌ر له‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدان. بێگومان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر پێناسه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی كۆك ویهكگرتو بونایه، نه‌ده‌كرا ئه‌و شهر وململانێ خهستانه بكه‌ن كه كردوتانه. هه‌ر یه‌كێك له به‌رێزتان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ی به‌لایه‌كدا بردوه وبه پێی پێناسه‌ی خۆی له‌گه‌ڵیدا سیاسه‌ت وره‌فتاری كردوه. كه بارودۆخه‌كه ره‌خسا به‌یه‌كه‌وه بن، ئومێد وچاوه‌روانی لای میلله‌ت زیندوبونه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به رێكی وبه‌پێی سه‌وه‌ری یاسا ودادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وبه شه‌فافیه‌ته‌وه به‌رێوه‌تان نه‌به‌رد.
به‌رێزان سه‌رۆك كۆماری عێراق وسه‌رۆكی هه‌رێم:
ئێوه دو له ده‌سه‌ڵاتداره گه‌وره‌كانی عێراق وباشوری كوردستانن، من پێم خراپ نیه كه ده‌سه‌ڵاتتان به‌و شێوه‌یه له نێوانتان دابه‌شكردوه. هه‌رچه‌نده له سیسته‌مه فیدراڵیه‌كانی دنیادا سه‌رۆكی هه‌رێمی فیدراڵ ئه‌وه‌نده به‌رچاو ناكه‌ون، به‌لكو سه‌رۆك وه‌زیرانیان هه‌یه، هێشتا میلله‌ت به‌م سیناریۆیه قایڵه بۆ ئه‌وه‌ی پارسه‌نگی هێزی نێوانتان تێكنه‌چێت. به‌لام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هێشا هه‌مو قسه‌كان نه‌كراون.
ئه‌مڕۆ نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌یه، وه‌ك شاعیری به‌رزی میلله‌ته‌كه‌مان به‌رێز جه‌مال غه‌مبار له قه‌سیده‌ی "په‌ڕینه‌وه به فرمێسكه‌كانی زێوانێكدا.." ده‌ڵێت:
پایزێك دێت، له‌ناكاو نیشتمان وه‌ك غه‌زه‌ب هه‌ڵئه‌كا و
وه‌ك گریان كوڵ ئه‌یگرێ و
وه‌ك قیامه‌ت توڕه ئه‌بێ...
فه‌سڵێك به‌ڕێوه‌یه تیایدا نیشتمان له هه‌مومان زویر ئه‌بێت و...
به‌رێزان:
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیم له‌م نامه كراوه‌یه برینداركردنی هیچ هه‌ستێك نیه، یا كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌بات وقوربانی لایه‌نێك، به‌ڵكه په‌یامێكی راشكاوه بۆ ئێوه‌ی به‌رێز كه سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی ئه‌م دۆزهمان پابه‌نده به گه‌رانه‌وه‌ی راسته‌قینه بۆ خۆشه‌ویستی خاك و وه‌فاداری بۆ میلله‌تێك كه هیچ درێغی نه‌كردوه له‌وه‌ی بزافهكهی وئێوه داواتان لێكردوه.
هه‌روه‌ها په‌یامێكه بۆ به‌رێزتان كه سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌بردنی خاك ومیلله‌ت به‌و شێوه كلاسیكیه‌ی ئێوه به‌سه‌رچوه وتاسهر به‌ڕێوه ناچێت.
ره‌نگه بهدوقۆڵی بتوانن ده‌سه‌ڵات وحوكم وپایه وپله وده‌سكه‌وت مسۆگه‌ر كه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن به‌م شێوه حوكمڕانیه تینیویه‌تی میلله‌ت وخاكێكی بریندار وتوڕه بشكێنن.
به‌رێزان:
له كۆتاییدا من هه‌مو هیواو ئاواته‌كانم له پرۆسه‌ی گۆران‌دا ده‌بینم، گۆڕانێك كه پێویسته هه‌مو كوردێكی دڵسۆز وماندو وبهوهفا خاوه‌نی بێت. گۆرانێك سه‌روه‌ری یاسا وبه‌ها به‌نرخه‌كانی كوردایه‌تی به‌رز رابگرێت وسه‌روه‌ری وقوربانی كه‌سیش نه‌سرێته‌وه. ناكرێت كه‌س له‌و جۆره گۆرانه دلگران بێت كه خزمه‌ت به ئامانج وماندوبون وقوربانی نیو سه‌ده‌ی میلله‌ت وبهرێزیشتان ده‌به‌خشێت.
له‌گه‌ل سڵاو وحورمهتم...