Print
 
  دورایی نێوان که‌رکوکیه‌کان و سه‌رکردایه‌تی سیاسی
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Thursday, September 17, 2009

له‌ 12-09-2009 له‌ سایتی په‌رله‌مانی عێراق کاک عارف ته‌یفور ده‌ڵێت: "پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌ که‌رکوک به‌رده‌وامه‌". ئه‌م قسه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای راستی و دروستی ده‌کرێت وه‌ک پێوه‌رێک به‌کار بهێندرێت بۆ پێوانی دوری نێوان که‌رکوکیه‌کان و سه‌رکردایه‌تی کورد له‌ به‌غدا و هه‌ولێر. چونکه‌ کوردی که‌رکوک له‌ 2003 وه‌ ده‌زانن پرۆسه‌ی ته‌عریب به‌رده‌وامه‌ له‌ شاره‌که‌یان، به‌ تایبه‌تی له‌و کاته‌وه‌ی به‌شی هه‌ره‌ زۆری عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان دوای هه‌ڵهاتنیان به‌ پسوله‌ی هه‌ردو حیزب گه‌ڕێندرانه‌وه‌ بۆ که‌رکوک، له‌وکاته‌وه‌ی ماڵی سه‌رکردایه‌تی کورد جمه‌ی ده‌هات له‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان.

جگه‌ له‌م قسه‌یه‌ش ده‌کرێت چه‌ندین پێوه‌ری تر بۆ پێوانی ئه‌و دورییه‌ به‌ کار بهێندرێت، له‌وانه‌:
1- له‌ کۆی 769 گوندی وێرانه‌ی که‌رکوک له‌ ماوه‌ی 6 ساڵی رابردودا چه‌ندی ئاوه‌دان بۆته‌وه‌، چه‌ند هاوکاری کراون؟‌
2- ئازادکردنی پیلانگێران و بکوژانی ته‌قینه‌وه‌که‌ی 28-7-2008. ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ناو ئه‌و ریپێوانه‌دا بو که‌ خه‌ڵکی که‌رکوک له‌ به‌ر خوێشه‌ویستی شاره‌که‌یان و به‌ قسه‌ی به‌رپرسان رێپێوانێکیان ساز کرد دژی ماده‌ی 23؛
3- سه‌رله‌نوێ دروستنه‌کردنه‌وه‌ی (عدم استحداث ناحیتی قرهنجیر و شوان) هه‌ردو ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر و شوان. تائێستاش ئه‌م دو شوێنه‌ وه‌ک‌ سه‌ربازگه‌ له‌ به‌غدا ناو ده‌برێن؛
4- به‌شێ له‌ که‌رکوکیه‌کان له‌ سنوری هه‌ولێر تا ئێستا فۆرمی خۆراکیان نه‌گواستۆته‌وه‌ بۆ که‌رکوک. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی بێبه‌شبونی ئه‌و که‌رکوکیانه‌ له‌ ده‌نگدان له‌ شاره‌که‌یان.
5- دوای 6 ساڵ به‌شێ له‌ که‌رکوکیه‌کان له‌ شاره‌که‌ی خۆیان هێشتا وه‌ک ئاواره‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن؛
6- چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ی خانو و زه‌ویه‌ داگیرکراوه‌کانی‌ سه‌رده‌می به‌عس؛
7- پیاده‌ کردنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی حیزبی له‌ جیاتی یه‌ک به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (دو ئاسایش، دو په‌روه‌رده‌، دو هێزی پێشمه‌رگه‌، ناکۆکییه‌کانی ناو لستی برایه‌تی، ناکۆکی نێوان ئه‌نجومه‌ن و پارێزگار) چه‌ند نمونه‌یه‌کن له‌و سیاسه‌ته‌ حیزبییه‌؛
 8- بونی رێژه‌ی که‌متر له‌ 10% کرێکار و موچه‌خۆری کورد له‌ کۆمپانیای نه‌وت؛
9- وه‌رنه‌گرتنی خوێندکارانی که‌رکوک له‌ زانکۆکانی هه‌ولێر، دهۆک و سلێمانی؛
10 – نه‌بونی نوێنه‌ری که‌رکوک له‌ په‌رله‌مانی کوردستان؛
11 – دروستکردنی گه‌ڕه‌کی حیزبی، وه‌ک نمونه‌ شۆراوی پارتی و یه‌کێتی. ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ بۆته‌ هۆی بارکردنی کورد له‌ گه‌ڕه‌که‌کانی خواروی که‌رکوک بۆ گه‌ڕه‌که‌کانی سه‌روی که‌رکوک؛
12 – کێشه‌ی پۆلیس و ئه‌فسه‌ر و پله‌داره‌کانی که‌رکوک له‌ به‌غدا؛
13 – کێشه‌ی مامۆستایانی که‌رکوک له‌ به‌غدا؛
14 – کێشه‌ی خواردنی خراپ و به‌سه‌رچو: وه‌ک نمونه‌: به‌کارهێنانی سه‌دان ته‌نی گه‌ڵا چا وه‌ک سه‌مادی کیمیاوی؛
15- داگیرکردن و دابه‌شکردنی زه‌وی که‌رکوک له‌لایه‌ن هه‌ندێ خه‌ڵکی ده‌ستڕۆوه‌. ئه‌مه‌ش وای کردوه‌ پارچه‌ زه‌وییه‌ک له‌ناوشار ده‌ست نه‌که‌وێت بۆ دروسکردنی قوتابخانه‌یه‌ک یان هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی خزمه‌تگوزاری؛
16 – له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی عێراق له‌ دوزخورماتو لستی کوردی له‌ لستی به‌ره‌ی تورکمانی که‌متری به‌ده‌ستهێنا، له‌ کاتێکدا کورد به‌یه‌ک لستی به‌شداری کرد!. کێ به‌رپرسیاره‌ له‌م ده‌رئه‌نجامه‌؟
17 – ده‌رنه‌کردنی مۆڵه‌تی شۆفێری بۆ خه‌ڵکی که‌رکوک له‌ هه‌ولێر، یان نه‌کردنی ئوتۆمبێل به‌ ناوی که‌رکوکیه‌وه‌ به‌بێ که‌فاله‌ت.
18 – مانه‌وه‌ی به‌شێ زۆری که‌رکوکی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر له‌به‌ر نه‌بونی به‌رنامه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ و ده‌ستی هاوکاری؛
19 – نه‌بونی خه‌ڵکی که‌رکوک له‌ ناوه‌ندی بڕیاری کوردی؛
20 – لێنه‌پرسینه‌وه‌ له‌ هیچ به‌رپرسێک له‌ ماوه‌ی 6 ساڵی رابردودا، له‌ کاتێکدا ئه‌دائی به‌شی زۆریان زۆر خراپه‌ و خه‌ڵکی که‌رکوک به‌ خراپه‌ باسیان ده‌کات؛
21 – خراپ و خراپتربونی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌کانی کورد به‌ پێکهاته‌کانی که‌رکوکه‌وه‌؛
22 – چه‌ند جار کوتله‌ی کوردی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر که‌رکوک هۆڵی په‌رله‌مانیان به‌ جێهێشت، یان پێداگرییان کرد له‌سه‌ر لێدوانی به‌رده‌وام له‌سه‌ر که‌رکوک؛
23- له‌ ماده‌ی 140 ته‌نها ده‌ست به‌جێبه‌جیکرنی پاره‌دان کرا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا بڕوات ئه‌م هه‌نگاوه‌ش چه‌ند ساڵێکی تر ده‌خایه‌نێت؛
24- کێ به‌رپرسیاره‌ له‌: ئه‌و هه‌مو ته‌قینه‌وانه‌؟ کوشتن و تیرۆرکردنی رۆشنبیرانی که‌رکوک؟ لێنه‌پێچینه‌وه‌ و چاوپۆشی لێکردن؟.

ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شێکن له‌و هه‌ڵه‌ و که‌مته‌رخه‌می و که‌موکوڕیه‌ به‌رچاوانه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی ئه‌مڕۆیان دروست کردوه‌. ئه‌مانه‌ن بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی دوای 6 ساڵ له‌ روخانی به‌عس، که‌رکوکییه‌کان هه‌ست به‌ نا ئارامی بکه‌ن و نه‌زانن سبه‌ی چییان به‌سه‌ر دێت.

بۆ ره‌وانه‌وه‌ی ئه‌م نا ئارامییه‌ پێویست ده‌کات به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی یه‌کگرتوی نه‌ته‌ویی دور له‌ مه‌به‌ستی ریکلامی هه‌ڵبژاردن هه‌رچی زوه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بکرێت. ئه‌م ئه‌رکه‌ش‌ باشتروایه‌ راسته‌وخۆ به‌ خه‌ڵکی که‌رکوک بسپێردرێت.

به‌بێ بونی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، راسته‌ و جێی خۆیه‌تی بوترێت ئه‌وه‌ی ئێستا و له‌ چه‌ند مانگی داهاتو ده‌کرێت، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵێکی تاکلایه‌نه‌ی حیزبیانه‌یه‌، ته‌نها و ته‌نها خۆی له‌‌ پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بینێت، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌رکه‌وتنی ئاسۆی گۆڕانی سه‌رکه‌وتوی لێ ده‌کرێت.

Sbeiy.com © 2007